کاریگەریی وزە لە پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستاندا (١٩٩١-٢٠٢١)

Draw Media

2021-06-08 11:19:07



درەو:

ئامادەکردن و وەرگێڕان: هێمن محەمەد قادر - گۆڤاری ئاییندە ناسی

 

بەرایی

لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دراوە لە ڕوانگەی تیۆری هاوپەیوەستبوونی دوو لایەنەوە لە پەیوەندییە ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٩١-٢٠٢١)  بکۆڵێرێتەوە و کاریگەری و ڕۆڵی وزە لەسەر چۆنیەتیی گۆڕانی ئاڕاستە و ئایندەی ئەو پەیوەندییانە بخرێتە ڕوو. لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، داڕشتن و ئاڕاستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێک لەسەر بنەمای کۆمەڵێک فاکتەری گرنگی وەک پێگەی جوگرافی، بایەخی ئابووری، سەرچاوەکانی وزە، پەیوەندیی مێژووی و کولتووری… هتد بڕیاری لەسەر دەدرێت. لەم سەربەنەوە دەتوانین بڵێین وزە و جیۆپۆلەتیک دووانەیەکی لێک دانەبڕاون و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەیە بۆ سەر چۆنیەتیی بونیادی پەیوەندی و ململانێ سیاسییەکان. بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕووی جیۆستراتیجەوە، هێندە بەسە کە تەماشای ململانێی نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بکەین لە پێناو سەپاندنی دەسەڵات و نفوزی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا.

توركیا و پێداویستی وزە

تورکیا وەک یەکێک لە دەوڵەتە هەرێمییە بە‌هێزەکانی ناوچەکە، خاوەنی پێگەیەکی ئێجگار ستراتیجی و گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان؛ لە ڕووی ئابوورییەوە بە یەکێک لە گرنگترین دەروازەکانی هەرێم دادەنرێت لە بواری هاودەرکردنی کاڵا و هەناردەکردن و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا و جیهان. لەم سۆنگەیەوە تورکیا وەک تاکە دەروازەی هەرێم کاریگەریی هەیە لەسەر پڕۆسەی “ئابووریی سەربەخۆ” و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم بەرامبەر بەغداد. هەر چی دەوڵەتی تورکیایە، داخوازی و پێداویستییەکانی لە بواری وزەدا ڕۆژ دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە. سەرباری بەردەوامیی تورکیا لە کاری هەڵکەندن و گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی وزەدا لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، بەڵام لە ئێستادا ئەو وڵاتە تەنها لە ٢٥%ی ئەو وزەیەی  کە پێویستی پێیەتی لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا دەتوانێت بەرهەمی بهێنێت. تورکیا ساڵانە پێویستی بە نزیکەی (٤٥-٥٠) ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی هەیە، بۆیە ناچارە لە ٧٥%-ی پێداویستییەکانی لە ڕێگەی وڵاتانی دەرەوە هاوردە بکات، بەمەش دوای هەریەک لە چین و ئەڵمانیا بە سێیەم وڵاتی هاوردەکاری غازی سروشتی دادەنرێت.

 دەوڵەمەندیی هەرێمی کوردستان بە سەرچاوەکانی وزەی وەک نەوت و غازی سروشتی و کاریگەریی لەسەر ئاسایش و ئابووری تورکیا، بەردەوامیی جموجووڵ و چالاکییەکانی تورکیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و کارکردن بۆ چەسپاندنی هێز و دەستەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا، وای کردووە حکومەتی ئەنقەرە لە ئەجێنداکانی سیاسەتی دەرەوەیدا گرنگی و بایەخێکی ئێجگار زۆر بەم ناوچەیە بدات. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان لە ڕووی جیۆپۆلەتیکی وزەوە ناوچەیەکی گرنگ و پڕبایەخە بۆ دەوڵەتی تورکیا، بەتایبەتی لە سۆنگەی کەمکردنەوەی پەیوەستبوونی دەرەکی و پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆیەکانی وڵاتەکەی لە بواری وزەدا بۆ ماوەیەکی درێژ بە نرخێکی کەم، بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ڕێگەی گواستنەوەی وزەی ناوچەکە و دۆزینەوەی بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵا و بەرهەمەکانی.

لەژێر ڕۆشنایی ئەو فاکتەرانەی کە ئاماژەیان بۆ کرا، پاش هاتنەسەرکاری پارتی داد و گەشەپێدان لە ساڵی ٢٠٠٢، سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی پاش ئەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ، تیۆری “سفرکردنەوەی کێشەکان” و هێنانەدیی ئاشتیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ خستە بواری جێبەجێکردنەوە. ئامانجی بنەڕەتیی تورکیا لە بەهێزکردنی پەیوەندیی ئابووری و سیاسییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، ڕەواندنەوەی گرفتە ناوخۆییەکانی و بەهێزکردنی زیاتری پێگەی وڵاتەکەیەتی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی نەرمەوە. بەم شێوەیە جۆرێک لە پەیوەندیی هاوپەیوەستبوونی دوو لایەنەی ئاڵوز گەشەی سەندووە لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستاندا.

بە مەبەستی خستنەڕووی ڕۆڵی وزە لە چۆنیەتیی گەشەسەندن و گۆڕانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، لەم توێژینەوەیەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا بەسەر چوار قۆناغی مێژوویی جیاوازدا دابەش كراوە:

قۆناغی یەکەم: ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٩١- ٢٠٠٣) دەگرێتەوە. لەم قۆناغەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا لە چوارچێوەی پەیوەندیی ئەمنیدا خۆی دەبینێتەوە.

قۆناغی دووەم: خۆی لە پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق و زیادبوونی نیگەرانییەکانی تورکیا بەرامبەر بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان دەبینێتەوە (٢٠٠٣- ٢٠٠٧).

 قۆناغی سێیەم: بە قۆناغی زێڕینی گۆڕانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم دادەنرێت لە پەیوەندیی ئەمنی و سەربازییەوە بۆ گەشەسەندنی پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی دوو لایەنە، بەتایبەتی لە بواری وزەدا (٢٠٠٧- ٢٠١٤).

قۆناغی چوارەم: خۆی لە سستبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم دەبینێتەوە لەژێر کاریگەریی کۆمەڵێک ڕووداوی وەک: سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ٢٠١٤، ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٧. گەرچی لە ئێستادا پەیوەندییەکان تا ڕادەیەک ئاساییبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.(1)

پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی (١٩٩١-٢٠٠٣)

خاڵی سەرەتا و وەرچەرخانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، بۆ جەنگی دووەمی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ دەگەڕێتەوە. پاش ڕاپەرینی بەهاری ساڵی ١٩٩١، گەلی کوردستان و گەڕانەوەی هێزەکانی ڕژێمی عێراق بۆ ناوچەکە، لە پێناو پاراستنی هاوڵاتیانی باشووری کوردستان و لەسەر پێشنیاری ئەمەریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و تورکیا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ٥/٤/١٩٩١دا بڕیاری ژمارە ٦٨٨-ی دەرکرد و هێڵی ٣٦-ی وەک جیاکەرەوەیەک لەنێوان باشووری کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراقدا دیاری کرد. بەم جۆرە ناوچەکانی هەرێم کەوتە ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان و پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢، پەرلەمان و حکومەتی باشووری کوردستان دامەزرێنرا.

لەگەڵ ئەوەی تورکیا لە سەرەتای پڕۆسەکەدا لە پێناو کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لە کۆچی هاوڵاتیانی کورد بۆ نێو سنوورەکانی؛ بڕیاری ژمارە ٦٨٨-ی پەسەند کرد، بەڵام دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمانی کوردستانی بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە و ڕێگاخۆشکردن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە ئایندەدا لەقەڵەم دا. بۆ ئەم مەبەستە ئامانجی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەم قۆناغەدا بریتی بوو لە پارێزگاریکردن لە یەکێتیی خاکی عێراق و ڕێگریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە ناوچەکەدا، لەگەڵ کۆتاییپێهێنانی مەترسییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی وڵاتەکەی. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە (١٩٩١-١٩٩٨) لە چوارچێوەی پەیوەندیی ئەمنیدا بوو(2).

 تورکیا بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی “پەکەکە” لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا، ناچار بوو لە ڕووی ئەمنییەوە پەیوەندیی لەگەڵ پارتە باڵادەستەکانی باشووری کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-دا دابمەزرێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە هەریەک لە مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی کرد لە ئۆپەراسیۆنەکانیان دژ بە “پەکەکە” هاوکارییان بکەن. لە ساڵی ١٩٩١، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی “هێزی چەکوش”ی دژی گەریلاکانی پەکەکە دەست پێ کرد. دوای ئۆپەراسیۆنەکە، هێزەکانی پارتی دژی “پەکەکە” جووڵێنران و شەڕ لە نێوانیاندا ڕووی دا. پاش هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆی کوردستان لەنێوان “پدک” و “ینک” لە ماوەی (١٩٩٤-١٩٩٨)، هەریەک لە هێزە کوردییەکان لە دەوڵەتێکی هەرێمی نزیک بوونەوە لە کۆتایی جەنگەکەدا. ئەم دابەشبوونە کاریگەریی هەبوو بۆ سەر چالاکییەکانی تورکیا دژ بە “پەکەکە” لە ناوچەکەدا. پاش دەستگیرکردنی “عەبدوڵا ئۆجەلان”ی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی ١٩٩٩، ئاڕاستەی پەیوەندییەکانی تورکیا لە هەولێرەوە بەرەو بەغداد وەرچەرخانی بەخۆیەوە بینی و بایەخپێدانی تورکیا بە هەرێم کەمتر بوویەوە(3).

پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٣-٢٠٠٧)

لە ساڵی ٢٠٠٣-دا، هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان هێرشی سەربازییان کردە سەر عێراق  و توانییان لە ٩-ی نیساندا بچنە نێو شاری بەغداد، لە ١٥-ی نیساندا سەرکەوتنی خۆیان و هەڵوەشاندنەوەی حیزبی بەعسیان ڕاگەیاند. بێگومان ئەم ڕووداوانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبوو بۆ سەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم. ترسی تورکیا لە هەڵوەشانەوەی عێراق و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە ناوچەکەدا، پێی نایە قۆناغێکی زۆر هەستیارەوە. ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا لە سەرەتای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراقدا، کاریگەریی هەبوو بۆ سەر لاوازکردنی نفوزی تورکیا لە عێراق-هەرێم، بەتایبەتی پاش دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە سەربازانی تورکیا لە شاری سلێمانی لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣.

پاش پەسەندکردنی دەستووری نوێی عێراق لە ١٥/١٠/٢٠٠٥، دەوڵەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵیزم دامەزرێنرا. لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا، دان بە قەوارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەدا نرا. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا ئامادە نەبوو بە شێوەیەکی ڕەسمی مامەمەڵە لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکات و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی لە ناوچەکەدا بە “هێڵی” سوور دانا. لەم قۆناغەدا تورکیا زۆر بەنیگەرانییەوە لە بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان و ئایندەی چارەنووسی ناوچەکانی (موسڵ و کەرکووک)ی دەڕوانی، بەتایبەتی پاش جێگیرکردنی مادەی (١٤٠) لە دەستووری نوێی عێراقدا. بۆ ئەم مەبەستە پەرلەمانی تورکیا ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەنێو خاکی عێراقدا، گەر بێتوو بەرژەوەندییەکانی تورکیا بکەوێتە مەترسییەوە(4).

پاش بەهێزبوونی پارتی “داد و گەشەپێدان” لە نێوخۆی تورکیادا، تا ڕادەیەک توانییان دەستتێوەردانی سەربازی لە کاروباری سیاسیدا سنووردار بکەن. بێگومان ئەمەش کاریگەریی هەبوو بۆ سەر گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پاش تێکچوونی دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق. لە ساڵی ٢٠٠٥دا ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتەکەی، ڕێگەی دا بە دامەزراندنی پەیوەندیی سیاسی و ئابووری لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە مەرجێک ئەو حکومەتە لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا بمێنێتەوە و کار بۆ سەربەخۆیی نەکات. بەم جۆرە دەتوانین بڵێین لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا دەستی پێ کرد، لە کاتێکدا بە هۆی پرسی ئەمنییەوە دەوڵەتی تورکیا بە درێژایی چەندین ساڵ پرسی گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا فەرامۆش کردبوو(5).

 

پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٧-٢٠١٤)

لەدوای ساڵی (٢٠٠٧)ەوە، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم گەشەسەندنێکی خێرا و بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێ و پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە. لەم قۆناغەدا بە هۆی پێشکەوتن و سەقامگیریی ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی حکومەتی هەرێم و گونجاویی یاساکانی وەبەرهێنان، ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا تورکییەکان لە چەندین بواری جیاوازی وەک (دارایی و بانک، کەرتی بیناسازی، ژێرخانی ئابووری، کەرتی نەوت و غازی سروشتی،  کەرتی پەروەردە، خوێندنی باڵا)، دەستیان کرد بە وەگەڕخستنی سەرمایە و ئەنجامدانی پڕۆژە و کاری وەبەرهێنان.

پاش تێپەڕینی ماوەیەکی کەم بەسەر پڕۆسەی ئازادکردنی عێراقدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سوودوەرگرتن لە ناسەقامگیریی دۆخی سیاسیی عێراق، بەرەو سەربەخۆیی ئابووری هەنگاوی نا،  بەتایبەتی پاش ئەوەی لەسەر بنەمای پشتبەستن بە دەستووری هەمیشەیی عێراق، لە ٧ی ئابی ٢٠٠٧ یاسای نەوت و گازی تایبەت بە خۆی دەرکرد. بەگوێرەی دەستوور، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و بەرپرسیارێتیی پەرەپێدانی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بەپێی مادەکانی (١١١، ١١٢، ١١٥، ١٢١)ی دەستووری عێراق، لەلایەن ئەنجوومەنی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم هەنگاوە بەفەرمی سەربەخۆیی خۆی بەسەر سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستاندا ڕاگەیاند. سەرباری ئەوەی ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە بە هەنگاوێکی نادەستووری دانرا، لەگەڵ ئەوەشدا توانیی سەرنجی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی هەرێمی و نێوەدەوڵەتییەکانی بواری وزە بەلای خۆیدا ڕابکێشێت(6).

      پاش ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دەرهێنانی نەوت و غازی سروشتیی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دا، لە سەرەتاوە هەندێک لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزە بە هۆی ناڕەزایەتییەکانی دەوڵەتی ناوەندییەوە ئامادە نەبوون کار لە وزەی ناوچەکەدا بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە کۆمپانیاکانی وەک DNO-ی نەرویجی، Dana Gas-ی ئیماراتی و Genel Energy-ی تورکی، مافی گەڕان و پشکنیان وەرگرت. دۆزینەوەی نەوت لە کێڵگەی “تاوکێ” لەلایەن کۆمپانیای DNO لە ساڵی ٢٠٠٧، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی تەقتەق، تاوکێ لەلایەن کۆمانیای Genel Energy لە ساڵی ٢٠٠٨ و بەرهەمهێنانی غاز لەلایەن کۆمپانیای Dana Gas لە سنووری سلێمانی، خاڵی وەرچەرخانی گرنگیپێدانی تورکیایە بە هەرێمی کوردستان. بەتایبەتی دوای ئەوەی پەیمانگای وزەی ئەمەریکی “USC” لە ڕاپۆرتێکیدا لە ڕێگەی کۆمەڵێک داتای وردەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ناوچەکانی هەرێم بڕی ٥٠ ملیار بەرمیل نەوت کە نزیکەی ٢٠%-ی نەوتی عێراق و (٣- ٦) ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ دەگرێت کە ٣%-ی قەبارەی غازی سروشتیی هەموو جیهان پێک دەهێنێت. بەم جۆرە تورکیا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی لە بواری وزەدا، بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ کەوتە هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لە ڕووی دیبلۆماسی و ئابوورییەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا(7).

لە ساڵی ٢٠٠٨-دا وەفدێکی تورکیا سەردانی بەغدادیان کرد و بە ناوەی سەرۆکی تورکیاوە “جلال تەڵەبانی”ی سەرۆککۆماری عێراقیان بانگهێشتی تورکیا کرد. لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا لە ٧-٨ی مارتی ٢٠٠٨، تاڵەبانی ئاماژەی بۆ پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی هەردوو وڵات کرد و هیوای خواست کە بتوانن لە ڕووی سیاسی، ئابووری، وزە و سەرجەم بوارەکانی دیکەدا پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا. ئەم سەردانە بە سەرەتایەکی گرنگ دادەنرێت لە کرانەوەی تورکیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان. پاش دەستبەکاربوونی ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ-ی خاوەنی تێزی قووڵایی ستراتیژی و “سفرکردنەوەی کێشەکان” لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا لە پۆستی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٩، سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ناوچەکەدا گۆڕانکاریی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی نوێوە بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وزەدا(8).

لە ساڵی ٢٠٠٩-دا، کۆمپانیا تورکییەکانی وەک Genel Energy و Siyahkalem لە کێڵگە نەوتییەکانی وەک تەقتەق، تاوکێ، دەستیان کرد بە کاری وەبەرهێنان و ڕۆژانە نزیکەی ١٦٥ هەزار بەرمیل نەوتیان بەرهەم دەهێنا. لە هەمان کاتدا گفتوگۆکانی نێوان هەردوو لا سەبارەت بە بۆ بونیادنانی هێڵی بۆری بە مەبەستی گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، دەستیان پێ کرد. بەم جۆرە تورکیا جگە لە کۆمپانیا تایبەتەکانی بواری وزە، لە ڕێگەی دامەزراوەی نیشتمانیی نەوتی تورکیاوە (TPAO)، دەستی  بە کار و چالاکی کرد کرد لە ناوچەکەدا(9).

جگە لە بواری وزە، هەرێمی کوردستان لە ڕووی بازرگانییەوە بایەخێکی ئێجگار گرنگی هەیە بۆ تورکیا؛ پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لەدوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوانیان، لەدوای ساڵی ٢٠٠٧-ەوە گەشەسەندنی خێرای بەخۆیەوە بینی. بەگوێرەی توێژینەوەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی تورکیا، ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٨-دا کەلوپەل و کاڵایان لە تورکیاوە بۆ عێراق گواستووەتەوە تەنها (٨٠٠) بارهەڵگر بووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٩-دا ئەو ژمارەیە بۆ ٣٠٠٠ بارهەڵگر بەرز بووەتەوە، بە جۆرێک لە ٨٠%-ی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بوو. لە ساڵی ٢٠١٣-دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان بەرز بوویەوە بۆ ٨ ملیار دۆلاری ئەمەریکی،  لە کاتێکدا بەر لە ساڵی ٢٠٠٧ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان تەنها یەك ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بوو. لە ساڵانی دواتردا، ئەو بڕە بۆ نزیکەی ١٢ ملیار دۆلاری ساڵانە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە(10).

لە ساڵی ٢٠٠٩-دا هەریەک لە وەزیری دەرەوەی تورکیا و بەرپرسی بازرگانیی دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد. لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێم، داوود ئۆغڵۆ ڕایگەیاند: “جارێکی دیکە دووپاتی دەکەمەوە هاوشێوەی ڕابردوومان، داهاتووشمان پێکەوە دەبێت”. دوای ئەوەی “نووری مالیکی” لە ساڵی٢٠١٠، توانیی بۆ جاری دووەم ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق سستیی زیاتری بەخۆیەوە بینی. تورکیا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەهێزبوونی هەژموونی ئێران و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، ناچار بوو پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سوننەکانی عێراق بەهێزتر بکات. بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی ٢٠١٠-دا تورکیا پێشوازیی لە مەسعوود بارزانی کرد و لە هەمان ساڵدا کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری هەولێر کردەوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا(11).

پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١، حکومەتی هەرێم بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەبەرامبەر دەوڵەتی ناوەندیدا، لە ساڵی ٢٠١٢ مافی پشکنین و دەرهێنانی نەوتی بە کۆمپانیای Exxon Mobil بەخشی. پاش ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای Exxon Mobil، تورکیا ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ کارکردن لە هێڵی بۆریی نەوتی (هەرێم-تورکیا)، بە مەبەستی گواستنەوەی نەوت و غازی هەرێم لە ڕێگەی خاکی وڵاتەکەیەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان. سەرباری ناڕەزایەتییەکانی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، حکومەتی هەرێم لە ٢٠-ی مایسی ٢٠١٢-دا لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکاندا ڕێککەوتنی ئەنجام دا بە مەبەستی کارکردن لە پڕۆژەکەدا(12).

پاش بونیادنانی هێڵی بۆریی نەوتی کوردستان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان لە مانگی ١٢-ی ساڵی ٢٠١٣-دا، دەوڵەتی ناوەندیی عێراق زۆر بەتوندی دژایەتیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم نیشان دا و مافی ئەنجامدانی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و هەناردەکردنی نەوتی بۆ بازاڕەکانی جیهان بە بەشێک لە دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی دانا و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕێگە بە هەرێم نادات بە شێوەیەکی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت. لە هەمان کاتدا ناڕەزایی خۆی گەیاندووەتە تورکیا و داوای لە حکومەتی ئەو وڵاتە کردووە بەبێ ڕەزامەندیی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، ڕێگە بە هەناردەکردنی نەوت هەرێم نەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، ناڕەزایەتییەکانی دەوڵەتی ناوەندیی بەهەند وەرنەگرت(13).

بە مەبەستی تێگەیشتنی زیاتر لە ستراتیجیەتی تورکیا بەرامبەر سەرچاوەکانی وزەی هەرێمی کوردستان، پێویستە ئاماژە بۆ وتەکانی وەزیری وزەی تورکیا، تانەر یڵدز، بکەین لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا لە ١٨-ی شوباتی ٢٠١٣: “وەک دەزانرێت ئابووریی تورکیا ڕۆژ دوای ڕۆژ گەشەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، لەم سۆنگەیەوە پێویستیی زیاترمان بە سەرچاوەکانی وزە دەبێت. بەگوێرەی ئامارەکان ناوچەکانی باکووری عێراق، بڕی ٤٥ ملیار بەرمیل نەوت و (٣-٦) ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ دەگرێت. لە ئێستادا کۆمپانیا گەورەکانی نزیکەی ٢٠ وڵاتی جیهان، سەرقاڵی کارکردنن لە ناوچەکەدا. لەم ڕوانگەوە دەتوانین بڵێین هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە لەبەردەم ئەنجامدانی گرێبەستەکانمان لەگەڵ دەستەڵاتی خۆجێیی باکووری عێراقدا.” لە هەمان کاتدا لەبەردەم پەرلەماندا ئەوەی ڕوون کردەوە کە ئەوان دەست لە کاروباری نێوخۆیی عێراق وەرنادەن و لەگەڵ پاراستنی یەکێتیی خاکی عێراقدان(14).

هەڵاتنی “تاریق هاشمی”ی جێگری سەرۆککۆماری عێراق بۆ تورکیا و ڕێگرتن لە هاتنەناوەوەی فڕۆکەی وەزیری وزەی تورکیا (تانەر یڵدز) لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە کە بەنیاز بوو سەردانی هەولێر بکات، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدادی بەرەو ئاڵۆزی برد. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا و هەرێم لە هەنگاوەکانی پێشوویان پاشگەز نەبوونەوە، بەڵکوو دەستیان کرد بە گفتوگۆ سەبارەت بە بونیادنانی هێڵی بۆری بە مەبەستی گواستنەوەی غازی سروشتیی هەرێم بۆ تورکیا(15).

پەیوەندییەکانی تورکیا-هەرێم لەدوای ساڵی ٢٠١٤ تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان

زیادبوونی فشاری حکومەتەکەی مالیکی بۆ سەر سوننەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١١-دا، بوو بە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی ناوچە سوننەنشینەکان لە ساڵی ٢٠١٣ و ناسەقامگیریی دۆخی نێوخۆی عێراق. حکومەتی عێراقی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەکانی ناوچەی ئەنبار لە ساڵی ٢٠١٤-دا، پەنای بردە بەر بەکارهێنانی هێز. لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر گرژی و ئاڵۆزیی زۆری بەخۆیەوە بینی و لەسەر بڕیاری نووری مالیکیی سەرۆکوەزیران، پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕدرا.

لە هەمان ساڵدا نێچیرڤان بارزانی؛ سەرۆکوەزیرانی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی ڕێککەوتننامەیەکی ٥٠ ساڵەی لە بواری وزەدا لەگەڵ تورکیادا ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا کار دەکەن و ئامانجی سەرەکییان دابینکردنی بڕی ١٧%-ی بودجەیە بۆ هەرێمی کوردستان. لەبەرامبەر ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە ٢٣-ی حوزەیرانی ٢٠١٤-دا، لەسەر داوای وەزارەتی نەوتی عێراق دانیشتنێکی سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم ئەنجام دا و فرۆشتنی نەوتی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە کارێکی نایاسایی و پێچەوانەی دەستووری هەمیشەیی عێراق دانەنا. ئەم بڕیارە دەستی هەرێمی زیاتر واڵا کرد، لە هەمان کاتدا گرنگییەکی زۆری هەبوو بۆ تورکیا، لە ڕوانگەی هێوربوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان(16).

پاش گرتنی شاری موسڵ لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، هێزەکانی عێراق لە شاری کەرکووک و کشانەوە. پاش هێرشی ئەو ڕێکخراوە بۆ سەر شاری کەرکووک، کەرکووک و بەشێکی فراوان لە ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵ کران. پاش کۆنترۆڵکردنی ناوچە جێناکۆکەکان، مەسعوود بارزانیی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمانی خراپیی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، جێبەجێنەکردنی دەستوور و نەناردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق، شکستهێنانی سیستمی فیدراڵیزمی لە عێراق ڕاگەیاند و وتی: “کورد جگە لە سەربەخۆیی، هیچ چارەیەکی بۆ نەماوەتەوە لە عێراقدا”. بەم جۆرە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا ڕیفراندۆم لە تەواوی هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان بە کەرکووکەوە، لە پێناوی سەربەخۆییدا ئەنجام بدات.

ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێم بوو بە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەریەک لە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و تورکیا. تورکیا بە شێوەیەکی ڕەسمی دژایەتیی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕاگەیاند و بڕیاری دا لە ڕێگەی داخستنی سنووری وشکانی و ئاسمانیی وڵاتەکەیەوە، گەمارۆی هەرێمی کوردستان بدات. لە هەمان کاتدا پەرلەمانی تورکیا ماوەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە لە دەرەوەی خاکی تورکیا درێژ کردەوە. پاشان لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی (عێراق-ئێران-تورکیا)دا، هەرسێ لایەن لە ڕاگەیەنراوێکدا دژایەتیی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند. بەم جۆرە جارێکی دیکە سیاسەتی دەرەوەی ئەنقەرە بە ئاڕاستەی بەغداد وەرچەرخانی بەخۆیەوە بینی و پەیوەندییەکانی نێوانیان بەهێز کردەوە(17).

پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥-ی ئەیلوولی ٢٠١٧، هێزەکانی عێراق لە ١٦-ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧-دا هێرشیان کردە سەر ناوچە جێناکۆکەکان و توانییان زۆر بەخێرایی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەنەوە. سەرەنجام ڕیفراندۆم هەڵپەسێردرا و مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ٢٩-ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دەستی لەکار کێشایەوە. پاش ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشێک لە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێم ئاساییبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی پاش بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە بۆنەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا(18). لە قۆناغی دواتردا و لەگەڵ بەردەوامیی کارکردنی بەشێک لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزە وەک کۆمپانیای ExxonMobil و Chevron-ی ئەمەریکی، Total-ی فەڕەنسی و Gazprom-ی ڕووسی لە ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و هەولێر گەشەسەندنی زیاتری بەخۆیەوە بینی. لە ئێستادا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی (٤٣٠) هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بەندەری جیهان دەکات(19).

لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت گەرچی تورکیا لە ڕێگەی گواستنەوەی نەوتی هەرێمەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، ساڵانە داهاتێکی زۆر بەدەست دەهێنێت و باڵادەستیی خۆی بەسەر قەوارەی هەرێمدا زیاتر کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە کردنەوەی دەروازەیەک بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، تا ڕادەیەک دژ بە سیاسەت و ستراتیجەکانی خۆی وەستاوەتەوە بەرامبەر بە پرسی کورد لە ناوچەکەدا. نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە نەوت لە عێراقدا و کارکردنی تورکیا بە یاسا نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم، بووەتە هۆی بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم و لاوازکردنی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ بەغداد، بێگومان ئەمەش زیان بە ستراتیجیەتی دوورمەودای تورکیا دەگەیەنێت لە ڕوانگەی پاراستنی یەکێتیی خاکی عێراق و ڕێگریکردن لە زیاتر بەهێزبوونی قەوارەی هەرێم.

لە لایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزە ئەنجام داوە، بە مەبەستی پشکنین و دەرهێنانی نەوت لەو ناوچانەی دەکەونە سنووری مادەی (١٤٠)، کە بە ناوچە “جێناکۆکەکان” ناسراون، لە کاتێکدا تورکیا لە ڕووی مێژووییەوە ئەم ناوچانە وەک ناوچەی جێ نفوزی خۆی دەبینێت و دەیەوێت لە ئێستادا لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە بەڕێوە ببرێن.  

کێشە و گرفتەکانی نێوان بەغداد و هەولێر لەسەر دۆسیەی نەوت و ناردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق، تا ئێستا بەردەوامییان هەیە. لە ڕەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١، لەبەرامبەر ناردنی پشکی هەرێمدا داوای ڕادەستکردنی (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ دەکات. لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی هەولێر و بەغداددا، دوور نییە لە ماوەی ئایندەدا دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و تورکیا لەسەر پرسی جێبەجێکردنی پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤاکۆی و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم ڕێک بکەون کە بۆ ماوەیەکی درێژە لە گفتوگۆدان. دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دەیەوێت لەبەرامبەر دەربڕینی ڕەزامەندی بۆ کردنەوەی ئەم خاڵە سنوورییە، تورکیا ڕازی بکات بەوەی ڕێگە بە هەنارەدەکردنی نەوتی هەرێم نەدات لە ڕێگەی خاکی وڵاتەکەوەیە بۆ بازاڕەکانی جیهان. لە بەرامبەردا تورکیا لە ڕێگەی ئەم خاڵە سنوورییەوە کار بۆ ئەوە دەکات لە لایەکەوە بوونی “پەکەکە” لە ناوچەکانی شەنگال کۆتایی پێ بهێنێت، لە لایەکی دیکەوە هەرێمی کوردستان لەو سامانە بێبەش بکات کە لە ڕێگەی ئەم خاڵە سنوورییەوە دەستی دەکەوێت. گەرچی لە ئێستادا جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی لەم چەشنە بە کارێکی قورس دادەنرێت، بە هۆی بەریەککەوتنی بەرژەوەندیی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی لەم چەشنە لە ساڵانی ئایندەدا کاریگەریی ڕاستەخۆی لەسەر لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێت.

 

ئەنجام

دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بۆ دوو ڕووداوی مێژوویی گرنگ دەگەڕێتەوە، ئەوانیش بریتین لە جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ و پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا. پاش دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٩٢-٢٠٠٧) تا ڕادەیەک لاواز بووە و لەسەر بنەمای پاراستنی ئەمن و ئاسایشی سنوورەکانی و ڕووبەڕووبوونەوەی پاراتی کرێکارانی کوردستان شێوەی گرتبوو. لە قۆناغی دواتردا و لە ماوەی نێوان ساڵانی (٢٠٠٧- ٢٠١٤)دا، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم بە هۆی گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و زیادبوونی بایەخی ئابووریی هەرێمەوە چیتر تەنها لە چوارچێوەی پەیوەندیی ئەمنی نابێت، بەڵکوو لە ڕووی دیبلۆماسی و ئابوورییەوە گەشەسەندنێکی دیار و بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، تەنانەت لە هەندێک کاتدا تورکیا سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی لە هەرێم بینا کردووە، تەنانەت هەندێک کات ئەم پەیوەندییانەی گرفتی بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغداددا دروست کردووە.

پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم دوورکەتنەوەی زۆری بەخۆیەوە بینی و تورکیا بەتوندی دژ بەم هەنگاوە وەستایەوە. گەرچی پاش سڕکردنی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم پەیوەندییەکان تا ڕادەیەک ئاساییبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ ئەوەشدا دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، تورکیا و بەغداد، کاریگەریی بۆ سەر ئایندەی ئەو پەیوەندییانە دەبێت. سەرباری ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم لەسەر بنەمای هاوپەیوەستبوونی ئابووری بونیاد نراوە، لە ماوەی ڕابردوودا پەرەسەندنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ستراتیجیەتی دوورمەودای تورکیا لەبەرامبەر پرسی کورد لە ناوچەکەدا وای کردووە ئەم پەیوەندییانە پەیوەندیی ستراتیجی و ماوەدرێژ نەبن، بەڵکوو جۆرێک لە پەیوەندیی ماوەکورت و مامناوەند بن.

ناڕەزاییەکانی دەوڵەتی ناوەندی سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم، گەر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرفت بۆ تورکیا دروست نەکات، ئەوا بێگومان بە شێوەیەکی ناڕاستەخۆ کاریگەریی بۆ سەر ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم دەبێت. گەرچی لە ئێستادا تورکیا بە هۆی نەگەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنچینەیی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا پێناچێت بەئاسانی دەستبەرداری هەرێم ببێت.

سەرچاوەکان

1- Tolga Demiryol, Hasan Deniz Pekşen, “Enerji ve Güvenlik Ekseninde Türkiye-Irak İlişkileri (1990-2018)”, Türkiye Ortadoğu Çalışmaları Dergisi, Cilt: 5, Sayı: 2, ss. 127-157.

2-Mehmet Dalar, “ Türkiye-Irak Kürdistan Bölgesel  Yönetimi  İlişkileri”, Uludağ Üniversitesi İktisadi ve İdari Bilimler Fakültesi Dergisi, Cilt/Vol. XXXIV, Sayı/No. 1, 2015, pp. 47-70.

3- Serhat Erkmen, “ İç Etkenler Açısından Türkiye’nin Kuzey Irak Politikasının Dönüşümü”, bilig dergisi, Sayı 72, 2015, s. 171-196.

4- Zülfü Dağdeviren, , “Türkiye ile Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi Arasında Siyasi İlişkiler: Devlet- Hükümet İlişkileri ”, Akademik Tarih ve Araştırmalar Dergisi, Yıl: 2020 Cilt:3 Sayı:2 ss. 151-198.

5- Ferit Tunç, Türkiye ile Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi İlişkileri (2000-2010), Yüksek Lisans Tezi, İstanbul, 2014, s.2.

6- Tolga Demiryol, Hasan Deniz Pekşen, “Enerji ve Güvenlik Ekseninde Türkiye-Irak İlişkileri (1990-2018)”, Türkiye Ortadoğu Çalışmaları Dergisi, Cilt: 5, Sayı: 2, ss. 127-157.

7- Ali Balcı, Enerjisine Kavuşan Komşuluk: Türkiye-Kürdistan Bölgesel Yönetimi İlişkileri, SETA Raporu, 2014, son erişim tarihi: 10 Şubat 2021, https://www.setav.org/%C2%91enerjisine-kavusan-komsuluk-turkiye-kurdistan-bolgesel-yonetimi-iliskileri.

8- Zülfü Dağdeviren,  “Türkiye ile Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi Arasında Siyasi İlişkiler: Devlet- Hükümet İlişkileri ”, Akademik Tarih ve Araştırmalar Dergisi, Yıl: 2020 Cilt:3 Sayı:2 ss. 151-198.

9- Nazlı Üstün, Türkiye- Kuzey Irak İlişkiler ve Ejonomik yansımaları, son erişim tarihi: 11 Şubat 2021; Wladimir Wildenburg, “Breaking From Baghdad”, World Affairs, 2012, cilt 175 sayı 4, 51.

10- Serhat Erkmen, “ İç Etkenler Açısından Türkiye’nin Kuzey Irak Politikasının Dönüşümü”, bilig dergisi, Sayı 72, 2015, s. 171-196.

11- “Türkiye Barzani’yle yeni sayfa açıyor”,  son erişim tarihi: 12 Şubat 2021,  https://www.dw.com/tr/t%C3%BCrkiye-barzaniyle-yeni-sayfa-a%C3%A7%C4%B1yor/a-5648524.

12- Wladimir Wildenburg, “Breaking from Baghdad”, World Affairs, 2012, cilt 175 sayı 4, 51.

13- Tolga Demiryol, Hasan Deniz Pekşen, “Enerji ve Güvenlik Ekseninde Türkiye-Irak İlişkileri (1990-2018)”, Türkiye Ortadoğu Çalışmaları Dergisi, Cilt: 5, Sayı: 2, ss. 127-157.

14- Mehmet Dalar, “ Türkiye-Irak Kürdistan Bölgesel  Yönetimi  İlişkileri”, Uludağ Üniversitesi İktisadi ve İdari Bilimler Fakültesi Dergisi, Cilt/Vol. XXXIV, Sayı/No. 1, 2015, pp. 47-70.

15- “ Irak, Bakan Yıldız’ın Uçağına İniş İzni Vermedi”, son erişim tarihi: 14 Şubat 2021, https://www.trthaber.com/haber/gundem/irak-bakan-yildizin-ucagina-inis-izni-vermedi-65786.html.

16- Mehmet Dalar, “ Türkiye-Irak Kürdistan Bölgesel  Yönetimi  İlişkileri”, Uludağ Üniversitesi İktisadi ve İdari Bilimler Fakültesi Dergisi, Cilt/Vol. XXXIV, Sayı/No. 1, 2015, pp. 47-70.

17-“ IKBY Referandumuna İran’la Irak ve Türkiye’nin Tepkisi Ne Oldu? ”,  son erişim tarihi: 14 Şubat 2021, https://www.amerikaninsesi.com/a/ikby-referandumuna-iran-irak-ve-turkiye-nin-tepkisi-ne-oldu/4047012.html.

18-Emrah Kekilli,  “Türkiye-IKBY İlişkilerinin Geleceği: Geçmişin Gölgesinde Geleceği İnşa Etmek”, son erişim tarihi: 16 Şubat 2021, https://setav.org/assets/uploads/2018/08/209_Turkiye_IKBY.pdf.

19-İdris Okuducu,“Barzani’ye başkanlığı bıraktıran süreç ”,  son erişim tarihi: 14 Şubat 2021, https://www.aa.com.tr/tr/dunya/barzani-ye-baskanligi-biraktiran-surec/951611; Nazlı Üstün, Türkiye- Kuzey Irak İlişkiler ve Ejonomik yansımaları, son erişim tarihi: 11 Şubat 2021.

 

ژمارە (7)ی ئایاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand