Draw Media

بارەگای بارزانی: بارزانی بەمەرجی داوای لێبوردن كۆدەبێتەوە

بارەگای بارزانی: بارزانی بەمەرجی داوای لێبوردن كۆدەبێتەوە

2021-03-13 11:13:04


(درەو):

بەرپرسێکی بارەگای بارزانی دەڵێ ئەگەر لاهور شێخ جەنگی داوای لێبوردن بکات لەبارەی رووداوەکانی (١٦)ی ئۆکتۆبەر، بارزانی ئامادەیە لەگەڵیدا کۆببێتەوە.

ئامینا زکری، بەرپرسی دۆسیەی پەرلەمان و حکوومەت لە بارەگای بارزانی بەبێ ئەوەی ناوی لاهور شێخ جەنگی بهێنێت بڵاویكردووەتەوە  ئەگەر داوای لێبوردن لە 16ی ئۆكتۆبەر بكات ئەو کات دانیشتن و کۆبوونەوەش ئاساییە.
مەحمود حەفیدزادە نەوەی شێخ مەحمودی مەلیکی کوردستان چند رۆژی رابردوو دەستپشخەرییەکی کرد بۆ کۆبونەوەی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی، لێدوانی ئەو بەرپرسەی بارەگای بارزانی چارەنوسی دەستپێشخەرییەکەی حەفیدزادەی خستە مەترسییەوە.
(درەو) لەبارەی ئەم بابەتەوە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی یەکێتی قسەی کرد، ئەوان دەڵێن لاهور شێخ جەنگی داوای کۆبونەوەی لە بارزانی نەکردووە، بارزانی داوای کۆبونەوەی کردووە، چونکە مەحمود حەفیدزادە سەرەتا چوەتە لای بارزانی و دواتر سەردانی لاهور شێخ جەنگی کردووە، بەپێچەوانەوە یەکێتی مەرجی هەیە بۆ هەر کۆبونەوەیەکی لەوجۆرە.
دەقی نوسراوی ئامینە زکری بەرپرسی دۆسیەیحکومەت و پەرلەمان لەبارەگای بارزانی:


🔹لەبارەی کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی

ئەم چەند ڕۆژە زۆر قسە لەسەر مەسەلەی دانیشتنی جەنابی سەرۆک بارزانی و کەسێک لە حزبێکی دیکە دەکرێت، سەرەتا دەبێت بڵێم جەنابی سەرۆک هەموو کات، هەموو سەردەمێک ئەگەر زانیبێتی بابەتێک ئاشتی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە، سەقامگیری سیاسی دروست دەکات، هیچکات دوو دڵ نەبووە، تەنانەت ئەگەر لەسەر حسابی قوربانیدانی خۆی و حزبەکەی بووبێت، مێژوو لەسەر ئەم قسەیەم شاهێدە.
لەبارەی بابەتی ئەم دانیشتنەش کە ئێستا باسێکی گەرمە،دەبێت بپرسین ئایا سەرۆک بارزانی کێشەی شەخسی لەگەڵ کەسێک هەیە؟ ئایا ئەوەی لە کەرکووک و شانزەی ئۆکتۆبەر کرا بەرانبەر سەرۆک بارزانی بوو یان بەرانبەر بە هەموو گەلی کوردستان؟ کێ هەبوو لەم وڵاتە دڵی نەشکێت، چ کوردێک ئازاری نەبینی بەهۆی شانزەی ئۆکتۆبەر؟
کەواتە کەسێک ئەم کارەی کردبێت داوای لێبوردنێک لە هەموو خەڵکی کوردستان و گەلی کوردستان قەرزارە، ئەگەر ئەمە ڕوویدا ئەو کات دانیشتن و کۆبوونەوەش ئاساییە.

ئامینا زکری
بەرپرسی دۆسیەی پەرلەمان و حکوومەت لە بارەگای بارزانی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand