Draw Media

یەک شارستانیەتی جیھانیی: یەک سیستمی بەھای گەردونیی

یەک شارستانیەتی جیھانیی: یەک سیستمی بەھای گەردونیی

2022-04-10 07:39:27


مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

لە سەدەی ھەڤدەھەمەوە شارستانیەتێکی نوێ لە جیھاندا بە ناوی ”شارستانیەتی مۆدێرن”ەوە دروستدەبێت. ئەم شارستانیەتە لە زیاد لە بازنە و خاڵ و بەشێکی دنیادا دروستدەبێت و لە کۆتاییەکانی سەدی نۆزدەھەمیشدا دەگۆڕێت بۆ ”شارستانیەتێکی جیھانیی“. بە شێوازی جیاواز بە بەشە دوور و نزیەکانی جیھاندا بڵاودەبێتەوە. ڕاستە خۆرئاوا بەشی شێری لە دروستکردن و گەشەدان بەم شارستانیەتەدا بەردەکەوێت، بەڵام شارستانیەتی مۆدێرن تەنھا موڵکی کۆمەڵگا خۆرئاواییەکان نییە و بەشێکی گرنگی جیھان بەشدارە لە بەرھەمھێنانیدا.  لەمڕۆشدا ئەم شارستانیەتە شارستاینەتیەکی گەردونییە، سەرجەمی کۆمەڵگاکانی جیھان لەناو دەرکەوتێک یان زیاد لە دەرکەوتێک لە دەرکەوتەکانیدا ئامادەن. ئەم بڵاوبوونەوەیە بەشێوەیەکە حەز و ئارەزوەکانی مرۆڤ، چاوەڕوانیی و ئومێدەکانی،  وێناکردنەکانی بۆ خۆی و بۆ جیھان لەناو سنوورەکانی ئەم شارستانیەتە گەردونییەوە دێت و ئەوەی بەشی ھەرەزۆری مرۆڤەکان دەیانەوێت  بەکارھێنان و خستنەگەڕی دەسکەوتەکانی ئەم شارستانیەتەیە لەناو ژیانی خۆیاندا. 
وەک ھەموو شارستانیەتیەکی ناو مێژووی مرۆڤایەتیی، ئەم شارستانیەتە تازەیەش، ڕوکاری تاریک و ترسناکی ھەیە، قەیران و کێشە و گرفتی تازەی لەگەڵخۆیدا ھێناوە، بەڵام ئەم نووسینە  تەرخانە بۆ باسکردنی ڕووە ڕووناک و گەشاوەکانی ئەم شارستانیەتە، کە لە دونیای ئەمڕۆدا بوون بە سەرچاوەی دروستبوونی ”ھۆشیارییەکی گەردونیی“ لای ژمارەیەکی ھێجگار گەورەی دانیشتوانی ئەم ھەسارەیە. ئەم ھۆشیارییە گەردونییەش یەکێکە لە بەرھەمە ھەرە سەرەکیی و گرنگەکانی ئەم شارستانیەتە مۆدێرنە. 


خاڵی ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتیی لەم شارستانیەتەدا بریتییە لە گرنگیدانێکی ھەمەلایەن بە مرۆڤ، دانانی مرۆڤ وەک سێنتەری بوون لە جیھاندا. مشورخواردن و گەشەپێدان و پێشخستنی مرۆڤ خۆیشی وەک ئەرکی ژمارە یەکی ئەو شارستانیەتە. مەسەلەی بەختەوەریی و جوانتر و باشترکردنی ژیانی مرۆڤیش دەبێتە ماتۆڕی ناوەکیی ئیشکردنی ئەم شارستانیەتە، ئەوەشی وزە بەم ماتۆڕە ناوەکییە دەبەخشێت کۆمەڵێک میکانیزمە کە ھەرەسەرەکییەکانی بریتین لە:  وێناکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف، مافی مەدەنیی و سیاسیی و تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی. مشورخواردنی بەردەوام لە  تەندروستیی عەقڵیی و سایکۆلۆژیی و فەرھەنگیی مرۆڤ. گەشەدان بە تواناکانی مرۆڤ لە باشترکردن و جوانترکردنی ژیانی خۆی و ژیانی ئەو ژینگەیەی لەناویدا دەژیی. باشترکردن و پێشخستنێکی ھەمەلایەنی ھەلومەرجەکانی ژیانی.  گۆڕینی مرۆڤ خۆیشی بۆ بەھای ژمارە یەکی ناو سیستمی بەھاکان، لەباتی خێڵ و بنەماڵە و خێزان. دەستەبەرکردنی ئازادیی و گۆڕینی ئازادیی بە میکانیزمی سەرەکیی پەیوەندیکردنی مرۆڤ ھەم بە خودی خۆیەوە، ھەم بەوانیتر و بەو ژینگەیەوە کە لەناویدا ئەژی. ئازادیی بیرکردنەوە و ویژدان، شێوەژیان، ئازادی جوڵە و ھات و چۆ، ئازادی خۆڕێکخستن و بەشداربوون لە بەڕێوەبردنی ژیای گشتیدا، ھتد... ئینجا فیکرەی یەکسانیی مرۆڤەکان لەگەڵیەکتریدا. چ لە ڕووی یاسایی و چ لەڕێگای شێوازی مامەڵەکردندا. واتە دەستەبەرکردنی ئەو جۆرە لە یەکسانی کە تیایدا کەس لە کەسێکیتر خاوەنی مافی زیاتر یان کەمتر نییە.  کەسناێک مەقامیان وەک مرۆڤ بەرزتر یان نزمتر نەێت لە مەقامی کەسانێکی تر. میکانیزمێکی گرنگی تری لە مامەڵەکردنی مرۆڤدا پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و وێناکردنی کەسەکانە وەک بوونەوەری خاوەن کەرامەت، کە ھیچ ھێزێک نەتوانێت ئەو کەرامەتە لە مرۆڤ لێبسێنێتەوە، یاخود بریندار و لەکەداری بکات. ئینجا بوونی یەک یاسا بۆ ھەمووان. لە پەیوەندیشیدا بە حوکمڕانان و حوکمڕانییەوە، ئەم شارستانەیەتە مافی ئەم حوکمڕانانەی لە ”مافێکی خودا“ییەوە گۆڕی بۆ مافێکی سەرزەمینیی، کە ”گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی“ دیاریکراو ڕێکیدەخات، گرێبەستێک تیایدا ڕێزی ئەو دیدە تازانە بۆ مرۆڤ و ماف و کەرامەت و ئازادییەکانی بگرێت و ھەمووان وەک ھاوڵاتیی یەکسان مامەڵەبکات. ھەموو ئەم بۆچون و دیدانە، کە وەک میکانیزمی ئیشکردنیش کاردەکەن، لە خاڵە ھەرە سەرەکیی و گرنگەکانی ئەم شارستانیەتە نوێیەن. 
دروستبوونی ئەم شارستانیەتە جیھانییە تازەیە، لەزۆر سەرەوە تەواو ناکۆکە بە سەرجەمی ئەو شارستانیەتانەی تر، کە بەرلە ھاتنی ئەم ئامادەبوون، ئەو شارستانیانەی پێیانوابوو کەسانێک لە کەسانێکیتر خاوەن مافتر و بەکەرامەتتر و ئازادتر و بەرزترن، باسیان لەوە دەکرد کەسانێک خودا دروستیکردون بۆئەوەی حوکمڕانبن و کەسانێکیتر بۆ ئەوەی ژێردەستی ئەو حوکمڕانانەبن، یاخود کۆمەڵێک سەروەربن و کۆمەڵێکیش ڕەعیەتی ئەوان. یاخود دەیانگوت کەسانێک ھەن خوداکردانە مەقامیان بەرزترە لە کەسانێکیتر، خوداکردانە مافیان زیاتر و کەرامەتیان زۆرتر و کەسیاتیان پیرۆزترە لە کەسانیتر. بۆیە لەدایکبوونی ئەم شارستانیەتە تازەیە قەیرانێکی ئەخلاقیی و سیاسیی و ئینسانیی گەورە بۆ سەرجەمی شارستانیەتەکانی بەر لەخۆی دروستدەکات و ھەموویان دەخاتە ژێر فشاری بەخۆداچوونەوە و دەسکاریکردن و گۆڕان و تازەبوونەوەوە. نزیکەی پێنج سەدەیە سەرجەمی شارستانیەتە سونەتی و تەقلدییەکان لەژێر فشاری ڕوانینی تازەی ئەم شارستانیەتەدان بۆ مرۆڤ و ژیان و پێگەی مرۆڤ لە جیھاندا. پێنج سەدەشە بەھا و نرخ و ڕوانینەکانی ئەم شارستانەیەتە تازەیە بە جیھاندا بڵاودەبێتەوە و کەڵەکەدەبێت، کەڵەکەبوونی ئەم بەھایانە، وەک کەڵەکەبوونی سەرمایە، یەکێکە لە ئاکارە سەرەکییەکانی جیھان لە چەند سەدەی ڕابردوودا. 
بە بۆچونی من لە دونیای ئەمڕۆدا بەشی ھەرەزۆری بەھاکانی ئەم شارستانیەتە نوێیە، تەواو بەجیھانیی بوون و زۆرینەی خەڵکی سەر ئەم ئەستێرەیە ئەو بەھایانە دەناسن و خوازیاری ئەوەشن  بەپێی ئەو بەھایانە مامەڵەبکرێن و بژین. زۆرینەی ھەرەزۆری میلەتەکانی جیھانیش دەیانەوێت بەشێک لەم شارستانیەتە، بن.


ھاوکات زۆربەی ھەرەزۆری ناڕەزاییەکانی خەڵک لە بەشە جیاوازەکانی جیھاندا، ناڕەزاییەکن بە زمانی ئەم بەھایانە ئەدوێن کە ئەم شارستانیەتە لەگەڵخۆیدا ھێناونی. ئەوانەی ڕادەپەڕن و دەچنە سەرشەقامەکان، ئەوانەی یاخیدەبن و بۆ بەرگریکردن لە خۆیان وەک مرۆڤ دەنگھەڵدەبڕن، ھەموویان ، بە ناوی ئەو بەھایانەوە یاخیدەبن و بەرگریی لەخۆیان دەکەن، ئەو بەھایانە زمان و مانا و ناوەرۆک بە ناڕازیبوون و یاخیبوون و ڕاپەڕینەکانیان دەبەخشێت. زۆرینەی ئەوانەی ئەمڕۆکە توڕەن و ھاواردەکەن: ”ئێمەش مرۆڤین و مافمان ھەیە“ ”ئێمەش بەھا و نرخمان ھەیە“، ”ئێمەش کەرامەتمان ھەیە“، ”ئێمەش ژیانێکی ئازاد و یەکسانمان دەوێت“، ”ئێمەش دەمانەوێت وەک مرۆڤ ببینرێین و مامەڵەبکرێین“، بە زمان و بەھاکانی ئەم شارستانیەتە ئەدوێن. کاتێک مرۆڤەکانیش ھەستدەکەن یەکسان نین بەیەکتری، ڕێزیان ناگیرێت، بێمافدەکرێن، پەراوێزدەخرێن، ناھەقیان بەرامبەر دەکرێت، زۆرینەی ھەرەزۆریان بۆ ئەو بەھایانە و ئە پرنسیپە گشتییانە دەگەڕێنەوە کە ئەم شارستانیەتە نوێیە دروستیکردون. 
بۆیە ھەر ھێزێک، ھەر جیھانبینیی و گوتارێک، ھەوڵی چوونەدەرەوە لەو بەھایانە بدات، یان پەراوێز و بێرخیان بکات، یان وەک بەھای نامۆ بە ”کولتوری خۆمان“ بیناسێنێت، نەک تەنھا ئینسان و کۆمەڵگای ئێمە بۆ بەر لە پێنج سەدە دەباتەوە، بەڵکو ڕێ لە سادەترین توانای  گەشەکردن و بەرەوپێشوەچوونی ئینسانیی و ئەخلاقیی لە دونیای ئێمەدا دەگرێت. ھۆشیاریی مرۆڤ لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە سەدان شێوە بەم ھۆشیارییە گەردونییە تێکەڵبووە. نکوڵیکردن لەم تێکەڵبوونە، بە ھەر ناوێکەوە بێت، تاوانێکە بەرامبەر بە مرۆڤبوونی مرۆڤ لەم کۆمەڵگایەدا ئەنجامئەدرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand