لە قاسمە رەشەوە بۆ كەركوك
2021-03-19 14:01:12
درەو: گێڕانەوەی سەركەوتی جیهاز(تایبەت بە درەو)
لە 11/3/1991 مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا بۆ یەكەمجار لە راپەڕیندا پێكەوە لە قاسمە رەشەوە دابەزین و بەپێ بەڕێكەوتن بەرەو رانیە، چونكە هیچیان ئۆتۆمبێلیان نەبوو، لە رانیەوە بۆ بێتواتەو خەلیفان و شەقڵاوەو مەسیف هەر پێكەوە بوون، دواتر بەرەی شەڕ دابەشكرا، مەسعود بارزانی بۆ سەرپەرشتی رزگاركردنی موسڵ و نەوشیروان مستەفا بۆ رزگاردنی كەركوك، لە 20/3/1991 نەوشیروان مستەفا بەیانی رزگاركردنی كەركوكی نوسی و بڵاویكردەوە، بەڵام موسڵ هەر رزگار نەكرا، ئەمە بەشێكە لە یادەوەری بروسكەكانی سەركەوتی جیهاز.
سەركەوتی جیهاز پێشمەرگەی دێرین و یەكێك لە عەدەد جیهازەكانی شۆڕش كە بەشێكی زۆری بروسكەو بەیانەكانی راپەڕینی لە كۆڵدابوو، لە گێڕانەوەیەكی تایبەتدا بۆ (درەو) باس لە سەرەتاكانی راپەڕین و هەوڵەكانی رزگاركردنی كەركوك دەكات.
لە قاسمەڕەشەوە بۆ كەركوك
سەركەوتی جیهاز دەڵێت: لە دوای ئەنفالەكان لە قاسمەڕەش جێگیربووین, ئەكرێت بڵێین زۆربەی سەركردایەتی (ی.ن.ك) لەوێ بوون هەر لە بارەگای سكرتێری گشتی مام جەلال بە سكرتاریەتو ماڵەكەیەوە، بارەگای كاك نەوشیروان، بارەگای مولازم عومەر، دەزگای دارایی, بارەگای جیهازی مەركەزی لەگەڵ خەستەخانەو هەندێك بارەگای تر لە نزیك قاسمەڕەش لە نۆكان و زەڵێ و ئەو ناوچانەبوون .
سەرەتای ڕوداوەكانو خۆئامادەكردن بۆ ڕاپەڕین لە داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە دەست پێدەكات، بیرۆكەی ڕاپەڕینو ڕزگاركردنی كوردستان كەوتە مێشكی كاك نەوشیروانەوە، ئەو زوو هەستی بە پێشبینیەكان كردبوو كە سەدام پەلاماری كوەیت ئەدات، خۆی بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادەكرد، دەستیكرد بە زنجیرەیەك كۆبونەوە، سەرەتا پێشنیارو بابەتەكەی لەگەڵ سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی باس كرد، پاشان كۆبونەوەو بانگكردنی كادرە سیاسیو سەربازی و ئیعلامی بۆ باسكردنو خۆئامادەكردن بۆ ڕاپەڕین، لەو كاتانەدا مام جەلال لە دەرەوەی وڵات بوو, بەڵام ئاگاداری هەموو ڕووداوو گۆڕانكارییەكان بوو لە ڕێگەی تەلەفونو جیهازەوە بە تایبەتی كە لە شام بوو لەوێش جیهازمان هەبوو.
كاك نەوشیروان لە قاسمەڕەشەوە وەفدێكی یەكێتی دەنێرێت بۆ لای كاك مەسعود بارزانی, كاك مەسعود بارزانی وەڵامی كۆنكرێتی بۆ رازیبون، بڕوابون بەو بەرنامەیە، بەوەفدی یەكێتی نەدابوەوە، بۆیە پێویستی بەكاتو هەوڵی تر هەبوو لەگەڵی, یەكێتیو مام جەلال, بەتایبەتی كاك نەوشیروان مستەفا، هەوڵەكانیان چڕكردەوە، روداو و گۆڕانكارییەكان بەخێرایی رویان ئەداو، بوار بۆ كوشتنی كات نەمابوەوە، بۆیە فشارەكانی یەكێتیو تەنانەت هەندێك لە بەرپرسانی ئێرانی بۆ بەشداری راستەوخۆی پارتیو كاك مەسعود چڕتر كرانەوە، مام جەلالیش لە دەرەوە زۆر تەئكیدی لەوە دەكردەوە كە كاك مەسعود بارزانی بەشداری بكا، تا یەكێتی ریزەكانی گەل مسۆگەرتر ببێ.
پلانی راپەڕین
كاك نەوشیروان هەموو بەرنامەی ڕاپەڕینی دانا بۆ ڕزگاركردنی كوردستان لە گەڵ هاوڕێ و هاوكارەكانیان، هەموو كوردستانی دابەشكردبوو بەسەر (10) میحوەردا هەر لە خانەقینەوە هەتا زاخۆ، بە شێوەیەك هەر میحوەرێك یان شارێك ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یان سەركردایەتی سەرپەرشتی بكات، بە شێوەك داڕێژرابوو كە لە دوای ڕزگاركردنی گەرمیانو سلێمانیو هەولێرو دهۆك، هێزەكان كۆبكرێتەوە بۆ ڕزگاركردنی كەركوكو موسڵ بەشێوەیەك كە كاك نەوشیروان بە هێزەكانی هەولێرو سلێمانی كەركوك ڕزگاربكاتو كاك مەسعودیش بە هێزەكانی دهۆكو زاخۆ موسڵ ڕزگار بكات.
بە پێی ڕێككەوتنی بەرەی كوردستانی, مام جەلال سەرۆكی بەرەی كوردستانی بوو لە دەرەوەی وڵات، مەسعود بارزانی, سەرۆكی بەرەی كوردستانی بوو لە ناو وڵات، لە بەرئەوەی مام جەلال لە هەندەران بوو زۆربەی ئەركەكان لە سەرشانی كاك نەوشیروان بوو.
راپەڕین لە رانیە
بە پێی ئەو بەرنامەیەی كە دانرابوو پێ یان باش بوو ڕاپەڕینی سەرانسەری لە ٧-٣-١٩٩١ دا بكرێت, بەڵام بە هۆی هێنانی هێزێكی زۆری دوژمن ( رژێمی بەعس) بۆ چوارقورنەو دەڤەری پشدەر، بەریەككەوتن دروست بوو, ڕاپەڕین لە ڕانیە هەڵگیرساو سەركەوتو بوو، هەمان ڕۆژ كاك نەوشیروان پەیوەندی بە برادەرانی پارتیەوە كرد كە پەلە بكەن لە هاتن, ئێوارەی ٦ی٣ی١٩٩١ كاك مەسعود بارزانی و هاوەڵەكانی گەیشتنە قاسمەڕەش لای كاك نەشیروان، كە پێشتر هەموو ئامادەكارییەك كرابوو بۆیان هەر لە جێگەو ڕێگەو وە دەرچون بۆ ناو وڵات, بە تایبەتی بەرەو ڕانیە.
بە پێشنیاری سەركردایەتی پێشترجیهازێكی ڕاكاڵمان ناردبوو بۆ ناو ڕانیە لای كاك عەزیز بەگ بوو, هەروەها هێزێكی زۆری پێشمەرگە لە كێوەڕەش و نزیكی ڕانیە بوون، دەقە بە دەقە لەڕێی ئەو جیهازەوە هەواڵەكانی ڕاپەڕینمان پێ ئەگەیشت، سیستمی جیهازی ی.ن.ك زۆر پێشكەوتوو بوو, بۆیە هەموو هەواڵەكان لە ئێمەوە بە كاك مەسعود ئەگەیشت,جگە لەوەی كە ئێمە ڕادیۆیەكی سەفەریمان پێ بوو كە دەوری كاریگەری هەبوو لە سەركەوتنی ڕاپەڕین.
لە (8-3-1991) نێچیرڤان بارزانی لە ئێرانەوەو لەڕێی جیهازەكەی یەكێتییەوە بروسكەیەك دەنێرێ بۆ كاك مولازم عومەر، كاك نێچیرڤان لە بروسكەكەیدا داوادەكات ئەو رێگەنازانێ بەڵكو چاوساغی بكەن، یان مەفرەزەیەكی شارەزای بە پیرەوە بنێرن تا بگاتە سلێمانی، لە رۆژی (11-3-1991) چەند پاسێكی كۆستەریان بۆ دەنێرن بۆ باشماخ و لەڕێی چوارتاوە هەمان رۆژ كاك نێچرڤانو قادر قادر و پاسەوانەكانی دەگەنە سلێمانی.
رۆژی 11ی مانگ ئیوارەكەی هەموومان لە قاسمەرەشەوە بۆ زەڵیو بۆ سونێو بەرەو رانیە بەپێ بەڕێكەوتین نەك كاك مەسعود, نە كاك نەوشیروان كەسیان سەیارەیان پێنەبوو، عەزیز بەگ لە رانیەوە هات بەرەو پیرمانو سەیارەی هێنا شەو گەیشتینە رانیەو لەوێ ماینەوە.
بۆ ڕۆژی 12/3/1991 لە ڕانیەوە بەڕێكەوتین بۆ ناوچە ئازادكراوەكان لەوانە, بۆسكێن, بێتواتە خەلیفانو دیانا، شەو لە قەزای سدیق ( سۆرانی ئێستا) ماینەوە، واتا بەرەو سلێمانی نەهاتین بۆ ڕۆژی دواتر بە ڕێكەوتین بەرەو باڵەكیانو شەو لە ڕەواندوز ماینەوە, بۆ ڕۆژی ١٤ی٣ی ١٩٩١ چوینە سەرچیاو شەقڵاوەو مەسیف, شەو لە مەسیف سەڵاحەدین ماینەوە، ئەو شوێنانەی ناوم هێناوە بە یەك دەنگ بە یەك ڕەنگ لە هەمویان كاك مەسعودو كاك نەوشیروان قسەیان بۆ خەڵكەكە ئەكرد بە حەماسەتەوە وە پێشوازی گەرمیان لێ ئەكرا لەلایەن جەماوەری خەڵكی كوردستانەوە بە بێ جیاوازی, هەندێك جار كاك مەسعود قسەی ئەكردو كاك نەوشیروان بەدوایداو یان كاك نەوشیروان قسەی ئەكردو كاك مەسعود بەدوایدا، دواتر لە مەسیف سەلاحەدینەوە كاك نەوشیروانو كاك مەسعود بارەگای جێگری خۆیان دانا بە جیا، دیارە لەم ماوەیەدا زۆربەی كوردستان ئازادكرا بە هەموو شارو شارۆچكەكانەوە, جگە لە كەركوكو موسڵ.
پلانی رزگاركردنی كەركوكو موسڵ
دوای چەند ڕۆژێك كاك نەوشیروان چوو بۆ پردێ پاشان كاك مەسعودیش هات بۆ پردێ، لێرەوە جارێكی تر بە بەرنامە ڕێككەوتن كە كاك مەسعود بارزانی هێزەكانی بادینان كۆبكاتەوە بۆ ڕزگار كردنی موسڵ، كاك نەوشیروانیش هێزەكانی سلێمانیو هەولێر كۆبكاتەوە بۆ ڕزگاركردنی كەركوك, كاك مەسعود گەڕایەوە بۆ مەسیف سەڵاحەدین، كاك مەسعود سەركەوتوو نەبوو لە ڕزگاركردنی موسڵ، كاك نەوشیروان لە پردێ مایەوە بۆ ڕزگاركردنی كەركوك.
نەخشەی ئازادكردنی كەركوك
ئازادكردنی شاری كەركوك بە سەرپەرشتی راستەوخۆی نەوشیروان مستەفا بوو، بەرنامەی رزگاركردنی كەركوك كرا بە دوو میحوەری سەرەكی كە چەند قۆڵێكی لێ ئەبوەوە.
میحوەری یەكەم: لە قۆڵی هەولێرەوە بۆ كەركو كاك نەوشیروان سەرپەرشتی ئەكرد، لە فەرماندەكانی ئەم قۆڵە بریتی بوون لە كاك كۆسرەت, شەهید عەبدولڕەزاقو كاك سەفینی مەلا قەرە, هێزەكانی ئەم قۆڵە نزیكەی ٢٥ هەزار چەكدار بوو.
میحوەری دووەم: قۆڵی سلێمانی – چەمچەماڵ - قەرەهەنجیرەوە بۆ كەركوك بوو, كاك مولازم عومەر سەرپەرشتی ئەكرد فەرماندەكانی بریتی بوون لە مام ڕۆستەم, شەوكەتی حاجی مشیر لە یەكێتی, ئازاد قەرەداغی, كاك حەمە ڕەشید, كاك شێخ سەردار جەباری لە برادەرانی پارتی و لە برادەرانی سۆشیالیست كاك حەمەی حاجی مەحمود،لەگەڵ هێزێكی بزوتنەوەی ئیسلامی، ڕاستە هێزەكان بەناوی بەرەی كوردستانیەوە بوون، بەڵام زۆربەی هێزەكان سەر بە یەكێتی نیشتمانی بوون، بەرپرسی یەكەمو فەرماندە مەیدانیەكان یەكێتی بوون، دوای ئازاكردنی شارۆچكەی قەرەهەنجیر, كە شەڕی گەورە تیاڕویدا هەموو هێزەكانی بەرەی كوردستانی لە ١٦ی٣ی١٩٩١ ئامادەكران بۆ بەرەو پێشچونو ڕزگاركردنی كەركوك، شانە چەكدارەكانی ناو كەركوك و رێكخستنە نهێنیەكان رۆڵی گەورەیان هەبوو.
دەبوو هەردوو میحوەرەكە لە كاتی دیاریكراودا بجوڵێن بۆئەوەی لە یەك كاتدا پەلاماربدەن، لەبەر زۆریو بەربڵاوی هێزەكە, دووجار تەگەرەی تێكەوت، هەرچەندە بە بەردەوامی پەیوەندی بە بێسیم هەبوو، ئەگەر لایەكیان لە كاتی دیاریكراودا نەگەیشتایە كەركوك لاكەی تر شكستیئەهێنا، بۆیە جارێكی تر بە سەرپەرشتی كاك نەوشیروان كۆبونەوەیەكی تر كرایەوە, بڕیاریاندا كە شەوی ١٨لە سەر ١٩ پێكەوە لە سەعاتی سفردا پەلاماری كەركوك بدەن.
میحوەری دووەم كرا بە سێ قۆڵەوە:
قۆڵی یەكەم: لە ناوشوانەوە بۆ شێخ بزێنیو كەركوك، كاك شەوكەت سەرپەرشتی ئەكرد, كاك سیروانی كوێخا نەجمو كاك ڕەفعەت عەبدوڵا لە گەڵ چەند فەرماندەیەكی تری لێبوو.
قۆڵی دووەم: لە جەباریو قەرەحەسەن بۆ كەركوك، مام ڕۆستەم سەرپەرشتی ئەكرد، كاك ڕزگاری حاجی كایلو كاك شێخ كەریم چاوڕەشو كاك سەید جەوهەرو چەند فەرماندەیەكی تری لەگەڵ بوون.
قۆڵی سێیەم: جادەو جادە لە قەرەهەنجیرەوە بۆ كەركوك، كاك مولازم عومەر سەرپەرشتی ئەكرد لایەنەكانی تری بەرەی كوردستانیشیان لە گەڵدا بوو, ئەو هێزە چەكدارانەی لە دەوری بەرەی كوردستانی لەم قۆڵەوە لە ئامادەباشیدا بوون لە نێوان (١٥تا ٢٠ هەزار) چەكدار ئەبوون.
چەند جارێك بە جیا پێشمەرگە ئەچونە كەركوكەوە ئەگەڕانەوە، دواجار لە شەوی ١٨/١٩ی٣ لە هەردوو میحوەرو هەموو قۆڵەكانەوە دەست كرا بە جوڵە بۆ شوێنە دیاری كراوەكانیان، لەم شەوەدا تەنها قۆڵی جەبەل بۆر توانیان بگەنە ناو كەركوك, كە ڕیزێك ڕەبیەی حیزام ئەمنی بەرەنگاری پێشمەرگەكان بونەوە توانیان دوای شەڕێكی دەستەویەخە هەر (٨ ) ڕەبیەكە كۆنترۆڵ بكەن و بیگرن, لە كورە گەچەكانەوە ئەم هێزە ژمارەیان نزیكەی (٢٥٠ )پێشمەرگە بوون بە فەرماندەیی شەهید سەیدجەوهەر، كاك شێخ كەریم كەركوكی و كاك ڕزگاری حاجی كایل و بەشی هەرە زۆریان لە پێشمەرگە پارتیزانو دێرینەكانی دوای ئەنفالەكانی كەرتی چواری جەباری بوون، بەرەو گەڕەكی قادسیە پێشڕەویان كرد, دەوروبەری سەعات ١١ی شەو ئەكەونە كەمینی گەڕەكی قادسیەو پاش شەڕێكی دەستەو یەخەی گەرم كەمینەكەیان شكاندو داخڵی گەڕەكی قادسیە بوون, لەم كەمینەدا پۆلێك پێشمەرگەی قارەمان شەهیدبوون لە وانە فەرماندەی تیپ عەلی تەپەلویی, فەرماندەی كەرت حەمە باوەیی، هەژار كەركوكی پێشمەرگەی كەرتی چواری جەباری.
ئەم هێزە لە گەڕەكی قادسیە بوون بە دوو بەشەوە:
• بەشێكیان بە فەرماندەیی كاك شێخ كەریم بەرەو مەلعەبەكە كە لە شەڕێكی بێ وێنەدا هەر زوو مەلعەبەكەیان كۆنترۆڵ كرد كە ژمارەیەكی زۆری هێزی دوژمنی لێ بوو.
• بەشەكەی تر كاك سەیدجەوهەر و كاك ڕزگار بەرەو بارەگای مونەزەمە هێرشیان كردو لە شەڕێكی قورسدا كۆنترۆڵیان كرد.
گەڕەكی قادسیە لە بەرئەوەی زۆربەیان بەعسیو چەكدار بوون شەڕی قورسی تیا كرا، لە ناو قادسیەدا چەند پێشمەرگەیەكی تر شەهیدبوون، دوای قادسیە هێزەكە بەرەو حوڕییە هێرشیان برد, ئەو چەك و تفاقانەی كە لە قادسیە گیرابوون بە سەر خەڵكدا دابەشكرانو بوون بە پشتیوان بۆ هێزی پێشمەرگە، هەردوو بەشەكە(قۆڵەكە) لە گەڕەكی شۆڕیجە یەكیان گرتەوە، خەڵكی شۆڕیجە لە بەرئەوەی زۆربەیان كوڕو كەس كاریان پێشمەرگە بوون, بوون بە هێزێكی پشتیوانی گەورە بۆ پێشمەرگەكان, هاواریان دەكرد نەورۆزمان بوو بە دوو نەورۆز, ئەم لە باوەش گرتنەی خەڵكی شۆڕیجە بۆ پێشمەرگەكان فرمێسكی خۆشی لە چاوی هەمواندا ڕشت، گەڕەكی شۆڕیجە بە ئاسانی كۆنترۆڵ كرا, تەنها دائیرەی ئەمنی پیریادی مابوو كە بەرگری زۆریان تیاكرد .
ئەو شەوە بە حەق شەوی پێشمەرگە بوو دنیا بەرەو ڕوناكی ئەچوو لەبەرئەوەی ژمارەی پێشمەرگەكان كەم بوونو شەهیدی زۆریش درا بوو, بەشی ئەوەی نە ئەكرد كە بەسەر ئەو هەموو شوێنە ڕزگاركراوانە دابەشبكرێن و بەرگری لێ بكەن, بۆیە دوژمن كەوتە هێرشی پێچەوانەو زۆربەیانی گرتەوە, ئەو شەوە لەم بەرگریەدا نزیكەی (30) پێشمەرگە شەهیدبوون, لەو شەهیدانە, پارتیزان (یاسینە بچكۆل) جێگری فەرماندەی بەتالیۆن, شەهید یاسین لە گرتنی قەرەهەنجیردا بورهان سەرسپی براشی شەهید ببو، هەروەها فەرماندەی كەرت (بەرزان قایش پاشایی) لە ئەمنی پیریادی شەهید بوو, لە گەڵ ٧ حەوت پێشمەرگەی تر لە ڕەتڵی شەهید سەید جەوهەر، ئەم هێزە دوای ئەو هەموو شەڕو قوربانیە تەنها بەشێك لە گەڕەكی شۆڕیجەیان بەدەستەوە مابوو, فیشەكیان كەم بببوەوە, ڕۆژی ١٩ی٣ بۆ ئەمان ڕۆژێك زۆر سەخت بوو بەڵام هەر بەرگریان كرد, ئەوەبوو ئێوارەی ١٩ی ٣ هێزەكەی سەیتەرەكەی كەركوك توانیان داخڵی كەركوك ببن بۆ شەوەكەی هەموو هێزەكە بە یەك گەیشتنەوەو كۆنترۆڵی ئەو بەشەیان بە تەواوی كرد, هەمان شەو قۆڵی هەولێریش دوای شەڕێكی قورس لە گەڵ دەبابەو هێزەكانی كانی دومەڵان داخڵی كەركوك بوون، ئەو هێزەی كە ببوە ڕێگر لە قۆڵی هەولێرەوە كاك كۆسرەت خۆی سەرپەرشتی شكاندنی كردبوو, لە فەرماندە ناسراوەكانی شەهید عەبدولڕەزاق، شەهید ڕەحمانی حاجی خدری وەرتێی، شەهید سمایل وەرتێی، قادری حەمە زیادو سەفین مەلا قەرەو شەهید ڕێبازو ..دەیان فەرماندەو پێشمەرگەی تر.
بۆ شەوی نەورۆز كاك نەوشیروان كە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ڕزگاركردنی كەركوكی ئەكرد, لە ناو كەركوكەوە مژدەی ڕزگاركردنی كەركوكی دا بە گوێ هەموو هاوڵاتیانی كوردستانو راپەڕین تاجی سەركەوتنی لەسەرنا.
دەقی بەیاننامەكە
كاك نەوشیروان لەناو كەركوك لاندكرۆزەرێكی سپی پیێ بوو لەسەر بۆنیدەكەی بروسكەی رزگاركردنی شاری كەركوكی نوسی كە ئەمە دەقەكەیەتی:
لە كاك نەوشیروانەوە 20/3/1991
بۆ جەماوەری گەلی كوردی قارەمان بەبۆنەی رزگاركردنی شاری داگیركراوی كەركوكەوە لە دەسەڵاتی پیسی بەعس، پیرۆزبایی لە گەلی كوردو هەموو نەتەوەی كورد ئەكەم كە رۆژێك بەر لە نەورۆز هێزی پێشمەرگەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، چەكدارە شۆڕشگێڕەكانو جەماوەری راپەڕیوی كورد، پشت ئەستور بەیارمەتی خوای گەورەو لێبڕانی رۆڵەكانی میلەتەكەمان توانی شاری پیرۆزی كەركوك لە دەسەڵاتی پیسی بەعس رزگاربكات، بەم بۆنەیەوە كە رۆژێكی مێژوویی و تاجی سەركەوتنی كردە سەری راپەڕینی گەلی كورد لە عێراقدا داوا لە میلەتەكەمان ئەكەین كە بەیەكگرتن و یەكێتی ریزەكانی بە وریایی و هۆشیاری پارێزگاری لەم سەركەوتنە بكەن.
یاسینە بچكۆل
یەكێ لەو بیرەوەریە ناخۆشانەی كە قەت بیرناچێتەوە، ئەوكاتە بوو كە خۆمان بۆ ڕزگاركردنی كەركوك ئامادەكردبوو، هەموو هێزەكان بەرەو كەركوك ئەڕۆیشتن, شەهید یاسینە بچكۆل كە جێگری كاك ڕزگاری حاجی كایل بوو، هەمووی چەند ڕۆژێك بوو بورهان سەرسپی برای لە قەرەهەنجیر شەهید بببو, زۆر لە گەڵی خەریك ئەبێت كە بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی بۆ پرسەی براكەیو چەند ساڵێكیش بوو كەسوكاری خۆی نەدیبوو، زۆر هەوڵی لەگەڵ ئەدات نەچێت بۆ كەركوك, بەڵام بێ سود بوو پێی ئەڵێت تۆ خەڵكی سلێمانیت لەوێوە ئەڕۆیت بۆ گرتنی كەركوك كە ئاواتی هەرە گەورەی منە، من نەیەم كە جێگای باب و باپیرانمە، هەر پێش ماوەیەك بەعسییەكان ماڵەكەیان ڕوخاندبوو لە كەركوك، وتی هەر بگەمەوە كەلاوەكەی ماڵی خۆمان لە شۆڕیجە ئیتر شەهیدیش ببم باكم نیە، كەچی ڕۆژی ١٩ی٣ سەعات ١١ی بەیانی لە ناو ماڵە ڕوخاوەكەی خۆیاندا گولەیەك بەر سەری دەكەوێت و شەهید ئەبێت، ئەمە هەرگیز هی بیرچونەوە نی(بەشێك لەبیرەوەری ناو شاری كەركوك لە رزگاری حاجی كایلم وەرگرتووە).
سەركەوتی جیهاز
سەرچاوە:
١-شەڕی كەركوك لە رزگاری حاجی كایلم وەرگرتووە.
٢- تۆڕی پەیوەندیەکانی پێشمەرگە لە شاخ (سندوقەڕەشەکەی پێشمەرگە)