ئاوات شێخ جەناب رازی نەبووە بگەڕێتەوە
2022-04-06 18:19:13
(درەو):
ئاوات شێخ جەناب ناگەڕێتەوە، بەمەرجی ئەوەی گۆڕان لە پرسی ھەڵبژاردندا پشتیوانی پارتی بکات، مەسرور بارزانی قایل بووە وەزارەتی دارایی بداتەوە بە گۆڕان.
وەفدی پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان دوور لە چاوی کامێراکان لە ھۆڵی (سەعد عەبدوڵا) لە ھەولێر کۆبونەوە.
ئەم کۆبونەوەیە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بوو لەسەر پشکی گۆڕان، کە ماوەی زیاتر لە مانگێکە نیگەرانەو نەچوەتەوە بۆ وەزارەتەکەی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی کە بەشداربووە لە کۆبونەوەکدا، رەتکردوەتەوە بگەڕێتەوە بۆسەر کارەکەی لە وەزارەتی دارایی.
(درەو) زانیویەتی، وەفدی گۆڕان کە لە مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی ھەرێم و دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە پێکھاتوون، داوایان کردووە بزوتنەوەی گۆڕان شوێنەکەی ئاوات شێخ جەناب بە کەسێکی تر پڕ بکاتەوە، بەڵام مەسرور بارزانی رەتکردوەتەوە ئەو پۆستە بە گۆڕان بداتەوە.
مستەفا سەید قادرو دانا عەبدولکەریم دواجار بە دوو بەڵێن مەسرور بارزانییان قایلکردووە پۆستی وەزارەتی دارایی بداتەوە بە بزوتنەوەی گۆڕان:
* بزوتنەوەی گۆڕان لە پرسی ھەڵبژاردن و یاسای ھەڵبژاردندا کە ئێستا لەنێوان پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی تردا مشتومڕی لەسەرە، پشتیوانی لە ھەڵوێستی پارتی بکات.
* میدیای بزوتنەوەی چارەسەر بکرێت و گۆڕان لە میدیاکەیەوە پشتیوانی لە حکومەت بکات و ئەو "ھەڵانەی بەمدواییە لە میدیای گۆڕان بەرامبەر بە حکومەت کراوە، چارەسەر بکرێن و دووبارە نەبنەوە".
بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، لەبەرامبەر ئەم دوو بەڵێنەی وەفدەکەی بزوتنەوەی گۆڕان، مەسرور بارزانی قایل بووە بەوەی دوای ئاوات شێخ جەناب، پۆستی وەزارەتی دارایی بداتەوە بە کەسێک لە بزوتنەوەی گۆڕان، بەمەرجێک کاندیدەکە بە رەزامەندی خۆی دابنرێت.
لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ھۆڵی (سەعد عەبدوڵا)دا، لە لایەنی پارتی ھەریەکە لە (مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، پشتیوان سادق سەرۆکی تیمی پارتی لە حکومەت، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران) بەشداربوون، وەفدەکەی گۆڕانیش پێکھاتوون لە (مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی ھەرێم، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە).