ئیرادەی ڕق لە عێراقدا
2022-04-03 12:41:34
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
ئەوەی سەیری پرۆسەی سیاسیی چەقبەستو و کایەی سیاسیی داخراوی عێراق بکات بە ئاسانی بۆی دەردەکەوێت، لە پاڵ زۆر ھۆکاری تردا، ڕق یەکێکە لە ھۆکارە ھەرە سەرەکییەکانی ئەو چەقبەستن و داخرانە. ڕق تەنھا وەک ھێزێکی دەرونیی نا بەتەنھا، بەڵکو وەک وەزەیەکی سیاسیی بھەێز و بەربڵاو، بەڵام تێکدەر و پەکخەر. ڕق لە عێراقدا لەوە کەوتووە تەنھا دیاردەیەکی سایکۆلۆژیی بێت، بەڵکو گۆڕاوە بۆ دیاردەیەکی سیاسیی، گۆڕاوە بۆ یەکێک لە دیاردە سیاسییە ھەرە بەرچاو و دەستنیشانکەرەکان لەو وڵاتەدا. ڕقەکان فرەجۆر و فرەدەرکەوتن، ڕقی سەدر لە مالیکی و شیعەکانی تر، ڕقی مالیکی لە سەدر و لە سونە، ڕقی ئالی حەکیم لە ئالی سەدر، ڕقی گروپە جیاوازەکانی ناو حەشدی شەعبی لە زۆرینەی ھێزەکانی تر. ئینجا ڕقی ئەم باڵی سونەکان لەو باڵیتریان و ڕقی ئەوان بەرامبەر بە شیعە و بە کورد، لە کۆتایشدا ڕقی ھەمەجۆری ھێزە کوردییەکانیش لەیەکتری و ڕقیان لە ھێزەکانی تری ناو کایەی سیاسیی عێراقی.
لە ھەموو ئەو دۆخانەدا ڕق لەناو ئەم کایە سیاسییەدا ڕقێکی فرەلایەنە، تەنھا ڕقی یەک لایەن یان یەک کەس نییە بەرامبەر بە لایەن و کەسەکانی تر، بەڵکو زۆربەی لایەنەکانە لەیەکتر. ئەم دۆخە بە ڕادەیەکە دەکرێت قسە لە ”ئیرادەی ڕق“ بکەین لای ئەم ھێزانە، ئیرادەی ڕقێک کە بە دەیانشێوە بە ئیرادەی ھێزەوە گرێدراوە، بە ڕادەیەک بووە بە یەکێک لە دەستنیشانکەرەکانی کردەی سیاسیی لە عێراقدا. ئەوەی بەشی ھەرەزۆری پەیوەندییە سیاسییەکان و پەیوەندیی ھێزەکان لەگەڵیەکدا دەستنیشاندەکات ئەم ئیرادەی ڕقبوونەوەیەیە، ئەوەی دەیانجوڵێنێت ستراتیژیەتی ڕقبوونە لەیەکترە، یان ئیرادەی ڕقبوونە لە کەسایەتییەکی تایبەتی ناو ئەم یان ئەو ھێزە.
ھاوکات ڕقی ئەم ھێزانە لەیەکتری بووە بە بەشێک لە شوناسیی ئەو ھێزانەش، قووڵ ڕۆچووە بەناو ڕوانینایاندا بۆ خۆیان و ڕوانینیاندا بۆ ھێزەکانی تر، بووە بە وزەیەکی سایکۆلۆژیی بزۆک و لەناو زیاد لە ڕەھەندێکی ژیانی شەخسیی و ژیانی حیزبایەتی ئەو ھێزانەدا ئامادەیە. ئەم دۆخەش بەڕادەیەکە بووە بە بەشێک لە بوونیان بەو شێوەیەی لە ئێستادا ھەن و ئامادەن. ڕق لەم ژینگەیەدا تەنھا ھەستێکی ئاسایی نییە، سایکۆلۆژییایەکی گشتیی بێگوناھ نییە، بەڵکو ھەستێکی دروستکەر و تێکدەرە، ھەم شوناسی ئەو ھێزانە دروستدەکات و ھەم سەرجەمی ئەو پەیوەندییانەش تێکئەدات کە ئەو ھێزانە بە دەرەوەی خۆیانەوە، گرێئەدت.
بەڵام بەڕاست ئەم ھەموو ڕقە لە کوێوە دێت؟ ئەم ھێزانە بۆ بەو شێوەیە و بەو ڕادەیە ڕقیان لەیەکە؟ بۆ ڕق بووە بە وەزەیەکی سیاسیی گەورەی ناو کایەی سیاسیی لە عێراقدا؟ بێگومان مرۆڤ دەتوانێت چەندان ھۆکاریی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دینیی بۆ بەرھەمھێنان و بڵاوبوونەوەی ئەم ڕقە بدۆزێتەوە. گرێیبدات بە تەماحی دەسەڵات و خواستی ئیھانەکردنی یەکترەوە، یاخود بیبەستێتەوە بە سایکۆلۆژیای شەخسی ئەم یان ئەو سیاسیی فاشیل و نیمچەفایلەوە. بەڵام، بە بۆچوونی من، دەشێت لە پاڵ فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریک نیتشەدا، ھۆکارێکی دیکە و بنەڕەتی بدۆزینەوە، کە بریتییە لە ”ڕقی کۆیلەکان لەیەکتری“. لای نیتشە ڕق ئاکاری سەرەکیی و بەرچاوی کۆیلەیە. ڕقی کۆیلەش بەرلەوەی ڕقبێت لەوانیتر، ڕقە لە خۆد خۆی. کۆیلە ڕقێکی گەورەی لە خۆیەتی. ئەم ڕقەش ھاوکات ھە ڕقە لە ژیان و ھەم ڕقیشە لە ئیرادە، ئیرادەی ژیان، ئیرادەی بوون و مانەوە وەک بوونەوەرێکی ئازاد و سەربەخۆ. ڕقە لەو ھێز و لەو ئیرادە ناوەکییەی دەتوانێت دەسکاریی مرۆڤ بکات و بیکات بە بوونەوەرێکی تر، بە کەسێکی خاوەن ئیرادە و خاوەن ھەڵبژاردن و خاوەن بڕیار.
لەسەر ئەم ھێڵی بیرکردنەوەیە دەکرێت بڵێین کایەی سیاسیی لە عێراقدا کایەیەکە پڕ لە کۆیلەی سیاسیی ھەمەجۆر، پڕ لەو پارت و ڕێکخراو و کەسایەتیی و سەرکردە، کە ئیرادەی سیاسیی سەربەخۆی خۆیان نییە، ئەوەی دەیکەن و دەیڵێن دەنگدانەوەی خواست و ویست و ئیرادەیەکی دەرەکییە. بەشێکی گەورەی کایەکە، سایکۆلۆژیا و کولتوری کۆیلەبوون دەیبات بەڕێوە: کۆیلەی ئێران، کۆیلەی تورکیا، کۆیلەی سعودیە و وڵاتانی خەلیج، کۆیلەی ئەمریکا، کۆیلەی ئیسرائیل، یان لەیەککاتدا کۆیلەی زیاد لە لایەنێک لەو لایەنانە دەرەکییانە. ئەمانە دەزانن ئەوان لە داشی دامەیەک زیاتر نین کە ھێزە ئیقلیمیەکان لەسەر تەختەی دامەی سیاسیی لە عێراقدا دەیانجوڵێنن، ھەستکردنی ئەم ھێزانە بەم کۆیلایەتییە ھەستکردنێکی ڕۆژانە و ھەمەلایەنە، بەڕادەیەکیش بەناوەکیی کراوە ھەریەکێک لەو ھێزانە ئەویتریان وەک کۆیلە مامەڵەدەکات. ئەمەش وادەکات مەوداویەک بۆ قبووڵکردنی یەکتر نەمێنێتەوە و یەکتر وەک ڕکابەر و ھێزی خاوەن ھەمان ماف و ھەمان کەرامەت و ھەمان ئینسانبوون نەبینن. مەگەر تەنھا لەناو پلان و ستراتیژیەتێکی ئیقلمی دەرەکیی دیاریکراودا، نەبێت.
لەناو ئەم دۆخەدا تۆڵەکردنەوە، تۆڵەی ئەم ھێز لەو ھێز، یان تۆڵەی ئەم سەرکردە لەو سەرکردە، دەبێت بە یەکێک لە دەرکەوتە سەرەکییەکانی ئەم بەکۆیلەبوونە گشتییەی کایەی سیاسیی لە وڵاتەکەدا. لەم دۆخەدا کولتوری تۆڵەکردنەوە دەبێتە درێژکراوەیەکی ئاسایی کولتوریی ڕق و ھەردوکیشیان لەسەر ئەو ھەست و واقیعی بەکۆیلەبوونە ڕاوەستاون کە باسمانکرد.
لە ڕاستیدا ڕق وەک وزەیەکی سیاسیی گەورەیە و لە دۆخی ئەمڕۆکەی عێراقدا، تەنھا بەناو ڕقبوونەوە و بە سوک تەماشاکردنی ئەویتردا تێناپەڕێت، بەڵکو بەناو ڕقبوونەوە لە خود خۆی و بەناو بە بچوک و بە ھیچنەزانینی خود خۆیشیدا تێدەپەڕێت، ھێزە سیاسییەکانی ناو عێراق دەزانن ئەوان بەبێ درێژکراوە ئیقلیمییەکانیان قورساییەکی ناوەکیی ڕاستەقینەیان نییە. گەر تەنھا لەسەر دۆخی ھەرێمی کوردستان بوەستین ئەم ڕاستییە بە ئاشکرا دەبینین . لە دواھەمین ھەڵبژاردندا یەکێتی نیشتیمانی کورستان تەنھا ٨% ، ھەشت لە سەدی. دەنگی خەڵکی کوردستان و پارتی دیموکرات ١٣% ، سیازدە لە سەدی، دەنگی خەڵکی کوردستانیان بەدەستھێنا. ھەردووکیان نوێنەرایەتیی کەمایەتییەکی ھێجگار بچووکی خەڵکی کوردستان دەکەن. ھێزی ئەوان لەناو ھاوکێشە سیاسییەکاندا ڕەنگدانەوەی ئەم پێگەی ناوەکیە لاوازەی ئەوان نییە، بەڵکو وابەستەی ھێزی ئەو دەوڵەتە ئیقلیمیانەن کە ھەریەکێکیان لەناو ھاوکێشە و خواستە سیاسییەکانیدا ئیشدەکەن. بۆیە ھەستکردنی ئەم ھێزانە بە بچووکی ھەستێک سەیر و نامۆ نییە، بەڵکو ھەستێکی واقیعییە، ئەو دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ناوەکییە دروستیکردوە کە ئەم ھێزانە لەناویدا ئامادەن. دۆخی لەدەستدانی باوەڕڕ و متمانەی زۆرینەی ھەرەزۆری خەڵکی کوردستان. ئەوەتا بە ئاشکرا دەبینین ئەمیان لەبەردەمی تورکیادا و ئەویتریان لەبەردەمی ئێراندا چ خزمەتکارێکی گوێڕایەڵن. زۆرینەی ھێزە عێراقییەكانی تریش لەناو ھاوکێشەیەکی ئیقلیمیی لەو شێوەیەدان.