پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم
2021-03-15 16:53:32
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو)
پول تەنھا پارچە کاغەزێکی بچووک نییە بەسەر زەرفی ئەو نامانەوە کە بە پۆست بۆ شوێنێکی تر ڕەوانەدەکرێن. ئەگەرچی شتێکە بە دەگمەن نەبێت شوێنی سەرنجڕاکێشان و گرنگیپێدانی خەڵک نییە، مەگەر تەنها لای ئەو کەسانە نەبێت کە پولکۆکردنەوە خولیایانە. پول ھەم هەڵقەیەکی بنەڕەتیی ناو دەزگایەکی زۆر گرنگی مێژووی مرۆڤایەتییە، ئەویش پۆستە، کە پەیوەندی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگایەک لەگەڵ یەکتریی و لەگەڵ دەزگاکان و لەگەڵ کەسانیتر ناو دونیای دەرەوەدا، مەیسەر دەکات، ھەم دیکۆمێنتێکی فەرمییە کە ھەڵگری کۆمەڵێک مانای ڕەمزیی و سیاسیی گرنگە لە پەیوەندیدا بە نەتەوە و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزمەوە. پول وەکچۆن ھێمای گواستنەوەیەکی بەرچاوە لە ناردنی نامە و پەیامەوە بە کۆتری نامەبەر لە دونیای بەر لە دونیای مۆدێرندا بۆ دەزگایەکی بیرۆکراسیی ڕێکخراوی ناو دونیای مۆدێرن. ئاواش ئامرازێکی سەرەکیی ئەو دونیا ڕەمزیی و سیاسییە کە دەوڵەتی نەتەوە بۆ چەسپاندنی خۆی لە خەیاڵی دانیشتوانەکەیدا، دروستیدەکات. ئێمە لەم نووسینەدا زیاتر لەسەر پێگەی پول لەناو چەمکی ”سەروەریی سیاسیی نەتەوەیی“ و لە ناوچەمکی نەتەوە وەک ”جڤاتێکی خەیاڵکرد“ەوە دەوەستین.
لە سەردەمی کتێبە گرنگەکەی بەندیکت ئەندرسۆن بەناوی ”جڤاتی خەیاڵکرد“، ئەو ڕاستییەمان بۆ ئاشکرابووە کە نەتەوە پەیوەندییەکی پتەوی بە پەیوەندییکردن و خەیاڵەوە ھەیە. نەتەوە ئەو یەکە کۆمەڵایەتییە خەیاڵکردەیە کە مرۆڤەکانی ناوی لەڕێگای پەیوەندییکردنەوە یەکتری دەناسن و لەوە تێدەگەن خەڵکی ناو یەک سەرزەمینی ھاوبەشن. ھەروەھا لەڕێگای پەیوەندیکردنەوە ئەو خەیاڵە سیاسییەیان بۆ دروستدەبێت کە نەتەوە وەک چوارچێوەیەکی سەروەری پێکەوەبوون، وێنادەکات. ئەندرسۆن باس لە ڕۆڵی ڕۆژنامە لە دروستکردنی نەتەوەدا دەکات، ڕۆژنامە وەک نوێژی بەینیان و وەک بەشێک لە ”کاپیتالیزمی چاپ“. دەشێت پولیش ھەندێک ڕووەوە وەک ئامرازێکی گرنگیی پەیوەندیکردن ببینین کە نەتەوە وەک یەکەیەکی سیاسیی و کولتوری سەروەر خۆی نمایشبکات. ھەوڵی بڵاوکردنەوەی پول لەناو کۆمەڵگایەکدا بەشێکە لە ھەوڵی بڵاوکردنەوەی پەیام و خواست و مەبەستێکی ھاوبەش بەناویدا، بەشێکە لە کردەی دروستکردنی ڕووبەرێکی رەمزیی و خەیاڵیی ھاوبەش. وەکچۆن بەنەدیکت ئەندرسۆن نیشانماندەدات ڕۆژنامە ئامرازێکی گرنگی دروستکردنی نەتەوەیە، دەزگای پۆست و پولیش ھەمان رۆڵ دەگێڕێت. پۆست بەدەزگاییکردن و بە عەقلانییکردنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان و دەزگاکانە. مرۆڤ لەڕێگای پۆستەوە، کە پول زەمانەتی ناردنی دەکات، سەردەکات بەناو ھەموو ئەو ماڵ و شوێنانەدا کە نامەکان ڕێیان دەکەوێتە ناویەوە. دەچێتە بەشە جیاوازەکانی نیشتیمانەوە، دەچێتە بەر دیدی ھەموو ئەوانەی کە دەشێت بە لقەزمان و دیالێکتی جیاواز قسەبکەن، ھەم سەردەکات بە ماڵی دینداردا و ھەم بێدین و نادیندا. بەم جۆرە پول دەبێت بە ئامرازی پەیوەندییکردنی نێوان کەسەکان و شارەکان و ناوچەکان و گەلەکان و دەوڵەتان لەگەڵ یەکتر. جیاوازی پول لەگەڵ ڕۆژنامەدا لەوەدایە، ڕۆژنامە تەنھا بەشە خوێندەوارەکەی کۆمەڵگا دەتوانێت بیخوێنێتەوە و ھەواڵەکان ببیستێت و تێبگات، بەڵام پول بە حوکمی ئەوەی وێنە یەکەی سەرەکییە لەناویدا، کراوەیە بەڕووی ھەموواندا.
پول لە پەیوەندیدا بە ناسیۆنالیزمەوە، دەربڕی ئەو فۆرمەیە لە ناسیۆنالیزم کە بە ”ناسیۆنالیزمی فەرمیی“ ناودەبرێت، ناسیۆنالیزمی دەوڵەت خۆی، یان ناسیۆنالیزمێک کە بە خودی دەوڵەت و حکومەتەوە پابەستە. ئاخر ئەوەی بڕیار لەسەر دەرکردنی پولەکان دەدات، بڕیار لەسەر ناوەرۆکی پولەکان و لەسەر وێنە و ڕەمز و نووسینەکانی سەر پولەکان دەدات، دەوڵەت خۆیەتی. دەوڵەت لەڕێگای هونەرمەندانەوە دیزاینی ئەم پارچەکاغەزە سیاسییە دەکات. دەوڵەتیش زۆرجار وێنەی پیاوە ناودارەکانی نەتەوە، ڕووداوە سەرەکییەکانی ناو ژیانی نەتەوە، خەمباریی و پاڵەوانێتیی و تراژیدییەکانی ناو ژیانی نەتەوە دادەنێت. بەم چەشنە پول دەبێت بە ھەڵگری وێنە و ڕەمزەکانی ئەو ناسیۆنالیزمە فەرمییەی کە دەوڵەت نوێنەرایەتیی دەکات و ئەو پەیامانەی دەوڵەت دەخوازێت بڵاویانبکاتەوە و لەپشتیانەوە بوەستێت و پروپاگەندەیان بۆ بکات. وەکچۆن پول زۆرجار ئامرازی نیشاندانی ڕەگوڕیشەی مێژوویی و ڕابردووی نەتەوەیە، ئاوهاش دەتوانێت ئامرازی نیشاندانی ئەدەب و هونەر و وەرزش و کەسایەتییە گرنگەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایە بێت. پەیوەندیی نێوان پول و دەوڵەتی نەتەوە پەیوەندییەکی ھێندە بەھێز و بنەڕەتییە کەسانێک ھەن پولیان ناوناوە: ”پەنجەرەی دەوڵەت“، ”پۆرترێتی نەتەوە“، ”نمایشکردنی فەرمیی“، یاخود ”سەفیرێک لە کاغەز“.
لە زۆربەی ھەرەزۆری کۆمەڵگاکانی دونیادا تەنھا دەوڵەت مافی دەرکردنی پولی ھەیە، دەرکردنی ئەم پارچە کاغەزە بچووک و ڕەنگاوڕەنگە لەلایەن دەوڵەتەوە مۆنۆپۆڵ و بە ناوەندییکراوە. دەوڵەت وێنەکان و ڕەمزەکان و چۆنیەتی دیزاینی پولەکان لەڕێگای پسپۆڕە هونەرییەکانەوە ھەڵدەبژرێت، ھەر خۆشی دەستنیشانی ئەو ناوەرۆکە ئایدیۆلۆژیی و سیاسییە دەکات کە لە پشتی پولەکەوە ئامادەیە و ھەرخۆشی کەی ویستی بڵاودیدەکاتەوە و کەی ویستیشی بڵاوکردنەوەکەی دەوەستێنێت. لە دیدی دەوڵەتەوە پول حیکایەتی نەتەوەیەکی سەروەر دەگێڕێتەوە، یەکێکە لەو ئامرازانەی لەڕێگایەوە ھەم دەوڵەت خۆی دەدوێت، ھەم واینیشاندەدات میللەتێک لەڕێگای کەناڵە فەرمییەکانی خۆیەوە تەعبیر لە بوونی خۆی دەکات. یەکێک لە دوو ئاکارە ھەرە سەرەتاییەکانی ھەر دەوڵەتێک لە جیھاندا دروستبووبێت، دروستکردنی پارەی تایبەت بەخۆی و دروستکردنی پول بووە. لە دوو سەدەی ڕابردوودا ھەردووکیان دوو رەمزی سەرەکیی سەروەری نەتەوەیی و نیشتیمانی بوون. ئەگەر پارەی نەتەوەیی ھێمابێت بۆ دروستکردنی ئابورییەکی سەربەخۆ، پول ھێمایە بۆ دەسەڵاتێکی سەروەر و پێکەوەبوونێکی رەمزیی ھاوبەشی هاونیشتیمانیان لەگەڵ یەکتری و وەلائەتی تاکەکانی ئەو وڵاتە بۆ یەکتر و بۆ ھەمان دەوڵەت. لە ڕووی مێژووییشەوە پول زیاتر وەک دۆکۆمێنتێکی فەرمی دەوڵەت دەردەکەوێت، تا شتێکی دیکە.
زۆرجاریش گۆڕانکارییە سیاسییە گەورەکانی ناو مێژوو لەڕێگای گۆڕانی پولەکانەوە نمایش و بەدیدەکرێت. کە حکومەت و ھێزێکی سیاسیی دیاریکراو دەڕوات و حکومەت و ھێزێکی دیکە دێت، کە سیستەمێکی سیاسیی بۆ سیستەمێکی سیاسیی تر دەگۆڕێت، یەکێک لەو شوێنانەی ئەم گۆڕانانەی تێدا ڕوودەدات پولەکانە. بۆ نموونە، لەسەردەمی ڕژێمەکەی سەدام حوسەیندا، پول لە عێراقدا دەربڕی ئایدیۆلۆژیای بەعس و بەرجەستەکەری دید و خواستەکانی ئەو ھێزە بوو بۆ ئەو وڵات و شوناسەی دەیویست دروستیبکات و بیسەپێنێت. پولەکانی بەعس تەواو جیاوازبوون لە پولەکانی بەر لە قۆناغی بەعس. ئەو پولانە کە لە قۆناغی دوای کەوتنی ڕژێمەکەی بەعسیشەوە ھەن و دروستکراون، تەواو جیاوازن لەوانەی سەردەمی بەعس. ھەمان شت لە شوێنەکانی تری جیھانیشدا ھەروایە. پولەکانی سەردەمی شای ئێران و ئەوانەی سەردەمی خومەینی ھێما بۆ دوو جیھان و دوو شێواز لە حوکمڕانیی و دوو ئایدیۆلۆژیا و دوو پرۆژەی سیاسیی و دوو تێگەیشتنی جیاواز بۆ نەتەوە و دوو سەرزەمینی نەتەوەیی وفەرھەنگی جیاواز و ناکۆک بەیەک، دەکەن. ھەمان شت بە نیسبەت ئەڵمانیای سەردەمی نازییەکان و ئەڵمانیای دوای نازیزمەوە، ڕوسیای سەردەمی کۆمۆنیزم و سەردەمی دوای کۆمۆنیزم، ھەر ڕاستە. لە ھەر یەکێکیاندا دەوڵەت و نەتەوە، وێنەی جیاوازی خۆیان نمایشدەکەن و پەیامی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی جیاواز لەسەر خۆیان بەرجەستەدەکەن و نیشادەدەن. بە کورتییەکەی، پەیوەندیی نێوان پول و ناسیۆنالیزم و پول و دەوڵەتی نەتەوە، پەیوەندیی زیندووڕاگرتنی مێژو و کەس و ڕووداو و بابەتە سەرەکیی و گرنگەکانی ناو ئەو مێژووە پێکەوەییەیە.
ئێمە لە چەندین وتاری ساڵانی رابردوودا شیکاری پرسی ناسیۆنالیزمی کوردییمان کردووە و بۆچونمان وایە کە ناسیۆنالیزمی کوردیی مۆدێلێکی تایبەتە لە ناسیۆنالیزم کە بە مۆدێلی ”ناسیۆنالیزم بەبێ ناسیۆنالیست“ ناومانبردوە. واتە ناسیۆنالیزم وەک گوتار و وێنە و زمان، وەک فۆرمێکی لە سایکۆلۆژیا ئامادەیە، بەڵام ئەو بکەرە سیاسییانەی کە لەناو ئەم ناسیۆنالیزمەدا ئامادەن، بکەری بەر لە دروستبوونی نەتەوە و ناسیۆنالیزمن. عەقڵیەتی کارکردن و جوڵەیان عەقڵیەتی خێزان و بنەماڵە و خێڵ و ناوچەگەرییە، کە حیزبێکی لینینی کۆنترۆڵکراو لەلایەن خێزان و بنەماڵەکانەوە ڕووداوەکانی دەجوڵێنێت. بۆیە ناکۆکییەکی گەورە و ھەمەلایەن ھەیە، لەنێوان دروشم و سیاسەت و جوڵە و ستراتیژ و بیرکردنەوەی نوخبە و پارتە حوکمڕانەکانی ناو ئەم ناسیۆنالیزمە و لەگەڵ دروستکردنی سەرەتایترین چوارچێوە ھاوبەش و سەرەکییەکانی نەتەوە و نیشتیمانێکی نەتەوەیی ھاوبەشدا. ئەوەی دەیبینین پرۆسەیەکی بەردەوامی دابەشبوونی قووڵتر و ھەمەلایەنترە، کە ھێزی سەربازیی تایبەت و ئابوریی تاڵانیی و پەیوەندیی دوژمنانە ئاراستەیدەکات. لە دۆخێکی لەوبابەتەدا زۆربەی دەزگا و میکانیزمە باڵادەستەکان بەشدارن لە پەرەدان بەم دابەشبوون و پارچەپارچەبوونە بەردەوامەدا، لە سوپاوە بیگرە بۆ ئابوریی و لە میدیا و سیستەمی خوێندنەوە بیگرە بۆ شێوازی کارکردنی دەزگا بیرۆکراسییەکان. لە دۆخێکی لەوباتەدا پول زۆر لەوە لاواز و پوچترە بتوانێت ھیچ ڕۆڵێک لە کۆکردنەوەی دانیشتوانی ھەرێمەکە و حوکمڕانەکانی لە دەوری ڕەمزێک یان مانایەک، کۆبکاتەوە.
ئەم ناسیۆنالیزمە بێناسیۆنالیستە، لەناو هەرێمێکی پێنج ملیۆن کەسییدا بووە بە بارێکی سیاسیی قورس بەسەر جوگرافیای سێ شارەوە، کە نە دەتوانێت لەناو یەکەیەکی سیاسییدا کۆیانبکاتەوە، نە ڕێگەش دەدات مۆدێلێکی تری خۆبەڕێوەبردنی سیاسیی و ئیداریی تاقیبکرێتەوە. ئەم ناسیۆنالیزمە بێناسیۆنالیستە سوڵتانییە، لەئێستادا نەک ناتوانێت ببێت بە نوێنەری مەسەلەی کورد، بەڵکو ناتوانێت ببێت بەنوێنەری سێ شاری لێکترازاویش. چەندە ناسیۆنالیزمی تورکیی و عەرەبیی و فارسیی کاریان لەسەر بچووککردنەوە و ناچیزکردنی کورد وەک گەلێک کردووە ، ئەوەندەش نوێنەرە سیاسییەکانی ئەم ناسیۆنالیزمە بێناسیۆنالیستە، کاریان لەسەر شکاندنی بەها نیشتیمانییەکانی خۆیان و گەلەکەیان کردوە. ئەم ناسیۆنالیزمە بێناسیۆنالیستە هێندە ترسنۆکە بەرگەی ھەڵچون و توڕەبوونی سەفیرێکی تورکیای نەگرت، چجای بەرگەی هەڕەشەی کاربەدەستە سیاسیی و سەربازییە گەورەکان و سوڵتانە تازەکەی دەوڵەت لە تورکیادا. بۆیە بەهای دروستکردنی پولێک بە نەخشەی کوردستانی گەورە لە پشت سەری پاپای فاتیکانەوە، لەڕووی ڕەمزیی و حەقیقییەوە، یەک پولی قەڵب ناهێنێت. ئەم پولە دەربڕی ئەو فۆرمە ھێجگار سەرەتایی و نامێژوویی و نامەدەنیی و نانیشتیمانیی و نانەتەوەیی ناسیۆنالیزمی بێناسیۆنالیستە، کە ئەم ھەرێمەی لەناوەوە ئیفلیج و بێدەرەتان کردوە. لە کاتی سەردانەکەی پاپای فاتیکاندا بینیمان هەموو ”خەمی نیشتیمانیی“ ئەم دەستە و خێزانە سوڵتانییانە لەوەدا کورتبووبووەوە، هەموو ئەندامانی خێزانە سوڵتانییەکە، لە پێشوازیی پاپادا کۆبکرێنەوە و وێنەی لەگەڵدا بگرن. سیاسەتی پشتی پولەکە سیاسەتێکی ناسیۆنالیستیی ڕۆمانسییە کە خەون بە کوردستانی گەورەوە دەبینێت، بەڵام سروت و تقوسی یەکتربینینەکە، سروتێکی خێزانیی و بنەماڵەیی و سوڵتانیی بوو. لێرەشدا و لەڕێگای پولێکی ناسیۆنالیستی ڕۆمانسییانەوە، جارێکی تر کۆمەڵێک بکەری ناناسیۆنالیستیی خێزانیی و بنەماڵەییمان بینیەوە.
دروستکردنی ئەو پولە بە وێنەی پاپای فاتیکانەوە بەشێکە لەو سیاسەتە سیمبۆلییە کە ساڵانێکە بەشێکی سەرەکیی ئەم ناسیۆنالیزمە بێناسیۆنالیستەیە، سیاسەتێک لەباتی کردەی مێژوویی ڕاستەقینە، خەریکی دروستکردنی ڕووداو و کێشەی ڕەمزیی بەتاڵە. تاقە شتێک کە سیاسەتی ناڕەمزیی و کردەیی ئەم ھێزانەیە، سیاسەتی سەپاندنی دەسەڵاتی خێزان و بنەماڵە سیاسییەکانە؛ ئەویتری، بەشی ھەرەزۆری سیاسەتێکی ڕەمزییە، کە وەزیفە سەرەکییەکەی مەشغوڵکردن وسەرقاڵکردنی کۆمەڵگایە بە مەسەلەی لاوەکییەوە.
بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە
بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا
بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا
بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە
بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی
بابەتی یانزەیەم: دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا
بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی
بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا
بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەتو نابەرپرسیارێتیی رێكخراو
بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر
بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون
بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا
بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل