نوسراوی شوێنگرەوەی وەزیرەكان گەیشتە پەرلەمان
2023-01-04 18:18:24
درەو:
ئەنجومەنی وەزیران نوسراوی شوێنگرەوەی وەزیرەكانی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كردووە، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو، مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆببنەوەو دواتریش پەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگدان و پەسەندكردنی گۆڕانكارییەكان كۆببێتەوە.
سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: مەسرور بارزانی دەستلەكاركێشانەوەی ئەم وەزیرانەی پەسەندكردووە (شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەو پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداد) و نوسراوی شوێنگرەوەكانیشیانی ناردووە بۆ پەرلەمانی كوردستان بۆ متمانەدان پێیان ئەوانیش:
• رێباز بێركۆتی بۆ شوێنی شۆڕش ئیسماعیل بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل لەژێر فشاری سەرۆكی یەكێتی دەستلەكاركێشانەوەی نوسیوە).
• ئەحمەد كانی بۆ شوێنی پشتیوان سادق بۆ پۆستی وەزیری ئەوقاف (پشتیوان سادق بووە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بۆیە دەستلەكار دەكێشێتەوە)
• ئەحمەد عەسكەری بۆ شوێنی خالید شوانی بۆ پۆستی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری هەرێم و بەغداد (خالید شوانی بووە وەزیری دادی عێراق) .
هاوكات لەگەڵ پەسەندكردنی شوێنگرەوەی وەزیرەكان، لە پارلەمانی كوردستانیش پارتی چەند ئاڵوگۆڕێك دەكات لەوانە:
• هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەستلەكاردەكێشێتەوە، دەبێت لەپەرلەمان پەسەند بكرێت.
• زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەچێتە شوێنەكەی، دەبێت لە پەرلەمان هەڵبژێدرێت.
• لیزا كاكەیی بووەتە ئەندامی سەركردایەتی پارتی و دەستلەكاردەكێشتەوە، پێویستە لەپەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت
• جوان رۆژبەیانی بووەتە ئەندامی ئەحتیاتی سەركردایەتی پارتی و دەستلەكاردەكێشێتەوە، پێویستە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.
پەرلەمانی كوردستان لە ئێستادا لە پشووی پایزەیدایە، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو لەدوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی (ئەگەر بكرێت)، پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەو گۆڕانكارییانە كۆببێتەوە، هەرچەندە بەشێك لە پەرلەمانتاران بەبۆنەی پشووەكانی سەری ساڵەوە لەدەرەوەی وڵاتن و چاوەڕوانی گەڕانەوەیان دەكرێت بۆ كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان.
سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆببنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كێشەكانی نێوانیان، كە كۆمەڵێك فایلی جیاواز لە خۆ دەگرێت، خۆ ئەگەر بیانەوێت سەرجەم كێشەكان چارەسەر بكەن، ئەوا پێویستی بە رێككەوتنێكی گشتگیر هەیە هاوشێوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان كە لە ساڵی 2005 لەلایەن مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانیەوە واژۆی لەسەركرا.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بە (درەو) وت ئەگەری كۆبوونەوە هەیە بەڵام ئەگەری رێككەوتنی تەواوەتی بەدوور دەزانم، چونكە تا ئێستا نیەتێكی جدی نابینرێت بۆ رێككەوتن تەنیا هەڵمەتی راگەیاندنی نێوانیان راگیراوەو بڕیاری گۆڕانكاری پۆستەكان دراوە، بەڵام لەسەر فایلی دارایی و ئەمنی و پرسی هاوكارجاف و دژەتیرۆرو پێشمەرگەو دەسەڵاتەكان و دوو ئیدارەیی و دەیان فایلی تر هەر باسی نەكراوەو قوباد تاڵەبانیش نیەتی گەڕانەوەی نیە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
دوێنێ سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی لە وەڵامی سەعدی ئەحمەد پیرە كە راگەیاندبوو "قوباد تاڵەبانی دەگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران" رایگەیاند: قوباد تاڵەبانی هیچ بڕیارێكی نوێی نەداوە لەبارەی بەشداری كردنی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.
ئەو لێدوانە ئاماژەیەكی روونە كە ئاماژەكانی رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر فایلەكان لاوازن، (درەو) قسەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی كرد ئەوان نەیان شاردەوە كە قوباد تاڵەبانی نیەتی گەڕانەوەی نیە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران هەتا دۆخەكە بەم شێوەیە بێت، چونكە ئەو هیچ هەنگاوێكی جدی نابینێت لەلایەن مەسرور بارزانیەوە بۆ چارەسەری كێشەكان و رێخۆشكردن بۆ كاركردنی هاوبەش بەیەكەوە، مەسرور بارزانی خۆی بڕیار دەدات و بەشی هاوبەشەكانی نەهێشتووەتەوە، سەرچاوەیەكی نزیك لە مەسرور بارزانی بە (درەو)ی راگەیاند: تا ئێستا مەسرور بارزانی بەرەسمی هیچ نیگەرانی و داواكارییەكی لەلایەن قوباد تاڵەبانیەوە پێنەگەیشتووە، بۆیە ئەگەر قوباد تاڵەبانی قسەو گلەیی هەیە با بێت لە ئەنجومەنی وەزیران بیخاتە روو یاخود پێكەوە تابنیشین و گفتوگۆی لەسەر بكەین.
سەرەرای ئەو گۆڕانكارییانەی كە بڕیارە لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت پرسی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەو كشاوەكانیش كەیسێكەو لەبەردەم سەرۆكایەتی پەرلەماندایە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پرسی دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەگەڵ عەلی حەمە ساڵح كە نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردووە، لە كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی بڕیاری لەسەر بدرێت كە لەكۆبوونەوەی تایبەت بە گۆڕانگاریە وزارییەكان بخرێتە دەنگادنەوە، یاخود دوابخرێت بۆ وەرزی یاسادانانی بەهارەی پەرلەمان كە لە 1/3/2023 دەستپێدەكات، هاوكات دۆسیەی پەرلەمانتارە كشاوەكانی (كۆمەڵ و نەوەی نوێ و سەربەخۆ و سی پەرلەمانتاری گۆڕان) بۆ دوابخرێت بۆ كۆتایی پشووی پەرلەمان و دەستپێكردنی وەزری یاسادانانی بەهارەی پەرلەمانی كوردستان، چونكە جگە لە شایان عەسكەری كە دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكرا، ئەوانەی دیكە تا ئێستاش ئەندامی پەرلەمانی كوردستانن.