Draw Media

داهات زیادی كردووە یان كەمیكردووە ؟

داهات زیادی كردووە یان كەمیكردووە ؟

2021-06-12 13:30:11


راپۆرت: درەو
چەند رۆژێكە مشتومڕ لەسەر داهاتی گومرگەكان دروستبووە، هەندێك لە پەرلەمانتاران دەڵێن داهات كەمیكردووە، هەندێكی تر دەڵێن زیادی كردووە، ئەوانەی دەڵێن داهات كەمیكردووە، هۆكاری كەمبونەوەكە بۆ گەندەڵی‌و قاچاخچێتی دەگەڕێننەوە، ئەوانەی دەڵێن زیادی كردووە، حكومەت تۆمەتبار دەكەن بەوەی داهاتەكان دەشارێتەوە، لەنێوان ئەم دوو ئاڕاستەیەدا (درەو) داتای فەرمی داهاتی دوو خاڵی سنوریی لەبەردەستدایەو بڵاوی دەكاتەوە، داتاكان چی دەڵێن ؟ 

مشتومڕ لەسەر داهات
ئەم مشتومڕە لەكاتێكدا رودەدات، چەند رۆژی رابردوو، لەچوارچێوەی رێككەوتنی حكومەتی هەرێم‌و بەغداد لەناو یاسای بودجەی 2021ی عێراقدا، وەفدێكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ وردبینیكردن لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم.
بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لە یاسای بودجەدا كراوە، حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەی مانگانە بەشە بودجەی خۆی لە حكومەتی ناوەندی عێراق وەرگرێت، دەبێت داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە‌و رێژەی 50%ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان كە یەكێك لەو دامەزراوانە (گومرگەكان)ە، بۆ حكومەتی ناوەند بگەڕێنێتەوە. 
لەماوەی رابردوودا هەندێك لە پەرلەمانتاران باسیان لەوەدەكرد، حكومەتی هەرێم بەشێك لە داهاتی ناوخۆ دەشارێتەوە بۆ ئەوەی نەیگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد، (درەو) بە دۆكیۆمێنت داتای داهاتی دووان لە مەرزەكانی هەرێمی لەماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا دەستكەوتووە، بەشێك لە ناوەڕۆكی ئەو دیكۆمێنتانە بڵاودەكاتەوە.  

لەناو مشتومڕدا داتاكان چی دەڵێن ؟
لەناو ئەو مشتومڕەدا كە لەبارەی داهاتی گومرگەكانەوە دروستبووە، بەپێی داتا فەرمیەكانی دەست (درەو) كەوتووە، لە گومرگی باشماخ:
•    بەراوردی مانگی( یەك و پێنج) داهات كەمیكردووە، مانگی یەك كۆی داهات (22 ملیارو 797 ملیۆن) دیناربووەو مانگی پێنج (16 ملیارو 700 ملیۆن) دینار بووە، واتا  
لەنێوان مانگی یەك بۆ مانگی پێنجی ئەمساڵ (5 ملیار 548 ملیۆن) دینار داهاتی گومرگەكە كەمیكردووە، كە دەكاتە رێژەی (24%). 
•    لەنێوان مانگی چوارو پێنجی ئەمساڵ: داهاتی گومرگەكە بەبڕی (3 ملیارو 670 ملیۆن) دینار كەمیكردووە، كە دەكاتە رێژەی (18%)، داهاتی گومرگەكە لە مانگی چواردا (20 ملیار و 684 ملیۆن) دینار بووەو لە مانگی پێنجدا (16 ملیارو 700 ملیۆن) دیناربووە.

خشتەی داهاتی گومرگی باشماخ لە پێنج مانگی رابردوودا


 

بەگوێرەی ئەو داتا فەرمیانەی كە لە بەرپرسانی گومرگی خاڵی سنوری(پەروێزخانەوە) دەست (درەو) كەوتوون، بەهەمان شێوە داهاتی ئەم گومرگەش كەمیكردووە، چۆن ؟
•    بەراوردی مانگی( یەك و پێنج) داهات كەمیكردووە، مانگی یەك كۆی داهات (22 ملیارو 855 ملیۆن) دیناربووەو مانگی پێنج (17 ملیارو 307 ملیۆن) دینار بووە: بە نزیكەی (6 ملیار 97 ملیۆن) دینار داهاتی گومرگەكە كەمیكردووە، كە دەكاتە رێژەی (27%). 
•    لەنێوان مانگی چوارو پێنجی ئەمساڵدا: داهاتی پەروێزخان بەبڕی (3 ملیارو 984 ملیۆن) دینار كەمیكردووە، كە دەكاتە رێژەی (19%)، داهاتی گومرگەكە لە مانگی چواردا (20 ملیار و 977 ملیۆن) دینار بووەو لە مانگی پێنجدا (17 ملیارو 307 ملیۆن) دیناربووە.

خشتەی داهاتی پەروێزخان لە پێنج مانگی رابردوودا 

 

هۆكاری دابەزینی داهاتی گومرگەكان
بەپێچەوانەی پەرلەمانتارانەوە كە زیاتر گەندەڵی‌و قاچاخچێتی بەهۆكاری كەمبونەوەی داهاتی گومرگەكان دەزانن، بەرپرسی گومرگەكان باس لە هۆكاری تر دەكەن.
شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ بە (درەو)ی راگەیاند، داهاتی باشماخ لە مانگی چوارو پێنجی ئەمساڵدا بەڕێژەی (15% بۆ 20%) كەمیكردووە. لە خاڵێكی سنوریی بۆ خاڵێكی تر داهات جیاوازە، بۆ نمونە لە (باشماخ)‌و (پەروێزخان) داهات كەمیكردووە، بەڵام لە (حاجی ئۆمەران) زیادی كردووە. 
بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ، هۆكاری دابەزینی داهاتی گومرگ لەم چەند مانگەی دوایدا بۆ هەندێك هۆكار دەگەڕێنێتەوە، لەوانە:   
* وەرزی بەروبومی ناوخۆییە، بۆ پاڵپشتی لە بەرهەمی ناوخۆیی حكومەت هاوردەكردنی ئەم جۆرە بەروبومانەی قەدەغەكردووە‌و ئەمە بووەتە هۆی كەمبونەوەی داهاتی گومرگی باشماخ. 
* هاوردەكردنی ئۆتۆمبیل زیاتر لە مەرزی حامی ئۆمەرانەوەیە وەك لە مەرزی باشماخەوە. 
لە مەرزی (پەروێزخان)یش چەند بەرپرسێك قسەیان بۆ (درەو) كرد، ئەوان باسیان لە هۆكاری تری دەكرد، لەوانە: 
•    پێشتر رۆژانە (70 – 80) بارهەڵگری خۆڵی ئاسن لە مەرزەكە هاوردە كراوە، هەر تەنێكی ئەم خۆڵە بڕی (6 دۆلار) گومرگی لێوەرگیراوە، ئێستا گومرگ لەسەر ئەم خۆڵە زیادی كردووە، بۆیە هاوردەكردنی لە پەروێزخانەوە كەمبوەتەوە‌و بازرگانەكان لە عێراقەوە هاوردەی دەكەن. 
•    پێشتر ساڵانە لە مانگی پێنج تا مانگی 10: رۆژانە (500 – 600) بارهەڵگری تەڕەو سەوزە هاوردە دەكرا، داهاتی رۆژانە ئەم بەروبومانە زیاتر لە (400 ملیۆن) دینارە بووە، ئێستا حكومەت بۆ پاڵپشتی لە بەروبومی ناوخۆیی، هاوردەكردنی ئەو بەروبومانەی قەدەغەكردووە، بۆیە بەشێك لە داهاتی گومرگ كەمیكردووە. 
•    لە مەرزەكانی باشوری عێراق بەهۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانەوە ئاسانكاری زۆر كراوەو بە جۆرێك بارهەڵگرێك ئەو گومرگ و رسوماتانەی لێی وەردەگیرێت بەبەراورد بە مەرزەكانی هەرێم زۆر كەمترە بۆیەئێستا بارهەڵگرەكان روو لەو مەرزانەی عێراق دەكەن. 

بە پێی ئەو زانیاریە ووردانەی دەست (درەو) كەوتووە:
•    پێشتر رۆژانە (800) بارهەڵگر هاتونەتە مەرزى پەروێزخان، ئێستا (302) بارهەڵگر دێن، واتا بەرێژەی (38%) كەمیكردووە. 
•    پێشتر رۆژانە (700) بارهەڵگر دەهاتە مەرزى باشماخ، ئێستا رۆژانە (308) بارهەڵگر دێن، واتا بەڕێژەی (44%) كەمیكردووە.


بەڕێوەبەری گومرگەكان چی دەڵێ ؟
ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ئەم چەند رۆژەی پێشوو هاتەسەر هێڵی ململانێكان لەنێوان هەردوو بەرەكەدا، ئەو بەرەیەی كە دەڵێن داهاتی گومرگەكان كەمیكردووە لەگەڵ ئەوانەی دەڵێن داهات زیادی كردووە. 
 ساماڵ عەبدولڕەحمان پشتیوانی ئەوانەی كرد كە دەڵێن داهاتی گومرگەكان زیادی كردووە، (درەو) بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمەوە كرد، جارێكی تر جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی داهاتی گومرگەكان بەرێژەی (20%) زیادی كردووە. 
بۆ سەلماندنی زیادبوونی داهاتی گومرگەكان، (درەو) داوای داتای داهاتی گومرگەكانی لە ساماڵ عەبدولڕەحمان كرد، ئەو وتی هیچ داتایەكم لەبەردەستدا نییە، بەڵام قسەی من فەرمییە‌و داهات زیادی كردووە.
ساماڵ عەبدولڕەحمان بە (درەو)ی وت:" نەك تەنیا بەراورد بە ساڵی رابردوو كە كۆرۆنا هەبووە، تەنانەت مانگی رابردووش داهاتی گومرگەكان بەرێژەی 20% زیادیان كردووە".

 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand