سهرچاوه: نیویۆرك تایمز عێراقییهكان سبهینێ رۆژی یهك شهممه دهنگ دهدهن بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمان ساڵێك بهر لهوادهی یاسایی خۆی، ئهویش پاش چهندین خۆپیشاندانی گهوره دژی حكومهت. زۆرینهی پارتهكان پهیامهكانیان ئاراستهى دهنگدهران دهكهن لهسهر بنهمای ئاین و نهتهوهو دڵسۆزی بۆ تیرهو تائیفهكانیان. له دهرهوهی بارهگای سهرهكی (عهسائیبی ئههلی حهق)، یهكێك له میلیشیاكانی سهر به ئێران له عێراق، بانهرێكی گهروه ههڵواسراوه كه تێیدا بینای گۆنگرێسی ئهمریكا قوت دراوه به خێمهی سور، كه ئاماژهیه بۆ مێژوی شیعهكان. ئێستا كاتی ههڵبژاردنهو (عهسائیبی ئههلی حهق)، كه تۆمهتبارن به هێرش كردنه سهر هێزهكانی ئهمریكا و لهلایهن ویلایهته یهكگرتووهكانی ئهمریكاوه وهك رێكخراوێكی تیرۆرستی ناسێنراون، یهكێكن له كوتلهكانی پهرلهمان و پێشبینی دهكرێت باڵی سیاسی ئهم گروپه چهندین كورسی له ههڵبژاردنهكهی رۆژی یهك شهممه بباتهوه. وێنهی بانهرهكهی بهردهم ئهو بارهگایه ئاماژهیهكه بۆ جهنگی كهربهلا له سهدهی 17دا كه مهبهست لێی بهڵێنی تۆڵه كرنهوهیه، وهك ناردنی پهیامێك بۆ ههموو ئهوانهی هێڵی بهرگری هێزه شیعییهكان دهبهزێنن. ههژده ساڵ دوای ئهوهی ئهمریكا عێراقی داگیر كرو دیكتاتۆرێكی روخاند، له ماوهی بهرێوهچونی پێنجهمین ههڵبژاردنی گشتی لهو ولاتهدا، ئهوه زیاتر روون بویهوه كه سیستمی سیاسی له ژێر كۆنترۆڵی چهك و پارهدایهو هێشتا بهشێوهیهكی گهوره لهسهر بنهمای تائیفی و نهتهوهیی دابهش بووه. كێبركێكه پێدهچێت ههمان یاریزانه سهرهكییهكان بگهرێنێتهوه بۆ دهسهڵات، لهوانهش گروپهكهی موقتهدا سهدرو هاوپهیمانی میلیشیا شیعهكانی نزیك له ئێران و ههروهها پارته كوردییه باڵادهستهكان له ههرێمی كورستان. بهڵام لهو نێوانهدا روناكییهكی هیوابهخش ههیه كه یاسای ههموار كراوی ههڵبژاردنهكان و ههروهها خۆپیشاندان و نارهزاییهكانی ساڵی رابردوو كه دهرئهنجامهكهی ئهم ههڵبژاردنه بوو، بتوانن چهند كاندیدێكی نوێ بێننه پێشهوه بو ناو پهرلهمان كه نهبهسرابنهوه به حیزبه تهقلیدییهكانهوه. بهڵام قایل كردنی هاوڵاتیانی نارازی بۆ ئهوهی بچنه سهر سندوقهكانی دهنگدان و دهنگ بدهن زۆر زهحمهت بووه له وڵاتێكدا كه گهندهڵی له كۆنترۆڵ دهرچووه، به جۆرێك زۆرێك له وهزارهتهكانی حكومهت زیاتر چاویان لهسهر بهرتیل وهرگرتنه وهك له پێشكهش كردنی خزمهتگوزاری. میلیشیاكان و باڵی سیاسی گروپه چهكدارهكان زیاتر له خزمهتی بهرژهوهندییهكانی ئێراندان وهك له وڵاتهكهی خۆیان عێراق. به شێوهیهكی گشتی هیچ یهكێك له پارته سیاسییهكان نییه كه بهرنامهیهكی سیاسی پێشكهش كردبێت و خاڵی بێت له پهیامی دینی و تایفی و نهتهوهگهرایی. "له یهكهم ههڵبژاردندا دهنگم دا بهڵام هیچ یهكێك له خواست و داواكارییهكانمان بهدی نههات پاشان ههڵبژاردنی دووهم دهنگمدا بهڵام ههمان دهموچاوهكان هاتنهوه سهر حوكم"، ویسام عهلی وای وت، له كاتێكدا له ناوهندی شهقامهكه دهرۆشت و دهعامی سهیارهیهكی به دهستهوه بوو كه تازه كریبووی. "بۆ سێههم جار بریارم داوه كه دهنگ نهدهم". عهلی له پارێزگای بابل، له باشوری عێراق، وتی ئهو بۆ 14 ساڵ وهك مامۆستای وانهبێژ له یهكێك له خوێندنگه حكومییهكان وانهی وتوهتهوه بهڵام تا ئێستا به فهرمی دانهمهزرێنراوه تهنها لهبهر ئهوهی سهر به هیچ حیزبێكی سیاسی نییه. بۆ روبهروبونهوهی بێ متمانهیی، دهنگدهران كه له ههڵبژاردنی ساڵی 2018دا بوه هۆی دابهزینی رێژهی بهشداری بهشێوهیهكی بهرچاو، ئێستا رێكخهرانی ههڵبژاردن له ههندێك ناوچه كۆڵان به كۆڵان دهگهرێن بۆ ئهوهی كارتی دهنگدان بگهیهننه دهستی هاوڵاتیان. بهرپرسانی كۆمسیۆن ئامانجیان ئهوه بوو كه تهواوی ئاسانكاری بۆ ئهو هاوڵاتیانه بكهن كه هیچ متمانهیان به سیستمهكه نهماوه. كه ئهوهش وای لێكردوون هیچ پاڵنهرێكیان نهبێت بۆ ئهوهی خۆیان تۆمار بكهن یاخو كارتهكانیان وهر بگرنهوه. لهم ههڵبژاردنهدا 21 ملیۆن كهس مافی دهنگدانی ههیه، لهوانهش یهك ملیۆنیان دهنگدهری نوێن و بۆ یهكهم جار دهنكگ دهدهن. سهرهرای ئهنجامدانی كهمپهینێك لهسهر تۆری كۆمهڵایهتی تیك تۆك و بهكارهێنانی چهندین تاكتیكی دیكه بۆ گهیشتن به دهنگدهرانی گهنج، بهڵام هێشتا زۆرێك لهوان سورن لهسهر بایكۆت كردنی ههڵبژاردنهكه.
درەو: بەپێی ڕاپرسییەکی (ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی)، (46%) بەشداربووان پێیان وایە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و دوور لە ساختەكاری بەڕێوە ناچێت، (61%)یش پێیان وایە وڵاتانی هەرێمی کاریگەرییان لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردن دەبێت. زانیاری گشتی دەربارەی ڕاپرسییەکە 1. لە ڕاپرسییەکەدا (2 هەزارو 950) هاوڵاتی عێراقی بەشدارییان کردووە. 2. ڕاپرسییەکە (19) پارێزگای عێراقی گرتووەتەوە و (هەڵەبجە) وەک پارێزگا هەژمار کردووە. 3. بەشێوەیەکی عەشوائی لە ڕێگەی ئامرازەکانی پەیوەنییە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەنجام دراوە. 4. لە ڕاپرسییەکەدا، بەشداربووان (94.5%) لە ڕەگەزی نێر و (5.5%) لە ڕەگەزی مێ بوونە. 5. لەڕووی تەمەنی بەشداربووانەوە لە (18) ساڵەوە دەستی پێکردووە تا سەروو (65)ساڵ. 6. لە ڕووی ئاستی خوێندەوارییەوە، لە نەخوێندەوارەوە بەشدار بوونە تا ئاستی بڕوانامەی دکتۆرا.
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) لە هەڕەشەوە بۆ هەلی هێزە باوەکان هەڵبژاردنی هەنووکەیی عێراق، دەرهاویشتەیەکی ئەرێنی بوو لە هەناوی شکست و گەندەڵی و بێباکی سیاسییە باوەکانی شیعە و سوننە و کورددا، هەر لەبەر ئەوەش پێشوەختە ئەنجامدرا. بەڵام ئایا دەتوانێت بەدیهێنەری ویست و مەبەستی ئەنجامدانەکەی بێت؟ لە هەر جوڵەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسیی وەک خۆپیشاندانێکی جەماوەرییدا، لەسەر چەند ئاستێک پۆلێنی ئامانج و ئەنجامەکانی دەکرێت، هەندێک کاتیی و دوورمەودا، هەندێکیش ڕووکەشی و ناوەڕۆکی و هەندێکیش تیۆریی و کردەیی. بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لەڕووی ئامانجەوە، بەگشتی لە دوو ئاستدا ئامانجڕێژ کرابوو، ١.نمایشیی شکست و دانپێدانان و بێبەهاکردنی گووتاری ڕووکەشانەی سادەخەڵەتێنی مەزهەبی-نیشتمانی سیاسییەکانی نێودەسەڵات، ٢. هەنگاوی کردەیی دوورمەوداش ئەوە بوو لەڕێگەی هەڵبژاردنێکی پێشوەختەوە، ڕێگەخۆش بکرێت بۆ هاتنەسەرکاری توێژێکی نوێ بۆ گۆڕێنی ئاراستەی سیاسیی لە دروشمی تائیفی و دینی و دەستەمۆیی بۆ هەژموونی دەرەکییەوە بۆ گوتارێکی خۆتەوەریی و خزمەتگوزار. ئامانجی یەکەم هەر لەڕێوە هاتەدی و سەرجەم لایەنە عێراقییەکان لەم دووساڵەی دواییدا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ ناچارکران دان بە شکستەکەدا بنێن و نەک هەر ئەوە وای لێهات هیچ هیزێکیشیان نەتوانێت شانازی بە پشکی خۆیەوە بکات لە "عێراقی نوێدا" و هەر یەکە و تۆمەتی دامەزراندن و تەشەنەی ئەم ئەزموونەی دەخستە ئەستۆی ئەوی دیکەوە. ئەم هەڵبژاردنەی عێراق پێش هەر مانا و ئاماژەیەک، خودی ئەنجامدانی لە پێش وادەی خۆیدا، داننانە بە شکستی سیاسییە باوەکانی نێو عێراق، کە لە ٢٠٠٣ بە چەند توێژێکی سیاسیی لە پشتی پەردەی پرۆسەی سیاسیی عێراقەوە، لانیکەم هەڵگری ئەو مانایەیە کە هۆکاری نەهامەتی و بنبەستی ئابووریی و سیاسیی و ئەمنی عێراق بوون، چونکە هۆکار و مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە بەدەمەوەچوونی داواکاریی خۆپیشاندان بوو (٢٠١٩) کە حکومەتە تەوافوقییەکەی عەبدولمەهدیان پێهەڵوەشاندەوە و ڕێگریشینان لە دروستکردنی دوو کابینە کرد، بە جۆرێک ئاماژە بوو بۆ فاتیحای سیاسیی بۆ توێژە باوەکە و ئەوان گفتوگۆی کۆتاییهێنانیان بە خۆپیشاندان لە بەڵێن و دروشمی دووبارەوە گواستەوە بۆ هەنگاوێکی کردەیی کە ئەویش "هەڵبژاردنی پێشوەختە" بوو، تا لە ڕێگای یاسای هەڵبژاردنی نوێوە، هەل بدرێتە توێژێکی نوێی سیاسی. بەڵام بۆ ئامانجی دووەم بەو کەرەستە سیاسییانەی بەردەست و بەو دەزگا ماندووانەی عێراق (پەرلەمان و دەزگای جێبەجێکار)، کە خەون و ئامانجی گۆڕانکاریی ڕیشەییە لە دوورخستنەوەی سیاسییە پێشینەکان و بونیادنانی گوتارێکی نوێی نیشتمانی، بووە ئەستەم و بە پێچەوانەشەوە، خودی هەڵبژاردنەکە لە هەڕەشەیەکەوە بۆ سەر سیاسییە باوەکان، بووە و دەبێتە هەلێکی نوێی خۆڕێکخستنەوە و بووژانەوەیان، چونکە لەلایەک ئەو یاسایەی کە بڕیار بوو جۆری هەڵبژاردنەکە ڕێکبخات و حزبە تەقلیدی و ڕووخسارە باوەکان پەراوێز بخات، لە پەرلەمانێکەوە داڕێژرا کە دیسانەوە داشی دەستی ئەوان و لە ژێر هەژموونی ئەواندا بوو، لالایەکی دیکەوە هەڕەشەی خۆپیشاندەران بە جۆرێک کەوتەوە کە هەرسێ چینی باوی سیاسیی شیعە و سوننە و کوردی لەترسدا کردەوە یەک و لەبەردەم دوو سیناریۆدا قوتی کردنەوە: ١. یان دەبوو بەدیار مەرگی خۆیانەوە بڕواننە ئایندەی پرۆسەی سیاسیی و نەوەیەکی دیکەی سیاسیی جێگەیان بگرێتەوە (بەتایبەت لە نێوەڕاست و باشووردا)، ٢.یاخود بەپێچەوانەوە سازش بۆ یەکدی بکەن و پێکەوە هەڕەشە ڕاستەقینەکەی سەریان کە جەماوەر و خەڵکی ناڕازی بوو دووربخەنەوە و لەڕووی تیۆری و کردەییەوە یاسا و ڕێکارێکی هەڵبژاردن وەڕێ بخەن کە دیسانەوە بە ڕوخسارێکی دیکەوە لەسەر شانۆی سیاسییدا بمێننەوە. دیارە سیناریۆی دووەمیان کردە بەرنامە و هەر ئەوەش چۆنێتی و وردەکاریی و کاتی ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە هەنووکەییەی داڕشت. بەجۆرێک یاسا و دابەشکاریی بازنەکانی هەڵبژاردن وا ڕێکخرایەوە، لە قازانجی حزب و ئاراستە گەورەکان بێت و دەنگی هێزە تازە و تێوەنەگلاوەکان پەرت و فەوتاو بێت و ڕوخساری خۆپیشاندەرانیش لەبەر بچووکی بازنەکان کەمترین هەلیان بۆ بڕەخسێت بۆ ئەگەری بوونە هێزێکی یەکلاکەرەوە و خاوەن هەژموون، ئەمەش خۆی جۆرێک بوو لە کودەتا بەسەر مەبەستی دەرکردنی یاساکە و خودی ئاراستەی ئامانجی خۆپیشاندەراندا. نەخشەی ئێستا و گریمانەی پاشی هەڵبژاردن لێرەدا بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو "نەگۆڕانە"ی کە بەڕێوەیە و ئەو هەلەی دەدرێتەوە بە هێزەباوەکان، پێویستە نەخشەی ئێستای هێزە سیاسییەکان و سیناریۆکانی پاش هەڵبژاردن ڕوون بکرێتەوە: پاش تێکچوونی پرۆسەی تەوافوقی شیعی-سوننی-کورد و پەرتەوازەیی نێو خودی هەرسێ ماڵەکە و چەندسەرەیی گوتارەکانیان، لەلایەکی دیکەشەوە خراپی ئەدا و ئەزموونی پاش ٢٠٠٣ لە بەڕێوەبردنی دامودەزگاکان، وای کرد هاوڵاتی و چینە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان دۆڵاودۆڵ بخات و درزی نێوانیشیان گەورەتر بکات، بەجۆرێک بووە هەڕشەی ڕاستەقینە لەسەریان و نەخشەی باوی سێ زۆرنی (شیعە-سوننە-کورد) خەریک بوو کاڵدەبوویەوە، سوکانی سیاسەتیش لەژێر کۆنتڕۆڵی هیچ هێزێکدا نەمایەوە، مەودای تێگەیشتن و خۆکۆکردنەوەیان تا دەهات کەم و کەمتر دەبوویەوە، تەنانەت تاقە دەستکەوتی دیاری ئەو سەردەمەشیان کە دەستووری عێراق بوو ئەویش کەوتبوویە ژێر هەڕەشە، حکومەت هەڵوەشایەوە، دوو کاندیدیش شکستیان هێنا بۆ پێکهێنانی حکومەت و بازی دەسەڵات بەسەر کازمییەوە نیشتەوە و بە فشاری دەرەکی و ناچاریی حکومەتێکی پێکهێنا و زۆرێکی بەڵێنەکانیشی بۆ خۆپیشاندەران بە مەرەکەبی سەرکاغەز مایەوە. ئەمە دۆخی پەرتەوازەیی هێزە باوەکان بوو، هێندەی نەمابوو نەک پرۆسەی سیاسیی بەڵکو نەخشەی جوگرافیی عێراقیش بەرەو هەڵدێڕ بەرن. بەڵام بە خۆکۆکردنەوەیان و یەکخستنەوەی دەنگیان لەسەر حسێبی یاسای هەڵبژاردن و بەرامبەر وەستانەوە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا، وا پێکهاتنەوە کە ئەگەری زۆر ئەوەیە نەخشەی کوتلە سیاسییەکان ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەردا نەیەت. نەخشەی سیاسیی هەڵبژاردنی ٢٠١٨ بەمشێوەیە کەوتەوە: ١. شیعەکان: ١٧٧ کورسی بۆ شیعە کە لە لیستەکانی سائیرون، نەسر، دەوڵەتی قانون، حیکمە، ئیرادە، کەفائات، حزبی مەدەنی، ریجالی عێراق و حزبی شیوعی پێکهاتبوون. ٢. سوننەکان: ٧١ کورسی بۆ سوننە، کە دابەشبووبوون بەسەر کوتلەکانی نەسر، وەتەنییە، قەرار، هاوپەیمانیی بەغدا، نەینەوا شوناسمانە، هاوپەیمانی جەماهیر، سەڵاحەدین شوناسمانە، دیالە تەحەددا دەکات، بەیارقی خێر و مەدەنییەت و عابروون. ٣. کوردەکان: ٥٨ کورسی بۆ کورد، کە لە پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، نەوەی نوێ و دوو کورسی هاوپەیمانی بۆ دیموکراتی کە پاشتر بەلای بەرهەم ساڵحی سەرکۆماردا کەوتن. ٤. هەرچی کورسییەکانی دیکە بوو وەک کۆتای نەتەوەیی و ئاینی مانەوە. بەڕوانین بۆ ئەو نەخشەیە و بە دیقەتتدان لە نەخشەی کێبەرکێکردنی سیاسیی ئەم هەڵبژاردنە و ئەگەرەکانی بەردەم هێزەکان، دەردەکەوێت نەخشەکە بەڕێژەیەکی کەم نەبێت زۆر گۆرانکاری بەسەردا نایەت، زۆرینەی ڕەهای کورسییەکان لە هەرسێ زۆنەکە هەمان ئەو هێزانە کۆنتڕۆڵی دەکەنەوە کە هەن، بەڵام ناو و دروشمیان گۆڕیووە، چونکە هەنووکە (بە لادانی ناوی هاوپەیمانییەکانیان) زۆرینەی کورسییەکان لەدەستی ڕوخسارە دیارەکانی وەک سەدر، مالکی، حەکیم، عامری و عەبادی لە کوتلەی شێعی و حەلبووسی و خەنجەر لە سوننەکان و پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی لە کوردستاندان، گریمانەی ئەوەش دەکرێت، دیسانەوە زۆرینەی کورسییەکان هەر ئەم ڕوخسارانە لە ژێر ناوی هاوپەیمانیی نوێدا بیبەنەوە، گەر زیاتریشیان نەکەن. گریمانە دەکرێت کە جارێکی دیکە سەدر، عامری و حەشد، مالکی، حەکیم و عەبادی دیسانەوە زۆرینەی کورسیەکانی شیعە، حەلبوسی و خەنجەریش زۆرینەی کورسییەکانی سوونە و پارتی و یەکێتییش زۆرینەی کورسیەکانی کورد دەست بخەنەوە. لێرەوە دەردەکەوێت گەر خۆپیشاندەران توانیبێتیان حکومەتێک بخەن، لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون لە کەمکردنەوەی هەژموونی هێزە سیاسییە باوەکان و بونیادنانی سەرەتایەکی نوێ بۆ پرۆسە و گوتارێکی نیشتمانی نوێ، بە پێچەوانەوە ئەو هەڕەشەیەی لەسەر ئەم هێزانە درووستبوو لە هەرسێ زۆنەکە، بووە وانەیەک بۆیان و بە بەرگێکی دیکەوە کردیانە هەلێک بۆ خۆڕێکخستنەوەیان. لەبەرئەوە هەڵچنینی ئومێدی زۆر بۆ گۆڕانکاریی لە بەغداوە، سەرابێکی سیاسییە و بەو دەزگا و کارەکتەر و یاسابەرکارانەی هەڵبژاردنەوە کە هەیە هەر ئەوە بەرهەم دێت، لەم دەرکەیە هەر ئەو دەرچە چاوەڕێی عێراقییەکانە کە لە ڕابردوودا لێیەوە تێپەڕیوون و هەمان بنبەستی سیاسیی و بەڕێوەبردن پاش هەڵبژاردن یەخەی پرۆسەی سیاسی و عێراقییەکان دەگرێتەوە کە لەسەر بنەمای پشکپشکێنە و دابەشکاریی مەزهەبی و نەتەوەیی و وەلای حزبی بینا کراوە.
درەو: لە بازنەی (5)ی پارێزگای سلێمانی كە (كەلار، كفری، دەربەندیخان، چەمچەماڵ) دەگرێتەوە، كاندیدە ژنەكەی یەكێتی و كاندیدێكی پیاوی دوو كورسی دەبەنەوە، غالب محەمەد كاندی سەربەخۆ ئەگەری زۆرە كورسی سێیەم بەرێت، كێبەركێی بەدەستهێنانی كورسی چوارەم لە نێوان كاندیدەكانی پارتی و گۆڕان و نەوەی نوێ دەبێت. بازنەی (٥) بازنەی (٥): كە ناسێنراوە بە بازنەی گەرمیان (كەلار + دەربەندیخان + كفری + چەمچەماڵ + بەشێكی خانەقین) زیاتر لە (250) هەزار كەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (15) كاندید كە لە (5) ئافرەت و (10) پیاو پێكهاتوون و (13) كاندیدیان سەربە (8) پارتی سیاسین و (2) كاندیدیان بەناوی كاندیدی سەربەخۆوە تۆمار كراون و ڕكابەریدەكەن بۆ بەدەستهێنانی (4) كورسی تایبەت بە بازنەكە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەكێك لە كاندیدە سەركەوتووەكان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (5)) خشتەی ژمارە (5) ئەنجامی دەنگی تایبەت ( نافەرمی) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەكییەكانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی كوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (5)) چارتی ژمارە (٥) شیكردنەوەی بازنەی (5): لەم بازنەیەدا (٤) كاندید سەردەكەون، كە پێویستە (١) كاندیدیان ئافرەت بێت. یەكەم: لەم بازنەیەدا یەكێتی بە سێ كاندید بەشدارە ( سروە محەمەد، كاروان یاروەیس، رزگار محەمەد)، یەكێتی لەم بازنەیە لە هەڵبژاردنی رابردوو (34685) دەنگی هەبووە بە لەبەرچاوگرتنی دەنگدانی تایبەت سروە محەمەد (572) دەنگ و كاروان یاروەیس (486) بۆیە ئەگەری دەرچونی كاندیدە ژنەكەی (سروە محەمەد) و كاندیدێكی پیاو كە بە ئەگەری زۆر (كاروان یاروەیس)ە دەبێت دووەم: كورسی سێیەم بە گەری زۆر بۆ كاندیدی سەربەخۆ ( غالب محەمەد) دەبێت بەلەبەرچاوگرتنی پێگەو دەركەوتنی و بە ئەنجامی بەرایی دەنگدانی تایبەت كە ( 355) دەنگ و دەنگی سێیەمی ئەو بازنەیە. سێیەم: بۆ كورسی چوارەمی بازنەی (5) كێبەركێی توند لە نێوان كاندیدەكانی ( گۆڕان ، پارتی ، نەوەی نوێ) دەبێت، كە بزوتنەوەی گۆڕان بە كاندیدێك بەشدارە ( هۆشیار عومەر) دەنگی پێشوی گۆڕان لەو بازنەیە (22267) دەنگەو لە دەنگدانی تایبەتیشدا (147) دەنگی هەیە، بەڵام غالب محەمەد كە پەرلەمانتااری گۆڕانە كاندیدە لەو بازنەیەو بەشێك لە دەنگەكانی دەبات. پارتی دیموكراتی كوردستان بە كاندیدێكی پیاو بەشدارە ( شوان محەمەد) لە هەڵبژاردنی پێشوو پارتی ( 9701) دەنگی هەبووە و لە دەنگدانی تایبەتیشدا (174) دەنگی بەدەستهێناوە، پارتی هەوڵی زۆر دەدات كورسیەكی بازنەی پێنج بەرێت، بۆیە ئەگەری زۆرە ئەو كورسیە بۆ كاندیدەكەی پارتی بێت. نەوەی نوێ بە كاندیدێكی پیاو بەشدارە ( مۆفەق حسێن) لە هەڵبژاردنی پێشوو نەوەی نوێ لەو بازنەی (12471) دەنگی هەبووە لە دەنگدانی تایبەتیشدا نزیكەی ( 180) دەنگی بەدەستهێناوە.
درەو: لە بازنەی (3)ی پارێزگای سلێمانی كە (هەڵەبجە، شارەزوور، سەید سادق، پێنجوێن) دەگرێتەوە، كاندیدە ژنەكەی هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی و گۆڕان) كورسی یەكەم دەبات و كورسی دووەم بە ئەگەری زۆر بۆ كاندیدەكەی كۆمەڵی دادگەریە، كاندیدەكانی پارتی و یەكگرتوو نەوەی نوێ كێبەركێ لەسەر كورسی سێیەم دەكەن. بازنەی (3) هەڵەبجە بازنەی (3): کە ناسێنراوە بە بازنەی (هەڵەبجە + سەیدسادق + شارەزوور + پێنجوێن) زیاتر لە (213) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (8) کاندید کە لە (3) ئافرەت و (5) پیاو پێکهاتوون و هیچ کانیدێکی سەربەخۆ لەم بازنەیەدا نییەو سەرجەم کاندیدەکان سەر بە (8) لایەنی سیاسی جیاوازن و لە کێبڕێکێدان بۆ بەدەستهێنانی (3) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) ئەنجامی دەنگی كاندیدەكانی بازنەی (3) لە هەڵبژاردنی تایبەت ( ئەنجامی نافەرمی) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (3)) شیکردنەوەی بازنەی (٣): لەم بازنەیەدا (3) کاندید سەردەکەون، کە پێویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت. كورسی یەكەم/ چرۆ حەمە شەریف كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان ( یەكێتی و گۆڕان) چانسی دەرچونی لە هەموو كاندیدەكانی تر زیاترە، بەو پێیەی كاندیدی ( یەكێتی و گۆڕان)ە كە بەلەبەرچاوگرتنی دەنگی پێشوو ( یەكێتی 25473 و گۆڕان 18912) دەكاتە ( 44385) دەنگ بە پێی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت (1896) كە دەنگەكانی سێ ئەوەندەی دەنگی لایەنەكانی ترە، بۆیە ئەگەری دەرچوونی لە هەموو كاندیدەكانی تر زیاترە. كورسی دووەم: ئەحمەد حاجی رەشید كاندیدی كۆمەڵی دادگەری كوردستان ئەگەری زۆرە كورسی دووەمی بازنەی (3) بەرێت بەلەبەرچاوگرتنی دەنگی پێشوو كە لەدوای یەكێتی و گۆڕان زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە (15946) دەنگ و ئەنجامی دەنگدانی تایبەت كە دەنگی دووەمی ئەو بازنەیەیە (585) دەنگ. بۆیە بە خوێندنەوەی دۆخی ململانێكان و ئاستی دەنگدان ئەگەری زۆرە كاندیدەكانی كۆمەڵ كورسی دووەم بەرێت. كورسی سێیەم: بۆ كورسی سێیەم كێبەركێی توند لە نێوان كاندیدەكەی پارتی (ئەشواق جاف) كاندیدەكەی یەكگرتوو (موسەنا ئەمین) كاندیدەكەی نەوەی نوێ (ئاریان تاوەگۆزیدایە. 1- كاندیدەكەی پارتی ئەگەری بردنی كورسی سێیەمی زۆرترە بەو پێیەی لە هەڵبژاردنی رابردوو پارتی لەو بازنەیە ( 13815) دەنگی هەبووە، دوێنیش رێككەوتنی لەگەڵ حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كردووەو ئەو حزبە بڕیاری داوە لەو بازنەیە دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی بدات كە لە هەڵبژاردنی رابردوو حزبی سۆسیالیست نزیكە (پێنج هەزار) دەنگی هەبووە، بەلەبەرچاوگرتنی دەنگدانی تایبەتیش كە كاندیدەكەی پارتی دەنگی سێیەمی هەیە (469) دەنگ چاوەڕوان دەكرێت كاندیدەكەی پارتی كورسی سێیەم بەرێت. 2- موسەنا ئەمین كاندیدی یەكگرتوو كێبەركێكاری بەهێزی بردنەوەی كورسی سێیەمە دەنگی یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی پێشوو لەو بازنەیە ( 14541) دەنگ و لە دەنگدانی تایبەتیشدا ( 353) دەنگی بەدەستهێناوە، بۆیە لە حاڵەتی نەبردنی كورسی سێیەم لەلایەن كاندیدەكەی پارتیەوە ئەگەری زۆرە موسەنا ئەمین كورسی سێیەم بەرێت. 3- ئاریان تاوەگۆزی كاندیدی نەوەی نوێ لە بازنەی سێ لە هەڵبژاردنی رابردوو نەوەی نوێ لەو بازنەیە كەمترین دەنگی هەبووە كە ( 6871) دەنگ و لە دەنگدانی تایبەتیشدا كەمترین دەنگی هێناوە كە ( 174) دەنگە، بە پێی لێكدانەوەكان ئەگەری دەرچوونی كاندیدەكەی نەوەی نوێ لاوازە هەرچەندە دەنگدانی گشتی ئەو پرسە یەكلا دەكاتەوە.
درەو: ئاستی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت لە 2018 بۆ 2021 بەرێژەی (18%) لە هەرێمی كوردستان كەمیكردووە، بەرزترین رێژەی كەمی دەنگدان لە پارێزگای دهۆكە كە (24%) كەمیكردووە. * پارێزگای هەولێر: لە پارێزگای هەولێر رێژەی دەنگدانی تایبەت لە 2018ی (93%) بووەو لە 2021 رێژەكە دابەزیوە (75%) بووە واتا ۆێژەی (18%) كەمیكردووە. * پارێزگای سلێمانی لە پارێزگای سلێمانی رێژەی دەنگدانی تایبەت لە 2018ی (89%) بووەو لە 2021 رێژەكە دابەزیوە (78%) بووە واتا ۆێژەی (11%) كەمیكردووە. * پارێزگای دهۆك لە پارێزگای سلێمانی رێژەی دەنگدانی تایبەت لە 2018ی (93%) بووەو لە 2021 رێژەكە دابەزیوە (69%) بووە واتا ۆێژەی (24%) كەمیكردووە.
(درەو): سبەینێ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، كە هێزە ئەمنییەكانو زیندانیانو نەخۆشەكانو ئاوارەكان دەگرێتەوە. دەنگدانی تایبەت ناكەوێتە ماوەی بێدەنگی هەڵبژاردنەوە، واتە لەناو بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڕێوەدەچێت، بێدەنگی هەڵبژاردن لەكاتژمێر (6)ی بەیانی رۆژی شەممەوە دەستپێدەكاتو لەم كاتەوە دەبێت هەموو كاندیدەكان هەڵمەتی بانگەشەی خۆیان رابگرن. لە هەرێمی كوردستان ژمارەی ئەو كەسانەی كە دەنگدانی تایبەت دەیانگرێتەوە (185 هەزارو 972) كەسە. ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانو كەركوك: • پارێزگای هەولێر: (69 هەزارو 444) دەنگدەر • پارێزگای سلێمانی: (68 هەزارو 468) دەنگدەر • پارێزگای دهۆك: (48 هەزارو 605) دەنگدەر • كەركوك: (46 هەزارو 60) دەنگدەر دەنگدانی تایبەت لە عێراق: بەتێكڕا لەسەر ئاستی عێراق (بە هەرێمی كوردستانیشەوە) ژمارەی ئەوانەی دەنگدانی تایبەت دەیانگرێتەوەو دەتوانن سبەینێ دەنگبدەن ژمارەیان (ملیۆنێكو 75 هەزارو 727) دەنگدەرە، ئەمە لە كۆی (24 ملیۆنو 907 هەزارو 679) كەس كە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە 10ی ئۆكتۆبەردا مافی دەنگدانیان هەیە. ئەوانەی مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیە، لەسەرتاسەری عێراق دابەشكراون بەسەر (595) بنكەی دەنگدان، كە ئەم بنكانەش بەتێكڕا (2 هەزارو 584) وێستگە لەخۆدەگرن.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) بەپێی لێکۆڵینەوەکان مرۆڤی مۆدێرن لە ڕۆژێکدا تاوەکو 200 جار درۆدەکات. هەموو قسەکردنێک دە دەقیقە بخایەنێت لانی کەم یەک درۆی تێدا دەکرێت. درۆ دەتوانێت دڵخۆشکەر یان تۆقێنەر، بنیاتنەر یان تێکشکێنەر بێت. درۆ هەیە شادیی دەهێنێت وەک حیکایەتی بابانۆئێل کە دیاری جوان و خۆش بۆ منداڵان دەهێنێت، درۆش هەیە دەتوانێت دڵشکان و بێمتمانەیی بەرهەمبهێنێت وەک درۆی کەسێک لەگەڵ خۆشەویستەکە. درۆ چەندە دەتوانێت پێکەنیناوی بێت وەک لێداوانەکانی وەزیری ڕاگەیاندنی حکومەتەکەی سەدام، محەمەد سەعید سەحاف، هێندەش دەتوانێت گریاناویی بێت وەک ریفراندۆم و درۆی دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی. لە ڕاستیی دوورناکەوینەوە کاتێک بڵێین کەم سیاسیی هەیە درۆ و فشەی گەورە و بچوکی نەکردبێت. سیاسییەکانی ئێمە خۆیان بە درۆزن نازانن، بەڵکو بە خۆیان دەڵێن درۆزان. کێشەی تێکئاڵانی درۆ و حەقیقەت لەوێوە دەستپێدەکات کاتێک مەسافەیەک لەنێوان زانین و جەهلدا نەمێنێت، سنوورێک لەنێوان پێکەنین و گریاندا نەمێنێت، فەزایەک لەنێوان بێدەنگیی و هاتوهاواردا نەمێنێت، لە کۆتاییشدا پێوەرێک نەمێنێتەوە کە جیاکاری عەقلانی و ئەخلاقیی لەنێوان درۆ و حەقیقەتدا بکات. لەدونیای ئێمەدا ئەمەندە درۆ کراوە کە مرۆڤ چیتر بڕوای بە هیچ شتێک نەماوە. دۆخی کۆمەڵگای ئێمە لە مەشهەدی گۆڕەپانی دوای جەنگێکی پڕوکێنەر دەچێت دژ بە حەقیقەت، گۆڕەپانێکی لێڵ و تەمومژاویی کە کەس نازانێت ڕاستییەکان لە کوێن. سەرکەوتنی درۆ لەم جەنگەدا لە توانا و هێزی درۆکردندا نییە، بەڵکو لە لاوازبوونی بەهای یاسایی و ئەخلاقییەکانە دژ بە درۆ، درۆ چیتر کردەیەکی ناشیرین و بەدکارییەک نییە سزای هەبێت. ساڵانێکی زۆرە هەرێمی کوردستان بووە بە بەهەشتێک بۆ درۆزنان و دۆزەخێک بۆ حەقیقەت. سیاسەت لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا چیتر لەسەر ئەو ستراتیژە کارناکات قەناعەت بە خەڵک بهێنێت بڕوا بە درۆکانی بکات، بەڵکو بە هەموو هێزییەوە کار لەسەر ئەوەدەکات بیر لە ڕاستیی نەکرێتەوە. ئەو کەسەی بیر لە ڕاستیی بکاتەوە بە بکەرێکی مەترسییدار بۆ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، نامۆ بە کۆمەڵگا و گەمژە لەقەڵەمدەدرێت. دادگاییکردنی چالاکوانانی ناوچەی بادینان بەرجەستەکەری ئەو ڕاستییەن کە چیتر نەک تەنها گوتنی ڕاستییەکان، بەڵکو بیرکردنەوەش لێیان ڕوبەڕوی سزات دەکاتەوە. دادگاکانمان چیتر شوێنێک نیین بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان، بەڵکو بوون بە جێگایەک بۆ سزادانی ئەوانەی باس لە حەقیقەت دەکەن. ئەم جیهانە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەی لە ئێستادا کۆمەڵگای ئێمەی تیادەژی، بریتییە لەو قۆناغەی کە لە زانستە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکاندا بە قۆناغی دوای حەقیقەت Post-Truth ناودێڕکراوە. ئەم قۆناغە یەکێکە لە مەترسییدارترین قۆناغی کۆمەڵایەتیی کە تەنها کۆمەڵگای ئێمە ئالودەی نەبووە، بەڵکو بووە بە دیاردەیەکی نێونەتەوەیی. حیزبەکان لە دونیای ئێمەدا بوون بە ماشێنێکی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی درۆ و سیاسییەکانیش ماندوو نابن لە نوێنەرایەتییکردنی درۆکان. سیاسییەکانمان درک بەوەدەکەن کە گەلەکەیان هیچ متمانەیەکی ئەوتۆیان پێیان نەماوە و بڕوایان بە حیکایەتەکانیان نەماوە، بۆیە ستراتیژەکەیان گۆڕیوە و بەردەوام باس لە دیموکراسیی و پەرلەمانتاریزم و هەڵبژاردنی بێگەرد دەکەن، باس لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایینەکان و دادپەروەریی و یەکسانیی و تەنانەت ئازادیی ڕادەربڕینیش دەکەن، بۆئەوەی ئەم چەمکانەش لە مانا و بەهاکانیان دابماڵن و بیانکەن بە بەشێک لەو درۆیانەی کە ژیانی سیاسییان لەسەر بەندە. لە هەرێمی کوردستاندا دۆخێک بەرهەمهێنراوە کە درۆکردن، گەندەڵیی، دزیی و هتد ببن بە کۆڵەکە نوێکانی پێکەوەژیانی مرۆییمان. سیاسەت و سیاسییەکان تا ئەو شوێنە هاوڵاتییانی ئەم دەڤەرەیان بە درۆ ماندووکردووە کە قەناعەت بەخۆیان بهێنین، گەڕان بەدوای حەقیقەت وەک گەڕان بەدوای ئەو گیراوەیە وایە کە تەنەکەمان بۆ دەکات بە ئاڵتون. درۆی سیاسەت و نەمانی متمانە وای لە هاوڵاتیانی هەرێم و عێراق کردووە کە ساڵانی ڕابردوو بایکۆتی بەرفراوانی هەڵبژاردنەکان بکەن. بایکۆتی دەستەجەمعیی لەڕاستییدا تەنها نیشاندانی بێمتمانەیی هاونیشتیمانیانی وڵاتێک نییە بە پرۆپاگەندە و درۆی حیزب و سیاسەتمەدارەکان لەکاتی هەڵبژاردندا، تەنها تەعبیر لە غیابی ئۆپۆزیسیۆن ناکات، بەڵکو هەوڵدانی تاکەکانی کۆمەڵگایە بۆئەوەی لەگەڵ خۆیاندا ڕاستگۆبن و درۆ لەگەڵ خۆیاندا نەکەن. لێرەدا کردەی بایکۆت لەگەڵ جیهانبینییە ئەخلاقییەکەی کانتی فەیلەسوفدا یەکدەگرێتەوە کە دەڵێت مرۆڤ هیچ پاساوێکی نییە بۆ درۆکردن، تەنانەت درۆکردن لەگەڵ بکوژێکێش بۆئەوەی رێگریی لەوەبکات بگاتە قوربانییەکەی، لای ئەم فەیلەسوفە دروست نییە. بێگومان چون بۆ هەڵبژاردنیش مانای ئەوە نییە کە کەسی دەنگدەر کارێکی نادروستدەکات، چونکە هەوەکو چۆن بایکۆت مافە، ئاوهاش دەنگدان مافە و دەشێت کەسی دەنگدەر بڕوا و متمانەی بەو کەس و حیزبانە هەبێت کە دەنگیان دەداتێ. کێشەی بنەڕەتی هەڵبژاردن لە وڵاتی ئێمەدا تەنها لەوەدا نییە کە پەیمانی زۆر دەدرێت و کەمترینیان جێبەجێدەکرێت، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە کە مەسافەیەک لە نێوان فشەکردن و درۆکردندا نامێنێتەوە. فشەکردن دێوێکی فوکاهیی هەیە و دەشێت ڕۆڵی تەنفیسی کۆمەڵایەتیی بگێڕێت و خەڵک بهێنێتە پێکەنین، بەڵام درۆکردن تەنها نائومێدیی و خەندەی تاڵ بەرهەمدەهێنێت. بە بۆچوونی من ساڵانێکە سیاسەتمەدارانی هەرێم لەوەکەوتوون نوێنەری گەلەکەیان بن، بەڵکو نوێنەری ڕاستەقینەی ئەو درۆیانەن کە بۆ هاونیشتیمانیانی بەرهەمدەهێنن. لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا سیاسەت ئەو دۆخە مەترسییدار و ناشرینەی بەرهەمهێناوە کە دەڵێت؛ گەر درۆیەک بەردەوام دووبارەبکەیتەوە نابێت بە حەقیقەت، بەڵکو دەبێت بە سیاسەت. ساڵانێکی درێژە سیاسەت لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا کار بەو تێزەی ماکیاڤێلی دەکات کە دەڵێت؛ ئینسانەکان حەزبەوەناکەن درۆیان لەگەڵدا بکرێت، بەڵام کەسی هەڵخەڵەتێنەر هەمیشە ئەوانە دەدۆزێتەوە کە رێگە بە هەڵخەڵەتاندنیان دەدات.
درەو: لەلایەنە كوردیەكان پارتی دیموكراتی كوردستان ( 24 – 32) كورسی، هاوپەیمانی كوردستان (16 -21) كورسی، لایەنەكانی دیكەو سەربەخۆكان (3 – 8) كورسی، لایەنە شیعەكان، رەوتی سەدر (43- 53) كورسی، هاوپەیمانی فەتح (38- 45) كورسی، عەبادی و حەكیم (25 – 32) كورسی، لەلایەنە سونیەكان حەلبوسی (32 – 41) كورسی، خەمیس خەنجەر (16-24) كورسی، ئەمە نوێترین راپرسی (ناوەندی رافیدەینە بۆ دیالۆگ) كە لە (18) پارێزگاكەی عێراقدا ئەنجامیداوە. بەپێی ڕاپرسییەکی (ناوەندی رافدەین بۆ دایالۆگ)، پێگەی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گۆڕانکاری بەسەرد دێت و لە باشترین دۆخی خۆیدا دەتوانێت (61) کورسی بەدەستبهێنێت و بە شێوەیەکی مام ناوەندیش کەم دەبێتەوە بۆ (56) کورسی و لە خراپترین دەرەنجامیشدا (43) کورسی دەباتەوە. بەپێی ڕاپرسییەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێوان (24-32) کورسی و هاوپەیمانی کوردستان لە نێوان (16-21) کورسی و کایەنەکانی دیکە بە سەربەخۆکانیشەوە (3-8) مسۆگەر دەکەن زانیاری گشتی دەربارەی ڕاپرسییەکە 1. ڕاپرسییەکە هەر (18) پارێزگاکەی عێراقی گرتووەتەوەو لە ماوەی 25/9/2021-5/10/2021 ئەنجام دراوە. 2. ڕاپرسییەکە لە ڕێگەی دابەشکردنی (5 هەزار 700)فۆرمەوە بووە، لە هەر پارێزگایەک (300) فۆرم بەسەر هاوڵاتیانی عێراقدا دابەشکراوە، جگە لە پارێزگای بەغدا کە (600) فۆرمی ڕاپرسی تێدا دابەشکراوەو لە کۆتاییدا (5 هەزار و 211) بە ڕێژەی (91.4%)ی فۆرمەکان بەتەواوی پڕکراوەتەوەو پەسەند کراون 3. لە ڕاپرسییەکەدا ڕەچاوی هاوسەنگی جێندەری کراوە، بەشداربووان (67.6) لە ڕەگەزی نێر و (32.4) لە ڕەگەزی مێ بوونە. 4. لەڕووی تەمەنی بەشداربووانەوە لە (18) ساڵەوە دەستی پێکردووە تا سەروو (55) ساڵ، (بڕوانە چارتی ژمارە(1)) کە ژمارەی ڕیژەی تەمەنی بەشداربوانی تێدا ڕونکراوەتەوە. 5. لە ڕووی ئاستی خوێندەوارییەوە، لە نەخوێندەوارەوە بەشدار بوونە تا ئاستی بڕوانامەی باڵا، (بڕوانە چارتی ژمارە(2)) کە ژمارەی ڕیژەی ئاستی خوێندەواری بەشداربووانی تێدا ڕونکراوەتەوە. 6. لە ڕووی ڕێوشوێنی ئەنجامدانی ڕاپرسییەکەوە، لە هەر پارێزگایەکی عێراقدا تیمێکی (4-5) کەسی بە کارەکە هەستاون جگە لە پارێزگای بەغداد کە لە لایەن تیمێکی (10) کەسییەوە ئەنجام دراوە، کە یەک لەسەر سێی هەر تیمێک ئافرەت بوونە، هەوڵدراوە بەشداربوون لە ڕەگەز و لە چین و توێژە جیاوازەکان و پێکهاتە ئاینی و پێگە ئەکادیمی و کومەڵایتی و خێڵ و عەشرەتە جیاوازەکان بن. گرنگترین پرسیار و ئەنجامەکان یەکەم: متمانەت بە بەڵێنەکانی هەڵبژاردن هەیە (بڕوانە چارتی ژمارە(3)) دووەم: بەشداری هەڵبژاردن دەکەیت؟ (بڕوانە چارتی ژمارە(4)) گریمانەکان یەکەم: لە سەر ئاستی لایەنە شیعییەکان: بەپێی ڕاپرسییەکە لەسەر ئاستی لایەنە شیعییەکان کورسییەکان بەم جۆرە دابەش دەبن (بڕوانە خشتەی ژمارە(1)) و چارتی ژمارە (5) دووەم: لە سەر ئاستی لایەنە سونییەکان: بەپێی ڕاپرسییەکە لەسەر ئاستی لایەنە سونییەکان کورسییەکان بەم جۆرە دابەش دەبن (بڕوانە خشتەی ژمارە(2)) (بڕوانە چارتی ژمارە(6)) سێیەم لە سەر ئاستی لایەنە کوردییەکان: بەپێی ڕاپرسییەکە لەسەر ئاستی لایەنە کوردییەکان کورسییەکان بەم جۆرە دابەش دەبن (بڕوانە چارتی ژمارە(3)) و (چارتی ژمارە (7))
راپۆرت: درەو بەشی شەشەم ساڵی 2018 لە دوو هەڵبژاردندا دوچاری شكستێكی گەورە بوو، یەكەمین حزبی سیاسی بوو بەبێ بەهانە هێنانەوە دان بە شكستەكەیدا بنێت، بەوهۆیەوە بەر لە شەش مانگ لەوادەی خۆی كۆنگرەی بەست، هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق یەكەمین تاقیكردنەوەیە لەبەردەم دەرەنجامەكانی كۆنگرەی هەشتی یەكگرتووی ئیسلامیدا، (درەو) لەم راپۆرتەدا خاڵی هێزو لاوازی یەكگرتوو بۆ هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوە، تا رۆژی هەڵبژاردن، رۆژانە هەرجارەو بە راپۆرتێك دۆخی حزبە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن بڵاودەكرێتەوە. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە رۆژی 6/2/1994 دامەزراوە، ئەمیندارەكەی (سەڵاحەدین محەمەد بەهادین)ە، جگە لە (4) ساڵی ئەمیندارێتی محەمەد فەرەج، لەسەرەتاوەی دامەزراندنی یەكگرتووەوە ئەمینداری حزبەكەیە، واتە سەلاحەدین محەمەد بەهادین ماوەی ئەمیندارێتی یەكگرتووە لەلایەن سەڵاحەدین محەمەد بەهادینەوە (23) ساڵە كەسی یەكەمی ئەم حزبەیە. لەدواین دوو هەڵبژاردندا كە لە عێراقو هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، یەكگرتوو لەڕووی پێگەی جەماوەرییەوە گورزی گەورەی بەركەوت، لە هەڵبژاردنی هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستاندا یەكگرتوو رێژەی 50%ی كورسییەكانی لەدەستداو رێژەی كورسییەكانی لە (10) كورسییەوە بۆ (5) كورسی ئەم خولەی پەرلەمان دابەزی. هەمان ساڵ واتە 2018 لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، یەكگرتوو (2) كاندیدی سەركەوتن بۆ پەرلەمان، بەڵام بەبەراورد بە هەڵبژاردنی 2014ی پەرلەمانی عێراق رێژەی دەنگەكانی لە (192 هەزار) دەنگەوە بۆ (98 هەزار) دەنگ دابەزی، واتە دەنگەكانی بەرێژەی 49% كەمی كرد. دوای ئەو شكستانەی كە لە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانو پەرلەمانی عێراق لە 2018دا توشی بوو، یەكگرتووە وەكو یەكەمین پارتی سیاسی هەرێمی كوردستان دانی نا بە شكستی خۆیداو بڕیاریدا كۆنگرەی خۆی بەهۆی ئەم شكستەوە بۆ شەش مانگ لە وادەی دیاریكراوی خۆی پێش بخات. یەكگرتوو كۆتا رۆژەكانی مانگی كانونی یەكەمی 2019 كۆنگرەی هەشتەمی خۆی بەست، لەم كۆنگرەیەدا جارێكی تر سەلاحەدین محەمەد بەهادین وەكو ئەمینداری حزبەكە هەڵبژێردرایەوە، هەندێك گۆڕانكارییان لە پەیكەری حزبەكەدا كرا، بەڵام دەستكاریی پرسە جێ مشتومڕە بنەڕەتییەكان نەكرا، بەتایبەتیش جیاكردنەوەی سیاسەت بوو لە بانگەوازی ئاینیی. هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق یەكەمین تاقیكردنەوەیە بۆ ئەنجامەكانی كۆنگرەی هەشتەمی یەكگرتوو. خاڵە لاوازەكانی یەكگرتوو بۆ هەڵبژاردن: • سەرباری ئەو شكستە گەورانەی لە دوو هەڵبژاردنی رابردووی عێراقو كوردستاندا توشی بووە، كەمپەینی بانگەشەی ئەم حزبە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، هیچ ئاماژەیەكی بۆ هەستانەوەو گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشتری یەكگرتوو تێدا بەدی ناكرێت. • سیستمی نوێی هەڵبژاردن لە عێراق كە فرەبازنەیی تەواوەتییە، هاوشێوەی هەموو پارتە بچوكەكانی تر لە بەرژەوەندی یەكگرتوودا نییەو دەنگەكانی دابەش دەكات بەسەر بازنە جیاوازەكانی هەڵبژاردندا، ئەمەش وادەكات ژمارەیەكی زۆری دەنگی ئەم حزبە لە كێبركێی بازنەكاندا بفەوتێت. • یەكگرتوو لە هەرێمی كوردستان هێزێكی ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام رادیكاڵ نییە، ئەمە وایكردووە لەبەرامبەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی تر بەتایبەتیش جوڵانەوەی نەوەی نوێو كۆمەڵی دادگەریی كەمتر نەخشو كاریگەریی ئۆپۆزسیۆنبوون لەلای دەنگدەران بەجێبهێڵێت، سیاسەتی یەكگرتوو لەدوای دەركەوتنی ئۆپۆزسیۆنەوە، جۆرێك لە سەرلێشێوانی پێوە دیارە، ئەم حزبە پێگەی خۆی لەناو گەمە سیاسییەكاندا نادۆزێتەوە، هەمیشە چاوەڕێی تەواوبونی یاری ئەوانی تر دەكات، لەسەر بنەمای ئەوە بڕیار لەسەر رۆڵی خۆی دەدات. • لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە لە ساڵی 2003، یەكگرتوو لەنێوان پرسی نێودەوڵەتیبوونو نەتەوەیبووندا قەتیس ماوە، لەدوای روخانی رژێمەوە تاڕادەیەك پشتی لە بازنە جیهانییەكەی رەوتی ئیخوان موسلیمین كردووەو وەكو رەوتێكی نەتەوەیی دەردەكەوێت، پاڵپشتی بەهێزی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كرد، بەڵام پارتی بوو بە ئاڵاهەڵگریی پرسی نەتەوەییو هیچ دەستكەوتێكی لەناو نەتەوەخوازەكانی كوردستاندا نەچنییەوە، بەمدواییانە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆسەر ریشەی فیكری خۆیو بچێتەوە ناو بازنە ئیخوانییەكەی، بەتایبەتیش بەپێچەوانەی دوو كۆنگرەی پێشتری خۆیەوە، لە كۆنگرەی هەشتەمدا پرسی نەتەوەیی كەمڕەنگ تر دەركەوت، بەمدواییەش لە پرسی كێشەكانی تونسدا ئەمینداری حزبەكە بەیاننامەی بڵاوكردەوەو پشتیوانی خۆی بۆ ئیخوان موسلیمن راگەیاند. • لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، یەكگرتوو پەیوەندییەكانی لاواز بووە، ئەم حزبە كە رۆژگارێك پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ توركیا هەبوو، ئێستا پارتی شوێنەكەی گرتوەتەوە، لەگەڵ ئێرانیشدا لەدوای ریفراندۆمەوە پەیوەندییەكانی ساردو سڕی تێكەوت، بەڵام بەمدواییە یەكگرتوو هەوڵی چاككردنەوەی پەیوەندییەكانی دەدات، ئەمینداری یەكگرتوو یەكەمین سەركردەی پارتێكی سیاسی هەرێمی كوردستان بوو كە پرسەنامەی بۆ كوژرانی قاسمی سولەیمانی ئاڕاستەی ئێران كرد. • لاوازی گوتاری میدیایی یەكگرتوو بەبەراورد بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی تر، ئەمە لە حاڵێكدایە كە زۆرینەی ئەو میدیاكارانەی ئێستا میدیای لایەنە سیاسییەكانی تر بەرێوەدەبەن، لە كارگەكەی یەكگرتووەوە بەرهەمهێنراون. • یەكگرتوو لەسەرەتای دامەزراندنییەوە خاوەنی تۆڕێكی رێكخستنی بەهێز بوو كە كاری لەسەر خێزان دەكرد، ئەم ساڵانەی دوایی لەم بوارەشدا پاشەكشەی كردووە. • لەڕووی ئابوریو سەرچاوەی داراییەوە دوای (27) ساڵ تەمەن، هێشتا نەیتوانیوە ئابورییەكی خۆبەڕێوەبەر دروستبكات، لەسەرەتای درووستبونییەوە یەكگرتوو سودی لە كۆمەكی رێكخراوە خێرخوازییەكانی وڵاتانی دەرەوە وەردەگرت، لەدوای راگەیاندنی جیهانی "شەری تیرۆر"ەوە، زۆرێك لەو سەرچاوە داراییانەی لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی سەختی حەواڵەی دارایی رێكخراوە ئیسلامییەكانەوە، كۆكردنەوەی ئابونەوە لە كادرانی حزب، سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی یەكگرتوو بووە، ئەم سەرچاوەیەش ئێستا لاواز بووە. • یەكلانەبوونەوەی سیاسەتی یەكگرتوو لەگەڵ یەكێتیو پارتی وەك دوو لایەنی دەسەڵاتدار، نەبوونی میكانیزمێكی روون بۆ روبەروبونەوەی گەندەڵیو پرسی چاكسازیكردن، بەجۆرێك وای لێهاتووە ئێستا خەڵكو دەنگدەر چاوەڕێی هیچ موفاجەئەیەكی سیاسی لە یەكگرتوو ناكات، ئەم حزبە بەردەوام لە خەمی تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتیو سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆدایە، هەمیشە لەبری ململانێكردن لەگەڵ ئەم دوو هێزە، هەوڵی نێوەندگیریكردنی لەنێوانیاندا هەڵبژاردووە، لەدواین كۆنگرەدا سەلاحەدین محەمەد بەهادین وتی:" واقیعە كوردییەكەمان باش نەخوێندوەتەوە". خاڵە بەهێزەكانی یەكگرتوو بۆ هەڵبژاردن: • سەرباری پاشەكشێكان، هێشتا بەبەراورد بە پارتە سیاسییەكانی تر، خاوەنی رێكخستنێكی تۆكمەیە، لایەنگران و ئەندامانی گوێڕایەڵی پرەنسیپە حیزبیەكانن. • ئایدیۆلوژیای ئایینی وەك پرەنسیپی حیزبی كە ئەمەش هەست و سۆزی هاوڵاتیانی موسڵمان بەلای خۆیدا رادەكێشێت و خاوەنی چەندین بانگخوازی بەناوبانگە كە دەنگی زۆر بۆ ئەو حیزبە كۆدەكەنەوە. • پارێزگای دهۆك بوەتە گرێكوێرەی هەڵبژاردنی زۆرێك لە حیزبەكانی كوردستان، بەڵام یەكگرتوو توانیویەتی ئەو گرێیە بكاتەوە و ناوچەگەرێتی تێپەڕاندووە، چەند دەنگی لە سلێمانی هەیە ئەوەندەش لە بادینان، تاكە حیزبە ئەو هاوسەنگییەی راگرتووەو چاوەڕێ دەكات لەم هەڵبژاردنەدا كاندیدەكەی لە دهۆك سەركەوێت. • تاكە حزبە كە هەڵگری پاشگری "ئیسلامی" بێتو بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بكات لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش دوای ئەوەی كۆمەڵی ئیسلامی ناوی خۆی گۆڕیو پاشگری ئیسلامی لێكردەوە هەروەها بزوتنەوەی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنی كرد، دەكرا سود لەم پاشگرە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن وەربگرێت، بەڵام تائێستا دەستی بۆ نەبردووە، بەتایبەتیش كە ململانێ گەورەكەی یەكگرتوو لە بازنەی (3) دایە لە پارێزگای هەڵەبجە لەبەرامبەر كۆمەڵی دادگەریی كوردستان. • سەرباری ئەوەی لە چەندین كابینەی حكومیدا لە هەرێمی كوردستان بەشداربووە، بەڵام بەرپرسەكانی ئەم حزبە لە پۆستە حكومییەكان، لە گەندەڵی گەورە تێوەنەگلاون. هەڵبژاردنو كاریگەیی تەنیا 10 رۆژ ماوە بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، بەبەراورد بە هەڵبژاردنەكانی تر، هێشتا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ساردو سڕە. بەشێوەیەكی گشتی بۆ هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر، كۆمەڵێك بابەت هەن كە لەدوای كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، كاریگەرییان لەسەر بەشداریكردن یان نەكردنی دەنگدەران لە پرۆسەكە هەروەها لایەنە سیاسییەكان دروستكردووە، لەوانە: • تێكچونەوەی دۆخی دارایی حكومەتی هەرێمو سەپاندنی لێبڕینی موچە بەسەر فەرمانبەراندا لە كابینەی نۆیەمدا كە كابینەیەكی سێقۆڵی نێوان (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)ە. • دروستبوونی كێشە بۆ پشكی هەرێمو موچەی فەرمانبەران لە بەغداد، كە دواجارو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی لەرزۆكی تری نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەنددا كێشەیە بۆ ساڵێكی دارایی (2021) چارەسەركرا. • نەبوونی كێبركێی بەهێز لەنێوان لایەنەكاندا، پارتی بەتەنیاو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕانیش پێكەوە بە یەك هاوپەیمانێتی چونەتە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەمانە هەمویان پێكەوە لەناو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا هاوبەشی یەكترنو دەنگدەر وەكو هێزی ركابەری یەكتر تەماشایان ناكات. • لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان (كۆمەڵی دادگەریی- جوڵانەوەی نەوەی نوێ- یەكگرتووی ئیسلامی- حزبی شیوعی- بزوتنەوەی ئیسلامی)و لایەنەكانی تر، هەریەكەیان بەجیا چونەتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنو نەیانتوانیوە هێزێكی یەكگرتووی بەهێز لەبەرامبەر حزبە پێكهێنەرەكانی حكومەتدا وەكو ئۆپۆزسیۆن دروست بكەنو كاریگەری بەهێز لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن دروست بكەن. • سیستمی نوێی هەڵبژاردن كە لەدوای روخانی سەددامەوە بۆ یەكەمینجارە تاقیدەكرێتەوەو شێوەی فرەبازنەیی تەواوەتییە، كاریگەری لەسەر كەمپەینی هەڵبژاردن دروستكردووە، كێبركێی لایەنەكانی لەسەر كورسییەكانی پەرلەمان بۆ ناو بازنەكانی هەڵبژاردن بچوككردوەتەوە.
درەو: "لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا لیستی پارتی (60) بەڵێن و یەكێتی (183) بەڵێن و لیستی گۆڕان (228) بەڵێن و لیستی نەوەی نوێ (50) بەڵێن و كۆمەڵی ئیسلامی (69) بەڵێن و یەكگرتوو (127) بەڵێنیان بەدەنگدەرانیان داوەو لە ماوەی ساڵی رابردووی كاری پەرلەمانیدا پارتی تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێكردووەو یەكێتی (8 بەڵێن و نیو)، گۆڕان (6) بەڵێن، نەوەی نوێ (2) بەڵێن، یەكگرتوو ( چوار بەڵێن و نیو)، كۆمەڵی دادگەری ( دوو بەڵێن و نیو)یان جێبەجێكردووە، ئەمە بەشێكە لە راپۆرتی رێكخراوی (RDO) بۆ لێكۆڵینەوەو گەشەپێدان. مانگی 2 كۆبونەوە بەپێی راپۆرتی سێیەمی ڕێكخراوی لیكۆڵینەوەو گەشەپێدان (RDO)كە ڕێكخراوێكی سەربەخۆی نا حكومییەو لە ساڵی 2011 دامەزراوەو، لە ماوەی ساڵی پەرلەمانی كوردستان (1/10/2020 ــ 30/9/2021) پەرلەمانی كوردستان تەنیا (9) كۆبوونەوەی كردووە، لەماوەی ئەو ساڵەدا پەرلەمانی كوردستان (11) یاسای دەركردوو. لەڕۆژی هەڵبژاردنیەوە (30/9/2018) تاوەكو (30/9/2021) كە دەكاتە سێ ساڵ، پەرلەمانی كوردستان تەنیا (75) كۆبوونەوەی كردووە ، پەرلەمانی كوردستان تەنیا (20) یاساو (29) بڕیاری دەركردووە. بەڵێنەكانی هەڵبژاردن جێبەجێنەكران لەماوەی ساڵی رابردووى پەرلەمان لە ( 30/9/2020 -2021/9/30 ) لیستەكانی هەڵبژاردن كە ئێستا لە پەرلەمانی كوردستاندان كەمرین بەڵێنیان جێبەجێكردووە. پڕۆژەی چاودێریكردنی جێبەجێكردنی بەڵێنی لیستەكانی پەرلەمان كوردستان، تایبەتە بە پارتی دیموكراتی كوردستان (45) كورسی، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان (21) كورسی، بزووتنەوەی گۆڕان (12) كورسی، نەوەی نوێ (8) كورسی ــ هەر چەندە كۆمەڵێك كێشەی ناوخۆییان هەیەو هەندێك لەئەندامانیان بانگەشەی جیابوونەوە لەم فراكسیۆنە دەكەن، لیستی كۆمەڵی دادگەری لە كوردستان (7) كورسی و، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان خاوەنی (5) كورسی. لێرە لە خوارەوە، ڕێژەو ڕادەی جێبەجێكردنی بەڵێنی لیستەكان لەماوەی ساڵی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان، دەخەینە ڕوو. دواتر كۆی گشتی ڕادەی جێەجێكردنی بەڵێنەكان لەماوەی هەر سێ ساڵی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەم شەش لیستە دەخەینە ڕوو. یەكەم: لیستی ژمارە (183) ی پارتی دیموكراتی كوردستان. پارتی دیموكراتی كوردستان (60) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، تەنیا دوو (2) لەم بەڵێنانەی جێبەجێ نەكردووە. بەرنامەی لیستی پارتی لە (10) بەش پێكهاتووەو لەكۆی گشتیدا بریتییە لە (60) بەڵێن، هەر بەشێك دابەش دەبێتە سەر چەندین تەوەرو سێكتەری جیاواز، بەجۆرێك بەرنامەكە ئەوەندە فراوانە، ئەوەندە بەڵێنی هەڵبژاردنی تێدایە، هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەمەو، هەندێكی تریشیان هیچ پێوەندی بەپەرلەمانی كوردستانەوە نییە. بەشی یەكەمی بەرنامەی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (10) بەڵێنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت. بەشی دووەم (11) بەڵێنی تێدایە، بەشی سێیەمیش (8) بەڵێن، بەشی چوارم (3) بەڵێن، بەشی پێنجەم (4) بەڵێن، بەشی شەشەم (5) بەڵێن، بەشی حەوتەم (5) بەڵێن، بەشی هەشتەم (6) بەڵێن، بەشی نۆییەم (4) بەڵێن و بەشی دەیەم (4) بەڵێن لەخۆ دەگرێت. كۆی بەڵێنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دەنگدەرانی، بریتییە لە (60) بەڵێنی هەڵبژاردن كە پێویست دەكات لەماوەی چوار ساڵی خوولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا جێبەجیێان بكات. هەندێك لەم بەڵێنانە بەشێكن لە كاری حكومەت، وەكو دەزانین جیاوازی هەیە لەنێوان بەڵێنەكانی هەڵبژاردن كە لیستەكان بەدەنگدەری خۆیانی دەدەن، لەگەڵ بەرنامەی كاری حكومەت كە لەلایەن هاوپەیمانی حكومییەوە پێشكەش بەپەرلەمانی كوردستان كراوە. بۆ نموونە، بەشێك لەبەڵێنەكانی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بریتییە لەمانەی خوارەوە: - "جێبەجێكردنی مادەی (140) ی دەستوورو پێداگیری لەسەر گەڕاندنەوەی هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دیاریكردنی سنووری كوردستان و كۆتاییهێنان بەدواخستن و خۆدزینەوە لەجێبەجێكردنی". - "ڕێكخستنی نوێنەرایەتی و پەیوەندییەكان و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدرالی لەچوارچێوەی دەستووردا". - "كاركردن بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئاوارەكان بەگشتی و باشتركردنی باروگوزەرانیان. هاوكات هەوڵدان و هاوكاری لەگەڵ حكومەتی فیدرالی بۆ دابینكردنی سەقامگیریی لەناوچەكانیان بەمەبەستی گەڕانەوەیەكی شەرافەتمەندانەو سەربەرزانەو ژیانێكی ئاسوودە". ئەم سێ خاڵە نموونەی زۆر بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و ئەستەمی جێبەجێكردنیان، چونكە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییەو بەرپرسیارێتی حكومەتی عێراقی و حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆیە ئەو بەڵێنانەی لیستی (183) ی پارتی بەدەنگدەرانی خۆیانیانداوە، بەشێكن لەكارنامەی حكومەت و پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییەو لەپەرلەمانیش جێبەجێ ناكرێن. جگە لەم تێبینییانە لەبارەی بەڵێنەكان، لەساڵی سێیەمی كاری خۆیاندا، لیستی پارتی تەنیا دوو (2) بەڵێنیان جێبەجێكردووە كە بریتین لەمانەوەی خوارەوە: 1) (بووژاندنەوەی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەگەری و گەشتیاری تا ببنە هاریكاری كەرتی نەوت). نیوەی ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان)، جێبەجێكراوە. 2) (هەموار و كاراكردنی هەموو ئەو یاساو ڕێسایانەی كە بەرهەمی خۆماڵی لە كێبڕكێی دەرەكی و زیانپێكەوتن دەپارێزن). نیوەی ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان)، جێبەجێكراوە. دووەم: لیستی ژمارە (105) ی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان. یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان (183) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، تەنیا (8) بەڵێن و نیویان جێبەجێكردووە یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان (183) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوەو كارنامەكە لە (5) بەش پێكهاتووە، هەر بەشێك دابەش دەبێتە سەر چەندین مادەو سێكتەری جیاواز، بەرنامەكە ئەوەندە فراوانەو ئەوەندە بەڵێنی هەڵبژاردنی تێدایە، هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەمەو، هەندێكی تریشیان هیچ پێوەندی بەكاری پەرلەمانییەوە نییە. بەڵێنەكانی یەكێتی لەپێشەكییەكی (9) خاڵی پێكدێت، ئینجا بەشی یەكەم (17) بەڵێن، بەشی دووەم (9) بەڵێن، بەشی سێیەم (33) بەڵێن، بەشی چوارەم (80) بەڵێن، بەشی پێنجەم (35) بەڵێن، لەخۆ دەگرێت. وەكو سەرجەم لیستەكانی تریش، بەشێك لەبەڵێنەكانی یەكێتی نیشتیمانی، جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین، بەرنامەو كاری ڕۆژانەو ئاسایی حكومەتن، یا پرۆگرامی حكومەتن و دەبێت حكومەت جێبەجێیان بكات، یا تەنانەت بەحكومەتیش هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ ناكرێن، نەوەكو پەرلەمان. بۆ نموونە: ــ كاركردن بۆ دیاریكردنی سنووری باشووری كوردستان، بەجێبەجێكردنی مادەی (140) ی دەستووری عێراقی فیدرال. ــ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لەعێراق و هەرێمی كوردستان. ــ دەستپێكردنەوەی بڕیاری پێدانی سولفەی عەقار. ئەم سێ خاڵە، نموونەیەكی بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و ئەستەمی جێبەجێكردنیان، چونكە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییەو بەرپرسیارێتی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە. جگە لەم تێبینییانە لەبارەی بەڵێنەكان، دەبینین لیستی یەكێتی لەساڵی سێیەمی كاری پەرلەماندا تەنیا (8) بەڵێن و نیویان جێبەجێكردووە بەم شێوەیەی خوارەوە: 1) (تێپەڕاندنی كوردستان لە بازاڕی ساغكردنەوەی كاڵای وڵاتان كە تاكی كوردی گۆڕیوە بۆ بەكارهێنەرێكی بێ بەرهەم، بە: پشتیوانیكردنی هەر پڕۆژەیەكی ئابووری سوودمەند و كارئاسانی بۆیان و هاندانیان، هەروەها چاودێریكردنیان و پەرەپێدانی یاسای وەبەرهێنان). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان)، جێبەجێكراوە. 2) (هاندانی كەرتی تایبەت بۆ وەبەرهێنان لە بواری كشتوكاڵ بەشێوەیەكی زانستی). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان)، جێبەجێكراوە. 3) (گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ، ڕەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ بە بازاڕكردنی لەناو كوردستان و هەناردەكردنی ئەو بەرهەمانەی لە پێویستی ناوخۆ زیادن). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان)، جێبەجێكراوە. 4) (پشتیوانیكردنی هەر پڕۆژەیەكی چاكسازی كە لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای چاكسازی جێبەجێكراوە. 5) (فەراهەمكردنی ژیان و گوزەرانێكی شایستە بۆ مووچەخۆران و لەنێویشیاندا خاوەن پێداویستی تایبەت). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان ژمارە (22) ی ساڵی (2011) لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە. 6) (هەمواركردنەوەی ئەو یاسایانەی ڕێگرن لە بەردەم پێشكەوتنی كەرتی پیشەسازی). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای بەركاركردن و هەمواری (یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو كەرتی تایبەت و تێكەڵاو ژمارە (20) ی ساڵی (1998) جێبەجێكراوە. 7) (هەوڵدانی جددی بۆ بووژاندنەوەی كەرتی پیشەسازی بۆ ئەوەی ببێتە یەكێك لە سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای بەركاركردن و هەمواری (یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو كەرتی تایبەت و تێكەڵاو ژمارە (20) ی ساڵی (1998) جێبەجێكراوە. 8) (گرنگیدانی زیاتر بەو ناوەند و دامەزراوە حكومییانەی تەرخانكراون بۆ پەككەوتووان، بە ساڵاچووان، بێنەوایان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان). نیوەی ئەم بەڵێنە كە تایبەتە بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، لەگەڵ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان ژمارە (22) ی ساڵی (2011) لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە. 9) (كردنەوەی خوولی ڕاهێنانی پیشەیی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بۆ ئامادەكردنیان تا ببنە خاوەن پڕۆژەی تایبەتی خۆیان). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان ژمارە (22) ی ساڵی (2011) لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە. سێیەم: لیستی ژمارە (148) ی بزووتنەوەی گۆڕان. بزووتنەوەی گۆڕان (228) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی (3) ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، تەنیا (6) بەڵێنی خۆیان جێبەجێكردووە بەرنامەی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان لە (4) تەوەر پێكهاتووەو لەكۆی گشتیدا (228) بەڵێن لەخۆ دەگرێت، هەر تەوەرێك دابەش دەبێتە سەر كۆمەڵێك بەش و سێكتەری جیاواز، بەجۆرێك بەرنامەكە ئەوەندە فراوانە، ئەوەندە بەڵێنی هەڵبژاردنی تێدایە، هەندێكیان جێبەجێكردنیان ئەستەمەو، هەندێكی تریشیان هیچ پێوەندی بەكاری پەرلەمانی كوردستانەوە نییە. لەتەوەری یەكەمدا (33) بەڵێنی هەڵبژاردنی بەدەنگدەرانی خۆیداوەو، لەتەوەری دووەمیشدا (72) بەڵێن هەیەو، لەتەوەری سێیەمیشدا (56) بەڵێن دراوەو لەتەوەری چوارەمیشدا (67) بەڵێنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت. بەم شێوەیە كۆی گشتی بەڵێنەكانی لیستی (148) ی بزوتنەوەی گۆڕان، دەگاتە (228) بەڵێن، بەزۆرترین بەڵێنی هەڵبژاردنی نێو چوار لیستە سەرەكییەكەی پەرلەمان دادەنرێت. بەڵێنەكانی هەڵبژاردنی لیستی بزوتنەوەی گۆڕانیش هەر وەكو بەڵێنەكانی لیستی پارتی و یەكێتی، بەشێكی زۆری ئەم بەڵێنانە، یا پێوەندییان بەپەرلەمانی كوردستانەوە نییە، بەو مانایەی بەڵێن نین بۆ دانانی یاسایەكی پەرلەمانی، یا دەركردنی بڕیارێكی پەرلەمانی، بەڵكو بەشێكن لەكاری حكومەت. بۆ نموونە، بەشێك لەبەڵێنەكانی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بریتییە لەمانەی خوارەوە: - "پێداگیری لەسەر چارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابڕاوەكان بەپێی ستراتیژییەكی نیشتیمانی و بەپشتبەستن بەدەستوورو بەڵگەنامەو ڕاستییە مێژوویی و جوگرافییەكان، بەتایبەت پرسی كەركوك و چارەسەركردنی بەگوێرەی مادەی (140) ی دەستووری عێراق". - "دامەزراندنی دەستەیەك بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانەی بەنایاسایی براونەتە دەرەوەی هەرێم". - "لەماوەی یەك مانگدا خاوەندارێتی هەردوو پاڵاوگەی بازییان و كەڵەكە بدرێتەوە بەحكومەتی هەرێم". - "سپاردنی پرسی پەسندكردنی بودجە بەپەرلەمان ...". ئەم چوار خاڵە، نموونەی زۆر بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و جێبەجێ نەكردنیان، چونكە بەشێكیان پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییەو بەرپرسیارێتی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە، پرسی بودجەش تا ئێستا دوای دوو ساڵ لەهەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەگەرچی وەزیری دارایی گۆڕانیشە، بەڵام نەهاتۆتە پەرلەمان. بۆیە بەشێكی زۆر لەو بەڵێنانەی لیستی (148) ی بزوتنەوەی گۆڕان داویانەتە دەنگدەرانیان، بەشێكن لەكارنامەی حكومەت و پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵێنەكانی لیستی گۆڕان لەهەندێك خاڵدا، نزیكن لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بن، چونكە جەخت دەكەنە سەر داڕشتنی یاسای تازە، یا هەمواركردنەوەی هەندێك یاسای پێشتر، ئەوەش بنەمای سەرەكی كاری پەرلەمانییە. جگە لەم تێبینییانە لەبارەی بەڵێنەكان، لەساڵی سێیەمدا لیستی گۆڕان تەنیا (6) بەڵێنی خۆیان جێبەجێكردووە كە بریتین لە: 1) (دانانی پلانێكی نیشتیمانی بۆ زیادكردنی بڕی شمەكی هەناردە و كەمكردنەوەی بڕی شمەكی هاوردە). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە. 2) پێڕەوكردنی سیاسەتێكی كشتوكاڵی بەپێی نەخشەیەكی گشتی بۆ زیندووكردنەوە و هاندانی كەرتی كشتوكاڵ و بەگەڕخستنی ئەو پلان و ئامێرە هاوچەرخانەی كە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان كاریان پێدەكرێت). نیوەی ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە. 3) (پاراستنی شوێنەوار و شوێنە مێژووییەكانی كوردستان و هەوڵدان بۆ نۆژەنكردنەوەیان). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (5) ی ساڵی (2021) (بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و كەلەپوور لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە. 4) (پشتیوانیكردنی مادی و مەعنەوی و پەروەردەیی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان ژمارە (22) ی ساڵی (2011) لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە. 5) (داڕشتنەوەی یاسا و ڕێنماییەكان سەبارەت بە پەروەردە، هاتووچۆ، كارگێڕی، هونەر و ڕاگەیاندن، بە جۆرێك جێگەی خواستی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی تێدا ببێتەوە). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان ژمارە (22) ی ساڵی (2011) لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە. 6) (دامەزراندن و كاراكردنی ڕێكخراو و دامودەزگای تەندروستی و كۆمەڵایەتی و قوتابخانەی تایبەت بۆ پشتیوانی مادی و مەعنەوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان ژمارە (22) ی ساڵی (2011) لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە. چوارەم: لیستی ژمارە (134) ی نەوەی نوێ. نەوەی نوێ (50) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی (3) ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێ كردووە نەوەی نوێ (50) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، وەكو سەرجەم لیستەكانی تریش، بەشێكی زۆری بەڵێنەكانی جووڵانەوەی نەوی نوێ، جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین، بەرنامەو كاری ڕۆژانەو ئاسایی حكومەتن، یا پرۆگرامی حكومەتن و دەبێت حكومەت جێبەجێیان بكات، هەندێك لەم بەڵێنانە بەحكومەتیش جێبەجێ ناكرێن، نەوەكو پەرلەمان. لەكاتێكدا جووڵانەوەی نەوەی نوێ خۆی بەئۆپۆزسیۆن دەزانێت و بەشداریش نییە لەحكومەت تاوەكو ئیشیان لەسەر بكات، بۆ نموونە: ــ ڕەخساندنی سەدو پەنجا (150,000) هەزار هەلی كاری نوێ. ــ دروستكردنی سەد هەزار (100,000) یەكەی نیشتەجێبوون. ــ دروستكردنی (20) بەنداو لەهەرێمی كوردستان. ــ دروستكردنی 20 نەخۆشخانەی 200 قەڕەوێڵەیی. ــ دروستكردنی سێ پاڵاوگەی نوێ لەهەرێمی كوردستان. ــ دامەزراندنی سێ بانكی ئەهلی گەورە لەهەرێمی كوردستان. ــ بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ بۆ 10 ئەوەندە. ئەم خاڵانەمان تەنیا وەكو نموونەیەك لەنێو بەڵێنەكانی لیستی نەوەی نوێ دەرهێناوە، ئەگینا بەڵێنی لەم شێوەیەی زۆری تێدایە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییە. بەگشتی لیستی نەوەی نوێ لەماوەی ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، تەنیا (2) بەڵێنی جێبەجێ كردووە. 1) (هاندانی بەرهەمی ناوخۆیی و ڕێگریكردن لە هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانەی بەشی پێویستی هاوڵاتیان لەناو هەرێمدا بەرهەدێت بە جۆرێك كارنەكاتە سەر نرخی بەرهەمەكان و بە زیان بۆ هاوڵاتیان نەشكێتەوە). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە. 2) (چارەسەركردنی ئاوەڕۆی سەرجەم شار و شاۆوچكەكان و تەواوكردنی پڕۆژەی ئاوەڕۆی ئەو ناوچانەی تەواو نەكراون). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (4) ی ساڵی (2021) (پاراستنی پڕۆژە و تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە. پێنجەم: لیستی ژمارە (194) ی كۆمەڵی دادگەری كوردستان. كۆمەڵی دادگەری (69) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، تەنیا (2) بەڵێن و نیوی خۆی جێبەجێ كردووە كۆمەڵی دادگەری بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی دابەشكردۆتە سەر (7) تەوەر، هەر تەوەرێك كۆمەڵێك بەڵێنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشكراوە: سیاسی (9) بەڵێن، یاسایی (7) بەڵێن، ئابووری و خۆشگوزەرانی (13) بەڵێن، ئایینی (7) بەڵێن، پەروەردەو فێركردن (11) بەڵێن، كۆمەڵایەتی (11) بەڵێن، شەفافییەت و دادگەری (11) بەڵێن. وەكو سەرجەم لیستەكانی تریش، بەشێك لەبەڵێنەكانی كۆمەڵی دادگەری، جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین، بەرنامەو كاری ڕۆژانەو ئاسایی حكومەتن، یا پرۆگرامی حكومەتن و دەبێت حكومەت جێبەجێیان بكات، یا تەنانەت بەحكومەتیش هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ ناكرێن، نەوەكو پەرلەمان، لەكاتێكدا كۆمەڵی ئیسلامی خۆی بەئۆپۆزسیۆن دادەنێت و بەشداریش نییە لەحكومەت، بۆ نموونە: - ڕێگریكردن لەتاڵانفرۆشی نەوتی خاوو بەرهەمەكانی و دەرهێنانی لەدەستی كەس و حزب. - پەرەپێدان و پاراستنی بەها باڵاكانی كۆمەڵگە، لەڕێگەی دامەزراوە پەروەردەییەكانی وەكو خێزان، میدیا، مزگەوت، قوتابخانەو ڕێكخراوو یانەكانەوە، هەروەها گرنگیدان بەو هۆكارو شێوازانەی دەتوانن ڕۆڵی گەورە ببینن لەچەسپاندن و پەرەپێدانی ئاكارو ڕەوشتی ئیسلامی. - كردنەوەی شوێنی تایبەت بەنوێژكردن لەفەرمانگەو شوێنە گشتییەكان. ئەم سێ خاڵەمان تەنیا وەكو نموونەیەك لەنێو بەڵێنەكانی لیستی كۆمەڵی دادگەری دەرهێناوە، ئەگینا بەڵێنی لەم شێوەیەی زۆری تێدایە، نموونەیەكی بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و ئەستەمی جێبەجێكردنیان لەنێو هۆڵی پەرلەماندا، چونكە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییە. بەشێكی زۆری بەڵێنەكانی لیستی كۆمەڵ، بەشێكن لەكارنامەی حكومەت، نەوەكو پەرلەمان. بەگشتی كۆمەڵی دادگەری (69) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی یەك ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا تەنیا (2) بەڵێن و نیوی خۆی جێبەجێ كردووە: 1) (پەرەپێدانی زیاتری كەرتی كشتوكاڵ و توانای جووتیار لەپێناو پاراستنی ئاسایشی خۆراك، بە شێوەیەك لە سەرجەم بەرهەمە سەرەكییە كشتوكاڵییەكان هەرێمی كوردستان بگاتە خوددابینكاری و هەناردەكردنی بۆ دەرەوەی هەرێم). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) ی (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە. 2) (هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەكەوتی زۆرەملێی مووچە كە بە نایاسایی سەپێندراوە بەسەر مووچەخۆراندا و گێڕانەوەی مووچەی پاشەكەوتكراویان). ئەم بەڵێنەش نیوەی جێبەجێكراوە و سیستەمی پاشەكەوت و لێبڕینی مووچە نەماوە، بەڵام نیوەكەی تر كە تایبەتە بە گێڕانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان، جێبەجێ نەكراوە. 3) (تایبەت بە گوزەرانی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت، یاسای ماف و ئیمتیازی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت جێبەجێبكرێت). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان ژمارە (22) ی ساڵی (2011) لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە. شەشەم: لیستی ژمارە (119) ی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان. كۆمەڵی دادگەری (127) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، تەنیا (4) بەڵێن و نیوی جێبەجێ كردووە،. یەكگرتووی ئیسلامی بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی دابەشكردۆتە سەر (11) تەوەرو (127) بەڵێنی بەدەنگدەرانی داوە. هەر تەوەرێك كۆمەڵێك بەڵێنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت، بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشكراوە: حوكمڕانی ڕەشید (7) بەڵێن، دژایەتیكردنی گەندەڵی (6) بەڵێن، پێگەی هەرێمی كوردستان (9) بەڵێن، گەشەپێدانی ئابووری (37) بەڵێن، خزمەتگوزارییە گشتییەكان (19) بەڵێن، ئاسایش و ئاشتی كۆمەڵایەتی (8) بەڵێن، ڕۆشنبیری و هونەرو وەرزش (9) بەڵێن، چاودێری كۆمەڵایەتی (9) بەڵێن، ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان (5) بەڵێن، ڕۆڵ و پێگەی گەنجان (8) بەڵێن، پاراستنی ژینگە (5) بەڵێن. بەشێك لەبەڵێنەكانی یەكگرتووی ئیسلامیش هەر وەكو حزبەكانی تر جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین، بەرنامەو كاری ڕۆژانەو ئاسایی حكومەتن، یا پرۆگرامی حكومەتن و دەبێت حكومەت جێبەجێیان بكات، یا تەنانەت بەحكومەتی هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ ناكرێن، نەوەكو پەرلەمان، بۆ نموونە: - دامەزراندنی پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەنێوان گەلی كوردستان و گەلانی دراوسێ و ناوچەكە، بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری سیاسی نێوانمان و دۆزینەوەی فۆڕمی نوێی پێكەوە ژیان لەسەر بنەمای ڕێزو بەرژەوەندی هاوبەش. - چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان و گێڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی مادەی (140) ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا. - دروستكردنی ژمارەیەك بەنداوی گەورەو بچووك. - گەیاندنی گازی سروشتی بەماڵان و شوێنە گشتییەكان. - دروستكردنی یاریگاو كۆمەڵگەی وەرزشی. ئەم پێنج خاڵەمان تەنیا وەكو نموونەیەك لەنێو بەڵێنەكانی لیستی یەكگرتووی ئیسلامیمان دەرهێناوە، ئەگینا بەڵێنی لەم شێوەیەی زۆری تێدایە، ئەمانە نموونەیەكی بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و ئەستەمی جێبەجێكردنیان لەنێو هۆڵی پەرلەماندا، چونكە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییە. بەشێكی زۆری بەڵێنەكانی لیستی یەكگرتوو، بەشێكن لەكارنامەی حكومەت، نەوەكو پەرلەمان، لەكاتێكدا یەكگرتوو خۆی بەئۆپۆزسیۆن دەزانێت و بەشدار نییە لەحكومەت و ناتوانێت جێبەجێیان بكات. بەشێك لەبەڵێنەكانیش، بەڵێنی پەرلەمانین و دەكرێت لەپەرلەماندا كاریان لەسەر بكرێت و جێبەجێ بكرێن، ئێمەش چاودێری ڕادەو ڕێژەی جێبەجێكردنیان دەكەین. لیستی یەكگرتووی ئیسلامی كە (127) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی ساڵی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، تەنیا (4) بەڵێن و نیوی جێبەجێ كردووە، كە بریتی بوون لەم بەڵێنانە: 1) (هەڵگرتنی سیستەمی پاشەكەوتی مووچە و گێڕانەوەی سەرجەم شایستە داراییەكانی فەرمانبەران). ئەم بەڵێنە تەنیا نیوەی یەكەمی جێبەجێكراوە و سیستەمی پاشەكەوتی مووچە هەڵگیراوە. نیوەی دووەمی ئەم بەڵێنە جێبەجێ نەكراوە كە بریتییە لە گێڕانەوەی سەرجەم شایستە داراییەكانی فەرمانبەران. 2) (پاڵپشتی كردنی بەرهەمی خۆماڵی بە جۆرێك توانای كێبڕكێی هەبێت لەگەڵ بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ و بیانی). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2021) ی (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە. 3) (پەرەپێدانی پیشەسازی نەوت و گاز و سوود لێوەرگرتنیان لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان). ئەم بەڵێنە لەگەڵ پەسندكردنی یاسای ژمارە (3) ی ساڵی (2021) (هاوردەكردن و عەمباركردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە. 4) (باشكردنی بارو گوزەرانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان و دابینكردنی پێدوایستی ژیانیان). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان ژمارە (22) ی ساڵی (2011) لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە. 5) (بەرگریكردن لە مافی توێژە هعەژار و كەمدەستەكانی كۆمەڵگە و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكات لە دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆیان). ئەم بەڵێنە لەگەڵ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان ژمارە (22) ی ساڵی (2011) لە هەرێمی كوردستان) جێبەجێكراوە. هەڵسانگاندنی سێ ساڵی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان ــ لەماوەی سێ ساڵی تەمەنیدا، پەرلەمانی كوردستان (75) دانیشتنی كردووە. ــ بەتەواو بوونی سێ ساڵ لەتەمەنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، تەنیا (20) یاسا پەسند كراوە. (2) یاسا لەساڵی یەكەم، (7) یاسا لەساڵی دووەم، (11) یاسا لەساڵی سێیەم. ــ لەكۆی (20) یاسای پەسندكراودا، سەرۆكی هەرێم (2) یاسای گێڕاوەتەوە بۆ پەرلەمان تاوەكو هەموار بكرێنەوە. سێ لەم (20) یاسایە لەلایەن پەرلەمان خۆی هەمواركراوەتەوە و بە یاسایەكی تازە دەرچووە. (1) یاساش بۆ پەسندكردنی درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بووە. ــ لەماوەی سێ ساڵدا پەرلەمانی كوردستان (29) بڕیاری دەركردووە، ساڵی یەكەم (11) بڕیاری دەركردووەو ساڵی دووەمیش (11) بڕیار و ساڵی سێیەمیش (7) بڕیار. بەشی هەرە زۆری ئەم بڕیارانە بۆ ڕێكخستنی كاروباری خۆی و دانانی لێژنەكان و متمانەدان بەئەندامی تازە لەجێگای ئەوانەی دەستیان لەكاركێشاوەتەوەو، هەڵبژاردنی سەرۆكی تازەی پەرلەمان لەجێگای سەرۆكی پێشوو، درێژكردنەوەی خوول، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، ناوزەدكردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و متمانەپێدانی بوون. (1) بڕیاری تایبەت بوو بەدەستنیشانكردنی ڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەكان. (1) بڕیاری لەبارەی دەستنیشانكردنی بۆنە فەرمییەكانی پێكهاتەی توركمان بووە لەهەرێمی كوردستان. (1) بڕیار بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر. (1) بڕیار لەبارەی قبووڵكردنی دەست لەكاركێشانەوەی پەرلەمانتار سۆران عومەر بوو لەپەرلەمانی كوردستان. (1) بڕیاریش بۆ پێكهێنانی لێژنەیەك بوو بۆ بەدواداچوون لەبارەی هەڕەشەكردن لەپەرلەمانتار د. كازم فاروق. (1) بڕیاری بۆ متمانەدان بووە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان. (1) بڕیاری بۆ بێبەشكردنی پەرلەمانتارێك بووە لە دانیشتنەكانی پەرلەمان و لێژنەكان. (1) بڕیاری بۆ دیاریكردنی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری كوردی بووە. (1) بڕیاری بۆ دانانی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بووە. (1) ــ سەبارەت بە بەڵێنی لیستەكان لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا، بەم شێوەیە بوو: پارتی تەنیا (4) بەڵێنی جێبەجێكردووە. یەكێتی تەنیا (13) بەڵێن و نیوی جێبەجێكردووە. گۆڕان تەنیا (8) بەڵێنی جێبەجێكردووە. نەوەی نوێ (3) بەڵێنیان جێبەجێكردووە. كۆمەڵی دادگەری تەنیا (4) بەڵێن و نیوی جێبەجێكردووە. یەكگرتووی ئیسلامی تەنیا (5) بەڵێن و نیوی جێبەجێكردووە. دەقی راپۆرتەكەی ڕێـكخـراوی لێكۆڵینەوە و گـەشـەپێـدان (RDO)
شیكاری: درەو كەمتر لە هەفتەیەكی ماوە بۆ ئەنجامدانی، تای هەڵبژاردن رووی لە هەڵكشانە، نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چەندین ستاف وراوێژكار چاودێری هەڵبژاردن دەكەن، لە هەرێمی كوردستان یەكێتی و پارتی ئامادەكاری بۆ ساختەكاری دەكەن، سەركردەكانیان یەكتری تۆمەتبار دەكەن بە ساختەكاری، یەكێتی و پارتی دەیانەوێت ساختەكاری بكەن؟ یاخود ئەنجام بگۆڕن؟ رێگریەكانی ساختەكاری چین؟ ئایا گرنتی هەڵبژاردنێكی پاكوبێگەرد لە ئارادایە؟ چاودێری چڕ.. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە (160) ڕاوێژکاری تەکنیکی و (130) شارەزای دیکەیان بە هاوکاری (600) ستافی دیکە چاودێری هەڵبژاردنەكانی عێراق دەکەن و چاودێرانی یەکێتی ئەوروپاش لە نزیکەوە لە ڕێگەی (80) نوێنەری خۆیەوە چاودێری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات. لەسەر ئاستی ناوخۆش کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن چەندین ڕێوشوێنیان گرتووەتەبەر (1455) چاودێری خۆجێی، (244) چاودێری نێودەوڵەتی و (133) راگەیاندنکاری نێودەوڵەتی، هەروەها ناسنامەی تایبەتیان بۆ (42 هەزار و 817) بریکاری پارتە سیاسییەکان دەرکردووە، کە بڕیارە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن". بەڵام وا نزیک دەبینەوە لە هەفتەی کۆتایی هەڵبژاردن و تای بانگەشە ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، لە هەرێمی کوردستان یەکێتی و پارتی یەکتر تۆمەتبار دەکەن بەوەی خەریکی ئامادەکارین بۆ ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران، بەم هەڵوێستەشیان شەرعییەت دەدەن بە خۆیان و پارتە سیاسییەکان کە هەوڵی ساختەکاری بدەن. بەشێک لە بەرپرسانیش ئاماژە بەوە دەدەن کە بەڵگەیان دەستکەوتووە ئامادەکاری کراوە بۆ ئەو مەبەستە. ڕێگاکانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا ساختەکاری کە بەردەوام بەشێک بووە لە مۆتەکەی هەڵبژاردن بە چەندین ڕێگە ئەنجام دراون، لەوانە؛ 1. زیادکردنی ڕێژەی بەشداری بە شێوەی ڕاستەوخۆو یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. 2. بەشێک لە کادری پارتە سیاسییەکان چەندە بۆیان لوابێت لە دەنگێک زیاتر و هەندێک جار بە لێشاو دەنگیان داوە. 3. بەکارهێنانی فشار و هەڕەشەی جۆراو جۆر بۆ گۆڕینی ئاراستەی دەنگی دەنگدەر. 4. بەکارهێنانی سزای سیاسی دەنگدەر. 5. کڕینی دەنگ لە ڕێگەی بەخشینی پارەو چەک و پۆست و پایە. 6. بەکارهێنانی کەل و پەل و موڵک و ماڵ و پۆست و دامەزراوە گشتییەکانی دەوڵەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. 7. بەکارهێنانی هێزی چەکدار بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و حیزبی. 8. یاریکردن بە ئەنجامی دەنگدان، بەتایبەت دەنگدانی ئەلیکترۆنی. 9. دەنگدان لە بری مردوو یان ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین. 10. بەکارهێنانی ستاف و کارمەندانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و چەندین تەکنیک و ڕێگاو شێوازی دیکە. هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن ساختەکاری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵی زۆر و ڕێوشوێنی باش گیراوەتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە ساختەکاری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، وا بڕیارە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی یۆنامییەوە چاودێری هەڵبژاردنەکە بکەن. لەم پێناوەشدا نەتەوە یەکگرتووەکان بە (130) چاودێری نێودەوڵەتی و (160) راوێژکار و (600) کەس لە ستافی کار چاودێریی هەڵبژاردنی عێراق دەکات. جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە 7/9/2021 راگەیاند، "ئێمە ئێستا 160 راوێژکاری تەکنیکیمان لە وڵاتەکە بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی هاریکاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن لە سەرخستنی هەڵبژاردنێکی متمانەپێکراو، لەگەڵ ئەوەشدا 130 شارەزای دیکەمان هەن بەشێوەیەکی کاتی چاودێریی دۆخی بەرلە هەڵبژاردن و رۆژی هەڵبژاردن دەکەن، لەلایەن 600 ستافی دیکە پاڵپشتی دەکرێن، ئەمانەش ژمارەی زۆرن." هاوکات کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە: "بۆ مسۆگەرکردنی بێگەردیی پرۆسەی هەڵبژاردن؛ لە رێگەی نوسینگەکانمانەوە لە پارێزگاکان بەردەوامین لە دەرکردنی ناسنامەی تایبەت بۆ هەموو (راگەیاندنکاران و چاودێرانی خۆجێی و نێودەوڵەتی) کە چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن، تا ئێستاش ژمارەی راگەیاندکارە خۆجێیەکان گەیشتووتە (164) راگەیاندنکار، لەگەڵ (1455) چاودێری خۆجێی، (244) چاودێری نێودەوڵەتی و (133) راگەیاندنکاری نێودەوڵەتی، هەروەها ناسنامەی تایبەتمان بۆ (42 هەزار و 817) بریکاری پارتە سیاسییەکان دەرکردووە، کە بڕیارە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن". هەر لەم بارەیەوە کۆمسیۆن بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران وەک هەوڵێکی پێشوەختە کۆمەڵێک کاری لە لایەنە سیاسییەکان و پاڵێوراوان قەدەغە کردووە، کە بریتین لە؛ 1. بانگەشەی هەڵبژاردن ئازادەو مافێكی گەرەنتیكراوە بۆ هەموو كاندیدەكانو بانگەشە لەدوای پەسەندكردنی لیستی كاندیدەكانەوە دەستپێدەكاتو 24 كاتژمێر پێش پرۆسەی دەنگدان كۆتایی دێت. 2. بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرجۆرە باجێك بەخشراوە. 3. شارەوانی پارێزگاكان بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەو شوێنانە دیاری دەكەن كە بانگەشەی هەڵبژاردن تێیاندا قەدەغەیە. 4. دانانی پۆستەر یان بەرنامە یاخود وێنەی كاندیدەكان لەناو بنكەو وێستگەكانی دەنگدان قەدەغەیە. 5. ئەو پارتە سیاسیو لیستە كراوەو كاندیدانەی كە بەشێوەی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، دەبێت دوای هەڵبژاردن پۆستەرەكانیان لە شوێنە گشتییەكان كۆبكەنەوە. 6. قۆستنەوەی بینای وەزارەتو دامەزراوە جیاوازەكانی دەوڵەتو شوێنی پەرەستش بۆ بانگەشەو هەر جۆرە چالاكییەكی هەڵبژاردنی قەوارە سیاسییەكانو كاندیدەكان، قەدەغەیە. 7. بەكارهێنانی دروشمی فەرمی دەوڵەت لە كۆبونەوە، ریكلامەكان، بڵاوكراوەكانی هەڵبژاردن، نوسینو وێنەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، قەدەغەیە. 8. فەرمانبەری فەرمانگەكانی دەوڵەتو دەسەڵاتە خۆجێییەكان رێگەپێدراو نین هەژموونی وەزیفی یاخود تواناو ئامزازو ئامێرەكانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی خۆیان یان هەر كاندیدێك بەكاربهێنن بەمەبەستی دروستكردنی كاریگەریی لەسەر دەنگدەران، بە دەزگا ئەمنیو سەربازییەكانیشەوە. 9. هەر جۆرێك لە جۆركانی فشارو زۆرلێكردن یاخود پێدانی دەستكەوتی ماددیو مەعنەویو پێدانی بەڵێن بەمەبەستی دروستكردنی كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، قەدەغەیە. 10. بەكارهێنانی سامانی گشتی، بودجەی وەزارەتەكان، پارەی وەقفەكان یاخو هەر پاڵپشتییەكی دارایی دەرەكی، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەغەیە. 11. هیچ كاندیدێك بۆی نییە رۆژی دەنگدان بەرنامەی كار یاخود بڵاوكراوەو كارتی خۆی یان هەر شتێكی تر، لەرێگەی خۆی یان كەسانی ترەوە، دابەش بكات. 12. هیچ كارمەندێكی فەرمانگەكانی دەوڵەت یان ئەندامانی دەسەڵاتە خۆجێییەكان بۆیان نییە لە رۆژی دەنگداندا بەرنامە كار دابەش بكەن، ئیتر چ لەڕێگەی خۆیانەوە بێت یان كەسانی تر. 13. دانانی ریكلام یان دابەشكردنی بەرنامەی كارو بڵاوكراوەو كارتی دەنگدانی كاندیدێك كە ناوی لە لیستی كاندیدە پەسەندكراوەكانی كۆمسیۆندا نەبێت، قەدەغەیە. بۆ ڕێگری لە ساختەکاری لەبارەی ئامێر و پێداویستی و ڕێوشوێنەکانی دەنگدانیشەوە لەلایەن کۆمسیۆنەوە؛ 1. هەندێک لە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە؛ بۆ رێگریكردن لە ساختەكاری كۆمسیۆنی باڵای عێراق ژمارەیەك رێوشوێنی نوێ دەگرێتە بەر، لە گرنگترینیشیان وەرگرتنەوەی کارتی ئەلکترۆنی دەنگدانە لە دەنگدەر راستەوخۆ دوای پرۆسەی دەنگدان. 2. یەكێكی دیكە لەو رێوشوێنانەی بۆ بەرگرتن لە ساختەکاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەیگرێتەبەر لە کارخستنی سەرجەم کارتە ئەلکترۆنیەکان راستەوخۆ لە دوای پرۆسەی دەنگدان بۆماوەی سێ رۆژ. 3. پەنجە مۆری هەر دە پەنجەی دەنگدەر وەردەگرێت، بۆ ئەوەی رێگریبكات لە دووبارە دەنگدان لە بنكەكانی دیكە. 4. کارتی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەهیچ جۆرێک کۆپی ناکرێت 5. کارتەکە چەندین کۆدی ئەمنیی تێدایە 6. ئەو هەویرەی کارتی دەنگدانی لێ دروستکراوە زۆر جیاوازە لە هەویری کاغەزی ئاسایی. 7. کارتەکە بەتەواوی کۆد ڕێژکراوەو ئەوەش وادەکات ئامێری خوێندنەوەی ئەنجامەکان کارتی ڕاستەقینەو تەزویر جیابکاتەوە. 8. ئەو کۆمپانیایەی دراوی عێراق چاپدەکات، کارتی دەنگدانی چاپکردووە، بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە کراوە. 9. هەر كەسێك لە شوێنی كەسێكی دیكە دەنگ بدات یاخود دوو جار ناوی هەبێت لە رۆژی دەنگداندا، روبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە و رەوانەی دادگا دەكرێت، كە سزای دارایی بەبڕی200 بۆ 900 دۆلارە و زیندانی بۆ ماوەی شەش مانگ دەیگرێتەوە. 10. پاش 24 کاتژمێر لە هەڵبژاردن ئەنجامەکان ئاشکرا دەکرێن. بەڵام هێشتا ترسی گەورەی لایەنەکانی عێراق و خەڵکیش لە ساختەکاریی هەڵبژاردن نەڕەویوەتەوە، بەشێک لە چاودێران هێشتا متمانەیان نییە. بۆ نمونە (ڤیولا ڤۆن کرامۆن) سەرۆکی چاودێرانی یەکێتی ئەوروپا و نێردەی چاودێری هەڵبژاردن بۆ کۆماری عێراق لە رۆژی 18/9/2021 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی چاودێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "لەلایەن حکومەتی عێراقەوە داوامان لێکراوە بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، هیوادارین هەڵبژاردنێکی شەفاف و دور لە ساختەکاری بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشو بەڕێوەبچێت، بەڵام ئێمە و هیچ کەسێکی دیکەش ناتوانێت لەم کاتەدا گرەنتی هەڵبژاردنێک بکات بەبێ ساختەکاری، بەڵام هیوادارین کە هەڵبژاردنێکی باش و بێ ساختەکاری بێت، ئێمە لێرە چاودێری دەکەین تاوەکو بتوانین دو رۆژ دوای هەڵبژاردن لەناو راپۆرتەکەماندا هەرچی شتێک کە بینیومانە بیخەینەڕو". لەسەر ئاستی ناوخۆش لە گفتوگۆیەکی رۆژنامەوانی (درەو)دا لەگەڵ (محەمەد حاجی مەحمود/ سکرتێری حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان) باسی لەوە کرد کە "لە ئێستاوە هەندێ لە حیزبەکان خۆیان ئامادەکردووە بۆ تەزویر، کە من ئەزانم سەد لە سەد ئێستا خەریکی جیهازەکانن تەزویری تیا دروست دەکەن... تیمێکیان دروستکردووە ناو گۆڕستانەکان گەڕاون لە سلێمانی و لە شوێنەکانی تر، هەر قەبرێک لێی نوسراوە ڕۆژی ئەوەنەی ئەوەنە مردووە هەویەیەکیان بۆ دروستکردووە ئێستا هەوییەکان ئامادەیە بۆ کاتی دەنگدان". وەڵام و وەڵامدانەوە یەکێتی و پارتی ڕووی ڕاگەیاندنەکانی خۆیان لە یەکتری کردووە، ئەگەرچی هێشتا زیاتر لە هەفتەیەک ماوە بۆ ڕۆژی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کە بڕیارە لە 10/10/2021 بەڕێوەبچێت، بەڵام لە ئێستاوە ڕاگەیاندن و بەشێک لە بەرپرسە دیارەکانی ئەو دوو حیزبە پەنجەی تۆمەت بۆ یەکتر ڕادەکێشن کە سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ئەنجامدانی ساختەکاری. رۆژی 27/9/2021 (دکتۆرە ڕێواز فایەق/ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان) لەوەڵامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ڕۆژێک پێشتر لەبەردەم لایەنگرانی حیزبەکەی ڕایگەیاندبوو "تەنها حیزبێک کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عێراقی و نێودەوڵەتی حیسابی بۆ بکرێت پارتی دیموکراتی کوردستانە" وەڵامێکی توندی دایەوەو ڕایگەیاند "حسابكردن لەسەر چیە و لەسەر چی بنەمایەكە لەسەر ئەو زۆرینە موزەیەفە و ساختەكراوەیە كەهەیە؟". ئەم وەڵامە بەخێرایی بەشێک لە کادرانی باڵای پارتی دیموکراتی هێنایە سەر خەت و بەدوایدا، (هێمن هەورامی/ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان): ڕایگەیاند؛ كە باس لە زۆرینەی موزەیەفی ناو پەرلەمان دەكرێت خەڵكی كوردستان زاكیرەی ئەوەندە زەعیف نیە ئەزانێ كێ لە كوردستان تەزویری كردووە؟ خەڵكی كوردستان ئەلبیسەكەی باش لە بیرە خەڵكی كوردستان نەتیجەكاتی ئێوەی حەویجەی باش لە بیرە.. ئەزانن چۆن تەزویرتان بۆ كراوە. هەموو كەس باس لە تەزویر بكات هەندێك خەڵك هەر نابێت قسە لەسەر ئەم بابەتە بكات، باس لە چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی خۆتان بكەن باشترە لەوەی روو لە پارتی بكەن. بەدوای ئەوانیشدا و لە هەمان ڕۆژدا "ئەدھەم بارزانی" پەیامێکی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی "ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی ئاگادری ساختەکاری حزبەکانیانن چۆن ئەو بەرپرسیارێتییەیان گرتوەتە ئەستۆ" لە پەیامەکەیدا هاتووە (کە لێرەدا وەکو خۆی دایدەنێینەوە)؛ دەشڵێت: هەرچۆنێک ئەو پرسە لێک بدرێتەوە، تاوانبارکردنی یەکتر وەکوو دوو بەرپرسی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، کە هەستیارترین جومگەی دەسەڵات، کە دەسەڵاتی یاسادانانە لە کوردستان، هیچ پاساوێک قبوڵ ناکات، چونکە ئەگەر ئەو دوو کەسایەتیە بەڕێزە ئاگاداری لە پێشینەیان لەبارەی تەزویری لایانەکانیان هەیە، ئەی بە چ لۆژیکێک بەرپرسیاریەتی ئەو جومگە هەستیارەی دەسەڵاتی کوردستانیان لەئەستۆ گرتووە کە ھەر وەک خۆیان دەلێن "نە من "، لە سەر بنەمای تەزویر و موزەیەفی و ساختکاری، ئایا دەتوانن بڵێن، تا ئێستا لە بەرابەر جەماوەری کوردستان بە وێژدانەوە بڕیارەکانیان دەرکردووە؟ ئایا ئەوەی لە سەر ساختەکاری ئاوەدان دەکرێت چی پێدەوترێت؟ ئەم وەڵام و وەڵام کارییە چەند ڕۆژێک بوو دەستی پێکردبوو کاتێک (عارف تەیفور/ ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی-هەڵەبجە) رایگەیاندبوو "پێشبینی دەكەن یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا ساختەكاری بكات" وتبوشی؛ "وەك پارتی ئەوەمان پێدەكرێت كە ساختەكارییان كرد، ئاشكرایان بكەین و لایەنی پێوەندیدار ئاگادار بکەینەوە". لەوەڵامی ئەم قسەیەی عارف تەیفوریش میدیای فەرمی یەکێتی لە 24/9/2021 ڕیگەیاند؛ ئەم قسەیەی ئەم سەرکردەیەی پارتی بۆ دوو مەبەستە: یەکەم: بۆ پاکانەی تەزویریانە لە زۆنی زەرد. دووەم بۆ شاردنەوەی شکستی حەتمیانە لە سلێمانی و گەرمیان و کەرکوک. لە بەشێکی تری وەڵامەکەشیان هاتووە کە "ئەسڵەن تەزویر نازناوی مەکر و نازی پارتییە و ھەر ئەوانی پێناسراونەتەوە". هەموو ئەمانەش شەرعییەت دەدات بەلایەنەکان کە تەزویر و ساختەکاری ئەنجام بدەن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، بەتایبەت کاتێک لایەنێک ساختەکاری ئەنجام بدات. یان لایەنێک وەهمی ئەوە لای خۆی دروست بکات کە لایەنی بەرامبەر ساختەکاری دەکات جا بە مەبەست بێت یان نا شەرعییەت بە خۆی دەدات کە ئەویش ساختەکاری بکات.
راپۆرت: درەو بەشی پێنجەم بۆ یەكەمجارە دوای لابردنی پاشگری "ئیسلامیو ئەمیر" خۆی لەبەردەم بنكە جەماوەرییەكەیو دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان تاقیدەكاتەوە، بزوتنەوەی ئیسلامی بایكۆتی كردووەو سودی هەیە، بەڵام لە پارێزگای هەڵەبجە كەوتوەتە كێبركێیەكی قورسەوە لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی، ئەمە كۆمەڵی دادگەریی كوردستانە، (درەو) لەم راپۆرتەدا خاڵی هێزو لاوازی كۆمەڵ بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەخاتەڕوو، رۆژانە تاوەكو كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن هەرجارەو بە راپۆرتێك دۆخی لایەنە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوە. كۆمەڵی دادگەریی ئەم حزبە لە بنەڕەتەوە ناوی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بوو، دوای جیابونەوە لە بزوتنەوەی ئیسلامی لە 31/5/2001 دامەزرا، لەدامەزراندنیەوە تائێستا (عەلی باپیر) سەرۆكایەتی دەكات، واتە ماوەی (20 ساڵ)ە سەرۆكەكەی نەگۆڕدراوە. شوباتی ئەمساڵ كۆمەڵی ئیسلامی كۆنگرەی (چوارەم)ی خۆی لە سلێمانی بەست، لەم كۆنگرەیەدا وەكو یەكەمین حزبی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان پاشگری "ئیسلامی"ی لەخۆی كردەوەو ناوی خۆی لە (كۆمەڵی ئیسلامی)یەوە گۆڕی بۆ (كۆمەڵی دادگەریی كوردستان)، سەرباری ئەمە ناوی "ئەمیر"ی لە كەسی یەكەمی حزبەكە كردەوەو لەبری ئەوە ناوی "سەرۆك"ی بۆ دانا. عەلی باپیر كە سەرلەنوێو بەبێ ركابەر وەكو كەسی یەكەمی كۆمەڵی دادگەریی هەڵبژێردرایەوە، لەبارەی گۆڕانكارییەكانو لابردنی پاشگری "ئیسلامی" لەسەر ناوی حزبەكە وتی" لابردنی پاشگری ئیسلامی بۆ مامەڵەكردنە لەگەڵ دەرەوەی خۆمان". لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، بەدیاریكراوی لەدوای كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە كە 2018 بەڕێوچوو، كۆمەڵی دادگەریی لە هێزێكی بەشداری دەسەڵاتەوە بوو بە هێزێكی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان. كۆمەڵ لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمدا بەشداربوو، پۆستی سكرتێری پەرلەمانیشی بەدەستەوە بوو، لەم سەردەمەدا كە ناكۆكی لەنێوان پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كێشە دروستبوو، كۆمەڵ پاڵپشتی لە سیاسەتەكانی گۆڕان دەكرد، بەهۆی ئەم كێشەیەوە پارتی پەرلەمانی كوردستانی پەكخست، ساڵی 2017 پارتی بۆ پرسی ریفراندۆم پەرلەمانی كاراكردەوە، بەڵام بەبێ یوسف محەمەدی سەرۆكی ئەوكاتی پەرلەمان، سكرتێری پەرلەمان (فەخرەدین قادر) كە سەربە كۆمەڵ بوو، وەكو هاوسۆزییەك لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان نەگەڕایەوە بۆ پەرلەمان، بەڵام كۆمەڵ سەرباری دەركردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی حكومەتدا، هەر لەناو حكومەت مایەوەو لەدوا ساتەكانی تەمەنی كابینەكەدا كشایەوە. لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، كۆمەڵ بڕیاری خۆی بۆ بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەت یەكلانەكردەوە، لەگەڵ پارتی هەندێك گفتوگۆی كرد بۆ بەشداربوون، نەگەیشتە رێككەوتن، پارتی لەگەڵ یەكێتیو گۆڕانو بەبێ كۆمەڵ كابینەی نوێی دروستكردو بەمشێوەیە كۆمەڵ كەوتە ناو بەرەی ئۆپۆزسیۆنە لە كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێمدا. كۆمەڵی دادگەریی ئێستا لە پەرلەمانی كوردستان خاوەنی (7) كورسیو لە پەرلەمانی عێراقیش خاوەنی (2) كورسییە. خاڵە لاوازەكانی كۆمەڵی دادگەریی بۆ هەڵبژاردن: • لابردنی پاشگری ئیسلامی لەسەر ناوی حزبەكە، دەكرێت لەم هەڵبژاردنە هەندێك كاریگەری هەبێت لەسەر بنكەی جەماوەرییە جێگیرەكەی كۆمەڵ، بەتایبەتیش لەكاتێكدا هەندێك لە كەسایەتییە رادیكاڵەكانی ناو ئەم حزبە رەخنەیان لە بڕیاری كۆنگرە گرت سەبارەت بە لابردنی پاشگری ئیسلامی. • دروست نەكردنی هاوپەیمانێتی لایەنە ئیسلامییەكان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، وایكرد كۆمەڵی دادگەریی لە بازنەی (3) واتە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بچێتە ناو كێبركێیەكی توندەوە لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی، بەجۆرێك سەرباری بەهێزیی كاندیدەكەی لەم بازنەیە، چانسی سەركەوتنی هەندێك سەخت كردووە، لەحاڵێدا لە ئەگەری هاوپەیمانێتی یاخود رێككەوتن لەگەڵ یەكگرتوودا دەیتوانی بەبێ كێبركێ گەرەنتی سەركەوتنی كاندیدەكەی لەم سنورە بكات. • سیستمی نوێی هەڵبژاردنەكان لە عێراق كە سیستمی فرەبازنەیی تەواوەتییە، هاوشێوەی هەموو هێزە بچوكەكانی تر زیان بە كۆمەڵی دادگەریی دەگەیەنێتو دەنگەكانی دابەش دەكات بەسەر بازنە جیاوازەكاندا. • كەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەریی زیاتر لەسەر رەخنەگرتن لە پارتی چڕبوەتەوە، رەنگە ئەمە پەیوەندی بەو لێكتێگەیشتنەوە هەبێت كە پێشتر لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە كۆمەڵ لەگەڵ یەكێتی كردویەتی. • دیدگای كۆمەڵی دادگەریی بۆ چارەسەری قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان هێشتا لەبازنەی بانگەواوی ئاینیدا دەسوڕێتەوە، نەك دەستیشانكردنی كێشەكانو دانانی چارەسەری كرداریی بۆیان. • كۆمەڵی دادگەریی وەكو هەموو پارتە سیاسییەكانی تری گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان بەدورنییە لە ناكۆكیی ناوخۆیی، بەمدواییانە هەندێك لە بەرپرسانی حزبەكە لە سنوری هەولێر دەستیان لەكاركێشایەوە، لەدوای كۆنگرەی چواریشەوە لە مەڵبەندی هەڵەبجەی كۆمەڵدان هەندێك كێشەو مشتومڕ دروستبوو. خاڵی بەهێزی كۆمەڵی دادگەریی بۆ هەڵبژاردن: • ئەگەر پێشتر تۆمەتباركرابێت بەوەی لەكاری ئۆپۆزسیۆنبووندا شوێن بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە، بۆ ئەم هەڵبژاردنە بزوتنەوەی گۆڕان بەشدارە لە دەسەڵاتداو كۆمەڵ وەكو هێزێكی سەربەخۆ كاری ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی دەكات. • فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان لە سێ ساڵی رابردوودا رۆڵی دیاری هەبووە لە رەخنەگرتن لە حكومەتو نیشاندانی ناڕەزایەتی، تاڕادەی سەندنەوەی پارێزبەندی یەكێك لە ئەندامەكانی (سۆران عومەر). • ئەم حزبە لە پەرلەمانی عێراق بە دوو پەرلەمانتارەوە رۆڵی دیاری لەو پرسانەدا هەبووە كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەبووە، (ئەحمەد حاجی رەشید) یەكێك لە پەرلەمانتارە بەئەزمونەكانی عێراق لە پرسی داراییو ئابوریی سەربەم حزبەیە، ئەحمەدی حاجی رەشید بۆ جاری سێیەم لەلایەن كۆمەڵی دادگەرییەوە لە بازنەی (3) كاندیكراوەتەوەو چانسی سەركەوتنی بەهێزە، ئەم پیاوە لەم خولەی پەرلەماندا دەستی هەبوو لە دروستكردنی گروپی (15) كە هاوپەیمانێتی نێوان 15 پەرلەمانتاری دەرەوەی پارتیو یەكێتی بوو لە بەغداد، لە پرسی بودجەو پشكی هەرێمدا ئەم گروپە پەرلەمانتارە رۆڵیان دەركەوتو هەندێك سەرئێشەیان بۆ وەفدی حكومەتی هەرێم دروستكرد. • بایكۆتكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە هەرێمی كوردستان لەلایەن بزوتنەوەی ئیسلامییەوە دەكرێت بە سود بۆ كۆمەڵی دادگەریی تەواو ببێت، بەتایبەتیش لە بازنەی (3)ی پارێزگای هەڵەبجە. • لابردنی پاشگری ئیسلامی ئەگەر لەناو بنكە جەماوەرییەكەی كۆمەڵدا خاڵی لاواز بێت، دەكرێت بۆ دەنگدەرانی دەرەوەی كۆمەڵ خاڵی بەهێزبوون بێت، ئەم هەڵبژاردنە دەریدەخات كۆمەڵ بەبێ پاشگری ئیسلامی دەنگەكانی زیاتر دەبێت یان كەم دەبێتەوە. • كۆمەڵی دادگەریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بە (5) كاندید بەشداری كردووە، (3) پیاو و دوو ژن، كاندیدە پیاوەكانی كۆمەڵ لەناو دەنگدەراندا خەڵكانی ناسراونو پێشتر لە پۆستو بەرپرسیارێتیدا تاقیكراونەتەوە كە بریتین لە هەریەكە لە (ئەحمەد حاجی رەشید، سۆران عومەر، عەبدولستار مەجید). • عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی یەكێكە لە كەسایەتییە كاریزمییەكانی ناو رەوتی ئیسلامیو دەرەوەی رەوتە ئیسلامییەكانی كوردستان. • كۆمەڵی دادگەریی یەكێكە لەو پارتە سیاسییانەی كە بنكەی جەماوەریی جێگیری خۆی هەیەو لە پرۆسەكانی هەڵبژاردندا شەڕ لەسەر كێشكردنی دەنگە خۆڵەمێشییەكان دەكات. هەڵبژاردنو كاریگەیی تەنیا 10 رۆژ ماوە بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، بەبەراورد بە هەڵبژاردنەكانی تر، هێشتا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ساردو سڕە. بەشێوەیەكی گشتی بۆ هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر، كۆمەڵێك بابەت هەن كە لەدوای كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، كاریگەرییان لەسەر بەشداریكردن یان نەكردنی دەنگدەران لە پرۆسەكە هەروەها لایەنە سیاسییەكان دروستكردووە، لەوانە: • تێكچونەوەی دۆخی دارایی حكومەتی هەرێمو سەپاندنی لێبڕینی موچە بەسەر فەرمانبەراندا لە كابینەی نۆیەمدا كە كابینەیەكی سێقۆڵی نێوان (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)ە. • دروستبوونی كێشە بۆ پشكی هەرێمو موچەی فەرمانبەران لە بەغداد، كە دواجارو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی لەرزۆكی تری نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەنددا كێشەیە بۆ ساڵێكی دارایی (2021) چارەسەركرا. • نەبوونی كێبركێی بەهێز لەنێوان لایەنەكاندا، پارتی بەتەنیاو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕانیش پێكەوە بە یەك هاوپەیمانێتی چونەتە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەمانە هەمویان پێكەوە لەناو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا هاوبەشی یەكترنو دەنگدەر وەكو هێزی ركابەری یەكتر تەماشایان ناكات. • لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان (كۆمەڵی دادگەریی- جوڵانەوەی نەوەی نوێ- یەكگرتووی ئیسلامی- حزبی شیوعی- بزوتنەوەی ئیسلامی)و لایەنەكانی تر، هەریەكەیان بەجیا چونەتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنو نەیانتوانیوە هێزێكی یەكگرتووی بەهێز لەبەرامبەر حزبە پێكهێنەرەكانی حكومەتدا وەكو ئۆپۆزسیۆن دروست بكەنو كاریگەری بەهێز لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن دروست بكەن. • سیستمی نوێی هەڵبژاردن كە لەدوای روخانی سەددامەوە بۆ یەكەمینجارە تاقیدەكرێتەوەو شێوەی فرەبازنەیی تەواوەتییە، كاریگەری لەسەر كەمپەینی هەڵبژاردن دروستكردووە، كێبركێی لایەنەكانی لەسەر كورسییەكانی پەرلەمان بۆ ناو بازنەكانی هەڵبژاردن بچوككردوەتەوە.
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) ھەموو سیستمێکی سیاسیی سێ بازنەی سەرەکیی دروستیدەکات. یەکەمیان بازنەی دەسەڵاتە، کە تیایدا ھێزێک یان چەند ھێزێک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەسەڵات دەگرنە دەست و ئەو بەرنامە سیاسییانە پیادەدەکەن کە ھەڵگرین. بازنەی دووھەم بریتییە لە گەل یان میلەت یان نەتەوە. ئەمانەش ئەو دانیشتوانە تایبەتەن کە ژیانیان دەکەوێتە ناو سنوورە سیاسییەکانی ئەو دەسەڵاتەوە کە ئامادەیە و لەو ساتەدا حوکمڕانیی دەکات. ئەمانە دەشێت گەلێکی ھاوشێوە و ھاوزمان و ھاودین و ھاوکولتور بن، وەکچۆن دەشێت گەلێکی پلورالی فرەزمان و فرەدین و فرەکولتور و فرەشێوەبن. بازنەی سێھەمیش بریتییە لە نیشتیمان، لەو سەرزەمینە جوگرافییە سیاسییە کە دەبێتە چوارچێوەی نیشتەجێبوونی ئەو دانیشتوانە بەیەکەوە و دەبێت بە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی شوناسیی ئەو دانیشتوانە. ئەم سێ بازنەیە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەیەکترییەوە گرێدراون. بازنەی دەسەڵات بازنەیەکە بەناوی ئەو میلەت و نیشتیمانەوە قسەدەکات کە خۆی بەشێکە لەوان. لە ناوەوەی نیشتیماندا ”نوێنەر“ی بەشە جیاوازەکانی ئەو میلەت و نەتەوە و خەڵەکەیە کە حوکمیان دەکات، لە دەرەوەش نوێنەری ئەو سەرزەمین و نیشتیمانەیە کە ئەو گەل و نەتەوە و میلەتە لەناویدا نیشتەجێن. بیرۆکەی ”نوێنەرایەتیکردن“، بە شێوەیەکی گشتیی، بیرۆکەی سەرەکیی ناو سیاسەت و سیستمە سیاسییەکانی دونیای مۆدێرنە. خاڵێک گرنگە لێرەدا ھێمایەکی خێرای پێبکەین ئەوەیە ئەم دیدە بۆ سیستمی سیاسیی ھەڵگری وێنەیەکی گشتیشە بۆ مرۆڤ، وێنەیەکی گەردونیی بۆ مرۆڤ کە تیایدا مرۆڤبوون بە ئامادەگیی کۆمەڵێک ماف و بڕێکی زۆر لە بەرپرسیاریەتەوە گرێئەدرێت. ھەر دەستبردن و پێشێلکردنێکی ئەو ماف و بەرپرسیاریەتانەش وەک پەلاماردانی مرۆڤبوونی مرۆڤ و وەک پێشێلکردنی مافە ھەرە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی، وێنادەکرێت. مێژووی دروستبوونی ئەم وێنە گەردونییە بۆ مرۆڤ لە ئەوروپادا بە بزوتنەوەی ڕیفۆرمی دینی لە سەدەی شازدەھەمەدا دەستپێدەکات، یەکێک لە کارە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ئەم بزوتنەوەیە ئەوەبوو پەیوەندی نێوان خوداوەند و مرۆڤی گۆڕیی. مرۆڤەکان لە دەسەڵاتی سیاسیی ھەموو ئەو کەسانە ڕزگارکران کە بەناوی خوداوە قسەیاندەکرد و خۆیان وەک نوێنەری خودا لەسەر زەوی نیشانئەدا. وێنەیەکیش بۆ مرۆڤ دروستکرا کە بوونەوەرێکی عەقڵانی سەربەخۆ و ئازادە و خاوەن توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆیە. دوای ئەو بزوتنەوەیە شۆڕشی فەرەنسی لە کۆتاییەکانی سەدەی ھەژدەھەمدا ڕووئەات و ئەم شۆڕشەش پەیوەندی نێوان مرۆڤ و حوکمڕانانی گۆڕیی، شۆڕشی فەرەنسیی تاکەکەسەکانی لە ڕەعیەتەوە گۆڕیی بۆ ھاوڵاتیی و دەسەڵاتداریشی لە بوونەوەرێکی پیرۆز و خاوەن دەسەڵاتی ڕەھاوە بۆ ھاوڵاتییەکی سەرزەمینیی گۆڕیی، کە ڕەوایەتی دەسەڵاتەکەی لەو خەڵکەوە وەردەگرێت کە حوکمڕانیان دەکات. ھەموو ئامەنش لەناو بیرۆکەی ”گرێبەستی کۆمەڵیەتیی“دا کە ڕێکەوتنێکی مێژوویی و کاتیی نێوان کۆمەڵگا و حوکمڕانانە و قابیلی گۆڕان و دەسکاریکردن و پیاداچونەوەیە. بەڵام ئەوەی لە دونیای ئێمەدا ئامادەیە تەواو ناکۆکە بەو پێدراوە سەرەتاییانەی سەرەوە کە بنەمای دروستبوونی سیستمی سیاسین. لە دونیای ئێمەدا سیاسەت نە سیاسەتی نوێنەرایەتیکردنە، نە سیاسەتی ماف و بەرپرسیاریەتییە. نە سیاسەتێکیشە لە پشتییەوە وێنەیەکی گەردونیی بۆ مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن بەرپرسیارێتی، ئامادەبێت. بە ھیچ جۆرێکیش سیاسەتێک نییە پەیوەندیی بە بیرۆکەی گرێبەست و ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتییەوە ھەبێت. لەباتی وێناکردنی مرۆڤەکانیش وەک مرۆڤی گەردونی و وەک ھاوڵاتیی، وەک مرۆڤی سنوورادر و وەک ڕەعیەت وێنایان دەکات. لای ئەم فۆرمە لە سیاسەت مرۆڤەکان مرۆڤی خێڵ و ناوچە و حیزب و بنەمالەکانن و ئەم جۆرانەش لە مرۆڤبوون نەگۆڕ و ئەبەدیین. تا ئەم ساتە ماناکانی سیاسەت لە دونیای ئێمەدا لەناو دوو دیدی تەقلیدا نووقمە. یەکەمیان، نووقومبوونە لەناو ئەو جۆرە لە ھێزەدا کە ئیبن خەلدون ناوی ”ھێزی عەسەبیەت“ی لێدەنێت. ئەم عەسەبیەتە لە دونیای ئێمەدا یەکسانە بە ھێزی چەند بنەماڵەیەکی سیاسیی، کە لەناو حیزبی سیاسیی و دەزگای کۆنترۆڵکردنی مۆدێرندا جێگیرن. ئەو فۆرمەش لە دەسەڵات ئامادەیە کە بەناوی ئەو عەسەبیەتە خێزانیی حیزبییەوە حوکمڕانە و تا ئەو عەسەبیەتەش بوونی ھەبێت دەیەوێت تاقە دەسەڵاتداری وڵاتەکە بێت. دەسەڵاتدار لێرەدا وەک سوڵتانێکی سیاسیی ئامادەیە، ھەم فرەدەسەڵاتە و ھەم خاوەنی دواھەمین بڕیاریشە. دووھەمیان نووقمبوونە لەناو ئەو دیدگا دینیەدا کە کەسێکی وەک ماوەردی ناوی ”دەسەڵاتی ئیمام“ی لێدەنێت. ئیماێکی دینیی سیاسیی، یان سیاسیی دینیی. ئەوەی لەبەردەم ئەم جۆرە حوکمڕانییەشدا غائیبە چەمکەکانی ”ئیرادەی گشتیی“ و ”میلەت“ و ”نەتەوە“ و ”نیشتیمان“ و ”گرێبەستی کۆمەڵایەتییجە. وەلا بۆ ئیمام بنەمای دانپیانان و قبووڵکردنی کەسەکانە وەک مرۆڤ، مرۆڤ لە فۆرمی ڕەعیەتێکی دینیدا. لە ھەموو ئەم دۆخانەدا دەوڵەت و کۆمەڵگا و نەتەوە و نیشتیمان، بە خودی مرۆڤەکان خۆشیانەوە، دەبن بە موڵکی شەخسی حوکمڕانان و دەبن بە بەشێک لەو دیکۆرە سیاسییە، کە حوکمڕانییەکەیانی پێ دەڕازێننەوە.
راپۆرت: درەو بەشی چوارەم هێشتا گوتاری سەردەمی ئۆپۆزسیۆنبوونی بزوتنەوەی گۆڕانی تێنەپەڕاندووە، بەرنامەیەكی روونی بۆ چۆنیەتی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێمو بەغداد نیە، بەڵام تەكنیكێكی تایبەتی پەیڕەو كردووەو لە هەر بازنەیەك تەنیا یەك كەسی كاندید كردووە،لە هێزەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆن لە رووی میدیایی و بانگەشەی هەڵبژاردنەوە كاریگەرترە دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەدا ببێت بە هێزی سێیەم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، ئەمە جوڵانەوەی نەوەی نوێیە، (درەو) لەم راپۆرتە خاڵی هێزو لاوازی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەخاتەڕوو، رۆژانە بە زنجیرەیەك راپۆرتو هەر جارەی لەبارەی یەكێك لە پارتە سیاسییە بەشدارەكانی هەڵبژاردنەوە راپۆرتێك بڵاودەكاتەوە. جوڵانەوەی نەوەی نوێ نەوەی نوێ.. یەكێكە لە نوێترین هێزەكانی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان، كە یەكەم جوڵەی سیاسی خۆی بە كەمپەینی "نەخێر لە ئێستادا" دژ بە ریفراندۆم لە ساڵی 2017 دەستپێكرد. دوای وەرگرتنی مۆڵەتی كاركردن وەكو پارتێكی سیاسی نوێ لە حكومەتی عێراق، رۆژی 5/1/2018 لە شاری سلێمانی یەكەمین كۆنگرەی دامەزراندنی خۆی بەست، لەم كۆنگرەیەدا شاسوار عەبدولواحید وەكو سەرۆكی جوڵانەوەكە هەڵبژێردرا، یەكەمین كۆنگرەی نەوەی نوێ بێ كێشمەكێش تێنەپەڕی، بەر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرە بە چەند رۆژێك، ژمارەیەك لە كارەكتەرە سەرەكییەكانی جوڵانەوەكە وازهێنانی خۆیان راگەیاندو شاسواریان تۆمەتبار كرد بە "تاكڕەوی"و هەوڵدان بۆ یەكلاكردنەوەی كۆنگرەكە لەبەرژەوەندی خۆی، لەبەرامبەردا شاسوار پەنای بۆ "تیۆری پیلانگێڕی" بردو هاوڕێكانی خۆی تۆمەتبار كرد بەوەی "بەكرێگیراوی پارتیو یەكێتی"ن، لە دیارترین ئەو كەسانەی كە لە یەكەمین كۆنگرەدا نەوەی نوێیان بەجێهێشت بریتی بوون لە (شێروان شێروانی)و (ئیبراهیم عەباس)، شێروان شێراوان ئێستا یەكێكە لە حوكمدراوانی بادینانو لە زینداندایە. لەدوای دروستبوونیەوە، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەشداری دوو هەڵبژاردنی كرد، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە یەكەمیاندا (4)و لە دووەمیاندا (8) كورسی بەدەستهێنا. بەڵام ئێستا هیچ پەرلەمانتارێكی لە بەغداد نییەو فراكسیۆنەكەی لە جوڵانەوەكە جیابونەوە، لە پەرلەمانی كوردستانیش (4) ئەندامی جیابونەوە. رۆژی 5ی ئۆكتۆبەری 2019 بۆ جاری دووەم جوڵانەوەی نەوەی نوێ كۆنگرەی كردو ئەمجارەش شاسوار عەبدولواحید وەكو سەرۆكی جوڵانەوەكە هەڵبژێردرایەوە. خاڵە لاوازەكانی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردن: • سەرباری خراپی بارودۆخی گشتی هەرێمی كوردستانو سیاسەتی لایەنە دەسەڵاتدارەكانو تەنانەت لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانیش، دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە دامەزراندنی، هێشتا جوڵانەوەی نەوەی نوێ متمانەی شەقامی ناڕازی هەرێمی كوردستانی وەرنەگرتووە، رەنگە ئەمەش پەیوەندی بەو نائومێدییە گەورەیەوە هەبێت كە لەدوای بزوتنەوەی گۆڕانەوە دروستبووەو جوڵانەوەكە نەیتوانیوە بە گوتارە پۆپۆلیزمییەكەی ئومێد بۆ ئەم شەقامە نائومێدە بگەڕێنێتەوەو جارێكی تر وایان لێبكات بچنەوە سەر سندوقەكانی دەنگدان. • ئەم جوڵانەوەیە بەسەرمایەو ئابوری شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دروستكراوەو ئەم سەرمایەش گومانو قسەوباسی زۆری لەسەرە، تاكە خاڵی جیاكەرەوەی ئەم جوڵانەوەیە لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی تری هەرێمی كوردستان ئەوەیە نەوەی نوێ لە كۆمپانیاوە بووە بە حزب، بەڵام ئەوانی تر لە حزبەوە بەرەو كۆمپانیا بوون رۆیشتوونو دەستیان خستوەتە ناو ئابورییەوە، تێكەڵكردنی كۆمپانیاو جوڵانەوە سیاسییەكە كاریگەری خراپی لەسەر نەوەی نوێ هەبووە، ئەمەش لە پرسی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاندو قەرزەكانی حكومەتی هەرێم لای كۆمپانیای نالیا، دەركەوت. • سەرباری گوتارە پۆپۆلیستییەكەی، شاسوار عەبدولواحید كاریزمایەكی بەهێزی نییە، بۆیە جگە لە توێژێكی دیاریكراوی كۆمەڵگەو دەنگدەران، نەیتوانیوە پەل بۆ ناو توێژەكانی تر بهاوێتو متمانەیان لا دروست بكات. • ئەم جوڵانەوەیە لەچوارچێوەی گوتارە پۆپۆلیستییەكەیدا، بەهەمان خەسڵەتی پارتو رەوتە پۆپۆلیستەكان لە جیهاندا، تێڕوانینو چارەسەری سادەو ساكاری بۆ كێشە ئاڵۆزەكانی هەرێم هەیەو هێندە كار بۆ گۆڕینی دەستەبژێری دەسەڵاتدار دەكات، هێندە خەونی بۆ گۆڕینی ئەو واقیعە نییە كە ئەم جۆرە لە دەستەبژێری سیاسی دروستكردووە، ئەمە وایكردووە دەنگدەر نەك وەكو بەدیل بۆ هێزە دەسەڵاتدارەكان، تەنانەن ئەم جوڵانەوەیە وەكو بەدیل بۆ هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانیش تەماشای نەكات. • پێی وایە لە هەناوی هیچ هێزێكدا نەهاتوەتە دەرەوە، بەڵام گوتار و هەڵوێستەكانی لە هەناوی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتوەتە دەرەوەو نەك گۆڕانی ئەو سەردەمەی تێنەپەڕاندووە، لەڕووی گوتارەوە ساكارترە لە گۆڕانی پێشتر. • سەرباری هەندێك جموجوڵ، بەڵام ئەم جوڵانەوەیە هاوشێوەی هێزەكانی تری سلێمانی، شەڕی گەورەی خۆی خستوەتە سلێمانیو تاڕادەیەك گۆڕەپانی دهۆكو هەولێری بۆ پارتی بەتەختی جێهێشتووە. • لە دەستنیشانكردنی كاندیدەكانیدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، پەنای بۆ دانانی كەسە نزیكەكان لەڕووی خێزانییەوە بردووە، ئەمە بوەتە خاڵی لاوازو هێزە نەیارەكان لەدژی نەوەی نوێ بەكاریدەهێنن. • شكستهێنانی جوڵانەوەكە لە ئیدارەدانی ئەو دەستكەوتانەی كە لە دوو هەڵبژاردنی رابردوو بەدەستی هێناون، بەجۆرێك هەرچوار پەرلەمانتارەكەی لە پەرلەمانی عێراق جیابونەوە، لە پەرلەمانی كوردستانیش لە كۆی (8) ئەندام (4) ئەندامیان لە نەوەی نوێ جیابونەوە. • نەبوونی گوتارێكی روون بۆ دەنگدەران سەبارەت بە تێڕوانینی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستانو حكومەتی ناوەندی عێراقو چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەو كێشانە، بەدیاریكراویش كێشەی موچەو بودجە. خاڵە بەهێزەكانی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردن: • سەرچاوەی دارایی و میدیایی بەهێزی لەبەردەستدایە بۆ كەمپەینی هەڵبژاردن، كە ئەمەش خۆی لە كۆمەڵە كەناڵەكانی (NRT)دا دەبینێتەوە. • هەڵگری گوتاری رادیكاڵانەیە بەرامبەر بە دەسەڵات، ئەم گوتارە سەرباری ئەوەی بەمدواییە تاڕادەیەك پاشەكشێی كردووەو رەونەقەكەی سەردەمی بزوتنەوەی گۆڕانی نەماوە، بەڵام هێشتا گوتارێكە نزیكە لە شەقامەوەو لای توێژێكی بەرفراوان لە دەنگدەران سەرەنجڕاكێشە. • بایەخدانی زۆری جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە شوێنی كۆكردنەوەو دەنگو رەنگە جیاوازەكانە. • سەرۆكی جوڵانەوەكە بەبەراورد بە سەرۆكی پارتە سیاسییەكانی تر، زیاتر لەگەڵ دەنگدەران روبەڕوو دەبێتەوە، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر كێشكردنی دەنگی دەنگدەران. • ئەم جوڵانەوەیە زیاتر كار لەسەر راكێشانی ئەو توێژە دەكات بۆ دەنگدان كە جاری یەكەمە مافی دەنگدانیان لەڕووی تەمەنەوە پێدەدرێت، كە برتین لە چوار تەمەنو ژمارەیان زیاتر لە (300 هەزار) دەنگدەرە، ئەم تەمەنەش زیاتر دەكەونە ژێر كاریگەریی پەیامە سیاسییەكانەوە. • لە دانانی كاندیدەكانیدا شێوازێكی تایبەتی پەیڕەو كردووەو لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردندا یەك كاندیدی داناوە، بەمەش خۆی بواردووە لە دروستبوونی كێبركێی هەڵبژاردنی لەناوخۆی جوڵانەوەكەو لەچوارچێوەی یەك بازنەدا كە كاریگەری خراپی لەسەر دەنگەكان هەبێتو دەنگەكانی جوڵانەوەكە پەرت بكات. • نەبوونی هیچ هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی كارا لە گۆڕەپانی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان كە لەڕووی میدیاییو ئابورییو بانگەشەوەو گوتاری ئۆپۆزسیۆنبوونەوە، لە نەوەی نوێ بەهێزتر بێت. • تێكچوونی دۆخی ناوخۆیی یەكێتی (پەیوەندی نێوان هاوسەرۆكەكان)، بە سود لە بەرژەوەندی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شكاتەوەتەوە، بەتایبەتیش ئەگەر بنكەی جەماوەریی یەكێتی بەهۆی ئەو كێشانەوە بایكۆتی هەڵبژاردنەكە بكەن. • بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا لەگەڵ یەكێتی، چانسی ئەوە بە جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەدات لەم هەڵبژاردنەدا ببێت بە هێزی سێیەم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لەدوای پارتیو یەكێتییەوە. هەڵبژاردنو كاریگەیی تەنیا 10 رۆژ ماوە بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، بەبەراورد بە هەڵبژاردنەكانی تر، هێشتا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ساردو سڕە. بەشێوەیەكی گشتی بۆ هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر، كۆمەڵێك بابەت هەن كە لەدوای كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، كاریگەرییان لەسەر بەشداریكردن یان نەكردنی دەنگدەران لە پرۆسەكە هەروەها لایەنە سیاسییەكان دروستكردووە، لەوانە: • تێكچونەوەی دۆخی دارایی حكومەتی هەرێمو سەپاندنی لێبڕینی موچە بەسەر فەرمانبەراندا لە كابینەی نۆیەمدا كە كابینەیەكی سێقۆڵی نێوان (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)ە. • دروستبوونی كێشە بۆ پشكی هەرێمو موچەی فەرمانبەران لە بەغداد، كە دواجارو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی لەرزۆكی تری نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەنددا كێشەیە بۆ ساڵێكی دارایی (2021) چارەسەركرا. • نەبوونی كێبركێی بەهێز لەنێوان لایەنەكاندا، پارتی بەتەنیاو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕانیش پێكەوە بە یەك هاوپەیمانێتی چونەتە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەمانە هەمویان پێكەوە لەناو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا هاوبەشی یەكترنو دەنگدەر وەكو هێزی ركابەری یەكتر تەماشایان ناكات. • لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان (كۆمەڵی دادگەریی- جوڵانەوەی نەوەی نوێ- یەكگرتووی ئیسلامی- حزبی شیوعی- بزوتنەوەی ئیسلامی)و لایەنەكانی تر، هەریەكەیان بەجیا چونەتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنو نەیانتوانیوە هێزێكی یەكگرتووی بەهێز لەبەرامبەر حزبە پێكهێنەرەكانی حكومەتدا وەكو ئۆپۆزسیۆن دروست بكەنو كاریگەری بەهێز لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن دروست بكەن. • سیستمی نوێی هەڵبژاردن كە لەدوای روخانی سەددامەوە بۆ یەكەمینجارە تاقیدەكرێتەوەو شێوەی فرەبازنەیی تەواوەتییە، كاریگەری لەسەر كەمپەینی هەڵبژاردن دروستكردووە، كێبركێی لایەنەكانی لەسەر كورسییەكانی پەرلەمان بۆ ناو بازنەكانی هەڵبژاردن بچوككردوەتەوە. بەشی یەكەم: خاڵی هێزو لاوازی پارتی بۆ هەڵبژاردن بەشی دووەم: خاڵی هێزو لاوازی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن بەشی سێیەم: خاڵی هێزو لاوازی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن