«لە پەڕاوێزی بڵاوبونەوەی کتێبە دەنگیەکەی کاک مەسعود بارزانی دا»
2022-04-08 19:10:23
✍️: مەلا ڕەسوڵ پیشنماز Rasool Pishnemaz
ماوەی چەند ڕۆژێکە ھەموو باسەکان ڕوویان کردۆتە بڵاوکراوە دەنگیەکەی کتێبی کاک مەسعود بارزانی. ھەرکەس لەبەرخۆیانەوە داویانەتە بەر لوزەوی ڕەخنەو گازەندەو پەلاماردان، ھێندێک کەسی نەرمە تەبیعەت و بەرژەوەند خوازیش بە شێوەیکی ئامۆژگاری و ھێوڕ کردنەوەی ئەو کەسانەی کە شتی نا شایستەو ڕووشینەریان ھێناوەتە بەر باس بیرو ڕای خۆیان نیشان داوە. بیرو بۆچونی من جیا لە ھەر دووک لایانە، چونکە نە ئیھانە کردن و بئ حورمەتی ھیچ دەردێکی دەرمان دکاو نە خۆ لە ڕاستیەکان بواردن بە کارێکی دروست دەزانم. زۆر لەو کەسانەش کە لە کۆنی کۆنەوە بەقەدر سەری یەک تاڵە موو ئاگاداری ئەو باسانە نین و لەخۆیانەوە تفەنگ بەتاریکیەوە دەنێن و لە ئیحساسەوە شت دەڵێن ئەوەش ڕەنگە بە قازانج نەبێ.
ئەمن لە ساڵی ١٩٦٣ ی.ز. لە ناو شۆڕشی مەزنی ئەیلول دامو وە دوو ساڵیش پێش کاک مەسعودو کاک ئیدریس، ئەمنوو ھەڤاڵانم لەگەڵ بارزانی ڕەحمتی بوین. لەوکاتیدا کە وەفدی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەڕحومی مام جەلال و سەیدا ساڵح یوسفی شەھیدو نەمر بابەکری محمود ئاغای میراودەلی و چەند کەسی دیکە لە بەغدا بوون، لە سەفەرێکدا کە شەھید سولێمانی موعێنی و شەھید ساڵح لاجانی و نەمر کاک عەزیز محەمەد (سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق) و بۆخۆم بۆ بارزانمان کرد، لە گوندی ڕێزان کە گوندی ماڵێ مەڵامستەفایە، لەو خانوەی کە کاتی خۆی زەعیم عبدولکریم قاسم بۆی ساز کردبون. بۆ یەکەم جار دوای ئەو ھەموو ماوەی کە ئێمە لە چیای برادۆست و ئەو ناوە لەگەڵ بارەگای بارزانی بوین، لەو ماڵە شەھید کاک لوقمان و نەمر کاک ئیدریس و کاک مەسعودمان دیت و لەو کاتەوە ھەر ڕووداوێک لە باشوری کوردستاندا ڕووی دابێ لە ناکۆکی و شەڕی ناوخۆو پەیوەندیەکان و وتووێژەکان و تەنانەت شەڕەکانیش، کەم یا زۆر ئاگادار بووم. ئەوکاتەی کە کتێبی چێشتی مجێور بڵاو بۆوە ھێندێک کەس لایان وابوو خۆزیا کاک ھەژار ئەو کتێبەی ھەر بڵاو نەکردباوە، منیش دەڵێم خۆزیا کاک مەسعود لەو کات و ساتە ھەستیارەدا ئەو کتێبەی بڵاو نەکردبایەوە و لێیی گەڕابا وەک ھەژار دوای نەمانی خۆی بڵاو کراباوە، چونکە ئەوەی من گوێم لێ گرت و باسی سەرکردەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانی تێدا دەکا بەشی ھەرە زۆری دورن لە ڕاستیەوە. خۆ کەس کاک مەسعودی نەداوەتە بەر دادگاو لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی ھەرچی شتی خەراپ و ناڕەوایە بیخاتە پاڵ ئەو حیزب و سازمانانەی کە مەیداندار بوون و لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا پێگەو جێگەی خۆیان بوە، ھەرکام بە ڕادەیکی زۆر شەھیدیان لەو ڕێگایەدا پێشکەش بە گەلەکەمان
کردوە، پێش ئەوەی بچمە ناو قوڵایی باسەکانمەوە،ناوی چەند کەسانێکی زیندوو دێنم کە ئەوانە سەرەڕای هەموو نالەباری و حاڵەتێکی کە هەیانە ،ئەرکی سەر شانیانە بۆ کۆمەڵانی خەلکی کوردستانی روونکەنەوە داخوا ئەو بابەتانەی کاک مەسعود ئیشارەی پێ کردوون لەسەر خۆیان وحیزبەکەیان و ڕێبەرەکەیان هیچ ڕاستی تێدایە.
بۆ نمونە دوو کەس لە برادەرو هاوخەباتی خۆم کاک مەلا عەبدوڵای حەسەن زادە و کاک مستەفای هیجری هەردوکیان ماوەیکی دوورو درێژ جێگری شەهید دوکتور قاسملوو بوون هەردوکیان شەهید دوکتور قاسملویان بە پێغەمبەری ئاشتی و خودای دیمکرات دەزانی و ماوێکی زۆریش کێشەی هەرە گەورەیان ئەوە بوو داخوا کامیان بە هەق و بەڕاستی قوتابی ئەونو لێرەدا ئەگەر بێ دەنگی هەڵبژێرن ڕاستی ودروستی وەفاداریان بۆ خەڵک ڕوون دەبێتەوە. بەڵام ئەمن بە شاهیدی خۆیان و هەتا دوکتور قاسملوو دەحالی حەیات دابوو کێشەشم لەگەڵی بوەو لە دوو کۆنگرەی چوارو پێنجیش قسەم لەسەر کردوه، بەڵام ئەوەی کاک مەسعود لەسەری دەڵێ یەکدانەشیان ڕاست نیە، یەکەم شت دەڵێ من دوو جارم قاسملوو دیوە، باسی ئەوە ناکەین شەهیدیەکەشوو دوکتور یەکەشی لێ ئەستاندۆتەوە،بەڵام زیاتر لە شەش حەوت جاری هەر لەگەڵ خۆم دیوە لە دوای بەیانی یازدەی ئازار، یەکەم جار لە مالەکەی دیلمانیان د.قاسملوو نەمر کاک
هەژار و بۆخۆم بوم، ئەوانیش نەمر بارزانی وکاک زوبیر زرێباری خاڵی بوون ونیشان بەو نیشانەی هەژار تازە لە سەفەری ئازەربایجانی شۆرەوی هاتبۆوە دیاریکی وەک شمشیری زۆر نایابی لە لایەن کوردئۆف ڕا بە دیاری بۆ بارزانی هێنابوو، بارزانی دوای لێ وردبونەوەیکی زۆر دایە دەستی کاک مەسعود. دووهەم جار هەر من و شەهید د.قاسملوو لە ماڵەکەی حاجی ئۆمەران ئەو شوێنەی مەلاکانی تێدا تەقیەوە کاک هەژاریشمان لەگەڵ بوو. سێهەم لە هاوینە هەواری بەردی تەشی ڕیسان لای حاجی ئۆمەران. ئەو دیدارانە شەش بۆ حەوت جار تیکرار بونەوە و هەموو جارێش بارزانی و دوکتور دەبوو زیاتر لە دوو سەعات پێکەوە بان چون بارزانی مەشوەرەتی پێ دەکرد، جاری ئاخرمان لە بارەگای قەسری بوو عالەمێکی زۆر لە بەرپرسان لەبەر ئەو باران وقوراوە چاوەڕوانی دیتنی کاک ئیدریس وکاک مەسعود بوون قەراریشمان وابوو ئەمن دوو کەلیمەیەکم بۆ دەنوسین و دەمگوت ئەمن ڕەسوڵ عبدالرحمانم وچاوەڕوانم، کە وەژوور کەوتین کاک ئیدریس وکاک مەسعود و یەکی تر پێشوازیان لێ کردین لەگەڵ تۆقە کردن کاک ئیدریس بە کاک دوکتوری گوت قوربان ئەوەش کاک علی عەسکەریە ئازاترین وتێکۆشەرترین شۆڕشگێرەو تازەیان کردبوو بە فەرماندەی لەشکری 1 ئەوکات کوردستان بە دوو لەشکر دابەش کردبوو. لە دانیشتنەکانی نێوان شەهید دوکتور قاسملوو نەمر بارزانی جاری وابوو بەو نیوە شەوانە هێند درێژ دەبۆوە منوو کاک مەسعود و ئەوانەی چاوەڕوانی تەواو بوونی وانمان دەکرد،هێندەمان قسە دەکرد و بابەت ئاڵووگۆر دەکرد کار گەیشتبۆ سەر ئەوەی باسی مار و ئیبنوعەباسی بوونی خۆمانمان دەکرد،کاک مەسعود باسی ئەو ڕۆژانەی بۆ گێرامەوە کە لەگەڵ شەهید لوقمانی برای ئەوکاتەی کە چووبونە سەر مەکتەبی سیاسی کۆن، ڕۆژێک لە چۆمی شلێرو ناوخوان خەریکی مەلەو خۆ شوشتن و لیباس شوتن دەبن، کاتێک دەبینن سەر چنارەکان پڕە لە مشک زۆریان لا سەیر دەبێ ولە خاوەن موڵکەکە دەپرسن ولە وڵامدا دەڵێ بەهۆی ئەوەی کە عەرزی ئێرە ماری زۆرە ومشکەکان دەخۆن لەترسان چونە سەر چنارەکان. جاری حەوتەم پێش هەرەس هێنانی شۆرش بوو، دوای ئەوەی لەو ماڵەی کە تەقاندیانەوە لەگەڵ بارزانی نەمر دانیشتین و کاک ئیدریس وکاک مەسعود ڕێنوێنیان کردین ئێمە هاتینەوە مالی کاک هەژار کە ڕوو بە ڕووی ماڵێ بارزانی بوو لە حاجی ئۆمەران.لە هاتنە دەرماندا کاک ئیدریس گوتی کاک دوکتور تکایە لەماڵی کاک هەژار چەند دەقەیەک چاوەروانم بە دێمە خزمەتت، ئەوەی راستیش بێ لە قسە کردندا کاک ئیدریس هەم چاکی گوێ ڕادەگرت هەمیش زۆر بە ئەدەبەوە قسەی دەکرد، کاتێک هات زەرفێکی کاغەزی گەورەی لەپێش شەهید د. قاسملوو داناو کوتی قوربان ئەوە باوکم وەک یارمەتی بۆ ئێوەی ناردوە و عەرزیشی کردوون جارێ هەر ئەوەندەمان لەبەر دەست دایە، لەسەر پاکەتەکە نوسرابوو 10هەزارتمەن کاک دوکتور کە زۆر کەم وابوو هەڵچونی بە قسەکانیەوە دیار بێ بە مەیلەو توڕەبونەوە کوتی ڕەجا دەکەم کاک ئیدریس کێ داوای پوڵی لە ئێوە کردوە، ئەوجار بۆ تمەن؟ ئێمە سوپاستان دەکەین وپێویستیشمان نیە. لە وڵامدا کاک ئیدریس کووتی کاک دوکتور ئەوەندە وەزعی ماڵیمان شپرزەیە ئەو بەینانە زێری منداڵانمان فرۆشتوە یادی بەخێر دوکتور کوتی جا کاک ئیدریس ئەوە چە شۆڕشێکە بە زێری منداڵان بەرێوە بچێ، کاک هەژار کە دوکتوری ئاوا بە توڕەبونەوە دیت هەڵیدایەو کوتی کاک دوکتور مادام بارزانی ناردویەتی پێم خۆشە ڕەتی نەکەیەوە، کیسە پوڵ لەوێ بەداندراوی مایەوە و کاک ئیدریس ڕۆیشت،پاشان بە منوو بە کاک هەژار تکامان لە دوکتور کرد کە پارەکەیان بۆ نەگێرێتەوە، دوکتور تەنیا ئەوەندەی کووت ئەگەر مەلا رەسوڵ هەڵی دەگرێ مانعم نیە، وابوو لەو کاتیڕا ھەتا چەند مانگان وهەتا شەڕ دەستی پێکردەوە و هەتا کۆتای هاتنی شۆڕش هەموو مانگ ئەمن ئەو دەهەزار تمەنم لە بارەگای بارزانی وەردەگرت. لێرەدا پێویستە ئەوەی بۆ ڕای گشتی وتێکرای خەڵکی کوردستان روون کەمەوە، دوکتور قاسملوو وەک هەموو ئینسانێک هەڵەو کەمووکوڕی خۆی بوەو کەسیش لە هاورێیانی بە قەدەر من لە زەمانی هەرە دەستەڵاتی دا ڕوو بەڕووی بەبۆتەوە،بەڵام بۆ مێژوو دەیڵێم وزۆر جاری دیکەش لە نوسینەکانم دا ئیشارەم پێ کردوە، بۆ پەیوەندی لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان بە تایبەتی حکومەتی ئێراق هیچ ڕێبەرێکی کورد بەقەدەر دوکتور قاسملوو خۆڕاگرو بە هەڵوێست نەبوە،لە سەدام حوسێن و بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئێراقەوە هەتا شەخسی بارزانی و مامۆستا برایم ئەحمەد و مام جەلال تاڵەبانی وحەبیب محەمەد کەریم و دوکتور محمود عوسمان کە سەردەمانێک مەکتەبی سیاسیان بەڕێوە دەبرد لەگەڵ هەر کامیان دانیشتنی بوە لە غەیری سەدام لە هەموویان لەگەڵی بووم، چۆن لەگەڵ ئەندامان و کادرو پێشمەرگەکانی خۆمان هەڵسوو کەوتی بوە هەر ئاواش لەگەڵ وان ڕوو بە ڕوو بوە، گوێم لە مامۆستا برایم ئەحمەد بوە دوو جاری قسە پێ دووبارە کردۆتەوە وکوتویە دوکتور کاکە ئێمەی نێو ئەو شاخانە لەو شتەی جەنابت حاڵی نابین بۆمان شی بکەوە.
بۆ هەر پێوەندێکی ناسالم و بۆ هەر شەر هەڵایسانیش لەگەڵ رژیمی ئاخوندان دوکتور قاسملوو چکۆلەترین هەڵەو قسورێکی نەبوە، بۆ ڕاگرتنی پیوەندی نێوان هێزەکانی کوردستان بە چەپ وڕاستەوە دوکتور قاسملوو کەم وێنە بوە، تەنانەت ئەو شێوە سەربەخۆیی حیزبی دێموکرات کە توانیمان لە نێوان حکومەتی ئێراق وهێزە سیاسیەکانی کوردستاندا ڕابگرین لە سەدا نەوەدی ئی دوکتور قاسملویە، بابەتێکی دیکەی کاک مەسعود کە زۆری زەربە لە خۆی دا باس کردنی مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسینی یە ، چونکە نەمر مامۆستا ئاڵا هەڵگری هەموو مەلا شۆڕشگێرەکانی کوردستان ونمونەی مەلایکی روناک بیر و پێشکەوتوو خوازبوو هەتا فەوتی کرد سەری بۆ هیچ داگیرکەرێکی کوردستان شۆر نەکردەوە و هەر لەو ڕێگایەشەوە لە غوربەت و دوور لە کەس وکارو زێدی خۆی سەری نایەوە. کاک فوئادی مستەفا سوڵتانی قەتم نەدی بەڵام بنەماڵەیکی شۆرشگێرو ئینسانێکی یەکجار زۆر داناو زانا بوو کە شەش لە بنەماڵەکەیان لەو ڕێبازەدا شەهید بوون. بەوباسانەی دڵی حکومەتی ئاخوندانی خۆش کردوە بەڵام ڕوحی شەهیدان و بەشی زۆری خەڵکی کوردستانی ئازار داوەو خۆیی و رابردوی زیاتر لە سەد ساڵ تێکۆشانی خۆیانی هێناوەتە ژێر سوئال.
باسی دوو سەید ڕەسوڵان دەکا کە هەردوکیان ساڵەها هاوسەنگەری خۆم بوون و هەردوکیان یەک لە یەک شۆرشگێرترو کورد پەروەر تر بوون، نەمر کاک سەید ڕسوڵ ورچان خاوەنی زیاتر لە نیو سەدە خەبات وتێکۆشان بوەو لە ژیانیدا پیوەندی بە هیچ داگیرکەرێکی کوردستانەوە نەبوەو چەندە بێزی لە شا و خومەینی ھەڵدەستا ئەوەندەش ڕژیمی ئێراقی ناخۆش دەویست بوختانەکەش وەپاڵ نەمر مامە غەنی بلوریان دەدا،ئەمن ناڵێم مامە غەنی وای نەکوتوە چونکە بە بۆچونی من ئەوانەی پاڵ وە حکومەت دەدەن کە بەچاوی خۆیان کوشتوو کوشتارو ئیعدامی دەستە جەمعی ئەو حکومەتە بەچاوی خۆیان دەبینن ڕەنگە هەموو کارێکی خراپ وناڕەوایان لەدەست بێ.
بۆ شەهید سەید ڕەسوڵی بابی گەورەش کە بە ناهەق و ناڕەوا هەر لە لایەن هەوادارانی خۆیانەوە شەهید کرا چۆن بە شەهید کردنەکەی زوڵمێکی گەورەیان لێ کرد هەرواش دوای شەهید بوونی دیارە هەر زوڵمی لێ دەکەن و بە ناڕەوا باسی دەکەن،بەڵام با هەموو خەڵک بزانن کە دەناو برادەرانی ئێمەدا هیچ کەس بەقەدەر سەید ڕەسوڵ بارزانی پەرست ولایەنگری وان نەبوە، بەڵگەی بێ تاوانی سەید ڕەسوڵیش لە دەرهێنانەوەی جەنازەی بارزانی بە شاهیدی ئەمنوو هەموو برادەرانی سەرکردایەتی کە ڕاست لەو کاتدا دە کۆبونەوە دابووین، دوایە نەمر کاک ئەحمەدی قازی کە یەکێک لە ئینسانە هەرە زاناو دانای بنەماڵەی قازیەکانە و لاینگری زۆری شۆرشی ئەیلوول و بنەمالەی بارزانی بوو لە نوسینێکی خۆیدا کە لە فەیسبوکدا بەرچاوم کەوت باس لەوە دەکا کە وەکیلێکی دۆستی کە دیفاع و پشتگیری لە زیندانیانی سیاسی ئەوکات کردوە، فایلە{پەروەندەی کابرایکی پاسداری}کەوتۆتە بەردەستی کە لە سەر دزی وشتی خەراپ گرتوویانە،بۆی گیراوەتەوە کە لە ورمێ را لەگەڵ چەند پاسداری دیکە بە نەهینی پێیان ئەسپاردوون کە بچن جەنازەی بارزانی دەر بیننەوە بەلام ئەگەر بێڵن هیچ کەس پی بزانی ئیعدامیان دەکەن. چوون و ئەوکارەیان کردوە، ئیتر ئەوە بە کوێدا رەبتی بە شەهید سەید رەسوڵەوە هەیە کە فەرماندە هیزی پیرانشار بووە.
ئەو کاتەی کە ئەو پیلانەهاتە ئاراوە راست لەو کاتە دا رژیمی ئاخوندان قیادە موەقەتەی هەڵپێچا بوو بە بەهانەی چونەوە باشووری کوردستان بە ئەرتەش وپاسدارەوە بێن وئەو شوێنانەی کە ئیمە بە خوێن رزگارمان کردوە،لە دەستمان دەربێنن بۆ بەڵگە جگە لە نوسین و بڵاوکی حیزبی دیموکرات کتیبەکانی نەمر کاک فاتح رەسول شاهیدی زیندوو وحاشا هەڵنەگرن کە لە هەموو دانیشتنەکاندا وەک نوێنەری حیزبی شیوعی بەشداری کۆبونەوەکان بووە لە چەند جیگادا ئیشارە دەکاو دەلی هەموو جاریک شەهید دوکتور قاسملو برادەرانی دیموکرات دەیان کووت ئەگەر ئەوان نیازی گەرانەوەیان هەیە بۆ باشوور ئیمە بە خۆمان وبە پیشمەرگەوە لە گەڵیان دەبین ورێنوێنیان دەڪەین هەتا
سەر سنوور،بەڵام ئیمە رازی نابین پاسدار لەگەڵ خۆیان بێنن و ئەو شوێنانەی کە ئیمە بە خوێنی پێشمەرگە رزگارمان کردوە لیمان بستینەوە. بەداخەوەش ئاخرەکەی هەرئاوایان کردو بە داخێکی گەڵێک گرانەوە لە هەر دووکلا ئەو هەموو پیشمەرگە شەهید بوون وقازانج و بەرژەوەندیکەشی چوو دە گیرفانی مەلایانەوە، دووژمن ودووژمنکاریەکەش بۆ کوردی ماڵ ویران مایەوە.
ئەو مەفرەزانەش کە کاک مەسعود ئیشارەیان پی دەکا کەمینمان بۆ دانابنەوە هیچی وانیە و هەموو ئی ئەوکاتەن کە ئەوان بوونە کەواسووری بەر لەشکر و ئەو شەرو دوژمن کاریەیان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان وحیزبی دیموکرات هەڵگیرساند.
دێمە سەر پێوەندیەکانمان بە دوای ١١ی ئازار وکۆنفرانسی کۆیە دا لەسەر پێشنیاری بارزانی نەمر ئیمە پەیوەندیمان بە حکومەتی عیراقەوە گرتووە من و نەمر کاک محمدئەمینی سیراجی دیاری کراوین بۆ پیوەندیەکان، ئەو بۆ حکومەتی عیراق و من بۆ بارەگای بارزانی ومەکتەبی سیاسی پارتی، یەکەمجار لەگەل شەهید دوکتوور قاسملو چووینە مەکتەب سیاسی وبارەگای بارزانی ومنی بە هەر دووک لا ناساند وەک ئەندامی کومیتەی ناوەندی وبەرپرسی پیوەندی دواجار کە بە تەنیا چوومەوە لە چادرەکانی خوار گوندی ئازادی لە گەل کاک ئیدریس وکاک مسعود دانیشتم لەوکاتدا تەنیا نەمر کاک فارس باوە حزوری هەبوو، دوای هێندێک ئاخاوتن کاک ئیدریس بە هێندێک تاریف لە من وکاک حەسەنی ئامۆزام و زەم کردنی کاک کریمی حیسامی داوای لەمن کرد و کووتی ئەوە پیاوی شۆرەوی و وەلاتانی سۆسیالستیە پیویستە ئەتۆ هاوکاریمان بکەی ، دیارە من زۆر نارەحەت وتورە بووم وکووتم ئیمە پیکەوە هەردووکمان ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتین وهیچ کەس لە ئیمە سەر بە هیچ جیگایەک نییە بیجگە لە حیزبەکەی خۆمان نەبێ. بۆ چەند ئانێک ساردێک کەوتە نیوانمانەوە لە گەرانەوەمدا مەسەلەکەم لە گەل برادەران باس کرد یادی بەخێر شەهید دوکتوور قاسملو بە خۆشحالیەوە کووتی خۆ ئەمن لە خۆرا نەبوو کە مەلا رەسولم بۆ ئەو پۆستە هەستیارە پێشنیار کرد.نەمر کاک محمدئەمین سیراجیش زیادتر لە ١٠ ساڵان بەرپرسی پیوەندی بەغدا بوو داخوا چکۆڵەترین لیدوانێکی ئەو پیاوە هەیە یەک ووشەی لە بەرژەوەندی عیراق قسە کردبێ، بە پێچەوانەوە بەردەوام وەک چەقڵی چاویان بوو زۆر جاریش موخابەراتیەکان لای کاک دوکتوور وکاک کەریمی حیسامی گلەی وگازەندەیان لی دەکرد وداوای گورینیان دەکرد بەڵام بە گوێمان نەدەکردن. جارجارەش دووکتور قاسملو وکاک کەریم لەوبارەیەوە سەرکۆنەیان دەکرد.
بەلام لەسالی ١٩٦٣وە کە پارتی نوێنەری لە تاران هەبووە غەیری زیندە یاد کاک شەمسەدین موفتی لێ دەرچێ ئەوانی دیکە هەر کات وتووێژ دەکەن شێوەی قسەکانیان زۆرتر لە نوینەری جمهوری ئیسلامی دەچێ تا حکومەتی هەرێم. بەتایبەتی ئەوەی ئیستا گۆیا نوێنەری هەریمی کوردستانە و لەسەر پشکی یەکیەتی نیشتمانی کوردستانە کە لە تەلەویزیون دەر دەکەوێ دەبێ زۆر بە وردی گوێ بۆ قسەکانی راگری ئەوجار کەم تا کورتێک بۆت روون دەبێتەوە کە نوێنەری حکومەتی هەریمە.
ئاواش دەو کاتە ناسک وناڵەبارەی کە حیزبی دیموکرات وسەرجەم هیزە سیاسیەکانی ،بە کۆمەڵەو خەباتەکانەوە تێکەوتوون وبە بەرچاوی ئەوانەوە جمهوری ئاخوندان مووشەک باران وتەقاندنەوە وزۆرەها شتی نارەوایان بۆ پێک دێنن و ئەو هەموو ئینسانە شۆرشگێرانەیان لێ شەهید دەکرێ ، کەچی نە ئیوە ونە هیچ وەلاتیکی ڵایەنگری دیموکراسی وحقوقی بەشەر هیچ دیفاعێکیان لێ ناکەن راست لەو کاتەشدا بەو پەری نا عەداڵەتی وغەدرەوە دێن وشتی نارەوا و دوور لە راستی چەندین سالی رابردوویان بۆ زیندوو دەکەنەوە. دەحالێکدا ئەوان هاتنە خواریان لە قەندیل ولە چیاکانی کوردستان تەنیا وتەنیا بە هۆی بەرژەوەندی ئیوە و یەکەم پەرڵمانەکەتان بوو. هەموو تیکۆشان وجولانەوەیەکیان بۆ ئیوە سڕ کرد کە من لە هەولەوە پێم کارێکی زۆر سیاسیانەو شورشگیرانە بوو. بەڵام دوایی کە هەلوێستە بی ئەمەگەکانی ئیوەم بۆ ئاشکرا بوو زۆریان لی دڵگران بووم و زۆر لە مێژە پێم وایە دەبوایە بە شێوەی پ ک ک دە سەنگەرە لەمێژینەکانی خۆیان کردبایەوە بۆێەوەی لەو جیرە خۆرەو گێرەو کێشەی ئێوە نەجاتیان بێ کە جاری ئاخر بە عالەمی ئاشکرا ئیوە بوونە هۆی دوولەت بوونەوەی دیموکرات. دوای هەرەس هینانی شۆرش شەهید دوکتوور قاسملو رۆیشتەوە فەرانسەو دڵی هەموو برادەرانی خۆی هێشاند، دوکتوور قاسملویەکی کە لە وەزارەتی پڵان داناندا گرینگترین دەوری هەبوو تەنانەت رێنوێنی ودەرسیشی بە وەزیرەکان دەکووتەوە.
لەوێش خۆی فیدای ئیوە وپەیوەندیەکانی ئیوە کرد.
بە هۆی ئەوەی لە چوار سالی ووتوێژ دا هەر بە دوو مانگ وچەند مانگێک بارزانی لە ریگای شەهید سەیدا سالح یوسفیەوە کە بەر پرسی لقی ٥ی بەغداد بوو، داوای دەکرد کاک عەباسی ئەنوەریم بۆ بنێرن کە ناوی نهێنی قەدیمی کاک دوکتوور قاسملوو بوو. دەبوو دوکتوور لە بەغدا را بێتە هۆتێل هەورامانی هەولێر ومنیش لە گەڵ دوو پێشمەرگەی خۆمان بە دەمانچەی چاردە خۆر و وەرەقەی بارەگای بارزانی موخابەراتی عام لە کۆیە را بچم و لەوێ را برۆین بۆ لایان هەموو جارێش بارزانی بەو شەو نیوەشەوانە لە ٣سەعات کەمتر لەگەلی دانەدەنیشت و هەموو پرس ورایەکی لەسەر پێشهاتەکان لەگەل باس دەکرد. هەر ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی نەمران کاک دارا توفیق وکاک خوسرەو توفیق کە هەر دووکیان دۆستی شەهید دوکتوور قاسملو بوون ولە بنەماڵە گەورەو بە ناوبانگەکانی شاری سلێمانی وئەندامی مەکتەبی سیاسی وسەرکردایەتی پارتی بوون بە تایبەتی کاک دارا ئەو کات نەفەری دوومی دوای بارزانی وزۆر جیگای متمانەی بوو ، مانگێک پێش هەرەس هێنان لە قەولی خۆیان وبارزانییەوە پییان کووتبوو بە بەهانەیەک سەفەری دەرەوەی وەڵات بکات و خۆی ببوێڕێ چونکە لەو ماوەیەدا کە هاتووچۆی بارزانی کردوە حکومەت پیی زانیوەتەوە لەوانەیە سەدام لەناوی ببا بەڵام پێشیان کووتبوو یەک دوویەک لە برادەرانی خۆتان ئاگادار بکە، دوکتوور لەسەر ئەوە رۆیشتە دەرەوە ، ئەو کات من و مامۆستا مەڵا عبداللە لە بنکەی بناری قەندیل بووین،بەڵام بەداخەوە دوکتوور قاسملو لەلای برادەران کاک کەریمی حیسامی وکاک حەمەدەمین سیراجی ومامۆستا هێمن نەیکووتبوو ناگەرێمەوە تەنیا کووتبووی هێندێک کاری پێویست و گیروگرفتی منداڵەکانم هەیە ،لەسالی ١٩٦١ وە کە دوکتور قاسملو بە هۆی کیشە ناوخۆیەکانی حیزب لە گەل شەهید ئەحمەد تۆفیق وبرادەران بە بریاری بارزانی وبەهۆی وەزیری ناوخۆی ئەو کاتی عیراق لە گەل کاک کەریمی حیسامی لە عیراق دەر کران و لە شاری پڕاک لە ولاتی چکوسڵۆواکیا گیرساوەتەوە ودوکتوورای لە ئابوری وسیاسی وەر گرتووە وپاشان بۆتە مامۆستای زانکۆ ئەوکات وا ناوی دەر کردبوو
بەخۆیوو بە براژنە نەسرینی ھاوسەری کە پێشدان شاگردی خۆی بووە هەشت بۆ نۆ زمان دەزانن، لەوێش لە جیاتی بە قین داچوون وتۆڵە ئەستاندنەوە لە هەموو ئەو کوردانەی دەرەوە زیادتر کاری بۆ شۆرش وشەخسی بارزانی کردوە، هەر ئەوەش وای کرد لە دوای بەیانە مێژوویەکەی ١١ی ئازار گەرایەوە کوردستان و بارزانی ڕێزێکی زۆری لێ گرتوو ٥٠٠ دیناریشی دایە کە لە گەڵ تێکرای برادەران یەک بگرینەوە وکۆنفرانس بگرین، ئیمەش هەموو لایەکمان یەکمان گرتەوە . چۆنە کاک مسعود ئیشارەی بە یەکدانە لەو خاڵە موسبەتانە نەکردوە ، بەڵام زۆر بە نارەوا وبێ ئینسافانە تۆمەتی شەر ھەڵا ئایساندن و پێوەندی نارەوای هاوکاری کردنی حکومەتی عیراق زۆرها شتی تری دەخاتە ئەستۆی دوکتوور قاسملوو و حیزبی دێموکرات.
بە تایبەتی لەوشوێنەدا کە هەڵگیرسانەوەی شەری بەسەر داسەپاوی ئیمە لە ڵایەن خومینیەوە کە فوتوای جیهادی لە دژی گەڵی کورد داو بەنی سەدر سەرۆک کۆماری ئەوکات دەستوری بەسەربازەکانی دا قەیتانی پۆتینەکانتان مەکەنەوە هەتا ئیران لە زیدی ئینقلاب پاک دەکەنەوە ، لە حاڵێکدا بە بەرچاوی هەموو دونیاوە حیزبی دیموکرات وخودی دوکتوور قاسملو هێندەمان هەوڵ دا بۆ ئەوەی شەرمان بەسەردا نەسەپێنن کار گەیشتە ئەوەی چەپە توند رەوەکان و دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین نێوی سازشکاریان بە سەر حیزبی دیموکراتدا سەپاند ، ئەو
گروهی شەش کەس ونیوەی کاک مسعود هیندە بەسەر وگوێلاکیاندا هەڵ دەڵێ و ئەو رەحمان کەریمیەی کە بە پیاویکی دانا وئاقل مەند ودڵسوزی باس دەکا، بەو پەری تەسلیم تەلەبیەوە هەموو پشتیوانیەکیان لەو رژیمە درەندەو ئینسان خۆر و ئینسان کوژەی تیکرای گەلانی ئیران دەکرد و هەر خودی دوکتوور قسملوش لەو ڕێگایەدا خۆی بە شەهید کردن دا بۆئەوەی لانی کەمی مافی زەوت کراوی گەلەکەی لە رێگای وتووێژ ودیاڵۆگەوە بەدی بێنێت. تەنانەت ئەگەر هاتباو خومینی ودارودەستەکەی هیچ نیاز پاکیەکیان لەگەل گەلی ئیمە هەبایە ئیمە خودموختاریەکەشمان وا کەم رەنگ کردبۆوە کە لە ٤مادەی وەک ئازادی حیزبەکەمان وخویندن بە زمانی خۆمان وبەرێوەبەرەی ونەزم ونیزامی ناوخۆمان و دەچەند شتی ئاوا دا خوڵاسە کردبۆوە.
چ شتێک لەوە زەقتر وبەر چاوتر هەیە کە لە کاتی شەری ئیران وعیراق وئەوپەری بی توانای ئیران دەبەرامبەر عیراقدا حیزبی دیمۆکرات رایگەیاند ئەگەر جمهوری ئیسلامی داخوازە رەواکانی گەلی کورد قبول کات ئیمە ئامادەین شان بە شانی وان بچینە بەڕەکانی شەڕەوە ودیفاع لە تەمامیەتی عەرزی ئیران بکەین.
لە کۆتای نوسینەکەم دا چەند نمونەیکی زۆر هەستیار وبەرچاو دەخەمە بەر بۆچوونی خوێنەرانی هێژا بۆ فیداکاری وپاکیەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و
بەر پەرچ دانەوەی ئەو بوختانەهەڵبەسراوانەی کاک مسعود بارزانی، بۆ ئەوەی کۆمەڵانی خەڵکی ئیمە وئەوکەسانەی کە هیچ بەرچاو روونیکیان لەسەر رابردووی حیزبی دیموکرات و باقی سازمانەکانی دیکەی رۆژ هەڵات و پارتی دیموکرات وقیادە موەقەتە نییە ،بۆخۆیان داوەری وقەزاوەتی خۆیان بکەن :
١- راگەیاندراوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران بۆ مەحکووم کردنی تیرۆری بارزانی لە لایەن رژێمی بەعسەوە، ئەوە دەقی راگەیەندارەوەکەیەو عەینی ڕۆژ نامەکەشتان دەخەمە بەر دەست کە بۆخۆم هەر ئەوکات یەک دانەم داوە بە مەکتەب سیاسی کە کاک حەبیب محمد کریم و بەرێز کاک دوکتوور محموود عوسمان بەرێوەیان دەبرد وە هەر عەینی رۆژ کاک دوکتوور محموود قسەی لەگەل کاک ئیدریس کردو کاتی بۆ وەر گرتم ولە ماڵەکەی خۆیان و بە ئاگاداری نەمر کاک هەژاری شاعیر تەسلیمی کاک ئیدریسم کرد.
ئەوەش دەقی نوسراوەکەیە
بۆ کومیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراق : بڕایەنی بەرێز، زۆر بەداخەوە ئەو خەبەرەمان بیست کە دەستەیەک نۆکەری بەکڕێ گیراوی ئیمپریاڵیزم هەوڵی کوشتنی سەرۆک بارزانیان داوە و چەند پێشمەرگەیەک شەهید کراون. ئیمە بە ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستان وهەموو گەلی کورد لە کوردستانی ئیران دا بێزاری وتوورەی خۆمان بەرامبەر بەو کردەوە ناپیاوانەیە دەر دەبرین هەر لەو کاتیشدا خۆشحالین کە ئەم پیڵانە سەر نەکەوتوو سەرۆک بارزانی ساڵمە.
هیوادارین خەباتی یەکگرتووی گەڵانی عیراق بە کورد وعەرەبەوە هەر سەرکەوتوو بێ وبەیان نامەی ١١ی مارسی مێژووی کە نیشانەو دەست کەوتی ئەم یەک گرتنەو کۆسپی دوژمنانی جوڵانەوەی ئازادی خوازی گەڵی کوردە بەند بە بەند بێتە دی.
کومیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران
١ی ١٠ی ١٩٧١
٢- پشگیری مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیالیستی کوردستانی عیراق بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران لە کاتی شەرفرۆشتنی قیادەی موەقەتە بە حیزبی دیموکراتی کوردستان و رۆژ هەڵاتی کوردستان :
بە داخو ئازارێکی زۆرەوە هەواڵی هێرشی نامەردانەی{ پ د ک} قیادەی موەقەتەمان بۆسەر نەغەدەو حیزبی دیموکراتمان وەر گرت، پارتەکەمان بەو پەری تۆانایەوە ئەو کارە نامرۆڤانەیە ریسوا دەکات وپشگیری لە خەباتی رەوای گەلی کورد لە کوردستانی ئیران ئاشکرا دەکات.
ئیمە بڕوامان وایە کە خەبات دەبێت ڵە خاکی عیراقدا دەبی بکرێ نەک لە ری دەست خستنە کاری کوردستانی ئیرانەوە ئیتر بۆ پێشەوە
مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیالیستی کوردستان.
ئەو وتارە لە رادیۆ دەنگی کوردستاندا بە سۆڕانی لە رۆژی ٢٠ی نوامبری ١٩٨١ دا خوێندراوەتەوە.
بە داوای لێبوردنەوە لە خۆینەرانی ھێژام بە هۆی نەشتەرگەری ئەژنۆکانمەوە نوسینەکەم لە کاتی خۆی وەدوا کەوت بە سپاسەوە
مەڵا رەسوڵ پێشنماز
22/04/05 مێرگەپان
_ تێبینی: من #ھوشیارئەحمەدی ئەو ڕوونکردنەوەی بەڕێز کاک "مەلا ڕەسوڵ پیشنماز" بە ڕوونکردنەوەیەکی مێژوویی بەڵگەمەند و جێی متمانە ئەزانم و دائەنێم. چونکی بەڕێزیان خۆیان لە ناو چەقی ئەو ڕووداوانەدا بوون.
بۆیە بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر، نووسراوەکە لای خۆم بە ئەمانەتەوە بڵاو ئەکەمەوە.
نوسینەكان گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات نەك (درەو)