نەوال سەعداوی: ژنێکی ئازا و شکست نەناس
2021-03-22 15:19:50
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو)
ڕۆژی یەک شەمەی ڕابردوو ھەواڵی مردنی نەوال سەعداوی بە جیھاندا بڵاوبووەوە. مەرگ کۆتایی بە ژیانی یەکێک لە بەناوبانگترین ژنەکانی جیھانی عەرەبیی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، ھێنا. ژنێک خاوەنی کاریگەرییەکی گەورەوە لەسەر بیرکردنەوە و ڕامانی زیاد لە نەوەیەک لە نەوەکانی پەنجا ساڵی ڕابردووی کۆمەڵگاکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و یەکێک لەو نووسەرانەی کە نووسین و جەنگ بۆ بونیادنانی دونیایەکی دادپەروەتر، بە شێوەیەکی فرەجۆرە بە یەکتر یەکسانکردبووە.
کاتێک نەوال سەعداوی لە ساڵی ١٩٣١دا لە گوندێکی چەپەکی میسردا و لە خێزانێکی گەورەدا لەدایکدەبێت، خێزانێک بە نۆ مناڵەوە، کەس پێشبینیی ئەوەی نەدەکرد ئەم کچە ببێت بەو ناوە گەورە و گرنگەی ناو مێژووی سیاسیی و ڕۆشنبیریی ئەم ناوچەیە. چیرۆکی ژیانی نەوال سەعداوی چیرۆکی کچێکی لادێییە خێزانەکەی لە تەمەنی دەساڵیدا دەیەوێت بیدات بە شوو، بەڵام ئەو بەو مناڵیە تەسلیمی ئەم بڕیارە قێزەونە نەبو، ڕەتیکردەوە و ئامادەنەبوو ئەو تاوانە قبوڵبکات. بەڵام نەوال سەعداوی، کچێکی خەتەنەکراوە لە تەمەنی شەش ساڵییدا، کە دواتر دەبێت بۆ یەکێک لە ناسراوترین ژنەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان، کە دژی تاوانی خەتەنەکردنی کچان و تەشویھکردنی جەستەیان و ئەشکەنجەدانیان دەجەنگا. چیرۆکی ئەم خانمە چیرۆکی گۆڕانی کچێکی کۆنترۆڵکراو و سنووردارکراوی ناو خێزانێکی عەرەبییە، بۆ یەکێک لە بەرگریکارە ھەرە گەورەکانی مەسەلەی یەکسانی ژنان و ئازادیان لە جیھاندا. وەکچۆن چیرۆکی پزیشکێکە کە دەبێت بە یەکێک لە ناوە ھەرە گرنگەکانی ناو بزوتنەوەی فێمینستیی لە جیھانی عەرەبیی و دونیادا. دیوێکی تری ژیانی ئەم ژنە ئازایە گۆڕانیەتی لە ھەوادارێکی بزوتنەوەی ئیخوانی موسلیمینەوە لە میسر، بۆ یەکێک لە نووسەر و چالاکەوانە چەپگەر و مارکسیستە سەرسەختەکانی جیھانی عەرەبیی. نەوال سەعداوی کۆچیکرد و لە دوای خۆیەوە دەیان کتێبی جۆربەجۆر و چەندەھا ھەڵوێستی ئازایانە و خەباتێکی دورودرێژ و سەختی بۆ یەکسانیی و ئازادیی ژنان لەم ناوچەیەدا بەجێھێشت. ئەم ژنە وەک مناڵێکی تەقلیدیی ناو خێزانێکی تەقلیدیی میسری لەدایکبوو، بەڵام وەک فێمینیستێکی ڕادیکاڵ، ناسراو لە ھەموو جیھاندا، کۆچی دواییکرد.
لە سەرەتاکانی ھۆشیاربوونەوە و بە قسەھاتن و پەنابردن بۆ نووسینەوە، ئەم ژنە ڕووبەڕووی چەندەھا فشار و هەڕەشەی جیاوازی بێدەنگکردن بووەوە. کۆمەڵێک وێستگەی تایبەت لە مێژووی ھەوڵدان بۆ بێدەنگکردنی ئەم ژنەدا ھەیە، کە زیاد لە لایەنێک و زیاد لە پیاو و ھێزێک ویستویانە و سەرقاڵی بێدەنگبوونی بوون. نەوال سەعداوی کاتێک خوێندنی کۆلیژی پزیشکی تەواودەکات، سەرەتا وەک پزیشک لە وەزارەتی تەندروستی میسر دەستبەکاردەبێت. بەڵام کاتێک لە ساڵی ١٩٧٢ دا کتێبی ”ژن و سێکس“، دەنووسێت و بڵاودەکاتەوە، کتێبەکە دەنگدانەوەیەکی گەورەی دەبێت و ھەراو ھۆریایەکی زۆر دروستدەکات. خەڵکانێکی زۆر ھەم نووسەرەکەی و ھەم ناوەرۆکی کتێبەکە بە بەدڕەوشتیی و وێرانکردنی ئەخلاق تۆمەتباردەکەن.ھەم نەوال سەعداوی خۆی و ھەم کتێبە دەکەونە بەر ھێرش و و سەرزەنشت و ئیدانەکردنی کۆمەڵگای میسریی. وەزارەتی تەندروستییش سزایەکی قورسی دەدات و لە ئیشەکەی دەریدەکەن. لەو کتێبەدا نەوال سەعداوی باس لە جەستەی ژن و ژیانی سێکسیی ژنان و پەیوەندیی کۆمەڵگا بە لەشی ژنەوە، دەکات. زۆر بە وردیی باس لە جیاوازیی دروستکراوی نێوان کوڕ و کچ و مسەلەی ”پەردەی کچێنیی“ و ”پاکیزەیبوون“ی ژنان دەکات. ئەمەش لە کۆمەڵگایەکدا ژیانی سێکسی ژنان وەک حەرام و تابویەکی گەورە وێنادەکات.
بەڵام ئەوە کۆتایی فشارەکان نییە. ساڵی ١٩٨١کاتێک ئەنوەر ساداتی سەرۆک کۆماری میسر ژمارەیەک لە ڕۆشنبیر و نووسەرە ڕەخنەییەکانی میسر دەگرێت، نەوال سەعداوی یەکێک لە گیراوەکان دەبێت. ئەمجارەیان فشار لەسەر ئەم ژنە تەنھا لەناو کۆمەڵگاکەوە نایەت، بەڵکو دەوڵەت خۆشی دەبێت بە یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی دروستکردنی فشار. ئەزموونی گرتن و زیندانکردنی نەوال سەعداوی کاریگەریی گەورە لەسەر کەسایەتیی ئەو جێدەھێڵن و توڕەتر و یاختریشی دەکات. ساڵی ١٩٨٢ دوای ئازادکردنی لە زیندان، سەعداوی ”ڕێکخراوی ھاریکاریی ژنان“ دروستدەکات بۆ بەرگریکردن لە ژنانی میسر و بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیارییان لەو وڵاتەدا، کەچی ساڵی ١٩٩١ حکومەتی میسری ڕێکخراوەکەی پێدادەخات و فەندەکانی دەبەخشێت بە ھەندێک ئۆرگانی ئیسلامیی. کاتێکیش ڕۆمانی ”کەوتنی ئیمام“ بڵاودەکاتەوە، کە ڕەخنەیەکی ھەمەلایەنە لە کۆمەڵگا و خوارافەت و پیاوانی دین و نایەکسانیی، ھەندێک لە گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی میسر، ناوی نەوال سەعداوی دەخنە سەر لیستی ئەو کەسانەی کە دەبێت بکوژرێن. کاتێکیش مێردی دووھەمی پێی دەڵێت بەھۆی نووسینەکانی ئەوەوە ھاوڕێ و دۆستەکانی سەرزەنشتی دەکەن و ڕەخنەی لێدەگرن. نەوال سەعداوی مێردەکەی، کە پارێزەر بووە، تێدەگەیەنێت کە واز لە نووسین ناھێنێت. کاتێک مێردەکەشی دەیخاتە بەردەم دوو ئەگەرەوە: یان ئەو یان نووسین. سەعداوی نووسین ھەڵدەبژێرێت و لە مێردەکەی جیادەبێتەوە.
نەوال سەعداوی بەشێکی گرنگی ئەو نەوە و دونیا ڕۆشنبیرییە چەپگەرە بوو کە لە ساڵانی حەفتادا بە ھۆشیارییەکی ڕەخنەییەوە لەسەر زیاد لە دەرکەوتێکی کۆمەڵگا و سیاسەت و دین لە جیھانی عەرەبیدا کاریاندەکرد. بابەتی پێگەی ژن و چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەناو کۆمەڵگایەکی پاتریارکیی و دینییدا بابەتی سەرەکیی نووسینەکانی ئەم ژنەیە. لەشی ژن وەک ڕووبەرێکی نەناسراو و گەمارۆدراو بە حەرامی دینیی و پاتریاریکیی، بەکەم سەیرکردن و سنووردارکردنی تواناکانی، لێدان و سوکایەتیپێکردنی تا ڕادەی کوشتن، یەکێکە لە بابەت و پرسە سەرەکییەکانی تری. بەر لە سەعداوی ھیچ نووسەرێکی تری جیھانی عەرەبی لەسەر پێگە و چۆنیەتی مامەڵەکردنی جەستەی ژن و دەرئەنجامە سایکۆلۆژییە کوشندەکانی ئەم مامەڵەیە بۆ ژیانی ئافرەتانی، نەنووسیوە. ئەو بابەتە سەرەکییانەی کە قەڵەمەکەی نەوال سەعداوی لەسەریان دەوەستا بەشێکبوون لەو سێکوچکە یاساغ و حەرامەی لە جیھانی عەرەبیدا تا ئەمڕۆش بە یاساغی ماونەتەوە. سێکوچکەی دین و سێکس و سیاسەت.
کتێبەکانی سەعداوی کاردانەوەی گەورەیان بەدوای خۆیاندا دەھێنا، زۆربەی ئەوانەی لەسەر ئەو کتێبانەیان دەنووسی، دژی ناوەرۆکی کتێبەکان و دژی نووسەرەکەی دەیاننوسیی. بەگژ بۆچوون و شیکردنەوەکانیدا دەچوون، دەیانوسیت شەرعیەت لەو ڕاستگۆییە بسێننەوە کە لەو کتێبانەدا ئامادەیە. ئەم خانمە بەرگریکەرێکی سەرسەختی ئازادیی بوو، باوەڕێکی گەورەی بە ڕاستگۆیی و ھەقیقەتبێژی ھەبوو. ئەو بڕوای وابوو شەرەفی ژن لە فیکر و عەقڵیدایە و نەک لە پاکیزەیی. هاوکات بڕوای وابوو کە جەستەی ژن موڵکی ژن خۆیەتی و هەر ئەویش خاوەنی بڕیاری لەدایکبوونی منداڵەکەیەتی یان لەباربردنی. دژی فرەژنیی و دژی سێکسفرۆشیی و دژی میکاج و دژی نمایشکردنی جەستەش بوو لە ڕووبەری گشتیدا. نەوال سەعداوی ھەندێکجار وەک جەنگاوەرێکی تەنھا دەردەکەوت کە لە بیابانێکدا بەگژ سوپایەکی گەورەدا دەچێتەوە.
کەس ھێندەی ئیسلامییەکان بەگژ نووسین و بیرکردنەوەکانی نەوال سەعداویدا نەچوونەوە و تا ئێستاش دەچنەوە. ئیسلامییەکان بابەتەکانی یەکسانیی و ئازادیی و سەربەخۆبوونی ئافرەتیان، وەک بەشێک لە بابەتە سەرەکیی و گرنگەکانی ناو ژیانی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی دونیای ئەمڕۆ نابینن، بەڵکو وەک پیلانی خۆرئاوا و وەک ھێرشی کوفر بۆ سەر دین بەگشتیی و بۆ سەر ئیسلام بەتایبەتی، دەبینن. ئیسلامییەکان بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان، بە تایبەتی لە فۆرمی بەرگریکردنێکی فێمینیستییدا، وەک لەدەستدانی شوناسی دینیی و ھێرش بۆ سەر ئەخلاق و پەلاماردانی سەوابیتەکانی ئیسلام، وێنادەکەن. فێمینیزم خۆشی وەک ئامرازی خۆرئاوا و پیلانی ئیمپریالیزم مامەڵەدەکەن کە تاکە ئامانجێکی وێرانکردنی ئیسلام و تێکدانی خێزان و ژەھراویکردنی پەیوەندیی نێوان ژن و پیاوە لە کۆمەگا ئیسلامییەکاندا. نەک ئەوەی وەک ھەوڵی ڕێکخراو و سیستماتیکی ئافرەتان بۆ بەگژاچوونەوەی ئەو ھەموو ناھەقیی و بێڕێزییەی لەناو کۆمەڵگا پارتریارکییەکاندا بەرامبەریان دەکرێت.
پێکدادانی نەوال سەعداوی بە پلەی یەکەم پێکدادان بوو لەگەڵ ئەم دید و ڕوانییە باڵادەستانەدا کە لە نرخی ژن کەمدەکەنەوە و وەک بوونەوەرێکی نووقسان مامەڵەی دەکەن، کە بێگومان تەنھا لای ئیسلامییەکان بوونی نییە، بەڵکو لای ھەموو ئەو ھێزە پاتریارکییانەش بوونی ھەیە کە نایانەوێت ھیچ شتێک لەسەر مافەکانی ژن و لەسەر ئازادیی و یەکسانبوونی لەگەڵ پیاودا، ببیستن.
بەرھەمەکانی نەوال سەعداوی ھەمەجۆربوون، لە نووسینی پزیشکییەوە، بۆ کتێب و نووسینی تیوریی و ڕەخنەیی، بە تێپەڕین بەناو ڕۆمان و چیرۆک و شانۆ و سەفەرنامە و یاداوەرییدا. لەسەرەتادا ئەوەی دەرگای قسەکردنی بۆ نەوال سەعداوی کردەوە پیشەکەی بوو وەک پزیشک. بە حوکمی ئەوەی پزیشک لە جیھانی عەرەبیی و ناوچەکەدا پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی و زانستیی بەرزی ھەیە، نەوال سەعداوی توانی قسەبکات و لەو بابەتانە بدوێت کە کەسانیتر ناوێرن باسیبکەن. بەڵام دواجار ھۆشیاریی ڕەخنەیی خۆی و ھەستکردنێکی گەورە بە بەرپرسیارێتیی بەرامبەر بە خۆی و بەرامبەر بە پرسی ژن و یەکسانیی و ئازادیی لە کۆمەڵگاکەیدا، بوو بە دینامۆ و ھێزی پشتی نووسین و چالاکییەکانی ئەم نووسەرە. کە بەھاری عەربیش لە ساڵی ٢٠١١دا ڕووی لە ناوچەکە کرد، نەوال سەعداوی یەکێک بوو لە ڕوخسارە ئازادیخوازەکانی ناو گۆڕەپانی تەحریر لە قاھیرە. ژنێک بوو بۆ بەرگریکردن لە ئازادیی و کەرامەتی میسرییەکان بە تەمەنی ٨٠ ساڵییەوە لەسەر شەقامەکان بوو.
نەوال سەعداوی نموونەی ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرە بوو کە کۆمەڵگاکانی ئێمە بەردەوام پێویستی پێیەتی. ئەو سەر بە مۆدێلێکە لە نووسەر و ڕۆشنبیر کە تەنها تیۆریزەی دونیا ناکات، بەڵکو بەشێوەیەکی ئەکتیڤ لەناو رووبەری گشتییدا ئامادەیە. ئەو بەردەوام تێکەڵی ژیانی گشتیی دەبوو و وەزیفەی رۆشنبیربوونی خۆی هەم لە ئاستە تیۆرییەکەی و هەم لە ئاستە عەمەلییەکەیدا، وەک هاوڵاتییەکی خاوەن ئێتیکی بەرپرسیارێتیی جێبەجێدەکرد. ئەم مۆدێلە لە ڕۆشنبیر و نووسەر و بەتایبەتی رۆشنبیر و نووسەری ژن، سەر بە مۆدێلێک و قوتابخانەیەکە کە کۆمەڵگاکانی ئێمە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی پێیەتی. رۆشنبیرێک کە خەمی گشتیی بابەتی نووسینەکانی بێت، خەمی ژنان کۆڵەکەی نووسینەکانی بێت و یەکسانیی جێندەریی و ئازادیی ئەو بەهایانە بن کە تا کۆتایی تەمەن خەباتی بۆبکردن. لەیەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی لەساڵی ٢٠١٨ لە ڕادیۆی بی بی سی، لێیدەپرسن، ئایا بیری لە سووککردنی ڕەخنەکانی کردۆتەوە، سەعداویش لە وەڵامدا دەڵێت: "كلا. يجب أن أكون أكثر صراحة، يجب أن أكون أكثر عدوانية لأن العالم بات أكثر عدوانية، ونحن بحاجة إلى أن يتحدث الناس بصوت عالٍ ضد الظلم".
خۆشحاڵانە ھەم بڕێک لەو نەوە گەنجەی لە ساڵانی حەفتا و ھەشتادا پێدەگەیشتن، ھەم بڕێک لەوانەی دونیای ئەمڕۆش، خۆشەویستییەکی تایبەتیان بۆ نەوال سەعداوی و نووسینەکانی ھەبو و ھەیە. ھەندێک نووسەر ھەن دوای مردنیان گرنگیان زیاتر دەبێت و زیاتر و فراوانتر دەخوێندرێنەوە. ھیوادارین نەوال سەعداوی و کتێبەکانی لەو جۆرە نووسەرانە بن و نووسینەکانی لەناو ھۆشیاریی نەوە تازەکاندا شوێنێک بۆخۆی بدۆزێتەوە.
بابەتی هەژدەیەم: پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم
بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە
بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا
بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا
بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە
بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی
بابەتی یانزەیەم: دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا
بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی
بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا
بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەتو نابەرپرسیارێتیی رێكخراو
بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر
بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون
بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا
بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل