داهات و خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (2022)دا
2023-01-03 06:09:41
شیكاری: درەو
داهات و خەرجی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 1/1/2022 – 31/12/2022؛
🔹 پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بریتیی بووە لە (7 ترلیۆن و 898 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار.
🔹 لە سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتیەوە (گومرگ، باج، ڕەسم، هاریکاری هاوپەیمانان و پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق) حکومەتی هەرێم (5 ترلیۆن و 178 ملیار) دینار داهاتی هەبووە.
🔹 کۆی داهاتی (نەوتی و نانەوتی) بریتی بووە لە (13 ترلیۆن و 76 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار.
🔹 کۆی خەرجی (11) موچەی موچەخۆران و خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 210 ملیار) دینار.
🔹 حکومەتی هەرێم بڕی (1 ترلیۆن و 866 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار سەرڕێژی داهاتی هەبووە (داهاتی زۆرتر بووە لە خەرجی).
یەکەم؛ پوختەی داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1/1/2022 – 31/12/2022
پاڵپشت بە زانیارییەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وربینی نەوتی هەرێم هەردوو چارەکی یەکەم و دووەم (نیوەی یەکەم)ی 2022، پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم، دوای لێدەکردنی خەرجی نەوت و دانەوەی بەشێک لە قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم، بڕی؛ (2 ملیار و 915 ملیۆن و 826 هەزار و 507) دۆلار گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرامبەرە بە (4 ترلیۆن و 227 ملیار و 948 ملیۆن و 435 هەزار و 150) دینار ئەگەر هەر (1) دۆلارێک بەرامبەر بە (هەزار و 450) دینار بێت.
ئەمە لە کاتێکدایە تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان لە ماوەی ناوبراودا، بریتی بووە لە (106.92) دۆلار ، حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی بە (93.56) دۆلار فرۆشتووە، واتە بە زیاتر لە (13) دۆلار کەمتر نەوتی هەرێم فرۆشراوە.
بۆ نیوەی دووەمی ساڵی (2022) تا ئێستا حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای دیلۆیت هیچ زانیارییەکی ئەوتۆیان لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێمەوە بڵاو نەکردووەتەوە، بۆیە ئەگەر حکومەتی هەرێم بە هەمان ئاستی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ نەوتی فرۆشتبێت و بەهەمان بڕی نیوەی یەکەم خەرجی پرۆسەی نەوت بووبێت کە (56%)ە، ئەوا داهاتی نیوەی دووەم کەمتر دەبێت لە نیوەی یەکەم چونکە تێکڕای نیوەی دووەمی ئەمساڵ بەراورد بە نیوەی یەکەم هەر بەرمیلێک نەوت بە ڕێژەی (13.18%) بەهاکەی لەدەستداوەو تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت (94.59) دۆلار بووە، بۆیە حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی بە (13.36) دۆلار کەمتر فرۆشتووە. بەم پێیەش پوختەی داهاتی نەوتی هەرێ لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ بەڕێژەی (13.18%) کەم دەکات و دەگاتە (2 ملیار و 531 ملیۆن و 606 هەزار و 57) دۆلاری داهاتی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرامبەرە بە (3 ترلیۆن و 670 ملیار و 828 ملیۆن و 782 هەزار و 47) دینار ئەگەر هەر (1) دۆلارێک بەرامبەر بە (هەزار و 450) دینار بێت.
کەواتە کۆی پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە 1/1/2022 – 31/12/2022 بریتییە لە (5 ملیار و 447 ملیۆن و 432 هەزار و 564) دۆلار گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرامبەرە بە (7 ترلیۆن و 898 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار ئەگەر هەر (1) دۆلارێک بەرامبەر بە (هەزار و 450) دینار بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
خشتەی ژمارە (1)
دووەم؛ کۆی داهاتی نانەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1/1/2022 – 31/12/2022
حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە داهاتی نەوت (5) سەرچاوەی داهاتی نانەوتی هەیە کە بریتین لە (گومرگ، باج، ڕەسم، هاریکاری هاوپەیمانان و پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق) کۆی ئەم داهاتانەش لە تەواوی ساڵی (2022) بەم شێوەیە بووە؛
1. داهاتی گومرگ؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (140 ملیار) دیناری لە داهاتی گومرگەوە دەست دەکەوێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (1 ترلیۆن و 680 ملیار) دینار.
2. داهاتی باج؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (60 ملیار) دیناری لە داهاتی باجەوە دەست دەکەوێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (720 ملیار) دینار.
3. داهاتی ڕەسم؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (200 ملیار) دیناری لە داهاتی ڕەسمەوە دەست دەکەوێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (2 ترلیۆن 400 ملیار) دینار.
4. هارکاری هاوپەیمانان؛ لەلایەن هاوپەیمانانەوە مانگانە بڕی (31.5 ملیار) دینار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە خەرج دەکرێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (378 ملیار) دینار.
5. پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق؛ لە ساڵی (2022)دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەی ڕاستەوخۆ هیچ بڕە بودجە و پشک و سلفەیەکی لە حکومەتی ناوەندی وەرنەگرتووە.
کەواتە کۆی داهاتی نانەوتی لە تەواوی (2022)دا بەسەرجەم سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتییەوە بریتی بووە لە (5 ترلیۆن و 178 ملیار) دینار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))
خشتەی ژمارە (2)
سێیەم؛ کۆی خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1/1/2022 – 31/12/2022
بەشی هەرە گەورەی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، پاشان لە داهاتی گشتی مانگانە بڕێک بۆ خەرجی بۆ بەگەڕخستنی وەزارەتەکان دابین دەکرێت بە جۆرێک؛
1. خەرجی موچە؛ کۆی خەرجی موچەی موچەخۆران مانگانە پێویستی بە (910 ملیار) دینارە، حکومەتی هەرێم لە تەواوی ساڵی (2022) تەنها (11) موچەی خەرجکردووە ، بەم پێیەش کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی بۆ خەرجی دابینکردنی موچە ڕۆشتووە بریتیە لە (10 ترلیۆن و 10 ملیار) دینار.
2. خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان؛ حکومەتی هەرێمی مانگانە بڕی (100 ملیار) دینار بۆ دابینکردنی خەرجی وەزارەتەکان تەرخان دەکات و لە تەواوی ساڵەکەدا بڕی (1 ترلیۆن و 200 ملیار) دینار بۆ ئەم مەبەستە بە خەرج دراوە.
کەواتە کۆی خەرجی (11) موچەی موچەخۆران و خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 210 ملیار) دینار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))
خشتەی ژمارە (3)
چوارەم؛ کۆی گشتی؛ داهات، خەرجی و بڕی سەرڕێژی داهاتی هەرێم 1/1/2022 – 31/12/2022
وەک لە بەشەکانی سەرەوە ئاماژەمان پێدا داهات و خەرجی و سەرڕێژی دهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تەواوی ساڵی (2022) دا بەم شێوەیەیە؛
1. کۆی گشتی داهات (نەوتی و نانەوتی) بریتی بووە لە لە (13 ترلیۆن و 76 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار.
2. کۆی خەرجی (11) موچەی موچەخۆرانی هەرێم و خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان لە تەواوی ساڵدا بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 210 ملیار) دینار.
3. کەواتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (1 ترلیۆن و 866 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار سەرڕێژی داهاتی هەبووە (داهاتی زۆرتر بووە لە خەرجی)
بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە (خشتەی ژمارە (4))
خشتەی ژمارە (4)
سەرچاوەکان
- ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ تاکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢٢؛
https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202022/RCOG%20Q1%202022%20Report%20on%20Oil%20and%20Gas%20review.pdf
- ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی نیسانی ٢٠٢٢ تاکو ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢؛
https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202022/FINAL%20Q2%202022%20Public%20Report.pdf
- عومەر گوڵپی، خستنەڕووی داهات و خەرجی حکومەت و چارەنووسی مووچەی مانگی (١٢)ی (٢٠٢٢)، (کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی) 25/12/2022؛
https://www.youtube.com/watch?time_continue=527&v=UfB0-wMrfGg&feature=emb_logo
- Country Economy, Europe Brent Spot Price FOB 2022;
https://countryeconomy.com/raw-materials/brent