Draw Media

توركیا لە بەرهەمهێنانی 100 هەزار بەرمیل نزیكبوەتەوە

توركیا لە بەرهەمهێنانی 100 هەزار بەرمیل نزیكبوەتەوە

2023-01-01 15:40:38


راپۆرت: درەو
ئەمساڵ یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی كۆماری توركیایە، ئەردۆغان بەڵێنیداوە لەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لەناوخۆی وڵات بۆ (100 هەزار) بەرمیل بەرزبكاتەوە، ئەم نەوتە كە لە باكوری كوردستان دەردەهێنرێت لەتوانایدایە رێژەی زیاتر لە 10%ی پێداویستی ناوخۆی توركیا پڕبكاتەوە، هەر لەم ساڵدا توركیا دەیەوێت دەست بكات بە بەرهەمهێنانی غاز لە دەریای رەش‌و بەمەش رێژەی 30%ی پێداویستی ناوخۆ پڕبكاتەوە، وردەكاری زیاتر لەبارەی نەوت لە باكوری كوردستان‌و دۆخی وزە لە توركیا لەم راپۆرتەدا. 

100 هەزار بەرمیل.. روانگەی سەدەیەك !
فاتح دۆنماز وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، توركیا لە ئامانجەكەی نزیكبوەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی (100 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەردوو كەرتی گشتی‌و تایبەتدا. 
وەزیری وزەی توركیا دەڵێ" ئەم بڕەی وەبەرهێنانی نەوت ئەو قەبارەیە كە لەچوارچێوەی روانگەی سەدەی توركیادا دیاریكراوە". 
"سەدەی توركیا" مەبەست لەو روانگەیە كە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رایگەیاند‌و تێیدا بەرنامە‌و ئامانجەكانی توركیای بۆ ئەم سەدە خراوەتەڕوو. 

نەوتی كوردستان.. چەكی دەستی ئەردۆغان
ناوەڕاستی مانگی رابردوو ئەردۆغان دۆزینەوەی كێڵگەیەكی نەوتی لە چیای (گابار) لە ناوچەی (شرناخ)ی باكوری كوردستان راگەیاند، ئەم كێڵگەیە لە (4) بیرە نەوت پێكدێت‌و بەرهەمی رۆژانەی ئەم بیرانە لەئێستادا (5 هەزار) بەرمیلە.
بەپێی خەمڵاندنەكانی ئەردۆغان، یەدەگی نەوتی بیرەكانی شرناخ قەبارەكەی (150 ملیۆن) بەرمیلە‌و كوالیتییەكەی زۆر بەرزە، بەهای نەوت لەم كێڵگەی باكوری كوردستاندا بە نزیكەی (12 ملیار) دۆلار ئەژمار دەكرێت. 
هەر لە ساڵی 2022دا توركیا دۆزینەوەیەكی تری یەدەگی نەوتی لە ناوچەی (چوكورۆڤا) راگەیاند كە مەزەندە دەكرێت ئاستی یەدەگی نەوت تێیدا بگاتە (8 ملیۆن) بەرمیل. 
پێنج ساڵ لەمەوبەر بەر كە هێشتا ئەنكەرە پلانی گەڕانی بەدوای نەوتدا نەخستبووەگەڕ، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە توركیا رۆژانە تەنیا (40 هەزار) بەرمیل بوو، بەڵام ئێستا بەگشتی توركیا رۆژانە نزیكەی (65 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت‌و بەپێی قسەی هەندێك لە میدیاكانی ئەو وڵاتە، حكومەت‌و كەرتی تایبەت ئێستا بە تێكڕا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە رۆژێكدا بۆ (80 هەزار) بەرمیل بەرزكردوەتەوە. 
بەمدواییە ئەردۆغان وتی" ئامانجمان ئەوەیە لە ساڵی 2023دا كە یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی كۆماری توركیایە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 100 هەزار بەرمیل بەرزبكەینەوە".
بۆ وڵاتێكی وەكو توركیا كە هاوردەكردنی وزە لە دەرەوە باری سەرشانی بودجەكەی قورسكردووە‌و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان، دۆزینەوەی نەوت‌و غاز چەكێكی ستراتیژییە بۆ پاڵپشتیكردنی ئابوری نیشتمانیی، بەتایبەتیش بۆ ئەردۆغان كە لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازدایە. 
لەچوارچێوەی هەڵمەتێكدا كە بەر لە پێنج ساڵ دەستیپێكردووە، توركیا هەوڵەكانی بۆ دۆزینەوەی نەوت‌و غاز چڕكردوەتەوە، لەوكاتەوە ئەم هەڵمەتە دەستیپێكردووە توركیا هەندێك لە قەبارەی بەرهەمهێنانی خۆی زیادكردووە، بەڵام هێشتا لەچاو پێداویستی ناوخۆیی بۆ وزە كە لە دەرەوە هاوردە دەكرێت، هەوڵەكان لەئاستی چاوەڕوانیدا نین. 
ئەڵتوغ كاراتاش سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كەرتی وزە‌و ژینگە لە گروپی (مۆسیاد) دەڵێ" خاڵی وەرچەرخانی مێژووی دەبێت ئەگەر وەبەرهێنانمان رێژەی 10% بەكاربردنی ناوخۆیمان پربكاتەوە". 
بەگوێرەی قسەی كاراتاش، ئێستا ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە توركیا 65 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە‌و ئەم بڕە رێژەی نزیكەی 5% بۆ 7%ی پێداویستی ناوخۆ پڕدەكاتەوە، بەڵام ئەگەر ئاستی بەرهەمهێنان بەرز بكرێتەوە توركیا دەتوانێت رێژەی 10% بۆ 14%ی پێداویستی ناوخۆی وزە دابین بكات.
دوای ئاشكراكردنی دۆزینەوە نوێیەكانی چیای (گابار) ئێستا بەگشتی تێكڕای یەدەگی نەوت لە توركیا بە نزیكەی (180 ملیۆن) بەرمیل دەخەمڵێندرێت، لەم بڕە تەنیا نزیكەی (65 هەزار) بەرمیلی رۆژانە دەردەهێنرێت، ئەمەش بە بەراورد بە هەرێمی كوردستان كە رۆژانە زیاتر لە (400 هەزار) بەرمیل هەناردە دەكات بڕێكی زۆر كەمە، بەگشتی ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵانەی نەوت لە توركیا (780 هەزار) بەرمیلە، ئەمە لەكاتێدایە ئەو وڵاتە ساڵانە زیاتر لە (360 ملیۆن) بەرمیل نەوت هاوردە دەكات. 
تاوەكو ساڵی 2021 جوگرافیای كێڵگە نەوتییەكانی توركیا لە هەردوو ناوچەی شرناخ‌و باتمانی باكوری كوردستان چڕبووەوە، بەڵام هەر لەو ساڵەدا دەسەڵاتدارانی توركیا دۆزینەوەی نەوتیان لە هەردوو ناوچەی (سێرت)‌و (وان) لەباكوری كوردستان راگەیاند لەگەڵ ناوچەی (ئەدەنە) لە نزیك دەریای سپی ناوەڕاست. 
بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی ئەنادۆڵ، بە رەزامەندی وەزارەتی وزەی توركیا، لەسەرەتای 2022دا پلانێك بۆ هەڵكەندنی (150) بیر دیاریكراوە. 
یەكەم بیرە نەوت كە لە توركیا نەوتی تێدا بەرهەمهێنرابێت دەكەوێتە باكوری كوردستانەوە كە بیری (رامان-8) لە ویلایەتی باتمان، مێژووی هەڵمەندنی ئەم بیرە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1945‌و لە ساڵی 1948 بەشێوەیەكی كردەیی نەوتی لێ بەرهەمهێنراوە، ئەمە لەكاتێكدایە یەكەم هەنگاوی توركیا لە گەڕان بەدوای غازی سروشتی مێژووەكەی بۆ ساڵی 1970 دەگەڕێتەوە.
ئەوەی ئێستا ناوچەكانی باكوری كوردستان بووەتە چەقی ستراتیژی ئابوری نوێی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەڕووی سیاسییەوە بۆچونی جیاوازی دروستكردووە، هەندێك پێیانوایە توركیا ئەگەر دەستی بە سامانێكی گەورەی نەوت‌و غاز بگات لە ناوچە كوردییەكان، رەنگە ئەمە وابكات بۆ داهاتوو لەپێناو زامنكردنی وزەدا دەسەڵاتدارانی توركیا هەوڵی چارەسەركردنی ریشەیی كێشەی كورد بدەن، هەندێكی تر بۆچونێكی جیاوازیان هەیە‌و پێیانوایە دۆزینەوەی نەوت لە باكوری كوردستان قۆناغێكی نوێی توندوتیژی دەوڵەتی توركیا دژی كورد بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەتیش گۆڕینی دیمۆگرافیاو پرۆسەی بە تورككردنی ئەو ناوچانەی كە نەوتیان لێ دەردەهێنرێت، ئەوانەی ئەم باوەڕەیان هەیە دۆخی (كەركوك) بە نمونە دەهێننەوە. 
دەسەڵاتدارانی توركیا كێڵگە نەوتەكەی چیای (گابار)یان بەناوی ئەفسەرێكەوە ناوناوە (ئەسما چەڤیگ)، میدیاكانی توركیا دەڵێن ئەم ئەفسەرە بەهۆی تەقینەوەیەكی پەكەكەوە لە پارێزگای شرناخ كوژراوە، ئەمە ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی پێناچێت تەنانەت دوای دۆزینەوەی نەوتیش دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە هێشتا بیر لە چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد بكەنەوە.  

توركیا پێویستی بە غازی كوردستان دەبێت ؟ 
رۆژی دوو شەممەی هەفتەی رابردوو ئەردۆغان رایگەیاند، تێكڕای قەبارەی ئەو غازە سروشتییەی توركیا لە دەریای رەشدا دۆزیوەتەوە بڕی (710) مەتر سێجا-یە، ئەمە دوای دۆزینەوەی كێڵگەیەكی نوێ‌و بەرزكردنەوەی ئاستی ئەو كێڵگانەی كە پێشتر دۆزراونەتەوە. 
توركیا كە لە سامانی نەوت‌و غازدا هەژارە، بەشێوەیەكی گەورە بۆ دابینكردنی پێداویستی ناوخۆیی پشت بە هاوردەكردنی غاز دەبەستێت لە (روسیا‌و ئازەربایجان‌و ئێران)ەوە، ئەمە لەپاڵ هاوردەكردنی غازی شل لە (قەتەرو ئەمریكا‌و نەیجیریا‌و جەزائیرو نەرویژ)ەوە.
سەرەتای ساڵی رابردوو ئەردۆغان بەشێوەیەكی كتوپڕ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بانگهێشتی ئەنكەرە كرد، داوای لێكرد غازی سروشتی هەرێمی كوردستان هەناردەی توركیا بكات، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی پێدا بۆ ئەو مەبەستە پرس بە حكومەتی ناوەندی عێراق بكات، ئەمە لەكاتێكدا بوو بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی روسیا‌و ئۆكرایناوە نرخی وزە لە جیهاندا بەرزبووەوە. 
توركیا ماددە هایدرۆكاربۆنییەكان لە دەریای ناوەڕاست دەردەهێنێت، بەڵام ئەمە ناوچەیەكی كێشە لەسەرەو توركیای لەگەڵ یۆنان‌و قوبرس روبەڕووی ئاڵۆزی كردوەتەوە. 
بەمدواییە ڤلادیمیر پۆتین سەرۆكی روسیا بیرۆكەی دامەزراندنی "سەنتەرێكی غاز"ی لە توركیا خستەڕوو، ئەمەش دوای ئەو تەقینەوانە هات كە زیانیان بە هێڵی بۆری غازی (نۆرد ستریم) گەیاند لەژێر دەریای بەلتیك-دا، كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ بووە هۆی راگرتنی هەناردەی غازی روسیا بۆ ئەڵمانیا. 
توركیا لەڕێگەی هێڵەكەی خۆیەوە لە ئازەربایجانەوە بە بۆری (تاناپ)دا غازی سروشتی روسیا هاوردە دەكات.
قەبارەی پێداویستی ساڵانەی توركیا بۆ غازی سروشتی لە 2020دا گەیشتوەتە (45 ملیار) مەتر سێجا، ئەمە لەكاتێكدایە توركیا لە ناوخۆدا تەنیا رێژەی 1%ی ئەم پێداویستییەی لەناوخۆدا بەرهەمهێناوە. 
بۆیە ئەو دۆزینەوە نوێیانەی كە دەسەڵاتدارانی توركیا لەم ساڵانەی دوایدا لەناوچەكانی (تراكیا)‌و (دەریای رەش) رایانگەیاندووە، وای لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كردووە پێشبینی ئەوە بكەن تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی توركیا بتوانێت رێژەی نزیكەی 30%ی پێداویستی ناوخۆی غاز پڕبكاتەوە. 
حكومەتی توركیا لە 2020دا دۆزینەوەی بڕی (540 ملیار) مەتر سێجا یەدەگی غازی سروشتی لە ئاوە ئابورییەكانی سەربە توركیا لەناو دەریای رەشدا راگەیاند، بەگوێرەی قسەی ئەردۆغان‌و وەزیری وزەی توركیاش، ئەو غازەی لە كێڵگەی (سەقاریا) دۆزراوەتەوە، لە چارەكی یەكەمی مساڵدا (2023) دەچێتە قۆناغی دەرهێنانەوە. 
ئەمە ئەو غازەیە كە هەندێك لە شارەزایانی ئابوری توركیا دەڵێن بە بەرهەمهێنانی دەتوانرێت رێژەی 30%ی پێداویستی ناوخۆ پڕبكرێتەوە‌و بڕی نزیكەی (4 ملیار) دۆلار بۆ خەزێنەی گشتی وڵات بگەڕێندرێتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand