"ئاگاداری روداوی هێلیكۆپتهرهكهی دهۆك نین"
2023-03-22 08:40:23
(درەو):
ئەمریكا رەتیدەكاتەوە هاوپەیمانان هیچ پەیوەندییەكیان بە رووداوی كەوتنەخوارەوەی هیلیكۆپتەرەكەی سنوری پارێزگای دهۆكەوە هەبێت.
پاتریك رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پەنتاگۆن" لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمریكا هیچ بەشدارییەكی نەبووە لە گەشتی هێلیكۆپتەری هێزەكانی سوریای دیموكراتداو "هەسەدە" هێزێكی سەربەخۆیەو ئۆپراسیۆنی تایبەتی خۆی دەكات.
لەرووداوی كەوتنەخوارەوەی هیلیكۆپتەرەكەی سنوری پارێزگای دهۆك، وتەبێژەكەی پەنتاگۆن وتی:" هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان هیچ پەیوەندییەكیان بە رووداوی هێلیكۆپتەرەكەوە نەبووەو بەر لە جێبەجێكردنی ئەم ئەركە هیچ زانیارییەكیان نەبووە".
"هێزەكانی سوریای دیموكرات هاوبەشێكی گرنگی ئێمە بوون لە روبەڕووبونەوەی داعشداو بەردەوامی دەدەین بەم شەراكەتە، ئێمە لەسەرتاسەری جیهان راهێنان بە زۆر هێز دەكەین، زۆرێك لەوانە ئۆپراسیۆنی تایبەت ئەنجام دەدەن" وتەبێژەكە بەم كۆتایی بە وەڵامی پرسیارەكان سەبارەت بە روداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی سنوری پارێزگای دهۆك هێنا.
رۆژی 15ی ئەم مانگە لەنزیك ناحیەی (چەمانكێ) لە سنوری پارێزگای دهۆك، هێلیكۆپتەرێك كەوتەخوارەوەو تێكشكا، رۆژی 17ی مانگ هێزەكانی سوریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستان لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، دوو هێلیكۆپتەریان لە سنوری دهۆك بەهۆی خراپی كەشوهەواوە تێكشكاوەو (9) شەڕڤانیان شەهید بووە.
هەسەدە ئاماژەی بەوەكرد، ئەو دوو هێلیكۆپتەرە یەكەیەكی هێزی دژەتیرۆریان تێدا بووەو بۆ ئەرك بەرێگاوە بوون بۆ پارێزگای سلێمانی.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان تائێستا كەوتنەخوارەوە یەك هێلیكۆپتەر پشتڕاستدەكاتەوەو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت ئەو هێلیكۆپتەرانە لەلایەن "گروپێكی ناو یەكێتییەوە" دراون بە هێزەكانی سوریای دیموكراتو لەوبارەیەوە داوای رونكردنەوە لە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەكات.
ئەمە كەیسێكی تری ئەمنییە كە چوەتە پاڵ كەیسەكانی تر لە پەیوەندی نێوان پارتیو یەكێتییدا وەكو دوو هاوبەشی سەرەكیو پێكهێنەری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم. توركیاش لەرێگەی میدیاكانییەوە یەكێتیی تۆمەتبار دەكات بە هاوكاریكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات.