كێ هەڵبژاردنی توركیا دەباتەوە ؟
2023-03-21 15:39:01
راپۆرت: درەو
ساڵی 1999 بولەمەرزەیەك 18 هەزار كەسی كوشتو ئەمە ئەردۆغانی گەیاند بە دەسەڵات، بومەلەرزەكەی ئەمدواییە نزیكەی 48 هەزار كەسی كوشتووە، ئایا ئەمە ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەخات، كورد هاوپەیمانێتییەكی لەناو خۆیدا دروستكردووە، بەڵام هێشتا لەنێوان دوو ركابەرە سەرەكییەكە (هاوپەیمانێتی گەلو هاوپەیمانێتی میللەت)دا خۆی یەكلانەكردوەتەوە، ئەردۆغان لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازدا، لەم راپۆرتەدا.
بانگەشە هەیەو كاندید یەكلانەبوەتەوە !
لە رۆژی شەممەوە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە توركیا دەستیپێكردووە، ئەم هەڵمەتە تاوەكو رۆژی 13ی ئایاری داهاتوو بەردەوام دەبێت، رۆژی 14ی ئایار لە یەككاتدا هەڵبژاردنی پەرلەمانیو سەرۆكایەتیی لە توركیا بەڕێوەدەچێت.
ئەگەر لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا هیچ یەكێك لە كاندیدەكان رێژەی زیاتر لە 50%ی دەنگەكانیان بەدەستنەهێنا، گەڕی دووەم هەڵبژاردن لە 28ی ئایاردا بەڕێوەدەچێت.
بەڵام دەنگدەران هێشتا لیستی كۆتایی كاندیدەكان نازانن، دەبێت تاوەكو رۆژی 31ی ئەم مانگە چاوەڕێ بكەن، چونكە سیاسییەكان دەبێت لە رۆژانی 18 بۆ 23ی ئەم مانگەدا ناوی كاندیدەكانیان پێشكەشی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەكان (دەستەی سەرپەرەشتیاری هەڵبژاردنەكان) بكەن.
ركابەرێتی ئەمجارە !
ركابەرێتی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانو سەرۆكایەتی توركیا لەنێوان چەند هاوپەیمانێتییەكدایە كە ئەمانەن:
هاوپەیمانی كۆمار
ئەم هاوپەیمانێتییە لە 20ی شوباتی 2018 دامەزراوە، هاوپەیمانێتی نێوان پارتی (دادو گەشەپێدان)ی دەسەڵاتدارە لەگەڵ پارتی (بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست).
ئەم هاوپەیمانێتییە سیستەمی حوكمڕانی توركیای لە سیستەمی پەرلەمانییەوە (كە چەندین دەیە بوو بەركاربوو) گۆڕی بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی، ئەمەش لەرێگەی هەمواركردنی دەستورەوە لە ساڵی 2017دا.
پارتی "یەكێتیی گەورە" سەرباری ئەوەی بەفەرمی نەبووە بەبەشێك لەم هاوپەیمانێتییە، بەڵام لەزۆرینەی وێستگەكاندا پشتیوانی خۆی بۆ هاوپەیمانێتییەكە راگەیاندووەو ئەم چەند هەفتەی دوایی هەوڵی بۆ ئەوە داوە بچێتە پاڵ پارتەكانی ترەوە.
هاوپەیمانێتی گەل لەسەر رەوتی (راستڕەوی میانڕەو) ئەژماردەكرێت، پێكدێت لە رەوتی پارێزگاری میانڕەو كە پارتی دادو گەشەپێدان نوێنەرایەتی دەكات لەگەڵ رەوتی نەتەوەپەرەستەكان كە دێرینترین رەوتن لەسەر گۆڕەپانی هاوچەرخی توركیاو تێڕوانینیان زۆر دور نییە لە تێڕوانینی كۆنەپارێزەكانەوە بەتایبەتیش لەبواری ناسنامەی كەلتوری توركیاو رێزگرتن لە میراتی ئیسلامی عوسمانییەكان.
لایەنەكانی ناو ئەم هاوپەیمانێتییە هاوڕان لەسەر دژایەتیكردنی (پارتی كرێكارانی كوردستان)و بزوتنەوەكەی (فەتحوڵا گولەن)و وازیان لە هەندێك لە تێزەكانی لیبرالیزم هێناوە.
ئەم هاوپەیمانێتییە یەكەمین هەڵبژاردنی لە 24ی حوزەیرانی 2018دا بردەوە كاتێك كاندیدەكەی (ئەردۆغان) لە گەڕی یەكەمدا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بردەوەو هاوپەیمانێتییەكەش زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا بە رێژەی 53,7%ی كۆی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان.
ئەمجارەش ئەردۆغان دەبێتەوە بە كاندیدی ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە مانگی ئایاری داهاتوودا.
هاوپەیمانێتی میللەت.. مێزە شەشقۆڵییەكە
ئەم هاوپەیمانێتییە لە شوباتی 2022دا لەدایكبوو، لەپێناو هەڵبژاردنەكەی ئایاری ئەمساڵ دروستكرا.
ئەم هاوپەیمانێتییە (6) پارتی ئۆپۆزسیۆن لەخۆدەگرێت، لە میدیاكانی توركیادا بە "مێزە شەشقۆڵییەكە" ناودەبرێت، پارتەكانی ناو ئەم هاوپەیمانێتییە ئایدۆلۆژیایان جیاوازەو تێكەڵەیەكن لە "عەلمانی ئەتاتوركی"و "نەتەوەپەرەست"و "رەوتی راستڕەوی نەریتەوان".
پارتەكانی ناو ئەم هاوپەیمانێتییە بریتین لە:
• پارتی (گەلی كۆماری بە سەرۆكایەتی (كەمال كلیچدارئۆغلۆ)
• پارتی (چاكە) بە سەرۆكایەتی خانم (میراڵ ئەكشنەر)
• پارتی (سەعادەت) بە سەرۆكایەتی (تەمەل كەرەمولائۆغلۆ)
• پارتی (دیموكرات) بە سەرۆكایەتی (گوڵتەكین ئویساڵ)
• پارتی (دیموكراتو پێشكەوتن) بە سەرۆكایەتی (عەلی باباجان) كە لە پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار جیابوەتەوە
• پارتی (ئایندە) بە سەرۆكایەتی (ئەحمەد داودئۆغلۆ) كە ئەمەش بە هەمان شێوەی باباجان لە پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار جیابوەتەوە
لە 13ی شوباتی رابردوودا، ئەم لایەنانە بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە لەبارەی رێككەوتنیان سەبارەت بە دووبارە گەڕاندنەوەی سیستەمی پەرلەمانی بۆ حوكمڕانی توركیا.
ئەم هاوپەیمانێتییە شەشقۆڵییە سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (كەمال كلیچدارئۆغلۆ)ی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی مانگی ئایاری داهاتوو كاندید كردووە.
هاوپەیمانێتی رهنج و ئازادی كورد
پارتو رێكخراوە مەدەنییەكانی كورد لە توركیا، مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو یەكێتییەكیان لەژێر ناوی هاوپەیمانێتییەكی گشتگیردا دروستكردووە كە نوێنەرایەتی كورد بكات لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیادا.
هاوپەیمانێتییەكە پێكدێت لە:
• پارتی گەلی دیموكرات (HDP)
• پارتی كار توركیا (TÎP)
• پارتی بزوتنەوەی كرێكاری (EHP)
• پارتی رهنج (EMEP)
• پارتی ئازادی كۆمەڵایەتی (TOP)
• یەكێتی ئەنجومەنە سۆسیالیستییەكان (SMF)
تائێستا ئەم هاوپەیمانێتییە ناوی هیچ كاندیدێكی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئاشكرا نەكردووە.
هاوپەیمانی "ئەتا"
پارتی "سەركەوتن" بە سەرۆكایەتی (ئومیت ئوزداغ) رێبەرایەتی ئەم هاوپەیمانێتییە دەكاتو چەند پارتێك لە نمونەی پارتی (حەقیقەت) لەخۆدەگرێت.
ئەم هاوپەیمانێتییە بەوە ناسراوە زۆر دژایەتی بوونی پەنابەرانی سوری دەكات لەسەر خاكی توركیاو بە دژە عەرەب ناسراوە.
وشەی "ئەتا" دەبەسترێتەوە بە ناوی (كەمال ئەتاتورك)ەوەو ئەتاتوركیش بەواتای "باوكی تورك" دێت.
ئەم هاوپەیمانێتییە (سەنان ئۆغان)ی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندید كردووە.
ئەردۆغان بومەلەرزە هێنای؛ بومەلەرزە دەیخات ؟
زۆرینەی چاودێرانی دۆخی سیاسی توركیا، ئەم هەڵبژاردنە بە سەختترین هەڵبژاردن بۆ ئەردۆغان ناودەبەن لەدوای گەیشتنی بە دەسەڵات لەماوەی نزیكەی 20 ساڵی رابردوودا.
دواین راپرسییەكان لە توركیا ئاماژە بەوە دەكەن، كەمال كلیچدارئۆغلۆ كاندیدی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بە زیاتر لە 10 پۆینت لە پێش ئەردۆغانەوەیە.
راپرسییەكان دەڵێن هاوپەیمانێتی "میللەت" زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان دەباتەوە.
هاوپەیمانێتی میللەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیو پەرلەمانیی توركیا روبەڕووی پارتی "دادو گەشەپێدان"ی ئەردۆغانو هاوپەیمانە راستڕەوە توندڕەوەكەی دەبێتەوە كە پارتی "بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست"ەو ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە بباتەوە، روخساری سیاسی توركیا گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا دێت.
راپرسییەكان باسلەوە دەكەن، پێناچێت ئەردۆغان بتوانێت بەسەر هاوپەیمانێتی "میللەت"دا سەربكەوێت، بەتایبەتیش دوای ئەو ناڕەزایەتییانەی لە ناوچەكانی باشوری وڵات (باكوری كوردستان) دروستبوون سەبارەت بە لاوازی حكومەت لە بەدەمەوەچوونەی خەڵك دوای بومەلەرزە وێرانكەرەكەی ئەمدواییە.
بومەلەرزەكە تائێستا نزیكەی 48 هەزار كوژراوی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، ئەمە ناڕەزایەتی لە توركیا دروستكردووە سەبارەت بە پلانەكانی حكومەت لە دروستكردنی بیناكانی نیشتەجێبووندا.
بومەلەرزە گەورەكەی پێشووی توركیا (بوڵنت ئەجەوید)ی سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیای خستو ئەردۆغان شوێنەكەی گرتەوە، رەنگە بومەلەرزەكەی ئەمدواییەش ئەردۆغان بخاتو (كلیچدارئۆغلۆ) بخاتە شوێنەكەی.
ساڵی 1999 كاتێك بومەلەرزەیەكی بەهێز ناوچەی (ئیزمیت)ی لە نزیك ئیستانبوڵ هەژاند، رەخنەی توند لە (ئەجەوید) گیرا بەوەی شكستی هێناوە لە دابینكردنی فریاگوزاری بەشێوەیەكی خێرا بۆ خەڵكی ناوچەكە، بومەلەرزەكە نزیكەی (18 هەزار) كەسی كوشت، ناڵەو ئازاری كەسوكاری قوربانییەكان، پارتی دادو گەشەپێدانو رەجەب تەیب ئەردۆغانی گەیاند بە دەسەڵات، ئێستا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا دەیانەوێت بەسەر شانی بومەلەرزەكەی ئەمدواییەوە هەمان سیناریۆی ئەردۆغان دووبارە بكەنەوە.
سەرباری بومەلەرزەكە، هاوڵاتیانی توركیا توڕەن لە شكستی سیاسیو ئابوری سیاسەتەكانی ئەردۆغان، بەتایبەتیش دابەزاندنی نرخی سود كە بوەتەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی هەڵاوسان لە وڵاتدا.
پایزی رابردوو هەڵاوسانی ئابوری توركیا گەیشتە پلەیەكی پێوانەیی لەماوەی 24 ساڵی رابردوودا، كاتێك ئاستی هەڵاوسانەكە گەیشتە 85%و ئێستا بۆ 55% دابەزیوە.
لە سەرەتای 2021وە بەهۆی رەشەبای پێچەوانەی ئابوریو سیاسەتەكانی ئەردۆغانەوە، دراوی توركی رێژەی 60%ی بەهای خۆی لەبەرامبەر دۆلاردا لەدەستداوە.
لەپاڵ ئەمەدا، لەڕووی بازرگانییەوە توركیا توشی كورتهێنانێك بوەتەوە كە رێژەكەی دەگاتە 38%و فشاری خەرجی بژێویش چینی ناوەندی خستووەو لەناو هەژاریدا توشی نائومێدییەكی قوڵ بوەتەوە.
لەماوەی دوو دەیەی حوكمڕانییەكەیدا، ئەردۆغان توركیایەكی نوێی دروستكردووە كە تێیدا سیستەمی "پەرلەمانیی" لاوازكراوەو گۆڕی بۆ سیستەمێكی "سەرۆكایەتیی" هاوشێوەی ئەو سیستەمانەی كە تێیاندا تاكە كەسێك حوكمڕانی دەكات، ئەمە وایكردووە ئەردۆغان بە "سوڵتانی نوێی توركیا" ناوببرێت، بەتایبەتیش كە دادگاكانو دامەزراوەكانی جێبەجێكردنی یاساو خزمەتی شارستانیو دامەزراوەكانی هەواڵگریو هێزە چەكدارەكانو میدیاكانی لە نەیارانی خۆی پاككردوەتەوەو خەڵكانی لایەنگری خۆی تێدا داناون، بۆ ئەمەش زیاتر لە هەوڵی كودەتا سەربازییە شكستخواردووەكەی 2016 سودی وەرگرتو سیستەمێكی سیاسی لە توركیا بەرپا كرد كە بەتەواوەتی دڵخوازی خۆیەتی.
میدیا.. چەكی بەهێزی ئەردۆغان
سەرباری پاشەكشێكردنی لە راپرسییەكاندا، ئەو سیستەمە سیاسییەی كە لە توركیا دروستیكردووە، وایكردووە هێشتا هەندێك لە چاودێران پێیانوابێت ئەردۆغان هەڵبژاردنی داهاتووش دەباتەوە، بەتایبەتیش خستنەگەڕی میدیاكانی لەبەرژەوەندی خۆی.
بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەك كە ئاژانسی (رۆیتەرز) كردویەتی" گەورەترین دامەزراوە میدیاییەكان لە توركیا لەژیێر كۆنترۆڵی ئەو كۆمپانیاو كەسایەتیانەدان كە نزیكن لە ئەردۆغانو پارتەكەیەوە، ئەمەش دوای زنجیرەیەك دەستبەسەراگرتنی میدیاكان كە لە ساڵی 2008وە لە توركیا دەستیپێكرد".
لە توركیا میدیاكان چاودێرییەكی هەرەمی توندیان هەیە لەسەرەوە، (فەخرەدین ئاڵتون) كە ئەكادیمییەكی نزیك لە ئەردۆغانە، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی حكومەتەو ئەو سەرپەرەشتی هەموو ئەو رێنماییانە دەكات كە رەوانەی ژورەكانی هەواڵ دەكرێن لە میدیاكانی توركیا، بۆ نمونە كاتێك بیرات بەیرەق زاوای ئەردۆغان ساڵی 2020 دوای دروستبوونی ناكۆكییەكی بێ پێشینە لەناو بازنەی نزیك لە ئەردۆغاندا، دەستی لە پۆستی وەزیری دارایی كێشایەوە، فەخرەدین ئاڵتون داوای لە ژوری هەواڵی میدیاكان كرد هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەكە بڵاونەكەنەوە تا ئەوكاتەی حكومەت خۆی گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵدەكات.
لەدوای ئەو كۆنترۆڵەی ئەردۆغان بەسەر میدیاكانیدا سەپاندووە، بەپێی توێژینەوەی ناوەندێكی ئەمریكی كە ساڵی 2020 ئەنجامیداوە، هاوڵاتیانی توركیا زیاتر روویان لە سەرچاوەكانی تری هەواڵ كردووە لەرێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە، چونكە حكومەت كەمتر كۆنترۆڵی بەسەر ئەمجۆرە میدیایانەدا هەیە.
توێژینەوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوون بە بەدیلی میدیا لایەنگرەكانی حكومەت بەتایبەتیش تەلەفزیۆنو چاپكراوەكان، بەڵام ئەم تۆڕانەش خاكێكی بەپیتن بۆ هەواڵی ناڕاستو چەواشەكارانە.
حكومەتی ئەردۆغان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش لێنەگەڕاوە، بەشێكی زۆری كۆنترۆڵ كردووەو چاودێری لەسەر داناون، مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو پەرلەمانی توركیا پڕ كۆتوبەندترین یاسای تایبەت بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی پەسەند كرد، یاسایەك كە كێشمەكێشی زۆری لەسەر دروستبووەو دەسەڵاتی ئەوەی بە لایەنە پەیوەندیدارەكانی توركیا بەخشیوە دەست بەسەر ئەو تۆڕانەدا بگرن، ئەمەش وەكو كۆتوبەندكردنی ئازادی رادەربڕین دادەنرێت لە هەر وڵاتێكی دیموكراتیدا.
ئیتر لەدوای دەرچوونی ئەو یاسایەوە، دەسەڵاتدارانی توركیا دەتوانن بە تۆمەتی قسەوتن یاخود سوكایەتی بە سەرۆكی وڵات یاخود هەر بەرپرسێكی تر، خەڵكانێك لە زیندان بكەنو لەوكاتەوە لەسەر ئەم تۆمەتانە 43 رۆژنامەنوس زیندانی كراون، ئەمە جگە لە زیندانیكردنی نەیارە سیاسییەكان.
ئەردۆغان دەسەڵات رادەست دەكات ؟
بەم بارودۆخەوە ئێستا ئیتر كاتی ئەوەیە پرسیار بكرێت لەبارەی ئەوەی ئایا ئەگەر ئەرۆدغان هەڵبژاردنی هەڵبژاردنی بردەوە، جارێكی تر هەڵمەتی لێدان لە نەیارە سیاسییەكانی دەستپێدەكاتو تۆمەتی گەندەڵییان بۆ دەپێچێتەوە ؟ جارێكی تر پێگەی خۆی لە حوكمڕانیدا قایم دەكاتو ئەندامانی خێزانەكەی لەناو دامەزراوەی حوكمڕانیدا زیاتر دەكات ؟ ئەمە پێشبینی سەركردەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانە بۆ دۆخی توركیا دوای سەركەوتنەوەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردندا.
ئەی ئەگەر هەڵبژاردنی دۆڕاند، ئایا بەشێوەیەكی ئارام ئاڵای سپی هەڵدەكاتو دەسەڵات رادەستدەكات ؟ ئەمەش بابەتێكە كە جێگەی نیگەرانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانو تەنانەت هاوپەیمانە خۆرئاواییەكانی توركیاشە.
خاڵی هێزو لاوازی دوو ركارهبهر سهرهكییهكه
جگە لە ئەنجامی راپرسییەكان، خاڵی هێزو لاوازی تری هەردوو بەرە ركابەرەكەی توركیا بۆ هەڵبژاردن كاریگەری خۆیان لەسەر ئەنجامەكان دەبێت.
پەیمانگای واشنتۆن لە شیكارییەكدا دەڵێ" تاكە رێگەی بەردەم لایەنە ئۆپزسیۆنەكان ئەوەیە بچنە گەڕی دووەم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەوە، چونكە لە گەڕی یەكەمدا كاندیدەكان زۆرن، لە گەڕی دووەمیشدا دەبێت كار بۆ ئەوە بكەن لەیادی 100 ساڵەی دامەزراندی كۆماری توركیادا، سەرەنجی ئەو دەنگدەرانە بەلای خۆیاندا رابكێشن كە ئەتاتوركیان خۆشدەوێت، لەگەڵ راكێشانی دەنگی ئەوانەی كە لایەنگری پارتی دادو گەشەپێدانو بزوتنەوەی نەتەوەپەرەستن، بەڵام توڕەن لە سیاسەتی ناوخۆیی پارتەكانیان".
بەڵام شیكارییەكە باسلەوە دەكات، بەهۆی بەهێزی گوتاری میدیایی پارتی دادو گەشەپێدانەوە بەتایبەتیش "گوتاری دەرەوە"، زۆرێك لەو لایەنگرانەی پارتەكە كە توڕە بوون، گەڕێندراونەتەوە بۆ ئامێزی پارتەكەیان بۆ ئەوەی جارێكی تر چانسی سەركەوتنی پێببەخشنەوە.
لەپاڵ ئەمەدا، شیكارییەكەی پەیمانگای واشنتۆن وای دەبینێت، هاوپەیمانێتییەكەی ئەردۆغانو بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست كێشەی ناوخۆیی نییە، ئەمە بابەتێكە كە بەسەر هاوپەیمانێتی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكاندا "هاوپەیمانێتی میللەت" جێبەجێ نابێت، چونكە پێناچێت هاوپەیمانێتییەكەی پارتی گەلی كۆماریو پارتی (چاكە- İyi)و پارتە بچوكەكانی تر زۆر بەرگەی مانەوە بگرێت، بەتایبەتیش كە قسە دێتە سەر دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانو پۆستە وزارییەكان".
ئەمە جگە لەوەی هێشتا هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی گەلان كە نوێنەرایەتی كورد دەكات، هێشتا ئاڵنگارییەكی گەورەیە لەبەردەم هاوپەیمانێتی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، بەوپێیەی پارتی دیموكراتی گەلان ئەجێندای كاركردنی لەگەڵ ئەو پارتانەی تر جیاوازە.