بەرهەمی كێڵگەی نەوتی شێخان 20% زیادیكردووە
2021-06-13 09:15:54
درەو:
راپۆرتی: رێكخراوی روونبیین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەكانی نەوت
بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی نەوتی شێخان لە پارێزگای دهۆك بەڕێژەی ٢٠٪ زیادی کردووە، كە لەئێستادا رۆژانە زیاتر لە (43 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، چاوەڕوان دەكرێت لە كۆتایی ئەمساڵدا بڕی بەرهەم هێنان بگەیەنرێتە (55 هەزار) بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.
لە ڕاگەیەنراوێکدا کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن کە کۆمپانیایەکی بەریتانییە و لە کێڵگەی شێخان لە پارێزگای دهۆک کاردەکات چالاکی کێڵگەکەی لەماوەی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ دا تا ١٠/٦/٢٠٢١ ڕاگەیاند. کۆمپانیاکە پشکی ٨٠٪ کێڵگەکەی هەیە و ٢٠٪ ەکەی تر بۆ کۆمپانیای ئێـم ئۆ ئێڵی هەگاری دەگەڕێتەوە.
لە ڕاگەیاندنەکەدا کۆمپانیا ڕایدەگەیەنێت بەرهەمی کێڵگەی شێخان لەماوەی ئەم پێنج مانگەی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا بەڕێژەی ٢٠٪ زیادی کردووە، تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی ٢٠٢١ تا ئێستا ٤٣،٦٠٠ واتە بڕی ٦٩٥٠ بەرمیل زیادی کردووە و بڕیاریشە لەکۆتایی ئەمساڵدا ئاستی بەرهەم بگاتە ٥٥ هەزار بەرمیل واتە زیادبونی ١١،٤٠٠ بەرمیلی تر کەواتە تا کۆتایی ساڵ بڕیارە لە کێڵگەی شێخان بڕی ١٨،٣٧٥ بەرمیلی رۆژانە زیادبکات بۆ بەرهەمی کێڵگەکە.
وەکو ڕوونبین یپێمان باش بوو دەقی ڕاگەیاندنەکەی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن بەزمانی کوردی بڵاو بکەینەوە:
دەقی ڕاگەیاندنەکە:
- دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی هەلکەندن پێش ئەو خشتەیەی کە پێشتر بۆی دانرابوو لەگەڵ دەستپێکردنەوە بەگەڕ خستنی بیری SH-13.
- چاوەڕێ دەکرێت کۆی بەرهەمی ساڵی ٢٠٢١ لە بەرزترین ئاستی ئەو رێژەیە بێت کە دانراوە بۆ ساڵەکە.
جۆن هاریس بەڕیوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن دەڵێت” بەردەوام دەبین لە کارکردن لە ژینگەیەکی کارکردنی سەختدا بەهۆی کۆڤید ١٩ ەوە، تێکڕای بەرهەمی ساڵەنەی تا بەرواری ئەمڕۆ بریتی بووە لە ٤٣،٦٠٠ بەرمیلی رۆژانە واتە زیادە ٢٠٪ ی بەرهەم بەراورد بەتێکڕای بەرهەمی ساڵی ٢٠٢٠. ئەمڕۆ خۆشحاڵین کە ڕایبگەیەنین دەستمان کردووەتەوە بە کارکردن بۆ تەواوکردنی بیری SH-13، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە دەستمان کردووەتەوە بە کاری هەڵکەندن لە پێش وادەی دیاری کراودا. لەئەنجامی ئەمەدا ئێستا چاوەڕێ دەکەین لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵ٢٠٢١ دا کۆی بەرهەمی کێڵگەکە بگەیەنینە ٥٥ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و لە کۆیایی ساڵدا تێکڕای بەرهەم لە بەرزترین ئاستی ئەو ڕێژەیەبێت کە دیاری کراوە (٤٠- ٤٤ هەزاربەرمیلی ڕۆژانە). ” هەروەها وتی بەردەوام دەبین لە پەرەپێدان و زیادکردنی بەهای یەدەگی کێڵگەی شێخان لە بەرژەوەندی خاوەن پشکەکان.
بەرنامەی وەبەرهێنانی ٥٥ هەزار بەرمیلی رۆژانە
- دەستپێکردنەوەی سەرکەوتوانەی چالاکییەکانی هەڵکەندن و دەستپێکردنەوە بە تەواوکرنی بیری SH-13 پێش ئەو وادەیەی پێشتر بۆی دیاری کرابوو کە چارەکی سێهەمی ٢٠٢١ بوو.
- دوای تەواو بونی SH-13دەست دەکرێت بە هەڵکەندن لە بیری SH-I و پەمپی کارەبایی لەو دوو بیرەدا جێگیر دەکرێت.
- ئێستا چاوەڕێ دەکرێت ئاستی بەرهەمی ڕۆژانە لە چارەکی چوارەمی ٢٠٢١ دا بگاتە ٥٥ هەزار بەرمیل، لە کاتێکد ڕێنماییەکانی پێشتر دەیوت لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٢ دەگەین بەو ڕێژەیە.
چالاکییەکان:
- بەردەوامی لە ئەدای بەهێزی سەلامەتی کارکردن ، هیچ ڕوداوێک و بەفیڕۆ چونی کار LTI تۆمار نەکراوە لە ماوەی زیاتر لە ٥٣٠ ڕۆژدا.
- بەردەوام بوون لە سەر بەڕێوەبردنێکی باش تاوەکو کاریگەرییەکانی کۆڤید ١٩ لەسەر بەرهەم هێنان کەم کەینەوە و دەست بکەینەوە بە چالاکییەکانی هەڵکەندن لە گەڵ بوونی ئاڵانگاریدا.
- تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لەساڵی ٢٠٢١ دا تا وەکو ئەمڕۆ بریتییە لە ٤٣،٦٠٠ بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
کارە داراییەکان
- وەر گرتنی بڕی ١٠٠ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار داهاتی کیڵگەکە بووە کە لە حکومەتی هەرێم وەرگیراوە تا ئێستا لە ساڵی ٢٠٢١ دا لەم بڕە پوختەی گۆڵف کیستۆن ٧٨ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلار بووە( شایستەی کۆمپانیاکان لە نەوتی فرۆشراو لەگەڵ وەرگرتنەوەی شایستە دواخراوەکان).
- وەکو پێشتر ڕامانگەیاند پێشنیازی دابەشکردنی قازانجی ساڵانە بەسەر خاوەن پشکەکاندا بە بڕی ٢٥ ملیۆن دۆلار و بڕی ٢٥ ملیۆن دۆلاری داهاتی تایبەت، کە هەردوو بڕەکە دەبێت لە دانیشتنی هەینی ئایندەدا لە کۆبونەوەی دەستەی گشتیدا بڕیاری لێبدرێت.
- پارێزگاری کردن لە بەهێزی میزانیەی گشتی، کە رەسیدی نەختینەی ١٩٥ ملیۆن دۆلاربوو لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١ دا.
پێشبینییەکان Outlook
- چاوەڕێ دەکرێت تێکڕای ئاستی بەرهەمی ڕۆژانە لە ساڵی ٢٠٢١ دا بە ئاراستەی لای زۆری ئەو رەنجەبێت کە بۆی دانراوە ( ٤٠ بۆ ٤٤ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە)، بەهۆی دەستپێکردنەوەی پێشوەختەی چالاکی هەڵکەندنی بیر.
- لەساڵی ٢٠٢١ دا ڕینماییەکان وایە کە پوختەی خەرجی سەرمایە Capex لە ٥٥ ملیۆن بۆ ٦٥ ملیۆن دۆلار بێت و خەرجی وەگەڕخستن Opex ٢.٥ بۆ ٢.٩ دۆلار, هیچ گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە.
- بەردەوام بوون لە ئامادەکاری و پێشکەشکردنی پلانی پەرەپێدانی کێڵگە PDF، لە گەڵ پلانی بەڕیوەبردنی گاز لەڕیی بەشداری پێکردنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنەکانی تری خاوەن بەرژەوەندی. لە ئایندەدا ئەم زانیاریانە نوێ دەکرێتەوە لەکاتیێکدا ئەم کارەبەرەوپێش چوو.
کێڵگەی شێخان:
یەکێکە لە کێڵگەکانی پارێزگای دهۆک و لەمانگی تەموزی ٢٠١٣ەوە دەست کراوە بە بەرهەم هێبنانی نەوت تیایدا و تائێستا زیاتر لە ٨٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لە کێڵگەکە بەرهەم هاتووە. کۆمپانیاکە دەڵێت ئامانجمانە کە بەرهەمی کێڵگەکە بگەیەنینە ١١٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
کێڵگەی شێخان- بیرە کانی کێڵگەکە و هەردوو یەکەی وەبەر هێنان PF1 ,PF2