پەرلەمانی عێراق متمانەی بە سێ وەزیر بەخشی و دوو كاندیدیشی رەتكردەوە
2018-12-18 13:42:08
( درەو میدیا):
پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا متمانەی بە سێ وەزیری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی بەخشی و كاندیدی دوو وەزارەتیش رەتكردەوە و كاندیدی سێ وەزارەتیش هێشتا رێككەوتنی لەسەر نەكراوە.
دوای گفتۆگەیەكی چڕی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەبەخشین بە چەند وەزیرێكی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی بە ئامادەبوونی 261 پەرلەمانتار كۆبوەوە.
لە كۆبوونەوەكەیدا كاندیدەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و پلاندان و رۆشنبیری بە زۆرینەی دەنگ متمانەیان پێبەخشرا كە ئەمانەبوون:
• قوسەی سوهەیل: وەزیری خوێندنی باڵا
• نوری ناتق حەمید دلێمی: وەزیری پلاندان
• عەبدولئەمیر حەمدانی: وەزیری رۆشنبیری
هاوكات كاندیدەكانی وەزیرەكانی پەروەردە و كۆچ و كۆچبەران بە زۆرینەی دەنگ رەتكرانەوە و متمانەیان پێنەدرا كە ئەم دووو كاندیدەبوون:
* سەبا تائی: كاندید بۆ وەزارەتی پەروەردە
* هەنا عەمانوئێل: كاندید بۆ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران
دوای متمانەبەخشی بەو سێ وەزیرە و رەتكردنەوەی دوو كاندیدی تر، سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەی بۆ رۆژی پێنجشەممە هەڵگرت و تائێستاش كوتلەكان لەسەر كاندیدی وەزارەتەكانی بەرگری، ناوخۆ و داد نەگەیشتونەتە رێككەوتن.