Draw Media

بەختیار مستەفا ئەمین: وەڵامێکی پێویست، زۆریش ماوە بۆ وتن

بەختیار مستەفا ئەمین: وەڵامێکی پێویست، زۆریش ماوە بۆ وتن

2021-03-17 15:51:14


بەختیار مستەفا ئەمین

🔻 خەرجی ماڵەکەی نەوشیروان مستەفا لە پشکێکی (بازاڕی میترۆ)وە ئەکرا
🔻 خەرجی خەستەخانە و کرێی خانوەکەی لەندەن هاوڕێکانی وەک یارمەتی بۆیان خەرجکردوە
🔻 هەر کەس ولایەنێک وەک موڵکی شەخسی کاک نەوشیروان رەفتار بەو موڵک و پارە جێماوانەوە بکات، جگە لە ناشرینکردنی مێژوی ئەو پیاوە هیچیتر نیە
🔻 پلانی نەوشیروان مستەفا ئەوە بوو گردی زەرگەتە بکرێ بە وەقف لەسەر زانکۆی سلێمانی 
🔻 نەوشیروان مستەفا هەمیشە لای خۆمان و بە مناڵەکانی وتوە حەزناکات کاری سیاسی بکەن
🔻 ئەوەی دەستە و گروپە جیاوازەکانی گۆڕان بە فیکر و کاری نەوشیروان مستەفا کردویانە، هیچ دوژمنێک نەیتوانیوە پێی بکات
(درەو):
بەختیار مستەفا ئەمین برای نەشیروان مستەفا رێکخەری کۆچکردووی بزوتنەوەی گۆڕان، لە وتارێکدا لەبارەی موڵک و ماڵی نەوشیروان مستەفاو بابەتی تەوریسی سیاسی، وەڵامی عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەداتەوە.

🔹 دەقی نوسینەکە:

وەڵامێکی پێویست، زۆریش ماوە بۆ وتن

🔸 بەختیار مستەفا ئەمین

زۆرجار و قسەوباسی بزوتنەوەی گۆڕان و بەرپرسەکانیان لە کۆبونەوە تایبەتەکاندا، سەبارەت بە مەسەلەی موڵک و ماڵی بزوتنەوەی گۆڕان و پارەو پوڵی کاکم (نەوشیروان مستەفا) ئەبیستینەوە، ئێمە لە سەرەتاوە وەک بەشێک لە کێشەی ناوخۆی بزوتنەوەکە و ململانێی دەسەڵات سەیرمانکردوە، بەڵام کاتێک (عومەری سەید عەلی  رێکخەری گشتی  بزوتنەوەکە) لە کۆبونەوەی گشتیدا و لە سیانزەی ئازاری ئەمساڵدا، لە میدیا و دەزگاکانی راگەیاندنەوە، بۆ رای گشتی قسە ئەکات و ناهەقی و بێ ویژدانی و تەنانەت سوکایەتی بە مێژوی بیر و کاری سیاسی کاک نەوشیروان و هاوڕێکانی ئەکات، ناچارمان بە وەڵامدانەوەیەک بۆ ڕای گشتی ئەکات و تیایدا، ڕاشکاو هەندێ هەقیقەت بۆ مێژو بخەینە روو.
بەندە زیاتر لە پەنجا ساڵ لە گشت وێستگەکانی خەبات و پێشمەرگایەتیدا، هاوڕێ و پشتیوان و هاوسەنگەری کاکم (نەوشیروان مستەفا) بوم، تا ئەو رۆژەی دوا هەناسەی داوە پێکەوە و لە نزیکەوە لە تەکیدا بوم، گەر بنوسم و قسە بکەم (کە هیوادارم لە ئایندەیا بتوانم) زۆر هەیە بۆ وتن.
یەکەم: سەبارەت بە پارە و پوڵ و موڵک، لێرەوە رایدەگەیەنم کە کاکم نەوشیروان مستەفا لە سەرەتای (شۆڕشی نوێ) وە، هەمیشە دارایی شۆڕشی لابوە و دەسەڵاتی خەرجی هەبوە، لە بزوتنەوەی گۆڕانیشدا، بەهەمان شێوە !! بەڵام هەرگیز نە خۆی بەخاوەنی زانیوەو نە بە شێوەیەک رەفتاری کردوە کە خۆی خاوەنداری بکات، ئەوەندە بەسە بڵێم خەرجی ماڵەکەی لە پشکێکی (بازاڕی میترۆ)وە ئەکراو ئەو چەندان ملیۆن دۆلارەش کە باسی ئەکەن بۆ بزوتنەوەکە و پرۆژە سیاسیەکەی خەرج ئەکرا، خەرجی خەستەخانەو کرێی خانوەکەی لەندەن هاوڕێکانی وەک یارمەتی بۆیان خەرجکردوەو دەستی بۆ پارەی بزوتنەوەکە نەبردوە، ئەوانیش لە ژیاندا ماون. بۆیە هەر کەس ولایەنێک وەک موڵکی شەخسی کاک نەوشیروان رەفتار بەو موڵک و پارە جێماوانەوە بکات، جگە لە ناشرینکردنی مێژوی ئەو پیاوە هیچیتر نیە، هەمو بیرکردنەوەو پلانیشی بۆ چارەنوسی زەوی گردی زەرگەتە (کاریشی بۆ کردبو) ئەوەبو بکرێ بە وەقف لەسەر زانكۆی سلێمانی و وەک شارێکی رۆشنبیری گەشەی پێ بدرێت. بۆیە هەواڵی تاپۆکردن و گواستنەوەی موڵکایەتی گردەکە لە پرسەکەیدا، ئێمەی تاسان و توشی شۆکی کردین.
دوەم: سەبارەت بە جێگرەوە و دەسەڵاتی مناڵ و خزمەکانی بیروباوەڕی ئەو زاتە زۆر رون و ئاشکرا بوە، هەمیشە لای خۆمان و بە مناڵەکانی وتوە کە حەزناکات کاری سیاسی بکەن و تەنانەت چەند جارێک بە ئێمەی ئەوت کە با لە کۆڕ و کۆبونەوەدا بێن و فێری ماریفەت و تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی ببن.
بۆ دەسەڵات و جێگرەوەی پۆستی رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەش ئەو سەروەختەی کە دکتۆرەکانی بێ ئومێدیانکرد لەوەی چاکبێتەوە، چەند مانگێ پێش وەفاتی لە خەستەخانەی (مارسدنی مەلەکی بەریتانیا) پەیامێکی بۆ هاوڕێکانی لە بزوتنەوەکەدا ناردو داوای لێکردن پێش کۆچی خۆی هەڵبژاردنێک بۆ رێکخەری گشتی بکەن، پێی خۆش بو پێش مەرگی رێکخەری گشتی نوێ ببینێ و ببیستێ، هەرگیز نە کەسی بۆ ئەو پۆستە راسپاردوە و نە داواشیکردوە کەسێکی دیاریکراو جێگرەوەی بێت، ئەو پەیامە نەگەیشت یان کاری پێنەکرا !! نەمانزانی بۆ ؟ 
لەکۆتاییدا، بە پێویستی ئەزانم بڵێم:
ئەوەی لە دوای هەڤدەی مایسی دوهەزار و هەڤدەوە، دەستە و گروپە جیاوازەکانی گۆڕانی گردەکەی زەرگەتە لە چەواشەکاری و لادان و شکاندن وسوکایەتی بە مێژو، فیکر و کاری نەوشیروان مستەفا کردویانە، هەرگیز هیچ دوژمنێکی دەرەوەو نەیارێکی ناوخۆ نەیتوانیوە پێی بکات، ئەو فەرهەنگە لە کاری سیاسی و خەبات و پێشمەرگایەتی نەوشیروان مستەفا سەروەتێکی گەورەی نەتەوەو نیشتیمانەکەمان بوە، بە خوێن و ماندوبونی هەزاران پێشمەرگە و کەمئەندامی سەنگەر و سەدان هەزار قوربانی بۆ میلەتەکەمان بە دەست هاتبو، دەبێت هەرواش بمێنێتەوە. 
هەمو ویژدانێکی زیندوش تەنیا ئەو بەڵگەیەی بەسە کە چۆن رێکخەرو سەرکردایەتی بزوتنەوەکە پاش مردنی کاک نەوشیروان، وەک تۆڵە کردنەوەیەک لە هەڵپەی هاوپەیمانی و چونە ئەو حکومەتە حیزبیەدا بون، کە بە تۆمەتی تیرۆرو کوشتن و تێکدانی ئاسایشی کوردستان فەرمانی گرتنیان بۆ کاکم (نەوشیروان مستەفا) دەرکردبو، بۆ گەڕاندنەوەی مافی مێژویی و رێزی پەنجا ساڵ تێکۆشانی، پێیان وترا ! بەڵام ئەوان هەر بە مەبەست داوای لێبوردنێکیان لەو حیزب و دامودەزگایانە مەتڵەب نەبو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand