Draw Media

بۆچی سەددام ئامادەنەبوو لە دوبەی بژی؟

بۆچی سەددام ئامادەنەبوو لە دوبەی بژی؟

2019-01-13 18:37:11


( درەو میدیا):
محەمەد بن راشد ئال مەكتوم جێگری سەرۆكی ئیمارات و  سەرۆك وەزیران و حاكمی ویلایەتی دوبەی، چەند نهێنییەكی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەددام حسێن و بەشار ئەسەد و موعەمەر قەزافی ئاشكرادەكات.
محەمەد بن راشد لە كتێبە نوێكەیدا " چیرۆكەكەم... 50 چیرۆك لە 50 ساڵدا" ئاشكرایدەكات كە ساڵی 2003 پێش دەستپێكردنی جەنگی ئەمریكا دژی عێراق، بە نهێنی گفتوگۆی لەگەڵ سەددام حسێندا كردووە و داوای لێكردووە دەستبەرداری دەسەڵات بێت و لە دوبەی بژی، بەڵام سەددام پێشنیازەكەی رەتكردوەتەوە و وتویەتی " دەمەوێت عێراق رزگاربكەم، نەك خۆم).
لە بەشێكی تری كتێبەكەیدا بن راشد باس لە دیدارێكی خۆی و بەشار ئەسەد سەرۆكی ئێستای سوریا دەكات كە ساڵی 1999 و پێش ئەوەی ببێتە سەرۆك سەردانی دوبەی كردووە و دوور لە هەموو رێوشوێنێكی فەرمی بە ئۆتۆمبیلەكەی خۆی بن راشد گەشتێكی بە بەشار ئەسەد كردووە بەناو شارەكەدا، بەبێ‌ ئەوەی پێش وەخت لە وردەكارییەكەی ئاگاداری بكاتەوە.
محەمەد بن راشد لە كتێبی " چیرۆكەكەم" دا دەڵێت:" هەتائێستاش هیوا و باوەڕم بە گەلی سوریایە كە توانیویەتی لەسەر 40 شارستانییەت لەسەر خاكی خۆە بونیاد بنێت، لە توانایدایە شارستانییەتێكی نوێ بونیادبنێت".
لە یەكێك لە چیرۆكەكانی كتێبەكەیدا بن راشد باس لەو سەردانە مێژووییەی دەكات كە بە بانگهێشتی موعەمەر قەزافی سەرۆكی لیبیا سەردانی ئەو وڵاتەی كردووە و قەزافی ویستویەتی شارێكی هاوشێوەی دوبەی لە لیبیا بونیادبنێت.
لەو بارەیەوە بن راشد دەڵێت:" قەزافی گۆڕانكاری نەدەویست، بەڵام هیواخوازی گۆڕانكاری بوو، گۆڕانكاری پێویستی بە وتاردان نیە، بەڵكو پێویستی بە دەستكەوت هەیە، گۆڕانكاری پێویستی بە ژینگەیەكی راستەقینە هەیە، گەل بە تەنها خۆی دەتوانێت گۆڕانكاری بەرەو باشتر بكات, گەلی لیبیا زانا و كەسانی بەهرەمەند و سەرمایەدار و خاوەنكار و توێژەر و ئەندازیاری و پزیشكی زۆر لەخۆدەگرێت، تەنها پێویستیان بە ژینگەیەكی گونجاوە بۆئەوەی تواناكانی خۆیان بخەنەگەڕ و گۆڕانكاریی ئیجابی ئەنجامبدەن".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand