غازی سروشتی هەرێمی كوردستان لەنێوان هەناردەكردن و نەكردندا ...
2022-04-07 10:05:03
درەو:
ئامادەكردنی: نەوزادی موهەندیس
• ئاشكرایە غازی سروشتی لە پاڵ نەوتی خاودا یەكێكە لە سەرچاوە گرنگەكانی وزە لە جیهاندا و تەنانەت لە نەوتی خاویش گەلێك مواصفاتی باشتری هەیە، لەوەی كە زوو دەسوتێت و بەتەواوەتی دەسوتێت و پاشماوەی پیسكەری نیە و وزەی زیاترە و هاوڕێی ژینگەشە.هەر لەبەر ئەم هۆكار و سیفاتە باشانە لە ئێستادا زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێن و پیشەسازیە گەورەكان ڕوویان كردۆتە بەكارهێنانی غازی سروشتی بۆ گەرمكردنەوە و بەكارخستنی ئامێر و مەكینە گەورەكانی پیشەسازی و لە وێسگەكانی بەرهەمهێنانی كارەباشدا ڕۆڵێكی گەوروەی هەیە.بەهەمان شێوە لەبەر ئەوەی كە واچاوەڕواندەكرێت و پێشبینیەكان بۆ ئەوە دەچن كە نەوتی خاو لە جیهاندا بەرەو كەمبونەوە و چۆڕبڕبوون بچێت و گریمانە دەكرێت كە تا 50 -70ساڵی تر نەوت وەك سەرچاوەیەكی وزە و بەشێوەی بارزگانی بەكاربهێنرێت.چونكە لەلایەكی تریشەوە جیهانی پیشەسازی ڕوویانكردۆتە بەكارهێنان و بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی كە ئەمەش هۆكارێكی ترە بۆ پشتكردنە نەوتی خاو و كەمبونەوەی بەكارهێنانی لە ئایندەدا.
• عێراق بەشێوەیەكی گشتی دەوڵەمەندە بە نەوتی خاو كە یەدەگی چاوەڕوانكراو یان خەمڵێنراوی بریتیە لە 145-160 ملیار بەرمیل و غازی سروشتیەكەشی بە پێی ئاماری كۆمپانیای بی پی بەریتانی لەساڵی 2020دا كە لە خشتەیەكدا بڵاویكردۆتەوە لە ساڵی 2021دا، تایبەت بە یەدەگی دڵنیای غازی سروشتی لە جیهاندا،یەدەگی دڵنیایی غازی سروشتی عێراق دەخەمڵێنرێت بە 124,6تریلیۆن پێ سێجا كە یەكسانە بە 3,461 تریلۆیون مەتر سێجا و كە دەكاتە 1.9% ی یەدەگی هەموو جیهان.كە 7 مین وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان و 4هەمینیشە لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبیەكان لەدوای هەریەكە لە قەتەر و سعودیە و ئیماراتی عەرەبی.كە بەداخەوە بەشی زۆری بەهەدەر دەڕوات و بەكارناهێنرێت،چونكە تەكنەلۆژیای دەرهێنان و مامەڵەكردن و چارەسەركردن و گواستنەوە و بەكارهێنانی غازی سروشتی تەكنەلۆجیایەكی هەستیار و وورد و پێشكەوتووی پێویستە جیا لە تەكنەلۆژیای نەوتی خاو.هەربۆیەش خەرجیەكی زیاتریشی پێویستە.و هەر هەڵەیەك لەهەر قۆناغێكدا دەبێتە هۆی ڕوودانی كارەسات بەهۆی زوو كڵپەكردن و گڕكردنی غازی سروشتیەوە.
• هەرێمی كوردستانیش وەك بەشێك لە دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ خاوەنی نەوتێكی زۆری یەدەگە كە بریتیە لە 1,3 نەوتی یەدەگی عێراق و بەمەش خاوەنی نزیكەی 45-60 ملیار بەرمیل نەوتی خاو دەبێت و غازی سروشتیەكەشی دەخەمڵێنرێت بە 5,2 تریلیۆن مەتر سێجا.كە ئەمەش بڕێكی كەم نیە و تەنانەت هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان بۆتە 8مین هەرێمی دەوڵەمەند بەنەوت و غازی سروشتی و پێگەی گرنگی هەیە لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی و وڵاتەكانی ناوچەكە و دونیاش و بە چاوی گەشبینیەوە دەڕواننە هەرێمی كوردستان و لەنەخشە و پلانەكانی خۆیاندا وەك یەكێك لە سەرچاوەكانی وزە دیاریانكردوە و لەهەوڵی پراكتیكیشدان بۆ ئەوەی سوود لەم دوو سەرچاوەیەی وزە وەربگرن و بیبەستنەوە بە تۆڕی بۆری گواستنەوەی دونیاو ناوچەكەوە.
•
• جا هەر وڵاتێك كە بخوازێت هەناردەی غازی سروشتی بكات بۆ دەرەوەی وڵات،پێویستە ئەم خاڵانەی لای خوارەوە دڵنیا بێت:
1. بڕی غازی سروشتی یەدەگی دڵنیایی هەبوو.
2. بڕی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی.
3. تێچووی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی.
4. ڕاكێشان و بوونی تۆڕێكی بۆری گواستنەوە.
5. كرێی گواستنەوەی غازی سروشتی.
6. دیاریكردنی نرخی غازی سروشتی.
7. پڕۆسەی صیانەكردن و پاراستنی هێڵی بۆریەكە.
8. پێش هەموو ئەم كارانەش پێویستە پێداویستی ناوخۆی خۆی دابینبكات ئەوكات پلانی هەبێت بۆ هەناردەكردنی بۆ دەرەوەی وڵات.
• ئاشكرایە غازی سروشتی بەدوو جۆری سەرەكی هەیە لە سروشتدا:
1. غازی سروشتی لەپاڵ نەوتی خاودا كە پێی دەوترێت غاز المصاحب associated gas.
2. غازی سەربەست free gas .
كە هەمیشە غازی هەبوو لەگەڵ نەوتدا زیاترە وەك لەشێوەی غازی سروشتی ئازاد یان سەربەست و بەتەنها.بۆ نموونە لە عێراقدا غازی پاڵ نەوت بریتیە 70% و غازی ئازاد بریتیە لە 20% و غازی قوبەكانیش بریتیە لە 10%.
• پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە ئایا هەرێمی كوردستان لەتوانیدایە كە غازە سروشتیەكەی هەناردەی دەرەوەی وڵات بكات یان نا ؟
لەوەڵامدا دەڵێین بەڵێ هەرێمی كوردستان دەتوانێت غازی سروشتیەكەی هەناردە بكات لەسەر ئەو بنەمایەی كە یەدەگێكی پێشبینیكراوی هەیە كە بریتیە لە نزیكەی 5,2 تریلیۆن مەتر سێجاكە ئەمەش بڕێكی كەم نیە. و هەر لەسەر ئەم خەمڵاندانانە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان پلانیان هەبوە كە لە ساڵی 2014وە بەڕێكەوتن لەگەڵ كۆمپانیای بۆتاشی توركیدا كە پسپۆڕی هەیە لە ڕاكێشانی بۆری نەوت و غازی سروشتیدا كە غازی سروشتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی پڕۆژەی هێڵی غازی نابۆكۆوە هەناردەی توركیا و ئەوروپاش بكەن.
• هێڵی غازی نابۆكۆ و غازی سروشتی هەرێمی كوردستان
ئەم هێڵە وابڕیار بوو كە غازی سرروشتی لە وڵاتی توركومانستانەوە و لەڕێگەی توركیاوە لە ناوچەی ئەنادۆڵەوە بگوازێتەوە بۆ ئەوروپا و بۆ وڵاتی نەمسا و بنكەی سەرەكی غازی سروشتی باومگارتن ئاندرمارش و بڕیاریشبوو كە لەساڵی 2011دا دەستبەكاركردن بكرێت تیایدا.بە تێپەڕبوون بە وڵاتانی بولگاریا و ڕۆمانیا و مەجەردا.كە وا بڕیاربوو ئەو هێڵی غازە لەساڵی 2014 تەواو بكرایە، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش لەناوچەكەدا و ڕووداوەكانی بەهاری عەرەبیەوە ئەو كارەی دواخست . كە درێژیەكەی 3300كم دەبێت.كە بڕیار بووە كە بڕی سەرەتایی غازی سروستی ساڵانەی پێویست بۆ ئەو هێڵە بریتی بێت لە 8-10 ملیار مەتر سێجا و ئەوپەڕی توانای ساڵانەشی 31 تریلیۆن مەتر سێجا و پڕۆژەكەش 10 ملیار دۆلاری تێدەچوو.
لە جێبەجێكردنی ئەم هێڵەدا 7 كۆمپانیا بەشداری دەكەن كە بریتین لە ((OMVی نەمساوی و MOL ی مەجەڕی وترانس گاز لە ڕۆمانیا و بلغارگاز لە بولگاریا و بوتاش لە توركیا)). كە 4كۆمپانیای ئەوروپین و 1یان توركی و 2یان ئیماراتین.هەندێك پێیان وایە كە ئەم هێڵە بۆ جێگرتنەوەی هێڵەكانی غازی سروشتی ڕوسیایە بۆ ئەوروپا. و ئەم پڕۆژەیەش لەلایەن یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا پاڵپشتی لێدەكرێت،و بەمەبەستی كەمكردنەوەی پشتبەستنی ئەورپایە لەسەر غازی ڕوسیا لەبواری وزەدا.و ڕوسیاش لای خۆیەوە ڕاكێشانی ئەم بۆریە بە كارێكی دوژمنكارانە دەزانێت بەرامبەر بەخۆی. وەزارەتی نەوتی عێراقی ڕایگەیاندوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای RWEی ئەڵمانیدا واژۆكردوە بۆ ناردنی غازی سروشتی لە ئایندەدا بەهێڵی نابۆكۆدا،گرێبەستەكەی بە پوچەڵ و نایاسایی دایە قەڵەم.
كۆمپانیا ئەڵمانیاكە ڕایگەیاندوە كە وەزیری سەرچاوە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ((ئاشتی هەورامی)) ڕایگەیاندوە كە((دەتوانێت نزیكەی 20 ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی ساڵانە بنێرێتە دەرەوە بە هێڵی نابۆكۆدا بۆ توركیا و ئەوروپا)).لەكاتێكدا هێڵی نابۆكۆ ئامانجێتی كە بڕی 31 ملیار مەتر سێجا لە غازی سروشتی ساڵانە بگەیەنێتە ئەوروپا لە ناوچەی دەریای قەزوێنەوە بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستنی ئەوروپا لەسەر ڕوسیا كە چارەكی پێداویستیەكانیان لە غاز دەنێرێت بۆ ڕۆژئاوای ئەوروپا.
كۆمپانیای بۆتاشی توركی كە بریتیە لە كۆمپانیای هێڵی بۆری توركی((بۆتاش)) وادادەنێت كە گواستنەوەی غازی سروشتی لەهەرێمی كوردستانەوە وا لە هێڵی نابۆكۆ دەكات كە غازی سروشتی بگوازێتەوە بۆ ئەوروپا بەهاتنی ساڵی 2014.پاڵپشت بەو پێشبینی و خەمڵاندنە گەورانەی كە بۆ یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان كراوەو بەرهەمهێنانی غاز تیایدا گرنگیەكی گەورەی دەبێت و ڕۆڵێگی گەورە وازی دەكات لە دەستپێكردنی پڕۆژەی هێڵی نابۆكۆ. هەردوو كۆمپانیای OMV نەمساوی و MOLمەجەری بەشداربوون لەو پڕۆژەیەدا وەكو دوو هاوبەشی سەرەكی بۆ هەناردەكردنی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا ولەوێشەوە بۆ ئەوروپا.هەرێمی كوردستان دەتوانێت بڕی نزیكەی 1.5 ملیار پێ سێجا ڕۆژانە دابین بكات بۆ پڕۆژەكە كە ئەم بڕەش بەشی پێدانی قۆناغی یەكەمی هێڵی نابۆكۆ دەكات.
بەم شێوەیە دەردەكەوێت كە هەرێمی كوردستان بڕی پێویستی لە غازی سروشتی هەیە كە هەناردەی دەرەوەی بكات و بەشی دەیان ساڵیش دەكات و نرخی 1م3 غازی سروشتیش لە بازاڕەكانی جیهاندا هەمیشە لەنێوان 3-5 دۆلار بوە و كە ئەم نرخەش دەبێتە سەرچاوەیەكی داهاتی باش بۆ هەرێمی كوردستان.
• ئایا بڕی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان هێندەیە كە هەناردەی دەرەوە بكرێت یان نا؟
لەسەر ئەو بنەمایەی كە هەرێمی كوردستان بڕی 5,200تریلیۆن مەتر سێجا غازی سروشتی هەیەو بەڕێز ئاشتی هەورامیش لەساڵی 2015دا ڕایگەیاندوە كە هەرێم دەتوانێت ساڵانە بڕی 20 ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی هەناردەی توركیا و ئەوروپا بكات بە هێڵی بۆری نابۆكۆدا.
كەواتە ئەو بڕی غازە سروشتیەی كە هەرێم خاوەنێتی بەشی نزیكەی 260 ساڵ دەكات.
ئاشكراشە كە نرخی 1 مەترسێجا غازی سروشتی هەمیشە لەكاتی ئاسایدا كەمتر نەبوە لە 2 دۆلار بۆ 1م3و لەئێستادا و لە كاتی جەنگی ڕوسیا ئۆكراینادا گەیشتۆتە 5.75 دۆلار بۆ هەر 1م3
كەواتە گەر لە 1ساڵدا هەرێم بتوانێت بڕی 20ملیار م3 هەناردە بكات و بەنرخی ناوەنجی 3دۆلار
كەواتە ساڵانە هەرێم تەنها لە غازی سروشتیەوە دەتوانێت بڕی 20000000000*3دۆلار =60 ملیار دۆلار داهاتی هەبێت.كە داهاتێكی زۆر زۆرە.
• بەڵام مەرجی سەرەكی بۆ هەناردەكردنی هەر كاڵایەك یان سەرچاوەیەكی سروشتی ،وزە بێت یان كانزای پیشەسازی بێت یان خۆراكی بێت ،بریتیە لەوەی كە پێویستە پێش هەناردەكردنی پێداویستی ناوخۆی وڵاتی لێدابینبكرێت،نەك وەك فرۆشتنی نەوتی كوردستان كە ماوەی زیاد لە 20 ساڵە دەفرۆشرێت بەڵام نەتوانروە بكرێتە مایەی خۆشگوزەرانی و بەرزكردنەوەی ئاستی ژیانی تاك و خێزان و كۆمەڵگای كوردەواری.بەپێچەوانەوە گەر بەهەمانی سیاسەتی فرۆشتنی نەوت مامەڵە لەگەڵ غازی سروشتی كوردستانیشدا بكرێت ئەوا بەهەمان دەردی نەوتەكە دەچێت و هێندەی تر ماڵوێرانی و هەژاری و قەرزارباری ڕوودەكاتە هەرێمی كوردستان.چونكە بەداخەوە سیاسەت و پلان و ئیدارەدانی كەرتی نەوت و غازی سروشتی لەهەرێمدا لەدەستێكی ئەمین و شارەزا و خەمخۆردا نیە.
•
• بەڵام ئەم كارە هەروا ئاسان نیە و ڕووبەڕووی گەلێك ئاڵنگاری دەبێتەوە لەوانە:
1. بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە پێویست بەوە دەكات كە هێڵی بۆریەكە بە خاكی توركیادا تێپەڕ ببێت كە ئەمەش ڕووبەڕووی كێشە و گرفتی سیاسی و یاسایی دەبێتەوە كە پێویست بە ڕێكەوتنامەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەكات.
2. پێویستبوون بە وەبەرهێنانی گەورە بۆ ڕاكێشانی هێڵی بۆریەكە.
3. پاراستنی هێڵی بۆریەكە كارێكی ئاڵۆز و پڕ خەرجیە.
4. پێویستە كە هەرێمی كوردستان ڕێكەوتنامەی دوور مەودا واژۆ بكات لەگەڵ ئەو وڵاتانەی غازەكەی بۆ دابین دەكات و ئەو وڵاتەشی كە بۆریەكە بە خاكەكەیدا تێپەڕ دەبێت وەكو توركیا.
5. پێویستە كە لێكۆڵینەوەی وورد بكرێت بۆ زانینی بڕی داواكراو لە غاز.
6. چۆنێتی دیاریكردنی نرخی غازەكە و چۆنێتی پێدانی پارەكەشی.
7. سەرپەرشتیكردنی هێڵی بۆریەكە و صیانەكردنیشی.
• لەكۆتاییدا باشتر وایە هەناردەكردنی غازی سروشتی كوردستان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ئەنجام نەدرێت،بەڵكو بەهاوبەشی و سەرپەرشتی حكومەتی ناوەند ئەو كارە بكرێت،بەمەبەستی فرۆشتنی غازەكە بەنرخی ڕەسمی بازاڕی جیهانی نەك وەك نەوتەكە كە هەمیشە 11-15دۆلار لەنرخی بازاڕەكانی جیهان كەمتر دەفرۆشرێت و دەبێتەمایەی زیانێكی گەورەی ساڵانە بۆ داهاتی عێراق و هەرێمیش و لەولاشەوە ئەو سەرچاوە گرنگەی وزە بەفیڕۆ دەڕوات و تاڵانفرۆش دەكرێت.چونكە لە ئایندەدا لەلایەك نەوتی خاو بەرە چۆڕبڕبوون دەچێت و لەلایەكی تریشەوە بەكارهێنانی كەمدەبێتەوە چونكە وڵاتە پیشەسازیە گەورەكان ڕوودەكەنە بەرهەمهێنانی هۆكارەكانی گواستنەوە كە بە كارەبا كاربكات لەجیاتی سووتەمەنی بەنزین و گازۆیل و ..هتد. و لەولاشەوە بەكارهێنانی غازی سروشتی دەبێتە جێگرەوەی نەوتی خاو لەبەر سیفاتە باشەكانی غازی سروشتی لە سووتان و نەبونی پاشەڕۆی پیسكەری ژینگە و نرخەكەشی هەرزانتر دەكەوێت.