درەو میدیا: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان سەرچاوەی دارایی ژمارەیەك لە كەناڵە میدیاییە نافەرمییەكانی رادەگرێت و بەشێك لەو میدیایانەش بەناچاری دادەخرێن. چەند رۆژێكە سایتی تۆڕی هەواڵی سلێمانی ( SNN ) لەكاركردن راوەستاوە، بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) دەزگای میدیایی كوردسات كە لە پێنج كەناڵ پێكهاتووە لەگەڵ دامەزراوەی خاك، لەبەردەم ئەگەری داخستندان. ئەم دامەزراوانەی كە رووبەرووی مەترسی داخستن بونەتەوە، ئەو دامەزراوانەن كە لەلایەن (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) هاوسەری (جەلال تاڵەبانی) و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە سپۆنسەر دەكران، بەڵام ئێستا بەهۆی دووركەوتنەوەی (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) لە شانۆی سیاسی، پشتیوانی سیاسی و داراییان لەدەستداوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەدوای دووركەوتنەوەی (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)ەوە سەرچاوەی دارایی ئەم دامەزراوانە رادەستی دارایی گشتی یەكێتی كراوە، یەكێتی ئێستا لە رێگەی لیژنەیەكەوە بەناوی (لیژنەی دارایی) سەرقاڵی كۆكردنەوەو رێكخستنەوەی سەرچاوە داراییەكانییەتی، لیژنەی دارایی بڕیاریداوە ئەو دەزگایانەی كە راستەوخۆو بەفەرمی سەربە مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نین و سەربە كارەكتەرەكانی ناو حزبن، سەرچاوەی داراییان لەناو حزبدا ببڕێت، بۆیە دامەزراوەكانی (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) بڕیارەكە گرتونیەتیەوە. لەیەكەم كاردانەوەشدا (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) خۆشكی (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیس بووك پۆستێكی بڵاوكردۆتەوەو نوسیویەتی(كوردسات یادگاری دادە و مام جەلالە وەك بیلبیلەی چاومان دەیپارێزین). ( درەو میدیا) زانیویەتی بەرپرسانی یەكێتی نیگەرانن لە سیاسەتی كەناڵی كوردسات، كە هەواڵ و چالاكی بەرپرسانی یەكێتی بڵاوناكاتەوە، بەدیاریكراویش هەواڵ و چالاكیەكانی (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی و (بەرهەم ئەحمەد ساڵح) سەرۆك كۆمار و جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بڵاوناكاتەوە. بەپێی زانیاریەكانی( درەو میدیا) ئێستا كارمەندانی ( SNN) موچەی پێنج مانگ و كەناڵەكانی كوردسات موچەی چوار مانگیان دەكەوێتە لای دەزگاكانیان و چاوەڕەوانن بۆیان بگەڕێننەوەهەرچەندە لەژێر فشاردا ئەمڕۆ موچەیەكی كارمەندانی كوردستان دراوە.
(درەو میدیا): مەسعود بارزانی تەنها (18) وشەی بۆ یادی ریفراندۆم نوسی بەڵام لە دوایین پرسەنامەیدا كە بۆ كۆچی( مستێ سمگەمور)ى نوسیوە بە (96) وشە گوزارشت لە دڵگرانی خۆی دەكات، لایەنە سیاسیەكانی دیكەی هەرێم كە بەبەڵێ دەنگیان بۆ ریفراندۆمەكەدا، ئەمڕۆ بێدەنگیان هەڵبژارد، بەرەی نەخێریش بە پەیامێك شكستی ریفراندۆمی بیرهێنایەوە. ئەمڕۆ دوو ساڵ تێپەڕی بەسەر ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017ی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆییو جیابونەوە لە عێراق، تا ساتی نوسینی ئەم هەواڵە، هیچ یەكێك لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بەیاننامەیان بەبۆنەی ئەو یادەوە بڵاونەكردوەتەوە. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە خۆی رێبەرایەتی ریفراندۆمەكەی كرد، بۆ یادی دوو ساڵەی ریفراندۆم تەنیا لە ئەژماری تایبەتی خۆیو بە زمانی ئینگلیزی پەیامێكی كورتی لەبارەی ئەو یادەوە بڵاوكردەوە، چەند كاتژمێرێك دواتر پەیجی بارەگای بارزانی دەقی ئەو پەیامە كورتەی بە زمانی كوردی بڵاوكردەوە. پەیامەكەی بارزانی بۆ یادی دوو ساڵەی ریفراندۆم تەنیا (18) وشە بوو كە نوسراوە:" لەم رۆژە پیرۆزەدا، سڵاو و ڕێزو پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەوانەی خۆیان نەچەماندو، ناچەمێنن، دەستو چاوی هەموویان ماچ دەكەم". ئەمە لەكاتێكدایە بارزانی لە دوایین پرسەنامەدا كە بۆ كۆچی(مستەفا ئیسماعیل حاجی) ناسراو بە (مستێ سمگەمور) كەسایەتی كوردی سوریا، مەسعود بارزانی بە(96) وشەی گوزارشت لە دڵگرانی خۆی دەكات، واتا بە (78) وشە زیاتر لە یادی ریفراندۆم لە (مستێ سمگەمور) زیاتر نوسیوە. لەبەرامبەردا لایەنە بەشدارەكانی تری ریفراندۆم بەدیاریكراویش یەكێتی نیشتمانیو كوردستانو یەكگرتووی ئیسلامی كە ئەندامیان لە لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا هەبوو، پشتیوانی ریفراندۆمەكەیان كرد، بۆ یادی ئەو رۆژە هیچ پەیامو بەیاننامەیەكی سیاسییان بڵاونەكردەوە. بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیش كە لە لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا نەبوونو دواین ساتەكان پشتیوانیان لە ریفراندۆمەكە كرد، بەهەمان شێوە ئەمڕۆ بێدەنگ بوونو هیچ بەیاننامەیەكی سیاسییان نەبوو. شاسوار عەبدولواحید كە لە رۆژانی بەر لە سازدانی ریفراندۆمدا سەرۆكایەتی جوڵانەوەیەكی كرد بەناوی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا"، ئەمڕۆ بۆ یادی دوو ساڵەی ریفراندۆم پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوەو تێدا رایگەیاند" هیواداربووین پێشبینییەكەی ئێمە هەڵە دەرچێتو پێشبینی ئەوانە راست بێت كە ریفراندۆمەكەیان كرد". بەرەی نەخێر لە ئێستادا تاكە جوڵانەوەی فەرمی بوو كە لەسەروبەندی سازدانی ریفراندۆم دروستبوو، بەئاشكرا داوای دەكرد ریفراندۆم نەكرێتو دوابخرێت بۆ كاتێكی تر، ئەوانەی لەم جوڵانەوەیەدا بوون پێیوان وابوو دۆخی ناوخۆیی هەرێمو دۆخێكی هەرێمیو نێودەوڵەتی لەبار نییە بۆ سازدانی ریفراندۆم، پێشبینییەكەیان راست دەرچوو، ئەم جوڵانەوەیە دواتر بوو بە بنەما بۆ دروستبوونی حزبێكی سیاسی نوێ لە هەرێم بەناوی "جوڵانەوەی نەوەی نوێ" كە ئێستا شاسوار عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكات. محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان تاكە لایەنی بەشداری پرۆسەی ریفراندۆم بوو، كە ئەمڕۆ بەبۆنەی ئەو ساڵیادەوە پەیامێكی روونو رەوانی بڵاوكردەوەو تێیدا جارێكی تر پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەكە دوپاكردەوە، سكرتێری حزبی سۆسیالیست لە پەیامەكەیدا وتی:" ریفراندۆم تاپۆیەكی رەشە لە گیرفانی هەموو كوردێكدا". بەبۆنەی ساڵیادی ریفراندۆمەوە لە دامەدەزگا فەرمییەكانی هەرێم كوردستان هیچ بۆنەیەكی تایبەت رێكنەخرا، جگە لە پەرلەمانی كوردستان كە دانیشتنی ئەمڕۆدا رێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمان بەوبۆنەیەوە وتارێكی خوێندەوە، رەنگە ئەمە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 24ی ئۆكتۆبەری 2017 بەفەرمی سڕكردنی ئەنجامی ریفراندۆمو پابەندبوونی بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراقەوە راگەیاند، ئێستا كردنەوەی ئەم بابەتە لەسەر ئاستی دامودەزگا فەرمییەكان رەنگە بە زیان بۆ حكومەتی هەرێم كۆتایی بێت، بۆیە ئەمڕۆ حكومەت بێدەنگی هەڵبژارد. بەڵام بەرپرسانی پارتی لە دەرەوەی دامودەزگا فەرمییەكان، لە چەند شارو ناوچەیەكی هەرێم ئەمڕۆ بەبۆنەی دوومین ساڵڕۆژی ریفراندۆمەوە، چەند مەراسیمو پانێڵێكیان رێكخست. مەیدانی گەرمی روبەڕووبونەوەی دەنگی "بەڵێ"و دەنگی "نەخێر"و ئەوانەی ریفراندۆمیان "بایكۆت" كرد، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بوو، ئەمڕۆ وێنەكانی رۆژانی پێش ریفراندۆمو رۆژانی دواتری، پەڕەی تۆڕی كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستانی داگیركرد، هەركەسەو لەرونگەی خۆیەوە بەجۆرێك گوزارشتی لەو یادە كرد. (درەو میدیا) پێشتر ئاشكرایكرد، پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت بە فەرمی لەرێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە رۆژی 25ی ئەیلول بكات بە پشووی فەرمیو رۆژی سازدانی ریفراندۆم بكات بە رۆژێكی نیشتمانی، ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە فەرمی پێشنیازی بەنیشتمانیكردنی ئەو رۆژەی كرد.
(درەو میدیا): یەكگرتووی ئیسلامی پشتڕاستیكردەوە، پرۆژەی دروستكردنی ئەنجومەنی باڵای حزبەكان پێشنیازی سەلاحەدین بەهادین بووە، بەڵام ئەو پێشنیاز نوێ نییەو مێژووەكەی بۆ ساڵی 2006 دەگەڕێتەوە. نوسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەڵامی لێدوانێكی فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی كوردستانی دایەوە. وەڵامدانەوەكەی نوسینگەی ئەمینداری یەكگرتوو سەربارەت بە لێدوانێكی فازل میرانییە بۆ (دەنگی ئەمریكا)، كە تێیدا لەبارەی دروستكردنی ئەنجومەنی باڵای حزبەكان دەڵێ:" ئەسڵی پێشنیارەكە لە برایانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە بوو، هەموو حیزبەكان رەزامەندبووینو كاریشی بۆكرا خودی مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین كاری بۆی كردو لە كۆبونەوەیەكدا بۆی شیكردینەوە". پرسی دروستكردنی ئەنجومەنێكی باڵا بۆ حزبە سیاسییەكان وەكو پرۆسەی بە مەرجەعكردنی مەسعود بارزانی لێكدەدرێتەوە، هەندێك لەوانەی رەخنەیان لە دروستكردنی ئەنجومەنێكی لەمجۆرە هەیە، ترسیان هەیە ئەنجومەنەكە بەهۆی مەسعود بارزانییەوە ببێت بە بەدیلی پەرلەمانو حكومەتو لەسەرو ئەوانەوە بڕیار بدا. لە رونكردنەوەكەیدا نوسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو پشتڕاستیدەكاتەوە كە پێشنیازی دروستكردنی ئەنجومەنی حزبەكان پێشنیازی سەلاحەدین بەهادین بووە، بەڵام ئەمینداری یەكگرتوو ئەو پێشنیازەی لەدوای ساڵی 2006و یەكگرتنەوەی دوو ئیدارەییو لە هەلومەرجێكی تایبەت بووە. نوسینگەی ئەمینداری یەكگرتووە، باسی لەوەكردووە" سەبارەت بەوەی ئێستا لە راگەیاندنەكان باس لە دروستكردنی ئەنجومەنی پارتە سیاسییەكانی كوردستان دەكرێ، بەڕێز ئەمینداری گشتی یەكگرتوو هیچ لێدوانێكی نوێی لەسەر ئەم بابەتە نەبووەو هیچ لایەنێكیش ئەم باسەی بە فەرمی لەگەڵ ئێمە نەكردۆتەوە".
(درەو میدیا): ئەو كۆمپانیایەی كە كاری پاككردنەوەی زبڵو خاشاك دەكات لە پارێزگای هەڵەبجەو شارەزوورو پێنجوێن كارەكانی راگرتووە، ئەگەر كێشەكەی چارەسەر نەكرێت، لەماوەی هەفتەیەكدا زبڵ لەو ناوچانە كۆدەبێتەوەو دەبێتە هەڕەشە لەسەر تەندروستی گشتی. سەركۆ ئازاد گەڵاڵی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە یاداشتێكدا كە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانو لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناردووە، داوایان لێدەكات فریای ژینگەو پاك خوێنی شاری هەڵەبجەو قەزاكانی شارزوورو پێنجوێنو سەیدسادق بكەون. ئەو پەرلەمانتارە باسلەوە دەكات، كۆمپانیای "گارێكس" ئەركی هەڵگرتنەوەی خۆڵو خاشاكی پارێزگای هەڵەبجەو قەزای پێنجوێنو ناحیەو گوندەكانیو قەزای سەیدسادقو ناحیەو گوندەكانیو قەزای شارەزوورو ناحیە و گوندەكانی لەئەستۆگرتووە، مانگی یەكی ئەمساڵ ماوەی گرێبەستەكەی تەواو بوو و درێژ كرایەوە تا مانگی حەوت، ئەو ماوەش تەواو بوو، تائێستاش بەردەوامە لە ئیش، بەبێ ئەوەی ماوەشی بۆ درێژ بكرێتەوە یان كۆمپانیای تازە دەستبەكار ببێت. وەكو لە یاداشتەكەدا هاتووە، كۆمپانیای "گارێكس" ماوەیەك پێش ئێستا كارەكانی بۆ دوو رۆژ راگرتووەو گرفتێكی زۆری دروستكردووە، بەهەوڵی هەموو لایەك سولفەیەك بۆ كۆمپانیاكە سەرفكراوەو دەستی بەكار كردەوەتەوە بەبێ ئەوەی چارەسەری كۆتای بكرێ، بەڵام دوێنی دووبارە كارەكانی راگرتوەتەوە. ئازاد سەرۆك گەڵاڵی دەڵێ:" ئەگەر كێشەكە چارەسەر نەكرێت، بۆماوەی یەك هەفتە زبڵی ماڵانو بازاڕ فرێنەدرێت، ئەو شارانە ژیانی تێدا قورس دەبێت.. چارەسەر ئەوەیە بە خێرایی لایەنی پەیوەندیدار بێتە سەرخەتو گرێبەست لەگەڵ هەر كۆمپانیەك بكات یاخود گرێبەست درێژ بكرێتەوە".
(درەو میدیا): "لەگەڵ یەكێتی پەیوەندیمان ئەوەندە بەهێزە بە شتێكی وا تێكناچێت، ئەوەی من ئاگادارم دەڵێن كاك مەحمود تەحەمولی نەكردووە ... ئێمە دژی درووستكردنی ئەنجومەنێك نین بۆ حزبەكان و ئەم ئەنجومە یارمەتیدەرێكی باش دەبێت بۆ حكومڕانیەكی باش) ئەمە وتەی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە بۆ دەنگی ئەمریكای كردووە. میرانی لەسەر روداوی رێگرتن لە مەحمود سەنگاوی دەڵێت" لەگەڵ وشەی ڕێگرتن نیم لە "مەحمود سەنگاوی" بەڵكو ئەوەی من ئاگادارم دەڵێن كاك مەحمود "تەحەمولی" نەكردووە تا پەیوەندییەك بكرێت گوایە "قافڵەیەكی" زۆری ئۆتۆمبێلی لەگەڵ بووە، ڕاستە كاك مەحمود پێشتر هەندێك قسەی كردبوو ئێمە هەموومان پێی ناڕەحەت بوین بەندەش یەكێك بوو لەوانەی پێی ناڕەحەت بوو، بەڵام بەرژەوەندی هەردوولامان و كوردستان و خوێنی شەهیدەكانمان لە ئێمەی "ئەشخاس" گرنگترە جا ئێمە ئەندامی مەكتەبی سیاسین یا هەر پۆستێك." سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی بانگەشەی دوو ئیدارەیی شەڕی براكوژی بە بێبنەما لەقەڵەم دەدات" لەڕاگەیاندنەكانەوە گوێم لێبووە، گوایە یەكێتی لەحكومەت دەكشێتەوە، یا شەڕی براكوژی دەست پێدەكاتەوە، یا هەندێك نەفام و كاڵفام كە ڕەنگە دەستی خەڵكی تری تێدابێت تەقەیان لەبارەگای لقی چوار لەسلێمانی كرد وە تەقەیان لە كۆمیتەیەكی یەكێتی كرد لەهەولێر كە خۆشبەختانە هەردولایان گیراون، جا ئەمانە هیچ بنەمایەكی نیە چونكە ئەم دوو حیزبە (پارتی و یەكیتی" ئەزمون دیدەن و بەرپرسیارێتی لەوە گەورەتریان لەسەر شانە وەشتێكی گەورەیان بەدەست هێناوە ئەمڕۆ كە فیدراڵی كوردستانە، لەبەر ئەوە وەك كوردەواری دەڵێ " باران دیدەن ئەم دوو حیزبە" بەهەورێكی بەهاران تەڕنابن، واتە پەیوەندیمان ئەوەندە بەهێزە بە شتێكی وا تێكناچێت، ڕاستە ئێمە خاڵی جیاوازیمان لەزۆر مەسەلەدا هەیە بەڵام خاڵی هاوبەشمان ئێجگار زۆرە دەكرێت جیاوازیمان هەبێت بەڵام دەبێت كۆببینەوە ناكرێت لەبەر ئەوەی جیاوازیمان هەیە كۆنەبینەوە." میرانی دژایەتی خۆی بۆ زۆنی سەوز و زەرد نیشان دەدات" لەڕاستیدا ئێمە خۆمان دژی زۆنی زەرد و سەوزین پێمان باشە زۆنەكان بكەینە یەك ببێتە زۆنێكی زەیتونی كوردستانی بۆ هەموو كوردستان، چونكە بەرنامەی هەڵبژاردنی ئێمە ئەوەبوو كە حكومەتێكی بەهێز لەكوردستانێكی بەهێزدا بێت" "ئەنجومەنی سیاسی حزبەكان پێشنیازی یەكگرتوو بوو" سەبارەت بە بۆچونی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەنجومەنێك بۆ لایەنە سیاسیەكان؟ فازڵ میرانی دەڵێت" بۆچونی فەرمی ئێمەش پێویستی بە گفتوگۆكردن هەیە لە سەركردایەتی كە هێشتا گفتوگۆمان نەكردووە لەوبارەیەوە، بەڵام ئێمە دژی دروستكردنی ئەو ئەنجومەنە نین چونكە ئەزمونێكی پێشتر هەبوو كە ئەسڵی پێشنیارەكە لە برایانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە بوو هەموو حیزبەكان ڕەزامەندبووین و كاریشی بۆكرا خودی "مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین" كاری بۆی كرد ولە كۆبونەوەیەكدا بۆی شیكردینەوە، دەمەوێت ئەوەش بڵێم ئەم ئەنجومەنە هەرگیز "بەدیلی" پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم نیە لەهەموو دنیادا ئەم ئەنجومەنانە هەن ئەمە بۆ بابەتی ستراتیژییە شەخسی یەكەمی حیزبەكان دادەنیشن كە ڕاسپاردەیەك بدەنە سەرۆكایەتی حكومەت و هەرێم و پەرلەمان ئەوە بەهێزكردنی ئەم حكومەتەیە ناتوانێت بڕیار بدات، هەندێك توانج هەیە كەدەڵێن سودی چیە كە بڕیار نەدات؟ وەڵام ئەوەیە خۆ هیچ قازانجی نەبێت ئەو قازانجە گرنگەی هەیە كە بەشێوەیەكی دەوری كە ئەو ئەنجومەنە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی خۆیان دایدەنێن كەسی یەكەمی حیزبەكان لە شوێنێك كۆدەبنەوە كە قسە و گللەیی و گازاندەی خۆیان دەكەن و نانێك پێكەوە دەخۆن كە بێ ئەو ئەنجومەنە ڕەنگە بە مانگ و ساڵەكان ئەو حیزبانە پێكەوە كۆنەبنەوە." سەبارەت بە سەرۆكایەتیكردنی ئەنجومەنەكە فازڵ میرانی رایدەگەیەنێت" بەبۆچونی من ئەگەر ئەو ئەنجومەنەمان پێكهێنا سەرۆكایەتیەكەی گرفت نیە، لەناو خەڵكی كوردستان و حیزبەكاندا خەڵكی زانا و شایستە زۆرن بەڵام من دەڵێم "مێژوو، جوگرافیا ، توانا واتە ئەزمون" خۆی فەرز دەكات كە "ئەولەویەت" بۆ ئەو بێت واتە بۆ خاوەنی ئەو سیفەتانە بێت ، ئەویش "جەنابی سەرۆك بارزانی" یە، "ئێ خۆ ئەگەر "سەرۆك بارزانی" نەبێت ئەی كێ بێت؟ خۆ من نابم، دەتانەوێت من بم ئێ وەڵا من نابم !" هەردەبێت جەنابی سەرۆك بارزانی بێت ئەو سیفەتانە له جەنابیاندایە." سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەشی وت " ئێمەی كورد دەبێت خەڵك بۆ پۆست و ئیش بدۆزینەوە نەك پۆست و ئیش بۆ خەڵك بدۆزینەوە، "وە جەنابی سەرۆك بارزانی" ئەگەر پۆست و ئیش پێویستی بەو نەبێت، ئەو پێویستی بە ئیش و پۆست نیە چونكە مێژوو وە توانا وە پێگەی خۆی هەیە بۆیە ئەگەر ئێمە پێویستمان بەو نەبێت ئەو پێویستی بە ئێمە نیە بیكەینە سەرۆكی ئەو ئەنجومەنە."
راپۆرت: فازل حەمە رەفعەت – محەمەد رەئوف ریفراندۆم سنوری ئیداریو دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانی بچوككردەوە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان گەورە كرد، یەكێتی نیشتمانی كوردستان دۆڕاوی گەورەی ریفراندۆم بوو، پشتیوانی ریفراندۆمی كرد، بەڵام وەكو "خیانەتكارێك" لە پرۆسەكە كرایە دەرەوە. ریفراندۆم وەك بۆنەیەكی نیشتمانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ یادكردنەوەی پرۆسەی ریفراندۆمو دەیەوێت لە یادی دوو ساڵەی ریفراندۆمدا لە زورینەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان مەراسیمو بۆنەی تایبەت رێكبخات. پارتی كە خۆی رێبەرایەتی ریفراندۆمی كرد، وردە وردە دەیەوێت رۆژی 25ی ئەیلول بكات بە رۆژێكی نیشتمانی لە پاڵ رۆژەكانی تردا، دورنییە لە داهاتوودا بە یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستانەوە ئەم رۆژە نەكات بە پشووی فەرمی. ئەمساڵ بۆ یەكەمجار لە ناو پەرلەمانی كوردستانەوە رێز لە یادی ریفراندۆم دەگیرێت، رێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمان كە سەربە یەكێتی نیشتمانییە، سبەینێ دانیشتنی پەرلەمان بە خوێندنەوەی وتارێك لەبارەی یادی دوو ساڵەی ریفراندۆمەوە دەستپێدەكات. ریفراندۆم.. لە خەونەوە بۆ كاڵا هەموو وڵاتانی زلهێزی جیهانو ناوچەكە لەوانە، ئەمریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، توركیاو ئێران، تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكانیش داوایان كرد دەستبەرداری ریفراندۆم ببێت، بەڵام مەسعود بارزانی قسەكەی خۆی بردەسەرو لە وادەی دیاریكراودا ریفراندۆمی كرد، ئەوكات خەونی سەربەخۆییو جیابونەوە لە عێراق تەواوەتی دیمەنەكەی داگیركردبوو، بەڵام ئێستاو دوای دوو ساڵ ریفراندۆم تەنیا وەكو كاڵایەكی بانگەشە ماوەتەوە كە پارتیو سەركردەكانی دەیانەوێت لەڕێگەوە زیاتر جڵەوی پرسی كێشە نەتەوایەتییەكانی كورد بكەن لە عێراقو ئەو پرسە لە چنگی خۆیاندا بهێڵنەوە، وەك چۆن بەهۆی ریفراندۆمەكەوە پارتیو بارزانی ئاڵای شەڕی نەتەوایەتییان لەدەستی هێزەكانی تر سەندەوە. ئێستا پارتیو سەركردەكانی لەڕێگەی تەقدیسكردنی ریفراندۆمەوە دەیانەوێت وای نیشان بدەن هێشتا دەستبەرداری خەونی سەربەخۆیی نەبوون، بەڵام بە كردار دانیان بە شكستی ریفراندۆمدا ناوەو گەڕاونەتەوە بۆ بەغداد. بەرهەمی ریفراندۆم ریفراندۆم بەكارهێنانی كارتێكی بەهێزو مێژوویی كورد بوو بۆ سەربەخۆیی، بەكارهێنانی ئەو كارتە لە كاتێكی نەگونجاودا (نەگونجاو بەو واتایەی ئەوكات زۆرینەی وڵاتانی زلهێزی جیهان دژی ریفراندۆمەكە بوون، جگە لە ئیسرائیل كە بە فەرمی پشتیوانی كرد، روسیاش تا كۆتایی هەڵوێستی خۆی یەكلانەكردەوە)، وایكرد كورد بۆ ماوەیەكی درێژ جارێكی تر نەتوانێت بەئاسانی پەنا بۆ بەكارهێنانی ئەو كارتە بباتەوە. بارزانی كە رێبەرایەتی ریفراندۆمی كرد، بۆ سازدانی ریفراندۆم هیچ زەمانەتێكی نێودەوڵەتی وەرنەگرت، تەنیا شەڕی پێشمەرگەی دژ بە چەكدارانی "داعش" كرد بە سیمبولی جیابونەوە، بەڵام ئەمە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قایل نەكرد. بەرهەمی ریفراندۆمو هەوڵی سەربەخۆیی لەدەستدانی رێژەی 51%ی خاكی كوردستان بوو لە "16ی ئۆكتۆبەر"و رۆژانی دواتریدا، سەرباری ئەمە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەیەكی درێژ كەوتە ژێر سزای عێراقو ئێرانو توركیاو ئاسمانو زەوی لێداخرا. ریفراندۆم پارتی گەورە كرد ؟ هەرێمی كوردستان بە گشتی لەسەر ئاستی دەرەوە بە زیان لە پرۆسەی ریفراندۆم دەرچوو، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆ، پارتی دیموكراتی كوردستان كە سەرۆكەكەی رێبەرایەتی رێفراندۆمەكەی كرد، دەستكەوتی سیاسی گەورەی چنییەوە. پارتی لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەدوای ریفراندۆمەكەوە، بوو بە گەورەترین حزب لەسەر ئاستی عێراقو (28) كورسی پەرلەمانی بردەوە، كە هیچ حزبێك بە تەنیا نەیتوانی ئەو ژمارە كورسییە بباتەوە. دواتر پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بەهەمان شێوە بوو بە هێزی ژمارەیەكو بێ ركابەرو ژمارەی كورسییەكانی لە (38) كورسییەوە كرد بە (45) كورسی، پارتی لە هەردوو هەڵبژاردنەكەدا كەیسی ریفراندۆمی بەشێوەیەكی بەهێز بەكارهێناو دەنگی دەنگدەرانی بۆ خۆی راكێشا، واتە ریفراندۆم لەبری بچوككردنەوە، پارتی گەورە كردو كردی بە حزبی حاكم. لەبەرامبەردا یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە ریفراندۆمدا پاڵپشتی پارتیو بارزانی كرد، بە زیان لە پرۆسەكە دەرچوو، پارێزگای كەركوكی لەدەستدا، پارێزگایەك كە لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، بەردەوام خاڵی پارسەنگ بوو بۆ یەكێتی، لەڕووی سیاسیشەوە نە توانی ببێت بە خاوەنی شانازییەكانی ریفراندۆم، نە توانی دوای ریفراندۆمیش بەڕەكە لەژێر پێی پارتی راكێشێتو وەكو نوێنەری كورد لە عێراق خۆی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد رێكبخاتەوە، سەرباری هەموو ئەمانەش، پارتی دەیەوێت لەڕێگەی رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"ەوە بەرپرسیارێتی شكستی ریفراندۆمەكە بخاتە ئەستۆی یەكێتیو تۆمەتێكی تری "خیانەت" لە مێژوودا لەسەر یەكێتی ساغ بكاتەوە. دوو ساڵ دوای ریفراندۆم دوای دوو ساڵ لە ریفراندۆم، ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە لە بودجەی گشتی عێراق زامنی موچەی فەرمانبەرانی بكات، واتە لە خەونی جیابونەوەوە پاشەكشێی كردووە بۆ خەونی زامنكردنی موچە. ئێستا شەڕی گەورەی بەرپرسانی هەرێم، لەسەر چارەنوسی نەوتو بودجەیە، نەك ئەو خاكەی كە لەدوای ریفراندۆمەوە لەدەستدرا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، مەسعود بارزانی هێشتا لەسەر هەمان بیرۆكەی رۆژانی پێش ریفراندۆمەو لەگەڵ ئەوەدا نییە حكومەتی هەرێم كە كوڕەكەی سەرۆكایەتی دەكات (مەسرور بارزانی) نەوت رادەستی بەغداد بكاتو لەبری ئەوەی بودجە لە عێراق وەرگرێت، بارزانی رادەستكردنی نەوت بە بەغداد وەكو "شكاندنی ئیرادەی هەرێمی كوردستان" لێكدەداتەوە، ئیرادەیەك كە خۆی بەر لە كێشەی نەوت، لە پرسی ریفراندۆمو سەربەخۆیدا وردوخاش كرا. دوای ساڵێكو دوو مانگ لە ریفراندۆم، مەسعود بارزانی سەردانی بەغدادی كرد، دوای ئەم سەردانە ئیتر پارتی گەڕایەوە سەر ئاڕاستە كۆنەكەی پێش ریفراندۆمو كەوتەوە ناو شەڕو ململانێ لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان لەسەر كێكەكەی بەغداد. پارتی بۆ یەكەمینجار لەدوای شكستی ریفراندۆمەوە، كاندیدی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پێشكەش كرد (فوئاد حسێن)، شەڕی گەورەشی كرد پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت، پاشان لەسەر پۆستی وەزیری دادی عێراق چەند مانگێك لەگەڵ یەكێتی كێڵای. دواین چیرۆكی ریفراندۆم دواین چیرۆكی پشتی پەردەی ریفراندۆم، ئەیاد عەلاوی جێگری پێشووی سەرۆك كۆمار عێراق گێڕایەوە. مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (الغد)ی ئوردنی، عەلاوی ئاشكرایكرد، دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ریفراندۆم بكات، سەردانی شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردنی كردووە، بەوپێیەی سەرۆكی لوتكەی عەرەبی بووە، داوای لێكردووە كارێك بكات بۆ رێگرتن لە دابەشبوونی عێراق. وەكو خۆی لەو چاوپێكەوتنەدا باسی دەكات، شا عەبدوڵا بە عەلاوی وتووە، دەتوانین چ كارێك بكەین بۆ رێگرتن لە دابەشبوونی عێراق، لەبەرامبەردا عەلاوی داوای لێكردووە دوور لە چاوی میدیاكان هەریەكە لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقو مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی عەممان یان عەقەبە بكاتو پاڵپشتیان بكات بۆ ئەوەی دابنیشنو كێشەكان چارەسەر بكەن، شا عەبدوڵا پێشنیازەكەی قبوڵكردووە، دوای چەند كاتژمێرێك شا عەبدوڵا تەلەفۆنی بۆ كردووەو ئاگاداری كردووە لەوەی مەسعود بارزانی ئامادەیە بۆ ئەو دیدارە بێتە ماڵی شا لە عەقەبە، دواتر پەیوەندی بە حەیدەر عەبادییەوە كردووە، بەڵام عەبادی مەرجی هەبووەو وتویەتی بەر لە دەربڕینی رەزامەندیم بۆ ئەو كۆبونەوەیە، دەبێت بارزانی بچێتەسەر تەلەفزیۆنو داوای لێبوردن بكات. هەر لەو چاوپێكەوتنەدا ئەیاد عەلاوی دەڵێ" سێ رۆژ بەر لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بارزانی بە زمانێكی توند قسەی كردووەو پێی وتووە:" كەركوك هێڵی سورە، ریفراندۆم هەنگاوێكی شكستخواردووە، پێویستە لەسەرت بۆ عێراقییەكانی ئاشكرا بكەیت چۆن گەیشتویت بەم بڕیارە، بارزانی وەڵامی دایەوەو وتی: حكومەت وەكو سەگ مامەڵەمان لەگەڵ دەكات، بۆچی لە عێراق بمێنینەوە ؟". لە وەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەكەدا سەبارەت بەوەی بۆچی بارزانی سوربوو لەسەر ئەوەی ریفراندۆم بكات، عەلاوی دەڵێ:" هەڵەی كرد، ئەوە پلانگێڕی بوو، نامەوێت بچمە ناو ئەو بابەتەوە".
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان رێژەی جیابونەوەی نێوان هاوسەرەكان سێ هێندە زیادیكردووە، پارێزگای سلێمانی لە جیابونەوەی هاوسەراندا پێشەنگی هەموو ناوچەكانی كوردستانە، بەجۆرێك لە كۆی (سێ) گرێبەستی هاوسەرگیری، گرێبەستێكیان بە جیابونەوە "تەڵاق" كۆتایی هاتووە، لەبەرامبەردا بەشێوەیەكی گشتی لە هەرێم هاوسەرگیری بەڕێژەی 42% كەمكردووە. كەمبونەوەیەكی مەترسیدار چەند رۆژێكە قسەی پەرلەمانتارێك سەبارەت بە مەترسی كەمبوونەوەی ژمارەی كورد لە عێراقدا بووەتە باسی گەرمی میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەدیاریكراویش قسەیەكی پەرلەمانتارەكە كە داوا لە خەڵك دەكات وەچەی زیاتر بخەنەوە. بەوپێیەی هەرێمی كوردستان وەك ناوچەیەك كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسڵمانەو پابەندی شەریعەتی ئیسلامە، پرسی وەچەخستنەوە وابەستەیە بە گرێدانی ژیانی هاوسەگیرییەوە، واتا بەپێچەوانەی ئەوەی لە وڵاتانی خۆرئاواو چەندین وڵاتی جیهان هەیە، لە هەرێم شتێك نیە بەناوی وەچەخستنەوە لەدەرەوەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەوە (واتە رێگەپێدراو نییە لەڕووی كۆمەڵایەتیو یاساییەوە)، بۆیە قسەكردن لەسەر پرسی هاوسەرگیری لە كوردستان وەڵامی بەشێك لەو پرسیارانە دەداتەوە كە لەبارەی وەچەخستنەوە دروستبوون. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) كە پشتئەستور بە ئامارو داتا فەرمییەكان ئامادەكراوە، رێژەی هاوسەرگیری لە هەرێمی كوردستان زۆر كەمیكردووە. بەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان، بەرزترین رێژەی گرێبەستی هاوسەرگیری لە ساڵی 2012دا بووە، لەو ساڵەدا (56 هەزارو 2) گرێبەستی هاوسەگیری كراوە. بەڵام دوای دەركەوتنی قەیرانی دارایی، بەتایبەتیش لەدوای ساڵی 2014ەوە رێژەی گرێبەستی هاوسەرگیری كەمیكردەوە، لە ساڵی 2014دا لە هەرێمی كوردستان (47 هەزارو 444) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە، واتا بەراورد 2012و پێش قەیرانی دارایی نزیكەی (9 هەزار) گرێبەستی هاوسەرگیری كەمیكردووە. لە ساڵی 2015دا رێژەكە بووە بە (43 هەزارو 410) گرێبەستی هاوسەرگیری، ساڵی 2016 كە قەیرانی دارایی گەیشتە لوتكەو حكومەت سیستمی "پاشەكەوت"ی بەسەر موچەی فەرمانبەراندا سەپاند، رێژەی هاوسەرگیری زیاتر كەمیكردو گەیشتە (32 هەزارو 789) گرێبەستی هاوسەرگیری، بەبەراورد بە ساڵی 2012 كەمكردنەكە گەیشتە (23 هەزارو 213) گرێبەستی هاوسەرگیری، كە بەرێژەی سەدی كەمبونەوەكە دەگاتە (42%). قەیرانی داراییو بڕینی پێشینەی هاوسەرگیریو سیستمی پاشەكەوتی موچە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر كەمبونەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری هەبوو. ئەم ساڵانەی دواییو بەر لە قەیرانی دارایی، پێشینەی هاوسەرگیری رۆڵی گەورەی بینی لە زیادبوونی پرۆسەی هاوسەرگیریدا، حكومەت لەرێگەی ئەو قەرزە بچوكەوە كە بەپێی یاسای ژمارەی (17)ی ساڵی 2010 یاسای پێشینەی هاوسەرگیری بڕیاری لەسەردرابوو، بۆ هەر هاوسەرگیرییەك بڕی (5 ملیۆن) دینار قەرزی بە كچو كوڕە گەنجەكان دەدا. ئامارەكان چی دەڵێن ؟ بەپێی ئامارە فەرمییەكان رێژەی هاوسەرگیری لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2010وە بۆ 2018 بەمشێوەیە بووە: • لە 2010دا (39 هەزارو 414) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە • لە 2011دا (50 هەزارو 418) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە • لە 2012دا (56 هەزارو 2) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە • لە 2013دا (52 هەزارو 749) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە • لە 2014دا (47 هەزارو 444) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە • لە 2015دا (43 هەزارو 410) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە • لە 2016دا (32 هەزارو 789) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە • لە 2017دا (35 هەزارو 761) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە • لە 2018دا (39 هەزارو 763) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە ئامارەكان لەبارەی تەڵاق چی دەڵێن ؟ ئامارە فەرمییەكان دەریدەخەن، هەڵوەشانەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری "تەڵاق" لە ماوەی هەشت ساڵدا لە 2010 بۆ 2018 بەرێژەی (150%) زیادی كردووە. بەگوێرەی ئاماری ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2010دا لەكۆی (39 هەزارو 414) گرێبەستی هاوسەرگیری (3 هەزارو 726) گرێبەستیان هەڵوەشاوەتەوە، واتە بە جیابونەوەو تەڵاق كۆتایی هاتووە، واتە رێژەی (9.5%)ی كۆی گرێبەستەكانی هاوسەرگیری هەڵوەشاوەتەوە. ساڵی 2018 رێژەی جیابونەوە بەشێوەیەكی مەترسیدار زیادیكردووە، بەجۆرێك لەكۆی (39 هەزارو 763) گرێبەستی هاوسەرگیری (9 هەزارو 192) گرێبەستیان بە جیابونەوەو تەڵاق كۆتایی هاتووە، واتە زیادبوونی تەڵاق لەو ساڵەدا بەرێژەی (23%) زیادی كردووە. بەراوردكردنی ژمارەكان دەریدەخات جیابونەوە هاوسەرەكان لەیەكتر لەماوەی 2010وە بۆ 2018 بەرێژەی (130%) زیادی كردووە، بەڵام دەبێت باس لەوەبكرێت كە لەكۆی ئەم هەشت ساڵەی كە رێژەی جیابونەوەی زیادی كردووە، چوار ساڵیان هەرێمی كوردستان بە قەیرانی دارایی قورسو ناكۆكی سیاسی نێوان لایەنەكانو شەڕی "داعش"دا تێپەڕیوە. سلێمانی لە پلەی یەكەمدایە ! لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، پارێزگای سلێمانی لە رێژەی تەڵاقدا لە پلەی یەكەمدایەو لە پێش پارێزگاكانی ترەوەیە. رێژەی هاوسەرگیریو تەڵاق لە ساڵی 2018 لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەمشێوەیە بووە: • پارێزگای سلێمانی: ( 13 هەزارو 836) گرێبەستی هاوسەرگیری هەبووەو (4 هەزارو 85) تەڵاق هەبووە، بەڕێژەی (30%). • پارێزگای هەولێر: (15 هەزارو 25) گرێبەستی هاوسەرگیری هەبووەو (3 هەزارو 598) تەڵاق هەبووە، بەڕێژەی (24%). • پارێزگای دهۆك: (10 هەزارو 902) گرێبەستی هاوسەرگیری هەبووەو (هەزارو 509) تەڵاق هەبووە، بەڕێژەی( 14%) بەپێی ئەم ئامارانە، رێژەی جیابونەوەی هاوسەرەكان لە سلێمانی دوو هێندەی جیابونەوەی هاوسەرەكانە لە پارێزگای دهۆك. چەند بەراوردكارییەكی تر • پارێزگای سلێمانی: لە 2017دا (هەزارو 360) جیابونەوەی هاوسەرگیری هەبووە، بەڵام لە 2018 زیادیكردووە بۆ (4 هەزارو 85)، واتا ( 2 هەزارو 725) حاڵەت زیادیكردووە. • پارێزگای هەولێر: لە 2017دا (2 هەزارو 985) جیابونەوەی هاوسەرگیری هەبووە، بەڵام لە 2018 زیادیكردووە بۆ (3 هەزارو 598)، واتا (613) حاڵەت زیادیكردووە. • پارێزگای دهۆك: لە 2017دا (هەزارو 384) جیابونەوەی هاوسەرگیری هەبووە، بەڵام لە 2018 زیادیكردووە بۆ (هەزارو 509)، واتا (125) حاڵەت زیادیكردووە.
درەو میدیا: دادگای بەرایی هەولێر لەبەرژەندی ( سەنگەر باڵەكی و ناسیح مەحمود) بڕیاریدا، ئەو دوو كەسەی كە لە گرتە ڤیدیۆیەكی خۆپیشاندانەكەی 25/3/2018دا دەردەكەون و هێرش دەكەنە سەر دكتۆر شایان عەسكەری و مۆبایلەكەی لەسەدەست دەشكێنن. شایان عەسكەری كە ئێستا پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕانە لەپەرلەمانی كوردستان، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك بڕیارەكانی دادگای بڵاوكردۆتەوەو ئاماژەی بەوەكردووە" ئەمڕۆ بڕیاری دادگام بەدەست گەیشت كە من دەبێ بڕی ١١ ملیۆن دیناری عیراقی بدەم بەوانەی سكاڵایان لێ كردبووم و بڕی ٢ ملیۆن دیناری عیراقیش بۆ پارێزەرەكانیان، واتە بە ھەمووی دەبێ ١٣ ملیۆن دیناری عیراقی ڕادەست كەم" لە خۆپیشاندانەكەی 25/3/2018 كە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، لە گرتە ڤیدیۆییەكدا ( سەنگەر باڵەكی و ناسیح مەحمود) دەردەكەون كە هێرش دەكەنە سەر شایان عەشكەری، بەڵام بەتۆمەتی نازڕاندنیان سكاڵا لەسەر شایان عەسكەری تۆمار دەكەن و داوای بڕی( 200 ملیۆن )دیناری عێراقی دەكەن. لە رونكردنەوەكەدا شایان عەسكەری ئەوەشی راگەیاندووە" كە سكاڵای لەسەریان تۆمار كردووە، كە دادپەروەری دادگا بریاریدا من لەسەر ھەقم ، ھەر بڕە پارەیەكی بۆ من بێتەوە، دەیبەخشم بە نەخۆشانی شێرپەنجە" .
(درەو میدیا): رۆژێك بەر لە رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی، مشتومڕ لەنێوان بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رویداوە. رۆژی 18ی ئەم مانگە، بەرهەم ساڵح سەردانی مەسعود بارزانی كرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی سیاسی باڵاوە دەستیكەوتووە، لەو كۆبونەوەیەدا بەرهەم ساڵح بە موجامەلەكردنی مەسعود بارزانی دەستی بە قسەكردن كردووە. بەرهەم ساڵح بە بارزانی وتووە:" ئێوە پیاوێكی گەورەنو هەمیشە رۆڵی براگەورەتان بینیوە، ئێستاش ئەتوانن لە ئاستی هەرێمو عێراق رۆڵتان هەبێت لە چارەسەركردنی كێشەكاندا". لە وەڵامدا، مەسعود بارزانی بە توانجەوە وتویەتی:" من گەورە نیم، پیاوێكی بچوكم"، بارزانی ئەمەی وەكو ئاماژەیەك بۆ قسەكانی مانگی رابردووی مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی باسكردووە كە وتی:" مەسعود بارزانی زۆر بچوكە، ئەگەر پیاوێكی بچوك نەبوایە دوای كۆچی دوایی مام جەلالو نەوشیروان مستەفا، بەیانێكی دەردەكردو دەیوت ئیتر من پارتی نیمو سەرۆكی كوردمو هەرچی كێشەیەكتان هەبوو بێنە لای من". بارزانی بە ڕوونی بە بەرهەم ساڵحی وتووە:" ئێوە لێرە دەڵێن پیاوی گەورەنو لە دەرەوەش هاوڕێكانتان پێمان دەڵێن پیاوی بچوك.. من هەرگیز شتم بیر ناچێت، بەتایبەت ئەو قسانەی لە میدیاكانەوە پێم دەڵێن". لەبەرامبەردا بەرهەم ساڵح، زمانی قسەكردنی لە موجامەلەوە گۆڕیوە بۆ رەخنەو كۆمەڵێك گلەیی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی كردووەو پێی وتووە:" بڕیاری حكومیو سیاسی ماوەیەكی درێژ لای ئێوە بووە، كوا ئەو بەڵێنانەی بەخەڵك دراوە، ئێوە هۆكاری ئەم دۆخەن، گەندەڵیو مەحسوبیەت زیادیكردووەو كەمینەكردووە". بەرهەم ساڵح پرسیاری لە بارزانی كردووە:" ئێوە ئاگادارن چی رودەدات ؟ ئێستا خەڵك نائومێدە، حزب بازاڕو كەسابەتی لە خەڵكی سەندوەتەوە.. دۆستەكانمان لە بەغداد گلەییمان لێدەكەن، ئێوە پشتیوانی جدی نین، لە عێراق بەهەموو خراپییەكانەوە لێپرسینەوە هەیە، بەڵام لە كوردستان نییە". بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەشێوەیەكی گشتی مەسعود بارزانی ساردسڕ بووە لە میوانداریكردنی بەرهەم ساڵح. هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون، هۆكاری ساردوسڕییەكەی بارزانی لەبەرامبەر بەرهەم ساڵح بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە" سەردانی بەرهەم ساڵح بۆ هەولێر لەسەر بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی بووە، مەسعود بارزانی ئەو سەردانەی بەرهەم ساڵحی بەدەستوەردان لە كێشەكانی ناو بنەماڵەكەی لەم كاتەدا لێكداوەتەوە". سایتی بارەگای بارزانی هەواڵی سەردانەكەی بەرهەم ساڵحی بۆلای مەسعود بارزانی بەمشێوەیە روماڵكردووە" لە دیدارەكەدا پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان خرایە بەر باسو تەئكید لە پێویستیی تەباییو یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان كرایەوە". رۆژێك دوای ئەم مشتومڕەی نێوان بەرهەم ساڵحو مەسعود بارزانی، بەدیاریكراوە لە رۆژی 19ی ئەم مانگە، هێزێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازگەی سماقوڵی رێگری كرد لە مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بچێت بۆ ناو شاری هەولێر، كە یەكێكە لە كەسە نزیكەكان لە بەرهەم ساڵحەوە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت نزیكەی (ملیۆنێكو 800 هەزار) قوتابیو خوێندكار بۆ ساڵی نوێی خوێندن رویان لە خوێندنگەكان كردەوە، لە دواین یاسای بودجەدا كە ساڵی 2013 دەرچووە، كەرتی پەروەردە رێژەی 16%ی بودجەی گشتی بۆ تەرخانكراوە، بەڵام هێشتا ئەم كەرتە یەكێك لە خراپترین كەرتە گشتییەكان لە هەرێمی كوردستان، ئامارەكانی خوێندنی ساڵی 2017-2018 باسلەوە دەكەن، رێژەی 60%ی بینای خوێندنگەكان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە، نزیكەی (2 هەزار) خوێندنگە زیاتر لە دوو دەوام تاوەكو پێنج دەوامیان تێدا دەكرێت، زیاتر لە (3 هەزار) خوێندنگە كارەباو دیوارو باخچەی تایبەت بەخۆیان نییە، ئەم راپۆرتە بە داتاو ژمارە وردەكاری دۆخی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان دەخاتەڕوو. زەنگێكی مەترسیدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە خوێندنگەیەكی بنەڕەتی شاری دهۆك بەقەیرانێكی كۆنەوە زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2019-2020ی لێدا. نزیكەی (7 هەزار) خوێندنگە ئەمڕۆ دەرگایان بەڕووی نزیكەی (ملیۆنێكو 800 هەزار) قوتابیو خوێنكاردا كردەوە، واتە رێژەی 32%ی كۆی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان وەكو قوتابی داخڵی پرۆسەی خوێندن بوون، ئەمە جگە لە نزیكەی (130 هەزار) مامۆستاو فەرمانبەر كە پرۆسەكە بەڕێوەدەبەن. ئەو خوێندنگایەی كە سەرۆكی حكومەت زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی تێیدا لێدا، دوو ناوی هەیە (قوتابخانەی نی رەنگ- قوتابخانەی رێباز)، واتە لە یەك بینادا دوو خوێندنگە هەیە، ئەمە حاڵی زۆربەی خوێندنگەكانە لە هەرێمی كوردستان، یەك بیناو دوو خوێندنگەو دوو كاتی جیاوازی دەوامكردن. سەرۆكی حكومەت لە وتاری دەستپێكی خوێندندا وتی:" بەپێی بەداواچوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان، هەرێمی كوردستان پێویستی بە 3500 پۆلی دیكە هەیە بۆ ئەوەی لە كێشەی چەند دەوامی رزگاری بێتو قوتابییە خۆشەویستەكانمان لە قوتابخانەی شیاودا بخوێنن". كورتەیەك لەبارەی وەزارەتی پەروەردەوە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێم لە 1992 دامەزراوە، وەزارەتی پەروەردە بە یاسای ژمارە (4) ساڵی (1992) كاری خۆی دەكات. بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لە سایتی فەرمی وەزارەتی پەروەردەدا بڵاوكراوەتەوە، لە دیوانی وەزارەت (5) راوێژكار هەیە، لەناو دیوانی وەزارەتدا (12) بەرێوەبەری گشتی هەیە، سەرەڕای بەرێوەبەری گشتی پەروەردەكان، لەگەڵ (7) بەرێوەبەرایەتی لەناو دیوانی وەزارەتی پەروەردە. وەزیری نوێی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان ناوی (ئالان حەمەسەعید)ە كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەم وەزیرە لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا بە گوڕو تینەوە داخڵی پرۆسەكە بووە، بەڵام نازانرێت ئایا دەتوانێت چارەسەری هەندێك لە كێشە زۆرو زەوەندەكانی پەروەردە چارەسەربكات، یاخود وەكو وەزیرەكانی تر هەندێك كێشەی تر بۆ كەرتەكە بەدێدەهێڵێت. وەزارەتی پەروەردە لەدوای دروستبوونیەوە، زۆرینەی كات لای پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، بۆیە بەرپرسیارێتی گەورەی شكستی ئەم كەرتە بەپلەی یەكەم لە ئەستۆی پارتیدایە، یەكێتی نیشتمانی بەرپرسیارێتی یەك كابینەی دەكەوێتە ئەستۆ كە ئەو پۆستەی لەدەستدابووە، ئەمە سەرباری بەرپرسارێتی ئەو ماوەیەی كە شەڕی ناوخۆ هەبووە لە نێوان هەردوو پارتەكەدا. لیستی ناوەی وەزیرەكانی پەروەردە لە كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا. • ناسیح غەفور كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ساڵی 1992 بوو بە یەكەمین وەزیری پەروەردە لە هەرێمی كوردستان. • لە كابینەی دووەمی حكومەتی هەرێم ناسیح عەفور لە پۆستەكەی مایەوە. • ساڵی 1996 بەهۆی شەڕی ناوخۆوە كابینەی حكومەت لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دابەشبوو، حكومەتی هەر لایەك وەزیری پەروەردەی بۆخۆی دانا. • ساڵی 2005 حكومەت یەكیگرتەوە، دڵشاد عەبدولرەحمان كە سەربە یەكێتی نیشتمانی بوو، بوو بە یەكەم وەزیری حكومەتی یەكگرتووی نوێی هەرێم. • سەفین دزەیی كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە لە ساڵی 2009 بوو بە وەزیری پەروەردەو تاوەكو ساڵی 2014 مایەوە. • پشتیوان سادق كە سەربە پارتی بوو، لە 2014 بۆ 2018 پۆستی وەزیری پەروەردەی وەرگرت. • ئالان حەمە سەعید كە سەربە پارتییە ئێستا وەزیری پەروەردەیە. پەروەردە بە زمانی ژمارەو داتا ! بەپێی راپۆرتی ئینستتیۆتی (پەی) بۆ پەروەردەو گەشەپێدان كە تایبەت بە خوێندنی ساڵی 2017-2018 ئامادەی كردووە، لەكۆی (5 هەزارو 234) خوێندنگە لە هەرێمی كوردستان: • (30) قوتابخانە بیناكانیان لە گڵو قوڕ دروستكراون. • (3 هەزارو 162) خوێندنگە پێویستان بە نۆژەنكردنەوە، واتە 60%ی كۆی گشتی قوتابخانەكان لە هەرێم. • (هەزارو 785) قوتابخانە دوو دەوامی تێدا دەكرێت. • (134) قوتابخانە سێ دەوامی تێدا دەكرێت. • (5) قوتابخانە چوار دەوامو پێنج دەوامی تێدا دەكرێت. • (194) قوتابخانە لە بینای كرێدان. • (100) قوتابخانە كارەبایان نیە. • (501) خوێندنگە شورا (دیوار)یان نیە، ئەم ژمارەیە دەكاتە رێژەی (9%)ی كۆی گشتی خوێندنگەكان لە هەرێم. • (194) قوتابخانە لە بینای كرێدان. • (هەزارو 395) قوتابخانە، قوتابخانەی میوانن، واتە لە بینای تایبەتی خۆیاندا نین. • (2 هەزارو 411) قوتابخانەی باخچەی نیە، كە دەكاتە رێژەی (46%) كۆی گشتی قوتابخانەكان لە هەرێم. • لەكۆی (317 هەزارو 619) رەحلەی یەك كەسیی، (36 هەزارو 84) رەحلە پێویستی بە چاككردن هەیە، ( 30 هەزارو 583) رەحلە خراپە. • لەكۆی ( 650 هەزارو 82) رەحلەی دوو كەسیی، (78 هەزارو 86) رەحلە پێویستی بە چاككردن هەیەو ( 53 هەزارو 483) رەحلە خراپە. • (350) قوتابخانە تەوالێتی مامۆستای نیەو (159) قوتابخانە تەوالێتی قوتابی نیە. • (716) قوتابخانە تۆڕی ئاوی خواردنەوەی خاوێنی نیە. • ژمارەی مامۆستا لەگەڵ میلاكدا یەكناگرێتەوە. • (128 هەزارو 424) مامۆستا هەیە، كە (54 هەزارو 110) مامۆستای لە رەگەزی نێر بەرێژەی (42%)و (74 هەزارو 311) مامۆستا لە رەگەزی مێن بە رێژەی (58%). • ناڕێكی لە دابەشكردنی مامۆستادا هەیە، قوتابخانە هەیە رێژەی زیاد لە پێویستی مامۆستای هەیە، قوتابخانە هەیە ژمارەی مامۆستاكانی ئەگەر بەقەد خوێندكارەكانی نەبێت هیچی وای كەمتر نیە، قوتابخانەش هەیە بە نزیكەی (700) خوێندكارەوە (10) مامۆستای هەیە، لە هەرێم هەر مامۆستایەك 17 خوێندكاری بەردەكەوێت. پەروەردە.. بودجەیەكی نادیار ! سەرۆكی حكومەت هیچ قسەیەكی لەبارەی ئەوە نەكرد ئایا بودجەی تەرخانكردووە بۆ كردنەوەی بینای نوێی خوێندنگە یاخود نا، لەبری باسكردنی پرۆژەی حكومەت بۆ چارەسەری كێشەی بینا، داوای لە سەرمایەدارو وەبەرهێنەرانی ناوخۆ كرد رۆڵی "نیشتمانپەروەرانەی خۆیان بگێڕن"و لە هەڵمەتی كردنەوەی قوتابخانەی نوێ بەشداربن. ماوەی (70) رۆژە كابینەی نوێی حكومەت دەستبەكاربووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی حكومەت تائێستا بودجەی پەسەندنەكردووە، نازانرێت رێژەی لەسەدا چەندی بودجەی گشتی بۆ كەرتی پەروەردە تەرخان دەكات. لە ساڵی 2013وە تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی نەبووە، بەرپرسان هۆكاری ئەمە بۆ شەڕی "داعش"و قەیرانی دارایی دەگێڕنەوە. لەدواین بودجەی حكومەتی هەرێمدا كە ساڵی 2013 كاری پێكراوە، لە كۆی بودجەی ئەو ساڵە بڕی (ترلیۆنێكو 860 ملیار) دینار بۆ كەرتی پەروەردە تەرخانكراوە كە دەكاتەی 16%ی كۆی گشتی بودجەی ئەو ساڵە، ئەوە ساڵی زێڕینی كەرتی پەروەردە بوو لە هەرێمی كوردستان، چونكە بودجەی تەرخانكراوی وەزارەتی پەروەردە لە هەموو كەرتەكانی تر زیاتربوو، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی بوژاندنەوەی ژێرخانی كەرتی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان، چونكە زۆرینەی بودجەكە بۆ موچەی مامۆستاو فەرمانبەرانی پەروەردە دەرۆیشت نەك كردنەوەی بینای خوێندنگەو پرۆژەی پەروەردەیی نوێ. ساڵی 2013 كە بودجەی وەزارەتی پەروەردە بەرێژەی 16%ی كۆی بودجە دیاریكرا، ژمارەی مامۆستاو فەرمانبەر (167 هەزارو 566) كەس بوو. وازهێنان لە خوێندن دیاردەی وازهێنان لە خوێندن دیاردەیەكی خراپو مەترسیدارە لە هەرێمی كوردستاندا، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پەروەردە، ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە منداڵان واز لە خوێندن دەهێنن، ئەمە جگە لەوانەی كە هەر پەیوەندیان بە خوێندنەوە نەكردووەو ناونوس نەكراون، كە ئەمانە هیچیان لەم ئامارانەدا نین. ژمارەی ئەو قوتابیانەی وازیان لە خوێندن هێناوە لە ساڵی خوێندنی 2017-2018 لەكۆی (ملیۆنێكو 741 هەزارو 762) قوتابی (34 هەزارو 527) قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە، لەگەڵ ئەوەی بەشێكیان فاكتەری ئابوری كۆمەڵایەتی هەیە، بەشێكیشی پەیوەستە بە ژینگەی قوتابخانەوە كە ژینگەیەكی نەگونجاوە لەگەڵ خواستو ویستەكانیاندا، زۆرێك لە قوتابخانەكان وەك سەربازگە یاخود زیندانێك وان بۆ قوتابیان، بۆیە هەست بە خۆشیو ئاسودەیی ناكات لە ناو بینای قوتابخانە، كەمیو نەبوونی وانەكانی (وەرزش، میوزیك، هونەر..هتد) كاریگەری زۆری لەسەر وازهێنانی قوتابی هەیە. چارەسەر وەزیری نوێی پەروەردە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ماوەی زیاتر لە 40 رۆژە دەستبەكاربووە، ئەو وەزارەتێكی وەرگرتووە كە بەدەست ئەو كێشە كەڵەكەبووانەی سەرەوە دەناڵێنێت. لە دەستپێكی كارەكانیدا وەزیری نوێ چەند بڕیارێكی دەركرد بۆ چارەسەركردنی هەندێك لەو كێشانە كە بریتین لە: * هەڵوەشاندنەوەی خوێندنی هەردوو بابەتی ( بیركاریو زانست) بە زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانە بنەڕەتییەكاندا، كە ئەمە لە رابردوودا كێشەیەكی زۆری بۆ خودی خوێندكارانو كەسوكاریانو تەناتەت مامۆستایانیش دروست كردبوو. * قەدەغەكردنی وتنەوەی وانە لە خوێندنگە ئەهلییەكاندا لەلایەن مامۆستایانی قوتابخانە حكومییەكانەوە، ئەوەش بەمەبەستی رەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچوانی زانكۆو پەیمانگاكان كە چەند ساڵێكە دامەزراندن لە كەرتی حكومییدا وەستاوە. * پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ ڕێكخستنەوەی میلاكاتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەنتەری شارەكان بۆ ساڵی خوێندنی (2019- 2020). * ڕێگەنەدان بە كردنەوەی خولی بەهێزكردن و وتنەوەی پرۆگرامەكانی خوێندن لەو پەیمانگە پیشەییانەی كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە مۆڵەتی پیشەییان پێدراوە. ئەم بڕیارانەی وەزیری پەروەردە ئەگەرچی بۆ پرۆسەی پەروەردەو فێركردن لە هەرێمدا گرنگن، بەڵام چارەسەری بنەڕەتی كێشە قوڵەو گەورەكانی ئەو پرۆسەیە ناكات، چونكە چارەسەری كێشەكانی پەروەردە پێویستی بە بودجەی باشو پلانی ستراتیژی هەنوكەییو درێژخایەن هەیەۆ بەشێك لەو كێشانە بەمشێوەیە چارەسەر دەبن: * كەرتی پەروەردە بەدەست كەمی بیناو خراپی بیناوە دەناڵێنێت، بۆیە پێویستە حكومەتو وەزارەتی پەروەردە لەم بوارەدا بودجەیەكی تایبەت تەرخان بكەن بۆ بونیاتنانی خوێندنگەی نوێو نۆژەنكردنەوەو چاككردنی بیناكانو گونجاندنیان لەگەڵ سەردەمدا. * دابینكردنی كەلوپەلو پێداویستییەكانی تایبەت بە پرۆسەی پەروەردەو فێركردن كە ئێستا تەكنۆلۆژیای پێشكەتوو رۆڵی بەرچاو دەبینێت لەو پرۆسەیەدا. * رێكخستنەوەی میلاكی خوێندنگەكان لە مامۆستاو فەرمانبەرو كارگوزارو باخەوان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە، چونكە كێشە لە كەمی میلاكدا بەو شێوەیە نییە بەڵكو كێشەكە لە رێكخستنی میلاكاتدا هەیەو هەندێك خوێندنگە میلاكی زۆرەو هەندێكیش میلاكی زۆر كەمە. * چاوخشاندنەوە بە بابەتەكانی خوێندنو گونجاندنیان لەگەڵ سەردەمو دۆخی پەروەردە لە هەرێمی كوردستاندا. * بایەخدان بە مامۆستایان، كە بڕبڕەی پشتی پرۆسەی پەروەردەو فێركردننو گۆڕانكاریكردن لە دەستەی بەڕێوەبردنی خوێندنگەكاندا بەشێوەیەك كە ئەوانەی خوازیارن لەو بوارەدا خزمەت بكەن بواریان بۆ بڕەخسێتو ئەوانەشی چەندین ساڵە لەو ئەركەدانو ماندووبون پشوو بدەنو بگەڕێنەوەو خوێندكارانو پەروەردەش سود لە ئەزمونیان وەربگرن.
درەو میدیا: هۆشیار زێباری لەبری (مەسعود بارزانی)، وەڵامی زارەكی نامەكەی كۆسرەت رەسوڵ دەداتەوە" ئاگاداری رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی نیە"، دوای دوو كاتژمێر لە كۆبونەوە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی دەیەوێت بارودۆخەكە ئارامبكاتەوە، مەسرور بارزانی بەنوسراو كۆمەڵێك دەسەڵات دەداتە قوباد تاڵەبانی، بەڵام قوباد تاڵەبانی رەتی دەكاتەوە. یەكێتی لە سلێمانی كۆبوەوە! ئەو كۆبونەوەیەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە بڕیار بوو لە شاری هەولێر ئەنجامی بدات و پەیامێك بگەیەنێتە پارتی لەسەر رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی، ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی ئەنجامیدا. بەپێی زانیارییەكانی(درەو میدیا) لە كۆبونەوەكەدا چەند بژاردەیەك بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان خراوەتە روو، بەڵام دواتر بژاردەی ( ئارامگرتن)یان لەم قۆناغەدا پەسەندكردووەو پێیان وابووە كە دۆخەكە هەستیارەو هەرجۆرە هەڵوێستێكی توند، بارودۆخەكە تێكدەكات. هەربۆیە چانسێكی تریان داوە بە پارتی دیموكراتی كوردستان كە رێككەوتنەكە جێبەجێبكات، چونكە یەكێتی بەتەواوی نیگەرانە لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە، لە كۆبونەوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە كە تا ئێستا نزیكەی ( 20%)ی رێككەوتنەكەی نێوانیان جێبەجێكراوە، خۆ ئەگەر پارتی رێككەوتەنەكە وەك خۆی جێبەجێ نەكات، ئەوا بیر لە بژاردەی تر دەكەنەوە. لە دوای كۆبونەوە دوو كاتژمێریەكە، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند" جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی رێكەوتنی سیاسیو ئەو رێكەوتنەی پەیوەستە بەكابینەی نوێی حكومەتەوە گرنتی درێژە پێدانی رێكەوتنەكانمانە، لەكۆبونەوەكەدا جەختمان لەوە كردەوە پابەندی رێكەوتنی خۆمان دەبین لەگەڵ پارتی، هەرچیەك لەناوەڕۆكەكەیدا هەیە جێبەجێ بكرێت" قوباد بە دەسەڵاتەكان رازی نیە! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا مەسرور بارزانی كۆمەڵێك دەسەڵاتی داوە بە جێگرەكەی( قوباد تاڵەبانی) بەڵام ئەو دەسەڵاتانە زۆر كەمترە لەو دەسەڵاتانەی كە لە كابینەی هەشتەمدا( نێچیرڤان بارزانی) بۆ ( قوباد تاڵەبانی) دیاریكردبوو، بۆیە قوباد تاڵەبانی ئەو دەسەڵاتانەی رەتكردۆتەوەو نیگەرانیەكانی گەیاندۆتە مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاردراوە كە داوای رونكردنەوە بكرێت لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر دیارینەكردنی دەسەڵاتی تەواو بە جێگرەكەی. بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە، ئەو دەسەڵاتانەی كە بۆم دیاریكراوە، زۆر كەمترە لە دەسەڵاتەكانی رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وەبەرهێنانو راژەی گشتی، تەنانەت لە دەسەڵاتەكانی شەعبان شەعبان چالیش كەمترە كە بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك وەزیرانە. زێباری لەبری مەسعود بارزانی وەڵام دەداتەوە لەدوای ناردنی نامەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی دەكات و پێی رادەگەیەنێت " مەحمود سەنگاوی سوکایەتی بە مەسعود بارزانی کرد ئێمە شتەکەمان وا قورس نەکرد ئێوەش ئەوەندە روداوەكە قورس مەکەن" زێباری ئەوەشی بە كۆسرەت رەسوڵ راگەیاندووە " مەسعود بارزانی پێی وتووە كە ئەو ئاگاداری روداوی رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی نیەو ئەو پرسە پەیوەندی بە حكومەتەوە هەیە" بۆیە تیمی یەكێتی لە حكومەت نامەیەك بۆ مەسرور بارزانی دەنێرن لەسەر روداوی رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی، بەڵام تا ئێستا مەسرور بارزانی وەڵامی تیمی یەكێتی نەداوەتەوەو لە رێگەی وەزیری ناوخۆوە رونكردنەوەیەكی لەسەر روداوەكە بڵاوكردەوەو رایگەیاند" لێكۆڵینەوە لە روداوەكە دەكەین". نامەكەی كۆسرەت رەسوڵ بۆ مەسعود بارزانی توندبووە، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە (خەندان)ی راگەیاندووە" لەنامەكەدا داوای رونكردنەوەمان لە كاك مەسعود كردوە و پێمانوتوە كە ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە جێگەی قبوڵكردن نییە و دەبێت لێی بكۆڵدرێتەوە و چارەسەربكرێت، ئەمە یەكەمین جاری نییە پارتی كاری وادەكات، لەگەڵ یەكگرتو، لەگەڵ حزبی دیكە، بۆیە دەبێت بزانن چۆن چارەسەردەكرێت، ئێمە ئەگەر بمانەوێت ببینە شەریكی راستەقینە لە سەرەتاسەری كوردستان، ئەو مامەڵەیەی ئەمڕۆ كراوە مامەڵەی دروستبونی دو ئیدارەیی و ئیجباركردنە بۆ دروستبونی دو ئیدارەیی، ئەوە مامەڵەی یەك ئیدارەیی و یەك هەرێمی و نەهێشتنی كارەساتی دوئیدارەیی كۆتایی پێ بهێنێت". هۆكاری رێگری لە مەحمود سەنگاوی؟ تا ئێستا بەرەسمی بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان باسیان لە هۆكاری رێگریكردن نەكردووە لە ( مەحمود سەنگاوی) ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە دوێنی لە بازگەی سماقوڵی رێگری لێكرا كە دەویست بچێتە هەولێر بۆ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی، بەپێی ئەو زانیاریانەی كە( درەو میدیا) لەچەند سەرچاوەیەكەوە دەستی كەوتووە باس لە دوو هۆكار دەكرێت:. • هۆكاری سەرەكی رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی، نیگەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە لە زیاد بونی جموجوڵی سەركردە و كۆبونەوەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی كوردستان لەو شارە. سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە( درەو میدیا)ی راگەیاند: راستە پارتی دیموكراتی كوردستان و خودی مەسعود بارزانی زۆر نیگەران بوون لە وتارەكەی مانگی حوزەیرانی رابردوی مەحمود سەنگاوی بەرامبەر بە مەسعود بارزانی، بەڵام تەنها ئەوە هۆكاری رێگریكردن نەبوو، بەڵكو هۆكارە سەرەكیەكە زیادبونی جموجوڵ و كۆبونەوەكانی یەكێتی بووە لە هەولێر. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە كۆبونەوەكانی پێشووتری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا، بڕیاردراوە لە پێناو دوورخستنەوەی كێشەو فەوزا لە دەڤەری سلێمانی و زیادكردنی چالاكیان لە هەولێری پایتەخت، بەشێك لە كۆبونەوەكانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی بگوازرێتەوە هەولێر و سەركردەكانی یەكێتیش زیاتر و بونیان هەبێت لە هەولێر، چونكە سەركردەكانی یەكێتی پێیان وابووە كە یەكێتی بەتەواوی لە هەولێر پاشەكشەی كردووەو دەیانەوێت پێگەی یەكێتی لە هەولێر بەهێز بكەنەوە. سەرچاوە باڵاكەی پارتی ئەوەشی بۆ(درەو میدیا) ئاشكراكرد، كە " لە ماوەی رابردوودا جموجوڵی یەكێتی لە هەولێر سەركردایەتی پارتی نیگەرانكردووە، زۆرینەی هەرە زۆری سەركردەكانی یەكێتی لە سلێمانین بەڵام بۆ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیان هاتونەتە هەولێر، سەرەرای ئەوەیش بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەو ماوەیەدا گەشتێكی بۆ هەولێركردووە، هەموو ئەو جموجوڵانەی یەكێتی پارتی نیگەرانكردووە. • تۆڵەكردنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وتارێكی (مەحمود سەنگاوی) كە لە حوزەیرانی رابردوو هێرشی توندی كردە سەر مەسعود بارزانی و بە "پیاوێكی زۆر بچوك"ی لەقەڵەمدا، ئەو لێدوانە لە كاتی خۆیدا مەسعود بارزانی و لایەنگرانی پارتی زۆر توڕەكرد بە جۆرێك بارەگای بارزانی لە وەڵامی مەحمود سەنگاویدا دەڵێت" مافیا و تاڵانچی و بكوژ هی ئەوە نین وەڵامیان بدرێتەوە". لێدوانی بەشێك لەبەرپرسانی پارتی ئەوە دەخەنە روو كە ئەو لێدوانە توندەی (مەحمود سەنگاوی) هۆكارێك بووە بۆ رێگریكردنەكە، شاخەوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە نوسینێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی نوسیویەتی" مانگێك نابێت كاك محمود لەمیدیای بینراو بێرێزی بەرامبەر مەرجەعی گەلەكەمان و سەرۆكی پارتی كرد خۆ تا ئێستا وامانگێك تێپەر دەبێت نە یەكێتی نە كاك محمود داوای لێبوردنیان لە قیادەو ئەندام و لایەنگرانی پارتی نەكردوە"
(درەو میدیا): وەفدێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی ئۆفیسی هەولێری جوڵانەوەی نەوەی نوێدەكات. سەردانی وەفدە باڵاكەی پارتی بەمەبەستی گفتوگۆكردن بووە لەسەر پرسی یەك لیستی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە بڕیارە لە 1ی نیسانی 2020 بەرێوە دەچێت. كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سەردانەكەیان بەمەبەستی درووستكردنی لیستێكی هاوبەشە لە ناوچەكانی كەركوك و موسڵ، لەو بارەیەشەوە لێكتێگەیشتنی باش لە نێوان لایەنەكان لەسەر درووستكردنی یەك لیستی هەیە. ئاریان تاوەگۆزی بەرپرسی پەیوەندییەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند: هێشتا لەبارەی یەك لیستیەوە بڕباری كۆتاییان نەداوەو پێیان وایە ئەو بابەتە پێویستی بە لێكۆڵێنەوەو دیراسەی زیاتر دەكەن و دواتر بڕیار دەدەن. رۆژی یەكشەمەی رابردوو وەفدێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ هەمان مەبەست سەردانی ئۆفیسی سلێمانی نەوەی نوێیانكرد.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت یەكێتی ئامادەكاری دەكرد بۆ ئەوەی لە هەولێرەوە پەیامێكی بەهێز لەبارەی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت بە پارتی بدات، بەڵام پارتی بە رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی، سەرەنجی لەسەر كۆبونەوەكە هەڵگرت، ئەمە یەكێتییەكانی زیاتر توڕەكرد، كۆسرەت رەسوڵ عەلی نامەیەكی توندی بۆ مەسعود بارزانی نارد، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری رێگریكردن لە مەحمود سەنگاویو ناوەڕۆكی نامەكەی كۆسرەت رەسوڵ بۆ بارزانیو چیرۆكی "دێگەڵەو پردێو سماقوڵی"و ریشەی كێشەی سنور لەنێوان پارتیو یەكێتی دەگێڕێتەوە. سەنگاوی.. دواین ئەلقەی زنجیرەیەك بەیانی ئەمڕۆ هێزێكی پارتی دیموكراتی كوردسان لە بازگەی "سماقوڵی" رێگریی لە مەحمەد سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كرد بچێتە ناو شاری هەولێرەوە. مەحمود سەنگاوی بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بەرەو هەولێر بەرێكەوتبوو، بەڵام لەكاتی گەیشتنی بە بازگەكە، هێزێكی زۆری پارتی دەبینێت كە بڵاوەیانپێكراوە، هێزەكە داوای لێدەكەن بگەڕێتەوەو رێگای تێپەڕبوونی پێنادەن، هەندێك دەمەقاڵێ دروستدەبێتو مەحمود سەنگاوی ناچار بە گەڕانەوە دەكرێت بۆ ناو شاری سلێمانی. ئێستا سەنگاوی لە ماڵەكەی خۆیەتی لە شاری سلێمانی، (درەو میدیا) هەوڵیدا لەبارەی رووداوەكەوە قسەی لەگەڵدا بكات، بەڵام یەكێك لە كەسە نزیكەكانی وەڵامی تەلەفۆنەكەی دایەوەو پێی راگەیاندین، خەڵكێكی زۆر سەردانیان كردووەو ئێستا ناتوانێت قسە بكات. مانگی حوزەیرانی رابردوو، مەحمود سەنگاوی لە وتارێكدا لەبەردەم پێشمەرگە دێرینەكانی حزبەكەی لە گەرمیان، رەخنەی توندی لە مەسعود بارزانی گرتو وتی:" مەسعود بارزانی زۆر بچوكە، ئەگەر پیاوێكی بچوك نەبوایە دوای كۆچی دوایی مام جەلالو نەوشیروان مستەفا، بەیانێكی دەردەكردو دەیوت ئیتر من پارتی نیمو سەرۆكی كوردمو هەرچی كێشەیەكتان هەبوو بێنە لای من". سەنگاوی بەم لێدوانەو چەند لێدوانێكی پێشتری پارتییەكانی توڕەكرد، بۆیە پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن رێگریكردنی ئەمڕۆی پارتی، پەیوەندی بە لێدوانە توندەكانی ئەوەوە هەبێت لەبارەی پارتیو سەركردەكانییەوە. وەزارەتی ناوخۆ: لێكۆڵینەوە دەكەین دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەكە، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە لە هەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكردو رایگەیاند" وەكو یەكێتی ئەم كارە قبوڵ ناكەینو حكومەتی هەرێم بە بەرپرسیار دەزانین لەو كارە". لەتیف شێخ عومەر وتی:" قابیلی قبوڵ نییە ئەو جۆرە كارانە لەكاتێكدا كوردستان موڵكی هیچ لایەنێك نییەو موڵكی هەموو خەڵكی كوردستانە، ئەوەی بەرانبەر مەحمود سەنگاوی كراوە بەرانبەر هەموو خەڵكی كوردستان كراوە". وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەبارەی روداوەكەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تێیدا دەڵێ:" لە زاڵگەیەكی دۆڵی سماقۆلی رووداوێكی نەخوازراو روویداوە، كە هیچ بڕیارو راسپاردەی لە پشتەوە نەبووە. بۆیە بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستانو رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە، لێكۆڵینەوەیەكی ورد ئەنجام دەدەین..". بەر لە بڵاوبوونەوەی رونكردنەوەكەی وەزارەتی ناوخۆ، سەرچاویەكی ئەمنی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند:" لەبەرامبەر رێگریكردن لە چوونی مەحمود سەنگاوی بۆ هەولێر، یەكێتیش رێگری دەكات لە هاتنی بەرپرسانی باڵای پارتی بۆ ناوچەی سەوز، بۆ ئەو مەبەستەش بازگەكان ئاگاداركراونەتەوە". بەڵام (درەو میدیا) زانیویەتی ئێستا هەوڵێكی زۆر هەیە بۆ ئاسایكردنەوەی بارودۆخەكەو رێگریكردن لە دروستبوونی گرژی زیاتر. كاردانەوەی بەرپرسانی پارتی لەبارەی رووداوەكە جۆراوجۆرە، كاكەمین نەجاڕ ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە لێدوانێكدا لە پەراوێزی كۆبونەوەیەكی لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتی:" بەرپرسی بازگەكە بە مەحمود سەنگاوی وتووە چاوەڕێ بكەن تا تەلەفۆنێك دەكەم، بەڵام مەحمود سەنگاوی چاوەڕێی نەكردووەو گەڕاوەتەوە، بۆیە كێشەیەكی گەورە نەبووە، میدیاكان گەورەیان كردووە". بەڵام بڵند ئیسماعیل ئەندامی سەركردایەتی پارتی دەڵێ:" دەكرێت كاك مەحمود سەنگاوی نەناسرابێتەوە، بۆیە رێگری لێكراوە، لەبەرئەوە رێگریكردنەكە مەبەستی سیاسی لە پشتەوە نەبووە". نامەیەك لە كۆسرەت رەسوڵەوە بۆ بارزانی بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەو كۆبونەوەیەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە مەحمود سەنگاوی بۆ بەشداریكردن تێیدا بەرەو هەولێر بەڕێكەوتووە، كۆبونەوەیەكی هەستیار بووە لەبارەی چارەنوسی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، بڕیاردراوە لەو كۆبونەوەیەدا بڕیار لەسەر چارەنوسی مانەوە یاخود دەرچوونی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەت بدرێت. (درەو میدیا) زانیویەتی، بەشێكی زۆر سەركردەكانی یەكێتی (بەدیاریكراوی گروپی كەركوكییەكان ئەنجومەنی سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی) نیگەرانن لەوەی كە رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی لەبارەی پێكهینانی كابینەی نوێ بەتەواوەتی جێبەجێ نەكراوە. هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی باسلەوە دەكەن، ئەوەی تائێستا لە رێككەوتنی نێوان یەكێتیو پارتی جێبەجێكراوە، تەنیا 20%ی رێككەوتنەكەیە، پۆستی پارێزگاری كەركوك هێشتا یەكلانەكراوەتەوە، دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتدا نادیارە، پۆستی سەرۆكی سێ دەستە كە بەر یەكێتی كەوتووە هێشتا پڕنەكراوەتەوە، خالید شوانی وەكو وەزیری هەرێم دەستبەكاربووە بەڵام هێشتا ناونیشانو ئەركەكەی نادیارەو فەرمانی بۆ دەرنەكراوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دوای كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لەسەر راسپاردەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی، نامەیەكی توندی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كردووە. لەنامەكەدا كۆسرەت رەسوڵ پرسی رێككەوتنەكەی نێوان پارتیو یەكێتیو رووداوی رێگریكردنەكەی بازگەی سماقوڵی لە مەحمود سەنگاوی تێكەڵكردووەو داوا لە بارزانی خۆی بێتە ناوەوەو دەستوەردان بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. لە سماقوڵییەوە بۆ دێگەڵە ! ئەو بازگەیەی كە تێیدا رێگری لە تێپەڕبوونی مەحمود سەنگاوی كرا، ناوی بازگەی "سماقوڵی"یە، دەكەوێتە دۆڵی سماقوڵی سەربە ناحیەی دێگەڵە، (سماقوڵی)و دەربەندی (گۆمەسپان) بەیەكەوە دەبەستێتەوە. لەناو دۆڵی سماقوڵیدا سێ گوند هەن كە هەرسێكیان ناویان "سماقوڵی"یە، بازگەی سماقوڵی كە رووداوەكەی ئەمڕۆ تێیدا رویداوە (15 بۆ 20) كیلۆمەتر لە ناحیەی دێگەڵەی سەربە قەزای كۆیەوە دورە، دێگەڵە لە رۆژانی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە هاوشێوەی سنوری نێوان كۆریای باكورو كۆریای باشوری لێهاتووە، سەرباری ئاشتەوایی نێوان هەردوو حزبو راگرتنی شەڕ لە ساڵی 1998دا، بەڵام هەمیشە دێگەڵە وەكو هێڵی جیاكەرەوەی دەسەڵاتو قەڵەمڕەوی نێوان پارتیو یەكێتی ماوەتەوە. رۆژی "31ی ئابی 1996" لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا، هێزەكانی پارتی بە پاڵپشتی هێزەكانی سوپای عێراق، هێزەكانی یەكێتیان لە هەولێر دەركردو دواتر یەكێتی بەتەواوەتی لە سنوری هەرێمی كوردستان كرایە دەرەوە، دوای (40 رۆژ) مانەوە لەناو سنورەكانی ئێران، هێزەكانی یەكێتی هێرشیان هێنا بۆ گرتنەوەی ئەو ناوچانەی كە لە رووداوەكانی 31ی ئابدا لەدەستیان دابوو (پارتی دەڵێن لەو هێرشەدا سوپای پاسدارانی ئێران پاڵپشتی هێزەكانی یەكێتی كردووە). یەكێتی دەستیكرد بە كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكان، رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 1996 پێشڕەوی هێزەكانی یەكێتی بە بڕیارێكی هەرێمیو نێودەوڵەتی لە سنوری ناحیەی "دێگەڵە" راوەستا، ئیتر لەوكاتەوە "دێگەڵە" بوو بە ناوێكی ناسراو لە فەرهەنگی سیاسیو كۆمەڵایەتی خەڵكی هەرێمی كوردستاندا. رۆژانی دوای راگرتنی شەڕی ناوخۆ، كاتێك پارتی لە هەولێر حكومەتێكی بە سەرۆكایەتی رۆژ نوری شاوەیسو یەكێتیش لە سلێمانی حكومەتێكی بە سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ دروستكرد، دێگەڵە سنوری جیاكەرەوەی دوو حكومەتەكە بوو. ساڵی 2005 یەكێتیو پارتی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا كە دواتر ناوی لێنرا "رێككەوتنی ستراتیژی" حكومەتیان یەكخستو لەو كاتەوە لە هەرێمی كوردستان یەك حكومەتی هەیە، بەڵام ئەمە نەیتوانیوە هێڵی سنوری دێگەڵە كاڵ بكاتەوە، رۆژانی دانوستانی ئاشتی، هونەرمەندی شێوەكار (ئیسماعیل خەیات) هەندێك لە بەردەكانی سنوری دێگەڵەی رەنگ كردو وێنەی لەسەر كێشان، ئەو بەو كارە داوای ئاشتی دەكرد، وێنەی سەر ئەو بەردانە بەمدواییە كاڵبوونەوە، بەڵام هەندێك گەنجی شێوەكار، چونە شوێنەكەو تابلۆی سەربەردەكانیان لەسەر هێڵكارییەكەی كۆنەكەی ئیسماعیل خەیات تۆخكردەوە، رەنگە ئەمە نیشاندەری ئەوەبێت هێشتا زۆر كەس لە كوردستان باوەڕیان بەوە نەهێناوە كە سەردەمی "دوو ئیدارەیی" كۆتایی هاتووە. ریشەیەكی مێژویی سنورو جیاكردنەوەی قەڵەمڕەویی لە مێژووی هێزو لایەنە سیاسییەكانی كورددا لە باشوری كوردستان ریشەی هەیە. ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی رابردوو، باڵی ئیبراهیم ئەحمەد لە مەكتەبی سیاسی پارتی جیابووەوە، دوای ئەم جیابونەوەیە سنوری كاركردنی هەردوولا لە یەكتر جیاكرایەوە. ساڵی 1975 دوای ئاوابوونی شۆڕشی كورد بە رێبەرایەتی مەلا مستەفای بارزانی، یەكێتی نیشتمانی بەسەرۆكایەتی جەلال تاڵەبانی دروستكرا، یەكێتییەكان ئەم رووداوەیان ناوناوە "شۆڕشی نوێ"، لەگەڵ دروستبوونی یەكێتیدا "شۆڕشی كۆن"و "شۆڕشی نوێ" لەسەر ناوچەی جێنفوز كەوتنە ململانێیو دواتر ناوچەی قەڵەمڕەوی هەردوو شۆڕشەكە لەیەكتر جیاكرانەوە، بەڵام بەشێوەی فەرمی لەدوای دروستبوونی بەرەی كوردستانییەوە لە 7ی ئایاری 1987 سنوری چالاكی نێوان یەكێتیو دیاریكرا، لەوكاتەدا تەواوی گوندەكانی كوردستان لەژێر دەستی پێشمەرگەدا بوو، بەپێی رێككەوتنەكە: • پارتی سنوری دەسەڵاتی لە بادینانو یەكێتیش لە سلێمانیو هەولێرو كەركوك دەبێت. • رێگە بە پارتی دەدرێت سەردانی ناوچەكانی ژێر دەستی یەكێتی بكات، بەڵام بۆی نیە هیچ چالاكییەك لە سنوری دەسەڵاتی هێزەكانی یەكێتی ئەنجام بدات. مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە لە سنوری ناوچەی جیاكەرەوەی نێوان پارتیو یەكێتی بەردەوام مێژووی خۆی دووبارە دەكاتەوە. یەكەمین رێگری ئاشكرا دوای كۆتایهاتنی سەردەمی "دوو ئیدارەیی" لە سنوری دێگەڵە لە ساڵی 2013دا بوو، لەسەروبەندی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری یەكێتی بەمەبەستی بەشداریكردن لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەرو شاری هەولێر بەڕێكەوت، بەڵام هێزێكی سەربە پارتی رێگری لێكرد بچێتەناو هەولێرەوە، ئەوە لەكاتێكدا بوو كۆسرەت رەسوڵ سەرباری پۆستە حزبییەكەی پۆستێكی حكومی هەبوو، جێگری سەرۆكی هەرێم بوو، واتە جێگری مەسعود بارزانی بوو. لە دووەم هەنگاویشدا كاتێك پەرلەمانتارانی سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بە توندی دژی بڕیارو هەڵوێستەكانی پارتی هەڵوێستی توندیان نواند، پارتی لە 15ی ئابی 2015دا لە بازگەی دێگەڵە رێگری لە ژمارەیەك پەرلەمانتاری گۆڕان كرد بگەڕێنەوە بۆسەر كارەكانیان، پەرلەمانتارەكان بە ناچاری بەرەو سلێمانی گەڕانەوە. هەمان ساڵو لە رۆژی 10 ئۆكتۆبەردا هێزەكانی پارتی نوسینگەی كەناڵی (NRT) لە هەولێر داخستو كارمەندەكانی نوسینگەكەیان لە سنوری دێگەڵەوە ئاودیوی سلێمانی كردەوە. رۆژی 12ی ئۆكتۆبەری 2015 پرسی سنورو دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان بەتەواوەتی خۆی نمایشكردەوە، هێزێكی پارتی لە بازگەی (پردێ)ی نێوان هەولێرو كەركوك، رێگرییان لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كرد بۆسەر كارەكەی لە شاری هەولێر (ئەوكات ناكۆكییەكان لەبارەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو چارەنوسی پۆستەكەی مەسعود بارزانی گەیشتبووە لوتكە). رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی دواین ئەلقەی زنجیرە چیرۆكێكە كە باس لەوەدەكات دوای 28 ساڵ لە رزگاربوون لە دەستی حوكمڕانی بەعسو دروستكردنی حوكمی خۆماڵی، هێشتا كورد لە هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە ئیدارەیەكی یەكگرتوو دروستبكات.
(درەو میدیا): بەیانی ئەمرۆ مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەمەبەستی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بەرەو هەولێر بەڕێ دەكەوێت، بەڵام لە بازگەی گۆمەسپان (یەكەم بازگەی پارتی دیموكراتی كوردستان) رێگری لێدەكرێت. بەرپرسانی بازگەكە داوای لێدەكەن" باشترە نەچێتە هەولێر"، هێزێكی زۆر لەو ناوچەیە كۆدەكرێتەوە بۆ رێگری لە مەحمود سەنگاوی، دەمەقاڵی دروست دەبێت لە نێوانیاندا، مەحمود سەنگاوی دەگەڕێتەوەو ناچێتەوە هەولێر. لەبەرامبەر ئەو رێگریەدا، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە هەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد و رایگەیاند" وەكو یەكێتی ئەم كارە قبوڵ ناكەين و حكومەتی هەرێم بە بەرپرسیار دەزانين لەو كارە". لەتیف شێخ عومەر وتى:" قابیلی قبوڵ نییە ئەو جۆرە كارانە لەكاتێكدا كوردستان موڵكی هیچ لایەنێك نییەو موڵكی هەموو خەڵكی كوردستانە، ئەوەی بەرانبەر مەحمود سەنگاوی كراوە بەرانبەر هەموو خەڵكی كوردستان كراوە". سەرچاویەكی باڵای ئەمنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند:" لەبەرامبەر رێگریكردن لە چوونی مەحمود سەنگاوی بۆ هەولێر، یەكێتیش رێگری دەكات لە هاتنی بەرپرسانی باڵای پارتی بۆ ناوچەی سەوز، بۆ ئەو مەبەستەش بازگەكان ئاگاداركراونەتەوە". مانگی حوزەیرانی رابردوو مەحمود سەنگاوی لە لێدوانێكدا رەخنەی توندی لە مەسعود بارزانی گرت و رایگەیاند:" مەسعود بارزانی زۆر بچوكە، ئەگەر پیاوێكی بچوك نەبوایە دوای كۆچی دوایی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، بەیانێكی دەردەكردو دەیوت ئیتر من پارتی نیم و سەرۆكی كوردم و هەرچی كێشەیەكتان هەبوو بێنە لای من".
نوسینی: ئەحمەدی حاجی رەشید- ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كێ لاوازە ؟ لە دونیای سیاسەتدا هەمیشە ئەوە باوە وەك پێناسە، كە سیاسەتكردن هونەری ئەوەیە كە دەكرێت، (فن الممكنات). خۆ ئەگەر لەوە زیاترو وردتر پێناسەیەكی تازە بكەین بۆ سیاسەتكردن، كە پێناسەیەكی وردترو مەنتیقی تر بێت، ئەوا دەگەینە ئەو پیناسەیەی كە دەڵێت:" سیاسەتكردن بریتییە لە دۆزینەوەی ئەو دەرچەیەی نیوان واقعو مومكندا هەیە". بەواتای ئەوەی ئەوەی دەمانەوێتو هەوڵی بۆ دەدەین مەرج نیە واقع ڕێگەمان بدات بەدەستی بهێنین، یان هەندی دەسكەوت بەدەستدەهێنین كە مومكن نەبووە لەو زەمەنە بەدەستی بهێنن، لەناكاو واقعێك رویداوەو بوەتە مومكن، وەك روخانی رژێمی پێشوو یان شەڕی داعشو ناوچەكانی دەرەوەی ناوچە كوردستانییەكان یان ئەوەی دوای ریفراندۆمو ۱٦ ئۆكتۆبەر ڕویدا. لێرەوە دەبێت ئەوە ڕون بێت بۆ بەرپرسانی هەرێم: چی مومكنە هەوڵی بۆ بدرێت لەچوارچێوەی ئەو واقعەی كە هەیە؟ سەرەتا با وینەی واقعی عێراق بخەینە بەردیدی هەموان، لانی كەم ئەوەی كە ئێمە دەیبینین، تابزانرێت چ شتێك مومكنە هەوڵی بۆ بدەین لەم كاتو سات ئەم واقعەی ئیستادا. عێراق لەئێستادا لەسەر ئاستی دەرەوە: بە ئاڵۆزترین بارودۆخی سیاسیدا گوزەر دەكاتو بەرپرسەكانی خۆیان بۆ یەكلایی ناكرێتەوە چ بەرەیەك یان میحوەرێك هەڵبژێرن، میحوەری ئەمریكی خلیجی یان میحوەرو بەرەی روسی- ئێرانی. لەسەر ئاستی ناوخۆیی: عێراق وەك دەوڵەت لە هەندێ جومگەو بڕگەدا لەقۆناغی (الدولة العمیقة)وە هەنگاوی ناوە بۆ قۆناغی (اللا دولة)و حكومەتیش رفێندراوە (اختطاف) لەلایەن هێزە چەك بەدەستەوەكانەوە. رۆژانە سیادەی عێراق پێشێل دەكرێت لە هەموو سنورەكانیەوە، ئیسرائیل بە ئاشكراو بێ پەردە بۆردومانی گەنجێنەكانی حەشدی شەعبی دەكات لە قوڵایی عێراقداو ناشتوانرێت هیچ وڵامێكی بدرێتەوە، چونكە نە هێزی فڕۆكەوانی عێراق دەتوانیت سنوری وڵاتانی دیكە ببەزێنێت، نە دۆستەكانیشی لە سوریاو لوبنان ئەوەی بۆ دەكەنو كار گەشتوەتە ئەوەی بەهانە دەهێننەوە بۆ ئیسرائیلو عێراق تاوانبار دەكەن كە گوایە ئەو گەنجێنانەی كەلێیان دراوە جبەخانەی وڵاتانی دراوسێن، ئەم لێدوانانەش لەلایەن هێزە شیعیەكانی ترەوە باس كراون، بۆیە شتێك نەماوە بەناوی ئاسایشی نیشتمانی، راستە دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیمان هەیە، بەڵام هێندەی لە خزمەت تایەفەو گروپو حیزبو كەسایەتییەكاندایە، هێندە لە خزمەت بەهای نیشتمانپەروەریدا نیە. بەهەمان رێتم رێژەی گەندەڵیو فەساد گەشتوەتە ئاستە مەترسیدارەكانی ستانداردی جهانی، ناشەفافی حكومەتو پشك پشكێنە شۆربوەتەوە بۆ جومگە سەرەتاییەكانی بەڕێوەبەراتییەكان، خزمەتگوزارییەكان لە خراپترین ئاستدان. ئابوری عێراق لە دۆخێكی پڕ مەترسیدایەو بڕی قەرزەكانی عێراق لە (۱۲٤) ملیار دۆلارەوە رێژەكەی بەرەو هەڵكشان دەڕوات، بەهەردوو تەوەرەكەیەوە چ قەرزی دەرەكی بێت كە لەبوجەی ۲٠۱۹ رێگریمان لێكردوە چیتر نابێت عێراق قەرزی دەرەكی نوێ بكات ئەگینا زیاتر دەبوو، چ قەرزە ناوخۆییەكان بێت كە دەزگاو دامەزراوەی داراییو بانكی نەماوە پارەی لێ وەرنەگیرابێت بەقەرز، تاكار گەشتوەتە ئەوەی ساڵی ۲٠۱۹ بڕی (۷) ترلیۆن دینار قەرز كراوە لە سندوقی خانەنشین. كە دێینە سەر گومرگ، ئەوا بۆ زانینی دۆخی خراپی گومرگ وتەكەی كاظم العقابی كە لە لیژنەی دارایدا باسی كرد، بەسە بۆ ئەوەی بزانین دۆخی گومرگ چۆنە، لەو كۆبونەوەدا بەرپرسی دەروازە سنورییەكانی عێراق وتی:" لە باكوری بەسرە لە كۆی (۹) دەروازەی سنوری لە (٥) دەروازەدا لەدوای نیوەڕۆ حكومەتیان تیدا نامێنێتو میلیشیا چەكدارەكان بەكەیفی خۆیان كاڵاو كەلوپەل هاوردە دەكەن". سەبارەت بەداهاتە نەوتییەكان: عێراق لە سەقفی هەناردەكردنی (4 ملیۆن) بەرمیل نەوت نزیكبوەتەوەو هێشتا تەهریب هەر هەیە، كە رۆژانە خۆی دەدات لەنزیكەی (220 هەزار) بەرمیل نەوت، ئەمەش وتەی عدنان الجنابی سەرۆكی لیژنەی نەوتو وزەی پەرلەمان لە خولی دووەمدا. ئەگەر باسی دەسەڵاتی نەختینە بكەین (البنك المركزی): تەنها ئەوەندە بەسە لێژنەی دارایی پەرلەمان هەرچەند دەكات لەو بابەتە تێناگات كە بۆچی ئەم بانكە لەماوەی تەنها (٤) رۆژدا نزیكەی (۱ ملیار) دۆلار دراوی قورسی دۆلار دەخاتە بازاڕ، لەم كاتەدا كە چالاكی بازرگانی لە عێراقدا لە ئاستێكی لاوازدایە، بەپێی ئەو شیكاریەی سەرۆكی لیژنەی دارایی دەیكات بۆ مەزادی دراوی دۆلار كە. ساڵانە نزیكەی (٤٠-٥٠) ملیار دۆلار لەڕێگەی بانكی مەركەزیەوە دەخرێتە بازار بەمەبەستی وەبەرهینانو هاوردەكردن، خۆ ئەگەر لانی كەمی گومرگ بخەمڵێنین كە ٥٪ بێت، دەبێت وەزارەتی دارایی نزیكەی (۱٠ ملیار) دۆلار گومرگی دەست بكەوێت، كە لەڕاستیدا بری گومرگ لە (۳ ملیار) تیپەر ناكات، ئەی باقی ئەو داهاتە لە كوێیە ؟ یان ئەو دراوە دەخرێتە بازاڕەوە بۆ كوێ حەواڵە دەكرێت؟!!!! هەموو ئەمانەی پێشوو كە خستمانەڕوو، مستێكە لە خەروارێك، پێمان دەڵێن بەزمانی ڕوون ڕاشكاو: عێراق وەك وڵاتو حكومەتەكەی وەك دەسەڵاتی جێبەجێكردن وڵاتێكی لاوازی بێ ئیرادەی سیادە نوقسانی تاسەر ئێسك گەندەڵی ناشەفافی شپرزەیە، بەڵام دەبێت بەرپرسانی هەرێم بزانن ئەم لاوازییە بەرانبەر كێیە ؟ كورد لە كوێی ئەو لاوازییەی عێراقدایە ؟ عێراق لاوازە بەرانبەر زلهێزێكی وەك ئەمەریكا، كە ماوەی ساڵێكە هیچ بەرپرسێكی عێراقی لەوەتەی حكومەت پێك هاتووە سەردانی ئەمەریكای نەكردووەو پیشوازی نەكراوە، لێرەدا مەبەستم حكومەتە ئەگینا سەرۆكی پەرلەمان سەردانی كردو بەباشیش پێشوازی لێكرا، باسەكەمان لێرەدا بۆ ئەوە تەرخان ناكەین كە بۆ تەنها لە سەرۆكی پەرلەمان پیشوازی دەكەن، كاتێك سەرۆكی ئەمریكی دۆنالد ترامپ دێتە بنكەی عین الاسدو ئامادە نیە نە سەردانی بەرپرسان بكات نەسەردانیشی بكرێت، ئەوەشی من زانیومە تائیستا چەندجار لەئاستی بەرزی دەوڵەتی عێراق هەوڵدراوە سەردانی سەرۆكی ئەمریكی بكرێت، رازی نەبوون. عێراق لاوازە بەرانبە بە وڵاتێكی وەك كۆماری ئیسلامی كە دەتوانێت لە شەوڕۆژێكدا حكومەت بگۆڕێت، ئەو ئێرانەی كە دەتوانێت رەسمی سیاسەتی عێراق داڕێژێت بەرانبەر بە دراوسێكانو وڵاتانی دیكەش. عێراق لاوازە بەرانبەر بەوڵاتێكی وەك توركیا كە (٤-٥) رێككەوتننامەی نێوانیانی پێشیلكردووە، لەنامەیەكیشدا وەزیری وزەی توركی بۆ حكومەتی عێراقی نوسیوە كە خۆتان فەشەلتان هێناوە لە پاراستنی سنورەكانتان، تا كار گەشتوەتە ئەوەی سەفیری توركی خۆی دابەزێتە بازاڕو داوا لە بازرگانەكان بكات كاڵای توركی هاوردە بكەن. كەواتە ئەگەر عێراق لاواز بێت بەرانبەر ئەو وڵاتانەی كە باسمانكرد، مانای وانیە لاوازە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان، هەربۆ نمونە، ئەگەر یەك مانگ پارەكەی عێراق دواكەوتبێت، هەرێم نەیتوانیوە موچەی فەرمانبەرانی بدات، بۆیە دەكرێت بەرپرسانی هەرێم بپرسن ئەگەر قەرار بێت هەرێمیش بەشێكە لەم وڵاتە، ئەوا لاوازییەكە هەرێمیشی گرتوەتەوە، بەدیوەكەی تریشدا، ئەگەر عێراق لاوازە لەبەرانبەر ئەو وڵاتانەدا، ئایا دەكرێت ئەوە بپرسین كە عێراق لە دۆخێكدایە لاوازییەكەی وابكات بەهەموو مەرجێكی هەرێم رازی بێت، نا عێراق وڵاتێكی خاوەن پێگەی خۆیەتی، راستە پێگەی بەهێز نیە، عێراق دوێنی ئاشكرایكرد ئیحتیاتی نەختێنەی گەیشتە (۸۷ ملیار) دۆلار، بۆیە بەرپرسانی هەرێم لاوازی دەرەكی عێراق بەهەڵە لێكنەدەنەوەو تێنەكەون. هەربۆیە زەرورە لە خۆمان بپرسین ئاخۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەر ئەم گریمانەیە نەبوو كە عێراق لاوازەو تازە لە جەنگی دژ بە داعش هاتەوەتەدەرەوەو ماندو و شەكەتە، هیچ بەرچەكرداریكی نابێت لەبەرانبەر ریفراندۆم، لە دواییدا وا دەرنەچوو، 51%ی خاكیشمان لەدەستدا لەگەڵ چەند پۆستێكی گرنگ لەوانە پارێزگاری كەركوك، ۱٦ ئۆكتۆبەریش لاوازی هەرێمی سەلماند بەرانبەر بەغدادو پیگەی هەرێم هێندەی تر لاواز بوو، فڕۆكەخانەكانی هەرێم وەستینران، مەرزەكان گرفتیان بۆ دروست بوو. بۆیە بەبڕوای من نابێت لەسەر پێشبینی نادروستی هەندێك كەس هەنگاو بنێنو بڕیاری ناتەندروست بدەین، ئەم بەرپرسیاریتییەش لەئەستۆی ئەو لایەنانایە كە لەڕووی پێگەو پیكهێنانی حكومەتەوە پلەبەندییان هەیە. جێگەی خۆیەتی بڵێن، لەئیستادا باس لە چارەسەری كێشەكانی هەرێمو بەغداد دەكرێت، یەكەم كەیسیش بابەتی بوجەی ساڵانەیە، دراسەنەكردنی وردی ئەم بابەتە، هەرێم روبەڕووی قەیرانیكی گەورە دەكاتەوە. لەم سۆنگەیەوە دەبێت دراسەی هەموو ئەگەرەكان بكەین. ئەگەرەكان.. نەوت كلیلی گفتوگۆ ئەگەری یەكەم: رادەستنەكردنی نەوت رادەستنەكردنی نەوت ئەگەر لەسەر ئەو گریمانەیە كە ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران بەرەو قۆناغی دەستپێكردنی شەر دەڕواتو گەرووی هورمز دادەخرێتو پشێوی دروستدەبێت، هەرێمیش بەو نەوتەی كە هەیەتی دەتوانێت خۆی بپارێزێت، داهاتەكانی جێگیربكاتو بازرگانی چالاك بێت لە دەروازەكانی هەرێم، بە تایبەت ئیبراهیم خەلیل، دواجاریش عێراق ناچار بێت پەنا بەرێت بۆ هەرێم بۆ ئەوەی نەوتەكەی لەڕێگەی بەندەری جیهانەوە هەناردە بكات، لەراستیدا ئەم گریمانە لاوازییەكەی لەوەدایە كە ئەو بۆرییە تەنها بەشی هەناردەی هەرێم دەكاتو هەش یەكی نەوتی عێراق كە دادی داهاتی عێراق ناداتو لە بنچینەشدا ئەگەری رودانی شەڕ لە نێوان ئەمریكاو ئیران زۆر دورەو لە بابەتیكی دیكەدا ئەوەمان رونكردەوە، بۆیە خوازیارم گریمانەكان لە سەرچاوەكانی خۆیانەوە وەرگرین، ئەو پەیوەندیانەی كە هەن ئیستسمار بكرێن. بابێینە سەر بابەتی یاسای بوجە ئەوەی لە یاسای بوجە لەساڵی ۲٠۱۹ تێپەڕی ئەستەمە لە بوجەی ۲٠۲٠ تێپەڕێتو دوبارە ببێتەوە، چونكە زۆربەمان ئەوە دەزانین یان بیستومان كە بوجەی ۲٠۱۹ رێككەوتنێكی سیاسی بۆ كرابوو بەسەرپەرشتی وڵاتێكی ئەقلیمیو پێدانی چانسێك بە هەرێمی كوردستان بە رادەستنەكردنی نەوت، لەگەڵ ئەوەشدا موچەی فەرمانبەران بگاتە هەرێمی كوردستان، هەر لەسەرەتاوە ڕامانگەیاند كە موچە بەردەوام دەبێت، لەمساڵەداو هەندێك بەرپرسیش پێیان سەیربوو كە ئەم لێدوانە بەو رونییە دەدەین. دەپرسین: ئایا هەرێم یان راسترە بڵێم هێزێكی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان دەتوانێت قەناعەت بە عادل عبدولمەهدیو هێزەكانی موالات بكات هەمان سیناریۆی ساڵی ۲٠۱۹ دوبارە بێتەوە لە بوجەی ۲٠۲٠ دا ؟ ئایا هەموو كورد دەتوانن یەك هەڵوێست بن لەسەر ئەو بابەتە لەكاتێكدا لەسەر پۆستی وەزیری داد (۳) مانگ كێشە هەبوو، لەئیستاشدا پارێزگاری كەركوك یەكلانەبوەتەوە ؟، ئایا هێزە سیاسییەكان ئامادەن ئەم سەركەوتنە ببەخشن بە پارتی، لەكاتێكدا وەزیر هەر بۆ پارتی بێت، سەفیر هەربۆ پارتی بێتو سەرۆكایەتی لیژنە گرنگەكانیش هەربۆ پارتی بێت ؟ ئایا بەشی ئەوەی تێدا ماوەتەوە هێزەكان چاوپۆشی بكەن لەوەی كە رویدا ؟ ئایا هەڵپەی دابەشكردنی پۆستەكان، یەكهەڵویستی كوردی هێشتوەتەوە ؟ بەراستی جوڵە سیاسییەكانی ئیستای هێزە كوردییەكان هەریەك بەتەنها ئەگەری یەكهەڵوێستی كوردی لاوازتر كردووە، دەبیسترێت كە هەوڵ هەیە بوجەی پاریزگا كوردستانییەكانیش جیابكرێتەوە. لەلایەكی دیكە ئایا بەرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق كە خۆیان لە هێزگەلێكی تێكەڵ لەسونەو شیعەو توركمان هەتا كوردیش نمایش دەكەن، ڕێگە دەدەن سیناریۆی رێككەوتنی ۲٠۱۹ دوبارەبێتەوە ؟ لە كاتێكدا بەرەو هەڵبژاردنی پارێزگاكان دەچین، هەموان سەرقاڵن بە نیشاندانی هاوخەمی هاوڵاتیانو كەموكوڕییەكان دەخەنە ئەستۆی حكومەت. یان عادل عبدولمەهدی چیتر ڕازی دەبێت ئەوەندە لەژێر فشاردا بێتو هێزە كوردییەكان هاوكاری نەكەن ؟ ئایا شەقامی عێراق بەشیعەو سونە ئەوە قبوڵ دەكەن كە خزمەتگوزاریان نەبێتو پارە بگاتە هەرێم بەبێ رادەستكردنی نەوت ؟ ئایا پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانە پۆپۆلیستەكان چ لە لیژنەی مالی یان لەنێو پەرلەماندا دەیەڵن یاسای بوجە بەوشێوەی ۲٠۱۹ تێپەڕ بێت ؟ ئایا ئەندام پەرلەمانە كوردەكان چ بەگشتی یان ئەوانەی لیژنەی دارایی دەتوانن ئەو یاسایە تێپەڕێنن كە بەدەیانجار ساڵی پار وتومانە كە تەنها ئەم بابەتی رادەستنەكردنە بۆ ساڵی ۲٠۱۹یە، وەك نیازپاكی با تێپەرێت ؟ ئایا عادل عبدولمەهدی قوربانی دەدات بە كەمكردنەوەی نەوت لە بەرخاتری نەوتی هەرێم ؟ چونكە دەبێت پابەند بێت بەو رێژەی كە ئۆپێك دایناوە لەسەر عێراق، كە كەمی بكاتەوە لەبەرانبەر چیدا یان كورد چ ئۆفەرێكی بەدەستەوەیە بۆ عادل عبدولمەهدی ؟ ئایا عادل عبدولمەهدی دەتوانیت بەردەوام بێت لە وەڵامنەدانەوەی دادگای فیدڕاڵی بۆ شاهیدی نەدانی لەسەر ئەو سكاڵایەی كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لەدژی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تۆماری كردووە لە ساڵی ۲٠۱۲ كە ناسراوە بە كەیسی (٥۹)، لە پێناو چیدا ئەوە بۆ هەرێم بكات ؟ ئایا دادگای نێوبژیوانی پاریس ناسراو بە ( ICC ) ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی كە قەرارە كۆتایی ئەمساڵ دۆسیەكە یەكلابكاتەوە یان سەرەتای ساڵی ۲٠۲٠ بابەتی نەوتو هەناردەی لەڕێگەی توركیاوە یەكلاناكاتەوە كە لە ئیستادا جوڵەیەكی مەكۆكی هەیە لەنێوان توركیاو عێراق بەتایبەت هەردوو وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو لەهەردوو وڵات بابەتەكەش پەیوەندی بەو سكاڵاوە هەیە. ئەمانە هەموو ئەو ئەگەرانەن كە دەبێت بەرپرسانی هەرێمی كوردستان (۱٠٠) جار بیربكەنەوە ئینجا یەك بڕیار بدەن، چونكە موجازەفەكردن بەقوتی هاوڵاتیانەوە یارییەكی ئاسان نیەو نابێت، مێژوش رەحم بەو لایەنە ناكات كە دەبێتە ڕێگر لەبەرانبەر نەهاتنی قوتی هاوڵاتیانو دووریش نیە لایەنێك یان چەند لایەنێك ڕێگە بەخۆیان بدەن قوتی خەڵك بەلایانەوە گرنگ تر بێت لەهەموو بەرژەوەندییەكی تەسكی حیزبیو حكومی، راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ بكەنو هاوڵاتیانی ئەو پارێزگانەش پشتگیرو دەستخۆشیان هەبێت لەو هەنگاوەو دیوەكەی تریشی شكست هێنان بێت بە حكومەتی هەرێم لەبەر ئەوەی شەراكەتی حەقیقی نەكردبێت. ئەگەری دووەم: رادەستكردنی نەوت ئەگەر بڕیاردرا نەوت رادەستبكرێت ئایا چەند رادەستدەكرێت ؟ نەوت رادەستدەكرێت یان داهاتی نەوت ؟ لە خەزاناتی جیهان تەسلیم دەكرێت یان لەسەر بیرەكانی هەرێم ؟ لەو بیرانە تەسلیم دەكریت كە پێیان دەوترێت (حقولی حالی) یان لەوانە تسلیم دەكرێت پێیان دەوترێت (حقول مستقبلی) ؟ نەوتی خفیف تەسلیم دەكرێت یان ثقيل ؟ ئایا حساباتی (باد وێزەر دەكرێت) لە ساڵدا چەندجارە ؟ ئەو بڕەی كە دایدەنێن لە بوجەدا جێگیر دەكرێت یان دەبێتە ئیتیفاقی (جێنتل مان) ؟ ئەو وشانەی كە لە بوجەكەدا وەك تێكست دادەنرێت یان موشەریعی عێراقی ئازاد دەكەن یاری بە وشە بكات وەك (یومیا)و (معدل)و (حسب الحاجة)و (یتحمل تكالیف النقل و الخسارة) ؟ ئەمانە هەموو ئەو وردەكاریانەن كە دانوستانكاری عێراقی شارەزاییان هەیە تێداو بەئەستەم بەسەریاندا تێدەپەڕێت، ئایا لە هەرێم كەسانێك دادەنێن بۆ دانوستان شارەزابێت لەبابەتەكە یان كەسە موخلیسەكانی حیزب كە هیچ لەو بابەتە نازانن ؟ (وەك ئەوەی لە قانونی ئیدارەی مالی دایاننابوو). لەكاتی تەسلیمكردندا هەربڕێك بێت، كێ لایەنی تحكیمە (ناوبژیوانیە) زەمانەت چیە ناخرێتە ناو بوجەی ۲٠۲٠ پارە نانێرن ؟ ئایا رێككەوتن لەسەر نەوت رێككەوتنە لەسەر سەرجەم داهاتە ئیتیحادیەكانی وەك گومرگو باج ؟ كە رێككەوتن كرا كێ تدقیقی حسابات دەكات ؟ دیوانی چاودێری فیدراڵ یان دیوانی چاودێری هەرێم ؟ یان بە لاستیكی دەیهێڵنەوە (بالتنسیق) یان (بموافقة) دیوانی چاودێری هەرێم یان یاسا كارپێكراوەكان كە نەخوێندراونەتەوەو نە دراسەشیان كردووە ؟ كامەیان بۆ هەرێم گرەنتی زیاتر دەدات ؟ تێچووی كۆمپانیاكان كێ دەیدات ؟ ئایا موقارەنە دەكرێت بە تێچووی جەولات تەراخیصی كۆمپانیاكانی عێراق ؟ هەرێم كێی هەیە ئەو موقارەنەیەی بۆ بكات ؟ چونكە پارەی جەولات تەراخیص بوەتە كێشە بۆ عێراق. بەڕاستیش با ئەم پرسیارە بكەین لە خۆمانو هەرێم و عێراقیش، ئایا عێراق پێویستی بە نەوتی هەرێم هەیە ؟؟؟ لەكاتیكدا خۆی دەبێت پابەند بێت بە ئەو رێژەی كە ئۆپێك بۆی دەستنیشان دەكات، ئایا دەكرێت چالاكی نەوتو گەڕانو دەرهێنان بوەستێنینو لەم كێشەیە رزگارمان بێتو ئەو سەرچاوە سروشتییە گرنگە هەڵبگرین بۆ وەچەكانی ئایندە ؟ چین ئەو ئەگەرو پێشهاتانەی كە كۆمپانیاكانی پشكنینو دەرهێنانی نەوت دوچاری هەرێمی دەكەن لەوكاتەی كە ئەو كۆمپانیانە مەحروم دەبن لە نەوتی (تێچوو) كولفەو نەوتی ربح ؟ ئایا هەرێم دەتوانێت ئەو گرێبەستانە هەڵوەشێنێتەوە ؟ یان كێ دەتوانێت هەڵیانوەشێنێتەوە ؟ كی ئەوكاتە قەرەبووی ئەو كۆمپانیانە دەكاتەوە، پەرلەمانی هەرێم یان پەرلەمانی فیدراڵ ؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن كە دەبێت لە زهنی بەرپرسانی هەرێمدا بن بۆ دانوستان تا هەنگاوێك نەنێن دوای پەشیمان ببنەوە، لە كاتێكدا پەشیمانی داد نادات وەك هەموو پەشیمانیەكانی نسكۆو مفاوەزاتی ۸۳ و شەڕی داعشو بەشدار پێشمەرگە لە ئازادكردنی ناوچەكانو ریفراندۆمو ۱٦ ئۆكتۆبەرو و تا دوایی.. ئەگەر نەوت تەسلیم كراو بوو بەیاساو وەزعی عێراق گۆڕا لە عادل بۆ عەبادی، لە قاسم بۆ پیمپیۆ چ ئەگەرێكتان دراسەكردووە ؟ بەشی پێنجەم و کۆتایی: قوتی خەڵک پیرۆزترین هەوڵدان ئەگەری سێ هەم : تێ نەپەڕاندنی بوجە کاتێک باسی تەوسیفی وەزیفی دەکەین دەڵێن پەرلەمانتار تەنها دوو کاری هەیە ئەویش یاسا دانان و چاودێری کردنی دەزگای جێبەجێکردن ،هەندی بەرێزیش نوێنەرایەتی بۆ زیاد دەکان جا نوێنەری نەتەوە یان ئاین یان پارێزگا یان ناوچە هەموو ئەمانە هەربۆ ئەو دوو کارەیە یاسای گونجاو و چاودێری بەرهەمدار. ئیمە لە پەرلەمانی بغداد کوتلە بچوکەکانی وەک کۆمەڵ و یەکگرتوو ناڵێم ئایا کوتلەکانی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ویەکێتی نیشتیمانی و گۆڕان و نەوەی نوێش کە زیاتر لە (۲) کورسیان هەبێت تا چەند کاریان بەو ئاڕاستەیە کردوە کە پسپۆری چۆنمان دەوێت بۆ پەرلەمان چونکە بەدڵنیایەوە پسپۆری هێزە سونی و شیعیەکان بەتواناترن ،کاتیک دەڵێن کوتلە سیاسیەکان بەرنامەیان نیە مەبەستمان ئەوەیە چۆن بتوانین یاسایەک تێپەرێنین یان چۆن ڕێگە لە یاسایەک بگرین تێنەپەرێت تا بەرژەوەندی خەڵک و هاوڵاتیانی ئیمەی تیدانەبێت بۆنمونە ئێستاشی لەگەڵ بێت لەکاتی یاسای پاریزگاکاندا ئەو کوتلە و کەسانەی چونە دەرەوە بۆ ئیمەیان ڕون نەکردەوە بۆ دەچنە دەرەوە بۆیە تێنەپەراندنی یاسایەک ئامانجی تایبەتی هەیە بۆ نمونە: لە ساڵی ۲٠۱٤ بڕی نەوتی سەپێنراو بەسەر هەرێمدا کە ڕادەستی عێراقی بکات (٤٠٠٠٠٠) چوارسەد هەزار بەرمیل بوو لە ئەسڵی (٥) وەزیرە کوردەکەش (۳) وەزیریان واژوی پرۆژەکەی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردبوو ئەو دوانەکەی دیکەش یەکێکیان لە دەرەوەی وڵات بوو و ئەوی تریان پرسەی ماتەمینیان هەبوو ، بەڵام کە زانرا پرۆژەکە لە بەرژەوەندی کوردنیە زیانی گەورەی پێداگەیەنێت پرۆژەکە تێنەپەری ، ئەم محاوەلەیەمان لە ۲٠۱۸ کردەوە کاتێک ڕێژەی کوردیان لە ۱۷٪ گۆری بۆ ۱۲،٦۷٪ بەڵام بۆمان نەچوە سەر چونکە هێزە شیعی و سونیەکان بەیەکەوە تێیان پەراند. یەکێک لەو خاڵانەی کە کورد ڕزگار دەکات لە بگرەو بێنەی ڕادەست کردن و ڕادەست نەکردن وموچەی فەرمانبەرانیش دەپارێزێت بریتیە لە تێنەپەڕاندی یاسای بوجەو کارکردن بە یاسای بوجەی سڵی (۲٠۱۹) ، کەبەپێی یاسای ئیدارەی مالی لە ماددەی (۱۳) بڕگەی (سێ هەم) بەدەق هاتوە:لەکاتی تێنەپەراندنی یاسای بوجەی فیدراڵیدا بۆ ساڵێکی دیاری کراو، ئەوا بەیاناتی کۆتایی بۆ ساڵی پێشوو دەبنە بنەماو بنچینە بۆ ساڵی نۆێ، ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت بۆ ئیقرار کردن . لەم حاڵەتەدا چ بەیاناتێک لەئەنجامی جێبەجێکردنی ماددەی (۱٠) بڕگەی (ج) بەدەست هاتوە لە ساڵی ۲٠۲٠ جێبەجێ دەکرێتەوە. بەڵام هەرێم و نوێنەرانی کورد چۆن دەتوانن ئەم گەمەیە بکەن کە تیمی بەرانبەرمان زۆر بەهێزن لە فەن و فنونی دانوستان و تعطیلی نیصاب و فلکەو لۆف لێدان ، تسویف و فەردای ئیرانیەکان . چونکە تێنەپەڕاندنی بوجە هەروا ئاسان نیە و ئابوری وڵات توشی شۆک دەکات و تائێستا تەنها دوو ساڵ یاسای بوجە نەبوە لە دوای روخانی ڕژێمەوە ئەوانیش ساڵەکانی (۲٠٠٤) و (۲٠۱٤) بوون. ئیستەشی لەگەڵ بێت دیوانی چاودێری دارایی نەیتوانیوە ژمێرەی کۆتایی ئەو دوو ساڵە تەواو بکات. لەو گەمەیەدا نابێت کورد ببێت بە گەمەکەری سەرەکی چونکە دەبێت بە ئەسڵی گرفتەکە بوون بە بەشێک لە گرفت باشترە چونکە دەتوانرێت لە داوایدا ببین بە بە شێک لە چارەسەر ، ئەم گەمەیەش لە جاران ئاسانترە بە هۆی بۆنی موالات و موعارەزەوە کە بەتایبەت معارەزە دەکرێت دەغدەغەی سۆزی بکرێت و ئەستەمە (۱٦۷) ئەندام بەبێ کورد کۆبکرێتەوە بۆ هیچ لایەکیان کە لە هەرەکاتە باشەکاندا نزیکەی (٥٠_٦٠) ئەندامیک غائیبن و ئامادە نابن . ئەمانەی کە باسم کرد ئەو سێ ئەگەرەن کە دەکرێت وەک نەخشە ڕێگاش بەکار بهێنرێت.