مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) یەکێک لە دەرکەوتە ھەرە سەرەکییەکانی گوتاری سیاسیی و دینیی و ئەخلاقیی بەشێکی گەورەی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی و چالاکەوانە دینییەکان، بریتییە لە بەکەم تەمشاکردنی ژنان و وێناکردنیان وەک بوونەوەرێکی نووقسان. لە ڕێگای ئەم وێناکردنە تایبەتەشەوە گەشە بە ویستێکی بەھێزی باڵادەستبوون و کۆنترۆڵکردنێکی تەواوەتی ژیانی ژنان، دەدەن. ئەم کۆنترۆڵکردنە دەتوانێت تا ئاستی لەدایکبوونی ویستی ئازاردنی مێینە، ویستی شاردنەوە و داپۆشینی، ویستی بێدەنگکردن و سەندنەوەی زمان لێی، ویستی سنووردارکردنی جوڵە و ھەڵسوکەوتەکانی، ویستی ڕێگرتن لە خوێندن و فێربوون و ئیشکردنیان، بڕوات. سەد ساڵێک لەمەوبەر حەسەن بەنا، دامەزرێنەری بزاوتی ئیخوانی موسلیمین، بڕێکی بەرچاوی ئەم ویستانەی لەناو ئەو پارتە سیاسیی و ئەو ئایدیۆلۆژیا دینییەدا بەرجەستەکرد کە لە میسردا دروستیکردن. ڕێکخراوەکەی حەسەن بەنا بونیادێکی پاتریاریکی پیاوسالارانەی ھەبوو، بە دەگمەن نەبێت ژنێک ڕێی نەکەوتۆتە ناو پێگە گرنگەکانی ڕێکخراوەکەوە. حەسەن بەنا باوەڕیشی وابوو کچان دەتوانن بخوێنن، بەڵام بۆیان نییە یاسا، زمانە بیانییەکان و بەشە تەکنۆلۆژییەکان بخوێنن. ھەروەھا باوەڕی تەواوی بە فرەژنیی و باڵادەستی پیاو بەسەر ژندا ھەبوو، تەنھا پیاویشی بە خاوەنی مافی جیابوونەوە و تەڵاقدان، دەزانیی. لە دابەشکردنی ویراسەتیشدا بەرگریی لە نایەکسانییانە دەکرد، کە شەریعەت بەسەر ژناندا سەپاندویەتی. بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو ئیسلامییەکان بە دەگمەن نەبێت شتێکی ئەوتۆیان لەم گوتارە دژە ژن و لەم وێناکردنە کەمنرخێنەرەی ژنان، نەگۆڕیوە. لە ئێستاشدا و لەگەڵ بەھێزبوونی بزاوتە سەلەفییەکاندا، بەشێکی گەورەی دین و دینداریی بەسەلەفی بووە و بەشێکی گەورەی باڵەکانی ئیسلامی سیاسیش ڕوویان لە بەسەلەفیبوونە. لەم دۆخە تازەیەدا گوتاری دژە ژن بەھێزتر و ھەمەلایەنتر و پەڕگیرتربووە. لەشی ژنان خۆیشیان، بە لەشی کچانی کەم تەمەن و منداڵیشەوە، بووە بە سەرزەمینی ڕەمزیی ئیشکردن و ململانێی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی. لەم چەند ساڵەی دواییدا و بەبەردەمی کامێراکانەوە، بە تەکنیکێکی خۆنمایشکەری شانۆییەوە، لەناو چەندان ھۆڵی گەورەدا، وەک ”زەی موەحد“ی سیستمە تۆتالیتارەکان، ”حیجابی موەحەد“یان کردۆتە سەری ھەزارەھا منداڵ. ئەم کارەشیان بەناوی ”ھەڵبژاردنی ئازادیی“ ئەو منداڵانەوە بە کۆمەڵگا و بەڕەخنەگرەکانیان، فرۆشتوە. دەرکەوتێکی ئەم دۆخە تازەیەی بەسەلەفیبوونی دین و دینداریی، لە قسە و باسی ئەو گوتاربێژ و بانگخوازە دینییانەدا بەرجەستەیە، کە ئامادەگییەکی بەرچاویان لەناو ڕووبەری گشتیی کۆمەڵگاکەدا ھەیە، لەوانەش، بۆ نموونە، قسەکانی دکتۆر عەبدولواحید سەبارەت بە ناردنەوەی ژنانی ئیشکەر بۆ ماڵەوە و دانانی گەنجان لە شوێنەکانیان، بێگومان دانانی گەنجانی کوڕ لە شوێنیان. بەر لە ھەمووشتێک دکتۆر عەبدولواحید خاوەنی جورئەت و خاوەنی عەقڵیەتێکە ژنان وەک بوونەوەری بێبڕیار و بێخواست و بێئیرادە وێنادەکات، کەی پیاوێکی وەک ئەو ویستی، بێگومان بە ھاریکاریی چەندان پیاوی تری ھاوشێوەی خۆی، بڕیاری ئەوەبدەن ژنان وەک ڕانەمەڕ و بە کۆمەڵ بنێرنەوە ماڵەکانی خۆیان. با واز لەم لایەنە ناشیرین و پیاوسالارە بیمارەی مەسەلەکە بھێنین و سەیری ئەو تێگەیشتنە بۆ دین بکەین، کە لەپشتی ئەم جۆرە مامەڵەکردنەی ژنانەوەیە وەک ئاژەڵێکی بێئیرادە کە پیاوان چۆنیان ویست بەوجۆرە ئاراستەیان، بکەن. لەم ڕوانینەدا دین بەر لە ھەموو شتێک لەوە کەوتوە ھێزی دەوڵەمەندکردنی ژیانی باوەڕداران و ھێزی کرانەوەیان بێت بەسەر جیاوازیی و ئاڵۆزییەکانی جیھاندا، لەوە کەوتوە باوەشکردنێکی بەڕەحمانەبێت بەیەکتردا، یاخود ھێزێک بێت بە مرۆڤی باوەڕدار ڕەھەندێکی ڕۆحی ببەخشێت و بیکاتە بوونەوەرێکی ناسک و خاوەن ویژدان. لەم دۆخەدا دین گۆڕاوە بۆ ئیرادەیەکی سادیستیی ئازاربەخش کە لەسەر ئازاردانی ئەو ژینگەیە کاردەکات کە لەناویدا ئامادەیە. دیندارەکانیش دەگۆڕێت بۆ کەسایەتییەکی سادیستی کە چێژ لە ئازاردانی کەسانی دەوروبەریان ببینن. ئەم ئیرادە دینییە تازەیە، کە ئیرادەیەکە ڕەگەکانی لەناو سەلەفیەتی وەھابیدایە، بە زمانی ئیھانەکردنێکی ڕۆژانە و بەردەوامی ژنانەوە ئەدوێت. زمانێکی دینیی کە ھێرشبردنە سەر ئافرەت و تەوھین پێکردن و ئازاردانیان، بەشێکە لە ڕێزمان و جەبرەکانی ئیشکردن و دەرکەوتنی ئەو زمانە. بێگومان ڕقبوونەوە لە ژن و ویستی ئازاردانی مێینە، ئاکارێکی سایکۆلۆژیی سروشتی نییە لەناو پیاودا ئامادەبێت، جەوھەرێک نییە بەدرێژایی مێژوو لەگەڵمانادا ھاتبێت، شتێکیش نییە بە جەوھەری گریمانکراوی پیاوبوونەوە گرێبدرێت، بەڵکو بەرەمێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگییە و بەخواست و ئیرادەی کۆمەڵێک ھێزی کۆمەڵایەتییە گرێدراوە. بە بۆچوونی من ئەم ڕق و ترسە بەربڵاوەی ئەمڕۆکە لە ژنان ئامادەیە، ئەم فۆبیایە لە ئامادەگیی ژن لەناو ژیانی کۆمەڵایەتیدا، دیاردەیەکی تازەیە، بەشێک نییە لە پەیوەندییەکی کولتوریی و مێژوویی کۆن. لە پەنجاکان و شەستەکان و ھەفتاکان و ھەشتاکاندا ئەمجۆرە پەلاماردانەی ژن و ئەم مۆدێلە لە گوتاربێژ و بانگخوازیی دینیی بوونیان نەبوو، ھەشیانبووبێت بوونێکی تەواو سنووردار و پەراوێزیان ھەبووە. ئەوەی ئەمڕۆ ئامادەیە دیاردەیەکی تازەیە و پەیوەندیی بە دیاردەی بەسەلەفیبوونی دینەوە ھەیە لەناوچەکەدا. سەلەفیبوونێک لە پشتییەوە پیترۆ دۆلاری سعودیی و وڵاتانی خەلیج لە شەست ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵێکی سەرەکیی و بنەڕەتیان تێدابینیوە. بە کەمتر سەیرکردن و نرخاندنی ژنان، وێناکردنیان وەک بوونەوەری کەمتر و نزمتر لە پیاو، دیاردەیەکە ئەمڕۆکە بەرگریلێکەرانی چیتر نایشارنەوە، بۆ بەڵگە و سەلماندانی ئەو بەکەم زانینە بۆ کتێبە پیرۆزەکان دەگەڕێنەوە و خودا خۆیشی دەکەن بە دروستکەری ئەم ناھەقیی و ناماقوڵییە گەورەیە. دانانی سەرچاوەکانی ئەم ڕقە بەرامبەر بە ژن لەناو ئیرادەی خودا و کتێبە پیرۆزەکانیدا، ئەو دۆخەی خولقاندوە ڕقی ئەم پیاوانە لە ژن چیتر دیاردەیەکی شاراوە و ژێربەژێر نەبێت، بەڵکو دیاردەی ناو سێنتەری بیرکردنەوەی دینیی خۆی و ناو سێنتەری چالاکیی چەندان بانگخواز و گوتاربێژ و خوێندەواریی دینیی و نیمچەدینیی، بێت. وەک بەشێکی سەرەکیش لە گوتاری ئیسلامی سیاسیی ئامادەبێت و کاربکات. ئەم بەکەمتر سەیرکردن و نرخاندنەی ژنان بەناو شادەدەماری زیاد لە ھێزکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیدا دەگەڕێت و ڕۆژانە بەشێوازی جیاواز کۆمەڵگای ئێمە، بە تایبەتی ژنان، بە تایبەتیتریش ژنانی ئیشکەر و چالاک و خاوەن زمان، ڕوویان بە ڕوویدا دەتەقێتەوە. ئەم لەشکرە لە بانگخواز و وتاربێژی سەلەفیی دینیی، باوەڕیان وایە ئیشی سەرەکیی یاسا و بەھا و نۆرمە کولتورییەکان ئەوەیە پێگەی ژنان بەنزمی بھێڵنەوە و وا لەژنان بکەن بڕیارە سەرەکییەکانی ژیانی خۆیان لە دەستی خۆیاندا نەبێت، نەتوانن بەشداربن لەو بڕیارانەدا کە بێدەربەستانە کەسانی وەک دکتۆر عەبدولواحید دەربارەی ژیان و بوونی ئەوان، ئەیدەن. ئەم لەشکرە سەلەفییە دەیانەوێت ژنان گوێگرێکی ئیفلیجیی ئەو بڕیارانە بن کە ئەوان وەک پیاو، پیاوی دینیی سەلەفیی، دەریدەکەن. دەیانەوێت ژنان ھێز و توانا و ئیرادەی وەڵامدانەوە و بەگژاچوونەوەیان نەبێت. ژنان قوڕێکبن ئەوان چۆنیان بوێت بەوشێوەیە بیشێلن. ئەم مۆدێلە لە پیاوی دینیی سەلەفیی کە خۆیان بە نوێنەر و قسەکەری ژمارە یەکی خودا دەزانن، کەس بۆ نییە قسە لە قسەیاندا بکات، چجای ژن کە لای ئەوان بوونەوەرێکی کەمنرخ و نووقسان و گەمژەیە. ئەم جۆرە لە دینداریی و ئەم مۆدێلە لە بانگخوازیی دینیی نەک تەنھا خەریکی دروستکردنی ئێستایەکی نائیسنانی ناشیرین و تەواو دواکەوتون، بەڵکو دەیانەوێت ئەو دەسکەوتانەش بسڕنەوە کە لە قۆناغەکانی پێشتردا بەدەستھێنراون. ژنان کە ساڵانێکی درێژە مافی ئیشکردنیان بەدەستھێناوە، ئێستا دکتۆر عەبدولواحید و ھاوشێوەکانی دەیانەوێت ئەو مافەیان لێبسێننەوە. ئەمانە تەنھا ئەمڕۆ و سبەینێ وێران ناکەن، بەڵام ڕابردووش وێراندەکەن.
(درەو): (دیدار) شوێنی (کۆنگرە) دەگرێتەوەو بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی لە "ھاوسەرۆک"ەوە دەکات بە "سەرۆک"ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. سبەینێ (دیداری یەکێتی) لە ھۆڵی پێشمەرگە لە شاری سلێمانی دەستپێدەکات، ئەم دیدارە ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، دوایین رۆژی ئەم دیدارە دەکەوێتە ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتی. ئەم دیدارە کە کۆتا بەشی زنجیرەیەک دیداری تری یەکێتییە لە ناوچە جیاجیاکان، لەسەر پێشنیازی قوباد تاڵەبانی رێکخراوەو بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، لە سبەینێوەو لەگەڵ دەستپێكی دیدارەكەدا بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی لە "ھاوسەرۆک"ەوە دەکرێت بە " سەرۆک"ی یەکێتی نیشتمانی و میدیای فەرمی یەکێتی لێرە بەدواوە لەپاڵ ناوی بافڵ تاڵەبانیدا وشەی سەرۆک دەنوسێت. لەدوای رووداوەکانی ٨ی تەموزی رابردووی یەکێتییەوە کە ناکۆکیی نێوان ھەردوو ھاوسەرۆکەکە (بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگیی) تەقییەوە، یەکێتی لەڕووی فەرمییەوە سەری نەماوە، ھەرچەند بافڵ تاڵەبانی جڵەوەی حزبەکەی لەدەستی خۆیدا توند کردووە، بەڵام بە فەرمی ھیچ ناونیشانێکی حزبی لەگەڵ ناوی خۆیدا بەکارناھێنێت و ناونیشانی "ھاوسەرۆک"شی لەخۆی کردوەتەوە. سیستمی ھاوسەرۆکایەتی، لەناو سەرکردایەتی ھەڵبژێرداوی دوای کۆنگرەی چواری یەکێتیدا بڕیاری لەسەر درا، بۆیە ئێستا ماڵباتی تاڵەبانی دەیانەوێت لە دەرەوەی کۆنگرەو لەچوارچێوەی دیدارێکدا ھەڵیوەشێننەوە. بەپێی ئەوەی سەرچاوەکان لەناو یەکێتییەوە باسی دەکەن، لە دیداری یەکێتیدا نزیکەی (٤ ھەزار) ئەندام بەشداری دەکەن، کۆکردنەوەی ئەم خەڵکە زۆرە رەنگە بۆ نیشاندانی ئەوە بێت بڕیارەکانی ناو دیداری یەکێتی قورسایی بڕیاری کۆنگرەیان ھەیەو دەبێت ھەمووان پێوەی پابەند بن. قوباد تاڵەبانیی کە خاوەنی بیرۆکەی (دیداری یەکێتی)یە، لەسەرەتاوە باسی لەوە دەکرد ئەم دیدارە بۆ دیاریکردنی ئاڕاستەو سیاسەتی گشتیی یەکێتییە، بەڵام ئێستا دیدارەکە بە ئاڕاستەی گۆڕانکاری ئیداریی لەناوخۆی حزبەکەدا دەڕوات، لەسەروو ھەمووشیانەوە جێگیرکردنی بافڵ تاڵەبانیی وەکو سەرۆکی یەکێتی. بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی دیداری یەکێتیدا بافڵ تاڵەبانی وتارێک دەخوێنێتەوەو دەیەوێت لەم وتارەدا بە وردی باسی کێشەکانی یەکێتی و دەرەنجامەکانی بکات.
راپۆرت: درەو هەڕەشەی پارچە پارچەكردنی ئەو كەسانەی كرد كە گەندەڵن، بەڵام لەبەردەم سێ ژنی نزیك لە بنەماڵەی بارزانیدا بە چۆكدا هات، ئەو كەمال ئەتروشییە، ئەو پیاوەی وتی "خۆم نەوت دەبەم بۆ گوندەكان" بەلام لەسەردەمی ئەودا خەڵك لەسەرما رەقبووەوە، باسی چارەسەری كێشەی بەنزینی كردو لەسەردەمی ئەودا بەنزین بەرزترین نرخی تۆماركرد، كەمال ئەتروشی بەهۆی نەخۆشییەوە دەستی لەكاركێشایەوە یان نیگەرانە ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. نەخۆشە یان نیگەرانە ؟ راگەیاندراوی نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی كەمال ئەتروشی بۆ بارودۆخی تەندروستی وەزیر دەگەڕێنێتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی وەزیر پەیوەندی بە دەستوەردانی لە كاروباری وەزارەتەكەی هەیە، بەتایبەتیش دەستڕۆیشتوویی دكتۆرە (رانیا مەجید) یاریدەدەری مەسرور بارزانی بۆ كاروباری ئابوری لە كاروباری وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دكتۆرە (رانیا) جگە لەوەی یاریدەدەری مەسرور بارزانییە بۆ كاروباری ئابوری، ماوەی ساڵێكە بەهۆی بلۆككردنی ئاشتی هەورامیی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، كاروبارەكانی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری (وزە)ش بەڕێوە دەبات، واتە لەیەك كاتدا یاریدەدەرە بۆ كاروباری ئابوریو هەم یاریدەدەرە بۆ كاروباری وزە. (درەو) زانیویەتی، بەشێكی تری نیگەرانییەكانی كەمال ئەتروشیو دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پەیوەندی بە دەستوەردانی بێسنوری ژنێكی ترەوە هەیە بەناوی (دكتۆرە غەزالە)، ئەم ژنە بەڕێوەبەری گشتی گرێبەستو كۆمپانیاكانە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان. دكتۆرە رانیاو دكتۆرە غەزالە هەردووكیان دوو كەسی زۆر نزیكن لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە. ئەتروشی كە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی وەرگرت، یەكەم بەڵێنی ئەوە بوو پەیكەری وەزارەتەكە بگۆڕێت، وەكو خۆی دەیوت "دەیەوێت پەیكەرێك بۆ وەزارەتەكەی دروست بكات كە نێودەوڵەتی بێت"، بەڵام نەیتوانی ئەمە بكات، پەیكەرەكەی سەرۆكی حكومەت لەناو وەزارەتدا بەهێزتر بوو. كۆتاییەكانی 2021 كەمال ئەتروشی بۆ ماوەیەك وەزارەتەكەی بەجهێشت، ئەوكاتیش دەنگۆی دەستلەكاركێشانەوەی بڵاوبووەوە، بەڵام دواتر رەتیكردەوەو وتی بۆ وەگرتنی چارەسەر چوەتە دەرەوەی وڵات. نەوتی هەرێم لەدەستی سێ ژندا پێش دەستلەكاركێشانەوەی كەمال ئەتروشیو دوای دەستلەكاركێشانەوەشی، دۆسیەی نەوتی هەرێم لەدەستی سێ ژندایە كە هەرسێكیان كەسانی نزیكی بنەماڵەی بارزانین. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كە سێبەری مەسرور بارزانییە لەناو حكومەتدا، بەرپرسی هێنانەوەی پارەی داهاتی نەوتی هەرێمە لە (سیتی بانك)ی ئەمریكاوە بۆ بانكی (میسر) لە دوبەی، دوای هێنانەوەی پارەكە بۆ كوردستان، داهاتی نەوت دەچێتە (RT) بانك، بەڕێوەبەری ئەم بانكە ژنێكە بەناوی (همێلە عەبدولستار گەردی)، لای ئەم ژنەوە پارەی نەوت رەوانەی بانكی (منارە) دەكرێت بۆ خەرجی موچە. (همێلە گەردی) لەگەڵ (دكتۆرە رانیا مەجید)و (دكتۆرە غەزالە) وەكو سێ ژنی نزیك لە بنەماڵەی بارزانی، جڵەوی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستانو داهاتەكانیان بەدەستەوەیەو لەسەردەمی مەسرور بارزانیدا هیچ وەزیرێكی نەوت ناتوانێت تەجاوزی دەسەڵاتی ئەم سێ ژنە بكات. هەڕەشەی بەغداو چۆڵبوونی وەزارەت ! دوای نزیكەی ساڵو نیوێك لە دەستبەكاربوونی، كەمال ئەتروشی دووەم وەزیری سامانە سروشتییەكان لە مێژووی هەرێمی كوردستان دەستی لەكاركێشایەوە. وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە كابینەی نۆیەمدا هەر لەسەرەتاوە بە قەیران دەستیپێكرد، ئەم وەزارەتە دوای ساڵو نیوێك لە دەستبەكاربوونی حكومەت پڕكرایەوە. بەر لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە تەموزی 2019دا، گۆڕانكارییەك لەناو بنەماڵەی بارزانیدا رویدا، مەسعود بارزانی كە خۆی دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵگرتبوو پۆستی سەرۆكی هەرێمی دا بە نێچیرڤان بارزانی برازای، لەبەرامبەر ئەمەدا نێچیرڤان بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی حكومەت بوو بۆ مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی مامی، مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربونیدا ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دورخستەوە، ئاشتی نزیك بوو لە نێچیرڤان بارزانییەوە، ماوەی زیاتر لە 14 ساڵ لەگەڵ ئەودا كاری كردبوو، بەمە مەسرور بارزانی ویستی سەرچاوەی دارایی نێچیرڤان بارزانی لە نەوتی هەرێمدا وشك بكاتو خۆی جڵەوی دۆسیەكە بگرێتە دەست. پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لەكاتێكدا چۆڵ دەبێت لە 15ی شوباتی ئەمساڵدا دوای (10) ساڵ چاوەڕوانیی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی یاسایی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوە، دادگای فیدراڵی یاسای نەوتو غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو داوای كرد هەرێم نەوتو غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات. ئێستا كە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان چۆڵ بووەو مەسرور بارزانی بە وەكالەت كاروباری وەزارەتەكەی داوەتە دەست (كەمال محەمەد)ی وەزیری كارەبا، وەزارەتی نەوت دوو هەنگاوی بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر هەرێم هەڵگرتووە، لە هەنگاوی یەكەمدا نامەی بۆ كۆمپانیاكانی نەوتو غاز لە هەرێم ناردووەو داوایان لێدەكات بێنە پێشەوە بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق، لە هەنگاوی دووەمیشدا باڵیۆزی توركیای بانگهێشت كردووەو داوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی لێكردووە. لە ئاشتی هەورامییەوە بۆ كەمال ئەتروشی رۆژی 6ی كانونی دووەمی 2021 وەكو دووەمین وەزیری سامانە سروشتییەكان لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، كەمال ئەتروشی لە پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد. بەم سوێندخواردنە، كەمال ئەتروشی كۆتایی بە ماوەی زیاتر لە (14) ساڵ دەستڕۆیشتویی (ئاشتی هەورامی) هێنا بەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە، وەزیرێك كە وەزارەتی نەبوو، دۆسیەی نەوتو غازی كوردستان لەناو (جانتا)كەیدا هەڵگرتبوو، لە لەندەنەوە مامەڵەی بە سامانی سروشتی كوردستانەوە دەكرد. ئەتروشی كە مەسرور بارزانی كاندیدی كردو مەسعود بارزانی پاڵپشتی لێدەكرد، ساڵی 1955 لەدایكبووە، 1975 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی جیۆلۆجیای لە كۆلیژی زانستەكانی زانكۆی بەغداد بەدەستهێناوە، دوای تەواوكردنی خوێندن دەستی بەكاركردن كردووە لە بواری (جیۆفیزیا)دا، تاوەكو 1985 كاری بۆ كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق كردووە. چوەتە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن، ساڵی 1987 خوێندنی باڵای لەزانكۆی (بۆردۆ)ی فەڕەنسا تەواوكردووەو بڕوانامەی ماستەری لەبواری (جیۆفیزیای دۆزینەوەی نەوت)دا بەدەستهێناوە، لە هەمان زانكۆ ساڵی 1991 بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری (جیۆفیزیای نەوت- دۆزینەوەو بەرهەمهێنان)دا بەدەستهێناوە. دوای تەواوكردنی خوێندنی دكتۆرا، كەمال ئەتروشی لە پەیمانگەی فەڕەنسی بۆ نەوت دەستی بە كاری توێژینەوە كردووە، شارەزایی (35 ساڵ)ی لە بواری جیۆفیزیای نەوتدا هەیە، لەگەڵ چەندین دامەزراوەو كۆمپانیای گەورەدا كاریكردووە، لەوانە: • كۆمپانیاكانی (Elf)ی فەڕەنسی • ئاژانسی نێودەوڵەتی كەنەدا • توێژەرو وانەبێژ لە زانكۆكانی (مكگیل)و (كارلتۆن)ی كەنەدی • كۆمپانیای نەوتی كوەیت (KOC) بۆ دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت • كۆمپانیای (پترۆناس)ی مالیزی • كۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەڕەنسی بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كەمال ئەتروشی دوای دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، رووی لە كوەیت كردووەو لەگەڵ خێزانەكەیدا لە كوەیت دەژی. ئێستا كە ئیتر كەمال ئەتروشی پۆستەكەی بەجێهێشتووە، خەڵكی هەرێمی كوردستان تەنیا دوو یادگاری ئەوی بۆ بەجێماوە، یادگاریی یەكەم كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا زۆر بڵاوبووەوە قسەیەكی ئەو بوو كە وتی" ئەوەی گەندەڵی دەكاتن نە شەرەفی هەیە نە ناموسی هەیە نە عەسڵی هەیە نە ئەخلاقی هەیە.. بە حەققی خوای.. رب العالمین.. ئەوەی بگرم موەزەفی من بیتن، بیانی بیتن یان چاوشین بیتن سەد پارچەی دەكەم". قسەیەكی تری كەمال ئەتروشی لەو ماوەی كە وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو جێگای سەرەنجی رایگشتی بوو، ئەویش ئەو قسەیە بوو كە وتی خۆم دەچمە ناو گوندەكان لە ناوچە شاخاوییەكانو نەوتی سپی دابەش دەكەم، بەڵام لەسەردەمی ئەودا خێزانێك لەسەرمادا بەهۆی بەكارهێنانی دار بۆ خۆگەرمكردنەوە، بەهۆی غازەوە گیانیان لەدەستدا. ئەتروشی بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی بەنزینی دا، بەڵام ئەم بەڵێنەشی بەجێ نەگەیاندو نرخی بەنزین لەسەردەمی ئەودا نرخی بەنزین بەرزترین ئاستی تۆماركردو تائێستاش بەردەوامە.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) یەکێک لە کتێبە هەرە گرنگەکانی ناو فیکری سیاسیی بریتییە لە کتێبەکەی ماکیاڤێلی کە پاش مردنی لە ساڵی ١٥٣٢دا بەناوی (میر)ەوە چاپکراوە و بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە بە یەکێک لە بچووکترین کتێبە فیکرییەکانی دونیا دەژمێردرێت کە گەورەترین کاریگەریی لەسەر تیۆریی سیاسیی و فەلسەفەی دەوڵەتدارییدا بەجێهێستووە. گرنگیی ئەم کتێبە لە ڕاوێژەکانی ئەم بیرمەندەدایە بۆ میر، لەکاتێکدا ئیتاڵیای ئەو سەردەم دابەشبووی نێوان چەندین ئەمارەت و دەسەڵاتدارێتیی ناوچەیی و لۆکاڵیی بوو و لەناو زۆنی شەڕ و ململانێی چەکداریی و خیانەت و درۆ و فێلی سیاسیی نقوم و نغرۆ بووبوو. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم کتێبە بریتییە لە تەکنیکی حوکمڕانیکردنی گەلان لەلایەن میرەکانیانەوە. نەخشەی ئەم هەندەسە سیاسییەش لە شیکاری پەیوەندی نێوان ئەخلاق و دین و سیاسەتدا دەبینرێت کە ماکیاڤێلی بۆ کردەی سیاسەتی کێشاوە. ماکیاڤێلی بە دامەزرێنەری فیکری مۆدێرنی سیاسیی و سیاسەت وەک زانست دەژمێردرێت، چونکە بڕوای وایە کە سیاسەت نە پەیوەندی بە دینەوە هەیە و نە بە ئەخلاق، بەڵکو کایەیەکی سەربەخۆیە بۆ خۆی. ئەو دەڵێت کاری میر نییە پەیوەندی خۆی بە گەلەکەیەوە بە پرسی ئەخلاق و زوڵم و خێر و شەر باربکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە میر دەتوانێت لەبری فەزیڵەت زەریڵەت پەیڕەوە بکات و لەبری خۆشەویستیی توندوتیژیی پیادەبکات و هەموو کەرەسەیەکیش بەکاربهێنێت بۆئەوەی پاساو بەو ئامانجە بدات کە پاراستن و بنجبەستکردنی پێگە و دەسەڵاتی میرە. ماکیاڤێلی ڕای وایە باشترین شتێک میر بیکات بریتییە لەوەی وا لە خەڵکی وڵاتەکەی بکات میرەکەیان هەم خۆشبوێت و هەم لێشی بترسن. گەر لە حاڵەتێکیشدا پێوسیتی کرد دەستبەرداری یەکێکیان بێت، باشترە دەستبەرداری خۆشەویستیی بێت. بەمانایەکی تر ماکیاڤێلی بۆچوونی وایە کە رەهەندی ترس کۆڵەکەیەکی گرنگی حوکمڕانییکردنە، نەک خۆشەویستیی. خۆشەویستیی دەڕوا و تێپەڕە، دەسەڵات بۆماوەیە و دەمێنێتەوە. لەدیدی ئەودا نەرمیی و دڵنەرمیی دوو خەسڵەتی مرۆیین کە دەوڵەت بەرەو فەوزا و وونبوونی نیزام دەبات، بەپێچەوانەشەوە دڵڕەقیی و توندیی دەتوانێت نیزام و ئاساییشی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بپارێزێت. لە سەدەی شانزەوە ماکیاڤێلی پێماندەڵێت ئیتالیای پارچەپارچەبوو پێوستیی بەوەیە یەکبگرێت و دەوڵەتی سەربەخۆ و سەروەری نەتەوەیی خۆی دروستبکات. بۆ ئەم مەبەستەش بۆچوونی وایە ئەو میرنشینانەی کە بە پشتیوانی چەکداری بەکرێگیراوی بێگانە و مورتەزەقە دەسەڵاتدارێتیی خۆیان دەپارێزن دواڕۆژیان تاریکە. بەپێچەوانەوە ماکیاڤێلی دەڵێت میر پێویستی بە دوو شتە یەکەمیان بە لەشکرێکی نیشتیمانییە، دووەمیشیان بە متمانە و خۆشەویستیی گەلە. گەر هەر میرێک بە پشتیوانی بێگانە تەمەنی سیاسیی خۆی درێژکردەوە، تەمەنی دەسەڵاتدارێتییەکەی درێژ نابێت، چونکە متمانە بە چەکدارگەلکێک ناکرێت وڵاتێک بپارێزێت کە بە هەم بێگانە بن و هەم بە پارە جەنگت بۆ بگێڕن. ماکیاڤێلی ڕاوێژی میر دەکات کە لەپاڵ چەکی باش و قەڵای باش، ئابوورییەکی باشی هەبێت کە بۆ ئەو سەردەم مانای ئەمارکردنی خواردن و دابینکردنی ئاو بووە لە کاتی جەنگ و ئابڵوقەدانی شارەکاندا. هەر بۆیە ئەو میرانە ئەو جەنگانەیان بردۆتەوە کە یەکەم چەکی باش و لەشکری نیشتیمانییان هەبووە کە متمانەیان پێکردوون، دووەم خەڵکەکە پشتیوانی میرەکانیان بوون لەکاتی هەڕەشە و جەنگدا، سێیەمیش ئازوقەی باشیان هەبووبێت، بۆئەوەی تاوەکو ساڵێک برسیی و توێنیی نەبن. بەکورتیی، بە بۆچوونی ماکیاڤێلی میر خۆی لە هەڕەشە دەرەکییەکان بە چەک و لەشکری باش و هاوڕێی دڵسۆز و خۆشەویستیی گەل دەپارێزێت. لە هەرێمی میرە کوردییەکاندا نە چەکی باش و نە لەشکریی نیشتیمانیت هەیە و نە خۆشەویستی گەل بوونی هەیە کە لەکاتی جەنگدا پارێزگاریی لەم میرانە بکات. ئەو هاوڕێ دڵسۆزانەشی کە هەیانە نە گوێ لە ڕاوێژەکانیان دەگرن و نە بەقسەیان دەکەن. ئەم خاڵەی کۆتاییش پەیوەندی بەوەوە نییە کە بە قسەی ماکیاڤێلی دەکەن، چونکە ئەو ڕای وایە کە میر نابێت ڕاوێژی کەسانی تر قبوڵبکات مەگەر خۆی داوای کردبێت ڕاوێژی بکەن. لە واقیعدا هێندەی تورکیا دەسەڵاتی میرانی پارتیی دەپارێزێت و هێندەی ئێرانیش دەسەڵاتی میرانی یەکێتیی دەپارێزێت و هێندەی ئەمریکایش لە هەڕەشەی داعش دەیانپارێزێت، نیوئەوەندە بە پشتوپەنا و خۆشەویستیی هاونیشتیمانیانی هەرێمی کوردستان ناپارێزرێن. دوای نزیکەی پێنجسەد ساڵ بەسەر کتێبەکەی میر و دوای ساڵێک بەسەر وشیارییدانەکەی جینین پلاسخارت سەبارەت بە مەترسیی بۆسەر ئەزموونی کوردیی، دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر وتارەکەی لە ئەنجومەنی ئاساییشی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان و مەترسیی دابەشبوونی هەرێم بۆ سەر زۆنی زەرد و سەوز و دوای داواکارییەکەی بۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەموو حیزبەکان لە بارەگای نەتەوە یەکگروەکان لە هەولێر، یەکێتیی و پارتیی کۆتاییان بە جەولەیەکی جەنگی میدیایی پڕوکێنەر و ناشیرینی تری خۆیان هێنا و بە عاقڵی لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە و خەندەی دیپلۆماسییان لەگەڵ یەکدا گۆڕییەوە. هەم نەوەی ململانێی چەکداریی ناوخۆیی شەستەکان و، هەم نەوەی شەڕی هەشتاکان و هەم نەوەی نەوەدەکان و هەم نەوەی سەدەی بیستویەکەمیش بە جەنگی ناوخۆیی و گەمەی خوێناویی و رق و ململانێی شەڕانگیزیی باوان و نەوەی نوێی میرانی هەردوو حیزبەکە ڕاهاتوون. هەم پارتییەکان بە حوکمڕانیی ناوچەی دەسەڵاتدارێتیی خۆیان ڕاهاتوون و خەمی بەشەکانی تری کوردستانیان نییە، هەم یەکێتییەکانیش بە ناوچەی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان ڕاهاتوون و خەمی دهۆک و زاخۆ و ئامێدیییان نییە، بەپێچەوانەی هەردووکیشیانەوە خەڵکی ئێمە پاش ڕاهاتنێکی سی ساڵەیی تاقەتی هیچ یەکێک لەو دەموچاوانەیان نەماوە و لە هەردووکیان بێزارن. یەکێک لە تێزە سەرەکییەکانی کتێبی میر بریتییە لە پەیوەندنیی نێوان کەسەرە و ئامانج، واتە ئەو وتارە بەناوبانگەی کە دەڵێت غایەت پاساوی وەسیلە دەکات. بەم پێیە میر دەتوانێت هەموو کەرەسەیەک بەکاربهێنێت بۆئەوەی بگات بەو ئامانجەی کە مەبەستێتی. دیارە ماکیاڤێلی هەرگیز نەیگوتووە تۆ بڕۆ هێزی دوژمن و دەرەکیی وەک کەرەسە بهێنە سەر نایارەکەت، بۆئەوەی بگەیت بە ئامانجی پاراستنی دەسەڵاتی خێزانی خۆت، بەڵام میرەکانی کورد بەبێئەوەی کتێبی میری ماکیاڤێلی بخوێننەوە هەموو کەرەسەیەک بەکاردەهێنن، بۆئەوەی بگەن بە ئامانجە شەخسیی و خێزانییەکانی خۆیان. مێژووی شەڕ و ناتەبایی و ملشکاندن و هێنانی لەشکری بێگانە بۆ سەر یەکتر، بەهیچ کلۆجێک پاساوی گەیشتن نەبووە بە ئامانجی باڵای نیشتیمانیی، بەڵکو بەتەنها بۆ مانەوەی دەسەڵاتی میرەکان بووە. میرانی پارتی و یەکێتی بەردەوام پێویستیان بە پشتیوانی دەرەکیی هەبووە، بۆئەوەی بتوانن دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن و تەمەنی حوکمڕانیی خۆیان درێژبکەنەوە. ئەم میرانەی ناوچەی بابان و بادینان کە لە فۆرمی دوو حیزبی سیاسیی خۆیان ڕێکخستووە، هەمیشە پێویستیان بە فشار و پارەی دەرەکییە، بۆئەوەی بیر لە یەکگرتوویی و تەبایی بکەنەوە و بەرژەوەندی گەلەکەیان بیربکەوێتەوە.
راپۆرت: درەو ساڵێك لەمەوبەر وتی" پێتان وانەبێ ئۆتۆنۆمییەكەی هەرێمی كوردستان تاسەر بەردەوام دەبێت" لەدوای ئەم قسەیەوە دادگای فیدراڵی عێراق بەبڕیارێك هەرێمی ناچاركردووە نەوتو غازەكەی رادەستی بەغداد بكات، ئێستا قسەیەكی تر دەكاتو دەڵێ"لایەنی جوگرافیی هەمیشە لەبەرژەوەندی هەرێمدا نییە"، ئەو خاتوو جینین پلاسخارتە، ژنێك كە كێشەی (زەردو سەوز)ی گەیاندوەتە ناو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. عێراق لەسەردەمی پلاسخارتدا "دۆست ئەو كەسەیە ئەتگرێنێ" جینین پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، ساڵێك لەمەوبەر لەبەردەم سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە هەولێر بەمشێوەیە قسەی كرد. خاتوو پلاسخارت ئەم قسەیەی كرد بۆ ئەوەی دواتر بە سەركردە سیاسییەكانی هەرێم بڵێ" پێتان وانەبێت ئەو ئۆتۆنۆمیەی ئێستا هەتانە هەروا بە مسۆگەرییو هەتا هەتایی دەمێنێتەوە، یەكڕیزیی بۆ مانەوەی ئەو قەوارەیە پێویستە". لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003دا، خاتوو پلاسخارت حەوتەمین نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانە لە عێراق، ئەم ژنە لە ئابی 2018وە لە عێراق دەستبەكاربووە، واتە لەدوای كۆتایهاتنی شەڕی داعشو ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانەوە، دوو رووداو كە بارودۆخی ئەمنیو سیاسی عێراقیان ئاڵۆز كردبوو. لەدوای دەستبەكاربوونی ئەم ژنەوە، عێراق رووداوێكی سیاسی گەورەی بەخۆوە بینی، ئۆكتۆبەری 2019دا شەپۆلێك خۆپیشاندان لە شارەكانی عێراق دژی خراپی خزمەتگوزاریی دەستیپێكرد، ئەم خۆپیشاندانانە دواتر فراوانتر بوونو داوای لادانی چینی دەسەڵاتداری دوای روخانی سەددامیان دەكرد، خۆپیشاندانەكان (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراقی ناچار كرد دەستلەكاربكێشێتەوە، لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە ئەمە یەكەمجار بوو سەرۆك وەزیرانێك لەژێر فشاری شەقامدا ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە بكرێت. پلاسخارت لەوانە بوو هەرزوو كەوتە بەرەی خۆپیشاندەرانەوە دژی چینی دەستڕۆیشتووی عێراق، ئەو چووە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانی لە بەغداد، سواری "توك توك" بوو كە سیمبولی ناڕەزایەتییەكان بوو، بە لەچكەوە سەردانی ئایەتوڵلا عەلی سیستانی كرد لە نەجەفو پاڵپشتی سیستانی بۆ خۆپیشاندەرانو ئەنجامدانی چاكسازی لە عێراق راگەیاند. مەندوبی سامی یان نوێنەری یو ئێن ؟ لەوكاتەوە رۆڵی پلاسخارت لە عێراق زیادی كرد، نەخشەرێگای بۆ دەربازبوون لە بارودۆخەكە ئاڕاستەی حكومەتو پەرلەمان دەكرد، جموجوڵەكانی ئەو هەندێك لەلایەنە سیاسییەكانی نیگەران كرد، هەندێك پێیان دەوت "ئەم ژنە وەكو مەندوبی سامی مامەڵە دەكات نەك وەكو نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان" لەمەدا ئەیانویست بڵێن ئەو كارانەی خاتوو پلاسخارت دەیكات لە دەرەوەی ئەو دەسەڵاتەیە كە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆی دیاریكردووە. هەندێك لە عێراقییەكان لەبارەی دەسەڵاتی پلاسخارتەوە زیاتریش دەڕۆشتنو بەراوردیان دەكرد بە خاتوو (گێرترود بێل) راوێژكاری (پێرسی كۆكس) مەندوبی سامی بەریتانیا لە عێراق لە بیستەكانی سەدەی رابردوودا، ژنێك كە دەوترێت دەسەڵاتێكی رەهای هەبووەو راپۆرتو بیروبۆچونەكانی لای بەریتانییەكان بایەخی گەورەی هەبووەو سەركردە سیاسییەكانو وەزیرو ئەفسەرو پیاوماقوڵانی عێراق پێیان وتووە (خاتوون)و لەخوایان ویستووە جارێك بچنە دیداری، چونكە خاتوون دەسەڵاتی رەهای هەبووەو توانیویەتی ئیشوكارەكانیان رایی بكات. پلاسخارت دووەم هاوڵاتی هۆڵەندییە كە پۆستی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراقی دوای روخانی سەددامدا وەردەگرێت، پێش ئەم لە ماوەی 2009 تا 2011 نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (ئاد میلكەرت) بوو كە ئەویش پیاوێكی هۆڵەندی بوو. "وەكو سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن مامەڵە دەكات" پلاسخارت لەوانە بوو كە رۆڵی كاریگەریی هەبوو لە سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، لایەنە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن (شیعەكانی دۆستی ئێران) تۆمەتباریان كرد بەوەی رۆڵی هەبووە لە نوسینەوەی یاسای نوێی هەڵبژاردن. كۆتا رۆژەكانی تشرینی دووەمی 2021 هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحو دیارترین دۆڕاوی هەڵبژاردن، جامی توڕەیی خۆی بەسەر خاتوو پلاسخارتدا رشتو وتی:" بەهۆی ئەو پێشێلكارییانەی كە پلاسخارت دەیكات خەریكە متمانەمان بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەق دەبێت، پلاسخارت وەكو ئەوەی سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بێت دەستوەردان لە هەڵبژاردنو ئەنجامەكانیدا دەكات.. ئێمە مەندوبی سامی قبوڵ ناكەین، دەبێت پلاسخارت پابەندبێت بە ئەركی خۆیەوە". ئەوكات لایەنە شیعە دۆڕاوەكان باسیان لەوە دەكرد، سەدان بەڵگەی ساختەكارییان لە هەڵبژاردن خستوەتە بەردەم خاتوو پلاسخارت، ئەویش بەڵێنی پێداون لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا باس لەو ساختەكارییانە بكات، بەڵام كاتێك لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایش قسەی كردووە، رێك بەپێچەوانەی بەڵێنەكەیەوە وتویەتی" هەڵبژاردنەكە خاوێنە". پلاسخارتو پرۆژەی كۆنفیدراڵی ! دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدیو دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی وەكو سەرۆك وەزیرانی عێراق، پلاسخارت كەوتەوە جموجوڵ، ئەمجارەیان پرۆژەیەكی گەورەتری بۆ عێراق ئامادە كردبوو كە پرۆژەی (كۆنفیدراڵی) بوو. لە تەموزی 2020 پلاسخارت جموجوڵو سەردانە سیاسییەكانی زیاتر كرد، ئەوكات سەرچاوە ئاگادارەكان باسیان لەوە دەكرد، نەتەوە یەكگرتووەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی كۆمارو حكومەتی عێراق نەخشەرێگایەكی "گشتگیر"ی بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدادو هەرێمی كوردستان ئامادەكردووە. وەكو باسدەكرا، پرۆژەكە داوای جێبەجێكردنی سیستمی "كۆنفیدراڵی"ی دەكرد لە عێراقدا، بەپێی پرۆژەكە، لەنێوان ئەو حكومەتانەی كە لە عێراقدا هەن هەندێك دەسەڵاتی وەكو ئابوریو داراییو گومرگەكان ئازاد دەكرێنو بڕیار بەكۆی دەنگ دەدرێت، ئەگەر یەكێك لە حكومەتەكان بڕیارەكە لە بەرژەوەندی ئەو نییە، پابەند نابێت بە جێبەجێكردنییەوە. واتە پلاسخارت هەوڵی دەدات عێراق لە وڵاتێكی (فیدراڵی)یەوە بكات بە وڵاتێكی (كۆنفیدراڵی)، مەسعود بارزانی لەوانە بوو كە پاڵپشتی لە پرۆژەكە دەكرد، بەڵام هەرزوو پرسی كۆنفیدراڵی لەلایەن لایەنە عێراقییەكانەوە رەتكرایەوەو هەوڵەكە بە شكست كۆتایی هات. بۆ دەستپێكردنی ئەم هەوڵە، خاتوو پلاسخارت شكستهێنانی بەردەوامی دانوستانەكانی نێوان بەغدادو هەرێمی كوردستانی كردبوو بە هۆكارو باسی لەوەكردبوو پرۆژەكە لەلایەن وڵاتانی گەورەی جیهان لە پێش هەمویانەوە ئەمریكا، پاڵپشتی دەكرێت. ئێستا پلاسخارت لەبارەی دۆخی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدادەوە لەبەردەم واقعێكی گەورەتردایە، كە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقە بۆ رادەستكردنی نەوتو غاز لەلایەن هەرێمەوە، بڕیارێك كە رۆژ لەدوای رۆژ پەرەسەندنی زیاتر بەخۆوە دەبینێت. زەردو سەوز.. جوگرافیای هەرێم رۆژی 17ی ئەم مانگە لەدواین وتاریدا لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پلاسخارت لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە وتی:" ساڵێك لەمەوبەر لەزانكۆی كوردستان جەختم لەسەر دوركەوتنەوە لە دووبەرەكیی نێوان (زەردو سەوز) كرد واتە پارتیو یەكێتی، بەڵام دوای ساڵێك دووبەرەكی قوڵتربوەتەوە، ئەمەش بەخراپی كاریگەریی لەسەر دانیشتوانی هەرێمی كوردستان دروستكردووە". پلاسخارت ئاماژەی بەوەكرد، هەرێمی كوردستان بژاردەی لەبەردەمدایە كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانییە لە رۆژی 1ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا، بۆ ئەمەش داوایكرد كەشوهەوای هەڵبژاردن فەراهەم بكرێتو دەرفەتی یەكسان بەهەموو لایەنەكان بە گەورەو بچوكەوە بدرێت، دواین بڕیاری پەرلەمانی كوردستان پێچەوانەی خواستی پلاسخارتە، پەرلەمان پرسی هەڵبژاردنی داوەتە دەست حزبەكان، ئەمەش ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن زیاتر دەكات. پلاسخارت جارێكی تر هۆشداری بە هەرێمی كوردستان دایەوە، وتی:" لایەنی جوگرافی هەمیشە لە بەرژەوەندی هەرێمدا نییە، دەبێت بارودۆخی ناوازەی جیۆپۆلەتیكی كوردستان هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی سەركردە سیاسییەكانی هەرێم بەوردی بیربكەنەوە". "پیرەژنەكە" سەرباری ئەوەی لەناو ململانێی توندی پیاوە سیاسییەكانی عێراقدا كاردەكات، بەڵام هێشتا پلاسخارت وەكو هەر ژنێكی ئاسایی پێی ناخۆشە پێی بوترێت پیر بووە. تشرینی دووەمی 2021 لە كۆنفرانسێكی جێندەریدا خاتوو پلاسخارت گلەیی لە حاڵی خۆی كردو وتی: منیش توندوتیژیم بەرامبەر كراوە، پێم دەڵێن پیرەژن.. پیاوێك لە تەمەنی مندا پێی دەوترێت گەنج یان پێی دەوترێت عاقڵو بهئەزمون، ئەوانەی دەیانەوێت سوكایەتی بكەن دەبێت پێیان ناخۆش نەبێت ئەو پیاوانەی كە هاوتاو هاوكاری منن بەلایەنی كەمەوە دەیەیەك لە من گەورەترن". پلاسخارت نیسانی 1973 لە هۆڵەندا لەدایكبووە، ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ ئەزمونی كاری سیاسی هەیە، یەكەم ژن بووە لەماوەی ساڵانی (2012 بۆ 2017) وەزیری بەرگری هۆڵەندا بووە، ئەمەش ئەو ماوەیە بووە كە رێكخراوی "داعش" تێیدا سەریهەڵداوە. بەهۆی پۆستەكەیەوە وەكو وەزیری بەرگریی، پلاسخارت بەرپرسی ئەركانی هێزی چەكدارو هێزی پاڵپشتیو هێزی شاهانەی هۆڵەندا بووە كە ئەمانەش بەگشتی چوار جۆر هێز بوون (زەمینی، دەریایی، پۆلیسی سەربازیی، هێزی پاسەوانی سنور)، لەو ماوەیەدا سەرپەرەشتی بەشداری هۆڵەندای كردووە لە جەنگی (مالی) لە كیشوەری ئەفریقا، ئەفغانستانو عێراق، بەرپرسی هەماهەنگیی بووە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپاو ناتۆو نەتەوە یەكگرتووەكان. پلاسخارت لە ماوەی ساڵانی 2010 بۆ 2012 ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا بووە، لە 2004 بۆ 2010 ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بووەن وەكو نێردەی كۆمسیۆنی ئەوروپا لە ئەمیستەردامو لاتیڤیا كاریكردووە.
درەو: ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لە رێگەی نوێنەرەكەیەوە كاری لیژنەی خەمڵاندن و فرۆشتنی موڵكە دەستبەسەركراوەكانی كۆمپانیای نالیای راگرت، لەبەر ئەوەی نرخی خەمڵێندراویان لە نرخی ئێستای بازار زۆر زیاتر دیاریكردووە. سەرچاوەیەك لە لیژنەی خەمڵاندنەكە بە (درەو)ی راگەیاند، وەزیری دارایی تانەی داوە لە كاری لیژنەكەو پێی وایە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانوبەرە (تاپۆ) نرخی ئەو موڵكانەی لە نرخی ئێستای بازاڕ زۆر زیاتر دیاریكردووەو وەزیری دارایی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوە بۆ دووبارە خەمڵاندنەوەی. ئەو لیژنەیەی كە پێكهاتووە بۆ خەمڵاندن و فرۆشتنی ئەو زەویانەی لە بری بارمتەی قەرزی كۆمپانیاكان، لە بەڕێوەبەری تاپۆی سلێمانی و نوێنەری بانكەكان و وەزارەتی دارایی و چەند شارەزایەك پێكهاتووە، ئەمڕۆ وادەی فرۆشتنی چوار پارچە زەوی ناو پرۆژەی چاڤیلاندبوو كە لەبری قەرزەكانی كۆمپانیای (نالیا) خرابوە زیادكردنی ئاشكراوە بۆ فرۆشتن. بەڵام ئەمڕۆ وەزیری دارایی لە رێگەی نوێنەرەكەیەوە كاری لیژنەكەی راگرت چونكە كەس بارمتەی یاسایی دانەنا ئەویش بەهۆی ئەوەی: • نرخی زەویەكان زۆر بەرز دیاری كراون و لە نرخی ئێستای بازاڕ زۆر زیاتر دانراون. • زەویەكان كێشەیان لەسەرەو لەبری قەرزەو هیچ سەرمایەدارێك ئامادەنەبوو ئەو زەویانە بكرێت ئەو سەرچاوەیەی لیژنەی خەمڵاندنەكەی ئەوەی بۆ (درەو) باسكرد، بۆ هەر دۆنمێك زیاتر لە (3 ملیار) دینار دیاریكراوە كە نرخەكە زۆر بەرز دیاریكراوە، ئەو چوار پارچە زەویەی ناو چاڤیلاند بە زیاتر لە (155 ملیار) دینار خەمڵندراوە لەكاتێكدا لە ئێستادا ئەو چوار پارچە زەویە نزیكەی (100) ملیار دینار نرخی راستەقینەیەتی، واتا لیژنەكە بە نزیكەی (50) ملیار دینار زیاتر خەمڵاندوویانە، بۆیە هیچ سەرمایەدارێك ئامادەنەبوو ئەو سێ پارچە زەویە بكرێت. لە كاتێكدا ئەگەر كەس ئامادە نەبێت ئەو پارچە زەویانە بكرێتەوە ئەوا دەبێت وەزارەتی دارایی خۆی هەڵیبگرێتەوە كە زیانێكی دارایی زۆر دەكات بە پێی نرخی رۆژ بە كەمتر لە 20%ی نرخی ئێستای بازاڕ. ئەو چوار پارچە موڵكەی ناو پرۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند كە كۆمپانیای نالیا وەكو بارمتە دایناوە بریتین لە: • موڵكی ژمارە (311/139) كەرتی (1 مەڵكەندی و دەباشان) كە دەكەوێتە ناو پرۆژەی چاڤیلاندەوە (6) دۆنم و نرخەكەی (21) ملیار دینارە. • موڵكی ژمارە (299/139) كەرتی (1 مەڵكەندی و دەباشان) كە دەكەوێتە ناو پرۆژەی چاڤیلاندەوە (9) دۆنم و نرخەكەی (36) ملیار دینارە. • موڵكی ژمارە (300/139) كەرتی (1 مەڵكەندی و دەباشان) كە دەكەوێتە ناو پرۆژەی چاڤیلاندەوە (26) دۆنم و نرخەكەی (67) ملیار دینارە. • موڵكی ژمارە (298/139) كەرتی (1 مەڵكەندی و دەباشان) كە دەكەوێتە ناو پرۆژەی چاڤیلاندەوە (8) دۆنم و نرخەكەی (30) ملیار دینارە. • كۆی گشتی نرخی ئەو چوار پارچە زەویە زیاتر لە (155 ملیار) دینارە
راپۆرت: درەو ژمارەیەك لە كوڕو كەسی نزیكی بەرپرسانی حزبی و سەربازی و وەزیر و پەرلەمانتارانی یەكێتی لە خولی دەرچوانی كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالاندا بینران، 12 پاسەوانی وەزیری پێشمەرگە و تەنانەت كوڕی وەزیری رۆشنبیریش لەم كۆلێژەدا پلەی ملازمی دوویان وەرگرت، ئەوانەی دوو ساڵ خوێندیان و ئەوانەش تەنیا خولێكی كەمتر لە (8) مانگیان بینی هەردووكیان یەك جۆر پلەی سەربازیان وەرگرت. دەرچوانی قەڵاچوالان لە خولی دەرچوانی كۆلێژی قەڵاچوالاندا كە رۆژی 22ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، وێنەی كوڕو كەسە نزیكەكانی بەرپرسە حزبی و وەزیر و پەرلەمانتاران دەركەوتن، رۆژی 22ی ئەم مانگە مەراسیمی دەرچوانی خولی (16)ی كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان لە سلێمانی بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بەشداری لەم مەراسیمەدا كرد. لەكاتێكدا باس لە دورخستنەوەی دەستی حزب دەكرێت لەناو هێزی پێشمەرگە، رۆژێك بەر لە مەراسیمی دەرچونی خوێندكاران، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بۆ هەر دەرچوویەكی كۆلیژی سەربازیی (دەمانچە)یەكی پێشكەش كردن. لە خولی (16)ی كۆلیژی سەربازیی قەڵاچوالاندا (503) خوێندكار لە هەردوو رەگەزیی (كچو كوڕ) دەرچوون، (350) كەس لە دەرچووەكان ماوەی دوو ساڵی خوێندنی كۆلیژەكەیان تەواو كردو بڕوانامەی (بەكالۆریۆس)ی سەربازییان وەرگرتو پلەی (ملازمی دوو)یان پێدرا. (153) كەسی تریان تەنیا خولێكی كەمتر (8) مانگییان خوێندو هاوشێوەی ئەوانەی دوو ساڵ خوێندیان، پلەی (ملازمی دوو)یان خرایەسەر شان. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، سەرەتا بەرپرسانی یەكێتی تەنیا (350) كەسیان لە كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان داخڵ كردووە، بەڵام دواتر كە زانیویانە لە سنوری پارتی (500) كەس داخڵی خولەكە كراوە، ئەوانیش ناوی (153) كەسی تریان بە پەلە داخڵ كردووە، ئەمە لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا رویداوە، ئەو (153) كەسەی كە ناویان داخڵ كراوە ئەوانەن كە خولە (8) مانگییەكەیان خوێندووە. كوڕو كەسوكاری بەرپرسان لە كۆلیژی سەربازیی لەم خولەدا ژمارەیەك لە ئامر لیواو ئامر فەوجەكانی یەكێتی كوڕو خوشكەزارو برازای خۆیان داخڵ كردووە، بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، جگە لە وەزیری پێشمەرگە كە (12) كەسی لە سریەی پاسەوانەكانی خۆی داخڵ كردووە، لە لیستی ناو و وێنەی دەرچواندا كوڕی وەزیری رۆشنبیریو وەزیری دارایی بینران و پلەی (ملازمی دوو)یان وەرگرتووە. چەندین بەرپرسی باڵای حزبی كوڕو كەسە نزیكەكانیان داخڵكردووە (درەو) زانیویەتی، پەرلەمانتارێكی یەكێتی (2) كوڕو (2) برازای لە كۆلیژەكە داخڵ كراوە. پێوەرەكان چین ؟ سەرەتای كە دەست بە ناونوسین كراوە بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان، باسلەوە كراوە ئەوانەی وەردەگیرێن دەبێت بڕوانامەی (بەكالۆریۆس) یان (دیپلۆم) كەمتریان نەبێت، بەڵام دواتر پلەی بڕوانامە بۆ خوێندنی ناوەندی دابەزێندراوە. لە وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی ناوخۆوە قوتابی بۆ ئەم كۆلێژە نێردراوە، كەسانێكی تریش كە هێشتا لە هیچ یەكێك لەو دوو وەزارەتە دانەمەزراون لە كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان وەرگیراون، بەڵام ئەولەویەت دراوە بەوانەی لە بەرپرسانی حزبو حكومەتەوە نزیكن. لەبارەی كۆلیژی سەربازیی قەڵاچوالانەوە كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان لە ساڵی 1992 لەلایەن جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی دروستكراوە، لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003دا، ئەم كۆلیژە خرایە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق.
شیكاری: درەو داهاتی گشتی نەوتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بەڕێژەی لە (45%) زیادی کردووە بەراورد بە چوار مانگی یەکەمی (2021). بەجۆرێک داهاتەکە زیاتر بووە لە (21 ملیار و 114 ملیۆن) دۆلار، بەڵام لە چوار مانگی دووەمی (2022) بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە (38 ملیار و 595 ملیۆن) دۆلار. هاوکات بەڕێژەی نزیکەی (11%) توانای هەناردەکردنی نەوتی بەرزکردووەتەوە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. یەکەم: داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە (1ی کانونی دووەم بۆ 1ی نیسان)ی ساڵی 2021 بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی کردووەتەوە (وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بڕی (351 ملیۆن و 510 هەزار و 702) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (2 ملیۆن و 930 هەزار و 138) بەرمیلی فرۆشراو، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە زیاتر لە (53) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (21 ملیار و 114 ملیۆن و 66 هەزار) دۆلار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت. 1. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2021 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2021) بڕی (88 ملیۆن و 922 هەزار و 697) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (2 ملیۆن و 868 هەزار و 474) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (53.59) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (54.77) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (1.18) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (4 ملیار و 765 ملیۆن) دۆلار. 2. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2021 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2021) بڕی (82 ملیۆن و 877 هەزار و 757) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (2 ملیۆن و 959 هەزار و 920) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (60.49) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (62.28) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (1.78) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (5 ملیار و 13 ملیۆن و 13 هەزار) دۆلار. 3. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2021 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2021) بڕی (91 ملیۆن و 311 هەزار و 929) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (2 ملیۆن و 945 هەزار و 546) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (63.37) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (65.41) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (2.4) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (5 ملیار و 786 ملیۆن و 536 هەزار) دۆلار. 4. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی نیسانی 2021 پاڵپشت ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی نیسانی (2021) بڕی (88 ملیۆن و 398 هەزار و 319) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (2 ملیۆن و 946 هەزار و 611) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (62.78) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (64.81) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (2.3) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (5 ملیار و 549 ملیۆن و 517 هەزار) دۆلار. دووەم: داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە (1ی کانونی دووەم بۆ 1ی نیسان)ی ساڵی 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (2)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڕی (394 ملیۆن و 46 هەزار و 525) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 285 هەزار و 226) بەرمیلی فرۆشراو، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە نزیکەی (98) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (38 ملیار و 595 ملیۆن و 38 هەزار) دۆلار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت. 1. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2022) بڕی (99 ملیۆن و 286 هەزار و 78) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 202 هەزار و 777) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (83.83) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (86.51) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (2.69) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (8 ملیار و 322 ملیۆن 679 هەزار) دۆلار. 2. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2022 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2022) بڕی (92 ملیۆن و 790 هەزار و 173) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 313 هەزار و 935) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (94.94) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (97.13) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (2.19) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (8 ملیار و 809 ملیۆن و 162 هەزار) دۆلار. 3. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2022) بڕی (100 ملیۆن و 579 هەزار و 612) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 244 هەزار و 504) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (108.5) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (117.5) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (9) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (10 ملیار و 913 ملیۆن و 197 هەزار) دۆلار. 4. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی نیسانی 2022 پاڵپشت ئامارەکانی سەرەتاییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی نیسانی (2022) بڕی (101 ملیۆن و 390 هەزار و 662) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 379 هەزار و 689) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (104.09) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (104.58) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (0.49) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (10 ملیار و 550 ملیۆن) دۆلار. سێیەم: بەراوردکردنی داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە (1ی کانونی دووەم بۆ 1ی نیسان)ی لە ساڵانی 2021 و 2022 1. بەراوردی بڕی نەوتی هەناردەکراو وەک لە هەردوو خشتەی ژمارە (1 و 2) دا هاتبوو، حکومەتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بڕی (3514 ملیۆن و 510 هەزار و 702) بەرمیل نەوتی عێراق لە ڕێگەی کۆمۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشراوە. بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بڕەکە بەرزبووتەوە بۆ (394 ملیۆن و 46 هەزار و 525) بەرمیل نەوتی فرۆشراو. واتە هەناردەی نەوتی فرۆشراوی عێراق بڕی (42 ملیۆن 535 هەزار و 823) بەرمیل و بەڕێژەی (11%) زیادی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (1)). 2. بەراوردی نرخی نەوتی فرۆشراوی عێراق وەک لە هەردوو خشتەی ژمارە (1 و 2) دا هاتبوو، حکومەتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (60.06) دۆلار فرۆشتووە. بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی عێراق بە (97.84) دۆلار فرۆشراوە. بەم پێیەش هەر بەرملێکی نەوتی عێراق بڕی (37.78) دۆلار و بەنزیکەی (38%) بەهاکەی زیادی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (2)). چارتی ژمارە (2) 3. بەراوردی داهاتی گشتی نەوتی فرۆشراوی عێراق وەک لە هەردوو خشتەی ژمارە (1 و 2) دا هاتبوو، حکومەتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بە بەهای (21 ملیار و 114 ملیۆن و 66 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بڕەی داهاتەکە بەڕێژەی (45.3%)بەرزبۆتەوە، بەجۆرێک کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو گەیشتووە بە (38 ملیار و 595 ملیۆن و 38 هەزار) دۆلار. واتە هەناردەی نەوتی فرۆشراوی عێراق بەبەهای (17 ملیار و 480 ملیۆن و 972 هەزار) دۆلار زیادی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (3)). چارتی ژمارە (3) سەرچاوەکان؛ ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2021، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=198 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=272 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=375 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر نیسان الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=403 ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2022، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=909 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=951 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1003 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية الاولیة للصادرات النفطية لشهر نیسان الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1018
(درەو): پلاسخارت دەیەوێت ئەم هەفتەیە سەرۆكی حزبەكانی كوردستان لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر كۆبكاتەوە، نەتەوە یەكگرتووەكان دژی دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانە. سەرچاوەیەكی باڵای سیاسی بە (درەو)ی راگەیاند، جینین پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، پەیوەندی بە سەرۆكو كەسی یەكەمی هەموو حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانەوە كردووە. سەرچاوەكە ئاشكرایكرد، پلاسخارت سەرۆكی حزبەكانی هەرێمی كوردستانی بانگهێشتكردووە بۆ كۆبونەوەیەك لەبارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر. پلاسخارت كە بەمدواییەو بۆ دووەمینجار هۆشداریدا لەبارەی ئەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان لە مەترسیدایە، دەیەوێت لەم هەفتەیەدا كۆبونەوەی سەرۆكی حزبەكان لە هەولێر بەڕێوەبچێتو تێیدا لایەنەكان لەسەر وادەو شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رێكبكەون. پلاسخارت كە نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، دژی دواكەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە لەوادەی خۆیدا. لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەپێش هەموشیانەوە پارتیو یەكێتی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنو شێوازی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم ناكۆكن. سەرچاوەی سەرەكی ناكۆكی پارتیو یەكێتی پەیوەندی بەشێوازی هەڵبژاردنەوە هەیە، یەكێتی داوا دەكات هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی عێراق بەشێوەی (فرە بازنە) بەڕێوەبچێت، واتە هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنەو هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت، لەمەشدا یەكێتی بەپلەی یەكەم مەبەستی ئەوەیە (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكان دابەشبكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردنو كۆتایی بە هەموونی پارتی بەسەر كورسی كۆتاكاندا بهێنێت. ئەوانەی داوای (فرەبازنە)ی هەڵبژاردن دەكەن بریتین لە (یەكێتی+ نەوەی نوێ+ كۆمەڵی دادگەریی+ یەكگرتووی ئیسلامی+ سەربەخۆكان كە سێ پەرلەمانتارن+ 3 پەرلەمانتاری گۆڕان). ئەوانەی داوا دەكەن هاوشێوەی پێشتر هەڵبژاردن بەشێوەی (یەك بازنە) بەڕێوەبچێت بریتین لە (پارتی+ شیوعی+ سۆسیال دیموكرات+ زەحمەتكێشان+ بزوتنەوەی ئیسلامی+ پەرلەمانتاری پێكهاتەكان).
درەو: راپۆرتی: سەنتەری توێژینەوەی نەوەی نوێ دەستپێک دیاردەی خۆڵبارین ئێستا بووە بە گرفتێکی گەورەیی ژینگەیی لە عێراق و زۆر وڵاتی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەراستیش، بەتایبەتی سوریا، ئوردن ئێران و تورکیا. ئەم خۆڵبارینە دەرەنجامێکی راستەوخۆی ئەو گۆڕانی کەش و هەوایە کە بەسەر گۆی زەویدا هاتووە، بەڵام بەشێکیشی دەرەنجامی خراپ مامەڵەکردنی مرۆڤەکانە لەگەڵ ژینگەو سەرچاوەکاندا. چارەسەری ئەم کێشەیەش پێویستی بە هەماهەنگی و هاریکاری هەرێمایەتی و جیهانی هەیە بۆ رێگرتن لە دەرەنجامە کارەساتبارەکانی کە دوور نیە بەشێک لەم وڵاتانە بەکەڵکی ژیانکردن نەمێنن بەهۆی ئەم گۆڕانکاریانەی کەش و هەواوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران پرۆژەی گاپی تورکیا ( دروستکردنی ٢٢ بەنداو لە سەر دیجلەو فورات)ی وەک هۆکاری ئەم خۆڵبارینە ناوبردووە، لە بەرامبەردا تورکیاش ئەمەی رەتکردۆتەوەو گرفتەکە وەک دیاردەیەکی سروشتی دەبینێت کە تورکیاشی وەک عێراق گرتۆتەوە. راپۆرتە چەند پێشنیارێکی خستۆتەڕوو کە دەکرێپ حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمیش کاری لەسەر بکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریە مەترسیدارەکانی ئەم خۆڵبارینە. خۆڵبارین چیە؟ خۆڵبارین یەکێکە لەو دیاردانەی کە هەندێ جار سروشتییەو و هەندێک جاریش کردەییە، یان لە ئەنجامی کارە نا تەندروستەکانی مرۆڤەوە دروست دەبێت. ئەم دیاردەیە بە هۆی راماڵینی خاکەوە دروست دەبێ بە هێزی با و دواتر دەنکۆڵەکانی خاک بەرز دەبنەوە بۆ بەرگی هەوایی وتا زیاتر لە ٢ کم لە رووی زەوییەوە. بۆ روودانی ئەم دیاردەیە بە شێوەیەکی سروشتی پێویستە خێرایی با زیاتر بێت لە ٢٥ کم/کاتژمێر لە شوێنی سەرچاوەوە کە زیاتر لە بیابانەکانەوە سەرچاوە دەگرن وەکو بیابانی عەرەبی و بیابانی خۆرئاوای عیراق وهەندێ جاریش لە بیابانی ئەفریقیاوە. هۆکاری خۆڵبارین مەرج نییە خۆڵبارین تەنها لە بیابانەکانەوە سەرچاوە بگرێت چونکە زۆر جار لە زەوییە کشتوکاڵیەکانیشەوە دروست دەبێت. یەکەم: ئەو زەوییانەی کە دەکەونە ناوچە وشک و نیمچە ووشکەکانەوەو کە بە هۆی کەمی روپۆشی رووەکی، کەم بارانی و بەرزی پلەکانی گەرمیاوە مادەی ئۆرگانیان زۆر کەم بۆتەوەو خاکەکانیان لاوازەو بە تەواوەتی شی بوەتەوە. بۆیە ئەم تایبەتمەندیانە وادەکەن کە خاکەکە بە ئاسانی لەگەڵ هەڵکردنی رەشەبادا بچێتە بەرگی هەواییەوە وبگوازرێتەوە بۆ ناوچەی تر. دووەم: چالاکییە ناتەندروستیەکانی مرۆڤ لەو جۆرە زەوییانە وەکو جووتکردن بە شێوەیەکی نازانستی، بە کارهێنانی ئۆتۆمبێڵ لەو زەوییانەو چالاکییە سەربازییەکان زیاتر بەشی سەرەوەی خاک شیدەکەنەوەو توشی راماڵێن دێت بە با. بەپێی وتەی شارەزایەکی ستراتیجی و سیاساتی ئاوی، چاوەڕێ دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠، خۆڵبارین لە ٣٠٠ رۆژی ساڵەکەدا هەبێت (نزیکەی ٨٣% هەموو کات و تەمەنی مرۆڤەکان)، ئەگەر بێت و هەنگاوی پێویست نەنرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو هۆکارانەی کە بوون بە هۆی دیاردەکە. چونکە ٧٠% زەویە کشتوکاڵیەکانی عێراق یان وێران بوون، یان لەبەردەم هەڕەشەی وێران بووندان. شەڕو ململانێ سیاسیەکانی ناوچەکەش رۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە وێرانکردنی زەویە کشتوکاڵیەکان و خێراکردنی دیاردەی بە بیابانبوون، کە هۆکارێکی سەرەکی ئەم خۆڵ بارینەن. بۆ نمونە، سوریا لە ساڵی ٢٠٠١ەوە، ٢٥% ی زەویە کشتوکاڵیەکانی لە دەستداوە. بە پێی خەملاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیانی راستەوخۆی ئەم خۆڵبارینە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ساڵانە ١٣ ملیار دۆلارە، زیانە ناراستەوخۆکانیشی چەندین جار زیاترە لەمە. لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا، ساڵانە خۆڵبارین لە عێراقدا هەر هەبووە کەم و زۆر، بەڵام لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا وڵاتەکە روبەڕوی شەپۆلێکی بەرفراوانی خۆڵبارین بۆتەوە بە جۆرێک مەودای بینین لە زۆربەی شارەکانی عێراق کەمبۆتەوە بۆ ٥٠ مەتر و هەزاران کەسیشی خستۆتە نەخۆشخانەکانەوە، ئەمە جگەلەوەی کە بە دەیان ملیۆن دۆلار زیانی لە کشتوکاڵی عێراق داوە. لە عێراقدا وشک-کردنی زۆنگاوەکانی باشور لە لایەن رژێمەکەی سەدام حسێنەوە، دروستکردنی بەنداوەکانی تورکیاو ئێران، کەمکردنەوەی دارستان و روپۆشە سەوزیەکان و کردنیان بە شوێنی نیشتەجێبوون وەک هۆکاری راستەوخۆیانەی دیاردەکەی باس دەکرێن. پێکهاتەی خۆڵبارین پێکهاتەی خۆڵبارین بە پێی سەرچاوەکەی دەگوڕێ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەنکۆڵەکانی خۆڵ (خاک) تیرەیان ٥٠٠ مایکرۆن یا کەمترە، بە پێی کاریگەریان و رۆڵیان لە چڕی خوڵبارین وتوانای مانەوەیان لە بەرگی هەواییدا وکاریگەریان لەسەر ژینگەو تەندروستی مرۆڤ ئەکرێتە چوار بەشەوە: ١- زۆر زبر: ئەم دەنکۆڵانە تیرەیان نزیکەی ٥٠٠ مایکرۆنەو لە بەر کێشیانەوە تا چەند سانتێمێک یا چەند مەترێک بەرز دەبنەوە، بەڵام لە ماوەیەکی یەکجار کورتدا دادەبەزنەوە سەر زەوی. وکاریگەریان لە سەر چڕی خۆڵبارین وهەروەها لە سەر تەندروستی مرۆڤ زۆر کەمە یا هەر نییە. ٢- زبر: تێرەی ئەم دەنکۆڵانە لە نێوان ١٠-٥٠٠ مایکرۆنن وتا قەبارەیان نزیک بێت لە ١٠ مایکرۆنەوە زیاتر لە بەرگە هەواییدا دەمێننەوە بەڵام مانەوەیان لە بەرگە هەوایی تەنها بۆ چەند کاتژمێرێکە ودواتر دادەبزنە سەر زەوی. وکاریگەریان لە سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە بەڵام بە شێویەکی زۆر کەم. ٣- ورد: ئەم جۆرە دەنکۆڵانە تیرەیان لە نێوان ٥,٢-١٠ مایکرۆنە وبۆ ماوەیەکی زۆر لە بەرگی هەواییدا دەمێننەوەو کاریگەریان زۆرە لە سەر تەندروستی مرۆڤ وبە تایبەتی لە سەر کۆئەندامی هەناسەدان وتوشبوون بە هەستیاری چاوو کۆئەندامی هەناسەدان. ٤- زۆر وورد: ئەو دەنکۆڵانە دەگرێتەوە کە تیرەیان کەمترە لە ٥,٢ مایکرۆن. ئەم جۆرە دەنکۆڵانە بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە بە هەڵواسراوی لە بەرگی هەوا وهەندێ جار بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ رۆژ دەمێننەوە. وکاریگەری لە سەر تەندروستی مرۆڤ زۆرە ویەکێکە لە پڕمەترسیدارترین جۆرەکانی دەنکۆڵە و بە هۆکارێکی سەرەکی دادەنرێت لە توشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی کۆئەندامی هەناسەدان. ئەم جۆرە دەنکۆڵانە زۆر بە ئاسانی تێکەڵ بە سوری خوێن دەبن وزۆر جار بە هۆی کرداری گۆڕینەوەی ئایۆنی (ion exchange) میتاڵە قورسەکانیان پێوەیە بۆیە ئەمەش مەترسیەکانی خۆڵبارین بۆ سەر تەندروستی کۆمەڵگا زیاتر دەکاتەوە. کاریگەرییە ژینگەییەکانی خۆڵبارین جگە لەوەی کە خوڵبارین هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی رادەی بینین، لە گەڵ ئەوەشدا کاریگەری زۆری هەیە لە سەر هاوسەنگی نێوان تیشکی خۆر وتیشکی زەوی. کواڵیتی هەوا بە تەواوەتی دەگۆڕێت چونکە کاریگەری زۆری لە سەر رێژەی ئۆکسجین دەبێت. لەلایەکی ترەوە، بە هۆی وردی دەنکۆڵەکانی خۆڵبارینەوە کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەنیشنە سەر گەڵای دارو رووەک و بەروبومە کێڵگەییەکانەوە بۆیە دەبێتە هۆی داخستنی مولولەی سەر گەڵای دارەکان و پەکخستنی کرداری رۆشنەپێکهاتن و دواتر وەرینی گەڵای دارەکان وکەمکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی لە بەروبومە کێڵگەییەکان. لەلایەکی دیکەوە، دوای نیشتنەوەیان لە سەر زەوی یا خاک دەبێتە هۆی تێکچونی پێکهاتەی خاک لە رووی کیمیاوی وفیزیاوی وبایۆڵۆجیەوە، و رێژەی میتاڵە قورسەکان لە خاک زیاد کات. تایبەت بە سەرچاوەکانی ئاو، دیاردەی خۆڵبارین هۆکارێکە بۆ زیادبوونی لێڵی ئاو و زۆر جار بە پێی خەستی خۆڵبارینەکە رێژەی ترشی وتفتی (pH)ی ئاو دەگورێت، هەروەها رێژەی میتاڵە قورسەکان لە ئاو زیاد دەکات کە هەموو ئەمانە کاریگەریان لە سەر زیندەوەرانی ناو سەرچاوەکانی ئاو دەبێت وتەنانەت کواڵێتی ئاوەکە دەگۆڕن. کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی خۆڵبارین تایبەت بە کۆنترۆلکردنی یا کەمکردنەوەی دیاردەی خۆڵبارین تەکنیکەکان دەگوڕێت بە پێی شوێنی سەرچاوە یا شوێنی هەڵکردنی خۆڵبارینەکە. رووبەری بچووک: لە روبەرە بچوکەکان پێویستە رێژەی مادەی ئۆرگانی لە نێو خاکدا زیادبکرێت، ئەویش لە رێگەی بەکارهێنانی پاشماوە کشتوکاڵییەکان بە شێوەی زانستی و تێکەڵکردنی پاشماوەی رووەک و داری هاڕاو یا فراوانکردنی رووپۆشی رووەکی و دروستکردنی پشتوێنەی سەوز لە دەوروپشتی شارەکان. هەندێ مادەی کیمیاویش بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەو مادانە کاریگەریان لە سەر ژینگە زۆر خراپە بۆیە پێویست ناکات ئاماژەیان پێبکرێت. رووبەری فراوان: بۆ کۆنترۆڵکردنی دیاردەی خۆڵبارین لە بیابانەکانەوە، بە هۆی فراوانی رووبەریان ئەوە پێویستی بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە نێوان ئەو وڵاتانەی کە خۆڵبارین کاریگەری دروستکردووە لە سەریان وەکو وڵاتانی کەنداو، عیراق، سوریا، ئێران و تورکیا و پێویستە بودجەی هاوبەشی بۆ تەرخان بکرێت بە مەبەستی ئیستغلالکردنی ئەو بیابانانە بە شێوەی زانستی. لە ئێستادا و بە هۆی کەم بارانی ووشکە ساڵی کە هۆکارێکن بۆ زیادبونی دیاردەی خۆڵبارین. ئەوەی زۆر پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوڵاتیان هۆشیاربکەنەوە لە رووی کاریگەری خۆڵبارین لە سەر تەندروستی مرۆڤ و چۆنیەتی خۆپارێزی لەم دیاردەیە. پێشنیاز و چارەسەر لە روی دیپلۆماسی و سیاسیەوە: یەکەم: حکومەتی فیدراڵی عێراقی دەتوانێت لە رێگای کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە فشاربکات لەسەر ئێران و تورکیا بۆ بەردانەوەی بەشی پێویستی ئاوی روبارەکان. دووەم: بەدیهێنانی هاریکاری هەرێمایەتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردەی خۆڵبارین هەنگاوێکی گرنگ و سەرەکی هەر چارەسەرێکە و حکومەتی فیدراڵی عێراق دەتوانێت دەستپێشخەری بکات بۆ مەیسەرکردنی ئەم هاریکاریە لە نێوان تورکیا، ئێران، ئۆردن، سوریا، سعودیە و کۆیت. لەرووی زانستی و تەکنیکیەوە: ئەوەی پێویستە لە بیابانەکانی عیراق پەیڕەو بکرێت بە تایبەتی لە ناوچەی بادیە (موصل)، بیابانەکانی رۆژئاوا (ئەنبار) و بیابانی سماوە ئەم خاڵانەی لای خوارەوەن: یەکەم: زۆر گرنگە لەو ناوچانەی خۆڵبارینی لێوە سەرچاوە دەگرێت (وەکو بادیەی موصڵ، بیابانی رۆژئاوا لە ئەنبار و بیابانەکانی سماوە) تەکنیکی بارانی دەستکرد – (پیتاندنی هەور) پەیڕەو بکرێت بە مەبەستی زیادکردنی رێژەی شێ لە خاکدا وجێگیرکردنی. وئامادەکردنی کەشێکی گونجاو بۆ گەشەکردنی رووەکی سروشتی لەو ناوچانە. دووەم: زیادکردنی ریژەی ماددەی ئۆرگانی لە ناو خاکی بیابانەکانی عێراق وەک پاشماوەی رووەکی وئاژەڵی وداری هاڕاوکراو. سێیەم: دروستکردنی پشتوێنەی سەوز بە درێژایی بیابانەکان و بە پێی پلانێکی تایبەت کە لە ماوەی ٥-١٠ ساڵ زیاتر نەبێت. پێویستە لەو ناوچانەی کە ئاماژەی پێکرا پشتوێنەی سەوز بە پانتاییەکی زۆر دروستبکرێت وهەوڵبدرێت بە شێوەی کەنتۆری بێت بۆ کەمکردنەوەی جوڵەی راماڵینی خاک. چوارەم: چاندنی ئەو جۆرە دارانەی کە پێویستی بە رێژەیەکی زۆر کەم لە ئاو هەیەو بەرگەی وشکی وپلەی گەرمی بەرز ومادەی پیس دەگرێت وەکو (کالیپتۆز، صەفصاف و ئەسل). پێنجەم: ئاودێری کردنی ئەو پشتوێنە سەوزە بە ئاوی زێراب (پاشەڕۆ) دوای فلتەرکردنی بە شێوەیەکی زانستی سادە و بەکارهێنانی تەکنیکی ئاودێری نوێ (دڵۆپاندن یا پرشاندن) کە رێژەی بەفیرۆدانی ئاو کەم دەکاتەوە. هەروەها ئەتوانرێت بیر هەڵکەندرێت لەو بیابانانەو بە هەمان شێوە ئاوی ئەو بیرانە بە شێوەی زانستی بەکاربهێنرێت. ئەمەش پێویستی بە گواستنەوەی پاشەڕۆی هەندێ لە شارەکانە بۆ بیابانەکان بە سیستمی کەناڵی داخراو ودروستکردنی گۆماوی دەستکرد. شەشەم: دروستکردنی پشتوێنەی سەوز بۆ هەموو شارەکان. حەوتەم: پەیڕەوکردنی سیستمی چاندن بە بێ کێڵان (zero tillage) لە زەوییەکشتوکاڵیەکانی هەموو ناوچەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان کە وادەکات رێژەی راماڵینی خاک کەم ببێتەوە. ئەم تەکنیکە کاری سەرەکی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاوە بەتایبەتی پێویستی بە چالاککردنی بەرێوەبەرایەتی رێنمایی کشتوکاڵی هەیە لە هەموو بەرێوەبەرایەتییە گشتیەکان. پێشنیاز بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم: دروستکردنی پشتوێنەی سەوز بۆ هەموو شارەکانی کوردستان بە تایبەتی گەرمیان، دەشتی هەولێر وباشوری دهۆک بە رێگەی سیستەمی دڵۆپاندن و بەکارهێنانی ئاوی زێرابی شارەکان دوای پالاوتنیان. چونکە ئەم ناوچانە زۆرترین مەترسی بەبیابانبوونیان لە سەرە. دووەم: راهێنانی جوتیاران لەسەر شێوازی نوێی کشتوکاڵکردن و پشتگیریکردنیان بۆ بە بەکارهێنانی سیستەمی ئاودێری زیرەک وەک دڵۆپاندن لەو ناوچانەی کە دەتوانن پشوێنەی سەوز بۆ کوردستان دروست بکەن، وەک گەرمیان، دەشتی هەولێر و باشوری دهۆک. سێهەم: بە هەمان شێوەی بەشەکانی تری عێراق، کوردستانیش پێویستی بەو دارانە هەیە کە بە رێژەیەکی زۆر کەم لە ئاو دەوێت و بەرگەی وشکی و پلەی گەرمای بەرز ومادەی پیس دەگرێت وەک کالیپتۆز، صەفصاف و ئەسل.
(درەو): دوای ناردنی نامەیەك بۆ كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، لە دووەم هەنگاودا بۆ جێبەجێكردنی بریاری دادگای فیدراڵی لەسەر هەرێم، وەزیری نەوتی عێراق لە بەغداد باڵیۆزی توركیای بانگهێشت كردو دەیەوێت لەرێگەی توركیاوە هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت، عێراق بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم كارتێكی دژی توركیا بە دەستەوەیە كە حوكمی دادگای پاریسەو یەكلابونەوەی ئەم حوكمە بڕی (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو دەخاتە ئەستۆی توركیا. لە توركیاوە بڕیارەكەی دادگا جێبەجێ دەكرێت ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق عەلی رەزا كۆنای باڵیۆزی توركیای لە عێراق بانگهێشت كرد. بەگوێرەی هەوڵی پێگەی فەرمی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە كۆبونەوەكەدا وەزیری نەوتی عێراق باسی لە زیادكردنی هەناردەكردنی نەوتی عێراق كردووە لەرێگای بەندەری جیهانی توركیو چارەسەری كێشە یاساییەكانو پرۆژەو رێككەوتنی نوێ كردووە. خاڵی گرنگو جەوهەری كۆبونەوەكە، گفتوگۆكردن بووە لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە نادەستوریبوونی پرۆسەی نەوتو گازی هەرێمی كوردستان. بەپێی زانیارییەكان، وەزیری نەوتی عێراق بەڕوونی پەیامێكی ئاڕاستەی توركیا كردووە لەبارەی ئەوەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم نایاساییەو پێویستە لیژنە پێكبهێندرێت سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەرێگای كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"وە. وەزیری نەوتی عێراق هۆشداریشی بە باڵیۆزی توركیا داوە، ئەگەر ئەنكەرە پابەندنەبێت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە، ئەوا داوا یاساییەكەی 2015ی بۆ زیندوو دەكرێتەوە كە عێراق لە دادگای پاریس لە دژی توركیا تۆماریكردووە. ئەمە دووەم هەنگاوی وەزارەتی نەوتی عێراقە بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر هەرێمی كوردستان، لە یەكەم هەنگاودا وەزیری نەوت نامەیەكی بۆ كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم ناردو داوای لێكردن بێنە پێشەوەو لەبری حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیای "سۆمۆ" گرێبەستی كاركردنیان لە كێڵگە نەوتییو غازییەكانی هەرێمی كوردستان نوێ بكەنەوە. توركیا چی دەڵێ ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەرپرسانی توركیاو ئیماراتی عەرەبی ئامۆژگاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە، پابەندی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق نەبێتو لە رادەستكردنی نەوتو غاز بە حكومەتی عێراق پەلە نەكاتو كاتەكە درێژ بكاتەوە. لەبارەی كێشەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، توركیا چاوی لە ئیمزاكردنی رێككەوتنێكە لەگەڵ حكومەتی عێراق، ئامادەیە لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا كۆتایی بە مامەڵەی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بهێنێت. حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو لە توركیا دەكات، دۆسیەكە لە دادگا لە یەكلایبوونەوەی نزیكبوەتەوە، عادل عەبدولمەهدی كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرتو دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیاو هەرێمی كوردستان، بەڵام كەیسەكە دانەخراوەو هەڕەشەیە لەسەر توركیا. بەرپرسانی توركیا دەیانەوێت هەر بڕیارێك لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان ببەستنەوە بە چارەسەری ئەو كەیسەوە لەگەڵ عێراق، توركیا دەیەوێت لەبەرامبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغداد، حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا سكاڵاكەی لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر توركیا بكێشێتەوەو رێككەوتنێكی فراوانتر لەنێوان هەردوولا بكرێت كە جگە لە پەیوەندی ئابوری، كەیسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و چەندین دۆسیەی تر نێوان هەردوو وڵات لەخۆی بگرێت. هەرێمو بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی رۆژی 15ی شوباتی ئەمساڵ، دوای (10 ساڵ) چاوەڕوانی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی یاسایی حكومەتی عێراق لەسەر دۆسیەی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوە. كرۆكی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەمشێوەیە: • یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2007 نەوتو غازی هەرێمی كوردستان نادەستورییەو هەڵدەوەشێندرێتەوە. • حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە (رادەستكردن تەواوی بەرهەمی نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانو ناوچەكانی تر، كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم نەوتیان لێ دەردەهێنێت)و رادەستكردنی بە حكومەتی فیدراڵی. • سكاڵاكار مافی ئەوەی هەیە بەدواداچوون بكات بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی كە حكومەتی هەرێمو نوێنەرەكەی سكاڵالێكراو (وەزیری سامانە سروشتییەكان) لەگەڵ لایەنە دەرەكیو دەوڵەتو كۆمپانیاكان سەبارەت بە دۆزینەوەی نەوتو دەرهێنانیو هەناردەكردنو فرۆشتنی ئیمزای كردووە. • پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەی رێگا بە وەزارەتی نەوتی عێراقو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بدات پێداچونەوە بە هەموو ئەو گرێبەستە نەوتییانەدا بكەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرباری هەناردەكردنو فرۆشتنی نەوتو غاز، ئیمزای كردوون، بەمەبەستی وردبینیكردنیانو دیاریكردنی مافە داراییەكانی كە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە، هەروەها پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیدا دیاری بكرێت، بەجۆرێك گەیشتنی بە هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێم گەرەنتی بكات.
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) بەعس لەزۆر ڕووەوە باوکی شەرعی ئەو سیستمە سیاسییەیە کە ئەمڕۆ لە عێراق و لە ھەرێمدا جێگیرکراوە. بڕێکی گەورە لە بەعسیزم لەناو شێوازی بیرکردنەوە و کارکردنی ھێزە گەورەکانی ناو گۆڕەپانی عێراقیدا لەئارادایە، لە پێش ھەمووانەوە لە ھەرێمی کوردستاندا. بەعسیزم لە ھەرێمدا فۆرمی سەرەکیی و مۆدێلی پیادەکراوی شێوازی حوکمڕانیکردن و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتە، بەڵام بە کۆمەڵێک جیاوازیی تایبەتەوە. بڕێک لەو ئەو بۆ چوونەش ڕاستە کە سیستمە سیاسییەکەی ھەرێم، لە چەند ئاستێکدا، لە سیستەمەکەی بەعس جیاوازە، بە تایبەتی لەوەدا کە سیستمی ئەمڕۆکەی عێراق و ھەرێم سیستمی فرەحیزبیی و فرەمیدیاییە، ھەڵبژاردنی چەند ساڵ جارێکی تیادا ئەنجامئەدرێت، دەزگایەک ھەیە ناوی پەرلەمانە و لێرەولەوێش ھەندێک فۆرمی لاوەکیی و شانۆیی لێپرسینەوەی سیاسیی و بەرپرسیارکردن، ھەیە و لەئارادایە. ئەمانە ڕاستن و لەمانەشدا سیستمە سیاسییەکەی ئەمڕۆکە لە بەعسیزمی ساڵانی ھەفتا و ھەشتا و نەوەد جیاوازە. بەڵام لێکچونەکان لە زۆر ئاستی تردا ھێندە گەورە و ھەمەلایەن وایانکردوە نرخێکی ئەوتۆ بۆ بوونی ئەو جیاوازییانە نەمێنێتەوە کە باسمکردن. بە تایبەتی لە ئاستی پێگەی سەرۆکی سیاسیی و پێگەی حیزب و پەیوەندیی نێوان حیزب و دەوڵەت و حیزب و کۆمەڵگادا، لە کۆی ئەم ئاستانەدا ئەوەی ئامادەیە بەعسیزمە لە فۆرمە ھەرە خراپ و ھەرە ترسناکەکەیدا. پێگەی سەرۆک پێگەی ھەرە سەرەکیی و ھەرە بنەڕەتیی ناو ئەزموونی بەعساییانەی حوکمڕانینکردنە. بەعس، بە تایبەتی لە مۆدێلە سەدامییەکەیدا، ئۆرگانێک بوو بە دەوری سەدام حوسەین دا دروستکرابوو. سەدام حوسەین ھەم باڵاترین خاڵ و ھەم سێنتەری حیزبەکە بوو، ھەم بەردی بناغەی پارتەکە و ھەم لەویشەوە بەردی بناغەی دەوڵەتە بەعسییەکە بوو لە عێراقدا. لە ھەردووکیاندا دەسەڵاتی یاسایی و دەرەیاسایی گەورە و ھەمەلایەنی ھەبوو. قسەکانی حوکمی یاسا و ئیرادەی ڕۆڵی دەزگا جێبەجێکەرەکانی دەبینیی. خاڵێکیش نە لەناو حیزب و نە لە دەرەوەی حیزبدا بۆ لێپرسینەوە لەو سەرۆکە و بۆ بەرپرسیارکردنی بوونی نەبوو. لە ساڵانی ھەشتاش بەدواوە، بە پێچەوانەی ساڵانی ھەفتاوە، بەعس لەسەر دەستی سەدام حوسەین دا ڕووی لە بەخێزانی و بنەماڵەییکردنێکی تەواوی دەسەڵات لە عێراقدا، کرد. چ لەناو حیزب و چ لە دەرەوەی حزیبدا کوڕەکانی سەدام حوسەین، نیوەبراکانی، ئامۆزاکانی، خاڵۆزاکانی، زاواکانی، ھاوڕێ و دۆستە ھەرە نزیەکەکانی، ھەموویان، بوون بە کەسە ھەرە بەھێز و دەسەڵاتدارەکانی ناو عێراق و پێگە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ناو حیزبی بەعس و ناو دەوڵەتی عێراقییان گرتەدەست. سەرۆکیش بەجۆرێک پەیوەندییە ناوەکییەکانی ناو ئەم بازنە داخراوەی ڕێکخستبوو کە کۆتایی خۆی، ھەم کۆتایی حیزب و ھەم کۆتایی دەوڵەتەکە و ھەم کۆتایی ئەو بازنە داخراوە، بگەیەنێت. ھەمووشیان شەرعیەتی بوونیان و شەرعیەتی پێگەکانیان لە وەلائەتی بێپرسیارەوە بۆ سەدام حوسەین خۆی، بەدەستبھێنن. سەدام لە دیدی ئەمانەدا ”ئەو خێمە“یە بوو کە ھەموو عێراقی لەژێردا کۆدەبووەوە. ئەو خاڵەبوو کە ھەموویانی بەیەکەوە گرێئەدا و وەک چەترێک بەسەر سەریانەوە ھەڵکرابوو. لە ڕاستیدا سەدام ”مەرجەع“ێکی نادینیی بوو. بە مەرجعەکردنی سەدام حوسەین لەناو بەعس و لەناو دەوڵەتدا، یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەو چەنەبازییە گەورەیەی ئەمڕۆکە لە دونیای ئێمەدا دەربارەی پێداویستیی بوونی مەرجەع لە کوردستاندا دروستبووە. ڕێک وەک سەردەمی سەدام حوسەین، لەشکرێک لە کەسانی موستەفید، باس لە گرنگیی بوونی مەرجەع لە ھەرێمەکەدا دەکەن. سەدام حوسەین بە پلەی یەکەم و زۆربەی جاریش تەنھا بڕوای بەو بازنە داخراوەی دەوری خۆی ھەبوو، بەعس خۆیشی لەوە کەوتبوو پارتێکی سیاسیی خاوەن دەزگای سەربەخۆ و میکانیزمی ناوەکیی ئیشکردنی خۆی بێت، بەڵکو گۆڕابوو بۆ درێژکراوەی دەسەڵاتی شەخسیی سەرۆکی حیزبەکە و دەسەڵاتی ئەو خێزان و بنەماڵە تایبەتە کە سەرۆک نوێنەرایەتی دەکردن. بەعس ھێزی تکریتییەکان بوو. بەھۆی بەحیزبیکردنی بەشێکی گرنگیی بوارەکانی ژیانی ناو کۆمەڵگای عێراقیشەوە، دەسەڵاتی بەعس، کە دەسەڵاتی سەدام حوسەین و بنەماڵە و ھاوڕێکانی بوو، لە زۆربەی شوێن و پێگە و ناوەندە گرنگەکانی ناو کۆمەڵگادا ئامادەبوو. وەکچۆن وێنە و پەیکەرەکانی سەدام حوسەین لە ھەموو شوێنێکدا بوون، ئاواش دەسەڵاتی بەعس لە ھەمووشوێنێکدا ئامادەبوو. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە دەسەڵاتی بەعس بە بەردەوامی یەکسانبووە بە دەسەڵاتی سەرۆکەکەی بەتەنھا، مانای ئەوەش نییە، دەسەڵاتی سەدام حوسەین لەناو ھەموو ئەو خانە و بازنە و ئۆرگانە جیاوازانەدا ئامادەبوو کە لە کۆمەلگای عێراقیدا بەعس چووبوە ناویانەوە. ئاخر سەرجەمی ئەو خانە و بازنە و ئۆرگانانە پێویستیان بە کەسانی تری بەعسیی ھەبوو بۆ ئیشپێکردن و خستنەگەڕیان، پێویستیان بە لەشکرێک لە کاردر و چالاکەوانی بەعسیی ناوچەیی و تایبەت ھەبوو، کە ئەمانیش بە پلەی جیاواز زەوق و خواست و ویست و مەسڵەحەتی شەخسی خۆیان ئاراستەی دەکردن. بەسەریەکەوە بەعس وەک حیزب بووبوو بە ماشێنێکی گەورەی کۆنترۆڵ و دیسپلین و چاودێریکردن، چاودێریکردنی ھەمووشتێک لە وڵاتەکەدا، لە چاودێریکردنی حیزب خۆیەوە بیگرە بۆ چاودێریکردنی تاکەکەس و کۆمەڵگا، بە تێپەڕین بەناو چاودێریکردنی دەوڵەت خۆشیدا. خاڵێکی گرنگی تر لە باسکردنی پێگەی سەدامدا وەک سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی حیزب، بریتییە لەو توانا مادیی و ئابورییەی لەبەردەستیدابوو، توانایەک بە ھۆیەوە دەیتوانی کەسانێکی زۆر بکڕێت و بیانخاتە خزمەتی خواست و ویستەکانی خۆیەوە. ئەو توانا مادییە توانای دروستکردنی تۆڕێکی گەورە و تایبەتی لە کەسانی مەسڵەحەتخوازی بەدەوری سەدامدا مەیسەرکرد. لەڕێگای دەستگرتن بەسەر خودی دەوڵەت خۆیشیدا، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دەوڵەتیشی، بەکاردەھێنا بۆ بەبەعسیکردنی کۆمەڵگا و بەبەعسییکردنی بەشێکی گەورەی دەرکەوتە جیاوازەکانی ژیان لە عێراقدا. بەعس، واتە سەرۆک و بازنەکەی دەوروبەری، بڕیاریان ئەدا کێ کۆنتراکتەکانی دەوڵەت وەربگرێت؟ کێ پێگە بیرۆکراسییە سەرەکییەکان پڕبکاتەوە؟ کێ سودمەندبێت لە چالاکییە ئابورییەکان؟ کێ بچێتە کام پێگەوە و کێش سزابدرێت و دووربخرێتەوە. ھەموو ئەم بڕیارانەش بەناو فلتەری دەسەڵات و فلتەری وەلائەت بۆ بەعس و بۆ سەرۆکەکەیدا، تێدەپەڕین. خاڵێکی سەرەکیی کە ئاکاری ژمارە یەکی دەسەڵاتی سەدام حوسەینی وەک سەرۆک دەستنیشاندەکرد، ئەوەبوو لە ھەموو عێراقدا دەزگایەک یان ناوەندێک یان میکانیزمێک، بوونی نەبوو توانای لێپرسینەوەی لە سەدام حوسەین ھەبێت، شتێک بوونی نەبوو بتوانێت لە بڕیار و کردەوەکانی بپرسێتەوە. تاقە شوێنێک کە سەدام بۆ دەرکردنی یاسا پێویستیی پێبوو، ”مەجلیسی قیادەی سەورە“بوو. ئەویش، وەک مەکتەبی سیاسیی پارتە حوکمڕانەکانی ھەرێم، ئەندامەکانی لە بەردەم سەدام حوسەین خۆیدا، بوونەوەری بێئیرادە و بێزمان و بێتوانابوون. ئیشی ژمارە یەکیان ئەوەبوو سەرۆک ڕازیبکەن و نەھێڵن دڵی عاجزببێت. یان گوێی لە شتێک بێت پێیناخۆشبێت.
شیكاری: درەو داهاتی گشتی نەوتی هەرێم لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بەڕێژەی (42%) زیادی کردووە بەراورد بە چوار مانگی یەکەمی (2021). بەجۆرێک داهاتەکە لە (2 ملیار و 536 ملیۆن) دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ (4 ملیار و 341 ملیۆن) دۆلار. بەهان شێوە، ئەو داهاتەشی دوای لێدەکردنی خەرجییەکان گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم بە ڕێژەی (42%) زیادی کردووە بەراورد بە چوار مانگی یەکەمی (2021). بەجۆرێک داهاتی گەڕاوە لە (1 ملیار و 142 ملیۆن) دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ(1 ملیار و 970 ملیۆن) دۆلار. یەکەم: داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە (1ی کانونی دووەم بۆ 1ی نیسان)ی ساڵی 2021 بەپێی ئەو ئامارانەی ڕێکخراوی دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بڕی (50 ملیۆن و 644 هەزار و 230) بەرمیل نەوتی تەنها بە بۆری لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە (دوای پاککردنەوەو لێدەرکردنی خڵتەو خەوش و ئاو لەو نەوتەی هەناردە کراوە)، هەر بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیاکە ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە نزیکەی (50) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. واتە کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (2 ملیار و 536 ملیۆن و 358 هەزار و 78) دۆلار، بەڵام بە تێکڕا (54.6%)ی ئەو داهاتە چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە کە بڕەکەی بریتییە لە (1 ملیار و 394 ملیۆن و 149 هەزار و 925) دۆلار، بەم پێیەش (45.4%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (1 ملیار و 142 ملیۆن و 208 هەزار و 154) دۆلار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بەم شێوەیە دەبێت. 1. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە مانگی کانونی دووەمی 2021 بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکە حکومەتی هەرێم لە مانگی کانونی دووەمی (2021) بڕی (12 ملیۆن و 273 هەزار و 995) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (43.45) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (54.77) دۆلار بووە، واتە حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (11.32) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە. بەم پێیەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (533 ملیۆن و 268 هەزار و 261) دۆلار، بە تێکڕا زیاتر لە (48%)ی ئەو داهاتە چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە کە بڕەکەی بریتییە لە (257 ملیۆن و 21 هەزار و 772) دۆلار، واتە نزیکەی (52%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (276 ملیۆن و 246 هەزار و 489) دۆلار. 2. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە مانگی شوباتی 2021 بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت حکومەتی هەرێم لە مانگی شوباتی (2021) بڕی (12 ملیۆن و 152 هەزار و 497) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە زیاتر لە (50) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی زیاتر لە (62) دۆلار بووە، واتە حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (12) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە بەراورد بە نرخە جیهانییەکە. بەم پێیەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (608 ملیۆن و 815 هەزار و 795) دۆلار، بە تێکڕا زیاتر لە (55%)ی ئەو داهاتە چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە کە بڕەکەی بریتییە لە (355 ملیۆن و 303 هەزار و 819) دۆلار، واتە نزیکەی (45%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (273 ملیۆن و 511 هەزار و 976) دۆلار. 3. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە مانگی ئازاری 2021 بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت حکومەتی هەرێم لە مانگی ئازاری (2021) بڕی (13 ملیۆن و 18 هەزار و 30) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە زیاتر لە (53) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی زیاتر لە (65) دۆلار بووە، واتە حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (12) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە بەراورد بە نرخە جیهانییەکە. بەم پێیەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (691 ملیۆن و 244 هەزار و 375) دۆلار، بە تێکڕا زیاتر لە (57.6%)ی ئەو داهاتە چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە کە بڕەکەی بریتییە لە (398 ملیۆن و 252 هەزار و 151) دۆلار، واتە نزیکەی (42.4%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (292 ملیۆن و 992 هەزار و 223) دۆلار. 4. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە مانگی نیسانی 2021 بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت حکومەتی هەرێم لە مانگی ئازاری (2021) بڕی (13 ملیۆن و 199 هەزار و 708) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە زیاتر لە (53) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی زیاتر لە (64) دۆلار بووە، واتە حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (11) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە بەراورد بە نرخە جیهانییەکە. بەم پێیەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (703 ملیۆن و 29 هەزار و 648) دۆلار، بە تێکڕا زیاتر لە (57.4%)ی ئەو داهاتە چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە کە بڕەکەی بریتییە لە (403 ملیۆن و 572 هەزار و 182) دۆلار، واتە نزیکەی (42.6%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (299 ملیۆن و 457 هەزار و 466) دۆلار. دووەم: داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە (11ی کانونی دووەم بۆ 1ی نیسان)ی ساڵی 2022 بەپێی ئەو ئامارانەی لای درەو میدیایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڕی (49 ملیۆن و 56 هەزار) بەرمیل نەوتی تەنها بە بۆری لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە زیاتر لە (88) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. واتە کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (4 ملیار و 341 ملیۆن و 348 هەزار و 280) دۆلار، بەهەمان پێوەری داتاکانی ساڵی (2021)ی کۆمپانیای دیلۆیت بە تێکڕا (54.6%)ی داهات چووە بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت، ئەگەر هەمان ئەو بڕەش لە خەرجی بۆ مانگەکانی ساڵی (2022) بە پێوەر وەربگرین، ئەوا بڕی خەرجییەکە بریتییە لە (2 ملیار و 370 ملیۆن و 376 هەزار و 161) دۆلار، بەم پێیەش (45.4%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (1 ملیار و 970 ملیۆن و 972 هەزار و 119) دۆلار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بەم شێوەیە دەبێت. 1. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە مانگی کانونی دووەمی 2022 بەپێی زانیارییەکانی درەو حکومەتی هەرێم لە مانگی کانونی دووەمی (2022) بڕی (12 ملیۆن و 860 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (75.51) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (86.51) دۆلار بووە، واتە حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (11) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەم پێیەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (971 ملیۆن و 58 هەزار و 600) دۆلار، بە تێکڕا (54.6%)ی ئەو داهاتە چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە (بەهان پێوەری ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ ساڵی (2021)) کە بڕەکەی بریتی دەبێت لە (530 ملیۆن و 197 هەزار و 996) دۆلار، (45.4%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (440 ملیۆن و 860 هەزار و 604) دۆلار. 2. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە مانگی شوباتی 2022 بەپێی زانیارییەکان حکومەتی هەرێم لە مانگی شوباتی (2022) بڕی (11 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، بەپێی خەمڵاندنەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (86.13) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی زیاتر لە (97.13) دۆلار بووە، واتە حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (11) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە بەراورد بە نرخە جیهانییەکە. بەم پێیەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (981 ملیۆن و 882 هەزار) دۆلار، بە تێکڕا (54.6%)ی ئەو داهاتە چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە کە بڕەکەی بریتییە لە (536 ملیۆن و 107 هەزار و 572) دۆلار، واتە (45.4%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (445 ملیۆن و 774 هەزار و 428) دۆلار. 3. هات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە مانگی ئازاری 2022 بەپێی زانیارییەکانی درەو حکومەتی هەرێم لە مانگی ئازاری (2022) بڕی (11 ملیۆن و 180 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (100.88) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (117.70) دۆلار بووە، واتە حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە نزیکەی (17) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە بەراورد بە نرخە جیهانییەکە. بەم پێیەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (1 ملیار و 127 ملیۆن و 838 هەزار و 400) دۆلار، بە تێکڕا (54.6%)ی ئەو داهاتە چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە کە بڕەکەی بریتییە لە (614 ملیۆن و 799 هەزار و 766) دۆلار، واتە (45.4%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (512 ملیۆن و 38 هەزار و 634) دۆلار. 4. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە مانگی نیسانی 2022 باڵپشت بە زانیارییەکان حکومەتی هەرێم لە مانگی ئازاری (2022) بڕی (13 ملیۆن و 616 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە زیاتر لە (92.58) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی بەتێکڕا (104.58) دۆلار بووە، واتە حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (12) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە بەراورد بە نرخە جیهانییەکە. بەم پێیەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە بڕی (1 ملیار و 260 ملیۆن و 569 هەزار و 280) دۆلار، بە تێکڕا زیاتر لە (54.6%)ی ئەو داهاتە چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە کە بڕەکەی بریتییە لە (615 ملیۆن و 799 هەزار و 766) دۆلار، واتە بەتێکڕا (45.4%)ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە دەکاتە بڕی (572 ملیۆن و 298 هەزار و 453) دۆلار. سێیەم: بەراوردکردنی داهات و خەرجی و بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە (1ی کانونی دووەم بۆ 1ی نیسان)ی لە ساڵانی 2021 و 2022 1. بەراوردی بڕی نەوتی هەناردەکراو وەک لە هەردوو خشتەی ژمارە (1 و 2) دا هاتبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بڕی (50 ملیۆن و 644 هەزار و 230) بەرمیل نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشراوە. بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بڕەکە دابەزیوە بۆ (49 ملیۆن و 56 هەزار) بەرمیل نەوتی فرۆشراو. واتە هەناردەی نەوتی فرۆشراوی هەرێم بڕی (1 ملیۆن 588 هەزار و 230) بەرمیل کەمی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (1)). چارتی ژمارە (1) 2. بەراوردی نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم وەک لە هەردوو خشتەی ژمارە (1 و 2) دا هاتبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (49.98) دۆلار فرۆشتووە. بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (88.78) دۆلار فرۆشراوە. بەم پێیەش هەر بەرملێکی نەوتی هەرێم بڕی (38.8) دۆلار بەهاکەی زیادی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (2)). چارتی ژمارە (2) 3. بەراوردی داهاتی گشتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم وەک لە هەردوو خشتەی ژمارە (1 و 2) دا هاتبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بە بەهای (2 ملیار و 536 ملیۆن و 358 هەزار و 78) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بڕەی داهاتەکە بەڕێژەی (42%)بەرزبۆتەوە، بەجۆرێک کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو گەیشتووە بە (4 ملیار و 341 ملیۆن و 348 هەزار 280) دۆلار. واتە هەناردەی نەوتی فرۆشراوی هەرێم بەبەهای (1 ملیار و 804 ملیۆن 990 هەزار و 202) دۆلار زیادی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (3)). چارتی ژمارە (3) 4. بەراوردی سافی داهاتی وەرگیراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بە بڕی (1 ملیار و 142 ملیۆن و 208 هەزار و 154) دۆلاری لە فرۆشی نەوتی هەرێمەوە بۆ گەڕاوەتەوە. بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بڕەی داهاتەکە بەڕێژەی (42%)بەرزبۆتەوە، بەجۆرێک سافی داهاتی نەوتی وەرگیراو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بریتی بووە لە (1 ملیار و 970 ملیۆن و 972 هەزار 119) دۆلار. واتە سافی داهاتی نەوتی وەرگیراو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە (828 ملیۆن 763 هەزار و 965) دۆلار زیادی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (4)). چارتی ژمارە (4) 5. بەراوردی خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم بە گوێرەی داتاکانی دیلۆیت (وەک لە خشتەی ژمارە (1)) دا هاتبوو، کۆی خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021)دا گەیشتبوو بە بڕی (1 ملیار و 394 ملیۆن و 149 هەزار و 925) دۆلاری ئەمریکی. بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بڕی بڕی خەرجییەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە زۆر بەرز بووەتەوەو گەیشتووە بە بڕی (2 ملیار و 370 ملیۆن و 376 هەزار 161) دۆلار. واتە خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم بە ڕێژەی (41%) و بەبەهای (976 ملیۆن 226 هەزار و 236) دۆلار زیادی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (5)). چارتی ژمارە (5) سەرچاوەکان؛ 1. راپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی 1ی کانوونی دووەمی 2021 تاکو 31ی ئازاری 2021؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q1%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf 2. راپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی 1ی نیسانی 2021 تاکو 30ی حوزەیران 2021؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q2%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf 3. درەو میدیا، زیانە داراییەکانی فرۆشی نەوتی سەربەخۆ لە چارەکی یەکەمی 2022؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10123 4. درەو میدیا، حكومەت: داهاتی نەوت (ملیارێك و 128 ملیۆن) دۆلار بووە؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10104 5. ئەنوەر کەریم، داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسانی ساڵی 2022، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10230
نەوزادی موهەندیس • ئاشكرایە هەموو وڵاتێك بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێكی بەهێز و ،پێویستە كە هەنگاوی یەكەم ژێر خانی وڵاتەكەی لەهەموو كەرتەكانی(( پیشەسازی و كشتوكاڵ و سەربازی و وزە و پەروەردە و تەندروستی و ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگززاریەكان و ...هتد.))،بەهێز و پتەوبێت بۆئەوەی بتوانێت كە سەرخانی وڵاتەكەشی بەهێز و خۆڕاگر بێت لەبەرامبەر هەر گۆڕانكاری و ڕووداوێكی لەناكاودا.هەر كەرتێك لەو كەرتانە گرنگی و كاریگەری خۆی هەیە وەك كۆڵەكەیەكی بنچینەیی وان بۆ پێكەوەنانی وڵاتێكی گەشەكردوو و پێشكەوتووی بەهێز.بۆئەوەی بتوانێت تا ئەوپەڕی سوود لە سەروەت و سامان و توانا مادی و مرۆییەكانی خۆی وەربگرێت و بیشیخاتە خزمەتی خۆشگوزەرانی كۆمەڵگا و وڵاتەكەیەوە.بۆیە هەر یەكێك لەو كەرتانە ژێر خانی خۆی هەیە و پێویستە بە بەردەوامی كاری پێشخستن و نۆژەنكردنەوە و سازكاری تیادا بكرێت بۆئەوەی بەتوانا و وزەی تەواوی خۆی كاربكات و ئەو بەرهەم و دەسكەوتەی كە چاوەڕوان دەكرێت لێوەی دەستبكەوێت.بۆیە ئەركی حكومەت و دەسەڵاتە كە كاری چاودێری و دابینكردنی بوجەی پێویست بكات بۆ ئەو بوارە،چونكە چەندە ژێر خانی وڵات بەهێز و پتەوبێت هێندەش دەتوانێت هەنگاو بەرەو پێشەوە هەڵبنێت و لەگەڵ هەموو قۆناغ و سەردەم و ڕووداو وگۆڕانكاریەكاندا خۆڕابگرێت و بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت. • لە هەرێمی كوردستانیشدا بەداخەوە لەماوەی 30 ساڵی حوكمڕانی كوردستاندا نەتوانراوە ژێر خانێكی پتەو وبەهێز لەهیچ كام لەو سێكتەرانەدا ئەنجامبدات،هەربۆیەش لە بەرامبەر بچووكترین كارەساتی سروشتیدا وەك بەفر و باران و لافاو و ڕەشەبا و خۆڵبارین و ئاگركەوتنەوەدا گەورەترین زیان بەر ئۆرگان و دامودەزگاكانی و هاوڵاتیانیش دەكەوێت. • ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە كەرتی وزەیە (( بەنەوت و غازی سروشتیەوە)) كە خۆشبەختانە ماوەی 20 ساڵێكە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕوویكردۆتە ئەم كەرتە گرنگ و كاریگەرو پڕ مەترسیەش.و دەستیكردۆتە گەڕان بەدوای نەوت و غازی سروشتی و بیرلێدان و هەڵكەندن و دەرهێنان و فرۆشتنی و پاڵاوتنیشی لەناوخۆ و بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش.لەلایەك ئەم هەنگاوە دڵخۆشكەرە لەبەرئەوەی هەر وڵات و كۆمەڵگایەك خاوەنی سەرچاوە و سامانی سروشتی دەوڵەمەندی خۆی بێت ئەوا پێویستە چاوەڕوانی گەشە و پێشكەوتنی لێبكرێت ئەگەر بە ئیدارە و پلان وئیڕادەیەكی بەهێز و خەمخۆر و زانستیەوە بەڕێوەببرێت.بەڵام لەهەرێمی كوردستاندا بەداخەوە لەماوەی ئەو 20 ساڵەدا نەتوانراوە ئەم كەرتە گرنگ و كاریگەرە وەكو ئەوەی كە پێویست بێت خزمەتبكرێت و بەرەو پێشببرێت و ژێر خانێكی بەهێزی بۆ بنیاتبنرێت بۆئەوەی ببێتە كەرتێكی خاوەن سوود و قازانج و پڕ داهات كە ڕەنگدانەوەی باشی هەبێت لەسەر تەواوی سێكتەرەكانی تریش و ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی كۆمەڵگا و ئاوەدانكردنەوەی زیاتری وڵاتیش.بەڵام بەداخەوە تائێستا ئەوە ڕووینەداوە و بە پێچەوانەوە كەرتی نەوت و غازی سروشتی هەرێمی كوردستان بۆتە مایەی قەرزارباری و ململانێی ناوخۆی و ناوچەیی و ڕاوەستانی هەموو گەشە و پێشكەوتنێكی ئەم هەرێمە. • ژێر خانی كەرتی وزە((نەوت و غازی سروشتی )) بریتین لە چی؟ ئاشكرایە ژێر خانی كەرتی وزە بەشێوەیەكی گشتی لەهەموو وڵاتێكدا چەند سێكتەر و بوار دەگرێتەوە كە بەبێ بوونی ئەو دامەزراوانە ناتوانرێت كەرتی وزە پێشبخرێت و بخرێتە خزمەتی گەشە و پێشكەوتنی وڵات و كۆمەڵگاوە ،جا ئەو ژێر خانانە بریتین لەهەریەكە لە : 1. كێڵگە نەوتیەكان: كە پێویستە بەشێوەیەكی زانستی و وورد و ئایندەبینی كێڵگەی نەوتی لەوڵاتدا كاری (( ڕووپێوی و گەڕان و لێدانی بیر ودەرهێنانی نەوتی و غازی سروشتیەكە و تێكردنی ئاو بۆ ناو بیرەكان)) ئەنجامبدرێت،گەر بكرێت بەتوانای خۆماڵی و ئەگەر نەشتوانرا ئەوا بەهاوكاری و یارمەتی كۆمپانیا بە ئەزمون و شارەزاكانی جیهانی ئەو كارە بكرێت. 2. تۆڕی بۆری گواستنەوە: ئەمەش یەكێكە لەو ژێرخانە زۆر گرنگانەی كەرتی وزە،چونكە بەبێ بوونی تۆڕێكی بەربڵاو و فراوان و هەمەجۆر و سەربەخۆ لەیەكتر ناتوانرێت نەوت و غازی سروشتی لە كێڵگە نەوتیەكانەوە بگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەكانی ناوخۆ یان بۆ هەناردەكردنی لە ڕێگەی دەریاوە بێت یان وشكانیەوە.بۆیە بونی تۆڕێكی بۆری گواستنەوە ئەركێكی سەرەتایی و پێشەنگی دامەزراندنی ژێرخانی كەرتی نەوتە. 3. دامەزراندنی بینا و دامەزراوەی نەوتی سەرخان: وەك پاڵاوگە و یەكەكانی چارەسەری بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نەوتی خاو و لابردن و خاوێنكردنەوەی لە خەوش و توخمە نانەوتیە زیانبەخشەكان وەكو ((قوڕ و لیتە و ئاو و كانزا و خوێكان و ...هتد.))كە هەموانیان زیان بە جۆر و كوالێتی نەوت و غازی سروشتیەكە دەگەیەنن. 4. كۆگای هەڵگرتن: یەكێكە لە خاڵە سەرەكی و بنەڕەتیەكانی ژێر خانی كەرتی نەوت،بەشێوەیەك كە هێندە توانای هەڵگرتنی ((نەوتی خاو یان بەرهەمە نەوتیەكان تری )) هەبێت لانی كەم بەشی 3 ڕۆژی بڕی هەناردەی نەو ت بكات بۆ دەرەوە یان لانی كەم توانای هەڵگرتنی بەرهەمە ناوخۆییەكانی وەكو((بەنزین و گازۆیل و نەوتی سپی و زەیتەكان و ...هتد.)) لانی كەمی 1 مانگی هەبێت،بۆئەوەی لەكاتی ڕووداوو و یان گرفتێكی تەكنیكیدا وڵات تووشی ڕاوەستاندنی پڕۆسەی هەناردەكردن نەبێتەوە كە دەبێتە هۆی كەمبونەوەی داهات و دروستبوونی كێشەی دارایی بۆ دابینكردنی خەرجیەكانی وڵات. 5. سەكۆكانی باركردن و هەناردەكردن: ئەم سەكۆیانە بەتایبەتی لەسەر دەروازە ئاوەیەكان دەبێت كە زەرورە بەشێوەیكی پێشكەوتوو كاری تیادا بكرێت و دابمەزرێت چونكە ئەم ژێر خانە بریتیە لە كۆتا فۆناغی هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت و غازی سروشتی .بۆیە گەر ئەم ژێرخانە كێشە یان گرفنێكی بۆ دروست ببێت ،ئەوا دەبێتە هۆی ڕاوەستانی پڕۆسیی فرۆشتن و باركردن و هەناردەكردن كە ئەمیش كاریگەری دەكاتە سەر داهات و فرۆشتن و وڵاتیش زیانی گەورەی پێدەگات. • بۆیە گەر بمانەوێت ژێر خانێكی پتەو و بەهێز بۆ كەرتی وزە((نەوت و غازی سروشتی )) هەرێمی كوردستان دابمەزرێنین، ئەوا پێویستە كە هەموو ئەو خاڵانەی لای سەرەوە بنیاتبنێین بەشێوەیەكی تۆكمە و بە تەكنەلۆژیای سەردەم.جا بۆ ئەو پێكەوەنانەی ژێر خانە نەوتیە پێویستە و ئەركی حكومەتی هەرێمە كە ئەم هەنگاوانەی لای خوارەوە هەڵبنێت: • ئەركەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان 1.بودجەی پێویستی بۆ دابینبكات: چونكە كەرتی نەوتی بەهێندەی داهاتەكەی پێویستی بە خەرجی گەورەشە و چەندە خزمەت بكرێت لەڕووی چاودێری و پارێزگاریكردن وسازكاری و پێشخستن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزرایەكانی ((ئاو و كارەبا و ڕێگاوبان و ...هتد.))، هێندەش دەتوانێت داهات و دەسكەوت بداتەوە بۆ وڵات.كەواتە نابێت حكومەتی هەرێم لەم كەرتەدا دەستبگرێتەوە،بەڵكو پێویستە بەبەردەوامی بودجەی پێویستی بۆ دابینبكات. 2. كاركردن لەگەڵ كۆمپانیاكاندا: ئەو كارانەی كە لەتوانای خۆیدا نیە كە جێبەجێیان بكات،پێویستە لەڕێگەی گربَبەستی تۆكمە و شەفافەوە دوور لەگەندەڵی و دەسكەوتی كەسی و حیزبی بەپلانی زانستی و واقعیانەوە،لەگەڵ كۆمپانیای بەناوبانگ و بەئەزموون و شارەزا كاری جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە ئەنجام بدات. * ئامانج لە پێكەوەنانی ژێر خانێكی بەهێز لەكەرتی نەوتدا چیە؟ 1. زیادكردنی بڕی بەرهەمی نەوت و غازی سروشتی :هەموو ئەو پڕۆژانەی كە ئەنجامدەدرێن و دەبنە ژێرخانی كەرتی نەوت،ئامانج لێیان بریتیە لە زیادكردنی بڕی بەرهەمی نەوت و غازی سروشتی،چونكە چەندە بڕەكەیان زیاتر بێت هێندەش دەبنە سەرچاوەی داهات و دەوڵەمەندبوونی حكومەت و لەو ڕێگەیەشەوە كۆمەڵگا خۆشگوزەران و وڵاتیش ئاوەدانتر دەبێتەوە و دیاردەكانی بێكاری و هەژاری و برسێتی و تاوان و كۆچكردن و نەخۆشی و ...هتد.نامێنن و كەمبدەبنەوە و حكومەتیش لای زیاتر دەكاتەوە بەلای پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكان و جێبەجێكردنی پڕۆژە ئەندازیاری و ئاوەدانیەكان و تەواوی سێكتەرەكانی ژیان. 2. ئاسانترین میكانیزم بۆ پڕۆسەی فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت و غازی سروشتی : ئامانجێكی تری پێكەوەنانی ئەم ژێرخانە، بریتیە لەوەی كە بە ئاسانترین میكانیزم پڕۆسەی فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت و غازی سروشتی وڵات بەڕێوە بچێت،چونكە چەندە كرداری گواستنە و گەیاندن و باركردن ئاسابێت ئەوەندەش كڕیار زیاتر دەبێت بۆ بەرهەمە نەوتیەكان و بەمەش وڵات قازانجی زیاتر دەكات و داهات و دەسكەوتی زیاتر وەدەستدێنێت. * لەكۆتایدا،گرنگە حكومەتی هەرێم كە ماوەی 20 ساڵە دەستیكردۆتە دەرهێنان و فرۆشتن و گرتنبەری سیاسەتی سەربەخۆی ئابوری،كە بەداخەوە تائێستا نەوت، بۆتە تاكە سەرچاوەی گەورە و گرنگ بۆ داهاتی وڵاتەكەمان و هەموو سێكتەرەكانی تر چاوەڕوانی ئەم كەرتە دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن بودجەی پێویستیان بۆ دابینبكرێت و بەرنامە وكارەكانی خۆیان جێبەجێبكەن.هەربۆیە گرنگە كە حكومەتی هەرێم كە لەسەرەتای كاروان و قۆناغی گەشەپێدانی كەرتی وزەی كوردستاندایە،هەر لەسەرەتاوە بە پلانێكی تۆكمەی زانستی بكەوێتە خۆ بۆ بونیاتنانی ژێرخانی نەوتی كەرتی وزە لە كوردستاندا،چونكە بەبێ پێكەوەنانی ئەم ژێرخانە كارێكی سەخت دەبێت بۆ ئایندە بەڕاست و دروستی بتوانین داهات و قازانجی گەورەتر وەدەستبێنین،بەڵكو هەر بەم شێوەیەی ئێستامان دەكەوینە ژێر قەرزی كەڵەكەبووی زیاتر و ڕەحمەتی كۆمپانیا نەوتیەكانەوە.وناتوانین نەوت و غازی سروشتیەكەمان بكەینە نیعمەت و هەر بەنیقمەت و سەرەخۆرەی میلەت و وڵاتەكەشمان دەمێنێتەوە.
(درەو): وەزارەتی نەوتی عێراق لەڕێگەی كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی بواری پارێزەرایەتییەوە داوای لە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە گرێبەستی كاركردنی خۆیان لەگەڵ كۆمپانیای (سۆمۆ) نوێ بكەنەوە، ئەگەر ئەمە نەكەن، حكومەتی عێراق رێوشوێنی یاسایی تر لە دژیان دەگرێتەبەر. ئەو كۆمپانیایانەی بواری نەوتو غاز كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە داوایان لێكراوە لەبری حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) گرێبەستی نوێ ئیمزا بكەن. ئەمە هەوڵێكی نوێی حكومەتی عێراقە بۆ كۆنترۆڵكردنی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان. رۆژی 7ی ئایاری رابردوو ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، دوای شكستهێنانی گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی هەرێم، وەزارەتی نەوت دەست بە جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی دەكات، بڕیارێك كە شوباتی ئەمساڵ دەرچوو، تێیدا یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستان هەڵوەشێندرایەوەو داوای ئەوە دەكات هەرێم نەوتو غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات. بەپێی هەواڵی ئاژانسی رۆیتەرز، وەزارەتی نەوتی عێراق كۆمپانیایەكی بواری پارێزەرایەتی نێودەوڵەتی داناوە بەناوی كۆمپانیای (كلیری جوتلیب ستین ئەند هاملتون) بۆ پەیوەندیكردن لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی بواری نەوتو غاز كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، ئەمە بۆ ئەوەیە كۆمپانیاكان كارەكانیان بەجۆرێك رێكبخەنەوە كە لەگەڵ یاسای كارپێكراوی عێراقدا گونجاو بێت. رۆیتەرز كە دەڵی خۆی نوسراوەكەی وەزارەتی نەوتی عێراقی بینیوە، باسلەوە دەكات لە نوسراوەكەدا هاتووە" جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی پێویستی بە ئەنجامدانی گۆڕانكاریی هەیە لە گرێبەستی كۆمپانیاكاندا". ئاژانسەكە لە زاری سەرچاوەیەكەوە ئاماژەی بەوەكردووە" كۆمپانیاكانی تریش نوسراوەكەی وەزیری نەوتیان بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەدەستگەیشتووە". مەسرور بارزانی كە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستاند دەكات، بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ رادەستكردنی نەوتو غاز رەتدەكاتەوە. لەدوای هەڕەشەكەی وەزیری نەوتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵیی، ئەمە یەكەم نوسراوە كە وەزارەتی نەوت ئاڕاستەی كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی دەكات، راوێژكارێكی یاسایی لە وەزارەتی نەوتی عێراق كە بەمەرجی ئەوە قسەی بۆ (رۆیتەرز) كردووە ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، وتویەتی: لیژنەی هاوبەشی حكومەت كە نوێنەرانی وەزارەتی نەوت (لەناویاندا وەزیری نەوتو كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق)و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ لەخۆدەگرێت، پێداچونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمدا دەكەنو ئامانج لەمەش ئەوەیە ئیمزاكردنی كۆتایی گرێبەست لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا بێت نەك حكومەتی هەرێم. رۆیتەرز پەیوەندی بە كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوتەوە كردووە لە هەرێمی كوردستان لەوانە (گەنەڵ ئینێرژی)و (شیفرۆن)و (گلف كیستۆن) هەروەها پەیوەندی بە كۆمپانیای بواری پارێزەرایەتی (كلیری جوتلیب)ەوە كردووە، بەڵام كەسیان ئامادەنەبوون قسە لەبارەی ئەم بابەتەوە بكەن، هەروەك وەزارەتی نەوتی عێراقو كۆمپانیای (DNO)ی بواری نەوتو غازیش ئامادەنەبوون قسە بكەن. بەڵام بەرپرسێك لە وەزارەتی نەوتی عێراق وتویەتی، وەزارەت هێشتا هیچ وەڵامێكی لەلایەن كۆمپانیا پەیوەندیدارەكانەوە پێنەگەیشتوەتەوەو ئەگەر وەڵام نەدەنەوە رێوشوێنی یاسایی زیاتر دەگیرێتەبەر، بەبێ ئەوەی باسی وردەكاری رێوشوێنە یاساییەكانی تر بكات. نوێنەری یەكێك لە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بە ئاژانسەكەی راگەیاندووە، بەبێ هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت بەشێوەی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد گفتوگۆ ناكەن.