Draw Media

عومەر سەید عەلی: ناڕازییەكان حزب دروست بكەن پیرۆزباییان لێدەكەین

عومەر سەید عەلی: ناڕازییەكان حزب دروست بكەن پیرۆزباییان لێدەكەین

2021-03-13 11:28:51


 (درەو):
"ئامادەبوم دەست لە پۆستی رێكخەری گشتی بكێشمەوە ئەگەر ناڕازییەكان بگەڕێنەوە، ئەگەر ناڕازییەكان حزب دروست بكەن پیرۆزباییان لێ دەكەم" ئەمە قسەی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان.  
لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی، عومەر سەید عومەر رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەكەی كۆبووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە وتارێكدا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان باسی لە كێشە‌و گرفتە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكەی كردووە.
لەبارەی گفتوگۆیان لەگەڵ ناڕازییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، عومەر سەید عەلی باسی لە دەستپێشخەرییەكی دكتۆر بورهان یاسین هەڵسوڕاوی پێشووی بزوتنەوەكەی كردووە‌و وتویەتی:" من ئامادەیم دەربڕیوە دەست لە پۆستی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بكێشمەوە ئەگەر ئەو برادەرانەی وازیان هێناوە بگەڕێنەوە بۆ كاركردن لەناو بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام ئەوان رازی نەبوون".
هەر لەبارەی ناڕازییەكانەوە، رێكخەری گشتی رایگەیاندووە، ئەگەر حزب یاخود لیست دروست بكەن یاخود بچنە ناو حزبێكی تر، ئەوا ئێمە پیرۆزباییان لێ دەكەین.
لەبارەی پرسی تەوریسی سیاسییەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان، عومەر سەید عەلی باسی لەوەكردووە، بزوتنەوەی گۆڕان نەبووە بە حزبێكی بنەماڵەیی، كێ بەڵگەیەكی لەبەردەستدایە لەبارەی ئەوەی كوڕەكانی كاك نەوشیروان بڕیار بەسەر ئەواندا دەسەپێنن، با بیخاتەڕوو، چونكە بڕیارەكان پێشترو ئێستاش لەناو خانەی راپەڕاندندا دراون.
لەبارەی خاوەندرێتی گردی زەرگەتەی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە باسی لەوەكردووە" ئەوكاتەی كاك نەوشیروان گردی زەرگەتەی وەرگرتووە، ئەوان هەموویان لەناو یەكێتیدا بوون، كێ نوسراو یاخود وەسێتنامەیەكی كاك نەوشیروانی لەلایە كە بەر لەمردنی داوا دەكات خاوەندارێتی گردەكە بخرێتەسەر بزوتنەوەی گۆڕان با بیخاتەڕوو".
سەبارەت بە بەشداركردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، رێكخەری گشتی تویەتی:" بزوتنەوەی گۆڕان بە بڕیاری زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بەشداری حكومەتی كردووە، با جڤات بڕیاری كشانەوە بدات، ئەوكات دەكشێنەوە، سیاسەت بە شەڕەجنیو ناكرێت".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand