لەناو لیستی ساختەكارەكانی خوێندنی باڵادا پەرلەمانتار هەیە
2021-03-17 13:26:38
راپۆرت: درەو
نزیكەی (30) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بەپێچەوانەی یاساوە هاوكات لەگەڵ كاری پەرلەمانتاریدا، سەرقاڵی خوێندنی باڵان، یەكێك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ناوی لە لیستی دەیان كەسی تردایە كە بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزیان بۆ خوێندنی باڵا ساختە كردووە، بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی دەست (درەو) كەوتووە، ژمارەیەكی زۆری خوێندكارانی خوێندنی باڵا ساختەكاریان كردووە.
نوسراوی سەر تابلۆكە !
ساڵی 2019 لەسەر تابلۆی ئاگاداركردنەوە لە كۆلیژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین لیستێك هەڵواسرا، ئەم لیستە ناوی ژمارەیەك قوتابی خوێندنی باڵای تێدا بوو كە بۆ خوێندنی ماستەرو دكتۆرا، بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزییان ساختە كردبوو.
ئەم لیستە دوای چەند رۆژێك لەسەر تابلۆی كۆلیژی ئاداب لابرا، بەپێی ئەوەی لەناوەڕۆكی نوسراوەكەدا هاتووە، ئەم كەسانە بەهۆی ساختەكارییەوە لەلایەن زانكۆی سەلاحەدینەوە خراونەتە لیستی رەشەوەو مافی خوێندنیان لە هەموو زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لێوەرگیراوەتەوە.
ساڵی 2016 وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان، بوونی بڕوانامەی جیهانیی لە زمانی ئینگلیزیدا كرد بە مەرج بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە خوێندنی باڵا (ماستەرو دكتۆرا)، ئیتر ئەو كاتەوە چەندین جۆری فیڵو ساختەكاری بۆ بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە سەریهەڵدا، بەشێك لە مامۆستایانی زانكۆو قوتابیانی خوێندنی باڵا پەنایان برد كڕینو ساختەكردنی بڕوانامەی جیهانیی زمانی ئینگلیزی بەتایبەت (ئایەلسو تۆیفڵ).
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لە كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێمدا كە یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا بووە، سەدان كەس لە خوێندنی باڵادا بڕوانامەی توانستی زمانیان ساختە كردووە، بەڵام وەزارەتو زانكۆكان بەشێكی زۆری لیستی ساختەكارەكانیان شاردوەتەوە.
مامۆستای زانكۆ حەسانەی نیە، بۆیە لەڕووی یاساییەوە وەكو فەرمانبەر مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، تاوانی ساختەكاری تەنیا لە یاسای سزادانی عێراقیدا لەماددەكانی (289 و 298)دا رێكخراوە، بەپێی ئەم یاسایە، كەسی ساختەكار لە كارەكەی دەردەكرێتو جارێكی تر مافی دامەزراندنەوەی نییە، خۆ ئەگەر لەسەر ساختەكارییەكەی دادگا حوكمی لەسەر بدات، لەسەرو پێنج ساڵەوە زیندانیی دەكرێت.
پەرلەمانتار لە لیستی ساختەكاراندا !
(درەو) نوسراوێكی تری وەزارەتی خوێندنی باڵای لە كابینەی پێشوودا لەبەردەستدایە، كە جەخت لەسەر ئەوە دەكات بۆ ساڵی خوێندنی (2016- 2017) لە زانكۆی سەلاحەدین لە هەولێر، (24) قوتابی خوێندنی باڵا لە ماستەرو دكتۆرا، بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزییان ساختە كردووە، یەكێك لەوانەی كە ناوی لە لیستەكەدا هاتووە (بەهمەن كاكە عەبدوڵا)یە كە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان.
پەرلەمانتارو خوێندنی باڵا
بابەتەكە تەنیا ساختەكاری نییە، بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو ئەنجومەنی شورای هەرێم، پەرلەمانتارانی كوردستانو عێراقو خاوەن پۆستو پلە تایبەتەكان لە وەزارەتەكانو فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم، لەوكاتەی لە پۆستەكانیاندان، بۆیان نیە، پێشكەشی خوێندنی باڵا بكەن، چونكە لەیەك كاتدا هەردوو كارەكە پێكەوە ناكرێت.
بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، سەرباری ئەو رێنماییانەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو ئەنجومەنی شورا، ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە خولەكانی پێشوو و ئێستای پەرلەمانی كوردستانو بەرپرسانی حكومەتو فەرمانگەكان، لەناوخۆو دەرەوەی كوردستان دەخوێنن، ئەمەش پێشێلكردنی رێنماییەكانە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە وەزارەتو ئەو زانكۆیانەی كە ئەم پلە تایبەتانە لێی دەخوێنن، بێدەنگن.
(درەو) زانیویەتی، لە خولی ئێستا پەرلەمانی كوردستاندا، زیاتر لە (25) ئەندام پەرلەمان هاوكات لەگەڵ كاری پەرلەمانتاریی، لە خوێندنی باڵاش دەخوێنن، واتە بەپێچەوانەی یاساوە دوو كار پێكەوە دەكەن.
ئەوانەی پلەی تایبەتییان هەیەو لە خوێندنی باڵاش دەخوێنن، هەندێكیان پاساویان ئەوەیە، بەرلەوەی ببنە پەرلەمانتار یان وەزیرو بەڕێوەبەری گشتی، خوێندكار بوون، بەڵام ئەم پاساوە یاسایی نییە، چونكە بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی شواری هەرێم (ژمارە 13ی ساڵی 2014)، دەبوو ئەم كەسانە لەو كاتەوە كە پۆستی پەرلەمانتار یاخود هەر پۆستێكی تری حكومییان وەرگرتووە، خوێندنەكەیان بكردایە بە مۆڵەت، ئەم بڕیارە نیشانی دەدات ئەو پەرلەمانتارانەی كە هاوكات لەگەڵ كاری پەرلەمانتاریدا دەخوێنن، تەنانەت كاندیدبونیشیان نایاسایی بووە.
زیانەكان
ئەوانەی پلەی تایبەتیان هەیەو سەرقاڵی خوێندنی باڵان، لە چەند روویەكەوە زیان بە مافی گشتی دەگەیەنن:
• وەرگرتنی دەرماڵەی پایەو پۆست، لەكاتێكدا ئەوان بۆ ماوەی سێ ساڵ سەرقاڵی خوێندنی ماستەرو دكتۆران.
• ئەم كەسانە كە پلەی تایبەتییان هەیە، هەفتانە سێ بۆ چوار رۆژ دەبێت لە بەیانییەوە تا ئێوارە لە دەوامی خوێندنی باڵا بن، ئەمە دەبێتە هۆی چۆڵبوونی شوێنەكانیان لە پەرلەمانو وەزارەتو فەرمانگە حكومییەكانو كاروبارەكان لەو دامەزراوانە پەكدەخاتو لە كۆتایدا هاوڵاتی زەرەرمەند دەبێت.
• كۆكردنەوەی دوو كار پێكەوە، پێشێلكردنی بڕیاری ئەنجومەنی شوراو وەزارەتی خوێندنی باڵایە، لەسەر دەستی پلە تایبەتەكان شكۆی یاسا دەشكێندرێت.
• خوێندنی پلە تایبەتەكان، ئەگەری ساختەكاری لە خوێندنی باڵادا زیاد دەكات، بەتایبەتی (دزی زانستی)، چونكە هیچ كەسێك ناتوانێت هەفتەی پێنج رۆژ دەوام بكاتو هاوكات ماستەرنامەو نامەی دكتۆراش بنوسێت، لەم حاڵەتەدا رەنگە قوتابی پەنا بۆ كەسانی تر ببات ماستەرنامەو نامەی دكتۆراكەی بۆ بنوسن.