كاتی ئه‌وه هاتووه (HDP) له بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك دووربكه‌وێته‌وه؟
2023-03-26 08:15:06
راپۆرتی: هێمن خۆشناو
بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ له توركیا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه له وڵاته‌كه‌یان دیموكراسی نیه، ئازادی رواڵه‌تیه و گوشار په‌یڕه‌و ده‌كرێت بۆ سه‌ركوتكردنی ئازادی. پێیوایه ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كان ئه‌م وڵاته‌یان به سیسته‌م و شێوازی دیموكراتیانه به‌ڕێوه نه‌بردووه و مافی مرۆڤ له‌م وڵاته‌دا بوونی نیه. باس له هه‌بوونی كۆنته‌رگه‌ریلا و ده‌وڵه‌تی شاراوه له‌ناو ده‌وڵه‌تدا ده‌كه‌ن. چه‌پی تورك له توركیادا دژ به كوده‌تا سه‌ربازیه‌كان وه‌ستاوه‌ته‌وه قوربانی داوه. به‌ڵام كاتێك مه‌سه‌له ده‌گاته سه‌ر كورد، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه (چه‌پی تورك) ده‌بێته بزوتنه‌وه‌یه‌كی پارادۆكسی و دژ به دونیابینیه‌كه‌ی ده‌وه‌ستێته‌وه. كاتێك مه‌سه‌له دێته سه‌ر مافه كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، كلتووری و مێژوویی كورد، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه له جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی دیموكراتیانه‌ی هه‌بێت دژ به دیموكراسی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه.
به شێوه‌یه‌كی گشتی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك بانگه‌شه دژ به داگیركاری ده‌كات، خۆی دژ به ئیمپریالیست و فاشیزم ده‌ناسێنێت. بۆ نموونه هه‌بوونی سوپای ئه‌مریكا له سوریادا به توندی ره‌خنه ده‌كات و ئه‌مریكا به‌هێزێكی داگیركه‌ر له قه‌ڵه‌م ده‌دات. بێ سنوور پشتگیری له ململانێی فه‌ڵه‌ستینیه‌كان ده‌كات دژ به ئسڕائیل، پێیوایه فه‌ڵه‌ستینیه‌كان مافی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و به‌ده‌ستهێنانی هه‌موو مافه سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووریان هه‌یه.
پشتگیری له بزوتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئه‌مریكای لاتینی ده‌كات. بۆ نموونه، پشتگیری ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه ده‌كات كه له كۆڵۆمبیا بزوتنه‌وه‌ی (FARC) به‌ڕێوه‌ی بردووه. به توندی پشتگیری له‌و بزوتنه‌وه‌یه كرد كه (نیلسۆن ماندێلا) له ئه‌فریقیای باشوور رێبه‌رایه‌تی بۆ كرد له‌دژی سیسته‌می ره‌گه‌زپه‌رستی. بێگومان ئه‌م هه‌ڵوێستانه له‌جێی خۆیدایه و مێژووش ده‌ینووسێته‌وه.
چه‌پی تورك له به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد بزوتنه‌وه‌یه‌ك سۆسیال شوڤێنه!
به‌شێكی گرنگ له بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك كه مه‌سه‌له په‌یوه‌ست نیه به كورد دیموكراتخواز و سۆسیالیستخوازه، به‌ڵام كه مه‌سه‌له گه‌یشته سه‌ر كورد سۆسیال شۆڤێنیسته. له‌دژی ئه‌و فۆڕمیله چاره‌سه‌ریانه ده‌وه‌ستێته‌وه كه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مافه زه‌وتكراوه‌كانی كورد به درێژایی مێژوو دهخرێــتهڕوو. كاتێك كێشه‌ی كورد دێته به‌ر باس ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه هه‌ردوو وشه‌ی (به‌ڵام – نه‌وه‌كو) ده‌كاته رۆژه‌ڤ. بۆ نموونه‌ی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك له‌دژی خۆسه‌ری كورد، خوێندن به زمانی دایك و قه‌بوڵكردنی مافی كلتووری كورد به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌وه‌ستێته‌وه. بیانووی دژ وه‌ستانه‌وه‌شی به‌م شێوه‌یه فۆڕمیله ده‌كات:
ئه‌گه‌ر مافه‌كانی كورد له به‌رژه‌وه‌ندی چینی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشاندا نه‌بێت له دژی ده‌وه‌ستینه‌وه، ئه‌گه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندیشیاندا بێت پشتگیری ده‌كه‌ین.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌م ره‌وته سۆسیال شوڤێنه كه بێ ئاگایه له زه‌حمه‌تكێش و كرێكار، به‌ناو ئه‌وانیش قسه ده‌كات، له رووی ستراتیژیه‌وه پاراستنی هه‌ڵوێستی فه‌رمی ده‌وڵه‌ته كه له بنه‌مدا دژ به كورد فۆڕمیله كراوه. له ئه‌مڕۆشدا ئه‌م هه‌ڵوێسته هه‌مان هه‌ڵوێستی پارتی كرێكارانی توركیایه (TİP). ئه‌م پارته كه هاوپه‌یمانی پارتی دیموكراتی گه‌لانه (HDP)، هه‌ردووكیان له‌گه‌ڵ چه‌ند پارت و رێكخراوێكی دیكه‌ی چه‌پی له‌ناو بلۆكی ره‌نج و ئازادیه‌كان هاوچاره‌نووسن، چاره‌نووسیان بۆ كێشه‌ی كورد لێڵ و ناڕوونه. له رووی سۆسیۆلۆژی، كلتووری و مێژوویی بۆ مافی كورد دیارنیه بیر له‌چی ده‌كه‌نه‌وه؟ دیارنیه له رووی ستراتیژیه‌وه بۆ كورد چیان پێباشه و له‌دژی چی ده‌وه‌ستنه‌وه؟
بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له په‌یامه‌كه‌م ده‌رباره‌ی پارته چه‌په هاوپه‌یمانه‌كانی (HDP) ئه‌م چه‌ند پرسیاره ده‌خه‌مه‌ڕوو:
یه‌كه‌م: ئایا كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌بینن؟ ئایا بۆ كورد پشتگیری له بنه‌مای دیاریكردنی مافی چاره‌ی خۆنووسین ده‌كات؟
دووه‌م: بۆ دامه‌زراندنی قه‌واره‌یه‌كی كوردی چی ده‌ڵێن؟
سێیه‌م: بۆ په‌روه‌رده به زمانی دایك بیر له چی ده‌كه‌نه‌وه؟ پێیانوایه كه ده‌بێت هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ زمانی توركی زمانی كوردیش به‌لانی كه‌م له‌ناوچه كوردیه‌كاندا بخوێندرێت؟
چواره‌م: بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد چۆن پێناسه ده‌كه‌ن؟ وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌ك كه په‌نای بۆ خه‌باتی چه‌كداری بردووه یان وه‌كو زمانی فه‌رمی ده‌وڵه‌ت به بزوتنه‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی ده‌یناسێنن؟
به‌رنامه‌ی (TİP) و پارته چه‌په‌كانی دیكه، تا ئاستێكی دیار دیموكراتی و پێشكه‌وتخوازه، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌شی پڕ كراوه‌ته‌وه. به‌ڵام كاتێك مه‌سه‌له دێته سه‌ر كێشه‌ی كورد ئه‌م پارته هاوپه‌یمانانه‌ی كورد، تا ئاستێكی دیار ده‌بنه سۆسیال شوڤێنست. زۆر ئاساییه ئه‌گه‌ر (TİP) و پارته‌كانی دیكه دژ به چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد به رێگای زه‌بر و زه‌نگ بوه‌ستنه‌وه. چونكه بۆ پارتێكی ناو سیسته‌می سیاسی نابێت پشتگیری له زه‌بر و زه‌نگ بكات، به‌ڵكو پێویسته ململانێی سیاسی دیموكراتیانه و خه‌باتی په‌رله‌مانی به بنه‌ما بگرێت. به‌ڵام هه‌ڵوێستی ئه‌م پارتانه له به‌رامبه‌ر كێشه‌ی كورد ناڕوونه، ئه‌م ناڕوونیه‌ش گومانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و نیگه‌رانی دروست ده‌كات.
چه‌پی تورك هه‌وڵده‌دات (HDP) وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌كی لۆكاڵی قه‌تیس!
بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه روونتر بكرێته‌وه زیاتر باسی هه‌ڵوێستی (TİP) كه هاوپه‌یمانی (HDP) یه، بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی توركیا، له په‌یوه‌ندیه‌كانیدا له‌گه‌ڵ (HDP) هیچ ره‌هه‌ندێكی سیاسی – ستراتیژی نیه. به پێچه‌وانه‌وه (HDP) وه‌كو ركابه‌رێكی سیاسی بۆ خۆی ده‌بینێت. هه‌روه‌ها (TİP) ده‌خوازێت (HDP)په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمه‌كانی دیكه‌ی توركیا بپچڕێنێت و خۆی له‌ناوچه كوردیه‌كانی باكووری كوردستان قه‌تیس بكات، له‌م رووه‌وه هه‌وڵ ده‌دات (HDP) بكاته پارتێكی لۆكاڵی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشتگیری (HDP) یش بۆ (TİP) وه‌كو ئه‌ركێك پێناسه ده‌كات. له ماوه‌ی رۆژانی رابردووش‌دا ئه‌م پارته سۆسیال شۆڤێنه به‌چه‌ند رێگا و شێوازێك گوشاری له (HDP) ده‌كرد تا له چه‌ند هه‌رێمێكی توركیادا كاندید بۆ په‌رله‌مانی توركیا دیاری نه‌كات و له جێگای ئه‌مه‌ش داوا له ده‌نگده‌رانی بكات ده‌نگ بۆ كاندیدی (TİP) بده‌ن.
له رێگای میدیا گوشار له (HDP) ده‌كه‌ن!
میدیای سیسته‌می ده‌وڵه‌ت به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن میدیای ئۆپۆزسیۆنی ناو سیسته‌م، گرنگیه‌كی تایبه‌ت به (TİP) ده‌دات. به‌ڵام هه‌مان ئه‌م میدیایه گه‌ماڕۆ ده‌خاته سه‌ر (HDP) كه سێیه‌مین پارتی گه‌وره‌ی توركیایه و رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی كارا ده‌بینێـت. پێناچێت قه‌ڵه‌و كردنی (TİP) له میدیادا به تایبه‌تی له‌م قۆناخه‌دا شتێكی بێ به‌رنامه بێت، به‌ڵكو به‌شێكه له‌م ستراتیژیه‌ی دژ به (HDP) په‌یڕه‌و ده‌كرێت.
دوای مكوڕیبوون و جۆرێك له هه‌ڕه‌شه كردن ئیتر (TİP) به ناسنامه‌ی خۆی به‌شداری له هه‌ڵبژاردن ده‌كات له‌ناو هاوپه‌یمانی ره‌نج و ئازادیه‌كاندا. ئه‌و پارته جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه ده‌توانێ له ئیستانبۆڵ به‌ناوی خۆی نه‌وه‌كو ناوی هاوپه‌یمانی ره‌نج و ئازادیه‌كان به‌بێ هاوكاری (HDP)ده‌نگ بێنێت. ئه‌مڕۆ ئه‌م پارته به پشتگیری هه‌ندێك لایه‌نی نادیار له قه‌باره‌ی خۆی زیاتر داوا ده‌كات، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش ده‌خوازێ سه‌ودا بكات، ملكه‌چبوونیش بۆ داواكاری ئه‌م پارته له‌م رۆژگاره‌دا ئه‌نجامی مه‌ترسیداری لێده‌كه‌وێته‌وه.
بۆ (HDP) تا دوێنێ ناچاری بوو ئه‌مڕۆ ناچاری نیه!
له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنیدا چه‌ندین هۆكار هه‌بوو پاڵی به (HDP) نا بچێته به‌ره‌ی چه‌پی تورك. له‌وانه نزیكی دونیابینی و فكری له رابردوودا تا ئه‌و ساتانه، هه‌روه‌ها ئاماده‌نه‌بوونی پارته‌كانی سیسته‌م به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه تا له‌گه‌ڵ ئه‌م پارته هاوپه‌یمانی ببه‌ستن. به‌ڵام له هه‌موویان گرنگتر بۆ (HDP) ده‌رچوون بوو له قاڵبی پارتێكی لۆكاڵی و خۆ ناساندن به هه‌موو توركیا. (HDP) ویستی له رێگای بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك به توركیا بڵێت، ئێمه پارتێكی جوداخوازنین، وه‌كو ده‌سه‌ڵات پێناسه‌مان بۆ ده‌كات، به‌ڵكو سیاسه‌تی ئێمه هه‌موو هه‌رێمه‌كانی توركیا به هه‌موو ره‌نگه‌كانیه‌وه له باوه‌ش ده‌گرێت. ده‌كرێت بڵێین (HDP) سه‌ره‌ڕای كه‌موكوڕیه‌كان و له‌ده‌ستدانی چه‌ندین ده‌رفه‌ت له خۆناساندن و جێگرتن له‌ناو چه‌ندین هه‌رێمی توركیادا ئه‌نجامی باشی به‌ده‌ستهێناوه. به‌ڵام هه‌ڵوێست و گوشاره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ بۆ له قاڵبدانی (HDP) ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش نه‌بێت ئه‌وه سبه‌ی ئاسته‌نگ و كێشه‌ی گه‌وره بۆ ئه‌م پارته دروست ده‌كات.
له هه‌مان كاتدا به‌شێكی زۆری جه‌ماوه‌ری (HDP) داوا له پارته‌كه‌یان ده‌كه‌ن، تا له به‌ره‌ی چه‌پی تورك بێته ده‌ره‌وه، به‌م پێیه‌ی ئه‌م پارته‌ش وه‌كو پارتێكی جه‌ماوه‌ری خۆی ده‌ناسێنـێت ناچاره گوێ به‌م داواكاریه شل بكات. راسته بۆ ئه‌وه‌ی به‌رفراوانترین به‌ره‌ی دیموكراسی دروست بكرێت، پێویسته (HDP) له سیاسه‌تدا نه‌رمی بنوێنێت، به‌ڵام هیچ كاتێك ناتوانێ چاو له داواكاری جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌رانی بگرێت.
ئه‌لته‌رناتیفی چه‌پی تورك بۆ (HDP) كێیه؟
بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد، ناتوانێ تا سه‌ر چاو له‌و مه‌ترسیانه بگرێت كه له چه‌پی توركه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن، ده‌بێت رێگای خۆی له‌م بزوتنه‌وه ده‌وڵه‌ت په‌رست و بێ ناوه‌ڕۆكه قه‌تیسكراوه جیا بكاته‌وه.
ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ش تا پێش چه‌ند ساڵێك ئاسته‌م بوو، ئه‌وه ئه‌مڕۆ ئاسته‌م نیه. چونكه خه‌ریكه له ده‌ره‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیای فه‌رمی ده‌وڵه‌ت بزوتنه‌وه‌ی سیاسی نوێ به به‌رگی دیموكراتیانه له‌ناو سیسته‌می سیاسی توركیادا دروست ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ی گوتاریشدا بێت، تێڕوانینیان بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد ئه‌رێنیه. بۆ نموونه (Deva) كه له‌لایه‌ن عه‌لی باباجان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت.
له ئه‌مڕۆدا هه‌موو ئاماژه‌كان پێمان ده‌ڵێن: هه‌رچه‌ند (HDP) خۆی له بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك دووربخاته‌وه، ئه‌وه‌نده قازانج ده‌كات. ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 14 ئایاری داهاتووش له‌مباره‌یه‌وه ده‌بنه رێنوێیكار بۆ گۆڕینی ستراتیژی هاوپه‌یمانیه‌تی بزوتنه‌وه‌ی كورد له باكووری كوردستان و توركیادا.