لە کۆمەڵگای ماندووەوە بۆ کۆمەڵگای پەککەوتوو
2022-04-06 18:53:27
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
لەم کورتەنووسینەدا باس لە سێ جۆر مۆدێل لە کۆمەڵگا دەکەم کە ماندوێتیی تیایدا خەسڵەتی سەرەکیی پێکدەهێنێت. مۆدێڵی یەکەمیان ئەو مۆدێلەیە کۆمەڵگاکانی خۆرئاوا بەرهەمیان هێناوە کە گەشەسەندنی ئابووریی و کردەی ئیشکردن تیایداڕەهەندێکی پیرۆز وەردەگرێت، چونکە تەواوی کەسایەتی مرۆڤ بە کارەوە بەندە. مرۆڤی بێکار نە دەتوانێت وەک مرۆڤێکی خاوەن کار بژیی، نە دەتوانێت وەک مرۆڤێکی خاوەن کار مافی تەواوەتیی هەبێت. مرۆڤی سەردەم کۆیلەی کارە، نەک لەبەرئەوەی کارەکەی خۆشدەوێت، بەڵکو لەبەرئەوەی بەرزیی و نزمیی بوون و پێگە کۆمەڵایەتییەکەی پێوە بەندە. مرۆڤی مۆدێرن هەموو شتێکی زیاد لە پێویست هەیە، شمەک، زانیاریی، خواردن، ئازادیی هەڵاوێرد، خەونی زۆر، ئەوەی مرۆڤی سەردەم لێی بێبەرییە، خەوە، چونکە زۆر ماندووە. مرۆڤی مۆدێرن لەبەر ئیشی زۆر تووشی شترێس دەبێت و هەموو سترێسێکیش مانای فشارە بۆ سەر دەروون و عەقڵی، ئەم فشارە زۆرەش کە مرۆڤی سەردەم هەیەتی، تەنها ماندووی ناکات، بەڵکو تووشی جەڵدەی دەروونی دەکات. جەڵدەی دەروونیش لە شێوەی کەئابە و هایپەر ئەکتیڤیتی و "بێرن ئاوت"دا بەرجەستەدەبێت. ئەمانە هەمووی نەخۆشیی سەردەمن و دەرئەنجامی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتیی و پەیوەندیی کارەیە کە مرۆڤ تیایدا دەژیی. لە وڵاتێکی وەک ژاپۆن ناوێکی تایبەت داهێنراوە بۆ مردن لە ئەنجامی کاری زۆرەوە و پێیدەگوترێت کارۆشی "Karoshi". جەڵدەی مێشک و جەڵدەی دڵ دوو دیاردەی نوێی مردنن بەهۆی کاری زۆرەوە، چونکە سترێس هۆکارە سەرەکییەکەیەتی.
مۆدێلی دووەمیان کە ماندوێتی تیایدا خەسڵەتی پیرۆز وەردەگرێت، بریتییە لەو مۆدێلەی کە دەتوانین بە کۆمەڵگای ڕۆژوو ناودێڕیبکەین. لەم کۆمەڵگایانەدا عیبادەت، پیشەی سەرەکیی و پیرۆزی مرۆڤە، ئەم پیشەیە کاتی ئیشکردن و بەهاکەی بە پارە ناپێورێت، وەک پیشەی مۆدێرن، بەڵکو بە قووڵی و نزیکیی کەسی ئیماندار لە خوداوەندەکەیەوە دەپێورێت. مەبەست لە کۆمەڵگای ڕۆژوو ئەو مۆدێلەیە لە کۆمەڵگا کە توانای چالاکیی تاکەکان تیایدا دەچێتە نزمترین ئاستیی بەرهەمهێنان. واتە پشوودان و خەوتن دەبن بە دیارترین خەسڵەت و چالاکیی ئیمانداران. ئەم جۆرە کۆمەڵگایە بەرهەمی ماندووبوونە بۆ خودا نەک بۆ پارە، واتە مرۆڤ کاتێک نە نان دەخوات و نە ئاو دەخواتەوە، ناتوانێت هەمان ئەو ووزە و چالاکییە عەقڵیی و ئامادەگییە دەروونییەی هەبێت کە لە کاتی ئاساییدا هەیەتی. بۆیە ڕەمەزان مۆدێلێک لە کۆمەڵگا بەرهەمدەهێنێت کە لە ساڵێکدا لانی کەم بۆ مانگێک ماندووە و توانای بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریی دەزگا و تاکەکانی زۆر لاواز دەبێت و نزمدەبێتەوە. مرۆڤی ئیماندار ئەم ماندوێتیەی وەک پاداشتێک دەبینێت کە خودا لەو دونیا پێیدەبەخشێت. بێگومان ئەم فۆرمە لە کۆمەڵگای ماندوو هیچ هاوتاییەکی نییە لەگەڵ ئەو مۆدێلە لە کۆمەڵگای ماندوو کە لە خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی ئاسیادا دەیبینین.
کۆمەڵگای ماندوو ئەو چەمکەیە کە فەیلەسوفی کۆریای باشووریی - ئەڵمانیی، بیونگ - چول هان لە. دووتوێی کتێبێکی 72 لاپەڕەیی تاووتوێی دەکات. مەبەستی هان لە ماندووبوون ڕەتکردنەوەی چالاکیی و تەمەڵیی نییە، بەڵکو تەواو بەپێچەوانەوە لەبەر بوونی چالاکیی زیاد لەو سنوور و ووزەیەی کە مرۆڤ هەیەتی. هان باس لە دوو قۆناغ دەکات کە جەستەی کۆمەڵایەتیمان پەکدەخات. قۆناغی یەکەم قۆناغی پێش سەردەمی ئەنتیبیۆتیکا بوو، کاتێک بەکتریا لە دەرەوەڕا هێرشی دەکردە سەر جەستەمان و لە ماوەیەکی کورتدا پەکی دەخست و وێرانی دەکرد. بە دۆزینەوەی ئەنتیبیۆتیکا سەدەی بەکتریا و هێرشە دەرکییەکان کۆتاییان هات، واتە ئەنتیبیۆتیکا ئەو قەڵغانی بەرگرییە بوو کە ژیانی مرۆڤی بەشێوەیەکی جەوهەریی لە مردن پاراست و خستییە قۆناغ و ئاستێکی تری گەشەسەندن. قۆناغی دووەمیش قۆناغی کۆمەڵگای ئینجاز یان کۆمەڵگای بەرهەمە. بەبۆچونی هان مرۆڤی سەردەم لەبەردەم هەڕەشەی دەرەکییدا نییە، بەڵکو لەبەردەم هەڕەشەی ناوەکییدایە کە مرۆڤ خۆی بەرهەمهێنەرێتی. ئەو بە پێچەوانەی میشێل فوکۆوە بڕوای وایە کە سەردەمی بەندیخانە و سەربازخانە و خەستەخانە و دەسەڵاتی دیسپلینکەر لە ئێستادا گۆڕاوە بۆ تەلاری ئۆفیسی هەروڕبڕ و شوێنی وەرزش و جیم و مۆڵەکانی بازاڕکردن. ئەو بۆچوونی وایە کە مۆدێلە فوکۆییەکەی کۆمەڵگای دیسپلینکراو گۆڕاوە بۆ کۆمەڵگای ئینجاز، واتە کۆمەڵگای کاری بەردەوام و بەرهەمی بەردەوام و خزمەتگوزاری بەردەوام و فرۆشی بەردەوام و کڕینی بەردەوام و هتد. کۆمەڵگای ئینجاز مرۆڤی تەمەڵی ناوێت، بەڵکو مرۆڤێکی دەوێت هەمیشەئامادەی کاربێت و ئیشەکەی لە خێزان و منداڵەکەی لا خۆشەویستتر بێت و تەنانەت کۆتایی هەفتەش، کە کاتی پشوە، ئامادەی کار بێت. هان باس لە دروشمی "Yes, we can" دەکات کە لە چرکەی یەکەمدا مژدەبەخش و هیواهێنەرە، بەڵام دوایی دەردەکەوێت ئەوکەسەی نەتوانێت، ئەو کەسەی دواکەوێت و فریانەکەوێت، دەچێتە خانەی دۆڕاوەکانەوە. بۆئەوەی مرۆڤ وەک کارمەندێکی کارامەی بەردەوام بتوانێت زیاد لە پێویست کاربکات، دەبێت وەرزشبکات تاوەکو جەستەی خاونەبێتەوە و ماسولکەی بەهێز بێت و تەحەمولی هەموو فشارێک بکات.
مۆدێلی سێیەمی کۆمەڵگای ماندوو، ئەو فۆرمەیە لە ماندووبوون کە تاکەکان هیچ شتێکیان لا پیرۆز نامێنێت و چالاکیی و خزمەتگوزاریی و بەرهەمهێنان لە نزمترین ئاستی خۆیدایە و هەموو شتێک تیایدا پەکی کەوتووە. مرۆڤەکانی ئەم مۆدێلە لە کۆمەڵگای ماندوو، بەپلەی یەکەم ماندووی سیاسەتن. ماندووی سیاسەتن بەو مانایەی کە بروانەبوون بە حیزب و مژدەکانی هەڵبژاردن خەسڵەتی سەرەکیی پەیوەندیی نێوان تاک و سیاسەت پێکدەهێنێت. گەر تەماشایەکی پانۆرامایی کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان بکەین، دەبینین کۆمەڵگا لە هەموو سێکتەرەکاندا نەک ماندووە، بەڵکو پەکی کەوتووە. کۆمەڵگای ئێمە قۆناغی ماندووبوونی تێپەڕاندووە چووەتە قۆناغی پەککەوتنەوە. هەروەک چۆن پەککەوتن لە بواری کارکردندا دەشێت توشی خەمۆکێ، کەئابە و بێرن ئاوتت بکات، ئاوهاش ماندووبوونی تەواوەتیی کۆی جومگەکانی کۆمەڵگا توشی شەلی گشتیی دەکات. لەم مۆدێلەی کۆمەڵگای ئێمەدا کەس بە کاری خۆی هەڵناسێت، چونکە موچە نییە، کەس رێز لە کارەکەی ناگرێت، چونکە دەسەڵات رێز لە کات و هێز و ووزەی کارمەند و فەرمانبەران و دکتۆر و مامۆستایان و هتد ناگرێت. کەس پارەی ئاووکارەبا نادات، چونکە حکومەت موچەی خەڵک دەخوات. خەڵک دەزانێت کە بایکۆت و خۆپیشاندان نرخێکی نەماوە، چونکە بۆ حکومەت و دەسەڵاتێک کە تەنها لەسەر فرۆشی نەوت ئابووریی نیشتیمانیی پایەدارکردووە، هیچ بەهایەکی نییە. رێساکانی هاموشۆ سەرپێچییان بەرامبەر دەکرێت، چونکە هیچ منداڵێکی خێزانە سوڵتانییەکان ڕێز بۆ هیچ یاسا و رێسایەک دانانێت. هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بووە بە زبڵخانەیەکی گەورە هەم بە ماناواقیعییەکەی و هەم بە مانا ئەخلاقییەکەی. بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لە کردەیەکی ڕەخنەگرانەوە گۆڕاوە بۆ ماندووبوون و تاقەت نەمان لە دەموچاوی سیاسەتمەدار و حیزبەکانیان. چەمکی ماندووبوون لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە ماندووبوونە دەرەکییەکانەوە، لەوێنەی جەنگ و ئەنفال و دەربەدەریی و ئاوارەبوونەوە، گۆڕاوە بۆ ماندووونێکی ناوەکیی، لەوێنەی گەندەڵیی و چەتەیی و بێڕێزیی و یاساشکێنی و لاموبالاتێکی گشتگیر.