موچەو خەرجی پێشمەرگە لە شاخ
2021-03-18 14:20:27
(درەو):
چەند بەڵگەنامەیەکی محەمەدی حاجی مەحمود دۆخی ژیانی پێشمەرگە لە ساڵانی حەفتاو هەشتاکانی سەدەی رابردوو نیشان دەدات، سەرەرای یارمەتی مانگانە جەژنانەشیان بە پێشمەرگەداوە، ساڵی 1985 لە نامەیەکدا مام جەلال دەڵێ دۆخی دارایمان باشەو موچەی پێشمەرگەی خێزاندار دەکەین بە (50 دینار) ئەوانەشی سەڵتن (25 دینار)، ئیحتیاتی دووساڵیشمان هەیە، ساڵی 1979 كراسێكیان بۆ عوسمان كڕیوە بە یەك دینار، لە رەزگە بڕی (5 دینارو 250 فلس) خەرجكراوە بۆ كڕینی ساردی بۆ پێشمەرگە.
موچەی مانگانەی پێشمەرگە
بەگوێرەی بەڵگەنامە بڵاوكراوەكانی محەمەدی حاجی مەحمود، ساڵی 1977، مانگانە بڕی (3) دینار وەك یارمەتی (موچە) بە پێشمەرگە دراوە، ناوی هەندێک لەو پێشمەرگانەی موچەیان وەرگرتووە:
🔸 حەمە ئەمین حەمەكریم: 3 دینار
🔸 حەسەعید صاڵ: 3 دینار
🔸 حەمە سور باوە موراد: 3 دینار
🔸 مەلا خالید: جارێ وەری نەگرتووە
جەژنانەی پێشمەرگە
بەڵگەنامەیەکی تر ئاماژە بەوەدەکات، لە ساڵی 1977دا پێشمەرگە سەرەڕای موچە، بڕی (1 دینار) پارەیان وەکو جەژنانە پێدراوە.
ناوی هەندێک لەو پێشمەرگانەی کە جەژنانەیان وەرگرتووە:
🔸 1 دینار بۆ عەلی فەرەج
🔸 1 دینار بۆ كاژاو
🔸 1 دینار بۆ قارەمان
🔸 1 دینار بۆ حسین عەلی
🔸 1 دینار بۆ ئەحمەد حاجی محەمەد
"پاتەو رادیۆ"
بەڵگەنامەیەکی تری محەمەدی حاجی مەحمود کە مێژووەکەی بۆ ١٩٧٧/١/١٦ دەگەڕێتەوە، بڕێک پارەی تر بۆ کڕینی پێداویستی پێشمەرگە خەرجکراوە، بەمشێوەیە:
🔸 (٦٥٠ فلس) بۆ کڕینی پاتە (پێڵاو)و گۆرەوی لە هاوار
🔸 (٤٠٠ فلس) بۆ كڕینی پاتە (پێڵاو) بۆ رەشید لە هاوار
🔸 (٥٠٠ فلس) بۆ کڕینی دوو مەتر قوماش بۆ دەستەسڕ
🔸 (٣ دینار) بۆ کڕینی رادیۆیەك
🔸 (٧ دینار و ٥٠٠ فلس) بۆ فیشەك
🔸 (٥٠٠ فلس) بۆ ئەحمەد ساڵح بۆ پێڵاو
🔸 (١ دینار) بۆ شاخەوان بۆ پێڵاوو گۆرەوی
🔸 (٢ دینارو ٥٠٠ فلس) بۆ پێڵاوو گۆرەوی پێنج پێشمەرگە
١٠ جوت گۆرەوی بە دوو دینار
لە رۆژی ١٩٧٩/٧/٢ خەرجیەكانی پێشمەرگە بەم شێوەیە بووە:
🔸 (١٩٠ دینار) بۆ یارمەتی (موچە)ی پێشمەرگە
🔸 (١٠ دینار) حەسەن مستەفا چوو بۆ سەرەوە
🔸 (٥ دینار) بۆ مامە رەشە گەڵاڵی
🔸 (١٥ دینار) بۆ فایەق سلێمان بۆ نەخۆشخانە
🔸 (٢٨ دینار) بۆ گۆشت لە دەرە میانە
🔸 ( ٥ دینارو ٢٥٠ فلس) كڕینی ساردی بۆ پێشمەرگە لە رەزگە
🔸 (١ دینار) بۆ كڕینی جامانە بۆ پێشمەرگە ئەحمەد مەحمود
كۆی گشتی دەكاتە (٢٦٤ دینار و ٢٥٠ فلس)
🔸 ٨٥٠ فلس بۆ كڕین جامانە
🔸 ٤٥٠ فلس بۆ كڕینی (١٨) هێلكە لە كانی سێنی
🔸 ١٥٠ فلس بۆ كڕینی قەیتان و دوخێن و تایت
🔸 ١ دینار بۆ كڕینی كراس بۆ عوسمان عەلی فەرەج لە بانیشار
🔸 ٥٠٠ فلس بۆ كرینی پێڵاو بۆ كاكەبرا
🔸 ٢ دینار بۆ ١٠ جوت گۆرەوی
"بەشی دوو ساڵ پارەی ئیحتیاتمان هەیە"
رۆژی ١٩٨٥/١٢/٣ مام جەلال بۆ محەمەدی حاجی مەحمودی نوسیوە:" لەڕووی مادیەوە وەزعمان زۆر باشە وا ئەكەم ئەم ساڵ هەموو مانگێك یارمەتی پێشمەرگەی خێزاندار (٥٠) دینارو سەڵت (٢٥) دینار ئەدرێت، جگە لە یارمەتی تر، بەشی دوو ساڵی تریش ئیحتیاتمان هەیە، بێ ئەوەی یەك فلسمان لەدەرەوە وەرگرتبێت.