یەكێتی كارتی غاز بەرامبەر پارتی بەرزدەكاتەوە

Draw Media

2021-01-25 16:15:50



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف
یەكێتی كارتێكی نوێی فشار لەبەرامبەر پارتی تاقیدەكاتەوە، دەیەوێت بە غازی سروشتی شەڕی نەوتەكەی پارتی بكات‌و بچێتە ناو پەیوەندییەكی بەهێزی ئابوری‌و سیاسییەوە لەگەڵ بەغداد، غازەكەی سنوری یەكێتی ئێستا بەشێكی رۆژانە لە چەمچەماڵەوە دەگاتە ئەفغانستان، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەی (درەو)دا. 

یەكێتی بڕیار دەدات ؟
كۆتایی ئەم مانگە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە، ئەم كۆبونەوەیە بۆ تاوتوێكردنی دواین هەڵوێستی یەكێتییە لەبارەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتیدا.
یەكێتی داوای جێبەجێكردنی لامەركەزیەتی ئیداری‌و دارایی بۆ پارێزگای سلێمانی دەكات، ئەم پرۆژەیەش دوای چەند مانگێك هێشتا هەنگاوی گرنگی نەبڕیوە، یەكێتی تا كۆتایی ئەم مانگەی وەكو دوا مۆڵەت بۆ پارتی‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دیاری كردووە، ئەگەر پرۆژەكە نەخرێتە بواری جێبەجێكردن، وەكو خۆیان دەڵێن" یەكێتی بڕیاری خۆی دەدات".

بڕیارەكەی یەكێتی !
بەمدواییە جموجوڵەكانی یەكێتی لەسەر ئاستی عێراق زیادیان كردووە، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی زوو زوو دەچێتە بەغدادو چاوی بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران‌و بەرپرسانی تری عێراق دەكەوێت. 
یەكێتی دەیەوێت لەڕێگەی حكومەتی ناوەندیی عێراقەوە، جۆرێك لە لامەركەزیەت بۆ ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆی فەراهەم بكات، بۆ ئەمەش دەستی بۆ دۆسیەی غاز بردووە.
لەسەر ئاستی عێراق لەكۆی سێ ناوچەی دەوڵەمەند بەغازی سروشتی، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی یەكێكە لەناوچە دەوڵەمەندەكان. یەكێتی دەیەوێت ئەم غازە بەكاربهێنێت بۆ بەهێزكردنی پێگەی ئابوری‌و سیاسی خۆی لەبەرامبەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی، كە لە بەرهەمهێنانی نەوتدا پێشەنگە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بیرۆكەیەك لەناو یەكێتیدا هەیە كە هێشتا بەتەواوەتی گەڵاڵە نەكراوە، بیرۆكەكە ئەوەیە، كۆمپانیایەك بەناوی (كۆمپانیای غازی سلێمانی) دروست بكرێت، ئەم كۆمپانیایە هاوبەش بێت لەنێوان پارێزگای سلێمانی‌و وەزارەتی نەوتی عێراقداو كۆنترۆڵی هەموو كیڵگەكانی نەوت‌و غازی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی (تەقتەق، كۆرمۆر، حەسیرە، چیا سورخ) بكات، بە كیڵگەكانی سنوری كەركوك‌و خانەقینیشەوە.
ئەوانەی شارەزای بواری وزەن لەناو یەكێتی دەڵێن، غازەكەی سنوری یەكێتی دەتوانێت پێداویستی ناوخۆی عێراق پڕبكاتەوە‌و وادەكات چیتر عێراق پێویستی بە كڕینی غاز نەبێت لە ئێران بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا، ئەمریكییەكانیش پاڵپشتی ئەم هەنگاوە دەكەن‌و یەكێتی دڵنیایی لە بەرپرسانی بواری وزەی ئەمریكا لەمبارەیەوە وەرگرتووە، بەڵام هەنگاوێكی لەمجۆرە رەنگە ئێرانییەكان نیگەران‌و توڕە بكات، بەتایبەتیش كە غازی هەرێمی كوردستان دەبێت بە بەدیلی غازەكەی ئێران لە عێراقدا.
سەرباری ئەمە، لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا رۆژانە (45 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت‌و یەكێتی دەخوازێت لەرێگەی ئەم رێككەوتنەوە لەگەڵ بەغداد، ئاستی وەبەرهێنانی نەوتەكەشی بۆ (72 هەزار) بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبكاتەوە. 
یەكێتی دەیەوێت هەموو ئەم كارانە بە مەرجی ئەوە بكات، بەغداد بە جیا موچەی فەرمانبەرانی سنوری سلێمانی دابین بكات‌و بەشێوەی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگای سلێمانیدا بكات، نەك لەڕێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە‌و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، رەنگە ئەم هۆكارەكە بێت كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەمدواییە لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا وتی هەندێك كەیس هەیە ناتوانن دەستی بۆ ببەن، چونكە رەنگە ببێت بەهۆی سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ. 
بۆ رادەستكردنی غاز‌و نەوت بە عێراق، یەكێتی پەنای بۆ ماددەی 112ی دەستوری عێراق بردووە، كە دەڵێ نەوت‌و غاز بە هاوبەشی نێوان حكومەتی فیدراڵ‌و هەرێم‌و پارێزگاكان بەڕێوەدەبرێت.
لە سنوری ژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا لە ناوچەی گەرمیان، كێڵگەكانی (تۆپخانەو كوردەمیر) هەیە، ئەم كێڵگانە ئێستا لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و كۆمپانیایەكی سنوری سلێمانی (دایناستی پترلیۆم) كە نزیكە لە یەكێتی، كێشەیان لەسەرە، كۆمپانیاكەی سلێمانی لە دادگای لەندەن سكاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی كردووە‌و دەیەوێت گرێبەستی وەبەرهێنانی ئەو كێڵگانە وەرگرێت، مانگی دووی ئەمساڵ دادگا بڕیاری كۆتایی دەدات‌و ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم كەیسەدا بە كۆمپانیای (داینا ستی پترلیۆم) بدۆڕێت، زیانێكی ئابوری‌و سیاسی گەورەتری لە كەرتی وزەدا بەردەكەوێت، ئەم دوو كێڵگە جگە لە نەوت، غازی سروشتیشیان تێدایە، بەڵام هێشتا غازەكەیان بەرهەم نەهێنراوە، ئەوانەی لەبواری وزەدا كار بۆ یەكێتی دەكەن، خەونیان هەیە، كۆمپانیا توركییەكان رابكێشن بۆ وەبەرهێنانی غاز لە كێڵگەكانی گەرمیان‌و دواجار هەناردەكردنی غازەكە بۆ توركیا دوای پەرەپێدانی كێڵگەكان‌و زیادكردنی ئاستی وەبەرهێنان. 
دیار نییە ئایا دواجار حكومەتی عێراق رێككەوتنێكی لەمجۆرە لەگەڵ یەكێتیدا دەكات یاخود نا، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند بەرپرسێكی یەكێتی دەستی كەوتووە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بیرۆكەكەی لاپەسەندە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە دیارنییە كازمی دەمێنێتەوە یاخود نا، بەتایبەتیش لەكاتێكدا عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پێشوەختەدایە.  

غاز لە هەرێمی كوردستان
بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان.
بەڵام ئەمە ئەو یەدەگەیە كە نەسەلمێندراوە، چونكە رێژەی سەلمێندراوی یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بەگوێرەی راپۆرتەكانی وزەی ئەمریكا، بڕەكەی تەنیا (25 ترلیۆن) پێ سێجایە.
گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز) كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندی بواری وزەیە، ساڵی رابردوو لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لەكۆی رێژەی سەلمێندراو و نەسەلمێندراوی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بڕی (10 ترلیۆن) پێ سێجای دۆزراوەتەوە‌و كاری تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەو بڕەیە كە ئێستا لە سنوری یەكێتی‌و لە كێڵگەی (كۆرمۆر) بەرهەم دەهێنرێت. 
غازی سروشتی كیڵگەی (كۆرمۆر) لە چەمچەماڵ كە كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی بەرهەمی دەهێنێت، ئێستا بەرهەمی رۆژانەی گەیشتوەتە (430 ملیۆن) پێ سێجا كە دەكاتە (هەزارو 50) تەن، ئەم رێژەیە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا كەمتر بووە‌و بڕەكەی (850 تەن) بووە، واتە كۆمپانیا ئیماراتییەكە ئاستی وەبەرهێنانی زیادكردووە.
یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان زۆربەی دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی‌و بەگشتی غاز لەڕووی جوگرافییەوە بەمشێوەیە دابەشبووە:

یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی:  
•    كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆن‌و 200 ملیار پێ سێجا
•    كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆن‌و 400 ملیار پێ سێجا
•    كیڵگەی میران: 3 ترلیۆن‌و 46 ملیار پێ سێجا 

یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی

•    كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆن‌و 100 ملیار پێ سێجا
•    كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆن‌و 260 ملیار مەتر سێجا
•    كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێك‌و 600 ملیار پێ سێجا
•    كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا
•    كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا

غازی هەرێم دەچێتە ئەفغانستان
بەگشتی تائێستا غازی سروشتی هەرێمی كوردستان بۆ پێداویستی ناوخۆ بەكاردەهێنرێت، واتا بۆ سوتەمەنی وێستگەكانی كارەبا‌و دابینكردنی غازی ماڵان.
 ئەوەی تائێستا زانراوە ئەوەیە كە غازی هەرێمی كوردستان ناچێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەچەند سەرچاوەیەكەوە لە دەروازەی باشماخ دەست (درەو) كەوتوون، ئەو كۆمپانیایەی كە غازەكەی كێڵگەی كۆرمۆر دەكڕێت، رۆژانە (7 بۆ 10) تانكەر غازی شلی (LPG) بەشێوەیەكی نایاسایی هەناردەی ئێران دەكات‌و لە ئێرانیشەوە دەچێتە ئەفغانستان.

ئەمریكاو غازەكەی هەرێم
چەند رۆژی رابردوو، پەیمانگەی واشنتۆن، لە راپۆرتێكدا ناوەڕۆكی كۆڕبەندێكی لەبارەی غازی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكردەوە، كە گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی ئەمریكا‌و هەرێمی كوردستانە سەبارەت بە ئایندەی كەرتی غاز لە هەرێم. 
یەكێك لەو كەسانەی لەم كۆڕبەندەدا قسەی كردووە (ماسیۆ زایس) جێگری یەكەمی یاریدەدەری "ئۆفێسی كاروباری نێودەوڵەتی"یە لە وەزارەتی وزەی ئەمریكا، ئەم پیاوە دەڵێ:" هەرێمی كوردستان توانای هەیە تاوەكو 2035 ئاستی ساڵانەی وەبەرهێنانی غازی سروشتی بۆ (40 ملیار) مەتر سێجا بەرزبكاتەوە، ئەمە بەبەراورد بە ئاستی ئێستای وەبەرهێنانی غازی هەرێم كە ساڵانە (5 ملیار) مەتر سێجایە.  
ئەم بەرپرسەی ئەمریكا باسی لەوەكردووە، هاریكاری لەبواری غازو بەرهەمهێنانی كارەبادا، رەنگە ببێت بەهۆی لێكنزیكبونەوەی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ، تواناكانی هەرێم لەبواری وزەدا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئاڵۆزی نێوان هەرێم‌و بەغداد لەبارەی بودجەی ساڵانەوە، ئەمەش ژینگەی كاركردن لە هەرێم باشتر دەكات لەڕێگەی پێدانی گەرەنتی بە كۆمپانیا جیهانییەكانی بواری نەوت. 
مایسۆ زایس لەبەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژە بەوەدەكات، لە بنەڕەتەوە كارەبای هەرێمی كوردستان كە بە غاز بەرهەمدەهێنرێت هەناردەی عێراق دەكرێت، هەناردەی كارەبا لە هەرێمەوە بۆ عێراق زیاتر قابیلی جێبەجێبوونە وەك لەو پێشنیازەكانی تر بۆ چارەسەری كێشەی كارەبای عێراق خراونەتەڕوو، لەوانە پێشنیازی بەستنەوەی كارەبای عێراق بە تۆڕی كارەبای وڵاتانی هاریكاری كەنداو یاخود ئوردنەوە. 
ئەم بەرپرسە ئەمریكییە پێشبینی دەكات دواجار هاوشێوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەبۆری بۆ توركیا، هێڵی گواستنەوەی غازی هەرێم بۆ توركیا دروست بكرێت، بەڵام دەڵێ ئێران بەشێوەیەكی بەردەوام لەڕێگەی هەژمونی خۆیەوە، هەوڵ دەدات سنور بۆ گەشەی بواری وزە لە عێراق دروست بكات، چونكە بەوتەی ئەو، ئێران نایەوێت عێراق پشت بە تواناكانی خۆی لە بواری وزەو كارەبادا ببەستێت‌و سەرباری ئەمەش ئێران پێدانی وزە بە عێراق بۆ مەبەستی سیاسی بەكاردەهێنێت‌و دەبێت بەرپرسانی عێراق رێگایەك بۆ رزگاربوون لەم ئاڵنگارییە بدۆزنەوە.
روب والەر كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر، لە كۆڕبەندەكەدا قسەی كردووە‌و وتویەتی، لەژێر چاودێری وەزارەتی وزەی ئەمریكادا بەمدواییە توێژینەوەیەك كراوە لەبارەی ئەو بوارانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت چاكسازییان تێدا بكات بەجۆرێك بتوانێت بەتەواوەتی لەڕووی ئابورییەوە سودیان لێ ببینێت، یەكێك لەو بوارانەی لە توێژینەوەكەدا باسكراوە‌و دەكرێت حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق تێیدا هاوكاری یەكتر بكەن، كەرتی كارەبایە، كە دەبێت شانبەشانی گەشەپێدانی كەرتی غازدا نوێبكرێتەوە.. گۆڕینی ئەو وێستانەی كارەبا كە بە دیزڵ كاردەكەن بۆ غازی سروشتی، وا دەكات بە خەرجییەكی كەمتر بڕێكی زیاتر كارەبا بەرهەم بهێنرێت. 
كونسوڵی ئەمریكا، هاریكاری سیاسی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ئەولەویەتی سیاسەتی ئەمریكا ناودەبات لە پرۆسەی گەشەپێدانی غازی هەرێمی كوردستان‌و رایگەیاندووە، سەباری گرژییەكان لە هەرێم، بەڵام خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییە وای لە هەردوو حزبەكە كردووە دان بەوەدا بنێن كە كاركردنیان پێكەوە دەبێتە هۆی بوژانەوەی هەرێم.

كوالیتی غازەكەی هەرێم
پەرۆش عەزیز راوێژكاری پێشكەوتووی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە كۆڕبەندەكەی پەیمانگای واشنتۆندا بەشداربووە‌و باسی لە ئاستەنگەكانی بەردەم پەرەپێدانی كەرتی غازی هەرێمی كوردستان كردووە. 
راوێژكارەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان باسی لەوەكردووە، پەرەپێدانی كەرتی غازی هەرێمی كوردستان دەبێتەهۆی كۆتایهێنان بە بەكارهێنانی مۆلیدە بۆ دابینكردنی كارەبای ماڵان، كە بە دیزیل كاردەكات‌و زیان بە ژینگە‌و تەندروستی گشتی دەگەیەنێت، هەروەها پەرەپێدانی ئەو كەرتە هەلی كار بۆ دانیشتوانی هەرێم دەڕەخسێنێت. 
بوونی بڕێكی زۆری كبریت لە غازی سروشتی هەرێمی كوردستاندا یەكێكە لە بەربەستەكانی بەردەم گەشەپێدانی كەرتی غازی هەرێمی كوردستان كە راوێژكارەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان قسەی لەبارەوە كردووە، بەوتەی ئەو زۆریی كبریت بوەتە هۆی ئیفلیجكردنی وەبەرهێنان لە غازەكەی هەرێمدا، ئەمە لەپاڵ هەندێك هۆكاری تری وەكو مەترسی داعش‌و بڵاوبونەوەی كۆرۆنا. 
بەڵام سەرباری ئەم بارودۆخەش، راوێژكارەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گەشبینە بە ئایندەی غاز لە هەرێم‌و دەڵێ:" هەرێم سەرەتا شارەزایی‌و پارەی پێویستی نەبوو بۆ گەشەپێدانی كەرتی نەوت، بەڵام توانی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان رابكێشێت‌و بەوهۆیەوە هەردوو رەگەزەكەی فەراهەم كرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەزمون‌و رێبەرایەتی پێویستی هەیە بۆ ئەوەی هەمان ئامراز جێبەجێ بكات لەسەر گەشەپێدانی سامانی غاز. 
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand