درەو: بە پێی راپۆرتی ساڵانە لە رۆژهەڵاتی كوردستان (41) هاوڵاتی و چالاكی سیاسی لەسێدارەدراون، (811) كەس دەستگیركراون، (50) كۆڵبەر كوژراون، (68) ژن و (72) پیاو خۆیان كوشتووە. راپۆرتی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان 01.01.2022 کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕاپۆرتی ساڵانەی پێشێلکاریە ماف مرۆڤیەکانی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠٢١ دا و لە لایەن حکوومەتی ئێران ئەنجام دراون بەم شێوەیە بڵاو دەکاتەوە. جێی ئاماژەیە که ساڵی ٢٠٢١, ساڵێکی پڕ لە زەحمەتی و پێشێلکاری بوو کە بەسەر کۆمەڵگای کوردستان داسەپا. بە پێی ئەو ئامارانەی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کۆیی کردوونەوە، لە ساڵی ٢٠٢١ دا شاهیدی لەسێدارەدان، تیرۆر، گرتن و زیندان، کوشتنی کۆڵبەران و بە دەیان پێشێلکاری مافی مرۆڤی بوون که حکوومەتی ئێران به رۆژانە دژ بە گەلی کوردستان ئانجامی داون. تیرۆر و کوشتن ١. موسی باباخانی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان ٢. هاوکات هەوڵی تیرۆری ٤ چالاکی سیاسی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان٢. ٣. لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا ١١ گیراو لە ناو زیندانەکانی ئێران لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون. ٤. هەروەها ١ هاوڵاتی بە تەقەی ڕاستەوخۆیی هێزە سەربازیەکانی ئێران کوژراوە. ٥. جێی ئاماژەیە کە ٤ کەسی تریش بریندار بوون. سێدارە لە سەرەتایی ساڵەوە تا کۆتایی ٢٠٢١ زائینی لانیکەم ٤١ کەس لەسێدارە دراون. دوو لە سێدارەدراوان چالاکی سیاسی بوون. ١. حەیدەر قوربانی، خەلکی کامیاران ٢. هێمن مستەفایی، خەڵکی مەریوان لە بەشێکی تر دا لە ساڵی ٢٠٢١ دا ٣٩ کەسی دیکە بۆ تۆمەتگەلی جیاواز بەسێدارە حوکم درابوون و لەسێدارە دراون. گرتن و زیندان لەساڵی ٢٠٢١ دا لانیکەم ٨١١ چالاکی سیاسی، مەدەنی، ژینگە پارێز و هاوڵاتی رؤژهەلاتی کوردستان لە لایەن ناوەندە ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوان. • زۆربەی ئەو کەسانە لە کاتی دەستبەسەرکران دا ڕوبەروی ئەشکەنجە بوونەتەوە. • هیچ حوکمێکی دادوەری بۆ گرتنیان نیشان نەدراوە. • لە مافی پێوەندی بە ماڵباتەکانیان بێ بەش کراوەن. • پارێزەریان بەووە. • لە کاتی بازجویی دا ئەشکەنجە دراون. جێی ئاماژەیە کە لە چەند مانگی تایبەتدا کە رێژەی نارەزایەتی خەلک چۆتە سەر، گرتن و زیندانی کردنی هاوڵاتیانیش بە شێوەیەکی بەرچاو هەلکشاوە. گرتنو زیندان. KMMK کۆڵبەران لە ساڵی ٢٠٢١ لانیکەم ٥٠ کۆڵبەر کوژراون و ١٥٢ کۆڵبەریش بریندار بوون. لە ساڵی ٢٠٢١ دا کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بووە لە کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەران دا. تەقەی راستەوخۆ، بەربوونەوە لەبەرزایی، رەقبوونەوە هۆکارەکانی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانن. 1 کوشتن و بریندار کردنیی کۆڵبەران تاوانێکی دژە مرۆڤیە کە حکومەتی ئێران بە شێوەیەکی سیستەماتیک بەڕێوەی دەبات. 2 هیچ لێپرسینەوە لەگەڵ بکووژانی کۆڵبەران ناکرێت. 3 خامنەای، ناوەندەکانی وەک سپاه، فەرمانداری و ئوستانداریەکان بە دەیان جار فەرمانی کوشتنی کۆڵبەرانیان تازە کردۆتەوە و دانیان پێداناوە. www.kmmk.info خۆکووژی بە پێی ئامارەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لانیکەم ٦٨ ژن لە ماوەی یەک سال دا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. هەر لەو ساڵی ٢٠٢١ دا ٧٢ پیاو دەستیان داوەتە خۆکووژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. جێی ئاماژەیە کە رێژەی ١٩ کەس لەو ١٤٠ کەسەی خۆکووژیان کردوە، تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵە. جیا لە خۆکووژی هاوڵاتیان، دیاردەی کوشتن پەرەی سەندوە و ١١ هاوڵاتی لە ئاکامی تێکهەڵچوون دا کوژراون. کێشە کۆمەڵایەتیەکان، دەسەڵاتی ئێران، کێشەی ئابووری و نایەکسانی و نەبوونی یاسای پاراستنی مافەکانی ژنان بەشێک لە هۆکارەکانی خۆکووژی ژنانن. خۆکووژی مین و خەسارەکانی تەقینەوەی مینە چێندراوەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژرانی ٧ کەسی لێ کەوتۆتەوە. هاوکات ٢٩ کەسیش بە هۆی تەقینەوەی ئەو مینانە بریندار بوون. کۆماری ئیسلامی ئێران بە مین رێژ کردنی ناوچە سنووریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵی ئەوە دەدات کە پێوەندیەکانی ئەو بەشەی کوردستان لە گەل باشورر و باکووری کوردستان بپچرێنێت. دوایی کۆتایی هاتنی شەری ٨ ساڵەی ئێران و ئێراق، هیچ بیانۆیەک بە دەست حکومەتی ئێرانەوە نەماوە، بۆ هێشتنەوەی ئەو مینانە. مافە پێشێلکراوەکان بەکورتی یاسایی بنەڕەتی ئێران و هەڵاواردن بەشدارنکردنی کوردستانیان لە دەسەڵاتداری بێبەش کردنی کوردان لە بەڕێوەبەردنی وڵاتی خۆیان ئاسیمیلاسیۆنی زمانی، کلتووری و نەتەوەیی گرتن، ئەشکەنجە و زیندان بۆ بێدەنگ کردنی خواستی سیاسی و نەتەوەیی لە کۆتایی دا پێویستە ئاماژە بکەین، کە ئەو داتایانە تەواو نین و هیچ ناوەندێکی ماف مرۆڤی ئیزنی ئەوەی پێنادرێ لە کوردستان و ئێران، ئازادانە پێشێلکاریە ماف مرۆڤیەکان کۆکاتەوە و ئازادانە کاری ئاگادارکردنەوە ئەنجام بدات. کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ڕووداوەکانی ساڵی 2021 ڕووداوگەلێک نەبوون کە تەنها لەناوخۆ و دەرەوەی هەرێمدا بەهای میدیاییان هەبێت، بەڵکو مانا و رەهەندی سیاسیی و ئەخلاقیی قوڵیان بۆ پێگەی دەسەڵاتدارێتیی هەرێم و کۆمەڵگای کوردییش هەبوو. ساڵی 2021، ساڵی وێرانکردنی تەواوەتیی پرۆسەی دیموکراسیی بوو لە هەموو بڕیارە سیاسیی و ئۆرگانە یاساییەکان. 2021 ساڵی دروستبوون و سەرهەڵدانی کۆمەڵگایەکی تەواو ناکۆک بوو بە کۆمەڵگای دوای راپەڕین. کۆمەڵگای دوای ڕاپەڕین کۆمەڵگایەک بوو خەونی بە بنیاتنانی نوێی وڵات و گەڕانەوەی کەرامەت بۆ ئینسانی کورد و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و ماڵئاواییکردن لە مۆدێڵی بەعسیزم بۆ سەرۆکپەرستیی و حیزبسەروەرییەوە دەبینی، کۆمەڵگای 2021 گۆڕینی هەمان گەل بوو بۆ گەلێکی نائومێد و هەژار و هەڵهاتوو لە کولتووری حیزبخێزانیی و سەرۆکپەرستیی. ساڵی 2021 بوو بە ساڵی شکستی مۆدێلی ناسیۆنالیزمی هەرێمیی (القومية القطریة) کوردیی، چونکە لەبری ئەوەی گەلێکی هاوخەم و هاوخەون و هاوچارەنووس بەرهەمبهێنن، نەوەیەکی توڕە و ڕاکردوویان لە نیشتیمانی خۆیان دروستکرد. ناسیۆنالیزمیی پارتیی و یەکێتیی لە چوار پرۆسەی گرنگدا شکستی گەورەی هێنا، یەکەمیان تێکشکاندنی هەموو دەزگا شەرعییەکانی کۆمەڵگا وەک دادگا و پەرلەمان و کردنیان بە گۆشتی زیادەی سەر جەستەی سیاسیی حیزب و سەرۆک و لۆردە سیاسیی و سەربازیی و ئەمنییەکان. دووەمیان دزینی سامانە نەتەوەییەکان و فەراهەمنەکردنی ماف و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی هاونیشتیمانیان لە وێنەی مووچە و کارەبا و نەوت و غاز و ئاو. سێیەمیان خستنەگەڕى پرۆسەی بەتایبەتکردنی یان بەپرایڤتکردنی سێکتەرە گرنگەکانی پەروەردە و خزمەتگوزارییەکان کردنیان بە بزنس و بەتایبەتکردنی هێزە چەکدارەکانیش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە شەخسیی و ئابوورییەکانیان. چوارەمیان شکستی گەورەی ئەخلاقیی ناسیۆنالیزمی کوردیی بریتییە لە هەڵهاتنی بەکۆمەڵی خەڵکی هەرێم بۆ سەر سنوورەکانی ئەوروپا و دەنگدانەوەی گەورەی ئەم کۆچە دەستەجەمعییەش لە میدیا جیهانییەکاندا. ئەم ڕووداوە هەم ئەوروپای تووشی دڵەڕاوکێ کرد، هەم سیاسەتمەدارەکانی هەرێمیشی تووشی شۆک کرد، چونکە عەقڵی حکومڕانییان هێندە بچووکە کە ناتوانن لەو واقیعە کارەساتبارە سیاسیی و ئابووریی و داراییە بگەن کە خۆیان بۆ گەلەکەیان بەرهەمهێناوە. بۆیە وەک هەموو دەسەڵاتدارە ستەمگەرەکانی تری دونیا کەوتنە هێڕشکردنی مدیایی بۆ سەر پەناهەندەکان و تاوانبارکردنیان بە تێکشکاندنی سومعەی هەرێم و داتاشینی پاساوی بێبنەما بۆ هەڵاتنیان. ساڵی 2021 بۆ یەکێتی ساڵی داوەشانی دەزگایی و سیاسیی و یاسایی بوو. یەکێتی ئەمڕۆ ئەوەندەی خەریکی تەسفییەی حیساباتی شەخسیی و ململانێی دەسەڵاتی نێوان شەخس و خێزانە سیاسییەکانە لەناو ئۆرگانە سیاسیی و سەربازیی و ئیداریی و ئەمنییەکانی خۆی، هێندە خەریکی پرسی دەسەڵات و کێشەی فەرمانڕەوایەتیی و شەرعییەتی حومکڕانیی و چاکسازیی نییە لە هەڕێمی کوردستان. پارتیی دوای ریفراندۆمیش ئەوەندەی سەرقاڵی دەسەڵات و پۆست و سەدەقەیە لە بەغدا، هێندە سەرقاڵی کێشە قوڵ و گەورەکانی هەڕێمەکەی خۆی نییە. پارتیی هێندەی خەریکی پتەوکردنی پێگەی سەربازیی و سیاسیی دەوڵەتی تورکیایە لە هەرێم، هێندە سەرقاڵی بەهێزکردنی پێگەی حکومەتەکەی خۆی نییە لەناو ڕای گشتی هەرێمی کوردستان. مەسرور بارزانیی، چ لە ناوەوە و چ لە لەدەرەوە بووە بە بەناوبانگترین سەرۆکوەزیرانی هەرێم کە ڕوبەڕووی ڕەخنەی توند و هەڵدانەوەی پرسی گەندەڵیی بووەتەوە و لەبەر سیاسەتی دژایەتییکردنی میدیای ئازاد و بیروڕای ئازادیش وەک کاراکتەرێکی ئۆتۆکرات ناودێڕدەکرێت. ساڵی 2021 تەنها ساڵی شکستی ئەزموونی مۆدێلی حوکمڕانیی سێقۆڵیی پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان نەبوو، بەڵکو ساڵی شکستی کاوێژی سیاسیی نەوەی نوێ و هێزەکانی تری دەرەوەی دەسەڵاتیش بوو. ساڵی 2021 ساڵی جنێو و بێڕێزییکردن و شکاندنی کەرامەتی ئینسانی ئێمە بوو. بۆ ئەم مەبەستەش هەموو هێزە سیاسییەکان پارتیزانی دیجیتاڵیی تایبەت بەخۆیان هەیە و هەر کاتێک ویستیان، فەرمانیان پێدەکەن هێرشی مونەزەم بکەنە سەر نووسەر و ڕۆژنامەنووسە نەیارەکانیان، یان ئەوانەی کە بەدڵی ئەوان نانووسن و قسەناکەن. حىزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بەرهەمهێنەری سەرەکیی دیاردەی پارتیزانی دیجیتاڵیین. ئەم هێزە نوێیە وەک هێزێکی نەرم هاوشان بەو هێزە ڕەقەی هەیانە لە پۆلیس و ئاساییش و پێشمەرگە، شەری سایبەر یان شەڕی پارتیزانیی ناو دونیای دیجیتاڵیان بۆدەکات. بەبۆچوونی من هاوشان بە پارتی و یەکێتی کە خاوەنی دەیان سایت و پێگەی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و پێشمەرگەی دیجیتاڵیین کە بەشێوەیەکی سیستەماتیکی کێوماڵی نەیار و دوژمنە سیاسییەکانیان دەکەن، نەوەی نوێ و بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیی سەلەفیی و گەریلا سایبەرەکانی هەوادارانی پەکەکەش لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێم سەرقاڵی بەرهەمهێنانی پارتیزانی دیجیتاڵیین کە بوونەتە هۆکاری بەرهەمهێنانی بەڵتەجیی ئەخلاقیی و جنێوفرۆش و برەودان بەو کولتووری بێڕێزییکردنەی کە پارتیی و یەکێتیی دروستیان کردووە. وەزیفەی سەرەکیی ئەم پارتیزانە دیجیتاڵییانە زۆر ئاسانە، ئەرکیان کورتبووەتەوە لە هێرشی شەخسیی و ئایدیۆلۆژییانە بۆ سەر هەموو ئەوانەی ڕەخنە لە مۆدێلی دەسەڵاتی رێکخراوەکانیان و عەقڵی سیاسیی سەرۆکە پیرۆزەکانیان و توندوتیژیی ئایینیی دەگرن. ساڵی 2021 ، ساڵی ڕاوکردنی هەموو ئەو چالاکوان و ڕەخنەگرانە بوو کە بە دوژمنی گەل و نۆکەری بێگانە و کافربوون تاوانباردەکران و پرۆسەیەکی مەترسییدار لە ناوزراندن و شکاندنی کەسایەتییان خرایەگەڕ. ساڵی 2021، ساڵی سقوط و ساڵی فیرار بوو، 2021 ساڵی کەوتنی تەواوەتیی کۆی ئەو بەهایانە بوو کە ناسیۆنالیزمی کوردیی بە باڵە جەلالیی و مەلاییەکەی، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوە دروستیان کردبوو. هەڵهاتنی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان تەنها هەوڵدان نییە بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامیی و دابینکردنی ژیانێکی کەرامەتداری نوێ، بەڵکو پشتکردنە لەو هەموو درۆ و وەهمانەی کە ناسیۆنالیزمی کوردیی بەناوی گەلەوە بەرهەمی هێنابوو. هەم لەدوای ڕووداوەکانی بیلاڕووسەوە دانیشتوانە هەڵهاتووەکەی هەرێمی کوردستان ئەم سیاسەتمەدارانە بە نوێنەری خۆیان نازانن، هەم لەدوای دەرئەنجامی کارەساتباری ڕێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا دانیشتوانی ناو هەرێمیش ئەم نوخبە سیاسییانە بە نوێنەری خۆیان نازانن. بەبۆچوونی من ئەم دوو ڕووداوە ئاماژەیەکی ترسناکی شکستی هەموو پردەکانی پەیوەندی نێوان هاونیشتیمانیان و دەسەڵاتە و سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێیە لە بیرکردنەوە بۆ ڕاگرتنی ئەم پرۆسە مەترسییدارەی تێکشکانی ئینسانی کورد و ماف و بەهاکانی چەمکی هاونیشتیمانییبون لە هەرێمی کوردستان.
درەو: ناسەقامگیری نرخی نەوت ڕۆڵی گەورەی هەیە لە دروستکردنی دۆخی نادڵنیایی، بەتایبەت بۆ ئەو دەوڵەت و هەرێمانەی ئابورییەکەیان بە شیوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەمەش بەڕوونی بەدیاردەکەوێت کاتێک هاوسەنگی خواست و خستنەڕووی بازاڕی نەوت لەبازاڕەکانی جیهان تێکدەچێت، بارگرانێکە گەورەتر دەبێت کاتێک قەیران یان دۆخێکی نەخوازراوی دیکە سەرهەڵدەدات. عێراق و هەرێمی کوردستان دوو نمونەی دیارن کە ئابورییەکەیان زۆرتر پشت بە فرۆشی نەوت دەبەستێت، لە ڕاپۆرتەدا وردەکاریی کاریگەرییەکانی دابەزینی نرخی نەوت لە دوای ساڵی (2014)ەوە لەسەر داهات و خەرجی و قەرزەکانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان خراوەتەڕوو.. دەستپێک ناسەقامگیری نرخی نەوت ڕۆڵی گەورەی هەیە لە دروستکردنی دۆخی نادڵنیایی، بەتایبەت بۆ ئەو دەوڵەت و هەرێمانەی ئابورییەکەیان بە شیوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەمەش بەڕوونی بەدیاردەکەوێت کاتێک هاوسەنگی خواست و خستنەڕووی بازاڕی نەوت لەبازاڕەکانی جیهان تێکدەچێت، بارگرانێکە گەورەتر دەبێت کاتێک قەیران یان دۆخێکی نەخوازراوی دیکە سەرهەڵدەدات. عێراق و هەێمی کوردستان یەکێکن لەو دەوڵەت هەرێمانەی بە خێرایی دەکەونە ژێر کاریگەرییەکانی دابەزینی نرخی نەوتەوە، کاتێک لە ساڵی 2014 نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەری نێودەوڵەتییەوە ڕووی کە دابەزین کرد و پاشەکشیەکی زۆری بە بازاڕی نەوت کرد، هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی خاکی عێراق بە کێڵگە نەوتییەکانی ئەو ناوچانەشەوە لە ناوخۆدا. سەرباری ئەوانەش بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ڕێکخراوی "ئۆپێک" لە کۆبوونەوەی تشرینی یەکەمی 2014 و "رەتکردنەوەی کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئەندام و پارێزگاریکردن لە بەرهەمهێنانی نزیکەی (30) ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە" و بەردەوامی ململانێ نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت (ڕوسیاو ویلایەتە یەکگرتووەکان لە لایەک و سعودییەو ئێران لەلایەکی تر) هێندەی تر بارگرانییەکانی لەسەر دابەزینی نرخی نەوت زیادکرد. ئەم بەرەوپێشچوونانە لە کۆتاییەکانی ساڵی (2014) بەخێرایی نرخی نەوتی لە بازاڕەکانی جیهان لە سەروو (100) دۆلاری ئەمریکییەوە هێنایە نزیکی (50) دۆلاری ئەمریکی، لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2015) نرخی نەوت زیاتر دابەزینی بەخۆوە بینی و گەیشتە نێوان (27-40) دۆلار، بەڵام دواتر نرخەکەی گۆڕانکاری بەسەردا هاتوو لە ناوەڕاستی ساڵی (2015)ەوە بەرزبوویەوە بۆ نزیکەی (60) دۆلار. ئیدی لە نزیکی ئەو نرخە بەردەوام بوو تا کۆتاییەکانی ساڵی (2019) و جارێکی تر و لە مانگی ئازاری ساڵی (2020) بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و فاکتەرە نێودەوڵەتییەکان بەهای نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بۆ کەمترین نرخی خۆی دابەزی، دەوڵەتانی نەوت فرۆشی توشی شۆک کرد. ئەم دیمەنەی سەرەوە پێمان دەڵێت دەیەی دووەمی سەدەی بیستەم، بازاڕی نەوتی جیهانی گورزی گەورەی بەرکەوتووە، چونکە لە ماوەیەکی کورتداو لە نێوان ساڵی (2014 - 2020) دوو گورزی گەورەی بەرکەتووە. دەکرێت بڵێین ئەو گورزانەش ڕاستەخۆ بەر ئابووری دەوڵەتانی بەرهەمهێنی نەوت کەوتووەو ڕەنگدانەوەو کاریگەری کردووەتە سەر دۆخی ئابوری و دارایی ئەو دەوڵەتانە، بەتایبەتیش ئەو دەوڵەتانەی لە ئابوورییەکەیاندا زۆرتر پشتیان بە داهاتی نەوت بەستووە، سندوقێکی دارایی بەهێزیان بونیاد نەناوە بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی قەیرانە هاوشێوەکان، عێراق و هەرێمی کوردستانیش باشترین نمونەی بەردەستن. بەشی یەکەم کاریگەری نرخی نەوت لەسەر حکومەتی عێراق یەکەم: ڕەنگدانەوەی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر بودجەی گشتی حکومەتی عێراق دابەزینی نرخی نەوت کۆمەڵێک لێکەوتەی سلبی لەسەر ئابوری دەوڵەتانی بەرهەمهێن و هەناردەکاری نەوت جێدەهێڵێت، لێکەوتەکانی زۆرتریش دەبن بۆ ئەو دەوڵەتانەی ناسەقامگیرین لە ڕووی سیاسی و خەرجیان زۆرە لە ڕووی ئابورییەوە، ئەمەش بۆ عێراق حاشا هەڵنەگرە، دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری گەورەی لە چەندین ڕووەوە لەسەر ئابورییەکەی جێهێشتووە، لە بودجەی گشتیشدا بە ئاشکرا ڕەنگی داوەتەوە. لە ناوەڕاستی ساڵی (2014) کاتێک، دۆخی ئەمنی عێراق بەهۆی سەرهەڵدانی "داعش"ەوە بە تەواوی ڕووی لە ناسەقامگیری کرد و زۆربەی چالاکییە ئابورییەکانی ڕاگرت، هاوکات بوو لەگەڵ داڕوخانی نرخی نەوت، بەجۆرێک نرخی بەرمیلێک نەوت لە کۆتاییەکانی ئەوە ساڵە دابەزی بۆ کەمتر لە (27) دۆلاری ئەمریکی، لە کاتێکدا تا مانگی ئابی ساڵی (2014) نرخی بەرمیلێک نەوت زیاتر بوو لە (100) دۆلار. بەپێی ئامارو زانیارییەکانی نێو بودجەی گشتی عێراق بە ئاشکرا تێبینی ئەوە دەکردێت کە لە ساڵی (2015) دا توشی چی قەیرانێکی گەورەی دارایی بووە، چونکە شۆکەکە تەنها دابەزینی نرخی نەوت نەبووە بەڵکو بەرزبوونەوەی خەرجی گەورەی جەنگی دژ بە تیرۆریشی هاتبووە پاڵ، سەرەڕای خەرجی زۆری ئاوارەی ناوچەکانی ژێر کۆنرۆڵی داعش کە فشارێکی گەورەی ئابوری و دارایی دروستکردبوو. لە ئەنجامی ئەو قەیرانانە بەپێی بەڵگەنامە حکومی و بانکییەکان، بودجەی گشتی لە ساڵی (2015)دا (3 ترلیۆن و 900 ملیار) دیناری عێراقی کورتی هێنابوو. داهاتی گشتیش بە ڕێژەی (37.1%) کەمی کردبوو، کە (34.7%)ی داهاتی گشتی ناوخۆ پێکیهێنابوو. هەرچی خەرجی گشتیشە بەراورد بە ساڵی (2014) بە ڕێژەی (38%) کەمی کردووە کە (36.7%)ی لە بەشە پشکی داهاتی ناوخۆ بووە. بە کوردتی بودجەی گشتی وڵات لەو ساڵەدا توشی کورتهێنانی گەورە بوویەوە لە ڕووی داهاتەوە کە داهاتی گشتی (39 ترلیۆن و 100 ملیار) دینار و بەڕێژەی (37.1%) لە ساڵی (2015) کەمتربوو بەراورد بە ساڵی (2014)، چونکە داهاتی ساڵی (2015) بڕی (105 ترلیۆن و 609 ملیار) دینار بووە، لە کاتێکدا ساڵی (2014) بە (66 ترلیۆن 470 ملیار) دینار تۆمار کراوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) 1 سەرچاوە:بانکی ناوەندی عێراق، ڕاپۆرتی ئاماری ساڵانەی بانکی ناوەندی، فەرمانگەی ئامار و لێکۆڵینەوە، 2015، ل 69 هەرچی ڕێژەی داهاتە لە ماوەی هەردوو ساڵی (2014)ەو (2015) لەم سەرچاوانەی خوارەوە کۆکراونەتەوە، (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) ئەوەی دەربارەی خەرجی گشتییە لە ساڵی (2015) ئەوە تۆمارکراوە کە (43 ترلیۆن و 100 ملیار) دینار بە ڕێژەی (%38) کەمبووەتەوە بەراورد بە ساڵێ پێش خۆی، کۆی خەرجییەکانی بریتی بووە لە (70 ترلیۆن و 400 ملیار) دینار، ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر هەردوو جۆری خەرجی بەگەڕخستن و خەرجی وەبەرهێنان، بە جۆرێک خەرجییەکانی بەگەڕخستن بە ڕێژەی (%33.5) دابەزیوەو خەرجییەکانی وەبەرهێنان بە رێژەی (%47.7) کەمبووەتەوە بەراورد بە ساڵی (2014). بڕوانە خشتەی ژمارە (3). سەرچاوە: وەزارەتی دارایی/ فەرمانگەی ژمێریاری ئەوەی لە خشتەکەدا تێبینی دەکرێت خەرجی بەگەڕخستن لە ساڵی (2014)دا بریتی بووە لە (77 ترلیۆن و 986 ملیار و 200 ملیۆن) دینار لە کاتێکدا لە ساڵی (2015) ئەو خەرجییە بریتی بووە لە (51 ترلیۆن و 832 ملیار و 800 ملیۆن) دینار، بەم پێیەش جیاوازی خەرجی بەگەڕخستن لە نێوان ئەو دوو ساڵەدا برتی بووە لە (26 ترلیۆن و 153 ملیار و 400 ملیۆن) دینار و بەڕێژەی (33.5%) لەساڵی (2015) کەمی کردووە بەراورد بە ساڵی (2014). بەهەمان شێوەی خەرجی بەگەڕخستن، خەرجی وەبەرهێنانیش بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی کە دابەزین کردووە، بە جۆرێک لە ساڵی (2014)دا بریتی بووە لە (35 ترلیۆن و 487 ملیار و 400 ملیۆن) دینار لە کاتێکدا لە ساڵی (2015) ئەو خەرجییە بریتی بووە لە (18 ترلیۆن و 564 ملیار و 700 ملیۆن) دینار، بەم پێیەش جیاوازی خەرجی وەبەرهێنان لە نێوان ئەو دوو ساڵەدا برتی بووە لە (16 ترلیۆن و 922 ملیار و 700 ملیۆن) دینار و بەڕێژەی (47.7%) لەساڵی (2015) کەمی کردووە بەراورد بە ساڵی (2014). دووەم: کاریگەری نرخی نەوت لەسەر داهات و خەرجی گشتی عێراق لە نێوان ساڵانی 2014 – 2018 بەرزو نزمی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، بەردەوام یەکێک بووە لە فاکتەرە سەرەکیانەی لە عێراقدا کاریگەری گەورەی لەسەری بودجەی گشتی (داهات و خەرجی)یەکانی حکومەتی عێراق دروستکردووە، بەجۆێک لە ساڵی (2014)ەوە حکومەتی عێراق نەیتوانیووە داهات و خەرجییەکانی خۆی بەرزبکاتەوە لە بودجەی گشتیدا تا ساڵی (2018)، ئەم خشتانەی خوارەوە ئەو ڕاستییە نیشان دەدات. بڕوانە خشتەی ژمارە (4 -5)4 سەرچاوە:بانکی ناوەندی عێراق، ڕاپۆرتی ئاماری ساڵانەی بانکی ناوەندی، فەرمانگەی ئامار و لێکۆڵینەوە، ساڵە جیاوازەکان سێیەم: کاریگەری نرخی نەوت و ڕەنگدانەوەی دارایی لە سەر قەرزە گشتییەکانی عێراق لەگەڵ کورتهێنانی زیاتری بودجەی گشتی قەرزی گشتی بە هەردوو جۆری (ناوخۆیی و دەرەکی) ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە لە ساڵی (2014) کۆی قەرزەکانی سەر عێراق (75 ملیار و 200 ملیۆن) دۆلار تا ساڵی (2018) گەیشتووە بە (123 ملیار و 300 ملیۆن) دۆلار، بڕوانە خشتەی ژمارە (6) سەرچاوە/ وەزارەتی دارایی، فەرمانگەی قەرزە گشتییەکان چوارەم: دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی 2020 و گورزێکی نوێ بۆ سەر ئابوری عێراق لەگەڵ ئەوەی بۆ ماوەی چەند ساڵێک نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان جۆرێک لە سەقامگیری بەخۆوە بینی بوو بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناو کەمبوونەوەی خواست لەسەر کڕینی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێ (2020) نرخی نەوت جارێکی دیکە داڕومانی گەورەی بەخۆوە بینی و وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی خستە شوکێکی نوێوە، حکومەتی عێراقیش بێ بەش نەبووە لەم گورزە لەناکاوە، ئەو خشتانەی خوارەوە (7 و 8) ئەو قەیرانە گەورەیە ڕووندەکاتەوە کە داهاتی نەوتی عێراق بۆ چی ئاستێک دابەزیوە؟ کاتێک بەراوردی داهاتی شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2020) بەراورد دەکەی بە شەش مانگی ساڵێک پێشتر. بەشی دووەم کاریگەری نرخی نەوت لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرێمی کوردستان لەکاتی دابەزینی نرخی نەوتدا ئەگەر دۆخی دارایی لە دۆخی عێراق خراپتر نەبێت ئەوا بە دڵنیاییەوە باشتر نیە، چونکە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جگە لە پشکی لە بەشە بودجەی عێراق فرۆشی نەوتی هەرێمە، دیارە لە ساڵی (2014)ەوە ئەو بەشە بودجەیەشی لە عێراقە دەنێردرا بۆ هەرێمی کوردستان، بە هۆکاری ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکومەتەکە، ئەویش ڕاگیرا، بۆیە دەکرێت بوترێت ئەو دۆخەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هات لە ڕووی داراییەوە خراپتربوو لە دۆخی دارایی عێراق. یەکەم: زیانە داراییەکانی ئابوری سەربەخۆ پێش بڕیاری ئابوری سەربەخۆ، لەچوارچێوەی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا مانگانە لە بەغدادەوە بڕێکی گەورەی بودجە لە عێراقەوە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرا بەجۆرێک لە دوای ساڵی 2004 -2014، کە حکومەتی فیدراڵ 17%ی بودجەی ناردووە بۆ هەرێم، بەپێی سەرچاوەکان ئەو پارانەی دەست حکومەتی هەرێم کەوتووە لە ڕێگەی بەشە بودجەی هەرێم لە حکومەتی فیدراڵ، کە لە ساڵی 2004ەوە تا ساڵی 2014 بەردەوام بوو، بریتیبووە لە (بڕوانە چارتی ژمارە (١))؛ ساڵی 2014 بەهۆی شەڕی داعشو گرفتەكانی پێكهێنانی حكومەتی ناوەندی هیچ پێشنیارێكی بودجە نەبوو، بەڵكو دەسەڵاتی خەرجییەكان درابوو بەوەزارەتەكان، بەشی هەرێمیش بڕا . هاوکات بەپێی توێژینەوەیەکی (فەرمانگەی توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) لە تشرینی یەکەمی 2020 بڵاوکراوەتەوە، هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2005-2019 (96) ترلیۆن و (196) ملیار و(503) ملیۆن دیناری لە بەغدا وەرگرتووە، لە بەرامبەردا تەنها (2) ترلیۆن و (273) ملیار و (430) ملیۆن دینار داهاتی گەڕاندووەتەوە بۆ ناوەند. دووەم؛ پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق، قۆناغی (2014 - 2021) لەدوای سالی (2014)ەوە دۆخەکە بەشێوەیەکی ترە، ئەگەرچی یاساکانی بودجەی (2014 - 2021) پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام بەهۆی ڕادەستنەکردنی نەوتی هەرێم و سەربەخۆیی ئابوری هیچ کات ئەو بڕەی وەک پشکی هەرێم دیاریکراوە، وەک خۆی نەنێدراوە، بۆ نمونە بڕوانە خشتەی ژمارە (9)؛ تێبینییەکان دەربارەی خشەی ژمارە (9) 1. حکومەتی عێراق لە ساڵی 2020 یاسای بودجەی نەبووە. 2. سێ مانگی سەرەتای 2020، هەموو مانگێک 453 ملیار لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە. 3. لە مانگی (7)ی ساڵی (2021) ەوە حکومەتی عێراق (5) جار بڕی (200) ملیار دیناری بە شێوەی سولفە بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە سێیەم؛ داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم لە چوارچێوەی ئابوری سەربەخۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئابوری سەربەخۆ لەماوەی ساڵی (2004) بۆ نیوەی یەکەمی ساڵی (2021) زیاتر لە (1) ملیار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بە تێکڕا بەرمیلێکی نەوتی بە بڕی (52) دۆلار فرۆشتووە، بەکۆی گشتی و بەبێ هیچ خەرجی و تێچونێک بەهای ئەو بڕە نەوتەی فرۆشتوویەتی نزیکەی (60) ترلیۆن دیناربووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (10)) چوارەم؛ دەرەنجامی فرۆشی سەربەخۆی نەوت ئەگەر بەراوردی ئەو داهاتە بکەین کە حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی فرۆشی نەوتەوە دەستی کەوتووە، لە بوجەی گشتی عێراق لە دەستی داوە، ئەوا؛ 1. حکومەتی عێراق لە دوای ساڵی (2014)ەوە بە بڕی (82) ترلیۆن و (757) ملیار و (422) ملیۆن دینار بودجەی لە پشکی هەرێمی کوردستان ڕاگرتووە. 2. حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی بڕی (1) ملیار و (34) ملیۆن و (546) هەزار (335) بەرمیل نەوت لە ماوەی (7) ساڵیدا هەناردە بکات بە بەهای (59) ترلیۆن و (709) ملیار دینار، ئەگەر هیچ خەجییەکی نەبووبێت. بەڵام ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین (40%) تەرخان بکرێت بۆ خەرجی کۆمپانیاکان (گەڕان و دەرهێنان و گواستنەوە)، ئەو بەهایە دادەبەزێت بۆ (35) ترلیۆن و (582) ملیار و (400) ملیۆن دینار. 3. ئەو جیاوازییەی لەو بەراوردی فرۆشی سەربەخۆی نەوت (پێش دەرکردنی خەرجی و و تێچونەکانی) و بودجەی گشتی عێراق دەکەوێتەوە؛ بریتییە لە (23) ترلیۆن و (48) ملیار و (422) ملیۆن دینار. بەڵام ئەگەر (دوای دەرکردنی خەرجی و و تێچونەکانی کە بە 40%) گریمانەمان کردبوو، بریتییە لە (46) ترلیۆن و (932) ملیار و (22) ملیۆن دینار. ئەمەش نزیکە لە هەمان ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی هەرێم قەرزارەو بڕەکەی )31( ملیار و )637( ملیۆن دۆلارە و بەرامبەرە بە (45) ترلیۆن و (873) ملیار و (650) ملیۆن دینار و بەشی هەرە زۆریشی قەرزی موچە خۆرانی هەرێمی کوردستانە. پێنجەم: کاریگەری دابەزینی نرخی نەوت لەسەر بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان بە درێژایی دوو کابینەی حکومەت و لە ساڵی (2013)ەوە لە هەرێمی کوردستان شتێک نییە بە ناوی یاسای بودجەوە، لە هەشت ساڵدا بە دوو خولی پەرلەمانیش نەیانتوانیوە حکومەت ناچار بکەن بە ڕەوانەکردنی یاساکە، بەمەش داهات و خەرجی لەو ماوە درێژەدا دەکەوێتە بەناڕوونی ماوەتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە نیوەی تەمەنی خۆی بەبێ یاسای بودجە بەڕێکردووە، لە ڕابردوودا داهات و دۆخی ئابوری هەرێمیش زۆرترین قسەو باسی لەسەربووە، ئەگەرچی لە پێش پرۆسەی ئازادی عێراق، دەکرێت مەهانەیەک بەدەست حکومڕانانی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت لەوەی هەرێمی کوردستان خاوەن داهاتێکی ئابوری پێویست و جێگر نەبووەو دۆخی سیاسیشی وەکو پێویست نەبووە، بەڵام لە دوای ساڵی (2013) ئەگەر چی قەیرانی دارایی و ئابوری و سەربازی و سیاسی سەریان هەڵداوە، ئەگەر چێ داهاتەکان لە هەندێک قۆناغدا کەمبوونەتەوە بەڵام مانای ئەوە نییە داهاتەکان سفر بوونەتەوە. بە درێژایی دوو کابینەی حکومەت و لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کە لە ١٨ی٦ی٢٠١٤ و کابینەی نوێیەم لە ١٠ی٧ی٢٠١٩ متمانەیان لە پەرلەمان وەرگرتووە شتێک نەبووە بە ناوی یاسای بودجەوە، لەم هەشت ساڵەدا بە دوو خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمان نەیانتوانیوە حکومەت ناچار بکەن بە ڕەوانەکردنی یاساکە، بەمەش داهات و خەرجی لەو ماوە درێژەدا دەکەوێتە ژێر پرسیارو دەرەوەی چاودێری پەرلەمانەوە. لە ئێستادا و دوای هەشت ساڵ و بەرەو ساڵی نۆیەم هەنگاو دەنێین حکومەت شتێک نەبووە بەناوی یاسای بودجەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق لە بارەی بەشە بودجەی هەرێمەوەو جێگیربوونی ڕادەیەکی باشی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان بەڵام هێشتا ئامادە نەبووە بچێتە ژێرباری ناردنی یاسای بودجەی ساڵانە بۆ پەرلەمانی کوردستان، بەمەش داهات و خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناڕوونی ماوەتەوە. شەشەم: داهاتی هەرێمی کوردستان لە ژێر کاریگەری دابەزینی نرخی نەوت ساڵی (2020) بەنمونە بەشێوەیەکی گشتی هەرێمی کوردستان بە دوو شێواز مامەڵە بە نەوتەو ە دەکات، بڕێکی نەوتەکەی لە رێگای فرۆشتنی پێشوەخت کە لە ساڵانی (2016) بەدواو ە پێشوەخت پارەکەی وەرگرتووە و فرۆشتویەتی بە کۆ مپانیاکانی وەك گلینکۆر، ڤیتۆڵ، پیتراکۆ، ترافیگۆرا و رۆزنەفت. ئەم جۆرە هەرێم دەبێت بە پێی گرێبەستەکانی کە کردویەتی بیدات بەو کۆ مپانیانە. ئەم جۆرەحکومەتی هەرێم پێشوەخت پارەکەی وەرگرتووە و هیچ داهاتێکی نوێی لێ دەست ناکەوێت. جۆری دووهەم ئەو نەوتەیە کە لە پاش لێ دەرکردنی نەوەتی پێشوەخت فرۆشراو دەمێنێتەوە، حکومەت خۆی دەیفرۆشێت لە بازاردا و پشکی کۆمپانیاکانی نەوتی لێ دەدات. لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی (2020) ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی حکومەتی هەرێم رۆژانە (454) هەزار بەرمیل نەوت بووە لە رۆژێکدا، کە دەکاتە (13 ملیۆن و 620 هەزار) بەرمیل لە مانگێکدا. بە پێی شیکردنەوەکان بڕی لە (40% بۆ 42%) داهاتی نەوت گەڕاوەتەوە بۆ هەرێم. ئەگەر نرخی نەوەتی برێنت بە (20) دۆلار بێت ، ئەوا هەرێم ئەگەر هەرێم بە (10) دۆلار کەمتر نەوتەکەی فرۆشتبێت و هیچ داشکاندنی زیاتری بۆ کڕێارەکان نەکردبێت، ئەوا هەر بەرمیلێك نەوتی بە (10) دۆلار فرۆشتووە. کەواتە بەو نرخە داهاتی نەوتی هەرێم لە ماوەیەدا نزیکەی (60) ملیۆن دۆلار بووە، ئەمەش دەکاتە ڕێژەی (8%)ی کۆی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم. کە بریتیەی لە (897) ملیار دینار. حەوتەم: کاریگەری دابەزینی نرخی نەوت لەسەر قەرزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە دانیشتنی رۆژی 5/10/2020 لە پەرلەمان رایگەیاند، قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم زیادیان کردووە و بونەتە نزیکەی 28 ملیار دۆلار و نیو لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ملیارو نێوێک زیاد بووە. هەروەها سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەكرد، حكومەت لە ئێستادا زیاتر لە (7) ملیار دۆلاری قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی لەلایە و زیاتر لە (8) ملیاری قەرزی موچەخۆران و (8) ملیاری پابەندیە داراییەكان قەرزدارە. نزیكەی (4) ملیار دۆلاری هەردوو بانكی بازرگانی عێراقی و بانكی نێودەوڵەتی كوردستان قەرزدارە، بە گوێرەی ئەو راپۆرتەی مەسرور بارزانی كۆی قەرزەكانی حكومەت زیادیان كردووە بەراورد بە سەرەتای دابەزینی نرخی نەوت لەم كابینەیەی حكومەتدا. لەم خشتەیەی خوارەوەدا پوختەی قەرازەکانی سەر حکومەتی هەرێم ڕونکراوەتەوە پێش بڕیاری پاشەکەوت کردنی موچەی مانگەکانی (5، 6، 7، 8، 12،11ی ساڵی 2020)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. بەم شێوەیەش بێت قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان زیادیانکردووە "پاش ئهوهی وهزارهتی دارایی و ئابوری ههرێمی كوردستان بڕیاری دابهشنهكردنی مووچهی شەش مانگی (2020)ی فهرمانبهرانی دهركرد بەمەش كۆی گشتی قهرزهكانی حكومهتی ههرێم (30) ملیار دۆلاری ئهمریكی تێدەپەڕێنێت. سەرچاوەکان 1. یادگار صدیق گەڵاڵی و فریا کاڵێ، هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت و کاریگەری لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ڕوونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، نیسانی 2020. 2. کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 28/6/2021. 3. کۆمەڵێک نوسەر، هەرێمی کوردستان ئاڵنگاری سیاسی و ئابوری، ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، چاپی یەکەم 2018، ل 9-34. 4. ماڵپەڕی درەو میدیا، زیانەكانی ئابوری سەربەخۆ بەپێی داتاو ژمارەكانی حكومەت؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=5813 5. ماڵپەڕی درەو میدیا، لە ئابوری سەربەخۆوە بۆ ئابوری سەربەخۆیان؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8611 6. ماڵپەڕی درەو میدیا، حكومەتێك بێ یاسای بودجە؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8311 7. د. ريام علي حسين، الانعكاسات المالية لصدمة انخفاض أسعار النفط على الموازنة العامة في العراق بعد عام 2014، مركز البيان للدراسات والتخطيط، 2021؛ 8. ابتسام عبد اللطيف محمد، مستحقات اقليم كوردستان وكميات ومبالغ تصدير النفط خارج اطار شركة (سومو) ومدى تاثيرها على الموازنة الاتحادية للمدة (2005-2019)، دائرة البحوث والدراسات النيابية مكتب بحوث الموازنة. 9. Deloitte, Kurdistan Regional Government of Iraq, Oil production, export, consumption and revenue for the year ended 31 December 2020, 20 June 2021.
درەو: بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانس و یەكێتی دیدارو پارتی و سۆسیالیست و بزوتنەوەی ئیسلامی كۆنگرە دەبەستن لە ساڵی نوێی 2022 دا، بەشێكیان بۆ چارەسەری كێشەناوخۆییەكانیان و بەشێكیان وادەی كۆنگرەیان بەسەرچووە. یەكەم/ بزوتنەوەی گۆڕان: بڕیارە رۆژی 26ی كانونی دووەم 2022 بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانس ببەستێت، پرسی شكستیان لە هەڵبژاردنەكەی 10ی ئۆكتۆبەری رابردوی عێراق و رێكخستنەوەی گۆڕان و كشانەوەی تیمەكەیان لە حكومەت گفتوگۆی لەسەر بكرێت، سەرەرای شكستەكەیان بزوتنەوەی گۆڕان وادەی كۆنفرانسیشیان بەسەرچووە. بزوتنەوەی گۆڕان تا ئێستا یەك كۆنفرانسی بەستووە كە لە ساڵی 2013 و لەسەردەمی نەوشیراون مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بووە. دووەم/ یەكێتی نیشتمانی كوردستان: یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاریداوە لە شوباتی 2022 لە بری كۆنفرانس و كۆنگرە "دیدار" سازبكات، قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی لیژنەیەك دەكات كە ئامادەكاری بۆ سازدانی "دیدار"ەكە دەكەن لە شوباتی داهاتوودا، دیدارێك كە گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ئەم دواییەی یەكێتی كە لەدوای 8ی تەموزەوە لەناو یەكێتی روویان داوە لە دیدارەكەدا پەسەند دەكرێت. یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە حوزەیرانی 1976 لەلایەن جەلال تاڵەبانیەوە دامەزراوە تا ئێستا چوار كۆنگرەی بەستووە. سێیەم/حزبی سۆسیالیست حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بڕٍیاریداوە لە مانگی ئازاری داهاتوودا كۆنگرەی حەوتەمی خۆی سازبكات. بە پێی راگەیەندراوی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كە لە رۆژی 28/12/2021 لە گوڵەخانە بەڕێوەچوو ئاماژە بەوە كراوە كە ڕێوشوێنی پێویست و میكانیزمی پێویست گیراوەتە بەر بۆ بەستنی كۆنگرەی (7)ی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و دانانی بەرنامەیەكی داڕێژراو بەڕێوەجوونی كارەكانی كۆنگرە تا گۆڕانكاریەك و نوێ بوونەوەیەك لەناو پلان و پرۆگرامی حزبدا بكرێت". حزبی سۆسیالیست دیموركاتی كوردستان لە ساڵی 1976 دامەزراوەو تا ئێستا (6) كۆنگرەی بەستووە. چوارەم/ پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان چەند جارێك كۆنگرەی دواخستووە، چاوەڕوانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقە، ئەگەر بەزویی پێكبێت ئەوا لە مانگی شوباتی داهاتوودا كۆنگرەی (14) ساز دەكات. پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1946ەوە لەلایەن مستەفا بارزانیەوە دامەزراوە تا ئێستا (13) كۆنگرەی بەستووە. پێنجەم/ بزوتنەوەی ئیسلامی بزوتنەوەی ئیسلامی بڕیاریداوە لە سەرەتای ساڵی 2022 كۆنگرەی (12) ئەنجامبدات. ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە كۆبونەوەی رۆژی 25/12/2021 دا بڕیاریداوە بەتێكڕای دەنگ بڕیاریدا لەنزیكترین كاتدا كۆنگرەی (12) ئەنجام بدات و بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی ئامادەكاری ڕاسپارد بۆ بەئەنجام گەیاندنی كارە هونەری و كارگێڕیەكان و وەرگرتنی ڕاپۆرت و بیرو ڕای سەرجەم ئۆرگانەكان و ئەندامان بەئامانجی ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی نەوعی و سەركەوتوو. بزوتنەوەیەكی ئیسلامی كوردستان ساڵی ١٩٨٧ لە لایەن مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە ئێران دامەزراو تا ئێستا (11) كۆنگرەی بەستووە
درەو: بڕیارە رۆژی 26ی كانونی دووەم 2022 بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانس ببەستێت، پرسی شكستیان لە هەڵبژاردنەكەی عێراق و رێكخستنەوەی گۆڕان و كشانەوەی تیمەكەی لە حكومەت گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی چیا نەوشیروان مستەفا بكرێتە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان. چەند رۆژێكە گفتوگۆی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ رێكخستنەوەو چارەسەركردنی كێشەكانی چڕبوونەتەوە، دەیانەوێت لە رۆژی 26ی كانونی دووەم 2022 تیماری شكستەكەیان بكەن كە لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری رابردوو رووبەروویان بووەوە، پرسەكانی هەمواری دەستوری گۆڕان، هەڵبژاردنی رێكخەر و خانەیەكی نوێی، پرسی دارایی بزوتنەوەی گۆڕان، پرسی كشانەوە لە حكومەت گفتوگۆی لەسەر دەكرێت. دەستەكە قارسكرا رۆژی 13ی ئۆكتۆبەری رابردوو جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دوای (3) رۆژ لە راگەیاندنی شكستەكەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عێراق كە بە هاوپەیمانێتیەك لەگەڵ یەكێتی بەشداریكردوو ژمارەی كورسیەكانی لە (5) كورسیەوە بۆ (سفر) كورسی كەمكردەوە، دەستلەكاركێشانەوەی رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی پەسەندكردوو بڕیاردرا دەستەیەكی (9) كەسی پێكبهێندرێت بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەی گۆڕان. لیژنەیەكی (5) كەسی پێكهێندرا بۆ پێكهێنانی ئەندامانی دەستە كاتیەكە، بەڵام ئەندامانی لیژنەكە نەیانتوانی لە ماوەی دیاریكراودا ئەندامانی دەستەكە دیاری بكەن، بەتایبەتیش لیژنەكە شكستیانهێنا لە گەڕاندنەوەی ئەو هەڵسوڕاو بەرپرسانەی كە لەماوەی رابردوودا لە بزوتنەوەكە دوركەوتبونەوە، لە ئێستادا بڕیارە ئەرك و كارەكانی ئەو دەستەیە بگۆڕدرێت بۆ ئامادەكاری بۆ كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە (7) ئەندام پێكدێت. چوارشەمەی هەفتەی رابردوو جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە و یەكشەمەی رابردووش جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوەوە تیایدا رۆژی 26ی كانوونی دووەمی 2022یان جێگیركردووە بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان و دیاریكردنی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی بزوتنەوەی گۆڕان تا بەستنی كۆنفرانس. ئەندامانی دەستەكە بریتین لە: هاورێ كاوە ئەندامی جڤاتی گشتی دڵشاد مەجید ئەندامی جڤاتی گشتی هۆشیار عومەر ئەندامی جڤاتی نیشتمانی نزار مەحمود ئەندامی جڤاتی نیشتمانی هەریەك لە : شوان قلیاسانی د. تەها حەمە عەزیز شێخ گەیلان كە ئەم سێ ئەندامەیان رۆژی یەكشەمەی داهاتوو لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا دەنگی لەسەر دەدرێت. بەڵام لە ئێستادا داوادەكرێت ئەندامانی دەستەكە لە (7) ئەندامەوە بۆ (9) ئەندام زیادبكرێت. كۆنفرانسی گۆڕان بەر لەوەی گۆڕان توشی شكست ببێت لە هەڵبژاردن، رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن وادەی سازدانی دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكەیان بۆ كۆتایی ئەمساڵ دواخست، بڕیاربوو لەم كۆنگرەیەدا گۆڕانكاری لە پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكەدا بكەن كە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا نوسراوەتەوە، بەجۆرێك دەسەڵاتی مەركەزیی لەناو بزوتنەوەكە بەهێز بكرێتو رۆڵی خانەی راپەڕاندن بەهێزترو رۆڵی جڤاتی نیشتمانی لاواز بكرێت، بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقو ئەنجامەكانی، ریسەكەی لە عومەر سەید عەلیو هاوباوەڕەكانی لەناو خانەی راپەڕاندن كرد بە خوری. لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی و گشتی بزوتنەوەی گۆڕاندا بڕیاردراوە رۆژی 26ی كانونی دووەمی 2022 كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان بكرێت، لەو كۆنفرانسەدا چەند پرسێك گفتوگۆی لەسەر دەكرێت. یەكەم: رێكخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕاندا بڕیارە هەمواری دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان بكرێت كە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا و لە كۆنفرانسی یەكەمدا پەسەندكرا. لە كۆنفرانسەكەدا ئەگەری دەستكاریكردنی پەیكەری بزوتنەوەی گۆڕان دەكرێت لەرووی كەمكردنەوەی ئەندامانی جڤات و مەكۆكان و دەستكاریكردنی ئەرك و كارەكانی خانەی راپەڕاندن و بەرنامەو روئیای بزوتنەوەی گۆڕان بۆ داهاتوو. دووەم: دارایی بزوتنەوەی گۆڕان پرسی داهاتەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا گفتوگۆی درووستكردووەو گومان لەسەر خەرجكردن و دیارنەمانی بەشێك لە داهاتەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكرێت. بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا مانگانە بڕی (250 هەزار ) دۆلار لە حكومەتی هەرێم وەردەگرێت، كە لە داهاتی پارتی دیموكراتی كوردستانەو بەناوی حكومەتەوە دەدرێتە بزوتنەوەی گۆڕان. لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بزوتنەوەی گۆڕان (3 ملیۆن) دۆلاریان لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەرگرتووە لە چوارچێوەی بەشداریان لە هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، گۆمان لەسەر خەرجكردن و دیارنەمانی بەشێك لەو پارەیە هەیە چونكە یەكێتی نیشتمانی كوردستان تەواوی خەرجیەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی گرتووەتە ئەستۆ ئەی ئەو (3 ملیۆن) دۆلارە چۆن خەرجكراوە. هەر لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا نزیكەی (3 ملیۆن) دۆلاری دیكە لە سەرمایەداران و كەسانی نزیكی بزوتنەوەی گۆڕان كۆكراونەتەوە، سەرەرای ئابونەی مانگانەی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی دیكەی گۆڕان لە حكومەتدا. خەرجی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان بریتیە لە : • میدیای بزوتنەوەی گۆڕان KNN • خەرجی مەكۆكانی بزوتنەوەی گۆڕان • خەرجی ژوورو ئەندامانی ژوورەكانی بزوتنەوەی گۆڕان. كۆی گشتی خەرجی مانگانەی بزوتنەوەی گۆڕان نزیكەی لە (150 ملیۆن) دینارە سێیەم: بەشداری لە حكومەت بڕیارە لە كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕاندا گفتوگۆ بكرێت لەسەر پرسی كشانەوە لە حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجییەكان، كە بەشێك لە هەڵًسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان پێیان وایە هۆكاری سەرەكی شكستی بزوتنەوەی گۆڕان خراپی ئەدای وەزیر و بەرپرسانی گۆڕانە لە حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجێییەكان. لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا چەند گروپێك درووست بوون فشار دەكەن بۆ گۆڕانكاری لەناو گۆڕاندا (گروپی لۆبی گۆڕان) وەك یەكێك لە گروپەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەكەن: • رێكخستنەوەی گۆڕان • كشانەوە لە حكومەتی هەرێم و حكومەتەخۆجێییەكان • بەستنی كۆنفرانس لە 26ی كانوونی دووەمی 2022 • بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووو نەكەن • لەگەڵ یەكێتی و پارتی نەچنە حكومەتەوە ئەمە لە كاتێكدایە بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) سەرۆكی تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت دڵنیایی بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی داوە كە بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت ناكشێنەوەو بەردەوام دەبن بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت لەدوای كۆنفرانسی جڤاتی نیشتمانی نوێ بكاتەوەو رێكخەر و ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرێت. لە ئێستادا هەوڵێكی ناوخۆیی هەیە بۆ ئەوەی چیا نەوشیروان مستەفا بكرێتە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لەدوای ئەو ناوی مستەفا سەید قادر دێت بۆ رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام عومەر سەید عەلی و ئەو ئەندامانەی خانەی راپەڕاندن كە دەستیان لەكاركێشاوەتەوەو رۆژانە لە مەكۆی سەرەكی دەوام دەكەن جگە لە ( دەرباز محەمەد و برزۆ مەجید) لەگەڵ ئەوەن كۆنفرانس دوابخرێت و ئەم دۆخە وەك خۆی بمێنێتەوە. راپۆرتی پەیوەندیدار راپۆرتی پەیوەندیدار
(درەو): ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق: • لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا واتە لەنێوان (2011 بۆ 2021) قەبارەی خێزان لە عێراق دابەزینی نوێی بەخۆوە بینیوە. • لە هەرێمی كوردستان تێكڕای قەبارەی خێزان لە رێژەی 5.2%ەوە بۆ 5.0% دابەزیوە. • لە بەغداد قەبارەی خێزان لە رێژەی 5.6% بۆ 5.5% دابەزیوە، لە پارێزگاكانی تریش رێژەكە 6.3 بووە بۆ 6.0% دابەزیوە. • هێشتا قەبارەی خێزان لەناوچە گوندنشینەكان بەرزترە لە ناوچە شارنشینەكان، لە ناوچە گوندنشینەكان رێژەكە لە 7.15%ەوە بۆ 6.3% دابەزیوە، لە ناوچە شارنشینەكاندا رێژەكە لە 5.8%ەوە بۆ 5.5% دابەزیوە. • رێژەی كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر خێزان 29% بووە، ئاستی تێگەیشتنی تاكەكان بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا 67% بووە. • رێژەی ئەو ژنانەی كە ئێستا كاردەكەن هێشتا زۆر كەمەوەو گەیشتوەتە 9.2%، بەڵام لە هەرێمی كوردستان رێژەكە بۆ 14% بەرزبوەتەوە. • پرسیار لە ژنان كراوە لەبارەی ئەوەی ئایا ئامادەن كار بكەن، رێژەی 21%یان ئاماژەیان بەوە كردووە ئامادەن كار بكەن، رێژەی 7%یان باسیان لەوەكردووە ئامادەن كار بكەن، بەڵام بەمەرج. • رێژەی ئەو ژنانەی كە ئینتەرنێت بەكاردەهێنن هێشتا سنوردارەو 40% تێناپەڕێنێت، واتە رێژەی 60%ی ژنان لە عێراق ئینتەرنێت بەكارناهێنن. • تەواوكردنی خوێندن لەلایەن ژنانەوە لە عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، رێژەی 69%ی ژنان بڕوانامەی زانكۆو سەروتریان بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا رێژەی 18%ی ژنان بڕوانامەیان بەدەست نەهێناوە. • جۆرەكانی توندوتیژی كە پیاوان لە عێراق دژی ژنان بەكاریدەهێنن بریتین لە: - توندوتیژی سێكسی: رێژەكەی 1.8%ە - توندوتیژی جەستەیی: رێژەكەی 3.6%ە - توندوتیژی ئابوری: رێژەكەی 22%ە - توندوتیژی زارەكی: رێژەكەی 11.7%ە - روبەرووبونەوەی توندوتیژی بەشێوەیەكی گشتی: 28.7%ە • توندوتیژی ئابوری بەربڵاوترین جۆری توندوتیژییە كە پیاوان لە عێراق دژی هاوسەرەكانیان بەكاریدەهێنن، دوای ئەویش توندوتیژی زارەكی، بەڵام جۆرەكانی تری توندوتژی (توندوتیژی جەستەیی، سێكسی) زۆر لە جۆرەكانی تر كەمترن. • رێژەی 29%ی ژنان لە عێراق روبەرووی هەموو جۆرەكانی توندوتیژی دەبنەوە. • لە یەك دەیەی رابردوودا رێژەی ئەو خێزانانەی عێراق كە سەرۆك خێزان تێیاندا ژنە 10.7%ەو بەمشێوەیە دابەشبووە: - لەناوچە گوندنشینەكاندا رێژەی 5.9%ی سەرۆك خێزانەكان ژنن - لەناوچە شارنشینەكاندا رێژەی 12.4%ی سەرۆك خێزانەكان ژنن - لە هەرێمی كوردستان رێژەی 14.9%ی سەرۆك خێزانەكان ژنن - لە پارێزگاكانی تر رێژەكە 9.8%ە • رێژەی 25.5%ی كچان لە عێراق بەر لەوەی تەمەنیان بگاتە 18 ساڵ، هاوسەرگیری دەكەن. • رێژەی 10.5%ی كچان لە عێراق بەر لەوەی تەمەنیان گەشتبێتە 15 ساڵ، هاوسەرگیرییان كردووە. • رێژەی 1.5%ی ژنان لە عێراق لە هاوسەرەكانیان جیابونەتەوە، دابەشبوونی رێژەیی جیابونەوەی ژنان لە هاوسەرەكانیان لە تەمەنی 15 ساڵ بەرەو سەر، بەپێی ئەوەی كامیان بڕیاری جیابونەوەیان داوە بەمشێوەیە: - رێژەی 46%ی ژنان داوای جیابونەوەیان لە هاوسەرەكانیان كردووە - رێژەی 21%ی پیاوان داوای جیابونەوەیان لە هاوسەرەكانیان كردووە - رێژەی 31%ی پیاوانو ژنان بەیەكەوە داوای جیابونەوەو كۆتایهێنانی هاوسەرگیرییان كردووە • رێژەی وەچەخستنەوە لە ناوچە شارنشینەكان كەمترە لەناوچە گوندنشینەكان، رێژەكە لە ناوچە شارنشینەكان 3.1%و لە گوندنشینەكان 3.6%ە. • رێژەی وەچەخستنەوە لە هەرێمی كوردستان 3.2%ە، لە بەغداد 2.9%ە، لە پارێزگاكانی تر 3.4%ە. • رێژەی ئەو ژنانەی لە عێراق بڕوانامەی زانستیان نییە 3.8%، ئەوانەی بڕوانامەی ناوەندیو كەمتریان هەیە 3.2%، ئەوانەی بڕوانامەی ئامادەییان هەیە 2.5%و ئەوانەی بڕوانامەی زانكۆیان هەیە 2.4%ە. • رێژەی 92%ی ئەو ژنانەی لە عێراق دووگیان دەبن، لەلایەی پزیشكو پەرەستیاری گونجاوەوە پشكنینی دووگیانبوون دەكەن.
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) ئەمە دواھەمین دێڕەکانی ساڵی ٢٠٢١ ی منن، دواھەمین شتێک بکرێت لەسەر ئەم ساڵەی دەکەوێتە دوامانەوە بیڵێم. لە دیدی مندا ساڵی ٢٠٢١ درێژەدانێکی سەرەتانیانەبوو بە زنجیرە ساڵە ناشیرینەکانی پێشخۆی و دەستپێکێکیشە بۆ درێژەدان بە ڕۆژگارێکی ناشیرینی تر، گەر گۆڕانکارییەکی ھەمەلایەن لە زیاد لە بوارێکی ژیانی سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و دینیی و فەرھەنگیی ئێمەدا ڕوونەدات. ساڵی ٢٠٢١ ساڵی گرتن و زیندانیکردنی بەناھەقی ڕۆژنامەوان و چالاکەوانان بوو، ساڵی ھەڵاتن و سەرھەڵگرتنی خەڵکانێکی زۆربوو لە کوردستان، ساڵی مردن و تیاچوونبوو بە چەندان شێوازی جیاواز: خنکان بە خەڵوز، خنکان بە لافاو، خنکاکان لە دەریای ئیجە و کەناڵە نێودەوڵتەییەکاندا، کوشتن لە شەڕی منداڵە چەکدارو خاوەن میلیشیایاکانی، بەرپرسەکاندا. ساڵی ئاشکرابونی دزیی و جەردەیی زیاتر و زیاتربوو، ساڵی درۆی گەورە و بێمتامەنیی گەورەتربوو. ساڵی درێژەدانبوو بە ھەمان تاس و حەمامی سیاسیی، بە ھەمان ئەو دەموچاوانەی زیاد لە ٧٠ لەسەدی خەڵکی ھەرێمەکە نایانەوێت بیانبینن. نە خۆیان و نە منداڵ و نەوەکانیان، نە ئەوانەشی لە دەوری خۆیان کۆیانکردونەتەوە. کێشەی سەرەکیی لەوەدایە بەشی ھەرزۆری ئەم ناشیرینیی و تاوانانە لەگەڵ مندا دەچنە ساڵی تازەو ساڵەکانی تریشەوە. بەجۆرێک یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی مێژووی ئێمە بووە بە کەڵەکەکردنی بەردەوامی ناشیرینیی. ناشیرینیی لە دونیای ئێمەدا چیتر ڕێکەوت و ڕوداوی تاکانە نییە، بەڵکو بووە بە یەکێک لە میکانیزمە ناوەکییەکانی ئیشکردنی ئەو مێژووە. بە ڕادەیەکیش کۆگیرو فرەلایەنیشه بووە بە یەکێک لەو خاڵە سەرەکییانەی مێژووی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمەی پێدەناسرێتەوە. لە دونیای ئێمەدا تەنھا کەڵەکەبوونی ناشەرعیی و مافیاییانەی سەرمایە لەئارادا نییە، تەنھا گۆڕانی کەسانی بێئیش و بێھونەر نییە بۆ ملیۆنێرو ملیاردلێرانی وڵاتەکە، بەڵکو تەریب بەوانە جۆرێکی تر لە کەڵەکەبوون لەئارادایە کە ”کەڵەکەبوونی ناشیرینیی“ە. ناشیرینیی لە زۆربەی ھەرەزۆری بوارەکاندا، لە بواری ئابوریی و ئیشکردنی سەرمایەدا، لە بواری بەڕێوەبردن و ئیدارەداندا، لە پەروەردەو تەندروستیدا، لە بواری سەربازیی و سوپادا، لە ناو میدیاو شێوازی باڵای قسەکردن و دەرکەوتندا، لە دەرکەوتن و بینینی نەوەی دووھەم و سێھەمی بنەماڵە سوشتانییەکاندا. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە لەوەدایە عەقڵیەتێک تیایدا مامەڵە لەگەڵ واقیعدا دەکات کە توانای جیاکردنەوەی جوانیی لە ناشیرینیی، ئەشێ لە ناشێ، ماڵی شەخسیی لە ماڵی نەتەوەیی و نیشتیمانی، مرۆڤ و کۆیلە، تاوان لە کردەوەی ئاسایی، دزین لە ڕاستگۆیی، خیانەت لە لانی ھەرەکەمی دڵسۆزیی و ڕاستگۆیی، نییە. ئەم عەقڵیەتە تەنانەت توانای بینینی کارەساتەکانیشی نییە، چ جای ھۆکارەکانی پشتی ئەو کارەساتانە. لەھەمانکاتدا عەقڵیەتێکە دابڕاو لە کەمترین توانای ھەستکردن بەو ڕووداوانەی تیایدا ڕووئەدەن، بۆ نموونە مردنی خەڵک نایجوڵێنێت، بەڵام بۆ ڕیکلام و بازرگانیکردن بە ئیحساسەتەوە، بۆ دروستکردنی ھەواڵ، بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە کەسوکاری قوربانییەکانەوە دەکەن، بۆئەوەی بەناوی ئەو قوربانیانەوە جارێکیتر مەدح و سەنایەکی درۆزنانەی تری خۆیان دروستبکەن و ببیستن.ئەوان ئەوە نابینن کە ٧٠ لە سەدەی خەڵک بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان دەکات، بەڵام دایک و باوکی خەمباریی خاوەن قوربانییەکان، ناچاردەکەن پشتبکەنە ئیحساسە ھەرەسادەکانی دایکایەتیی و باوکایەتی خۆیان و مەرگیی منداڵەکانیان وەک دیاریی بە باڵانی دڵسۆزیی سەرۆک و بنەماڵەکەیدا ھەڵبواسن. بەمەش کارەساتی مردنەکان بگۆڕن بۆ ئاھەنگی تازەکردنەوەی وەلائی دۆرزنانە بۆ ئەو سیاسیە سەدبارە و بێھونەرانە. ئەوەی ئەم جۆرە لە حوکمڕانیی بەرھەمیدەھێنێت تەنھا خنکان و مردن و زیندانیکردن و سەرھەڵگرتن نییە. ئەوەی ئەوان دەیکوژن ”ئیرادەی ژیان“و ”لانی ھەرە کەمی ماف“ و ئەو مشتە بچووکە لە کەرامەتە کە ھەموو ژیانێکی مانادار پێویستیی پێیەتی. ئەوەی غائیبە یارمەتیدانی کۆمەڵگایە بۆئەوەی بتوانێت خۆی خۆی دروست و بەھێزبکات. دابڕانی ئەو شتانەیە لە یەکتریی کە ناکرێت لەیەکتری داببڕێن، بۆ نموونە دەوڵەمەندبوون لە ئیشکردن، پێشکەوتن لە توانا، بەدەستھێنانی بژێو لە ھێزی بیرکردنەوە، بڕیاردان لە بەرپرسیارێتی، حوکمڕانیی لە یاسا، مرۆڤ لە ماف، ژیان لە ڕێز، ھتد... ئەوەی دەیانەوێت بەردەوامیی پێبدەن و لەگەڵ خۆیاندا بۆ ساڵەکانی تری ببەن، دروستکردنی کۆمەڵگایەکە توانای دۆستایەتیی و ھاریکاریکردنی تێدا نەمابێت، ئەم بەشی بەدەم ئەو بەشییەوە نەچێت، خاڵیبێت لە خەمێکی گشتیی کە بکرێت خەڵکانی جیاوازی ئەو کۆمەڵگایە لە دەوری یەکتری کۆبکاتەوە، کۆمەڵگایەک تابێت زیاتر و زیاتر پارچەپارچە و بەش بەش، ببێت. ئەوەی بەردەوامی پێئەدرێت باڵادەستکردنی کۆمەڵگیەکە تاکەکانی وەکو یەک نەبینێت، بەشێوەیەکی یەکسان مامەڵەیان نەکات، ئەو ھەستە لە ئینسانەکانیدا لەناوببات کە خەڵکی یەک وڵات و نیشتیمانن، شەریکن لە ھاوڵاتیبوون و ھاوشاریبوون و ھاوچارەنوسیدا. ئەوەی لە کۆتاییەکانی ئەم ساڵەدا دەخوازرێت ببرێت بەرەو ئایندە، بەرەو ساڵەکانی تر، نیشتیمانە وەک کۆمەڵێک سەنگەری دژبەیەک: سەنگەری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینیی و حیزبیی دژبەیەک، سەنگەری سەربازیی و ئەمنیی و بنەماڵەیی. سەنگەری بەرپرسان و منداڵەکانیان بەرامبەر بە ھەمووان، بە جۆرێک پێناسکردنی ھەر گروپ و حیزب و ھێزێک لەسەر ئیھانەکردنی ھێزەکانی تر کاربکات و بێمافکردنی ئەوانەی لەخۆیان ناچن، بەڕێوەیببات. بە کورتییەکەی ئەوەی ئەم ھێزانە لە کۆتایی ئەم ساڵەدا دەیانەوێت بۆ ئایندەی ببەن، ئەو ھەموو ناشیرینییە کە ساڵانێکی درێژە بەرھەمدەھێنرێت، ئەو کەڵەکەبوونەی ناشیرینەیە کە ھاوشێوەی کەڵەکەبوونی مافییایانەی سەرمایە لە وڵاتەکەدا ئیشدەکات.
(درەو): لەبری "كۆنفرانسی گشتی"، یەكێتی بڕیاریداوە "دیدار" سازبكات، قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی لیژنەیەك دەكات كە ئامادەكاری بۆ سازدانی "دیدار"ەكە دەكەن لە شوباتی داهاتوودا، دیدارێك كە گۆڕانكارییە سیاسییەكانی یەكێتی تێدا پەسەند دەكرێت. یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناوەڕاستی مانگی شوباتی 2022 دیدارێكی ناوخۆیی سازدەدات بە ناوی "دیداری یەكێتی". بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم دیدارەدا ستراتیژیەتێكی سیاسی نوێ بۆ یەكێتی دادەڕێژرێت لەسەرجەم ئەو بوارانەی یەكێتیدا كە پەیوەندییان بە ژیانی گشتییەوە هەیە، هەموو گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی ئەمدواییەی یەكێتیو پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتە سیاسییەكانو وڵاتانی ناوچەكەو جیهان پەسەند دەكرێت. (درەو) زانیویەتی، ئێستا ئامادەكارییەكان بۆ سازدانی ئەم دیدارە لەناو یەكێتی دەستی پێكردووەو لیژنەیەكی تایبەت بەسەرپەرەشتی قوباد تاڵەبانی دروستكراوە بۆ جێبەجێكردنی كارەكانی ئەم دیدارە. "دیداری یەكێتی" لەبری كۆنفرانسی گشتی دانراوە، كە لەدواین پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكراوی یەكێتی لە كۆنگرەی چوارەمدا باسی لێوەكراوە. ماددەی 21ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی دەڵێ: • هەردوو ساڵ جارێك بەمەبەستی هەڵسەنگاندن، یەكێتی كۆنفرانسێكی گشتی ئەنجام دەدات، كە ئەنجومەنی سەركردایەتی رێكی دەخات. • ئامانجی كۆنفرانس بریتییە لە داڕشتنو هەڵسەنگاندنی هێڵە گشتییەكانی ستراتیژو بەرنامەی كاری سیاسی یەكێتیو خستنەڕووی پرۆژەو پێشنیارەكان بەمەبەستی بەرجەستەكردنیان بەشێوەیەكی كردەیی، كارو چالاكی سەرجەم ئۆرگان لەم كۆنفرانسە بە راپۆرتێك پێشكەش دەكرێت. • لیژنەیەك لە ئەنجومەنی سەركردایەتی كاتو شوێنو بەشداربووانی ئەم كۆنفرانسە گشتییە دیاری دەكات. بەهۆی ئەو رووداوەكانی 8ی تەموزەوە، پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی لەكاركەوتووە، سەركردایەتی یەكێتی هیچ كۆبونەوەیەكی گشتگیری نەكردووە، سیستمی هاوسەرۆكیی لەكاركەوتووە، بافڵ تاڵەبانی كە لەدوای 8ی تەموزەوە پێگەی بەهێز بووە، ئێستا ناونیشانی هیچ پۆستێك بۆخۆی نانوسێت، بەڵام چاوی لەوەیە یەكێتی بگەڕێنێتەوە بۆسەردەمی یەك سەرۆكیی. لەڕووی ئەمنیشەوە، لەدوای 8ی تەموزەوە زۆربەی هێزە چەكدارەكانی سنوری سلێمانی كەوتونەتە ژێر كۆنترۆڵی بافَل تاڵەبانییەوە.
(درەو): بڕیاری بوو ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی بڕیاری خۆی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن یەكلابكاتەوە، بەڵام بەبەهانەی ئەوەی ئەمڕۆ پشووە، بڕیارەكە بۆ سبەینێ دواخرا، پێشبینی دەكرێت دادگا ئەنجامی هەڵبژاردن بەگشتی پەسەندبكات، بەڵام یەكلاكردنەوەی ئەنجامی هەندێك سندوقی دەنگدان كە تانەیان لەسەرە بۆ كاتێكی تر دوابخات، لە هەموو حاڵەكاندا دەرگا لەسەر دەستبەكاربوونی خولی نوێی پەرلەمان دەكرێتەوە، لایەنە شیعە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن، لەلایەك هەڕەشەی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی دەكەن، لەلایەكی تر سەرقاڵی دانوستانن لەگەڵ موقتەدا سەدرو كوردو سوننەدا بۆ پێكهێنانی حكومەت. دادگا لەنێوان دوو بژاردەدا دادگای فیدراڵی عێراق سبەینێ بڕیاری خۆی لەنێوان دوو بژاردەدا یەكلادەكاتەوە، پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق یاخود پەسەندكردنی ئەو تانانەی كە هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، بەنوێنەرایەتی لایەنە شیعە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن، پێشكەشی كردوە. دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كە بەگوێرەی دەستور ئەركەكەی تەنیا پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەو بڕیارەكانی لەم بارەیەوە جێگای مشتومڕو تانە لێدان نییە، بەهۆی ئەو تانانەی كە هادی عامری پێشكەشی ئەم دادگایەی كردووە، دادگاكە كەوتوەتە ناو كێشمەكێشی سیاسییەوە. دادگای فیدراڵی ئەركەكەی بریتییە لە شیكردنەوەی ماناو لێكدانەوە بۆ ماددەكانی دەستوری عێراق لەكاتێكدا ناڕوونی لەبارەی یەكێك لە ماددە یان بڕگەكانی دەستورەوە دروست ببێت، لایەنە شیعە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی دادگاكە تانەكانیان لێ وەربگرێت، بانگەشەی ئەوە دەكەن لە سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا دەستور پێشێل كراوە، لەم روانگەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجانی هەڵبژاردنەكەی 10ی ئۆكتۆبەر دەكەن. دادگای فیدراڵی دووجار تەماشاكردنی ئەو تانانەی دواخست كە لەلایەن عامرییەوە پێشكەش كراوە، ئەمە بۆ ئەوە بوو لایەنە شیعەكان لەناو خۆیاندا لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رێككەوتن بكەن، كاتێك لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن، رۆژی چوارشەممەی رابردوو دادگاكە رایگەیاند، رۆژی یەكشەممە واتە ئەمڕۆ، حوكمی خۆی لەبارەی تانەكانی عامرییەوە رادەگەیەنێت، ئەمڕۆش بڕیاری خۆی بەهۆی سبەینێ دواخست. "بایكۆتی پرۆسەی سیاسی دەكەین" عەبدولئەمیر تعێبان یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی (فەتح) كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكاتو ئەم هاوپەیمانێتییە نوێنەرایەتی دەنگی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەكات، لەبارەی بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵییەوە دەڵێ" ئومێدی گەورەمان بە بڕیاری دادگا هەیەو خوازیارین بڕیارێكی دادپەروەرانە بێت بۆ ستەملێكراوان.. لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەموو بەڵگەیەكیان پێشكەش كردووە بۆ سەلماندنی ئەوەی هەڵبژاردن ساختەكراوەو یاری بە ئەنجامەكانییەوە كراوە". تعێبان باسلەوە دەكات، ئەگەر بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی دادپەروەرانە نەبێت، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (لایەنە شیعە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن) بژاردەی زۆریان لەبەردەستدا دەبێت، یەكێك لە بژاردەكان بایكۆتكردنی گشتگیری پرۆسەی سیاسییە". ناڕازییەكان بایكۆت دەكەن؟ قسەكردن لەبارەی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق لەلایەن ئەو لایەنە شیعانەی كە هێزی چەكداریان هەبێت، رەنگە تەنیا كارتێكی فشار بێت لەسەر دادگای فیدراڵی، ئەگەرنا ئەم لایەنەكان لەئێستادا سەرقاڵی دانوستانن بۆ دروستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. سەرباری ئەمە، لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆچونیان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن جیاوازە، نوری مالیكی سەرباری ئەوەی خۆی وەكو ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردن نیشان دەدات، بەڵام بەهۆی زیادبوونی كورسییەكانی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لەم هەڵبژاردنەدا، خۆی وەكو براوە نیشان دەدات، عەممار حەكیمو حەیدەر عەبادیش بەبێدەنگی دانیان بەوەدا ناوە كە شكستیان هێناوەو چاوەڕێی ئەوەن لەرێگەی نێوەندگیرییەوە لەنێوان سەدرو عامریدا، رۆڵی لەدەستچووی خۆیان بگەڕێننەوە. پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی عێراق، درز بخاتە ناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوەو هەریەكەیان بەجیا بچنە ناو دانوستانەوە لەگەڵ موقتەدا سەدری براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەوەو لەكۆتایدا هادی عامری بەتەنیا خۆی بمێنێتەوە. سەرچاوە سیاسییەكان لە بەغدادەوە باسلەوە دەكەن، بڕیارە چەند رۆژی داهاتوو موقتەدا سەدرو هادی عامری چاویان بەیەك بكەوێت. لایەنە شیعە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن كە ناویان لەخۆیان ناوە "لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی)، لەناو خۆیاندا رۆڵەكانیان دابەشكردووە، نوری مالیكی دانراوە بۆ ئەوەی بەناوی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دانوستان لەگەڵ لایەنە كوردییەكان بكات، حەیدەر عەبادی دانراوە بۆ ئەوەی دانوستان لەگەڵ لایەنە سوننەكان بكات، هادی عامریش بۆ گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ موقتەدا سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن. دادگا چی دەكات ؟ پێشبینییەكان بۆ ئەو دەچن دادگای فیدراڵی سبهینێ ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند بكات، بەڵام ئەنجامی هەندێك لە سندوقەكانی دەنگدان كە سكاڵایان لەسەرە دوابخات بۆ كاتێكی تر، بۆ ئەوەی وردبینییان تێدا بكرێت. ئەگەر سبهینێ دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسەندبكات، دەرگا لەسەر دەستبەكاربوونی خولی نوێی پەرلەمان دەكاتەوە.
شكاری: درەو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی (7) ساڵی تەمەنی خۆیدا سەرپەرشتی ڕاسییەکی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە 25/9/2017، و یەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردووە لە 30/9/2018 دا. لە ئێستاشدا (2) ساڵ بەسەر ماوەی یاسایی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا تێپەڕیوە و بەشێک لە ئەندامەکانی لە پۆستەکانیان نەماون. لایەنە سیاسییەکان بۆچونی جیاوازیان لەبارەوە هەیە. لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر شێوازی پێکهێنانی کۆمسیۆن و ڕای لایەنە سیاسییەکان لە بارەی یاساکەی و داهاتووی پێکهاتەکەی ئەنجومەنەکە. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە 23/7/2014 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 بەناوی (یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان - عێراق)ی پەسەند کرد. لەماددەی دووەمی یاساکەدا هاتووە: "بە گوێرەی ئەم یاسایە دەستەیەک دادەمەزرێ لە ژێر ناوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ ئەوەی ببێتە تاکە دەسەڵات کە ڕێکاری هەموو هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسییە گشتییەکان ئەنجام دەدا لەسەر ئاستی سەرتاسەری کوردستان – عێراق". بەپێی ماددەی پێنجەمی یاساکە کۆمسیۆن پێکدێت لە؛ یەکەم: ئەنجومەنی کۆمسیاران: لە خاڵی (1)ی ماددەکە هاتووە: ئەنجومەنی کۆمسیاران لە (9) ئەندام پێک دێ کە لەلایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینری ڕەهای ئەندامانی هەڵدەبژێردرێن و دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە کە پەرلەمان پێکیدەهێنێ و پێشنیاز دەکرێنك بە مەرجێک دوو ئەندامی ئەنجوومەن بەلانی کەمەوە یاساناس بن هەروەها دەبێ نوێنەرایەتی ئافرەتان و پێکهاتەکان مسۆگەر بکرێ و ماوەی کارکردنی ئەنجومەنەکەش (5) ساڵی رۆژ ژمێرییە. لە چوارچێوەیەدا پارتە سیاسییە سەرەکییەکان کاریان بۆ ئەوە کرد ئەو (9) ئەندامەی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە نێوان خۆیان بەش بەش بکەن و سێ ئەندامی درا بە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتیش لەپشکی خۆی ئەندامێکی دا بە تروکمان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانیش یەکی دوو ئەندام و هەر یەک لە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ئەندامێکییان پێدرا. ئەندامەکانیش لە ڕۆژی 3/12/2014 لە پەرلەمانی کوردستان و 23/12/2014 لهلایهن ئهنجومهنی دادوهری ههرێمی كوردستان متمانهی پێدرا، بەم شێوەیە؛ ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان بڕوانە پەیکەری کارگێڕی ئەنجومەنی کۆمسیاران دووەم: کارگێریی هەڵبژاردن بەپێی ماددەی پێنجەمی یاسای کۆمسیۆن بڕگەی دووەم خاڵی (1) کارگێڕی هەڵبژاردن پێکدێ لە نوسینگەی گشتی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکان و یەکە کارگێڕییەکان بەگوێرەی ئەو هەیکەلەی لەلایەن کارگێڕی هەڵبژاردنەوە پێشنیاز کراوەو لەلایەن ئەنجومەنەوە پەسەند کراوە. لەم بارەیەوە بڕوانە هەکەلی هەریەک لە (پەیکەری کارگێڕی هەڵبژاردن، پەیکەری کارگێڕی هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و کەرکوک) بۆچونی لایەنە سیاسییەکان بۆ داهاتووی کۆمسیۆن لە ئێستادا بەپێی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی وەک لە ماددەی پێنجەم بڕگەی (1)دا ئاماژەی پێکراوە، (2) ساڵی تەواو بەسەر ماوەی یاسایی ئەنجومەنەکەدا تێپەڕیوەو لایەنە سیاسییەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەروو هەموویانەوە فشاری ئەوە دەکەن ئەنجومەنێکی نوێ دروستبکرێت و هەوڵێکیش هەیە بۆ هەموار کردنەوەی یاساکە. لەو بارەیەوە "مونا قەهوەچی - سكرتێری پەرلەمانی كوردستان" بۆ سایتی پارتی ڕایگەیاندووە هەموو رێكارێكمان گرتووەتە بەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی و دروستكردنی كۆمسیۆنێكی نوێ. وتوشیەتی رای فراكسیۆنەكانمان وەرگرتووەو ئێستا چاوەڕێی بۆچوونی لایەنە سیاسییەكانین، بۆ ئەوەی ئەوانیش رای خۆیان پێشكەش بكەن لەسەر چۆنیەتی دانانی ئالیەتی هەڵبژاردنەكان. ئەوەشی وتووە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لەڕووی یاساییەوە بەسەرچووەو كۆمسیۆنی ئێستا شەرعیەتی نەماوە، چونكە لە خولی پێشووی پەرلەماندا دروستكراوە و ئێستا بۆشایی یاسایی هەیەو بەشێكیان پۆستی دیكەیان وەرگرتووەو بەشێكیان كۆچی دواییان كردووە. ئێستا ناچارین یاساكە هەموار بكرێتەوە و كۆمسیۆنێكی نوێ دروست بكرێت، ئەمەش بەپێی تەوافوقی نێوان لایەنەكان دەبێتو بۆ پێكهاتەكانیش لە ماددەی (8)ی یاساكەدا هاتووە، كە مافی خۆمانە زەمانەتی پێكهاتەكان لە ئەنجومەنی كۆمسیاران بكرێت. لە نوێترین هەوڵیشدا لە ڕۆژی (22/12/2021) (56) پەرلەمانتار یاداشتێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە، لە یاداشتەکەدا هاتووە "ئێمە ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان کە لە خوارەوە واژۆمان کردووە، داوا لە بەێزتان دەکەین بەپێی خاڵی (1) لە بڕگەی یەکەم لە ماددەی پێنجەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 ی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان – عێراق لیژنەیەک دروست بکەن بۆ دەستنیشانکردنی پاڵێوراوان بۆ ئەنجومەنی کۆمسیارانی هەرێم کە بەپێی خاڵی (1) لە بڕگەی یەکەم لە ماددەی حەوتەمی هەمان یاسای ئاماژە پێکراوی سەرەوە بەهۆی تەواوبوونی ماوەی یاساییان ماوەی ئەندامێتیان کۆتایی هاتووە". بەپێی زانیارییەکان پارتی خوازیارە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە (9) ئەندامەوە بکات بە (15) و شێوازی دابەشکردنیشی بەو شێوەیە بێت کە پارتی لەگەڵ کۆتاکان لەئەنجومەنی کۆمسیۆن ببێتە زۆرینە، هاوشێوەی پەرلەمانی کوردستان. هەر یەک لەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو لەبەر ئەوەی پشکی خۆیان لە ئەنجومەنەکەدا بەم شێوەیەی ئێستا مسۆگەرە پێیان باشە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران وەک خۆی بمێنێتەوەو پشکەکانیان دەستکاری نەکرێت، شوێنە بەتاڵەکانی ئەندامانی ئەنجومەن پڕ بکرێنەوە. جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوەی لە بەیاننامەی فەرمیدا بڵاوکردووەتەوە کە "کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان دور لەپشک پشکێنەی حزبی دروستبکرێتەوە ... ژمارەی ئەندامانی کۆمسیۆن (9) ئەندام بن.... دەستەیەکی دادوەری تایبەت بە هەڵبژاردنەکان درووست بکرێت لە پێنج دادوەری بێ لایەن کە هیچ کاری حزبیان نەکردبێت و ئەنجامی کۆتایی لەلایەن ئەو دەستە دادوەرییەوە پەسەند دەکرێت".
درەو: ئەو چەكدارانەی لە قوتابخانەیەكی سلێمانیدا هێرشیانكردە سەر باوكی خوێندكارێك كە بەرەگەز عەرەبە، دوای راگرتنیان بۆ چەند كاتژمێرێك، بە كەفالەت ئازادكران، هۆكاری پەلاماردانەكە پەیوهندی بە شەڕی نێوان دوو خوێندكارەوە بووە، دواتر شەڕی نێوان باوك و دایكی خوێندكارەكانی لێدەكەوێتەوەو بەرپرسێكی سەربازیش كە هاوسەری خوشكی دایكی خوێندكارەكەی ترە، بە خۆی پاسەوانەكانیەوە دەچێتە قوتابخانەكەو پەلاماری باوكی خوێندكارەكەی تر دەدەن. ووردەكاری روداوەكە لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا بەرپرسێكی سەربازی و كۆمەڵێك چەكدار لەناو ئیدارەی قوتابخانەیەكداو لەبەردەم بەڕێوەبەرو مامۆستایانی ئەو قوتابخانەیەدا پەلاماری باوكی خوێندكارێك دەدەن، كە لە پێكهاتەی عەرەبە. لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا بەرپرسێكی سەربازی دەردەكەوێت بەناوی (توانا حەمە ساڵح) سەگرمەیە، كە برای سەرمایەدار (تاهیر سەگرمە)، سەرەتای هەفتەی رابردوو دوو خوێندكار لە قوتابخانەی (المدارس العالمی المتحیدە) مۆڵەتی لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ناوەند وەرگرتووەو سەربە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم نیە لە گەڕەكی عەقاری شاری سلێمانی لە گۆڕەپانی قوتابخانەكەدا شەڕیان دەبێت شەڕێكی ئاسایی نێوان دوو قوتابی، وەك رۆتینیاتی ئیداری، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكە، دایك و باوكی ئەو دوو خوێندكارە بانگ دەكات بۆ قوتابخانە، لەناو ئیدارەی قوتابخانەكەدا دەمەقاڵێ لە نێوان باوكی خوێندكارێكیان كە خەڵكی رومادیە و دایكی خوێندارەكەی تر كە خەڵكی بەغدایە درووست دەبێت، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، باوكی خوێندكارەكە كە خۆی پێشتر ئەفسەری سوپای عێراق بووە قسە بە دایكی خوێندكارەكەی تر دەڵێت دایكی خوێندكارەكە لەبەر ئەوەی هاوسەرەكەی لە بەغداد بووە تەلەفۆن بۆ توانا حەمە ساڵح سەگرمە دەكات كە هاوسەری خوشكەكەیەتی، و ئەفسەرە لە فەرماندەیی پێشمەرگە، داوا لە توانا حەمە ساڵح دەكات بێت بۆ قوتابخانە، توانا بە پاسەوانەكانیەوە لە فەرماندەییەوە دەچێت بۆ قوتابخانە لەوێ شەڕە قسە لە نێوان ئەو هاوڵاتیە عەرەبە و توانا حەمە ساڵح درووست دەبێت، لە ئەنجامدا دەبێت بەشەڕیان و پەلاماری یەكدی دەدەن، دواتر پاسەوانەكانی توانا حەمە ساڵح دێنە ژوورەوەو ئەوانیش پەلاماری خوێندكارەكەو باوكی دەدەن زۆریان لێدەدەن. لەدوای رووداوەكە هەردوولا سكاڵا تۆماردەكەن، دواتر بە فەرمانی دادگا توانا حەمە ساڵح سەگرمەو پاسەوانەكانی بۆ ماوەیەك لە دادگا بە پێی مادەی (413) لە یاسای سزادانی عێراق رادەگیرێن و دوای چەند سەعاتێك ئازاد دەكرێن. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ئەو دوو خانەوادەیە هەردووكیان سكاڵاكانیان كشاندووەتەوە. رێبوار عەبدولڕەحمان كاندیدی سەركەوتووی نەوەی نوێ لە پەیجی تایبەتی خۆی زاویەیەكی تری ڤیدۆكەی بڵاوكردووەتەوەو رایگەیاندووە كە ئەو پەلامارە بە پارە كراوە. رێبوار عەبدولڕەحمان لە پەیجی تایبەتی خۆی نوسیویەتی: کێشەکە ئەوە نییە کە ئەو کەسانە بە جلی سەربازیەوە پەلاماری ئەو باوکە دەدەن لەناو قوتابخانەکەی شاری سلێمانیدا، کێشەکە ئەوەیە ئەو کارە بە پارە دەکەن، سەیری ئەم ڤیدیۆیە بکەن و ببینن چۆن دایکی یەکێک لەو منداڵانە پارە دەداتە ئەو کەسانە، کەواتە: پارە بدە، هێزی سەربازی بێنە لەخەڵک بدات، ئەمەش حوکمڕانیەکەی پارتی و یەکێتی. ئاساییش چی دەڵێت؟ ئەمڕۆ لە رونكردنەوەیەكدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند: ھێزەكانی ئاسایشی سلێمانی ئەو چەكدارانەی ھێرشیان كردە سەر خوێندكارێك و باوكی دەستگیر كرد دەستبەجێ دەستمان كرد بە لێكۆڵینەوە و بە دواداچوون پاش دەستنیشان كردنی تۆمەتبارەكان لەلایەن ھێزەكانی ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیركران بە ناوەكانی ( ت ح ح - ئ ف ع - ر ا م - ب ا ج - ئ ش ع ) و لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە بە پێی ماددەی ٤١٣ لە یاسای سزادان ڕاگیران و بە پێی تایبەتمەندی ڕەوانەی دادگای لێكۆڵینەوەی ٣ كران.
راپۆرت: درەو "گۆڕینی كۆمسیۆن بە مەرجی فرەبازنەكردنی هەڵبژاردن" ئەمە چەقی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانە لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانەوە، یەكێتیو گۆڕان حەزیان بە هەڵبژاردن نییەو سەرقاڵی دۆخی ناوخۆیی خۆیانن، بۆیە كردویانە بە مەرج هەڵبژاردن بەشێوەی "فرەبازنەیی" بەڕێوەبچێت، پارتیش گۆڕینی پێكهاتەی كۆمسیۆن وەكو كارتی فشار لەسەر لایەنەكان بەكاردەهێنێت، وردەكاری بۆچوونی لایەنەكان لەبارەی هەڵبژاردنەوە لەم راپۆرتەدا. كوردستان لەبەردەم هەڵبژاردنێكی نوێدا رۆژی 30ی ئەیلولی 2022 وادەی فەرمی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانە، ئەگەر لایەنەكان رێكبكەون لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا، دەبێت بەر لە شەش مانگ لەوادەی خۆی، بڕیار لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە بدرێت بۆ ئەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئامادەكارییەكانی بكات. سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 4ی تشرینی دووەمی رابردوو لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبووەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی هەڵبژاردن، لەم كۆبونەوەكەدا داوا لە سەرۆكی فراكسیۆنەكان كرا لەماوەی دوو هەفتەدا بۆچونی حزبەكانیان لەبارەی هەڵبژاردن بگەیەننە سەرۆكایەتی پەرلەمان. بۆچونی حزبەكان لەبارەی هەڵبژاردنەوە هەفتەی رابردوو، جارێكی تر سەرۆكی فراكسیۆنەكان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەو بۆچونی حزبەكانیان بە سەرۆكایەتی گەیاند. بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكەو چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی كوردستان، پارتە سیاسییە سەرەكییەكانی هەرێم بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، پارتیو هاوپەیمانەكانی لەبەرەیەكو (یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵی دادگەریی، نەوەی نوێ) بە هەندێك جیاوازییەوە لەبەرەیەكی ترنو بۆچونەكانیان لەیەكترەوە نزیكە. ئەم دابەشبوونە پارتە سیاسییەكان دەباتە ناو دانوستانێكی چڕەوە، دانوستانێك كە رەنگە ئاكامەكەی سەربكێشێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ماوەی ساڵێك. بەگشتی یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان كە ئەم رۆژانە دۆخی ناوخۆییان بە قۆناغێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نین لەوادەی خۆیدا، پارتیش سەرباری ئەوەی داوا دەكات هەڵبژاردن لەوادەی خۆی بەڕێوەبچێت، بابەتەكەی بەتوندی نەگرتووەو وەكو كاری فشار لەسەر لایەنەكان تاقیدەكاتەوە. ئەمڕۆ یەكێكی دەستی بەگفتوگۆ كرد لەگەڵ لایەنەكان سەبارەت بە چارەنوسی هەڵبژاردن، وەفدی یەكێتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانو یەكگرتووی ئیسلامی كرد، سەرباری ئەمە بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پارتیو یەكێتی لەلایەكو پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەكی تر لیژنەی هاوبەشیان دروستكردووە بۆ تاوتوێكردنی پرسی هەڵبژاردن. لەسەر چی ناكۆكن ؟ پارتیو یەكێتیو لایەنەكانی تر بەگشتی لەسەر چەند بابەتێك بۆچونی جیاوازیان هەیە، بابەتە جێناكۆكەكان بریتین لە (بازنەكانی هەڵبژاردن، چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، كورسی كۆتای پێكهاتەكان، شێوازی لیستی هەڵبژاردن). ناكۆكی لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە یەكێتیو گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو و نەوەی نوێ داوا دەكەن هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی فرەبازنە بەڕێوەبچێتو هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت لەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا، واتە هەر پارێزگایەك بكرێت بە بازنەیەكی هەڵبژاردن، ئەمە پێویستی بە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان هەیە، یاسایەك كە سیستمی هەڵبژاردنی لە كوردستان بەشێوەی (یەك) بازنە دیاریكردووە، پارتی بەتوندی دژی ئەم بۆچونەیە، بەوپێیەی ئەگەر ئەم شێوازە پەیڕەو بكرێت، ئەو زۆرینە رەهایەی ئێستا لە پەرلەمان هەیەتی، لەدەستی دەدات، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، پارتی هەرگیز سازش لەسەر گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردنی كوردستان بۆ (4) بازنە ناكات، بەتایبەتی لەكاتێكدا دەیەوێت لە خولی شەشەمدا ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ نزیكەی (50) كورسی زیاد بكات، نەك بەهۆی سیستمە نوێیەكەوە زۆرینەكەشی لەدەستبدات. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992)، هەرێمی كوردستان بە یەك ناوچەی دەنگدان دادەنرێت و دابەشدەكرێت بەسەر چەند مەركەزێكی دەنگیداندا، لە ماوەی پێنج خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كورستان لە ساڵانی (1992، 2005، 2009، 2013، 2018) كار بەم دەقە كراوە، ئەگەر داواكارییەكەی یەكێتیو لایەنەكانی تر جێبەجێ بكرێتو كوردستان بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، بەپێوەری ژمارەی دانیشتوان كورسییەكانی پەرلەمان (100 كورسی پەرلەمان بەبێ 11 كورسی كۆتاكان) بەمشێوەیە دابەش دەبن بەسەر پارێزگاندا: • پارێزگای هەولێر: 36 كورسی • پارێزگای سلێمانی: 35 كورسی • پارێزگای دهۆك: 27 كورسی • پارێزگای هەڵەبجە: 2 كوسی شێوازی فرەبازنەیی دەنگی حزبەكان دابەش دەكات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، واتە دەنگی كەسێك لە پارێزگای هەڵەبجە ناتوانێت كاندیدێك لە دهۆك سەربخات، ئەمە سەرچاوەی مەترسی پارتییە لە شێوازی فرەبازنەیی. ئەگەر لایەنەكان بەدیاریكراوی (یەكێتی) لەسەر پرسی دابەشكردنی كوردستان بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردن پێداگری بكات، گفتوگۆكان بە بنبەست دەگاتو رەنگە هەڵبژاردن لەدوادەی دیاریكراوی خۆی دوابخرێت، چونكە ئەم بابەتە بەلای پارتییەوە ستراتیژەو سازشی لەسەر ناكات، دەكرێت لە بابەتە جێناكۆكەكانی تردا سازش بۆ لایەنەكانی تر بكات، لەبەرامبەر تێپەڕاندنی پرسی هەڵبژاردن بەشێوەی (یەك بازنەیی)، رەنگە سوربوونی پارتی لەسەر گۆڕینی پێكهاتەی كۆمسیۆن وەكو كارتی فشار بێت لەناو دانوستانەكان بۆ ئەوەی لایەنەكان ناچار بكات دەست لە بیرۆكەی دابەشكردنی كوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن هەڵبگرن، ئەگەرنا بە پێكهاتەی ئێستاشەوە هێشتا پارتی لەناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا زۆرینەیە. ناكۆكی لەبارەی چارەنوسی كۆمسیۆنەوە رۆژی 23ی كانونی یەكەمی 2019 تەمەنی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی كوردستان كۆتایی هات كە (5) ساڵ بوو، لەوكاتەوە تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان تەمەنی یاسایی بۆ درێژنەكردونەتەوە، واتە ماوەی نزیكەی دوو ساڵە لە بۆشایی یاسایدان. ئەوانەی ئاگاداری كاروبارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستاننو (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، دەڵێن، چەند مانگێك بەر لەوەی وادەی یاساییان كۆتایی بێت، ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن سێ نوسراویان ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنوسیان بدات، بەڵام پەرلەمان وەڵامی نەداوەتەوە، رەنگە ئەوكاتیش لایەنە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان بڕیاریاندابێت مەسەلەی چارەنوسی كۆمسیۆن وەكو كارتێكی سیاسی بخەنە ناو مشتومڕو دانوستانەكانی هەڵبژاردنەوە. ئێستا كە كۆمسیۆن وادەی یاسایی بەسەرچووە، لایەنەكان بۆچوونی جیاوازیان هەیە، پارتی لەگەڵ ئەوەدایە كۆمسیۆنێكی نوێ لەسەر بنەمای كورسی ئێستای لایەنەكان لە پەرلەمانی كوردستان دروست بكرێت، پارتی زۆرینەیە لە پەرلەمانو (45) كورسی هەیە، دروستكردنەوەی كۆمسیۆن لە بەرژەوەندی پارتییە، لەبەرامبەردا یەكێتیو گۆڕانو كۆمەڵی دادگەرییو یەكگرتوو لەگەڵ ئەم داواكارییەدا نینو دەیانەوێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەپێكهاتەی ئێستای خۆیەوە بمێنێتەوەو ئەوانەی لە ئەنجومەنی كۆمسیاران شوێنیان بەتاڵ بووە، لایەنەكان شوێنەكانیان بە كەسانی تری خۆیان پڕ بكەنەوە، یەكێتی پێیوایە كۆمسیۆن بە پێكهاتەی ئێستایەوە تاكە دامەزراوەیە كە پارتی هەژموونی بەسەردا نەكردووە، بۆیە دەبێت وەكو خۆی بمێنێتەوە، گۆڕانو یەكگرتوو و كۆمەڵی دادگەریش لەمەدا هاوڕای یەكێتین، چونكە دۆخیان لە كۆمسیۆنەكەی ئێستادا خراپ نییە. لەم نێوەندەدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە لە كۆی (8) ئەندام لە پەرلەمانی كوردستان (4) ئەندامیان جیابونەتەوە، لەگەڵ دروستكردنەوەی كۆمسیۆن لەسەر بنەمای ژمارەی كورسییەكانی پەرلەماندا نییەو تەنیا داوا دەكات كۆمسیۆنەكە لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دروست نەكرێت، ئەگەر كۆمسیۆن لە دەرەوەی پشكێنەی حزبی دروست بكرێت، دەبێت لە شوێنی نوێنەرەكانی حزب، هاوشێوەی بەغداد دادوەرەكانی ئەنجومەنی دادوەری بكرێن بە كۆمسیاری هەڵبژاردن، پارتی لەم بۆچونەدا زۆر كێشەی نییە، چونكە زۆرینەی دادوەرەكانی ئەنجومەنی دادوەریی سەربە پارتین. لەم نێوەندەندا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، نوێنەری پێكهاتەكانی توركمانو مەسیحی كە هاوپەیمانی پارتین، ئەوانیش داوا دەكەن ئەگەر كۆمسیۆن وەكو خۆی بمێنێتەوە، نوێنەرەكانی خۆیان لە كۆمسیۆن بگۆڕنو كەسانی نوێ دابنێن، ئەمە زیان بە یەكێتی دەگەیەنێت، چونكە یەكێك لە نوێنەری پێكهاتەكان لەناو كۆمسیۆنی ئێستادا (نەهرۆ سەلیم حەننا) لەلایەن یەكێتییەوە دانراوە، ئەمە كارتێكی فشاری پێكهاتەكانە لەسەر یەكێتی ئەگەر سوربێت لەسەر مانەوەی پێكهاتەی كۆمسیۆن وەكو خۆی. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بۆ رەوتی دانوستانەكانی ئێستا، یەكێتی بەبێ جێگیركردنی پرسی دابەشكردنی كوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن ئامادە نییە گفتوگۆ لەبارەی گۆڕینی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە بكات. ناكۆكی لەبارەی كورسی "كۆتا"كان لە كۆی (111) كورسی پەرلەمانی كوردستان (11) كورسی بەشێوازی "كۆتا" تەرخانكراوە بۆ پێكهاتەكانی (توركمان، مەسیحی، ئەرمەنی)، پارتی كورسی كۆتاكانی كۆنترۆڵكردووە، ئەمە هەم لەناو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمدا ناڕەزایەتی دروستكردووە، هەم لەناو ئەو پێكهاتانەشدا، چونكە پارتی كەسانی نزیك لەخۆی بۆ ئەم كورسییانە لەناو پێكهاتەكان كاندید دەكاتو هەر خۆشی دەنگیان بۆ كۆدەكاتەوە. هەوڵی چەند ساڵەی لایەنە سیاسییەكان بۆ گۆڕینی هاوكێشەی (11) كورسی پێكهاتەكان تائێستا بێئاكام بووە، لە دانوستانی ئەمجارەی لایەنەكاندا لەبارەی پرسی هەڵبژاردن، جارێكی تر ئەم بابەتە هێنراوەتە پێشەوە. یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕانو نەوەی نوێو یەكگرتووی ئیسلامیو كۆمەڵی دادگەریی داوا دەكەن (11) كورسییەكەی كۆتاكان لە هەمواری یاسای هەڵبژاردندا دابەش بكرێن بەسەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستاندا، ئەگەر ئەمە بكرێت، دوو كورسی كۆتاكان دەكەونە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، كورسییەكی مەسیحی بۆ سلێمانیو كورسییەكی توركمانەكان بۆ قەزای كفری. لەپاڵ ئەمەدا، هەندێك لەلایەنەكان بەدیاریكراویش (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) داوا دەكەن كورسی كۆتاكان لە (11) كورسییەوە بۆ (7) كورسی كەمبكرێتەوە، هەندێكی تر داوا دەكەن كورسییەكان زیادبكرێتو پشكی كەمینەكانی تری كوردستانی بۆ زیادبكرێت، یەكێتی داوا دەكات كورسییەكی كۆتا بۆ (كاكەییەكان)ی سنوری پارێزگای هەڵەبجە زیادبكرێت، پارتی وتویەتی ئەگەر ئەمە بكرێت، ئێمەش داوا دەكەین كورسییەكی كۆتا بۆ (ئێزدییەكان) زیاد بكرێت. بۆ پارتی، هەمیشە لە پرسە هەستیارەكانی ناو پەرلەمانی كوردستاندا، (11) كورسی كۆتاكان زامنكەر بووە، بۆیە پێناچێت پارتی لەم بابەتەشدا سازشی گەورە بۆ لایەنەكانی تر بكات. ناكۆكی لەبارەی شێوازی لیستی هەڵبژاردن لەسەر چۆنیەتی لیستی هەڵبژاردن (داخراو، كراوە، تێكەڵاو) هەندێك جیاوازی بۆچوون لەنێوان لایەنەكاندا هەیە، پارتیو گۆڕان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن بە لیستی داخراو بەڕێوەبچێت، لیستی داخراو واتە دەنگدەر راستەوخۆ دەنگ بە حزبەكان بداتو كەمتر سەرەنجی لەسەر كاندیدەكانی حزب بێت، پارتی لەمەدا دەیەوێت خەڵكانی تایبەتی خۆی كاندید بكاتو پێگەی جەماوەری كاندیدەكان لەبەرچاونەگرێت، بزوتنەوەی گۆڕانیش كە ماوەی چەند ساڵێكە لەناو ئینشیقاقی بەردەوامدایە، دەیەوێت كەسانێك لەناو لیستەكەیدا دابنێت كە دڵنیابێت دوای رۆشتینان بۆ پەرلەمان پابەندی سیاسەتەكانی حزب دەبنو جیانابنەوە، جوڵانەوەی نەوەی نوێش هەمان كێشەی گۆڕانی هەیە، لیستی داخراوی پێخۆشترە، بەتایبەت كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا سودی لەم شێوازە بینیو لەبری بانگەشە بۆ كاندیدەكان تەنیا بانگەشەی بۆ لیستەكە كرد. لەبەرامبەردا یەكێتیو یەكگرتوو لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردنەكە بە لیستی "نیمچە داخراو" واتە تێكەڵ بەڕێوەبچێت، لەم شێوازەدا هەم كاندیدەكان دەردەكەونو هەم حزبیش دەتوانێت كاندیدی دیاریكراوی خۆی سەربخات. بەگشتی بەبەراورد بە بابەتەكانی تر، ناكۆكییەكان لەبارەی شێوازی لیستی هەڵبژاردنەوە زۆر گەورە نینو دەكرێت لایەنەكان لەسەر ئەم بابەتە بگەنە رێككەوتن.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) جەنگ لە دونیای نوێدا بەرەو ئەوە دەڕوات ببێت بە سێکتەرێکی گەورە و گرنگیی ئابووریی بازرگانیی کە کۆمپانیا ئەهلییەکان لەبری لەشکر پیادەیدەکەن. ئەم مۆدێلە نوێیە لە جەنگگێڕان بە عەقد لەگەڵ گروپ و دەزگا ئەهلییەکانی سێکیوریتی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بلاک ۆتەر لە عێراق بەرجەستەترین نموونەی ئەو دەزگا ئەهلییانەیە کە بەشداریی ئەکتیڤیان لەو جەنگەدا هەبوو. لەدونیا ئێستاماندا چوار هێزمان هەیە کە جەنگ و توندوتیژیی نادەوڵەتیی پیادەدەکەن، یەکەمیان لۆرد یان میرانی جەنگە، دووهەمیان گروپە پارتیزانەکانن، سێهەمیان هێزە تیرۆریستییەکانن، چوارەمیان گروپە تاوانکارییە رێکخراوەکانن. هەرچی گروپی لۆردانی جەنگ و گروپە مافیایی و تاوانکارییەکان هەیە ئامانجیان بەپلەی یەکەم ئابووریی و کەڵەکەکردنی سامانە، بەرامبەر بەوان گروپە تیرۆریستییەکان و پارتیزانەکان ئامانجی سیاسییان هەیە. سنووری چالاکیی لۆردەکانی جەنگ و گروپە پارتیزانەکان لۆکاڵییە و لەناو جوگرافیایەکی دیاریکراودایە، بەپێچەوانەوە چالاکی گروپە تیرۆریستییەکان و گروپە مافیی و تاوانکارییەکان لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی چالاکن. هەندێ لە بیریاران ئەم مۆدێلە نوێیەی رێکخستنی جیهان لە دوای جەنگی سارد و دوای یانزەی سێپتێمبەر بە فەوزا یان ناڕێکخستنی نوێی جیهان ناودەبەن، هەندێکی تریش ئەم مۆدێلە لە جەنگ بە شەڕی ناوخۆیی جیهانیی ناودێردەکەن. ئەم رێکخستنە جیهانییە نوێیە لای ساموێل هانتینگتن جەنگی کولتوور و یەکێکی تر دابەشکردنەکە دەباتەوە سەر سەردەمی رۆمەکان، واتە جەنگی نێوان ئیمپراتۆرییەت و بەربەرییە نوێیەکان، ژان کریستۆف روفان باس لە کێشانی سنووری نوێ لەنێوان جیهانی رۆژئاوا و دەرەوەی خۆی دەکات. نموونەی دروستکردنی دیواری گەورە لەنێوان دەوڵەتەکان و چ لە ئەمریکا و چ لەسەر سنوورەکانی ئەوروپا و دەرەوەی خۆی، هەمان ئەو مۆدێلەمان لە سنوورکشانی رۆمەکان بیردەخاتەوە کە دژ بە گروپە جەنگاوەرەکانی تر کێشایان کە ئەوان بە بەربەرییەکان ناودێریان دەکرد و ئاسەوارەکانی تاوەکو ئەمڕۆ هەر ماون. لە هەرێمی کوردستاندا لەپاڵ دوو هێزی چەکداری حیزبیی کە بە شکڵیی لە وەزارەتی پێشمەرگە تۆمارکراون و لەژێر فەرماندەی سەرۆکی هەرێمن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ وەلائەتیان لە سنووری دواپرسگەی دەسەڵاتدارێتی حیزبیی، بۆ یەکتر کۆتایی پێدێت. سەرەڕای ئەم دوو هێزە چەندین هێزی چەکداری جیاواز و چەندین دەزگای سیکیوریتیی بوونیان هەیە کە هەر هەموویان سەر بە کەسان و خزمی دەسەڵاتداری ناو هەردوو هێزە سیاسییە گەورەکەی هەرێمن. لە هەرێمی کوردستاندا هەر چوار مۆدێلەکە لە گروپی چەکداری نادەوڵەتیی بۆ پیادەکردنی توندوتیژیی بوونیان هەیە. یەکەمیان لۆردەکانی جەنگە کە یەکێکە لەو دیاردانەی لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمیشدا بوونیان هەیە. لۆردەکانی جەنگ ئەو گروپانەن کە بە پێجەوانەی چەمکی چەتەگەریی کۆچەریی پتر وەک چەتەی نیشتەجێ چالاکن. مەبەست لە چەتەی نیشتەجێ ئەو لۆرد و میری جەنگانەیە کە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا غەزوی سامان و سەرمایە نیشتیمانییەکان دەکەن. ئۆپەراسیۆنی ئەم چەتە جێگیرانە یان نیشتەجێیانە بەپێچەوانەی چەتەکانی سەردەمی پێش مۆدێرنە هێرشبردن نییە بۆسەر کاروانەکان، بەڵکو ئۆپەراسیۆنی ئابوورییە. میرەکانی جەنگ بەپێچەوانەی گروپە چەتەگەرییە کۆچەرییەکان کە کات و شوێنی چالاکییەکانیان دیاریکراو نەبوون، چەتەی جێگیرن و کۆنترۆڵی سەربازیی ناوچەیەکی دیارییکراو دەکەن و هەرچی سامان و گومرک و داهاتی ئەو ناوچەیە هەیە بە خواستی شەخسیی ئەوان بڕیاری لەسەر دەدرێت. گروپی دووهەم کە لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە، پارتیزانەکانن. چ هێزە پارتیزانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە شێوەی رەسمیی بوونیان هەیە، چ پەکەکە کە بەنارەسمی ئامادە و چالاکە، چ هێزێکی چەکداری رۆژئاوایی کە لە ژێر کۆماندۆی پارتی و بە کۆمەکی دارایی ئەو بەڕێوەدەبرێت. گروپی چوارەمیش کە گروپی مافیایی و تاوانکارییە ڕێکخراوەکانن، لەهەرێمدا ڕوو لە هەڵکشان دەکەن. هەر لە مافیای بارزگانییکردن بە مرۆڤ و بە قاچاخبردنیان بۆ دەرەوەی وڵاتەوە تا دەگات بە گروپە قاچاخچییەکانی هەموو سێکتەرە ئابوورییەکان وەک بەنزین نەوت و غاز و جگەرە و دەرمان و خواردنەوە ئەلکهولییەکان، لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە. لەکۆتاییدا گروپی تیرۆریستییش لە هەرێمدا بوونی هەیە، بەتایبەت لەدوای تێکشکانی سەربازیی داعشەوە جارێکی تر سەرقاڵی خۆرێکخستەوەن بۆ قۆناغی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان. هەرێمی کوردستان ساڵانێکە بەسەر دوو هێزی سەربازیی لۆکاڵیی دابەشبووە کە هەر یەکەیان لەژێر کۆماندۆی هێزێکی حیزبیی و خێزانێکی سیاسییدایە. لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتییدا جگە لە ئاساییش، پۆلیس، پۆلیسی فریاكەوتن و پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان، دوانزە هێزی چەکداری جیاوازی تر بوونیان هەیە. کێشەی ئەم هەموو هێزانەی ناو یەکێتی تەنها ئەوە نییە کە پێویستی بە پارە و شوێن و چەک و خزمەتگوزاریی گەورە هەیە، بەڵکو کێشەی سەرەکیی ئەم هێزانە بریتییە لە پەرتەوازەیی لە وەلائەت و دروستبوونی چەندین لۆردی بچوک و گەورەی جەنگ. یەکێک لە دەرئەنجامە ترسناکەکانی ئەم دۆخە ئانارشییەی دەسەڵات لەدوای مردنی مام جەلال بریتییە لە دروستبوونی ئینفیلاتی ئەمنیی و دابەشبوونی وەلائەتەکان بۆ شەخس و ناوچە و خێزانی سیاسیی کە خاوەن هێزی چەکدار و بەرژەوەندیی ئابووریی گەورەی خۆیانن و ململانێکانیان لەڕێگای توندتوتیژیی شەخسییەوە یەکلادەکەنەوە. هێزەکانی پارتی و یەکێتیی لەلایەن ئەمریکا و ئەڵمانیا و بریتانیا و فەرەنسا و هەندێ دەوڵەتی هاوپەیمانی ترەوە ڕاهێنانیان پێدەکرێت و موچەی لیوا هاوبەشەکانیش لەلایەن ئەمریکاوە تەرخاندەکرێت. دوای ئەوەی کێشەی دابەشکردنی موچە بۆ لیوا هاوبەشەکان سەری هەڵدا ئەمریکییەکان راستەوخۆ موچەی ئەو لیوایانە دەدەن بە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆئەوەی لەلایەن ئەوانە دابەشبکرێت، نەک وەزارەتی دارایی. بوونی دوو هێزی چەکدار و دوو دەسەڵاتدارێتیی لۆکاڵیی کە پتر سێ دەیەیە بەسەر ئەو دوو حیزبەدا دابەشبوون، مانای شکستی پڕۆژەی دروستکردنی نەتەوە و ناسیۆنالیزمی هەرێمیی کوردییە.
درەو: حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا (400 ملیار) دیناری لەبەردەستدایەو دەستبەدابەشكردنی موچەی مانگی (12) دەكات لە وادەی خۆیدا(25/12) و پێش سەری ساڵ موچەی چوار وەزارەت دابەش دەكات كە بڕەكەی زیاتر لە (350 ملیار) دینارە سەرچاوەیەك لە حكومەتی بە (درەو)ی راگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان (360 ملیار) دیناری داهاتی نەوت و بڕێكی باش داهاتی ناوخۆی هاتووەتە بەردەست بۆیە لە 25/12 موچەی مانگی (12)ی وەزارەتەكانی ( ناوخۆ، پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی) دابەشدەكات، بڕی موچەی ئەو وەزارەتانەی حكومەت دیاری كردووە پێش سەری ساڵ موچەیان بەسەردا دابەشبكات: وەزارەتی ناوخۆ: 178 ملیار دینار وەزارەتی پێشمەرگە: 133 ملیار دینار ( بە لیوا هاوبەشەكانیشەوە) وەزارەتی تەندروستی: 11 ملیار دینار وەزارەتی دارایی: 50 ملیار دینار كۆی گشتی: 372 ملیار دینار حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕێك پارەی نەوتی بۆ گەڕاوەتەوە كە (360 ملیار) دینارەو لەگەڵ داهاتی ناوخۆ لە ئێستادا پارەی بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە زیاتر لە (400 ملیار) دینارە. مانگانە لە داهاتی نەوت (510 ملیار) دینار دەخرێتە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە، لە ئێستادا (360 ملیار) دینار خراوەتە بەردەستی و (150 ملیار) دینار ماوە لە پارەی نەوت بۆ موچە. لە ئێستادا داهاتی ناوخۆ مانگانە نزیكەی (380 ملیار) دینارە، بەشێكی بۆ خەرجی و بەشێكی دەخرێتە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە. لە سلێمانی پێویستە مانگانە (70 ملیار) دینار بۆ موچە بخرێتە بەردەستی وەزارەتی دارایی، لە هەولێر و دهۆكیش (120 ملیار) دینار بۆ موچە. لە ئێستادا تیمێكی چاودێری دارایی عێراق هاتونەتە هەرێمی كوردستان بۆ راپۆرتی كۆتایی سەبارەت بە خەرجی و داهاتی هەرێمی كوردستان، لە مادەی (11)ی یاسای بودجەی عێراقدا ئاماژە بەوە كراوە كە دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی هەرێم هەڵدەسێت بەوردبینیكردنی ئەو زانیارییانەو ئاشكراكردنی ژمێریاری كۆتایی پەسەندكراو لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵەوە.
گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو "تەنانەت قاوەو چایەكیش بخۆینەوە لە پەرلەمان دەبێت پارە بدەین، نە شوقە نە پاسەوان نە ئۆتۆمبیلمان نیەو شتی وا هەرنابێت، لە شوقەیەكدام خۆم كرێكەی دەدەم تەنیا (54) مەترە، ئەگەر كرێكە دوابخەم دێنە سەرم و دەرم دەكەن" ئەمە قسەی ئامینە كاكەباوە پەرلەمانتاری سویدە لە میانی چاوپێكەوتنێكی تایبەتی (درەو)دا. ئامینە كاكەباوە لە ساڵی 2008ەوە ئەندامی پەرلەمانی سویدەو خەڵكی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستانە. لەم چاوپێكەوتنەی (درەو)دا قسە لەسەر موچەو ئیمتیازی پەرلەمانتارانی سوید دەكات. دەقی قسەكانی ئامینە كاكەباوە: پەرلەمان لەژێر چاودێری میدیادا لە وڵاتی سوید پەرلەمانتاری هیچ ئیمتیازێكی نیە، ئێمە لێرە هەر كارێك بكەین لەژێر چاودێری رۆژنامەنوسانو كۆمەڵگەداین، لەبەرامبەر یەك كرۆندا بەرپرس دەبین، بەتایبەتی لە گرتنی هۆتێلو تەنانەت گرتنی تەكسیشدا، چاودێری دەكرێینو لێپرسینەوەمان لێدەكرێت، هەروەك چۆن ئێمەش چاودێرو لێپرسینەوە لە حكومەت دەكەین. پاسەوانی پەرلەمانتار هیچ پەرلەمانتارێك لە سوید پاسەوانی نیە، ئەو پرسە هەر قابیلی قسە لەسەركردن نیە، پاسەوانی چی؟ بەهیچ شێوەیەك پەرلەمانتاری سوید پاسەوانی نیە، ئەگەر پەرلەمانتارێك ترسو هەڕەشەی لەسەر بێت، ئەوا حكومەتی سوید خۆی ئاسایشی بۆ دابین دەكاتو چاودێری دەكات. من خۆم هیچ پاسەوانێكم نیەو لێرە پەرلەمانتار هەروەك خەڵكی ئاساییەو ماف و ئیمتیازیشی هەروەكو خەڵكی ترە، هیچ جیاوازیەكی نیە. شوقەو ڤێلا.. لێرە پەرلەمانتار شوقەو ڤێلاو خانووی نادرێتێ، تەنیا ئەو پەرلەمانتارانەی لە شارەكانی ترنو (50) كیلۆمەتر دوورن لە پایتەختەوە (ئەو شوێنەی تەلاری پەرلەمانی لێیە) ئەگەر هەر خۆی بێت، یەك ژووری پێدەدەن هەتا ئەو كاتەی خولەكەی تەواو دەبێتو ئیتر هیچ مافێكی نامێنێت بەسەر ئەو شوقەیەوە كە تەنیا (45) مەترەو شوێنی نوستنو تەوالێتی تیایەو تەواو.. من لە شوقەیەكدا دەژیم لە ناوچەیەكدا كە زۆر هەژارەو (45%)ی پەنابەرانن، شوقەكەم تەنیا (54) مەترە، چێشتخانەم نیە، تەختەی خەوێكم هەیە لەگەڵ تاقمی دانیشتنێك، وەك هەر هاوڵاتیەكی ئەو ناوچەیە، خۆم كرێی خانووەكە دەدەم، خۆ پەرلەمان بۆمان نادات، ئەگەر كرێكەم نەدەم سەری مانگ خاوەنی شوقەكە دەرم دەكات ئەگەر دوو هەفتە كرێكەم دوابكەوێت دێنە سەرمو ئاگادارم دەكەنەوە.. كرێی شوقەكەم كە خۆم دەیدەم نزیكەی (600 هەزار) كرۆنە كە دەكاتە (648) دۆلار، كرێكەی زۆر نیە، چونكە لە ناوچەیەكی زۆر هەژارنشینە، ئەگەر لەناو شاربومایە دەبوایە زۆرتر بدەم.. من هەموو مانگێك (550) كرۆن نزیكەی (50) دۆلار دەدەم بە كرێی ئینتەرنێت، ئەو ئینتەرنێتە كاری پەرلەمانی پێدەكەم، بەڵام بۆم نیە داوای پارە لە پەرلەمان بكەم، بۆیە خۆم پارەكە دەدەم، پەرلەمان هیچ شتێكم بۆ دابین ناكات، من جیاوازیەكم نیە لە خەڵكی ئاسایی دەبێت، وەكو كارمەند چۆنە ئاوا دەوام بكەمو كار بكەم.. من زۆر لەكاتی خۆم زیاتر كار دەكەم، بەڵام من هەرچەند كار بكەمو لە كاتی زیاتریش كاربكەم هەقی ئەوەم نیە داوای پارەی زیاتر بكەم. ئۆتۆمبێلی پەرلەمانتار.. هیچ پەرلەمانتارێك ئۆتۆمبێلی تایبەتی بۆ دابین ناكرێتو شتی وا نیەو نابێت، ئێمە بە پارەی خۆمان بە شەمەندەفەر یان تەكسی یاخود بایسكل هاتوچۆی پەرلەمان دەكەین، زۆر جار بە بایسكیل دەچین بۆ پەرلەمان، بەڵام ئەگەر بە كاری پەرلەمانتاری بڕۆین بۆ شوێنێك، ئەوا پەرلەمان پارەی هاتوچۆت بۆ خەرج دەكات، ئەگەرنا من زۆربەی كات بە شەمەندەفەرو پاس هاتوچۆ دەكەم بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتاران بایسكیلیان هەیە كە هاتوچۆ دەكەن، منیش ئەگەر ماڵەكەم نزیك بوایە لە پەرلەمانەوە بە بایسكیل هاتوچۆم دەكرد .. پەرلەمانی سوید لەگەڵ كۆمپانیایەكی تەكسی رێككەوتنێكی هەیە، هەر پەرلەمانتارێك تەكسی پێویست بوو كاری خێرای هەبوو، دەبێت بەو تەكسیانە هاتوچۆ بكات.. زۆر زۆر خۆشە ئەوكاتانەی بە بایسكیل هاتوچۆ دەكەین بۆ پەرلەمان ... لێرە ئاوایە. پەرلەمانتار دیاری وەردەگرێت ؟ هیچ پەرلەمانتارێك ناتوانێت پارە وەربگرێت یان دیاری گرانبەها، چەند دیاریەك ئاساییە (شیرینی، گوڵ، ویسكی)یەك كە بەهایان كەمتر بێت لە (42) دۆلار، ئەگەر هەر دیاریەك گرانتر بوو دەبێت ببرێتەوە بۆ پەرلەمان، ئەگەرنا لێپرسینەوەت لەگەڵ دەكەن.. پەرلەمانتارێكی كریستیان دیموكراتەكان (2500) كرۆن كە دەكاتە تەنیا (270) دۆلار، ئەژماركردبوو كە بۆ هاوڕێكەی خەرجكردبوو بۆ كرێی هۆتێلێك لەكاتی چونیەوە بۆ ئیتالیا، لە پەرلەمانتاریو لیستەكەشی لایانبرد، ئەگەر منیش ئەوە بكەم هەقیانە لامبدەن. موچەی پەرلەمانتاری بەگشتی موچەی پەرلەمانتارێكی سوید مانگانە (69 هەزار) كرۆن واتا (7 هەزارو 452) دۆلار، لەو بڕە (31%)ی موچەكەمان وەك باج دەدەین بە حكومەت واتا لە (69 هەزار) كرۆنەكەی موچەی مانگانە (21 هەزارو 390) كرۆنی بۆ باج دەڕوات و (47 هەزارو 610) كرۆنمان بۆ دەمێنێتەوە واتا (5 هەزارو 76) دۆلارم بۆ دەمێنێتەوە، من هەتا ساڵی رابردوو (45%) باجی موچەكەم دەدا، بەڵام زۆر بوو لەبەرئەوەی هاوكاری پەنابەرانو كۆچبەران دەكەم موچەكەم بەشی نەدەكردم، بۆیە باجەكەم كەمكردەوە .. لێرە پزیشكو شێفو بەشێك لەوانەی كاری باشیان هەیە موچەكەیان زۆر لە ئێمە زیاترە، من خۆم وتومە نابێت موچەی ئێمە لە فەرمانبەری تر زیاتر بێت. "رۆژنامەنوسان دەسەڵاتی یەكەمن" هەرچەندە دەڵێن حكومەت دەسەڵاتی یەكەمەو دووەم پەرلەمانو سێیەم رۆژنامەنوسانە، بەڵام لێرە رۆژنامەنوسان چاودێرو دەسەڵاتێكی زۆر بەهێزن، ئەگەر چاودێری رۆژنامەنوسان نەبێت لەسەر دەوڵەت، ئەسڵەن هیچ كارێكی وا ناكرێت، لەبەرامبەر هیچ رۆژنامەنوسێكدا تۆ ناتوانیت نەدرۆ بكەیتو نە زانیارییەكانت بشاریتەوە، دەبێت هەموو شتێكت روونو شەفاف بێت، ئێستا من هەر كارێك بكەم لێرە رۆژنامەنوسان هەموو شتێكی من دەزانن. رۆژنامەنوس دەستگیر دەكرێت ؟ شتی وا هەر نابێت رۆژنامەنوس دەستگیر بكرێت، خۆ ئێرە كوردستان نیە، ئەگەر حكومەت یان پۆلیس رۆژنامەنوسێك دەستگیر بكات, ئەوا ئەو وڵاتە دەڕوخێ، شتی وا هەرگیز رووناداتو نیەو نەبووە، لێرە لە وڵاتی دیموكراتیدا رۆژنامەنووس هەقی هەیە مافی خۆی هەیە، ئێرە وڵاتی دیموكراتیە ئەگەر رەخنەو ئۆپۆزسیۆنو رۆژنامەنووسان نەبێت حكومەتیش بونی نیە.. هەرگیز ناتوانرێت بەراوردی هەرێمی كوردستان بكرێت بە سوید، لە كوردستان دیموكراسی نیە، لێرە لە سوید (ئازادی بڵاوكراوەو ئازادی نوسینو دەربڕین) كۆڵەكەی سەرەكی وڵاتن. پرۆفایلی ئامینە كاكەباوە • ساڵی 1970 لە گوندی تورجانی شاری سەقز لە خۆرهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە. • لە تەمەنی 14 ساڵیدا بوەتە پێشمەرگەی كۆمەڵە. • ساڵی 1992 وەك پەنابەر چووەتە سوید. • لە سوید دەستی بە خوێندن كردووە، ساڵی 2005 بڕوانامەی ماستەری لە توێژینەوەی كۆمەڵایەتیدا بەدەستهێناوە. • ساڵی 2008 وەك كاندیدی پارتی چەپی سوید لە ستۆكهۆڵمی پایتەخت بووەتە پەرلەمانتار، لەو كاتەوە تائێستا ئەندامی پەرلەمانی سویدە. • ئێستا لە پارتی چەپ جیابوەتەوەو وەك پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ كاردەكات.