بەنزین دەمەقاڵێ لەنێوان پارێزگارو سەرۆكی لیژنەی وزەدا دروستدەكات
2021-06-09 15:38:53
(درەو):
لەسەر نرخی بەنزین، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەمەقاڵیو پشێوی لەنێوان پارێزگارو سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان رویدا، سەرۆكی لیژنەی وەزە دەڵێت لەلایەن پارێزگارەوە قسەی نەشیاو كرا، بەشێوازی خۆی وەڵاممان دایەوە پارێزگاریش دەڵێت: هەركەسێك بە هەرزمانێك قسە بكات بەو زمانە وەڵامی دەدەینەوە.
ئەمڕۆ لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر كێشەی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانیو بەڕێوەبەری نەوتو كانزاكانی پارێزگای سلێمانیو ئیدارەی گەرمیانی بانگهێشت كرد.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەدا هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی بەنزینی گەڕاندوەتەوە بۆ (بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، بەرزبونەوەی نرخی نەوت، هێنانی سوتەمەنی لە ئێرانەوە).
ئەم قسانەی پارێزگاری سلێمانی، سەرۆكی لیژنەی وزەی قایل نەكردووە، چونكە ئەو هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی بەنزین دەگەڕێنێتەوە بۆ (قۆرخكاریی، رێنماییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، وەرگرتنی باجی جۆراوجۆر لە خاڵە سنورییەكان، نەبوونی رێنمایی بۆ رێكخستنی نرخ).
پارێزگارو سەرۆكی لیژنەی وزە كە ناكۆكن لەبارەی قەیرانی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین، هەردوكیان سەربە بزوتنەوەی گۆڕانن، ناكۆكییەكانیان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا گەیشتە ئاستی دەمەقاڵێ.
ئەندامێكی ئامادەبووی كۆبونەوەكە بە (درەو)ی راگەیاند، لەكاتی دروستبوونی دەمەقاڵێكەدا، هەڤاڵ ئەبوبەكر توڕەو بووەو وشەیەكی "نەشیاو"ی بەكارهێناوە، سەرۆكی لیژنەی وزەش بە هەمان وشە وەڵامی پارێزگاری داوەتەوە.
لەبارەی ئەم مشتومڕەوە، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند" هەركەسێك بە هەرزمانێك قسە بكات بەو زمانە وەڵامی دەدەینەوە، بەڵام هەرشتێك وترابێت شتی شەخسی نیەو لەهەموو پەرلەمانو ئەنجومەنێكی دنیادا ئەم شتانە رودەدەن".
لەبەرامبەردا كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی وزە بە (درەو)ی وت:" لە كۆبونەوەكە تەشەنوج دروست بوو، لەلایەن پارێزگارەوە قسەی نەشیاو كرا، بەشێوازی خۆی وەڵاممان دایەوە".
لەناو ئەم كێشمەكێشەدا، چارەنوسی نرخی بەنزین بەنادیاری ماوەتەوە، پارێزگار دەڵێ لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا گەیشتونەتە ئەنجامو كەس كێشەی نەبووەو رێوشوێنی پێویستیان گرتوەتەبەر، سەرۆكی لیژنەی وزەش دەڵێ هیچ رێوشوێنێك نەگیراوەتەبەر، هیچ كۆنوسێك لەناو كۆبونەوەكەدا نەنوسراوە، بۆیە دوای كۆبونەوەكەش كۆنگرەی رۆژنامەوانی نەكراوەو باس لە بڕیاری پارێزگا لەبارەی نرخی بەنزینەوە نەكراوە.
سەرۆكی لیژنەی وزە رەخنە لە پارێزگار دەگرێتو دەڵێ:" هەڤاڵ ئەبوبەكر لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەهاری هێناوەتە ئەژنۆ، بەڵام ئێستا سەد پلە پێچەوانەی بەڵێنەكانی خۆیەتی"، هەڤاڵ ئەبوبەكر دەڵێ" من بەڵێنێك نادەم كە نەتوانم جێبەجێ بكەم، هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی بەنزین نەك لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، لە دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەندیشدا نیە".
لەنێوان قسەكانی پارێزگارو سەرۆكی لیژنەی وزەدا، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا، بڕیاردراوە:
• نرخی بەنزین دابەزێندرێت، ئەگەر بۆیان دانەبەزێت رێگە نەدەن زیاتر بەرزبێتەوە.
• رێگە نەدەن كوالێتی بەنزین دابەزێت.
• رێگە لە قۆرخكاری كۆمپانیاكان بگیریت.