درەو میدیا: شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامێكدا پشتیوان لە خۆپیشاندانەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەكات و دەڵێت" پێویستە خۆپیشاندانەكانی ناوەراست و باشوری عێراق بگەنە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە" داوای راپەڕین و دەربڕینی ناڕەزایی دەكات و دەڵێت " ئەگەر ئێستا خەڵك رانەپەڕێت و نارەزایەتی دەرنەبڕێت و داوای مافی خۆی نەكات، ئەوا كەی دەیكات؟" لە پەیامەكەیدا شاسوار عەبدولواحید بە رونی جەخت دەكاتەوە : • هەمو ئەو گوزەران خراپی هاوڵاتیان و دزینی سەروەتی وڵات لە لایەن بەرپرسان و ناعەدالەتی و نەبونی خزمەتگوزاری كە لە بەغداد و باشوری عێراق هاوڵاتییان باسی لێوە دەكەن، ئەوا لە هەرێمی كوردستان زۆر بەزیادەوە بونی هەیە. • لە هەرێمی كوردستان نەك ئەوانە هەن، بەڵكو موچەی فەرمانبەرانیش نادەن و هاوڵاتییان و كاسبكارانی ناو بازار لە دۆخێكی زۆر خراپدان. • گەنجانمان بێ كارن و تەنها لە ساڵی ٢٠١٤ تا ئێستا زیاد لە نیو ملیۆن گەنجی تەمەن ١٨ سال تا ٢٥ ساڵمان هەن كە بێكارن، وە نزیكەی ٢٠٠ هەزار گەنجی دەرچوی زانكۆ و پەیمانگاكان بێ كارن و دانەمەزراون و نازانن داهاتویان بە كوێ دەگات. • ژنان و كچانمان بێ كارن و لە ماڵەوە فەرامۆش كراون و هیچ هەلێكی كار یان ستراتیژێك نییە بۆ خزمەتی ژنان. • كوردستان بێ ساحیبە و ئەوەی هەیە ئەوەیە كە هەر بەرپرسە و دەستی گرتوە بەسەر بازرگانی و بزنسێكدا و قوتی میلەتیان گرتوە و خەری خۆیان و مناڵەكانیانن دەوڵەمەندیان كەن. • سلێمانی و هەولێر و دهۆك و هەڵەبجە بێ ساحیبن و سەركردەی دڵسۆزیان نییە و كەسیش نازانیت كێ لە خەمی ئەم شارانە و هاولاتیانی ئەم شارانەن. • كەركوك نەك وێران كراوە و بە جێهێڵدراوە، بەلكو ئێیستاش دوو حیزنی دەسەلاتدار تەنها لە خەمی نەوتی كەركوكن و بیر لەوە دەكەنەوە كە چۆن بای حەسەن و هاڤانایان دێتەوە دەستتا نەوتەكەی بەرن.نەك بیر لەوە بكەنەوە كە چۆن خەلكی كەركوك دڵخۆش بكەن. • چەند بنەمالەیەكی سیاسی فەرمانڕەوا، تەنها ئەوە ماوە بینە ناو ماڵی هاولاتییان و ناومالەكانیان بدزن، دەنا هیچ نەماوە نەیكەن. • ئایا ئەگەر ئێستا خەلك رانەپەڕێت و نارەزایەتی دەرنەبڕێت و داوای مافی خۆی نەكات، ئەوا كەی دەیكات؟ • من بەش بە حالی خۆم لەگەڵتانم ، وە ئامادەم خۆم لەگەلتان بێمە سەر شەقام و داوای مافی خەلكی بەشخوراوی وڵاتەكەمان بكەین. • دەبێت هەمومان پێكەوە باوەڕمان بە خۆمان هەبێت و باوەڕمان بە یەكتر هەبیت و پێكەوە دەست و پشتی یەك بگرین. • دەبێت مامۆستا و كاسبكار، فەرمانبەر و دانەمزراو، چینی هەژار و مام ناوەند، رۆشنبیر و هاوڵاتی ئاسایی، هەموو پێكەوە پشتی یەك بگرن و پێكەوە هەمومان بێینە سەر شەقام. • پارتی و یەكێتی پێیان وایە میلەت هیج ناكەن و خەلك نارەزایی دەرنابڕێت. بەلام تەنها چونمان بۆ سەر شەقامەكان و دانیشتنمان لەسەر جادە، پەیامێكی زۆر رونە بۆ دەسەڵات و گۆڕانكاری گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت. • منداڵەكانمان سبەی لێنان دەپرسن كە ئاخۆ چینان كردوە بۆ ئەوەی داهاتوی ئەوان خۆش بكەین؟ ئاخۆ هەلوێستمان چی بووە لە ئاست ئەوم هەموو زوڵمەی دو حیزبی فەرمانڕەوا؟
درەو میدیا: " هۆكاری دانەنانی پارێزگاری كەركوك عەرەب و توركمانە، نەك پارتی، پارتی پێشنیازی یەك لیستی كردووە، هەر سەرۆكی حكومەتێك سەڵاحیاتی خۆی هەیە، چی دەكات یا نایكات، دەسەڵات دەدات یا نادات، یاخود دەسەڵات كەم دەكاتەوە" ئەمانە بەشێكن لە بۆچونی خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە. بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی پارتیشە لەبارەی یەك لیستی كوردەوە دەڵێت" پێشنیازی یەك لیستی كورد لە كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكانی تر هی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مانگێك لەمەوبەر لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی بڕیاردارا ئەگەر كورد بەشداری هەڵبژاردنەكانی كرد لەناوچە جێ ناكۆكەكان بەیەك لیست بێت یا بەیەك دەنگ بێت ." سەبارەت بەوەی بەدەر لەبەرژەوەندی گشتی كورد، كام لایەن لەو هاوپەیمانێتیە كوردییە براوە و قازانجی یەكەم بەدەست دەهێنێت؟ خەسرۆ گۆران وتی" لەناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر جیاوازە، بۆ نمونە لە نەینەوا لە 70% ی دەنگەكان بۆ پارتیە، لەكەركوك بەپێچەوانەوەیە لەوانەیە 60% - 65% ی بۆ یەكێتی بێت." وتیشی" لە كەركوك لیستە كوردییەكە بۆی هەیە 26كاندیدی هەبێت، لەموسڵ دەتوانین چل و هەشت كاندیدمان هەبێت بێگومان لەكەركوك زۆرترین كاندیدەكان بەر یەكێتی دەكەوێت لە موسڵ-یش بەر پارتی دەكەوێت وە لایەنەكانی تریش كاندیدییان دەبێت لەناو لیستەكە بەڵام هەیانە لەوانە كاندیدی نابێت." ئەو ئەندامەی سەركرادیەتی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی كردەوە 16ی ئۆكتۆبەر كاریگەری هەیە لەسەر دەنگی كورد، لەو ڕووەوە وتی" بێگومان 16ی ئۆكتۆبەر كاریگەری هەیە چۆن كاریگەری نیە، یەكەم، پارێزگاری ئەو شارە كورد نیە، ئەنجومەنی پارێزگا لەكاركەوتووە ئاسایش لەوێ نیە، پێشمەرگەی لێ نیە، پارێزگار تەعریب دەكات، عەرەبی هاوردەی هێناوە لەوانەیە ساختە بكرێت وە ئەو عەرەبانەی هێناویانن بەشداری بكەن لەهەڵبژاردن بەشێوەیەك لەشێوەكان، ئاوارەمان هەیە لەهەولێر و شارەكانی تر كەناتوانن دەنگ بدەن بۆیە دەبێت هەموو ئاسانكارییەك بكرێت تا ئەو خەڵكە بتوانن دەنگ بدات." سەبارەت بە دواكەوتنی دانانی پارێزگار بۆ كەركوك خەسرۆ گۆران ڕەتیدەكاتەوە كە ئەوان وەك پارتی رێگربووبن و دەڵێت" ئێمە ڕێگرنەبوین وە هەرگیز ڕێگریش نابین، لیژنەیەك هەیە پێكهاتووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ پێكهاتەكانی تری كەركوك سەبارەت بە ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوك یەك لەوانە دەستنیشانكردنی پارێزگارێكە بۆ كەركوك بەبۆچونی من عەرەب و توركمان نایەنە پێش لەو بابەتە ئەگەرنا پارتی هەمیشە ڕێزی ڕێككەوتنی خۆی دەگرێت لەگەڵ هەر لایەنێك." بەرپرسەكەی پارتی سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات" واتای چۆن قوباد تاڵەبانی دەسەڵاتی وەك پێشتر نەدراوەتێ؟ خۆ ئەوە حكومەتی "فیفتی بە فیفتی " نیە هی ساڵانی 2005 و 2010 دوو ساڵ كاك نێچیرڤان سەرۆكی حكومەت بێت و دوو ساڵیش كاك بەرهەم سەرۆك وەزیران بێت هیچ ڕێككەوتنێكی لەو شێوەیە نەكراوە، ئەو ڕێككەوتنە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 2018 یە، سەرۆكی حكومەت سەرۆكە، جێگر جێگرە، یاریدەدەر یاریدەدەرە، هەركەس دەبێت سنوری دیاربێت، "مەهام" و دەسەڵاتەكانی دیاربێت." خەسرۆ گۆران وتیشی" ئێستا حكومەتێكی دیكە هەیە، حكومەتی پێشوو كە كاك قوباد دەسەڵاتی هەبوو لە 2013 هاتە ئاراوە، ئێستا حكومەتێكی ترە و هەر حكومەتەی سیاسەتی خۆی هەیە هەر سەرۆكی حكومەتێك سەڵاحیاتی خۆی هەیە، چی دەكات یا نایكات، دەسەڵات دەدات یا نادات، یاخود دەسەڵات كەم دەكاتەوە ئەم حكومەتە ستراتیژیەتێكی تر و پلانێكی تری هەیە سەبارەت بەدەسەڵاتی وەزیرەكان و یاریدەدەرەكان و تەنانەت جێگرەكانی سەرۆكی حكومەت، یا بەڕێوەبەرەگشتیەكان و پارێزگارەكان و ئەمە دەكرێت ئەو حكومەتە جیاوازی هەبێت لەگەڵ حكومەتەكانی تر بەڵام بەڕێز كاك قوباد هەر جێگری سەرۆكی حكومەتە."
درەو میدیا: "بزوتنەوەی گۆڕان تەسلیم بە سیاسەتی هیچ لایەنێك نەبوە و نەشبوەتە بەشێك لە ئەجێندای وڵاتان، لەماوەی رابردودا بە خۆڕاگری ئۆرگانەكانی و جەماوەرەكەی توانیویەتی بەرامبەر سزای سیاسی و شاڵاوەكان بوەستێتەوە" ئەمە بەشێكە لە وتەی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كە ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی خانەی راپەڕاندن لەگەڵ هەڵسوڕاوانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە پێشكەشیكرد. عومەر سەید عەلی لە وتەكەیدا كە میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاویكردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردووە "جێی رێز و پێزانینە بۆ هەمو ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە دوای كۆچی دوایی كاك نەوشیروان سەرسەختانە بەرگرییان كردوە و خۆیان راگرتوە لەبەردەم هەمو شاڵاوێكدا، زۆر خەڵك و لایەنی سیاسی چاویان لەوەبو لە دوای كۆچی كاك نەوشیروان ئەم بزوتنەوەیە هەڵبوەشێتەوە، بەڵام بە خۆڕاگریی ئۆرگانەكان و ئێوە و جەماوەرەكەمان بەرامبەر بە سزای سیاسی و لەبەردەم شاڵاوەكاندا وەستانەوە". سەبارەت بە بەشداریكردنیان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە "بزوتنەوەی گۆڕان بە بڕیاری جڤاتی نیشتیمانی كە بەرزترین دەسەڵاتە لە گۆڕاندا، گفتوگۆكان ئەنجامدرا و بەشداریی كابینەی نۆی حكومەتمان كرد، ئەو رێككەوتنەش لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر بنەمای دۆكیۆمێنتە و ئەو بەرنامەیەی داوامان كردوە و لەسەری رێككەوتوین زۆربەیان لەناو كارنامەی كابینەی نۆی حكومەتدا جێی كراوەتەوە، ئەمەش سەركەوتنێكی دیكەیە بۆ بزوتنەوەكەتان".
راپۆرتی: محەمەد رەئوف لایەنە كوردیەكان لەسەر پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش رێككەوتن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە جێناكۆكەكان، ئێستا كورد (63%)ی كورسیەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی بەدەستەوەیەو ناتوانن پارێزگارێك دابنێن، لە یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لیستی برایەتی كورد لە پارێزگای كەركوك ( 68%)ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، ئایا كورد دەتوانێت پارێزگاری لە دەنگ و كورسیەكانی خۆی بكات لەو پارێزگایە. (درەو میدیا) لەم شیكاریەدا ئاستەنگەكانی بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ كورد دەخاتە روو. لیستی هاوبەش دوای سێ كۆبونەوە 16 لایەنی كوردی هاوپەیمانێتییەكیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە جێناكۆكەكان رایگەیاند بەناوی ( هاوپەیمانی كوردستانی )و (عەبدولڕەحمان مستەفا) پارێزگاری پێشوی كەركوك وەك سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكە دیاریكرا، سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە پارێزگای كەركوك ژمارە (1 ) بۆ یەكێتی دەبێت و سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا ژمارە (1 ) بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت. 22/7/2019 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكردو رۆژی 1ی نیسانی 2020 ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە پارێزگای كەركوكەوە، جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. بەپێی یاساهەمواركراوەكە( 14 )كورسی بۆ پارێزگای كەركوك دیاریكراوە كە ( 13 كورسی گشتی و 1 كورسی كۆتای)ە، كورسیە گشتیەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە كە ژمارەی دانیشتوانی كەركوك بە ( یەك ملیۆن و 639 هەزارو 953 )كەس دیاریكراوە. ئەگەرچی ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ( 41 ) ئەندامە چونكە كەركوك تەنها بەشداری لەیەك هەڵبژاردندا كردووە ئەویش بەپێی یاسای ژمارە 71ی پۆڵ بریمەری حاكمی مەدەنی عێراق بووە، كە بۆ هەر پارێزگایەك 41 كورسی دیاریكرابوو. لەگەڵ ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان تانەی داوە لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ پێداچونەوە بە ئەژماری دەنگدەران، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن لەوناوچانە بكرێت كورد لە هەڵبژاردنی داهاتوودا رووبەرووی كۆمەڵێك گرفت دەبێتەوەو ترسی لە كەمبونەوەی دەنگەكانی هەیە. ئاستەنگەكانی كورد لە هەڵبژاردندا لە ئێستادا كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەكۆی (41) كورسی (26) كورسی هەیە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كێشەو بەربەستەكانی بەردەم كورد زۆرن و ئەستەمە بتوانێت پارێزگاری لە پێگەكەی خۆی بكات، ئەمە لە كاتێكدایە كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ژمارەی كورسیەكانی لە ( 41 ) كورسیەوە بۆ (14) كورسی كەم دەبێتەوە، بۆیە بەپێی رێژەی كورسیەكانی كورد لە ئێستادا كە(63%) ئەگەر كورد ئەو رێژەیە بهێنێتەوە ئەوا لەكۆی (14) كورسیەكە دەبێت (9) كورسی بەدەستبهێنێت. • لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ەوە كۆتایی بەدەسەڵاتی 14 ساڵەی كورد هات لە كەركوك كە پێشتر پارێزگارو زۆرینەی پۆستە هەستیارەكانی لەدەستدابوو بەڵام هەمووی لەدەستدا و ئێستا بە 26 كورسی ئەنجومەنی پارێزگاوە توانای دانانی پارێزگاری كەركوكیان نیە، كێشەو بەربەستەكانی بەردەم كورد لە پارێزگای كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان: • كورد لیستی هاوبەشی پێكهێناوە بەڵام هێشتا متمانە نیە لە نێوانیاندا، بەو پێیە تائێستاش سەرەرای چەندین رێككەوتن لە نێوان یەكێتی و پارتی نەیانتوانیوە پارێزگار دابنێن. • بەپێی یاسای هەڵبژاردنی رێگە نادرێت هیچ سندوقێك لەدەرەوەی كەركوك دابنرێت، لە كاتێكدا ژمارەیەكی زۆر كە بە زیاتر لە 50 هەزار كەس ئەژمار دەكرێت لەدەرەوەی كەركوكن و لە هەولێر و چەمچەماڵ و سلێمانی نیشتەجێن و رێگە نادرێت سندوقی دەنگدان لەوناوچانە دابنرێت، بەوەش دەنگێكی زۆری كورد لەدەست دەچێت، ئاوارەیەكی زۆری پارێزگای نەینەوا كە بە نزیكەی 250 هەزار كەس ئەژمار دەكرێت لە دهۆك و هەولێرن، كە زۆرینەی زۆری دەنگی كوردە، ئەگەر سندوقی دەنگدانیان بۆ دادەنرێت، چئن دەتوانن دەنگ بدەن. • بڕیاردراوە لە رۆژانی هەڵبژاردندا قەدەغەی هاتوچۆ لە نێوان پارێزگاكاندا بكرێت، واتا ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە لە ناوچەكانی دەرەوەی كەركوك و موسڵن ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان. • هێنانی ژمارەیەكی زۆری عەرەب بۆ كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری كە بە واژۆی بەرپرسی ئۆفیسی كەركوكی مادەی 140، لەماوەی سێ مانگدا زیاتر لە (600) خێزانی پێكهاتەی عەرەب لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین , دیالە, ئەنبارو بەغداد، دەگەڕێنرێنەوە بۆ پارێزگای كەركوك، كە ئەمەش كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی دەنگی كورد لەو پارێزگایە دەگەڕێتەوە • ئەو ناوچانەی كە بایۆمەتریان نەكردووە ئەتوانن بە یەكێك لە ناسنامەكانیان دەنگبدەن، كە ئەمەش زیاتر بۆ هاوڵاتیانی ناوچەی حەویجەیە كە زۆرینەیان بایۆمەتریان نیە. كەركوك لە هەڵبژاردنی 2005 دا لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا لیستی (برایەتی كەركوك) كە لایەنە كوردیەكانی لە خۆ دەگرت لەكۆی (385 هەزارو 861) دەنگدەر لیستی برایەتی( 261 هەزارو 577) دەنگی بەدەستهێناوە، بەرێژەی ( 67.8%) دەنگەكان، واتا لە كۆی( 41 )كورسی پارێزگە (26 )كورسی بەدەستهێنا بەرێژەی( 63.4% ) كورسی ئەو پارێزگایە، لەبەرامبەردا بەرەی توركمانی 8 كورسی و بەرێژەی ( 19.5% )ی كورسیەكان و گردبوونەوەی عەرەبی 5 كورسی و بەرێژەی ( 12.2% ) و هاوپەیمانی ئیسلامی توركمانی 1 كورسی بەرێژەی ( 2.4% ) و گردبوونەوەی نیشتیمانی عێراقی 1 كورسی و بەرێژەی ( 2.4% ) كورسی واتا كورد ( 63.4% ) كورسی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا • لیستی برایەتی ( 261577 )دەنگ بەرێژەی ( 67.8%) • بەرەی توركمانی ( 54213 ) دەنگ بەرێژەی ( 14%) • بەرەی عەرەربی بۆ دیالۆگی نیشتیمانی ( 17275 ) دەنگ بەرێژەی ( 4.5%) • بەرەی تەوافوقی عیراقی ( 14458 ) دەنگ بەرێژەی ( 3.7%) • هاوپەیمانی عێراقی یەكگرتوو (12051 ) بەرێژەی (3%) • لیستی عێراقیەی نیشتیمانی ( 9262 ) بەرێژەی (2.4%) • یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 5739) بەرێژەی ( 1.5%) كەركوك لە هەڵبژاردنی 2010 دا لە هەڵبژاردنی 7/3/2010 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە كورد بە چەند لیستێك بەشداری كرد، لەكۆی ( 557 هەزارو 37 ) دەنگدەری پارێزگای كەركوك ، لە لیستە سەركەوتووەكاندا لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و چەند پارتێكی دیكە پێكهاتبوو، توانی(37%)ی دەنگەكانی بەدەستهێنا. • لیستی هاوپەیمانی كوردستانی (206 هەزارو 542 ) دەنگ بەرێژەی (37% )ی دەنگەكانی ئەو پارێزگایە بەدەستبهێنێت و 6 كورسی لە كۆی 12 كورسی پشكی ئەو پارێزگایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستبهێنێت، كە رێژەی كورسیەكانی ( 50%) دەكات • لیستی عێراقیە (211 هەزارو 336 ) دەنگ و بەرێژەی ( 37.9% )ی دەنگی لیستە سەركەوتوەكانی ئەو پارێزگایەو 6 كورسی بەدەستهێنا واتا (50% ) • لیستی رافیدەین (28 هەزارو 78 ) دەنگ و بەرێژەی ( 5% ) و 1 كورسی لە كورسی كۆتا بەدەستهێنا. سەرەرای دەنگی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە (206 هەزارو 542 ) دەنگی بەدەستهێنابوو دەنگی سەرجەم لیستە كوردیەكان لەو پارێزگایە ( 278هەزارو 170 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بەرێژەی ( 49.9% )ی دەنگی ئەو پارێزگایە بەو پێەی لیستی گۆران ( 36هەزارو 554 ) دەنگ و یەكگرتووی ئیسلامی ( 24هەزارو 274 ) دەنگ، كۆمەڵی ئیسلامی ( 7 هەزارو 175) دەنگی بەدەستهێنابوو حیزبی شیوعی ( 3 هەزارو 397 ) دەنگی بەدەستهێنا بوو، كە نزیكەی ( 70 هەزار ) دەنگە كە ئەو دەنگانە لەبەر ئەوەی دەنگی پێویستیان نەهێنا بۆ كورسیەك كە بەهای كورسیەك ( 46 هەزارو 419 ) دەنگ بووە، هیچ كورسیەكیان بەدەستنەهێناو دەنگەكانیان سوتا. بەو پێیەش دەنگی كورد لە نێوان 2005 بۆ 2010 لە ( 63.4% ) دەنگی ئەو پارێزگایەوە بۆ ( 49.9% )ی دەنگی ئەو پارێزگایە دابەزی واتا بەرێژەی ( 13.5% )ی دەنگەكانی دابەزی رێژەی كورسیەكانیشی بەهەمان شێوە( 13.4% ) دابەزی. كەركوك لە هەڵبژاردنی 2014دا بەڵام لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك لە كۆی (570795 ) دەنگدەری ئەو پارێزگایە كە 12 كورسی هەبوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێتی ( 209964 ) دەنگی بەدەستهێنا 6 كورسی و پارتی ( 63076 ) دەنگی بەدەستهێنا 2 كورسی بەدەستهێنا بەهای كورسی لەو پارێزگایە ( 47566 ) دەنگ دەكات . - یەكێتی 209964 دەنگ 6 كورسی - پارتی 63076 دەنگ 2 كورسی - بەرەی توركمانی 71492 دەنگ 2 كورسی - هاوپەیمانی عەرەبی 53796 دەنگ 1 كورسی - هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك 38328 دەنگ 1 كورسی كەركوك لە هەڵبژاردنی 2018 دا لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایاری 2018 دا لە پارێزگای كەركوك پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایەی نەكرد، لە كۆی ( 12) كورسی و ( 487 هەزارو 142 ) دەنگدەر. - یەكێتی نیشتیمانی 6 كورسی و ( 177 هەزارو 920 ) دەنگی بەدەسهتهێنا - هاوپەیمانی عەرەبی لەكەركوك 3 كورسی و ( 86 هەزارو 452 ) دەنگی بەدەستهێنا - بەرەی توركمانی 3 كورسی و ( 82 هەزارو 33 ) دەنگی بەدەستهێنا - لیستی نیشتیمانی ( گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ) لە كەركوك ( 14 هەزارو 914 ) دەنگی بەدەستهێنا بەبێ كورسی - نەوەی نوێ ( 13 هەزارو 665 ) دەنگی بەدەستهێنا - حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ( 7 هەزارو 509 ) دەنگی بەدەستهێنا - یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 4 هەزارو 784 ) دەنگ دەنگ و كورسیەكانی كورد كەمدەكات؟ لەیەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لە كەركوك كورد زۆرینەی رەها(50+1)ی دەنگ و كورسی پارێزگای كەركوكی بەدەستهێنا، بەڵام چاوەڕەوان ناكرێت كورد بتوانێت ئەو دەنگ و كورسیانە بەدەستبهێنێتەوە. لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا لیستی برایەتی كەركوك كە لایەنە كوردیەكانی لە خۆ دەگرت لە كۆی 41 كورسی پارێزگە 26 كورسی بەدەستهێنا بەرێژەی( 63.4% ) كورسی ئەو پارێزگایە و لە (68%)ی دەنگی پارێزگای كەركوكی بەدەستهێناوە. بەڵام لەدوای ئەو هەڵبژاردنی 2005 ەوە لە زۆربەی هەڵبژاردنەكاندا كورد نیوە یان كەمتر لە نیوەی كورسیەكانی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش، رێوشوێنەكان زۆر توند بوونە بەتایبەت بەرامبەر بەو ناوچانەو شوێنانەی كە زۆرترین دەنگی كوردی تێدایە، لە رێگەكردن لە دانانی سندوق لەناوچە ئاوارە نشینەكان و قەدەغەی هاتوچۆ و بایۆمەتری و نەمانی دەسەڵاتی كورد لەو پارێزگایە. ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگاكان كاریگەری لەسەر چارەنوسی ناوچە جێناكۆكەكان دەبێت، بەتایبەتیش پارێزگای كەركوك كە لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا ئەمە دووەم هەڵبژاردنە بكرێت، كە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن و چارەنوسی ئەو پارێزگایە دەبێت
