بڕیاری ناردنی (200 ملیار) دینار بۆ هەرێم چۆن درا؟
2021-06-15 18:58:54
درەو:
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مانگانە (200 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت، وەزیری دارایی عێراق رازی نەبووە پارە بۆ هەرێم بنێردرێت، بۆیە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا خراوەتە دەنگدانەوە، بەناردنی ئەو (200 ملیار) دینارەی بەغداد كۆی پارەی تەرخانكراوی هەرێم بۆ موچە ، زیاتر لە ( ترلیۆنێك) دینار دەبێت و (100 ملیار) دیناریشی لە كۆی موچەی موچەخۆران زیاتر دەبێت.
سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بە (درەو)ی راگەیاند: مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەدوای بیانویەكدا گەڕاوە بۆ ئەوەی بڕێك پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، چەند جارێك داوای لە عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق كردووە، بڕێك پارە بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام رازی نەبوو، دوای گەڕانەوەی وەفدی چاودێری دارایی عێراق لە هەرێمی كوردستان، مستەفا كازمی ئەوەی بەهەلزانیوە، بۆیە لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا خستویەتیە دەنگدانەوە، كە مانگانە بڕی (200 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت و وەزارەتی دارایی عێراقیش ناچار كراوە ئەو بڕیارە بە دەقێك بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بنێرێت.
بەپێی زانیارییەكان ئەمڕۆ چەند جارێك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق پەیوەندیان بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە كردووەن بۆ ناردنی بڕێك پارەبۆ هەرێمی كوردستان.
ئەو سەرچاوەیە بە (درەو)ی راگەیاند كە وەزارەتی دارایی عێراق دەقێكی بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان نادرووەو تیایدا هاتووە:
وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە بڕی (200 ملیار) دینار بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكات، ئەمەش دوای تەواوبوونی وردبینیكردنی داتاكانی تایبەت بە داهاتی نانەوتی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان.
لە دەقەكەدا ئەوەش هاتووە: "ئەو بڕە پارەیە لە 1/1/2021ەوە خەرجدەكرێت"، واتا بەغداد بۆ شەش مانگی رابردوو (ترلیۆنێك و 200 ملیار) دینار وەك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات.
پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە لێدوانێكدا رایگەیاند: بەم زووانە فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مژدەی خۆش دەبیستن.
لە تویتێكیشدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە ڕێكەوتنێك كە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بگەڕێندرێتەوە، ئەمەش لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە حیساب دەكرێت بە (أثر رجعي)، ئاماژەی بە پەیوەندی تەلەفۆنی كردووە لەگەڵ مستەفا كازمی.
بەو پارەیەی كە لەبەغدادەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت كۆی داهاتەكانی هەرێم بەم شێوەیە دەبێت:
• 200 ملیار دینار لە پارەی بەغداد
• 300 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت بۆ موچە واتا (450 ملیار) دینار.
• 350 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ
• 25 ملیار تەمویلی هاوپەیمانان
كۆی گشتی دەكاتە (ترلیۆنێك و 25 ملیار) دینار، كۆی موچەی موچەخۆران مانگانە (894 ملیار) دینارە، واتا بەشی تەواوی موچە دەكات بە بێ لێبڕین و زیاتر لە(130 ملیار) دیناریش زیاد دەبێت.
خۆ ئەگەر تەنیا پارەی موچەی مانگی رابردوو لێكبدرێتەوە كە حومەتی هەرێم (706 ملیار) دیناری داوە بە موچەخۆران بە 21%ی لێبڕینەوە لەگەڵ ئەو (200 ملیار) دینارەی كەبڕیارە لە بەغدادەوە بێت، ئەوا دەكاتە (906 ملیار) دینار كە ئەو كاتیش زیاتر لە (10 ملیار) دیناری زیاترە لە كۆی موچەی موچەخۆران، كە بڕی 21%ی لێبڕینی موچە (188 ملیار) دینارە، ئەو (200 ملیار) دینارە (12 ملیار) دیناریشی زیاترە لەبڕی لێبڕینی موچە، چونكە بەپێی بڕیارەكە ئەو پارەیەی لە بەغدادەوە دێت تەنیا بۆ موچەی موچەخۆرانە.