سێ وەفدی عێراقی سەردانی ئیسرائیلیان كردووە
2019-01-07 11:04:58
راپۆرت: نامیق رەسوڵ
حكومەتی ئیسرائیل ئاشكرایكرد كە سێ وەفدی عێراقی كە 15 كەس بووون، لەمیانی ساڵی رابردوو 2018 سەردانی ئەو وڵاتەیان كردووە و پرسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی و ئێرانیان لەگەڵ بەرپرسانی تەلئەبیبدا باسكردووە، لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی پەرلەمانی عێراقیش سەردانەكان رەتناكاتەوە، بەڵام باوەڕی وایە بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە بۆ نانەوەی فیتنە و ئاژاوە بێت لە ناخۆی عێراقدا.
بە گوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی " روسیا تودەی" وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكیدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردەوەتەوە ئاشكرایكردووە كە دواهەمین سەردانی وەفدی عێراق بۆ ئیسرائیل چەند هەفتەیەك لەمەوبەر ئەنجامدراوە.
وەفدەكان كێ بوون؟ باسی چیان كردووە؟
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئاشكراشیكردووە كە وەفدەكانی عێراق لە كەسایەتی سوننە وشیعە و چەند سەركردەیەكی نێوخۆیی كاریگەری لە خۆگرتووە و لە گەڵ چەند كەسایەتییەكی ئەكادیمی و بەرپرسی ئیسرائیلدا كۆبوونەتەوە و سەردانی مۆزەخانەی " یاد فاشیم" یان كردووە كە تایبەتە بە مێژووی جینۆسایدی جولەكە " هۆڵۆكۆست".
ئیدی كوهین كە چاودێرێكی سیاسی ئیسرائیلیە لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوێتی:" حكومەتی عێراق ئەو وەفدانەی رەوانەی ئیسرائیل كردووە بۆئەوەی دانوستان بكەن لەسەر كشانەوەی ئێران لە باشووری سوریا، لەبەرامبەر راگرتنی بۆردومانكردنی خاكی سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە".
بەوتەی كوهین وەفدە عێراقییەكان باسیشان لە هەڵوەشاندنەوەی حزبە شیعەكانی عێراق و سوریا و لوبنان و وڵاتانی كەنداو كردووە لەگەڵ تاوتوێكردنی رێگاكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل".
" پێویستە وەزارەتی دەرەوە لێكۆڵینەوە بكات"
لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە گەشتی چەند وەفدێكی عێراقی بۆ ئیسرائیل، حەسەن كەعبی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە كرد لێكۆڵینەوە بكات دەربارەی گەشتی ئەو وەفدە عێراقیان بۆ ئیسرائیل كە لەچەند میدیایەكی خۆرئاوا و ئیسرائیلەوە بڵاوكراوەتەوە.
كەعبی كە سەر بە رەوتی سەدرە لە بەیاننامەیەكدا وتی:" پرسی سەردانكردنی خاكی داگیركراو و ئیسرائیل، هێڵی سورە و پرسێكی هەستیارە بەلای موسوڵمانانەوە".
هاوكات لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت ئەو بابەتە تایبەت بە هەردوو دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی عێراقەوە و پێویستە ئەوان لێكۆڵینەوە بكەن و راستی و دروستی ئەو سەردانانە ئاشكرابكەن.
فورات تەمیمی ئەندامی لیژنەكە لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی "سۆمەریە نیوز" رایگەیاند چوارشەممەی داهاتوو میوانداری وەزیری دەرەوە دەكەن و ئەو پرسەی لەگەڵدا تاوتوێدەكەن.
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارەی لیژەی پەیوەندییە دەرەكییەكان پرسی ئەو سەردانە دەكەوێتە سەرشانی لایەنە دەرەكییەكانن بە تایبەتیش هەردوو دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی و لەسەریان پێویستە راستی و دروستی ئەو هەواڵە ئاشكرابكەن.
تەمیمی باوەڕیشی وایە كە ئیسرائیل بە بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵانە دەیەوێت فیتنەوە دووبەرەكی و ئاژاوە لەناو عێراقدا بنێتەوە.