گفتوگۆی رۆژنامەوانی: نیاز عەبدوڵا " كابینەی نۆیەم تا ئێستا نەیتوانیوە چاكسازی ئەنجامبدات بەڵام جارێ زووە بڕیار بدەین كە ئەم حكومەتە شكستی هێناوەو چاكسازی پێناكرێت" ئەمە بۆچونی عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیە لە پەرلەمانی كوردستان. عەبدولستار مەجید چاكسازی بەزەحمەت دەبینێت بەتایبەتیش" تا دەسەڵاتی ئەو دوو هێزە بەسەر هەرێمی كوردستانەوە زاڵ بێت" سەبارەت بە فۆرم و شێوازی ئۆپۆزسیۆن بوونی كۆمەڵی ئیسلامی، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ رونیدەكاتەوە كە" ئۆپۆوسیۆنێكین بە تێڕوانین و تێگەیشتنی خۆمان، بە سیاسەت و بە مەنهەجی خۆمان ئۆپۆزسیۆنین، بەلای ئێمەوە ئۆپۆزسیۆن مانای ئەوە نیە كە ئێمە دژی ئەو حزبانە بین كە لەدەسەڵاتدان، یان دژی ئەو فراكسیۆنانەبین كە حزبەكانیان لەدەستەڵاتن، ئیمە ئۆپۆزسیۆنی حكومەتین". دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانیەكە درەو میدیا: ئێوە لەماوەی رابردوو سەردانی مەسعود بارزانیتانكرد، دەرئەنجامی ئەو كۆبونەوەیە كە ئێوە لەمستان كردبێت لەرووی سیاسیوە بریتیە لە چی؟ عەبدولستار مەجید: كۆبونەوەكەی ئێمە لەگەڵ بەرێز مەسعود بارزانی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان كۆمەڵی ئیسلامی و پارتی دیموركاتی كوردستان بوو، كە لەو چەند ساڵەی رابردوودا پەیوەندییەكانمان بە قۆناغێكی ساردو سڕدا تێپەڕی، ئەمەش هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە بەلای ئیمەوە، ئەو هەڵوێست و قەناعەتانەی ئێمە هەمانبوو سەبارەت بە هەندێك پرس و بابەت كە هاتە پێشەوە، ئێمە دیارە هەر لەسەر هەمان قەناعەت و مەبدەئو هەڵوێستەكانی خۆمان بەردەوامین، بەڵام دیارە بۆ ئەوكات پێویست بوو كە ئێمە هەڵوێستی خۆمان رۆشن بكەینەوە، سەردانەكەمان ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان بوو وەكو دوو حزب، ئێمە ئەوەشمان رونكردەوە كە ئێستا ئۆپۆزسیۆنین لە كوردستان، ئۆپۆوسیۆنێكین بە تێڕوانین و تێگەیشتنی خۆمان، بە سیاسەت و بە مەنهەجی خۆمان ئۆپۆزسیۆنین، بەلای ئێمەوە ئۆپۆزسیۆن مانای ئەوە نیە كە ئێمە دژی ئەو حزبانە بین كە لەدەسەڵاتدان، یان دژی ئەو فراكسیۆنانەبین كە حزبەكانیان لەدەستەڵاتن، ئیمە ئۆپۆزسیۆنی حكومەتین. درەو میدیا: ئەو بۆچونە رونە كە ئێوە دەڵێن ئۆپۆزسیۆنی حكومەتن، نەك پارتە سیاسیەكان، بەڵام هۆكار چیە ئەمجارە جیاواز لە جارەكانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن بونتان، ئێوە دەڵێن ئۆپۆزسیۆنی حكومەتن نەك پارتە سیاسیەكان، لە كاتێكدا لە رابردوو ئێوە ئۆپۆزسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بوون. وەك لایەنێكی بەشدار لە حكومرانی و حكومەت؟ عەبدولستار مەجید: ئەو حاڵەت و روداوانەی كە لە رابردودا رویدا ئەگەر دوبارە ببێتەوە ئێمە هەمان هەڵوێست و هەمان قەناعەت و مامەڵەمان دەبێت، ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئێمە كاتێك ئۆپۆزسیۆنی حكومەت بین، ئەوا ئێمە قسە لەسەر حكومەت دەكەین و چاودێری كاروبارەكانی حكومەت دەكەین دیارە دەبێت پەنجە لەسەر كەموكوڕی و گەندەڵی و ناعەدالەتییەكان دابنێین ، ئەگەر ئێمە بەئەركی خۆمان هەڵساین ، دیسان حزب هاتە سەر خەت، بێ بەرگری لەو دامەزراوانە بكات كە ئێمە ئۆپۆزسیۆنی ئەو حكومەت و دامەزراوانەین، ئەوكات ئێمە ناچار دەبین ببینە ئۆپۆزسیۆنی حزبیش، ئێمە ئۆپۆزسیۆنی حزب نین بەڵام كاتێك حزب بێت پشتگیری گەندەڵی و ناعەدالەتی بكات پشتگیری قۆرخكاری بكات، ئێمە ئەو كاتە ناچارین، ئەو هەڵوێست و قەناعەتەی هەمانە بۆ حكومەت ئەوانیش دەگرێتەوە . درەو میدیا: كەواتا پێتان وایە شتێك لە خەسڵەتی پارتی دیموكراتی كوردستان گۆڕا بێت، بۆ ئەوەی ئێوە والێبكات تێگەیشتنێكی تر لەبارەی ئۆپۆسیۆن نەبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان بگرنە بەر؟ عەبدولستار مەجید: ئێمە نازانین گۆڕاوە یان دەگۆڕێت، ئێمە بینا لەسەر بڕیارێكی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەكەین كە لەدوای هەڵبژاردنەكان بڕیارماندا، پەیوەندییەكانمان ئاسایی بكەینەوە لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیەكان ئەگەر بەشداری حكومەتمان كرد، حاڵەتێك و ئەگەر بوینە ئۆپۆزسیۆنیش ئەوا حاڵەتێكی كەیە، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەمان كردووە، دەبێت بزانین ئەوانیش چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوبارودۆخە دەكەن، بۆیە لە داهاتوودا ئەمانە دەیسەلمێت، بەرای من زۆر زەحمەتە ئەم عەقڵیەتە كۆتایی بێت لە هەرێمی كوردستان ئەمە یەكێكە لە هەرە كێشە گەورەكانی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان بەیەكێك لە هۆكارەكانی شكستی حومكرانی و كە حزب هەمیشە دەستی لەكاروبارەكانی دامەزراوەكانی حكومەت وەرداوە و هەمەكارەبووە، خاوەن بڕیاربووە، بڕیاری بۆ پەرلەمان و حكومەت داوە بڕیاری بۆ سەرۆكایەتی هەرێم و قەزا داوە، بۆیە زەحمەتە واز لەو كارە بهێنن خۆ ئەگەر واز بهێنن، ئەوكات كێشەمان لەگەڵ حزب نیە. درەو میدیا: پێشتر هەوڵ هەبووە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی سەردانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بكات پێش ئەوەی ئێوە بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوون رابگەیەنن؟ بۆچی لەو قۆناغەدا ئەمیری كۆمەڵ سەردانی مەسعود بارزانی نەكرد، بەڵام لەكاتی ئۆپۆزسیۆن بوندا سەردانیكرد؟ عەبدولستار مەجید: تەنها لەپێناو ئەوە بووە كە خەڵكی كوردستان ئەوەی لەلا دروست نەبێت كە كۆمەڵی ئیسلامی لە هەڵوێستەكانی پەشیمان بۆتەوە، چونكە لەوكاتەدا ئەگەر ئەو سەردانە كرابایە، خەڵكی وای لێكدەدایەوە كە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بۆیە سەردانی مەسعود بارزانی كردووە بۆ ئەوەی ببرێتە حكومەت، ئەو قسەیە دەشكرا بەراستی، بۆیە ئێمە وتمان نەخێر ئەو سەردانە دوادەخەین بۆ كاتێكی گونجاو بۆیە بەرای مەكتەبی سیاسی ئەم سەردانە لە كاتێكی گونجاودایە، هیچ كاریگەریەكی لەسەر نەبووە، جگە لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، كارمان بەوە نەبووە كە ئێمە دەبینە ئۆپۆزسیۆن یان دەچینە حكومەت چونكە ئەمە كۆتایی پێهاتبوو، وە هیچ كێشەیەكی واشمان نەبوو كە كێشەیەكی ئانی بێت، تەنها باسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان كرا، باسی بارودۆخی كەركوك كرا، باسی پەیوەندی حزبەكان كرا. درەو میدیا: ئایا لە كۆبونەوەكە شتێكی وا باسكرا كە تا ئێستا ئێوە بۆ رای گشتیتان بڵاونەكردبێتەوە، بتانەوێت ئاشكرای بكەن؟ عەبدولستار مەجید: نەخێر كۆبونەوەیەكی زۆر ئاسایی بوو، پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد، ئەو هەوڵانەی كە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەند، باسی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان كرا، ئێمە هەوڵ ئەدەین هاوهەڵوێست بین بەتایبەتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك. درەو میدیا: دوای رێگری لە مەحمود سەنگاوی و روداوی تەقەكردن لە بارەگای حزبەكان لە سلێمانی و هەولێر، چەند ئومێدت ماوە بە گۆڕانكاری لە عەقڵیەتی حزبەكاندا؟ عەبدولستار مەجید: ئومێدمان زۆر لاوازە ئێمە هەمیشە وتومانە ئەم دامەزراوانەی حكومەتی هەرێم دامەزراوەی راستەقینە بن، بەرئەركەكانی خۆیان هەڵستن، دووربن لە دەستوەردانی حزب و پاشخانی كێشە حزبیەكانی رابردوو بەڵام بەداخەوە ئەم دامەزراوانەی هەرێم وەك كەڵەكی سەرئاو وایە، كەڵەكێك چەند بەردێك دادەنێیت لەناو ئاو بەڵام كە شەپۆلێكی بەهێز دێت دەیروخێنێت، ئەو لێكتێگەیشتن و رێككەوتنانەی لە هەرێمی كوردستانیش هەیە بەشێكی بۆ ئەوەیە كە دەستی حزب بەهێز بكات لە حكومەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان من پێم وایە ئەمە كۆتایی پێنەهاتووە چەندین رێگریش بەتایبەت رێگری لە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و تەقەكردن لە بارەگاكانی یەكتر، ئەگەر رێككەوتنەكان لەسەر بناغیەكی بەهێز بن، روداوەكان بەو ئاراستەیە نابن كە مەترسی دوو ئیدارەیی درووست ببێتەوە. درەو میدیا: ئەی چەند مەترسی لەسەر كۆمەڵی ئیسلامی هەیە، بەتایبەت پێشتر فشارتان لەسەر بوو تەقە لە بارەگاكانتان كرا؟ تا ئێستا چەندین ئەندامی ئێوە بێسەرو شوێنن ئازاد نەكراون؟ چارەنووسیان دیارنیە؟ ئەم مەترسیانە هێشتا چەند بەهێزن لەسەر ئێوە؟ عەبدولستار مەجید: مەترسیەكان نەك لەسەر كۆمەڵی ئیسلامی مەترسیەكان لەسەر ئەزمونی هەرێمی كوردستانیشە، مەترسیەكان لەسەر تاك بە تاكی هاوڵاتی هەرێمی كوردستانە، ئەو مەترسیانە هەیە بەڵام ئێمە لە رابردوودا ئەو قۆناغانەمان تێپەراندووە، درەو میدیا: ئێوە مەترسی ئەوەتان هەیە ئەو حاڵەتانە دوبارە بنەوە بەرامبەر بە كۆمەڵی ئیسلامی بەتایبەت ئەوانەی رابردوو هیچیان نەگەیشتنە ئەنجام ؟ عەبدولستار مەجید: ئومێدەوارم ئەوەی لە رابردوو بینیمان چ لەشەڕی ناوخۆ چ لە دوو ئیدارەیی، هەوڵدان بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵكی دوبارە نەبێتەوە، دەخوازین ئەو روداوانەی كە لە نێوان پارتی و یەكێتیش روودەدەن نەیگەیەننە روداوی نەخوازراو هێز كۆبكەنەوە، ئەوان كە باسی یاسا و دادگا دەكەن فەرموون با كێشەكانی خۆیان ببنە بەردەم یاسا و لە دادگا یەكلای بكەنەوە ، پێم وایە بارودۆخ و روداوەكان بە شێوەیەكە كە رێگە نادەن ئەو روداوانە دووبارە ببنەوە، وە ئەگەر دووبارە ببێتەوە زیانی زۆر گەورە دەكەن. درەو میدیا: دەرئەنجام و باسی گۆنگرەی كۆمەڵی ئیسلامی بە كوێ گەیشتووە؟ عەبدولستار مەجید: ئێمە هەوڵەكانمان بەردەوامە بۆ كاركردن لەسەر رێوشوێنەكانی كۆنگرە پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێ لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە درووستكراوە، بڕیار وایە لەم مانگەدا كۆبونەوەكان لە مەڵبەندەكان بكرێت كە ئەوە قۆناغی یەكەمە، قۆناغی دووەم دەستپێكردنی كۆنفرانسە ناوچەییەكانە، ئامادەبونە بۆ بەستنی كۆنگرە. درەو میدیا: هیچ جۆرە ململانێیەك لەسەر كۆنگرە رویداوە، بەجۆرێك باس لە دوو بۆچونی دەكرێت، جۆرێكیان داوای ئۆپۆزسیۆنی توند دەكەن و جۆرێكیشیان داوای بەنەرمی مامەڵەكردن دەكەن لەگەڵ ئەو حزبانەی لە حكومەتن، ئەو دوو دیدگایە چۆن جێگەیان دەبێتەوە؟ عەبدولستار مەجید: جارێ پێویستە بۆ هەموولایەك رونبێتەوە، كە ململانێیەكمان نیە لە ئێستادا، وەك باسی دەكەیت لە وادەی نزیك بونەوەی گۆنگرە، هەمیشە بڕیارو هەڵوێستەكانمان بە راوێژ بووە، راوێژكردن یەكێكە لە سەرەكیترین بنەمای بڕیاردان، ئێمە بڕیارمانداوە كە ئۆپۆزسیۆن بین كاتی خۆی مەكتەبی سیاسی بریاریدا بۆ بەشداری لە كابینەی هەشتەم ، ئێمە لە مەكتەبی سیاسی بڕیارمانداوە كە بە عەقڵ و تێگەیشتنی خۆمان لەم كابینەیە ببینە ئۆپۆزسیۆن نەك بە تێروانینی كەسی دیكە، ئۆپۆزسیۆن بۆخۆی كۆمەڵێك مەبادیئی خۆی هەیە كە پابەند دەبین پێیەوە، ئێمە لە ئێستادا هیچ كێشەیەكمان نیە لەو رووەوە ئێمە نە ئەوەیە هەندێك نەرم مامەڵە بكات و هەندێكی تر توند بەڵكو مامەڵەیەكی میانڕەو دەكەین لە ساحەكەدا، ئێمە بەزۆرینە لە مەكتەبی سیاسی ئەوەمان چەسپاندووە كە ببینە ئۆپۆزسیۆن رەنگە كەمینەیەكیش هەبوبن دژی بوون بەڵام دەبێت پەیوەست بن بە زۆرینەوە. درەو میدیا: ئەوەی حكومەت لە سەرەتاوە بانگەشەی چاكسازی دەكرد پێتان وایە چەندی جێبەجێكراوە، ئایا حكومەت لە ماوەی ئەم چەند مانگە توانیویەتی چاكسازی بكات؟ عەبدولستار مەجید: بەڕای ئێمە نەخێر نەیتوانیوە چاكسازی ئەنجام بدات، بەڵام جارێ زووە ئەو بڕیارە بدەین كە ئەم حكومەتە شكستی هێناوەو چاكسازی پێناكرێت،بەڵام ماوەی زیاتر لە دوو مانگە ئەم حكومەتە پێكهاتووە شتێكی زەق و گەورە نەبینراوە كە ئەنجامی دابێت، كوردەواری خۆشمان دەڵێت شەوە زەنگ لە ئێوارەوە دیارە، ئێمە ئومێدمان وایە بتوانێت چاكسازی بكات گەندەڵی نەهێڵێت قۆرخكاری بنەبڕبكات، بەڵام ئێمە ئەمە بەزەحمەت دەبینین تا دەسەڵاتی ئەم دوو هێزە بەسەر هەرێمی كوردستانەوە زاڵ بێت، هەروەك پەندە عەرەبیەكە دەڵێت:( سێبەر چۆن راست دەبێت گەر دار خوار بێت). درەو میدیا: ئەگەر چاكسازی نەكرێت و ئەم بارودۆخە هەر بەردەوام بێت ئێوە بانگهێشتی مەسرور بارزانی دەكەن بۆ پەرلەمان؟ دەنگی بۆ كۆ دەكەنەوە؟ عەبدولستار مەجید: هەڵبەت ئێمە هەموو رێكارە یاساییەكان كە لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە بۆ چاودێریكردنی حكومەت و كاروبارەكانی حكومەت دەیگرینەبەر هەرلە پرسیارپێكردن كە ئێمە چەند جار پرسیارمان ئاراستەی وەزارەتەكانكردووە، هەوڵماندووە تا پرسیاركردن و بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیرەكان، خۆ ئەگەر بە ئەركی خۆیان هەڵنەستان ئێمە بۆ رای گشتی بڵاودەكەینەوە.
درەو میدیا: كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لایەنە سیاسیەكان لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی كۆدەبنەوە و بڕیاری كۆتایی دەدەن لەسەر لۆگۆ و سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە جێناكۆكەكان. بە پێی زانیارییەكانی( درەو میدیا) عەبدولڕەحمان مستەفا داوای كردووە ئەمڕۆ بۆ ماوەی 10 خولەك بەشداری لە كۆبونەوەی لایەنەكاندا بكات، بەڵام خواستی خۆی نەشاردۆتەوە بۆ رەزامەندی نواندن لەسەر داوای لایەنەكان بۆ سەرۆكایەتی قەوارەی هاوپەیمانی كوردستانی. لە یەكەم كۆبونەوەی لایەنە سیاسیەكاندا لە هەولێر پێشنیازی دانانی عومەر سیەد عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كرابوو بۆ سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی كوردستانی، بەڵام عومەر سەید عەلی رەتیكردبوەوەو رایگەیاندبوو كە پێویستە كەسێكی خەڵكی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان بكرێتە سەرۆكی قەوارەكە زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوەش دەكەن نیەتێك هەیە لای هەندێك هێزی سیاسی كە دواجار عەبدولڕەحمان مستەفا بكرێتە سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ پارێزگای كەركوك . لە دوو كۆبونەوەی رابردوویان لە شاری هەولێر، لایەنەكان لەسەر یەك لیستی رێككەوتن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە جێناكۆكەكان. • مخەوەل( رێپێدراو)ی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە كەركوك بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بێت. • مخەوەل( رێپێدراو)ی گشتی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە ناوچە كوردستانیەكان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان • مخەوەل( رێپێدراو)ی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بێت.
درەو میدیا: " هۆكاری دەست بەكارنەبوونی كاندیدی پارێزگاری كەركوك تەنها پارتیە كەس كێشەی نیە تەنها پارتیە ڕێككەوتنەكان جێ بەجێ ناكات "ئەمە وتەی قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە كە بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە. قادر عەزیز پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمەتبار دەكات لەسەر جێبەجێنەكردنی رێككەوتنامەكانی نێوانیان" یەكێتی كێشەی نیە، كەس كێشەی نیە تەنها پارتیە ڕێككەوتنەكان جێ بەجێ ناكات و هۆكاری دەست بەكارنەبوونی كاندیدی پارێزگاری كەركوك تەنها پارتیە بەداخەوە ئەمە ئاماژەیەكی خراپە و بۆ خۆیان زیان دەكەن ئەگەر وابێت لەمەودوا هیچ متمانەیەك بە ڕێككەوتنەكان نامێنێت وە یەكێتیش دەبێت بڕیاری خۆی بدات ئەگەر پارتی پابەندی ڕێككەوتنەكان نەبێت ، چونكە یەكێتی لەسەر بنەمای ئەو ڕێككەوتنانە بەشداری لەحكومەت كردووە نەك لەسەر بنەمای تر." ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیگەرانی حزبەكەی لە دانانی ئەو یاریدەدەرانەی مەسرور بارزانی دەردەبڕێت "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی حكومەت خەریكە چەندین یاریدەدەر بۆ خۆی دادەمەزرێنێت لەسەر حسابی یەكێتی و گۆڕان، بەڕاستی یەكێتی و گۆڕان نیگەرانن لەم هەڵسوكەوتە وە پێمان باشە بۆ ئەوە "میسداقیەتە" لەنێوانماندا بمێنێت بۆ ئایندەش ئێمە پابەندی ڕێككەوتنەكان بین، ئەو ڕێككەوتنانەی حكومەتی لەسەر دامەزراوە، ئەو ڕێككەوتنەی پارێزگاری كەركوك، پارتی پابەندی ڕێككەوتنەكان بێت، وە حەزدەكەم بزانی بەشداری یەكێتی لەحكومەت لەسەر بنەمای ئەم ڕێككەوتنانەیە ." بە وتەی قادر عەزیز قوباد تاڵەبانی نیگەرانی خۆی گەیاندۆتە یەكێتی "بەڵێ، بەڵێ، پێی وتوین و نەیشاردۆتەوە كە تا ئێستا وەك پێویست دەسەڵاتەكانی نەدراوەتێ، "كاك قوباد" ئەمەی بە بەمەكتەبی سیاسی وتووە و مەكتەبی سیاسی لەو بارەیەوە بڕیار دەدات وە بەڕاستی ئەمە ئاماژەیەكی خراپە، وە یەكێتی ناتوانێت تاسەر بێدەنگ بێت، ئەگەر خەڵكەكەی دەسەڵاتی نەبێت لەناو حكومەت كەواتە یەكێتی چی دەكات لەناو حكومەت؟. ئاشكراشیكرد" بڕیارە لەهەفتەی داهاتوو پارتی و یەكیتی كۆببنەوە ئەم مەسەلانە یەكلایی بكەنەوە كە پارتی بۆچی پابەندی ڕێككەوتنەكان نابێت و لەسەر چ بنەمایەك ئەم ڕێككەوتنانە كراوە؟ ." قادر عەزیز ئەوەشی وت" ئەم سیاسەتەی پارتی هەڵەیە دەیكەن و زیان بە خۆیان و حكومەتەكەی خۆیان دەگەیەنن، یەكێتی هێزی سەرەكیە لەبەشداری كردنی لەم حكومەتەدا، ئەوان دروشمی كوردستانی بەهێزیان بەرز كردۆتەوە، ئایا بەم شێوەیە كوردستان بەهێز دەبێت؟ بەم شێوەیە حكومەتەكە بەهێز دەبێت؟ ئەمە بۆ خۆیان خراپە." بڕیاری كشانەوە لە حكومەت دەدەن؟ قادر عەزیز وتی" نا ئێستا زووە بۆ ئەو بریارە ، بەڵام بە دڵنیاییەوە یەكێتی بەبێ دەسەڵاتی لەم حكومەتە بەردەوام نابێت." سەبارەت بەیەك لیستی حزبە كوردیەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت " یەك لیستی كوردی لەناوچە جێناكۆكەكان پێشنیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو لایەنەكانی تریش ڕازی بوون، چونكە بەلای یەكێتیەوە یەك لیستی كورد لەو ناوچانە گرنگە چونكە ئەو ناوچانە ناوچەی جێناكۆكن و تا ئێستا یەكلایی نەبۆتەوە بۆیە پێویستە كورد زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێنیت یا لانی كەم، دەنگی كورد كەم نەكات ، یەكێتی لەو ڕوانگەیەوە داوای یەك لیستی كردووە، خۆشبەختانە هەموو لایەنەكان گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە ئەم یەك لیستیە پێویستە تا بتوانین زۆرینەی دەنگی نەك كورد بەڵكو دەنگی غەیرە كوردیش بەدەست بهێنین، ئێستا تەنها ماوەتەوە سەر لۆگۆ و دیاریكردنی سەرۆكی لیست و ناوی كاندیدەكان بۆیە وەك ئاماژەم پێی كرد بەرژەوەندی كورد لەوەیە كە زۆرترین كورد بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا بكات." قادر عەزیز جەختییكردەوە یەكێتی هەمان جەماوەری پێش 16ی ئۆكتۆبەری هەیە، لەو ڕوەوە وتی" یەكێتی سەنگ و قورسایی پێش 16ی ئۆكتۆبەری ماوە ئەگەرنا چۆن شەش كورسی دەهێنا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا." ئەگەر خەڵك پێی وابێت یەكێتی لەكەركوك خیانەتی لێكردوون ئەی بۆ ئەو هەموو دەنگەی پێدەدەن بۆ دەنگیان بە هیچ حیزبێكی تر نەدا؟ ئەمە تۆمەتێكە لە ئەنجامی شكستی ڕیفراندۆم ، چونكە ئەوانەی ڕیفراندۆمیان كرد تا خۆیان لە بەرپرسیارێتیەكە بدزنەوە و شكستی خۆیان دابپۆشن دەڵێن یەكێتی خیانەتی كردووە ، بەڵام ئەوە قەناعەتی میللەتی ئێمە نیە ئەوەی كەركوكی بەجێ نەهێشت وە ئەو ناوچانەی بەجێنەهێشت تەنها یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو لەبەر ئەوە خەڵك بەچاوی خۆی لە "ئەرزی واقیعدا" ئەم شتانە دەبینێت و گوێ نادات بەم پڕوپاگەندانە، یەكێتی دڵنیایە لەوەی كە دەنگی جارانی پێشوو پێش 16ی ئۆكتۆبەر دەهێنێتەوە لەكەركوك، خۆ ئەگەر خۆشی ئەم دەنگە نەهێنێتەوە لیستی كوردی ئەم دەنگە دەهێنێتەوە، لیستی كوردی بۆ یەكێتی گرنگە ، چونكە مەسەلەكە بەرژەوەندی یەكێتی خۆی نیە ، بەڵكو زیاتر بەرژەوەندی كوردە لەم ناوچانە."
درەو میدیا: بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدی بەشێك لە پۆستەكانی دیكەی یەكلاكردۆتەوەو هەفتەی داهاتوو رادەستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان دەكات. هێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە( درەو میدیا)ی راگەیاند: بڕیارە هەفتەی داهاتوو بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدی بریكاری وەزارەتەكانی ( شارەوانی، كارەبا، ناوخۆ ، پەروەردە)، سەرۆكی دەستەی داهاتە نەوتییەكان، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، رادەستی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات. هێمن شێخانی ئاماژە بەوەش دەكات" بەپێی رێككەوتنی پارتی و گۆڕان تا 15ی مانگی داهاتوو زۆربەی پۆستەكان یەكلادەكرێتەوە" بەپێًی بڕیاری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی كاندیدی وەزیر و پۆستەكانی دیكەی بزوتنەوەی گۆڕان دراوتە دەست عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆیە لە هەفتەی داهاتوودا عومەری سەید عەلی كاندیدی ئەو پۆستانە یەكلادەكاتەوەو ئاراستەی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دەكات. بەركەوتی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان: • جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان/ مستەفا سەید قادر • وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن/ دانا عەبدولكەریم • وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی/ كوێستان محەمەد • وەزارەتی داراییو ئابوری/ ئاوات شێخ جەناب • وەزارەتی بازرگانی/ كەمال موسلیم • بریكاری وەزیری ناوخۆ • بریكاری وەزیری كارەبا • بریكاری وەزیری پەروەردە • بریكاری وەزیری شارەوانیەكان • سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان • یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆكاروباری چاكسازی • ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە • سێ نوێنەرایەتی دەرەوە • ئەندامێكی ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان • 12%ی راوێژكارەكان • 12%ی بەڕێوەبەر گشتییەكان
درەو میدیا: لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی حزبە كوردستانیەكاندا پشنیازی عەبدولڕەحمان مستەفا دەكرێت بۆ سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە كۆبونەوەی دوێنێی حزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم، رزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێشنیازی ( عومەر سەید عەلی) رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات بۆ سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی كوردستانی، بەڵام دوای ئەوەی عومەری سەید عەلی وەڵامی پێشنیازەكە ناداتەوە، بۆیە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا پێشنیازی رێبوار تاڵەبانی دەكرێت بۆ سەرۆكی قەوارەكەو لەلایەن یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە رەت دەكرێتەوە، دواتر بە رەزامەندی هەموو ئەندامانی ئامادەبووی حزبە سیاسیەكان پێشنیازی عەبدولڕەحمان مستەفا دەكرێت بۆ سەرۆكی قەوارەكە، دوای ئەوەی پەیوەندی پێوە دەكرێت، پێیان رادەگەیەنێت، كە سبەی وەڵامیان دەداتەوە. بڕیارە رۆژی سێشەمەی داهاتوو لایەنە سیاسیەكان لە مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕان كۆببنەوەو تیادا بڕیاری كۆتایی لەسەر سەرۆكی قەوارەكەو لۆگۆی ( لیستی هاوپەیمانی كوردستانی ) دەدرێت. لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا بڕیاردرا: • مخەوەل( رێپێدراو)ی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە كەركوك بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بێت. • مخەوەل( رێپێدراو)ی گشتی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە ناوچە كوردستانیەكان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان • مخەوەل( رێپێدراو)ی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بێت.
درەو میدیا: بەرێوەبەرو ئەفسەرانی پاسپۆرتی سلێمانی رەتی دەكەنەوە ئاگاداری بڵاوكردنەوەی ئەو نوسراوە بن كە ئاراستەی بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتیان كردووە سەبارەت بەو نیگەرانیانەی كە لە بەڕیوەبەری پاسپۆرتی سلێمانیان هەبووە. لە نوسراوێكی فەرمیدا كە ئاراستەی ( درەو میدیا) كراوە، بەرێوەبەرو 9 ئەفسەری بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی رایدەگەیەنن" ئێمە ئاگاداری بڵاوكردنەوەی ئەو راپۆرتە نین كە لە رۆژی 22/8/2019 لە سايتی درەو میدیا بڵاوكراوەتەوەو ئەو بۆچونەمان نیە، واباشتر بوو بۆ ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی پشتراستی ئەو هەواڵەتان بكردایەتەوەو دوای رەزامەندیمان بڵاوتان بكردایەتەوە". بەرێوەبەری نوسینگەی پاسپۆرتی سلێمانی و ئەو 9 ئەفسەرە نوسیویانە " ئەو راپۆرتە هەموو سنورێكی رۆژنامەوانی بەزاندووە لەبەر ئەوەی ناوزڕاندنتان بۆ كردووین" لە بەرواری 22/8/2019 ( درەو میدیا) نوسراوێكی 10 ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی بە واژووی خۆیانەوە بڵاوكردەوە كە ئاراستەی حاكم قادر بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتیان كردبوو، باسیان لەگەندەڵی و نیگەرانیەكانیان كردبوو لە بەرێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، درەو میدیا وەك پەیوەست بوون بە ئیتیكی رۆژنامەوانیەوە، سەرەڕای ئەوەی نوسراوەكەی وەك خۆی بە واژووی خۆیان بڵاوكردەوە لێدوانی لایەنی پەیوەندیداریشی بۆ وەرگرتبوو كە عەمید سالار عەبدوڵایەو بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانییە، ناوەڕۆكی تۆمەتەكانی رەتكردەوە و رایگەیاند"ئەوان سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراقنو بەپێی یاسا بۆیان نییە لێدوان بدەن".
(درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی ئاگاداركردوەتەوە بەهیچ شێوەیەك قسە لەسەر دۆسیەی نەوت نەكاتو رەخنە لەو كەرتە نەگرێت. سەرچاوەیەكی باڵا لەناو پارتی بە (درەەو میدیا) راگەیاند، حزبەكەی لەسەر ئاستی باڵا پەیامی بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناردووە كە خۆی لە قسەكردن لەبارەی دۆسیەی نەوتو پرسی شەفافیەت لەو كەرتەدا بەدوربگرێت. سەرچاوەكە وتی:" پارتی بەفەرمی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاگاداركردووە لەوەی، كە پارتی مانگانە پشكی نەوت رادەستی یەكێك لە بەرپرسانی باڵای یەكێتی دەكات، بۆیە یەكێتی مافی ئەوەی نییە لەسەر دۆسیەی نەوت رەخنە لە پارتیو حكومەت بگرێت". بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكە، پارتی بۆ دڵنیاكردنەوەی بەرپرسانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، تەنانەت ژمارەی بانكیی ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئاشكراكردووە كە مانگانە بڕی (25) ملیۆن دۆلار بە نوێنەرایەتی یەكێتی لە پشكی نەوتی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت. سەرچاوەكە باسی لەوەكرد، ئەو بانكەی كە بەرپرسەكەی یەكێتی ژمارە حسابییەكەی تێداكردووەتەوە، بانكێك لە شاری دوبەی ئیماراتی عەرەبیو ئێستا كۆی پارەی كەڵەكەبووی نەوتی یەكێتی لەو بانكە گەیشتووەتە (ملیارێكو 250 ملیۆن) دۆلار، بەڵام زۆرینەی سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاگاداری ئەو ژمارە بانكییە نین. ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی نیشتمانی كە بڕیارە كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرە بكات، ماوەی شەش مانگە لەڕێگەی لیژنەیەكی (3) كەسییەوە خەریكی كۆكردنەوەو رێكخستنەوەی سەرچاوەكانی دارایی حزبە، لەوچوارچێوەیەشدا بوو ژمارەیەك دەزگای میدیایی سەربە كارەكتەرەكانی یەكێتی سەرچاوەی داراییان راگیراو بەوهۆیەوە داخران.
درەو میدیا: مەسرور بارزانی جگە لە جێگری سەرۆكی حكومەت پێنج یاریدەدەر بۆ خۆی دیاری دەكات، بەم هەنگاوەش كابینەكەی دەبێتە كابینەی یاریدەدەر. جیاواز لە كابینەكانی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمدا ( یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت) وەك پۆستێكی نوێ و بە ژماریەكی زۆر دیاریكراوە، كە ئەمەش لە گفتوگۆ و رێككەوتنی نێوان لایەنەكاندا بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان باس نەكراوەو رێككەوتنی لەسەر نەكراوە، تەنها رێككەوتن لە سەر جێگری سەرۆكی حكومەت( قوباد تاڵەبانی ) كە لە پشكی یەكێتی دەبێت، یاریدەدەرێك بۆ سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، ئەویش دوای دەركردنی یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستان لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت. بەڵام تا ئێستا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی بۆ چوار یاریدەدەر دەركردووە، بۆ كاروبارەكانی ( وزە، وەبەرهێنان و راژەی گشتی، تەندروستی، دارایی و ئابوری)، فەرمانەكان راستەوخۆ لەلایەن مەسرور بارزانیەوە دەركراوە بەبێ رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی بەشدار لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بریتین لە: • ئاشتی هەورامی یاریدەدەرێك بۆ كاروباری وزەو سامانە سروشتیەكان • رێباز حەملان یاریدەدەرێك بۆ كاروباری وەبەرهێناو راژەی گشتی • محەمەد حاجی یاریدەدەرێك بۆ كاروباری تەندرووستی • د. رانیا مەجید یاریدەدەرێك بۆ كاروباری ئابوری • یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی كە پشكی بزوتنەوەی گۆڕانەو هێشتا دیاری نەكراوە بەپێی زانیارییەكانی(درەو میدیا) هەریەك لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزتنەوەی گۆڕان نیگەرانن لە دیاریكردنی ئەو ژمارە زۆرەی یاریدەدەر بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێیان وایە سەرەڕای ئەوەی لە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتدا گفتوگۆ لەسەر یاریدەدەرەكانی سەرۆكی حكومەت نەكراوە، لە هەمانكاتدا ئەو لایەنانە گومانیان هەیە كە دیاریكردنی ئەو یاریدەدەرانە بۆ سنورداركردنی دەسەڵاتی وەزیرەكانیان بێت لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
درەو میدیا: مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ژنێك دەكاتە یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری ئابوری. سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند: هاوكات لەگەڵ دەركردنی فەرمانی دەستبەكاربوونی محەمەد حاجی وەكو یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری تەندرووستی، مەسرور بارزانی فەرمانی بۆ( د. رانیا مەجید ) دەركردووە وەك یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری ئابوری بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) د. رانیا مامۆستایە لە زانكۆی ئەمریكی لەدهۆك و دكتۆرای لەبواری ئابوریدا هەیە. تا ئێستا بەفەرمی مەسرور بارزانی چوار یاریدەدەری بۆخۆی دەستنیشانكردووە كە بریتین لە: • ئاشتی هەورامی یاریدەدەرێك بۆ كاروباری وزەو سامانە سروشتیەكان • رێباز حەملان یاریدەدەرێك بۆ كاروباری وەبەرهێناو راژەی گشتی • محەمەد حاجی یاریدەدەرێك بۆ كاروباری تەندرووستی • د. رانیا مەجید یاریدەدەرێك بۆ كاروباری ئابوری • ئەمە سەرەرای یارێدەدەرێك بەناوی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، كە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە.
درەو میدیا: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پۆستەكانی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕ دەكاتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) یەكێتی چەند كاندیدێكی یەكلاكردۆتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی بریكاری وەزارەتەكان ( د. سۆران جەمال تاهیر) بۆ بریكاری وەزیری تەندروستی، ( سەردار محەمەد غەفور) بۆ بریكاری وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان، ( لیوا چەتۆ ساڵح) بۆ بریكاری وەزیری ناوخۆ، كە بە فەرمانێكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەلال شێخ كەریم لە پۆستی بریكاری وەزیری ناوخۆ خانەنشینكرا، ( حاجی مەسیفی) بۆ سەرۆكی دەستی مین. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) یەكێتی چەند كاندیدێكی یەكلاكردۆتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی بریكاری وەزارەتەكان ( د. سۆران جەمال تاهیر) بۆ بریكاری وەزیری تەندروستی، ( سەردار محەمەد غەفور) بۆ بریكاری وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان، ( لیوا چەتۆ ساڵح) بۆ بریكاری وەزیری ناوخۆ، كە بە فەرمانێكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەلال شێخ كەریم لە پۆستی بریكاری وەزیری ناوخۆ خانەنشینكرا، ( حاجی مەسیفی) بۆ سەرۆكی دەستی مین.
درەو میدیا: " ڕیفراندۆم پڕۆسەیەكی هەڵەبوو، وەك شتێك بوو "عەشایەرانە" كرا، لەگەڵ ئەوەم لە ئێستاوە كاربكەین بۆ ئامادەكاری كردن بۆ ڕیفراندۆمێكی حەقیقی" ئەمە وتەی بەهار مەحمود پەرلەمانناری بزوتنەوەی گۆڕان كە بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە. بەهار مەحمود ریفراندۆم بە پرۆسەیەكی هەڵە ناو دەبات" ڕیفراندۆم پڕۆسەیەكی هەڵەبوو بەڵام مانای ئەوەنیە ئێمە لەگەڵ ڕیفراندۆم نین بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەڵام ڕیفراندۆم كارتێكی ئەوەندە ئاسان نیە كە هەموو ساڵێك جارێك یا دووجار بێیت یاری پێبكەیتت و دووبارەی بكەیتەوە و دووبارەی بكەیتەوە دەبێت ژینگەی خۆی بۆ ئامادەبكەیت من لەگەڵ ئەوەم كە لە ئێستاوە كاربكەین بۆ ئامادەكاری كردن بۆ ڕیفراندۆمێكی حەقیقی كە مەبەستەكەی سەربەخۆیی كوردستان بێت" ئەو پەرلەمانتارەی بزوتنەوەی گۆڕان بەكارهێنانی كارتی ریفراندۆم بە هەڵە ناو دەبات" ئەو ڕیفراندۆمەی تر كارتێك بوو بەكارهێنرا و سوتێنرا بەمەبەستی شاردنەوەی چەند كێشەیەك بوو لەوكاتەدا بەمەبەستی شەخسی بوو ئیتر بەهەر مەبەستێك بوبێت یا بەهەڵە بوو كە لەوانەیە بەهەڵە كاتەكەیان هەڵبژاردبێت "ئەلموهیم" ڕاست نەبوو." بەهار مەحمود پرۆسەی ریفراندۆم بە كارێكی عەشایەری لەقەڵەم دەدات"لەڕاستیدا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردی یەكێكە لە ئامانجەكانی هەموو كوردێك بەڵام ئامانج جیایە وە ئەوەی لە واقیعدا هەیە جیایە، ئەوەی كە كرا لەهەرێمی كوردستان من پێشتر هەموو ئەنجامەكانیم وەك خۆی پێشبینی كردبوو، چونكە ئامادەكاری بۆ نەكرابوو كات و ئامادەكارییەكەی پێویست نەبوو خۆی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی پێویستی بە ژینگەیەكە كە لەڕووی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی و هەرێمیەوە ئامادەكاری بكەیت ئنجا دەست پێبكەیت، جگەلەوەی كەدەبێت لەناوخۆدا لەڕێگای دامەزراوە دەستورییەكانەوە كە پەرلەمانە ئەنجام بدرێت ئەمانە هیچی نەكرابوو وەك شتێك بوو "عەشایەرانە" كرا ئەوەبوو لە 51%ی خاك لەدەست درا دۆخی كورد زۆر زۆر هاتۆتەوە دواوە خۆی كورد سێ- چوار كێشەی هەیە لەبەغداد، كێشەی خاك، نەوت، بودجە، پێشمەرگە، شەراكەتی ڕاستەقینەیی) ئەگەر سەیر بكرێت كێشەی خاك كە هەرە كێشە گەورەكانە بەیەكجار هاتۆتەوە دواوە سەیری ڕیفراندۆم بكرێت كورد لەناوچە دابڕێنراوەكان چەند "موسەیتر" بوون بەڵام ئێستا هەمووی لەدەست دراوە." سەبارەت بە دەنگدانی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە بەڵی بەهارمەحمود رونی دەكاتەوە"یەكەمین شت دەنگدانی "بەڕێز ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان" ئەوە بۆچونێكی شەخسی "جەنابی "بوو ، ئەوە بزوتنەوەی گۆڕان نەبوو كە بەڕۆژێكی مێژووی ناوی برد و بە "بەڵێ" دەنگیدا بەڵام بەو شێوەیەی ئەو "ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان" هەموو جەستە و ژیانی خۆی بۆ خەبات و خزمەتی كوردستان پێشكەشكردووە ئاساییە و مافی خۆیەتی بەوشێوەیە سەیری ڕیفراندۆم بكات و گوزارشتی لێبكات بەڵام هەڵوێستی فەرمی بزوتنەوەی گۆران هەڵوێستەكەی جڤاتی گشتی بزوتنەوە گۆڕان بوو كە وتی" دەنگدەرانمان ئازاد دەكەین كەچۆن دەنگدەدەن بە ڕیفراندۆم "بە بەڵێ یاخود بە نەخێر" وە من هەڵوێستی خۆم چەند مانگێك پێش ڕیفراندۆم ڕاگەیاندووە."