Draw Media

ترەمپ بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ عەبدولمەهدی كردووە

ترەمپ بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ عەبدولمەهدی كردووە

2018-12-26 21:59:00


( درەو میدیا):
ترەمپ لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق سەربازانی وڵاتەكەی بەسەركردەوە هیچ بەرپرسێكی ئەو وڵاتەی نەبینی و ئەوەش كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە نوسینگەی راگەیاندنەكەی بڵاویكردوەتەوە دەڵێت ترەمپ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عەبدولمەهدی كردووە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە دەسەڵاتدارانی ئەمریكا، دەسەڵاتدارانی عێراقیان لە خواستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ سەردانی عێراق لە ئێوارەی رۆژی 26ی كانونی یەكەم ئاگاداكردوەتەوە بەمەبەستی پیرۆزباییكردن لە حكومەتی نوێی عێراق و بۆ سەردانی سەربازانی ئەمریكا كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی " داعش" هاوكاری عێراق دەكەن و حكومەتی عێراقیش پێشوازی لە داواكارییەكە كردووە.
لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە كە پێویست بوو بە رەسمی پێشوازی لە ترەمپ بكرێت و لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران عادل عەبدولمەهدی كۆببێتەوە، بەڵاك جیاوازی لە بیروبۆچونەكان بۆ رێكخستنی دیدارەكە بووە هۆی ئەوەی كە پەنا بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی ببرێت و تێیدا گۆڕانكارییەكانی دۆخەكە بە تایبەتی دوای بڕیاری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە سوریا و هاوكاری و هەماهەنگی بۆ نەهێشتنی داعش و دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ گەلان و وڵاتانی ناوچەكە تاوتوێكران.
هەروەها بەیاننامەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكراشیكردووە كە عەبدولمەهدی پێشوازی لە سەرۆكی ئەمریكا كردووە بۆ سەردانەكەی و بانگهێشتی كردووە سەردانی بەغدا بكات و ترەمپیش سەرۆك وەزیرانی عێراقی بانگهێشتی واشنتۆن كردووە و هەردوولا رێككەوتون لەسەر بەردەوامیدان بە پتەوتركردنی پەیوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand