لەماوەی شەش مانگدا هەڵبژاردن دەكرێت؟
2018-12-24 12:26:13
(درەو میدیا):
لە عێراقو هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ماوەی نزیكەی ساڵێك دواكەوتووە، عێراق دەیەوێت لە شەش مانگی داهاتوودا هەڵبژاردن بكات، بەڵام لە هەرێم چارەنوسی هەڵبژاردنەكە نادیارە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان گفتوگۆی كردووە.
بەپێی قسەی میقدام جومەیلی ئەندامی كوتلەی میحوەر لە پەرلەمانی عێراق، پەرلەمان پرسیاری لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كردووە سەبارەت بەوەی ئاخۆ دەكرێت لەماوەی شەش مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەبچێت یاخود نا، بەڵام تائێستا كۆمسیۆن وەڵامی نەداوەتەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (سۆمەریەنیوز) ئەو پەرلەمانتارە باسلەوەدەكات، پێشنیازێك هەیە بۆ سڕكردنی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان تا ئەوكاتەی هەڵبژاردنێكی نوێ دەكرێت، لەبری ئەوەی ئەندامانی پەرلەمان راسپێردرێن بە چاودێركردنی فەرمانگەكان لە پارێزگاكانی خۆیان، لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر هەیە پشتیوانی ئەوە دەكات ئەنجومەنی پارێزگاكان بەردەوام بن لەسەر كاركردنی خۆیان تا ئەوكاتەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاری دەكرێت لە مانگی ئایار یاخود حوزەیرانی ساڵی نوێدا.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ" ئێمە پشتیوانی ئەو بۆچونە دەكەین ئەنجومەنی پارێزگان بەردەوام بن لەسەر كاركردنی خۆیان، چونكە سڕكردنی ئەنجومەنەكان بۆشایی یاسایی دروستدەكاتو سەرباری ئەوەش كارێكی نادەستورییەو ئەم بابەتە لە دەستوردا بوونی نییە.
لە عێراقو هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ماوەی نزیكەی ساڵێك دواكەوتووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەرێم هەڵوەشێنێتەوەو لەبری ئەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەكان زیندوبكاتەوە، بەڵام لەبەرامبەردا یەكێتی نیشتمانی داوا دەكات ئەنجومەنی پارێزگاكان بەهێز بكرێت، دیارنییە ئەم ناكۆكییە بەچ شێوەیەك كۆتایی دێت.