Draw Media

كۆڕەك تیلیكۆم بە (ملیارێك و 650 ملیۆن) دۆلار سزا درا

كۆڕەك تیلیكۆم بە (ملیارێك و 650 ملیۆن) دۆلار سزا درا

2023-03-21 18:46:34


درەو:

 كۆمپانیای ئەجیلیتی كوەیتی لەبەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بڵاویكردووەتەوە:

🔹دادگای ناوبژیوانی بەریتانیا كە  سەربە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتیە, لەدۆسیەی ناوبژیوانیكردن لەنێوان كۆمپانیای "تیلیكۆم عێراق" كە كۆمپانیایەكی سەر بە كۆمپانیای "ئەجیلیتی"یەو داواكەی لەسەر كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و سیروان سابر مستەفا بارزانی وەك پشكداری سەرەكی  كۆمپانیاكە تۆماركردووە,  بڕیاریداوە (ملیارێك و 650 ملیۆن) دۆلار وەك قەرەبوو بدەن بەكۆمپانیاكە.

🔹 بەگوێرەی بەیاننامەكەی كۆمپانیای ئجیلیتی, دادگای ناوبژیوانی ڕەزامەندی پیشانداوە لەسەر داواكەی "تیلیكۆم عێراق و "ئینتەرناشناڵ هۆڵدینگ" و, داوا لەسەر تۆماركراوەكانی تۆمەتباركردووە بە ئەنجامدانی كاری ڕێكخراو بە ئامانجی بەرتیلدان و فێڵكردن لەبەرپرسانی دەستەی پەیوەندییەكانی عێراق, بەمەبەستی دەركردنی بڕیاری هەڵەو دەستبەسەراگرتنی پشكی هەردوو كۆمپانیاكە لە كۆڕەك تیلیكۆم. 
🔹 دادگا بەریتانیەكە فەرمانیكردووە كە داوا لەسەر تۆماركراوەكان, ئەو بڕە پارەیە وەك قەرەبوو بدەن بەو دوو كۆمپانیایە لەبری زیان و خەرجی یاسایی لەگەڵ سودەكانی, كە (1)ملیارو (329)ملیۆن دۆلاری دەدرێت بە كۆمپانیای "ئینتەر ناشناڵ هۆڵدینگ"و (318.7) ملیۆن دۆلاریشی بۆ كۆمپانیای "تیلیكۆم عێراق" دەبێت.
🔹 كۆمپانیای "تیلیكۆم عێراق" كە كۆمپانیایەكی سەر بە كۆمپانیای ئجیلیتی كوەیتیە, لەگەڵ كۆمپانیای "ئینەرناشناڵ هۆڵدینگ"كە هاوپیشەی كۆمپانیای ئجیلیتیە, داوایەكیان بەتۆمەتی فێڵ و تەڵەكەكردن دژی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و هەردوو پشكدارە سەرەكییەكەی سیروان بارزانی  تۆماركرد, بەوهۆیەوە وەبەرهێنانەكانی هەردوو كۆمپانیاكە, كە بەهاكەی (810)ملیۆن دۆلارە, لەلایەن كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمەوە دەستیان بەسەردا گیرا.
لەمانگی نیسانی (2022)دا, میدیای (درەو) زانیاری وردی لەبارەی ئەم دۆسیەیە بڵاوكردەوە كە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2007), لەوكاتەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە بە كەفیل بۆ ئەوەی سیروان بارزانی  لە كۆمپانیایەكی كوەیتی قەرز بكات بۆ كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم)، سیروان قەرزەكەی نەداوەتەوە، ئێستا دەبێت حكومەتی هەرێم وەكو كەفیل قەرزەكەی بۆ بداتەوە. 
دادگای تێهەڵچونەوەی كوەیت لەدژی حكومەتی هەرێمی كوردستان حوكمێكی دەركرد، بەپێی ئەم حوكمە دەبێت حكومەتی هەرێم بڕی (490 ملیۆن‌و 80 هەزار) دۆلار بدات بە كۆمپانیای (ئەجیلیتی). 
كۆمپانیای (ئەجیلیتی) كۆمپانیایەكی كوەیتییە كە لە بۆرسەی كوەیت‌و دوبەی تۆماركراوە، ئەم كۆمپانیایە ئەمڕۆ رایگەیاند، دادگای تێهەڵچونەوە لەبەرژەوەندی كۆمپانیای (كازار كاپیتاڵ بارتنرز) حوكمی داوە، كە سەربە كۆمپانیای (ئەجیلیتی)یە. 
دۆسیەكە پەیوەندی بە قەرزێكەوە هەیە كە رۆژی 11ی سێپتێمبەری 2007 كۆمپانیای (كازار) بە كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم)ی داوە‌و حكومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنی ئەم قەرزە بووە بە كەفیلی كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم). 
بڕی ئەو قەرزەی كە كۆمپانیا كوەیتییەكە بە كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم)ی داوە (250 ملیۆن) دۆلار بووە، سودی قەرزەكە لەسەر كۆڕەك تیلیكۆم ساڵانە بە بڕی (7%) دانراوە.
كۆمپانیای (كازار) دوای دەرچوونی حوكمی دادگا لەسەر كەیسی ئەم قەرزە، لەدژی حكومەتی هەرێم‌و بانكی نیشتمانی كوەیت، داوای تێهەڵچوونەوەی كردووە، دادگا لەبەرژەوەندی كۆمپانیاكە حوكمی داوە بە قەرەبوكردنەوەی بڕی قەرزو سودی قەرزەكەی لەو رۆژەوە كە قەرزەكە كراوە. 
دادگاكە حكومەتی هەرێم پابەند كردووە بەوەی %7ی سودی قەرزەكە بە كۆمپانیاكە بداتەوە تا ئەوكاتەی هەموو پارەكە تەواو دەبێت، ئەمە لەگەڵ دابینكردنی خەرخی ماندووبونی پارێزەرە یاساییەكاندا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand