Draw Media
هه‌واڵ / عێراق

 (درەو):  سەربەخۆكان كەوتونەتە بەرداشی ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعەوە، سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی هەردوولایان جڵەوی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتیان لە عێراق داوەتە دەست سەربەخۆكان، سەربەخۆكانیش هێشتا بێدەنگن‌و باوەڕ بە دۆخە سیاسییە نوێیەكە ناكەن، سەربەخۆكان كێن ؟    سەربەخۆكان لەنێوان سەدرو چوارچێوەدا  مۆڵەتە یەك مانگییەكەی موقتەدا سەدر بۆ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی، عامری، خەزعەلی، فەیاز، عەبادی، حەكیم) كۆتایی هات، چوارچێوە لە كۆتایی مۆڵەتەكەدا دەستپێشخەریی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رایگەیاند.  سەدر كە مانگی رەمەزان لە خەڵوەتدا بوو، هەر دوای رەمەزان خەڵوەتەكەی شكاند‌و بە تویتێكدا دەرفەتەكەی لە چوارچێوەی هەماهەنگیی وەرگرتەوە‌و بانگەوازی پێكهێنانی حكومەتی راگەیاند.  هەردوولا (سەدر‌و چوارچێوەی هەماهەنگیی) لە دەستپێشخەرییەكەی خۆیاندا، دەرفەتی پێكهێنانی حكومەتیان داوەتە دەست پەرلەمانتارانی سەربەخۆ.  ژمارەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق نادیارە، هەندێك بە (45) پەرلەمانتارو هەندێكی تر بە (40) پەرلەمانتار ئەژماریان دەكەن، لەپاڵ ئەمەشدا قسەوباسی جیاواز هەیە لەبارەی دەستەواژەی "پەرلەمانتاری سەربەخۆ"وە.  بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە دیاریكردنی (دوو لەسەر سێ) وەكو نیسابی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، عێراقی گەیاندە بنبەستی سیاسی، هیچ یەكێك لەو دوو بەرە سیاسییەی كە لەدوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووی عێراقەوە دروستبوون، بەبێ ئەوی تر ناتوانن نیسابی دانیشتنی پەرلەمان تەواو بكەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەگوێرەی دەستوریش بەبێ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دەستپێناكات.  یەكێك لە دیارترین ئەو گۆڕانكارییانەی كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا رویدا، سەركەوتنی هەندێك پەرلەمانتاری سەربەخۆ بوو بۆ پەرلەمان، ئەمە بەرەنجامی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن بوو، هەموارێك كە خواستنی سەرەكی خۆپیشاندانەكانی تیشرینی 2019ی عێراق بوو، بەهۆی ئەم خۆپیشاندانانەوە بۆ یەكەمجار لە عێراقی دوای سەددامدا سەرۆك وەزیرانێك (عادل عەبدولمەهدی) ناچار كرا لەژێر فشاری شەقامدا دەستلەكاربكێشێتەوە.   هەمواری یاسای هەڵبژاردن وەكو ئەوەی پیشبینی لێ دەكرا نەیتوانی ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بنێرێتە پەرلەمان، بەجۆرێك ئەم توێژە سیاسییە نوێیە كۆتایی بە سەردەمی حوكمڕانی هێزە نەریتییەكانی بهێنن، بەڵام دابەشبوونی سیاسی نێوان لایەنەكان، بەتایبەتیش ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە، ئەو دەرفەتەی بە سەربەخۆكان بەخشی، بەبەهێزی لەناو گۆڕەپانە سیاسییەكەدا دەركەون.  پەنابردنی هەردوو بەرە سیاسییەكەی عێراق بۆ سەربەخۆكان، ئەگەر بەدیوێكدا بێئاكامبوونی هەوڵی هەڵواشینی بنبەستی سیاسی عێراق بێت بەم توێژە سیاسییە نوێیەدا، بەدیوەكەی تردا نیشاندەری ئەوەیە لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتیش شیعەكان لەدوای خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019وە لەبەردەم شەقامی ناڕازیدا چیتر توانای سەرچڵیی سیاسییان نییە. ئێستا كە هەردوو بەرە ناكۆكەكە داوای پێكهێنانی حكومەتی نوێ  لە كەمینەیەكی سەربەخۆ دەكەن، ئایا سەربەخۆكان خۆیان كێن‌و ژمارەیان چەندە ؟ ئایا توانای دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانیان هەیە ؟ ئایا ئەگەر كاندید دیاری بكەن هەردوو بەرە ناكۆكە سیاسییەكان متمانە بە كاندیدەكە دەبەخشن ؟ ئەگەر كاندیدی سەربەخۆكان حكومەت دروست بكات توانای تێپەڕاندنی ناكۆكییە سیاسییەكانی دەبێت یاخود روبەڕووی هەمان چارەنوسی عادل عەبدولمەهدی‌و مستەفا كازمی دەبێتەوە كە هەردووكیان كاندیدی تەوافوقی لایەنە سیاسییەكانی شیعە بوون ؟  سەربەخۆكان كێن ؟  پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق هێشتا وەڵامێكی ئەوتۆیان بۆ بانگەوازی هەردوو  بەرەكە نییە كە داوای دیاریكردن‌و پێكهێنانی حكومەتیان لێكردوون.  (حسێن عەربەب) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی عێراقی سەربەخۆ لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) دەڵێ" لەماوەی دوو رۆژدا پەرلەمانتارانی سەربەخۆ دیدی خۆیان لەبارەی پرسی بنەستی سیاسی‌و ئەو دەستپێشخەرییانە رادەگەیەنن كە خراونەتەڕوو".  ئەم پەرلەمانتارە باس لەوە دەكەن، تێڕوانینی جیاواز لەناو پەرلەمانتارانی سەربەخۆ هەیە لەبارەی ئەگەری بەشداریكردن لە حكومەت‌و وەرگرتنی پۆست یاخود نا.  دەستپێشخەریی سەدرو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هەرچەندە لەوەدا چونیەكن كە پرسی پێكهێنانی حكومەت دەدەنە دەست پەرلەمانتارە سەربەخۆكان، بەڵام لە وردەكاریدا هەندێك جیاوازییان هەیە، چوارچێوەی هەماهەنگیی داوا دەكات پەرلەمانتارانی سەربەخۆ كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێشكەش بكات‌و كوتلەی گەورەی شیعەكان كاندیدەكە پەسەند بكات، واتە چوارچێوە‌و سەدر پێكەوە گفتوگۆ  بكەن‌و كاندیدەكە پەسەند بكەن، بەڵام سەدر لەمە زیاتر رۆیشتووە، دەڵێ با سەربەخۆكان حكومەت دروست بكەن‌و سەدر پشتیوانیان دەكات، بەڵام سەدرییەكان بەشداری لە حكومەتەكەدا ناكەن، بەمەش دەرگای دانیشتن‌و گفتوگۆی لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوە داخستووە.  چوارچێوەی هەماهەنگیی سەرباری ئەوەی مافی دیاریكردنی سەرۆك  وەزیران دەداتە دەست سەربەخۆكان، بەڵام هاوكات مەرجی ئەوەی داناوە ئەو لایەنانەی كە بەشداری لە حكومەت دەكەن دەبێت پێكەوە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكەنەوە، یاسایەك كە دەرگای كردوەتەوە لەسەر سەركەوتنی خەڵكانی سەربەخۆ بۆ پەرلەمان، واتە چوارچێوەی هەماهەنگیی لەلایەن سەربەخۆكان خەڵات دەكات‌و لەلایەكی ترەوە سزایان بەسەردا دەسەپێنێت.  جیاوازییەكی تری دەستپێشخەریی هەردوو بەرە ناكۆكەكەی شیعە بۆ پەرلەمانتارانی سەربەخۆ پەیوەندی بە كاتەوە هەیە، چوارچێوەی هەماهەنگیی كاتی بۆ سەربەخۆكان دیاری نەكردووە، بەڵام سەدر ماوەی (15) رۆژ مۆڵەتی پێداون حكومەت دروست بكەن، سەرباری ئەمە سەدر مەرجی هەیە، پەرلەمانتارانی سەربەخۆ ئەوانەی كە مافی پێكهێنانی حكومەتیان پێدەدرێت بچنەپاڵ هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)، ئەمە بۆ ئەوەیە لە قۆناغی یەكەمدا پێكەوە بتوانن كاندیدی سەرۆك كۆمار تێپەڕێنن، لەم حاڵەتەشدا لە ئەگەری سەركەوتنی سیناریۆكەدا كاندیدی پارتی پۆستی سەرۆك كۆمار وەردەگرێت.  فەرهاد عەلادین سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژكاریی عێراق لە تویتێكدا بەمشێوەیە پێناسەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق دەكات:  سەربەخۆكان چەند جۆرێكن:  •    سەربەخۆی راستەقینە: ئەمانە ژمارەیان كەمتر لە 7 پەرلەمانتارە •    سەربەخۆی سەربە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە: ئەمانە ژمارەیان (10) پەرلەمانتارە •    سەربەخۆكانی سەربە هاوپەیمانی "رزگاركردنی نیشتمان" بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر: ئەمانە ژمارەیان لەنێوان (7 بۆ 10) پەرلەمانتاردایە  •    سەربەخۆی حزبیش هەیە كە مەیل‌و پارەیان لەلایەن حزب یاخود كەسێكەوە بۆ دابین دەكرێت: ئەمانەش ژمارەیان لەنێوان 24 بۆ 30 پەرلەمانتارە بەهۆی ئەم دابەشبونەی كە لەناو پەرلەمانتارانی سەربەخۆدا هەیە، فەرهاد عەلادین پێشبینی دەكات سەربەخۆكان نەتوانن حكومەت دروست بكەن‌و بنبەستی سیاسی لە عێراق هەر بەردەوام بێت. زۆرینەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، سەربە پێكهاتەی شیعەن، دیارترین هاوپەیمانێتی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، هاوپەیمانی "لەپێناو  خەڵك"ە كە خاوەنی (18) كورسی پەرلەمانە‌و هاوپەیمانێتی نێوان جوڵانەوەی نەوەی نوێ (9  كورسی)‌و بزوتنەوەی (ئیمتیداد)ە كە ئەویش بەهەمان شێوە (9) كورسی هەیە، ئەم هاوپەیمانێتییە تائێستا بڕیاری خۆی یەكلانەكردوەتەوە لەبارەی ئەوەی بەشداری پێكهێنانی حكومەت دەكات یاخود نا؟ لەپاڵ سەدر رادەوەسێتێ یاخود چوارچێوەی هەماهەنگیی ؟ دەنگ بە كاندیدی پارتی بۆ سەرۆك كۆمار دەدات یاخود كاندیدی یەكێتیی ؟ چارەنوسی حكومەتی سەربەخۆكان  سەرباری ئەوەی پێدانی مافی پێكهێنانی حكومەت بە سەربەخۆكان لەلایەن هەردوو بەرە ناكۆكەكەوە تەنیا وەكو تاكتیكێكی سیاسی تەماشا دەكرێت، بەڵام ئەگەر گریمانە بكرێت دواجار هەردوو بەرەكە لەسەر ئەوە رێكبكەون سەربەخۆكان حكومەت دروست بكەن، حكومەتی سەربەخۆكان حكومەتێك دەبێت هاوشێوە لاخود لاوازتر لەو حكومەتەی كە ئێستا هەیە‌و مستەفا كازمی سەرۆكایەتی دەكات.  كازمی كاندیدی یەكلاكردنەوەی ناكۆكی ناو  ماڵی شیعەكان بوو لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی (عادل عەبدولمەهدی)، لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا روبەڕووی چەندین هێرشی گروپە چەكدارە شیعەكان بووەوە، نەیتوانی بەڵێنەكانی بۆ دەستگیركردنی بكوژی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكات، حكومەتی سەربەخۆكان كە حكومەتی بەلاداخستنی ناكۆكی ناو ماڵی شیعە بێت، روبەڕووی هەمان چارەنوس دەبێتەوە. 


 درەو: راپۆرتی: سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی - رانانی ئاییندەیی ژمارە (10)   هه‌ر له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی ڕوخاندنی ڕژێمی دیكتاتۆریی سه‌ددام، له‌ لایه‌ن هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانەوە و پاشان دانانی حاكمی مه‌ده‌نی (پۆل برێمه‌ر) و حوكمكردنی عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ بۆ ماوه‌ی یه‌كساڵ، لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە، ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ دامه‌زراندن و بنه‌ما دامه‌زراوه‌یی و حوكمڕانییه‌كانیدا، كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ری نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییەوە، به‌ڵام له‌وكاته‌وە ‌تا ئه‌مڕۆ ئێران و ئه‌مریكا دوو یاریكه‌ری سه‌ره‌كی نێو گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراق بوون، بۆ ئێستاش، سه‌رباری گۆڕانكاری له‌ ڕۆڵی هه‌ردووكیان و ده‌ركه‌وتنی یاریكه‌ری ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی دیکە، هێشتا هاوكێشه‌ی هەرێمایەتی و نێوده‌وڵه‌تی ( ئه‌مریكا وئێران) له‌ پێكهێنانی  حكومه‌تی به‌غداددا گرنگی خۆی له‌ده‌ست نه‌داوه‌. یه‌كه‌م:ئه‌مریكا   هه‌رچه‌نده‌ پاش كشانه‌وه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مریكا (ساڵی ٢٠٠٩)، ئه‌م وڵاته‌ ڕۆڵی سیاسی له‌ عێراقدا پاشه‌كشه‌ی كردووە، به‌ڵام شه‌ڕی داعش له‌ سوریا و عێراق جارێكی تر ئه‌مریكای هێنایه‌وه‌ نێوچه‌كه‌. له‌ سه‌رده‌می  سه‌رۆكایەتیی ترامپدا(٢٠١٧-٢٠٢١) ئه‌مریكییه‌كان پاڵپشتی حكومه‌ته‌كانی عادل عه‌بدو‌لمه‌هدی و كازمییان كرد و به‌ ئاشكرا گوشاری توندیان خسته‌ سه‌ر ئێران.  پاش كوشتنی قاسمی سلێمانی، ئاراسته‌یه‌كی به‌هێز لای ئه‌مریكیه‌كان له‌ عێراقدا په‌یدا بوو كه‌ هه‌وڵی دو‌رخستنه‌وه‌ی هێزو لایه‌نه‌كانی نزیك ئێران له‌ ده‌سه‌ڵاتی عێراق بدرێت. به‌م شێوه‌یه‌ پاڵپشتی خۆی بۆ داواكاری تشرینیه‌كان و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌ربڕی كه‌ تیایدا حكومه‌تێكی(دور له‌ تاران) هه‌ڵبژێردرێت.     پێده‌چێت له‌سه‌ره‌تادا گه‌شبینیه‌كی ئه‌مریكی بۆ په‌لەكردن له‌ پەكهێنانی حكومه‌ت پاش هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٢١ له‌ ئارادا بووبێت، به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر زوو پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی كرد و پشتگیری ده‌ركه‌وتنی به‌ره‌یه‌كی "شیعی- سوننی- كورد"یان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت دەربڕی، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی هه‌ردوو لایه‌نی سه‌ره‌كی كوردستانی(یه‌كێتی و پارتی) كه‌وتنه‌ نێو ململانێی توندەوە، به‌هۆی داواكاریی چاوه‌ڕێنه‌كراوی پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار و هه‌روه‌ها به‌هۆی سه‌نگه‌رگرتنی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ شیعییه‌كانی تر دژ به‌ سه‌در و سه‌ركه‌وتنیان له‌ په‌كخستنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران، له‌ ئێستادا ئه‌مریكییه‌كان و رۆژئاوا به‌ گشتی لە هه‌مان هه‌ڵوێستی سه‌ره‌تایان خاوبوونەتەوە‌.  له‌لایه‌كی دیکە‌وه‌ گفتوگۆ ئه‌تۆمییه‌كانی ڤییه‌نای نێوان ئه‌مریكا و ئێران و شه‌ڕی ئۆكرانیا-روسیا كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا له‌ عێراق جێهێشتوه‌. هەنووکە به‌هۆی سه‌ر‌قاڵییان به‌ شه‌ڕی ئۆكرانیا وسه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ئه‌منی له‌ ئه‌وروپا، واشنتۆن و برۆكسل كه‌متر له‌جاران ئاماده‌ییان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وەی ڕاستەوخۆی‌ دژ به‌ ئێران له‌ نێوچه‌كه ‌و عێراقدا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ده‌كرێت ببێته‌ هۆكارێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پاڵپشتی ئه‌مریكا بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق دور له‌ كاریگه‌ری ئێران و لایەنگرەکانی له‌ عێراقدا. دووه‌م: ئێران  هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٢١ی عێراق، له‌سه‌ره‌تادا وا لێكده‌درایەو كه‌ شكستێكی گه‌وره‌ی به‌ره‌ی دۆسته‌كانی ئێرانه‌‌، به‌ڵام دوای زیاتر له‌ شه‌ش مانگ له‌ هه‌ڵبژاردن له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار هێشتا به‌ره‌ی(دژ به‌ ئێران) دورن له‌ به‌ده‌سهێنانی به‌رهه‌مه‌كانی هه‌ڵبژاردن.  ئێرانییه‌كان به‌هۆی هاوكارییكردنی عێراق دژ به‌ شه‌ڕی داعش و دامه‌زراندنی میلیشیاكانی (حه‌شدی شه‌عبی) توانیان ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان له‌ عێراق په‌ره‌پێبده‌ن، هه‌رچه‌نده‌ له‌دوای ٢٠٠٣وه‌ و به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی ئه‌وسای شیعه‌، په‌یوه‌ندی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌بووه‌، به‌ڵام جیاوازیی نێوان مەرجەعەکان و ململانێی سیاسی  نێوان ماڵی شیعه‌ به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌ شیعه‌كانی عێراقیان هاندا بۆ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی ئیقلیمی تر. له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠٢١ یش ئه‌م ڕه‌وته‌ به‌ ڕونی ده‌ركه‌وت.    پێده‌چێ سه‌رباری گوشاره‌كانی ئه‌مریكا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێران له‌ عێراق به‌ تایبه‌ت باش كوشتنی قاسم سلێمانی، به‌ڵام هێشتا ئه‌سته‌مه‌ هیچ حكومه‌تێك بێ ره‌زامه‌ندی ئێران و دۆسته‌كانی له‌ عێراق پێكبهێنرێت، هێشتا به‌شێكی به‌رچاوی شیعه‌ی عێراق ئه‌و وڵاته‌ به‌ نزیك و ته‌نانه‌ت به‌ مه‌رجه‌عی ئایینی و سیاسی ده‌بینن، بۆیه به‌ پاڵپشتی تاران به‌ره‌یه‌كی چالاكی سیاسییان (چوارچێوه‌ی هه‌مانگی) دروستكردوه‌، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌رده‌وامی شه‌ڕی ئۆكرانیا و ڕوسیا  كاریگه‌ریی  هه‌بووه‌ له‌ به‌هێزكردنه‌وه‌ی هه‌ژمونی ئێران له‌ سوریا و عێراق، به‌تایبه‌ت پێویستیی بازاڕی نه‌وت و گازی جیهانی به‌ تواناكانی ئێران پاش ئه‌وه‌ی وڵاتانی كه‌نداو دژی داواكاری ئه‌مریكا بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌وی كه‌می نه‌وت و گازی روسیا وه‌ستان. به‌م شێوه‌یه‌، هه‌وڵی ڕۆژئاوا بۆ دورخستنه‌وه‌ی ڕوسیا له‌ بازاڕه‌كانی وزه‌، پێگه‌ی ئێرانی له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی و وزه‌ی هه‌رێمی و جیهانی به‌هێزكرده‌وه‌. به‌كورتی دور نیه‌ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ به‌غدا بۆ كاتێك دوا بكه‌وێت كه‌ هه‌ردوو لایه‌نی سه‌ره‌كی(ئێران و ئه‌مریكا)  له‌ گۆشه‌نیگای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی پاش جه‌نگی ئۆكرانیا به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی نوێیان له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ بۆ دروست ‌بێت، یاخود لانیکەم یەکلاببنەوە لە ڕێککەوتن یان ڕێککنەکەوتن. سێییه‌م: توركیا  هه‌رچه‌نده‌ توركیا پێشتر ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا نه‌بوه ‌و ته‌نها له‌رێی قه‌ته‌ر و به‌شێك له‌ سوننه‌كان و كورده‌كان كاریگه‌ریی سنورداری هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی نزیكبونه‌وه‌ی ئه‌م دواییه‌ی نێوان توركیا و ئیمارات و زۆر له‌ وڵاتانی كه‌نداو كاریگه‌ریی توركیا له‌سه‌ر دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی جیاوازی شیعی- سونی- كورد په‌ره‌ی سه‌ندوه‌.  ڕاستی كاریگه‌ری توركیا له‌ هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق له‌ دوو وێستگه‌ی سه‌ره‌كی ده‌ركه‌وت: یه‌كه‌میان كاتێك توانی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ دوو سه‌ركرده‌ی دیاری سوننه‌ (حه‌لبوسی و خه‌نجه‌ر) كۆبكاته‌وه ‌و رێكیان بخات به‌ وه‌رگرتنی سه‌رۆك په‌رله‌مان بۆ حه‌لبوسی و به‌رامبه‌ر پۆستی جێگری سه‌رۆك كۆمار یان جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ خه‌نجه‌ر. وێستگه‌ی دووه‌میش نزیككردنه‌وه‌ی سێ لایه‌نی سه‌ره‌كی(سه‌در، سوننه‌، پارتی) به‌ هاوكاری ئیمارات له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك هاوپەیمانێتی و هه‌وڵدان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و دورخستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی تر.  هه‌رچه‌نده‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ی كه‌ توركیا به‌ هاوكاری ئیمارات پشتگیری كرد وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئێستا له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ نەیتووانیووە هەنگاوی ڕیشەیی بۆ ئامانجەکەی بەرێتە پێشەوە‌. به‌شێكی زۆری شیعه‌كان، به‌وانه‌ی كه‌ نزیكی توركیاشن، نیگه‌رانن له‌ ڕۆڵی توركیا له‌ فایلی نه‌وت و گازی كوردستاندا، سه‌باره‌ت به‌ سوننه‌كانیش دۆستی هه‌ره‌ نزیكی توركیا كه‌ ئوسامه‌ نوجێفی بوو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ شكستی هێنا و خه‌میس خه‌نجه‌ریش ته‌نها خاوه‌نی ١٣ كورسی په‌رله‌مانییه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ قورسایی سه‌ره‌كی سوننه‌كان لای حه‌لبوسی(٣٤ كورسییە) كۆبۆته‌وه‌ كه‌ دۆستی نزیكی ئیماراته‌، به‌مه‌ قورسایی توركیا له‌نێو سوننه‌كاندا به‌نده‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیماراتدا. چواره‌م:ئیمارات ئه‌م میرنشینه‌  به‌هۆی پشتگیری له‌ سوننه‌كانی عێراق، به‌ تایبه‌ت حه‌لبوسی، له‌لایه‌ك و دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ و هه‌ندێ لایه‌نی شیعی و كورد له‌لایه‌كی ترەوە، ئێستا ڕۆڵێكی زیاتری له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی عێراق ده‌گێڕێت.   ئیمارات دوای كرانه‌وەی‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و توركیادا، سیاسه‌تێكی جیاواز له‌ نێوچه‌كه‌ په‌یڕه‌و ده‌كات، ئه‌م سیاسه‌ته‌ ته‌نانه‌ت له هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر‌ شه‌ڕی ڕوسیا و ئۆكرانیاشدا ده‌ركه‌وت، کاتێک‌ نه‌چووه‌ پاڵ ئه‌مریكا و بێلایه‌نی خۆی ڕاگه‌یاند. پێده‌چێت له‌ دروستكردنی به‌ره‌ی(سه‌در، حه‌لبوسی، پارتی)دا رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوبێت، ئه‌ویش به‌ بانگێهشتكردنی سه‌ر‌جه‌میان بۆ ئیمارات، ئێستا به‌ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران لەلایەن حه‌لبوسییەوە كه‌ دۆستێكی نزیكی ئیماراته،‌ سه‌ركه‌وتنی دیاری له‌عێراقدا تۆماركردوه‌.   به‌ڵام به‌مانه‌وه‌ی كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نێوان ئێران و ئیمارات و نزیككه‌وتنه‌وی ئه‌مریكا - ئێران له‌سه‌ر فایلی ئه‌تۆمی و هی تر، ره‌نگه‌ رۆڵی ئیمارات له‌ دیاریكردنی چاره‌نوسی حكومڕانی له‌ عێراق روو له‌ پاشه‌كشه‌ بكات. ده‌ره‌نجامەكان ١- ده‌ره‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٢٢، وا ده‌ركه‌وت كه‌ به‌ره‌یه‌كی نوێ به‌ سه‌ركردایه‌تی  سه‌در-حه‌لبو‌سی- پارتی  زۆرینه‌یه‌ك پێك دێنێت كه‌ له‌توانایدا بێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی عێراق به‌ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌وه‌ بگرنه‌ده‌ست، به‌ڵام پاش تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌ شه‌ش مانگی هه‌ڵبژاردن، هێشتا جگه‌ له‌ دانانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، شكستیان هێناوە له‌ ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و پێکهێنانی حکومەتدا. ٢- له‌دوای ٢٠٠٤ وه،‌ هه‌مو حكومه‌تێك‌ له‌ عێراق به‌ سازانی نێوخۆیی كورد-شیعه‌-سوننه‌ پێكهاتووه‌، به‌رده‌وامیش كورد و شیعه‌ له‌ نێوخۆیاندا یه‌ك ده‌نگ بوون، به‌ڵام له‌ ئێستادا ڕە‌وتی سه‌در بانگه‌شە بۆ حكومه‌تی زۆرینه‌  نه‌ك سازان دەکات، ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ توانی حه‌لبوسی و پارتی بهێنێته‌ به‌ره‌ی خۆیه‌وه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌ په‌راوێزخستی هێزه‌ كوردستانی و شیعی و سوننیه‌كانی دی. ٣- سه‌باری ئه‌وه‌ی شه‌قامی سیاسی شیعه‌ دیارده‌ی نوێی وه‌ك تشرینییه‌كانی به‌خۆوه‌ بینی و هاتنه‌ نێو په‌رله‌مانه‌وه‌، به‌ڵام نه‌تواندرا پارسه‌نگی هێزه‌ كلاسیكییه‌  ئاینیه‌كان لاسه‌نگ بكه‌ن، ئێستا داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ره‌كان كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بوو، له‌ ئه‌جێندای سیاسی پێكهێنانی حكومه‌تدا نین‌. ٤- به‌هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی "حكومه‌تی زۆرینه‌"  له‌لایه‌ن به‌ره‌ی سه‌در و حه‌لبوسی و پارتی-یەوە، هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتنی ململانێی ئاشكرای نێوان دوو هێزی سه‌ره‌كی كورد(یه‌كێتی و پارتی) له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار كه‌ پێشتر لای یه‌كێتی‌ بوه‌، نێوماڵی كورد، وه‌ك هی سوننه‌و شیعه‌، دووبه‌ره‌كی توندی تێكه‌وتووه‌، به‌شێوه‌ك كه‌ كاریگه‌ری نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر پێگه ‌و ده‌سه‌ڵاتی كورد له‌ به‌غداد هه‌یه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌رێمی كوردستانیش تەشەنەی کردووە‌. ٥- له‌ سه‌ره‌تادا به‌هۆكاری هەرێمی و نێوخۆیی سوننه‌كان به‌ یه‌كده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی ده‌ركه‌وتن و تووانییان پشكی خۆیان(سه‌رۆك په‌رله‌مان) له‌دوای هه‌ڵبژاردن مسۆگه‌ر بكه‌ن. به‌ڵام له‌ ئێستادا به‌ره‌ی سوننه‌ش درزی تێكه‌وت و بەشێکی ڕە‌وتی (عه‌زم)ی سوننی جیابوونه‌وه ‌و چوونه‌ پاڵ به‌ره‌ی دژەوە. به‌م شێوه‌یه‌ ڕوون نیه‌ له‌ ئاینده‌دا له‌ شێوه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت و پۆسته‌ باڵاكانی تری سوننه‌كان به‌ چ شێوه‌یه‌ك دابه‌شده‌كرێت. ٦-ململانێی شیعه‌- شیعه‌ له‌ ئێستادا ناونیشانی سه‌ره‌كیی كێشه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراقه‌، هه‌وڵی سه‌دڕ بۆ دورخستنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی وه‌ك مالكی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی كه‌ دووه‌مین هێزی شیعه‌ی پاش سه‌درە،‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی په‌كخستووه‌ و ته‌وقیتاته‌ ده‌ستورییه‌كانی تێپه‌ڕاندوه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو لایه‌نه‌ نه‌توانن له‌سه‌ر خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كان پێك بێن، ڕە‌نگه‌ په‌كخستن و پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت له‌ عێراقدا درێژە‌ بكێشێت ودواجار بیر له‌ بژارده‌ی تر وه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان یان گوشارخستنه‌ سه‌ر دادگای فیدڕاڵی بۆ ده‌ستێوه‌ردان یان ده‌سپێكردنی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری ملیۆنی بكرێته‌وه‌، كه‌ بێگومان ئه‌مه‌ عێراق ده‌باته‌ نێو تونێلێك له‌ نائارامی مه‌ترسیدار. چونكه‌ تائێستا كلتوری ئوپۆزسیۆن بوون له‌ عێراقدا زۆر لاوازه‌و زۆربه‌ی ململانێ سیاسییه‌كان شێوازی سفری(هەموو شت یان هیچ)یان هه‌یه‌. بەڵام دیوێکی دیکەی ململانێى پێکهاتەى شیعە، ئەوەیە ڕەنگە بە هۆکارى دەرەکى بوبێت یان رێکەوتنى نێوخۆیى هەرچەندە کێشەکانیش گەورە بن، وەک لە ئەزموونەکانی رابردوودا بینراوە، لە دواجاردا بەرژەوەندى گشتى پێکهاتەکە زاڵبووە و گرێکوێرەى سیاسىیان کراوەتەوە، بەڵام لەئێستادا بەهۆى نەبوونى ئەم فاکتەرانە قورسە لە ئایندەى نزیکدا باس لە ڕێکەوتن بکرێت، چونکە: (لە دواى پرۆسەى ئازادیى عێراق، مەرجەعى باڵا لەسەر ڕوداوەکان بەردەوام هەڵوێستى هەبووە، ئێستا نەبوونى قسەى فەرمى مەرجەعى باڵا واى کردووە بۆشایى گەورە دروست بێت. فاکتەرى وادە دەستورییەکان(التوقیتات الدستوریە) پاڵنەرى سەرەکى بووە لەوەى هێزەکان پەلە بکەن لە پێکهێنانى حکومەت و بەردەوامى بدەن بە پرۆسەى سیاسى. شەقامى سیاسى زۆر کاریگەر تر بوو لە ئێستا، خۆپیشاندانى تشرینی و دەرئەنجامەکانى، تا ڕادەیەکى زۆر بێمتمانەیى و بێهیوایى دروستکردوە، بە تایبەت كە دەرئەنجامەکانى لە ئاست چاوەڕوانى خۆپیشاندەراندا نەبوو. چەک قسەى یەکلاکەرەوە دەکات، بۆیە هیچ هێزێک لەو هێزانە ناتوانن دەستبەردارى دەسەڵات بن). ٧- دور نیه‌ ئێرانییه‌كان (وه‌ك پێشتر) بتوانن رۆڵێك له‌ نزیككردنه‌وه‌ و یه‌كخستنی ماڵی شیعه‌ بگێڕن كه‌ ده‌بێته‌ هۆی زووتر پێكهێنانی حكومه‌ت، به‌ڵام ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ به‌نده‌ به‌ چه‌ندین هۆكاری تری وه‌ك كه‌متربوونه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان تاران و واشنتن و هه‌وڵدانی هه‌ردولا بۆ قایلكردنی دۆسته‌كانیان و نزیكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو سه‌ركرده‌ی نه‌یاری شیعه‌ (سه‌در و مالكی)، به‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی ته‌وافوقی كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ كاریگه‌ره‌كان نوێنه‌رایه‌تیان تێیدا هه‌بێت.     ڕانانى ئایندەیى ژمارە (١٠) ى ساڵى٢٠٢٢


(درەو): پشووی رەمەزان كۆتایی هات، جموجوڵی سیاسی لە عێراق دەستیپێكردەوە، بنبەستی سیاسی عێراق كە ماوەی نزیكەی شەش مانگە بەردەوامە لەبەردەم شەپۆلێك دەستپێشخەریی نوێدایە، چوارچێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەریی خۆی راگەیاند، سەدرو بارزانیش بەنیازی دەستپێشخەرین.  سەدر قسەی دەبێت  سوهەیلە عەجرەش ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە كوتلەی سەدری رایگەیاند، كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمانتارانی كوتلەی سەدر لەگەڵ رێبەری رەوتەكەیان بابەتی چارەسەری بنبەستی سیاسی لەخۆگرتبوو.  بەپێی قسەی ئەم پەرلەمانتارە، قۆناغی داهاتوو دەستپێشخەرییەكی نیشتمانی بۆ چارەسەری بنبەستی سیاسی لەخۆدەگرێت‌و دەستپێشخەرییە دوای تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە رادەگەیەندرێت كە  سەدر بە كوتلە سیاسییەكانی تری داوە بۆ پێكهێنانی حكومەت.  بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا موقتەدا سەدر بەیاننامەیەك لەبارەی پرۆسەی سیاسییەوە بڵاوبكاتەوە.  رۆژی چوارشەممەی داهاتوو ئەو مۆڵەتە كۆتایی دێت كە سەدر بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی داوە، دوێنێ شەو لایەنەكانی چوارچێوە دەستپێشخەری خۆیان بۆ پێكهێنانی حكومەت راگەیاند.  جموجوڵی سیاسی دەستپێدەكاتەوە دوای مانگێك بێدەنگی بەهۆی رەمەزانەوە، سەرلەنوێ جموجوڵی سیاسی لە عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەت دەستیپێكردەوە، حكومەتێك كە نزیكەی شەش مانگە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، نەتوانراوە دروست بكرێت.  هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق (شیعە، سوننە، كورد) دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدرو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كە هاوپەیمانێتی لەگەڵ (حەلبوسی‌و بارزانی)دا كردووە‌و ئەم بەرەیە ناوی لێنراوە "هاوپەیمانی سێقۆڵی"، بەرەكەی تر كە لە (مالیكی، عامری، خەزعەلی، فالح فەیاز، عەبادی‌و حەكیم پێكدێت‌و ناوی لەخۆی ناوە "چوارچێوەی هەماهەنگیی" نزیكایەتی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و هاوپەیمانی (عەزم)ی سوننەكاندا هەیە، ئەم بەرەیە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت.  ئەم دابەشبوونە رێگری كرد لەوەی لەوادەی دەستوریدا‌و دوای هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆك كۆمارو دواجاریش سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق هەڵبژێردرێت‌و نیسابی دانیشتی پەرلەمان پەكی كەوت.  سەدر وەكو سەرۆكی لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، بەر لە مانگی رەمەزاندا كشانەوەی خۆی لە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەت راگەیاند، دەرفەتی دایە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هەوڵی پێكهێنانی حكومەت بدەن، حكومەتێك كە سەدر خۆی بەشداری تێدا ناكات.  هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی تەوابونی وادەی مۆڵەتەكەی سەدر، دوێنێ شەو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەستپێشخەریی خۆیان بۆ چارەسەری بنبەستی سیاسی راگەیاند.  دەستپێشخەرییەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە پۆستی سەرۆك وەزیران پشكی پێكهاتەی شیعە، شیعەش گەورەترین پێكهاتەی كۆمەڵگای عێراقە، بەڵام داوا دەكات پەرلەمانتارانی سەربەخۆی پێكهاتەی شیعە كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری بكەن‌و كوتلەی گەورەی شیعەكان كاندیدەكە پەسەند بكەن.  چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ جێبەجێبوونی ئەم دەستپێشخەرییە مەرجی ئەوەی داناوە، ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ بكرێن:  •    یاسای هەڵبژاردن بەشێوەی فرەبازنەیی هەموار بكرێتەوە، بۆ ئەمەش پشتی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بەستووە كە داوای هەمواركردنەوەی یاساكە دەكات.  •    كۆمسیۆنی هەڵبژاردن گۆڕانكاری تێدا بكرێت.  •    گرێبەست‌و قەرز‌و دامەزراندنەكان لەسەردەمی حكومەتی كاربەڕێكەری مستەفا كازمیدا هەڵبوەشێندرێنەوە.  ئەوەی تێبینی دەكرێت دەستپێشخەرییەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی راكێشانی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ دەدات، بەتایبەتیش كە لەماوەی رابردوودا رۆڵی ئەم پەرلەمانتارانە كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی (45) پەرلەمانتار، لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا رۆڵێكی یەكلاكەرەوە بوو.  چوارچێوەی هەماهەنگی بەم دەستپێشخەرییە جارێكی تر جەختی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی "تەوافوقی" كردوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن هێشتا سورە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی "زۆرینەی نیشتمانی".  بارزانیش ده‌ستپێشخه‌ریی ده‌بێت دەنگۆ هەبوو سەدر لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەمانگی رەمەزاندا لەسەر چارەسەر بنبەستی سیاسی لە عێراق چوبێتە ناو گفتوگۆوە لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، بەڵام سەدرییەكان هەرزوو رەتیانكردەوە هیچ گفتوگۆیەكیان كردبێت.   ئێستا كە چوارچێوەی هەماهەنگیی دەستپێشخەریی خۆی راگەیاندووە، بڕیارە سەدریش لە رۆژانی داهاتوودا دەستپێشخەرییەك رابگەیەنێت، ئەمە لەكاتێكدایە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەهەمان شێوە نیازی راگەیاندنی دەستپێشخەریی هەیە بۆ لێكنزیككردنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و رەوتی سەدر.  له‌م نێوه‌نده‌دا هێشتا هیچ ئاسۆیه‌ك بۆ پیكهێنانی حكومه‌ت و كۆتایهێنان به‌ بنبه‌ستی سیاسی له‌ عێراق به‌دی ناكرێت، به‌مدواییه‌ نوری مالیكی سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاند"مانگی حوزه‌یران مانگێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت بۆ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق"، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر پیكهێنانی حكومه‌ت نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن بژارده‌ی به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردن بكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش عێراق ده‌خاته‌ ناو كێشمه‌كێشێكی گه‌وره‌تره‌وه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ له‌لایه‌نه‌كان له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ناكۆكن و شه‌قامی ناڕازیش پێشوازی له‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی تر ناكات. بارزانی له‌كاتێكدا ده‌یه‌وێت ده‌ستپێشخه‌ریی بۆ ده‌ربازكردنی عێراق له‌ بنبه‌ستی سیاسی رابگه‌یه‌نیت، پارتی‌و یەكێتی هێشتا لەناو خۆیاندا لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار ناكۆكن‌و هیچ دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەریی ئەم ناكۆكییە لەئارادا نییە. لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی  لە دەستپێشخەرییەكەی خۆیاندا داوا دەكەن پارتی‌و یەكێتی لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رێكبكەون.   


(درەو):  لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دوای تێپەڕبوونی مانگێك بەسەر مۆڵەتەكەی موقتەدا سەدردا، دەستپێشخەریی خۆیان بۆ كۆتایهێنان بە بنبەستی سیاسی عێراق راگەیاند، داوای هەڵبژاردنی سەرۆك  وەزیرانێكی سەربەخۆو بێلایەن دەكەن، بۆ چارەسەری كێشەی كورد پێشنیازی دەركردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی دەكەن. دەقی دەستپێشخەرییەكە:  1-    بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی دەستوریی‌و بۆ پاراستنی‌و بۆ پاراستنی رەوتی پرۆسەی دیموكراسی، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن‌و لەبارەی چارەسەرەكانەوە گفتوگۆ بكەن، بەبێ هیچ مەرج‌و كۆتوبەندێكی پێشوەختە، هەموو لایەنەكان بەرژەوەندی نیشتمان‌و هاوڵاتی لەبەرچاو بگرن.  2-    سەرۆك كۆمار پێگەیەكی مەعنەویی گرنگ‌و بنەڕەتیی هەیە، بەوپێیەی پارێزەری دەستورەو سیمبولی یەكێتیی نیشتمان‌و سەروەرییەكەی‌و پارێزەری یەكێتی‌و سەلامەتی خاكەكەیەتی، پێویستە كەسی سەرۆك  كۆمار خاوەن توانا‌و راستگۆ‌و ئاكارو رەوشتی باش بێت، دەبێت حزبە كوردستانییەكان هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ لێكتێگەیشتن‌و رێككەوتن لەسەر كاندیدێك كە ئەم تایبەتمەندییانەی تێدا بێت، لەچوارچێوەی كارپێكراودا.  3-    لەبەر بایەخی پۆستی سەرۆك وەزیران، هاوتا لەگەڵ دەستور‌و بە لەبەرچاوگرتنی مافی زۆرینە، دەبێت پارێزگاریی لەمافی پێكهاتەی گەورەی كۆمەڵگە بكرێت، ئەمەش لەڕێگەی كوتلەی پێكهاتەی گەورە كە هاوپەیمانێتی دەكات بۆ پێكهێنانی كوتلەی زۆرینە، پاشان رێككەوتن لەسەر كاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، هێزە بەشدارەكان لە حكومەتدا بەرپرسیارێتی شكست‌و سەركەوتن‌و لێپرسینەوەی لەئەستۆدەگرن، هەروەك بەڵێن دەدەن پاڵپشتی تەواوەتی لێ بكەن بەگوێرەی ئەو بەرنامە حكومییەی كە بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئەمەش لە كۆنگرەیەكی گشتیدا رادەگەیەنن، بەمەرجێك كاندیدی ئەم پۆستە كەسێكی بەتوانا‌و پاك‌و خاوەن ئەزمونی سیاسی‌و ئابوری‌و تایبەتمەندییە داواكراوەكانی تری ئەم پۆستە بێت،  ئەمە وا  لە كوتلەی زۆرینە دەكات هەڵیبژێرێت‌و بڕوا بە بەرنامە سیاسییەكەی بكات‌و بەر لە نیشاندانی رەزامەندی لەسەری، هەڵسەنگاندن بۆ توانا‌و لێهاتوویی بكات.  4-    لە باوەربونیەوە بە پێویستیی بەردەوامی پرۆسەی دیموكراتی‌و بۆ خۆبەدورگرتن لە بنبەستی سیاسیی، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیاز دەدەنە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ كاندیدێك پێشەكەش بكەن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لەم قۆناغە هەستیارەی تەمەنی عێراقدا، كاندیدێك كە تایبەتمەندی لێهاتوویی‌و پاكی تێدا بێت‌و  قبوڵكراو و بێلایەن بێت‌و هەموو پێداویستییە داواكراوەكانی تێدا بێت، بۆ ئەوەی لەلایەن هەموو كوتلەكانی نوێنەری پێكهاتەی گەورەو ئەوانەوە كە كوتلەی زۆرینە پێكدەهێنن، پاڵپشتی بكرێت، ئەمە بەگوێرەی لێكدانەوەی دادگای فیدراڵی بۆ ماددەی (76)ی دەستور.  5-    لەڕێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە بابەتی سێ سەرۆكایەتییەكە لەڕێگەی لێكتێگەیشتنی رۆڵەكانی هەر پێكهاتەیەك لەنێوان خۆیاندا یەكلادەكرێتەوە، هەموان مامەڵە لەگەڵ چەمكی زۆرینەی ئارەزومەندانەدا دەكەن لە بەشداریكردن یان ئۆپۆزسیۆنی ئارەزومەندانە بۆ چاودێریكردن، بۆ ئەوەی هەموو سەرۆكایەتییەكان بەیەك ئاڕاستەدا بڕۆن كە زۆرینەی ئارەزومەندانەیە‌و دڵنیایی بە هەموان دەدات رەتكردنەوەی هەر كاندیدێك لە  پێكهاتەكانی تر بەواتای بەریەككەوتن نییە لەگەڵ ئەو پێكهاتەیەدا، بەڵكو كردنەوەی دەرفەتە لەبەردەم ئەو پێكهاتەیەدا بۆ پێشكەشكردنی بژاردەیەكی تر، بەمە سێ سەرۆكایەتییەكە دەبن بە نوێنەری هەموان‌و پاڵپشتی‌و رێزی هەموان بەدەستدەهێنن.  6-    دوركەوتنەوە لە سیاسەتی شكاندنی ئیرادە‌و نیشاندانی نەرمی‌و سازشكردن بۆ یەكتر، ئەمە لەپێناو گەیشتن بە هاوبەشە نیشتمانی‌و سیاسییەكان، بەلەبەرچاوگرتنی قورسایی هەڵبژاردن.  7-    زۆرینەی دەسەڵاتدار بەڵێن دەدات چەتری ئارام بۆ ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیی فەراهەم بكات‌و رۆڵی لە چاودێریكردنی ئەدای حكومەت‌و لێپرسینەوەیدا بەهێز بكات، ئەگەر سەلمێندرا كەمتەرخەمی كردووە، ئەمەش لەڕێگای پێدانی سەرۆكایەتی لیژنە كاراكانی پەرلەمان‌و دەستەكانی چاودێریكردن بە ئۆپۆزسیۆن‌و كەسایەتییە سەربەخۆكان، ئەوانەی كە  بەشدارییان لە پێكهێنانی حكومەتدا نەكردووە، هەروەك  پێویستە ئۆپۆزسیۆن بەڵێن بدات دانیشتنەكانی پەرلەمان پەكناخات‌و بەشداری كارای دەبێت تێیاندا‌و دەرفەت لەبەردەم زۆرینەی دەسەڵاتداردا دەكاتەوە شایستە دەستورییەكانی پڕ بكاتەوە.  8-    چوارچێوەی هەماهەنگی‌و هێزە هاوپەیمانەكانی لیژنەیەكی دانوستانكار پێكدەهێنێت بۆ دەسپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، لەپێناو جێبەجێكردنی ئەم دەستپێشخەرییە.  9-    بژاردەی بەشداربوون لە حكومەتی داهاتوو یاخود ئۆپۆزسیۆنبوون وەكو بژاردەیەكی كراوە بۆ هەموو لایەنەكان بەجێدەهێڵدرێت، بەبێ سەپاندنی بەسەر هیچ كەسێكدا.  پابەندبوون:  هەموان بابەند دەبن بە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی كە لەم نوسراوەدا هاتووە كە ئەمانەن:  1-    بەڵێندان بەوەی پێداچوونەوە بە هەموو ئەو گرێبەست‌و قەرز‌و دامەزراندنانەدا دەكرێت، كە حكومەتی كاربەڕێكەری رۆژانە، لە رێكەوتی هەڵوەشتاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران تاوەكو پێكهێنانی حكومەتی نوێ، كردویەتی.  2-    هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان بەگوێرەی بڕیاری دادگای فییدراڵی ژمارەی (159) لە رۆژی 27/12/2021 تایبەت  بە پابەندكردنی ئەنجومەنی نوێنەران بە هەمواركردنی یاساكە، هەروەها بەڵێندان بە گۆڕینی كارمەندانی كۆمسیۆن‌و سەرلەنوێ دروستكردنەوە‌و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی كۆمسیاران لەو كەسانەی كە بەوە ناسراون شارەزاییان هەیە، لێپێچینەوە لەوانەی كە لەچوارچێوەی یاساكەدا كەمتەرخەمییان لەسەر دەسەلمێندرێت.  3-    پارێزگاریكردن لەمافی كەمینەكان‌و پاراستنیان‌و پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییەكانیان لەرێگای دەرفەتی یەكسان‌و ئازادی بیروباوەڕو هەموو ئەو بابەتانەی تر كە لە دەستوردا هاتوون.  4-    رێكخستنی پەیوەندی نێوان حكومەتی فیدراڵی بەغدادو حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجۆرێك كە بە شەفافیەتێكی زۆرەوە زامنی مافی هەموان بكرێت، دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەگوێرەی دەستور بۆ هەموو پرسەكان، بۆ نمونە دەركردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی‌و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سامانی وڵات‌و پشتیوانیكردنی هێزی پاسەوانی هەرێم‌و پێشمەرگە‌و پابەندكردنیان بە سەركردایەتی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە.  5-    ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان‌و چارەسەركردنی كێشەی ئاوارەكان كە لەئەنجامی تیرۆری داعشەوە دروستبووە، كاركردن لەسەر هەموو ئەو بابەتانەی كە متمانە بە پرۆسەی سیاسی بەهێز دەكەنەوە، ئەمەش لەرێگەی حكومەتێكی چاودێر بەسەر هەمواندا.  6-    دروستكردنی سندوقی پاڵشتی ئەو پارێزگایانەی كە هەژارن، ئەمە بەگوێرەی ئاماژە فەرمییەكانی وەزارەتی پلاندانان، بۆ ئەوەی پارەی پێویستیان بۆ تەرخان بكرێت لەچوارچێوەی بودجەدا بەمەبەستی دابینكردنی خزمەتگوزاری پەروەردە‌و فێركردن‌و تەندروستی‌و نیشتەجێبوون بۆ  پارێزگا هەژارەكان.  7-    هەموو لایەنە سیاسییەكان بەڵێن دەدەن هەوڵەكانی ئاسایكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل رەتبكەنەوە‌و رێگری لێبكەن.  8-    دامەزراوەكانی چاودێریكردن‌و پەرلەمان كارا بكرێن، یاسای گونجاو بۆ روبەڕووبونەوەی گەندەڵی دەربكرێت‌و پارێزگاری لە هیچ كەسێك نەكرێت كە بەگوێرەی یاسا تاوانی لەسەر دەسەلمێندرێت.  9-    پرۆگرامە وزارییەكان‌و بەرنامەی حكومەت بۆ قۆناغی داهاتوو بنوسرێتەوە، سەقفی زەمەنی واقعی بۆ جێبەجێكردنی دیاری بكرێت‌و پێوەرەكانی هەڵبژاردنی تیمی وزاری دیاری بكرێت‌و جەخت لەسەر لایەنی خزمەتگوزاریی بكرێت. 


 (درەو):  وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی نیسانی راگەیاند:  •    داهاتی نەوت لە مانگی ئازاری رابردوودا گەیشتوەتە (10 ملیارو 550ملیۆن‌) دۆلار.  •    تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی نیساندا گەیشتوەتە (101ملیۆن‌و 390هەزارو 662هەزار) بەرمیل‌ رۆژانە (3 ملیۆن و 380 هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. -    تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی نیسانداگەیشتوەتە (104,091) دۆلار.    وەزارەتی نەوتی عێراقی داهات و فرۆشی نەوتی مانگی ئازاری بڵاوكردەوە:  •    داهاتی نەوت لە مانگی ئازاری رابردوودا گەیشتوەتە (10 ملیارو 913 ملیۆن‌و 197 هەزار) دۆلار.  •    تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی ئازاردا گەیشتوەتە (100 ملیۆن‌و 579 هەزارو 612 هەزار) بەرمیل‌و بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر كێلگە نەوتییەكاندا:  -    (99 ملیۆن‌و 130 هەزارو 677) بەرمیل نەوت لە  كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراقەوە هەناردەكراوە. -    (ملیۆنێك‌و 448 هەزارو 935) بەرمیلنەوت لە كەركوكەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا كراوە.  -    تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی ئازاردا گەیشتوەتە (108,503) دۆلار.  -    نەوتە هەناردەكراوەكەی مانگی ئازار لەلایەن (34) كۆمپانیای جیهانییەوە لە بەندەری باشور‌و بەندەری جەیهانەوە باركراوە. 


 (درەو):  وەزارەتی نەوتی عێراق:  •    داهاتی نەوت لە مانگی ئازاری رابردوودا گەیشتوەتە (10 ملیارو 913 ملیۆن‌و 197 هەزار) دۆلار.  •    تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی ئازاردا گەیشتوەتە (100 ملیۆن‌و 579 هەزارو 612 هەزار) بەرمیل‌و بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر كێلگە نەوتییەكاندا:  -    (99 ملیۆن‌و 130 هەزارو 677) بەرمیل نەوت لە  كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراقەوە هەناردەكراوە. -    (ملیۆنێك‌و 448 هەزارو 935) بەرمیلنەوت لە كەركوكەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا كراوە.  -    تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی ئازاردا گەیشتوەتە (108,503) دۆلار.  -    نەوتە هەناردەكراوەكەی مانگی ئازار لەلایەن (34) كۆمپانیای جیهانییەوە لە بەندەری باشور‌و بەندەری جەیهانەوە باركراوە. 


ئاسۆ گەڵاڵی دەریاچەی ئەفسانەیی ساوە، دەریاچەیەكی مێژوویی و داخراو بوو لە بیابانی سەماوەی پارێزگای موسەننا لەباشووری عێراق و دەكەوتە دووریی ٢٣ كیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری سەماوە. ساوە، وشەیەكی ئارامییە و بە مانای (پیر) دێت، پێدەچێ لەبەر ئەوەبووبێت كە تەمەنی ئەم دەریاچە خواڕسكە، 10 هەزار ساڵی تێپەڕاندبوو. ئەوەی لەو دەریاچەیەشدا جێگای سەرسووڕمانبوو، ئەوەبوو، كە ئاوی هیچ رووباڕێك نەدەڕژایە ناوی و هیچ ئاوێكیشی لەبەر نەدەڕۆشت، بەڵكو سەرچاوەی ئاوی دەریاچەكە تەنها لەژێر زەوییەوە بوو، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ڕووباری فورات تەنها 10 كیلۆمەتر لێیەوە دووربووە. درێژیی دەریاچەی ساوە نزیكەی 5 كیلۆمەتر و پانییەكەشی نزیكەی 2 كیلۆمەتر بوو، سەرچاوە مێژووییەكان دەڵێن دەریاچەی ساوە لە پێش زایینەوە هەر هەبووە، دەریاچەكە پێش وشكبوونی نزیكەی 5 مەتر لەسەر رووی دەریاوە بەرز بوو، هەرچەندە ئاوی دەریاچەی ساوە (ئەوەندە و نیوێك) لە ئاوی كەنداو سوێرتر بوو، بەڵام جگە لە هەبوونی ماسیی (Arabian toothcarp) لەناو دەریاچەكەدا نزیكەی 25 جۆر باڵندەی ئاوی دەژیان، لەدیارترینیان مراوی ئاوی، گری ئۆراسی، پەپووسلێمانكەی عێراقی، كرووپی خۆڵەمێشی . رۆژی 17 ی ئەم مانگە، لەهەواڵێكی شۆكئامێزدا، وشكبوونی تەواوەتیی دەریاچەكە ڕاگەیەنرا، هۆكارەكەش بەهۆی كەمبارانیی، گۆرانكاریی كەشوهەوا، بیرلێدانی زۆر، كەمكردنی ئاوی فورات لێك درایەوە. بەرپرسانی ئاو لە حكومەتی عێراق، بێمنەتانە گوتیان، وشكبوونی دەریاچەی ساوە هیچ كاریگەریی نیە لەسەر ژیان لەو ناوچەیە، چونكە ئاوی دەریاچەكە سوێربوو و تەنها بە مەبەستی گەشتیاری سوودی لێ دەبینرا. ئەم جۆرە لێدوانانەی بەرپرسان جێی خەمە، كاتێكیش لێی دەكۆڵیتەوە ئیتر پێویست ناكات بگەڕێیت بەدوای قەیرانە ژینگەییەكانی وڵات، ئەم تێگەیشتنە هەڵەیەی حكومەت بەسە بۆ ئەوەی ژێرخانی ژینگەیی هەر جوگرافیایەك تێكبچێت. لەگەڵ ئەوەی گۆڕانی كەشوهەوای جیهانیی، كاریگەریی راستەوخۆی هەبووە لەسەر وشككردنی دەریاچەی ساوە و باقیی كارەساتە ژینگەییەكانی تریش لە عێراق، بەڵام ئەوەی جێی هەڵوەستە لەسەركردنە ئەوەیە، بۆچی عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین شوێنەوارەكانی گۆڕانكاریی ژینگەیی لەسەر دەردەكەوێـت؟ ئەم هێلكەی پیسبوونی ژینگەیە بۆچی دەبێ لەسەری عێراقدا بشكێت؟ هەر لەبارەی دەریاچەی ساوەوە: - ساوە، دەكەوتە نزیك بیابانەكانی سەماوە و هۆكارێك بوو بۆ دابەزینی پلەی گەرمای ئەو ناوچەیە. - خاوەنی خوێیەكی زۆر بوو، تەنانەت لە هەندێك شوێندا خوێیەكەی، باڵامرۆڤێك بەرزببووەوە، بەڵام هیچ سودی لێ نەبینرا. - هەرچەندە رۆژانە دەیان ئۆتۆمبێل بەمەبەستی گەشت و سەیران و مەلەكردن دەچوونە قەراغ دەریاچەكە، بەڵام ساوەی ڕەحمەتی، تا وشكیش بوو، نەك خزمەت نەكرا، تەنانەت جادەی قیری بەخۆیەوە نەبینی. - هەرچەندە پارێزگای (موسەنا) لەساڵی 2014 بە پایتەختی كشتوكاڵیی عێراق دیاریی كرا، بەڵام ئێستا قەیرانی كشتوكاڵ خودی پایتەختەكەشی گرتۆتەوە، ئەوەتا دەریاچەیەكی چەند هەزار ساڵە وشك دەبێت و كەسیش خۆی لێ ناكاتە خاوەن. - بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی ژینگەی موسەنا، تەنها لەو ناوچەیەی (ساوە) زیاتر لە 1300 بیری ئیرتیوازی لێ دراون. بەم هۆیەشەوە پێكهاتە تەكنتۆنییەكانی زەوی، دەمێك بوو لەو ناوچەیە دەستیان بە جوڵەكردبوو، چەند ساڵێكیشە نیشانەكانی كەمبوونەوەی دەریاچەكە دەركەوتبوون، تا وشكبوو. بێگومان بە تێروانین لە كارەساتەكان دەگەینە ئەوەی كە سیستمی بەڕێوەبردن لە وڵات، كاریگەریی راستەوخۆ و دیاری هەیە لە هەر خراپبوونێكی ژینگەیی، بەو پێیەی هەمان گۆڕانكارییەكان لە وڵاتانی تری جیهانیش هەیە، بەڵام هەریەكەیان بە پلانی دروست و دابینكردن و خەرجكردنی بودجەی پێویست ڕێگرییان كردووە لەوەی كاریگەریی گەورەی گۆڕانكارییەكان لەسەریان دەربكەوێت. ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا لە عێراق ڕوویداوە لە (هەڵكەندنی بیری ئاو لەدەرەوەی یاسا و خراپ بەكارهێنانی ئاوی ژێر زەوی، پیسكردن و بەكارهێنانی سەرچاوە ئاوییەكان، كەمیی رێژەی سەوزایی، هەبوونی گەندەڵی لە كەرتی ژینگە، كەمبوونەوەی كشتوكاڵ و جووتیاران، بەكارنەهێنانی زانستیی ئاو) و لەهەمووشیان مەترسیدارتر (خراپیی پلاندانان و خراپیی ئیدارەدانی سیاسەتی ئاوی) كاریگەریی راستەوخۆیان هەبووە لەسەر كاریگەرییە ژینگەییەكان و لەناویشیاندا، وشكبوونی دەریاچەی ساوە. ڕووداوی وشكبوونی دەریاچەی ساوە، دەكرێ بە نیشانەی دەستپێكی سەردەمێكی نوێی (قاتی) لێك بدەینەوە بۆ عێراق و عێراقییەكان، بێگومان نەمانی سەرچاوەی ئاو شوێنەواری زۆر بەجێدەهێڵێت لە نمونەی گرانیی، پیسبونی كەشوهەوا، تێكچوونی هاوسەنگی، كەمبوونەوەی هەمەجۆریی زیندەیی، برسێتیی، كورتهێنان و كۆچی بەكۆمەڵی ئاژەڵ و باڵندەكان و دوورنیە كۆچی بەكۆمەڵی دانیشتوانیشی لێ بكەوێتەوە، كە بێگومان هەرێمی كوردستانیش بێبەش نابێت لە زیانمەندبوون لەم شوێنەوارانە.   * ئەندازیاری كشتوكاڵی


 شیكاری: درەو بەشی یەکەم جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا لە چەند ڕوویەکەوە کاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری جیهان بەجێهێشتووە، جگە لە دروستبوونی قەیرانی وزە کە لەگەڵ دەستپێکی سزاکانی سەر ڕوسیا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت (30%) و نرخی غازی سروشتی بۆ نزیکەی (200%) بەزبوونەوەی بە خۆوە بینی، هاوکات هەڵئاواسانی نرخی شتومەک و داکشانی گەشەی ئابوری جیهانی بەڕێژەی (1%) ڕویداوەو، پێدەچێت سیستمی دارایی جیهانیش لەت ببێت. دەستپێک دۆخی ئێستا گەواهی ئەوە دەدات کە جیهان لەبەردەم قەیرانی سیاسیی و ئاسایشی و ئابورییە، ئەویش بەهۆی ئەو بارگرژییەی لەم داواییانە کەوتووەتە لەنێوان و روسیا لە لایەک و ئۆکرانیا بە پاڵپشتی یەکێتی ئەوروپاو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لایەکی ترەوە، بەتایبەتیش دۆخەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی ترەوە لەدوای ڕاگەیاندنی جەنگ لەلایەن ڕوسیاوە دژ بەو وڵاتە. دەکەوتنی ئاسەوارە خێراکانی جەنگیش بەرەو ئەو ڕاستییە پەلکێشمان دەکات کە سیستمی جیهانی لە ئێستادا هاوشێوەی "گوندێکی جیهانی"یە وەک بەشێک لە شارەزایان ناویان لێناوە. هەر بۆیە هەڵگرسانی جەنگ بە خێرایی کاریگەریی کەسەر سیستمی جیهانی و دەبێت لە هەردوو کایەی سیاسی و ئابوری ڕەنگدانەوەکانی بەڕوونی دیارن، بەڵام کاریگەرییەکانی بە یەک ئاست و دابەش نەبووە بەسەر تەواوی هێزە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان، بەڵکو بەشێکیان ڕاستەوخۆ و هەندێکیشیان بە ناڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەری جەنگەکەدان.   ئاراستەی جەنگەکە کاریگەری دەبێت لەسەر فروانبوون و ئاڵۆزبوون و بەرزبوونەوەی ئاستی قەیرانەکان، هەندێک وای دەبینین کە جەنگەکە هەڕەشە دەبێت لەسەر سیستمی ئێستای جیهان، بە تایبەت بەشێک لە وڵاتان هەست بە قەیرانێکی نوێی جیهانی دەکەن، لەم ڕونگەوەیە بەشێک لە شارەزایانی ئابوری عێراق کۆمەڵێک پرسیاریان لا گەڵاڵە بووە، دیارترین پرسیارەکان ئەوەیە: کاریگەری جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا لەسەر ئابوری عێراق تا چ ئاستێک دەبێت؟ ئایا ئەو کاریگەرییانە کە بەشی گەوەرەیان لەسەر ئاستی ئابوری عێراق دەبێت کاریگەری باش (ئیجابی) یان خراپ (سلبی)یەکانی گەورەتر دەبێت؟ ڕەنگدانەوەی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا لەسەر دۆخی ئابوری جیهان لەگەڵ دەسپێکی هەڵگرسانی جەنگی نێوان روسیاو ئۆکرانیا و لە هەفتەی یەکەمدا کۆمەڵێک کاریگەری خنکێنەر باڵی بەسەر ئابوری جیهاندا کێشا، ئەم ڕاستییەش لە ئێستادا بە ئاشکرا بە بازاڕی جیهانییەوە دیارە، بەشی زۆریشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ڕاستە جەنگەکە جەنگی نێوان دوو وڵاتە، بەڵام لە بازنەیەکی فرە سنوردایە جگە لەوەی ڕوسیا وڵاتێکی بەڕوبەر فراوانە هاوکات خاوەن ئابورییەکی زەبەلاحیشە لە جیهاندا، چونکە ڕوسیا لە سێ یەکەمەکەی جیهانە لە بەرهەمهێنانی نەوت، هەر وەکو چۆن لەگەڵ ئۆکرانیا پێکەوە نزیکەی (30%) گەنمی جیهان دابین دەکەن، سەرەرای دابینکردنی ڕۆنی ڕۆکی، ڕوسیا بە گەورەترین سەرچاوەی کانزای جیهان و خاوەن کشتوکاڵی گەورەو بەهێزە و هاوبەشی بازرگاکانی لەگەڵ نیوەی وڵاتانی جیهان هەیە. هەموو ئەمانە وادەکای کاریگەرییە ئابوورییەکانی لەسەر ئاستی جیهان چاوەڕوانکراوبێت، بەپێی ئاماژە ئابورییەکان، پوختەی کاریگەرییەکان لە چەند خاڵێکدا ڕوون دەکەینەوە. 1.    درێژبوونەوەی قەیرانەکان لەسەر سەرچاوەکانی وزە: روسیا شان بەشانی وڵاتانی ڕێکراوی ئۆپێک بەشدارە لە بازاڕی وزەی جیهانی (نەوت و غاز)، هەردوو لا پێکەوە پێداویستییەکانی بازاڕی نەوت و غاز پڕ دەکەنەوە، لەبەر ئەوەی روسیا هێزێکی کاریگەری جیهانە لە بازاڕی وزەدا و بەپێی زانیارییەکان (31%)ی پێداوستی نەوتی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و (30%) پێداویستی غازو (30%)ی پێداویستی غەڵوزی ئەو وڵاتانە پڕدەکاتەوە. بۆیە هەر جموجۆڵێک بۆ زیادکردنی سزاکانی سەر روسیا لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا، بەتایبەت بۆ سەر کەرتی وزە، ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر فروانبوونی قەیرانی ئابوری گەورەتر، چونکە هەر کەمبوونەوەیەک لە خستنەڕووی نەوت و غاز، کاریگەری دەبێت کەسەر بەرزبوونەوەی نرخی وزە بە ئاستێکی زۆر گەورە، ئەوەشی گەواهی ئەو ڕاستییەیە، لەگەڵ ئەوەی بۆ ماوەیەکی دورودرێژە کۆنترۆڵی نرخی وزە کراوە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی سەپاندنی سزاکانی سەر ڕوسیا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت (30%) و نرخی غازی سروشتی بۆ نزیکەی (200%) بەزبوونەوەی بە خۆوە بینی. (بڕوانە چارتی ژمارە (1 - 2)) چارتی ژمارە (1) https://www.statista.com/statistics/262860/uk-brent-crude-oil-price-changes-since-1976/ چارتی ژمارە (2) https://www.macrotrends.net/2478/natural-gas-prices-historical-chart 2.    هەڵئاوسانی جیهانی: سەرباری دروستبوونی هەر قەیرانێک لە کەرتی وزەدا ڕاستەوخۆ قەیران لە کەرتەکانی دیکەشدا دروست دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەر یەک لە ئۆکرانیاو ڕوسیا دوو بەرهەمهێنەرو هەناردەکاری سەرەکی شمەک و خۆراکن بە تایبەت لە گەنم و گەنمەشامی و کانزاکان، بۆیە دەبینین بەرزبوونەوەیەکی گەورە لە نرخی ئەو شمەکانە ڕوویداوە، هێشتا بەرزبوونەوەکان بەردەوامیان هەیە، کە دەکرێت بە هەڵئاوسانێکی گەورەی جیهانی لە قەڵەم بدرێت، بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی گەنم لە دەرەوە هاوردە دەکەن. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە (بڕوانە چارتی ژمارە (3))  چارتی ژمارە (3) بوشل (bushel): یەکەی پێوانەیە بۆ پێوانی شمەکی وشکە بە تایبەتیش کێشانی بەروبوومی کشتوکاڵی، پیوانەکەش لە بەروبومێکەوە بۆ بەروبوومێکی دیکە دەگۆڕێت بۆ نمونە (1 بوشل = 27.2188 کیلۆگرام لە گەنم، بەڵام 1 بوشل = 20.412 کیلۆگرام لە گەنمەشامی)  https://www.macrotrends.net/2534/wheat-prices-historical-chart-data https://www.macrotrends.net/2532/corn-prices-historical-chart-data 3.    داکشانی گەشەی ئابوری جیهانی: بێگومان جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا جۆرێک شێواوی بەخشیەوە بە دۆخی ئابوری ئێستای جیهان، کە دەبێتە هۆی پاشەکشە لە گەشەی ئابوری لە ساڵی 2022 – 2023، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای توێژینەوەی کۆمەڵایەتی و ئابوری بەریتانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە گەشەی ئابوری جیهان بە تێکڕا (1%) دابەزیوە، هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ کەمبوونەوەی خستنەڕووی وزەی ڕوسیا لە بازاڕەکانی جیهان، لای هەموانیش ئاشکرایە کە بەشێکی دەگەڕیتەوە بۆ سزاکانی سەر ڕوسیا، ئەمەش بووە بە‌هۆی کەمبوونەوەی قەبارەی بەرمهێنانی دەوڵەتانی وەبەرهێن بەهۆی ئەو نادڵنیایی و شێواوییەی لە بازاڕەکانی جیهان هاتووەتە ئاراوە. ئەمە جگە لەوەی جەنگ بەشێکی گەورەی لەو ئاڵوگۆڕو گواستنەوە وشکانی و ئاوییانەی بواری بازرگانی پەکخستووە، بەتایبەتیش ئەو گواستنەوانەی پێشتر بە سنوری ڕوسیاو ئۆکرانیادا تێپەڕ دەبوون، وەکو چۆن لەم دواییانە ئۆکرانیا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ڕێگەی دەریای ڕەشەوە ڕاگرت، وڵاتی تورکیاش کۆت ئاستنەگی دروستکرد لە گەرووی بۆسفۆر بۆ ئاڵوگۆڕو گواستنەوە، ئەم بارودۆخانە پێکەوە گەشەی ئابوری جیهانیان پاشەکشە پێکردو پێدەکەن. 4.    دابەشبوونی سیستمی دارایی جیهان: هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەیانەوێت سزا ئابوری و داراییەکانی سەر ڕوسیا زیاد بکەن، بۆیە هەر سزا سەپاندنێک بەسەر کۆمپانیا وبانک و دامەزراوە داراییەکانی ڕوسییەکان لە لایەن هەریەک لەو دەوڵەتانەوە کاریگەری گەورە لەسەر سیستمی دارایی جیهان جێدەهێڵێت، وەک چۆن بینیمان دوای چەند كاتژمێرێك لە هێرشی روسیا بۆسەر خاكی ئۆكرانیا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەند سزایەكی نوێ لەدژ مۆسكۆ راگەیاند‌و جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە وتەیەكیدا رایگەیاند دەركردنی روسیا لە سیستمی "سویفت" تایبەت بە مامەڵە داراییەكان یەكێك دەبێتە لە بژاردەكان. بە گوێرەی راپۆرتێكی تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە حاڵەتێكدا ئەگەر روسیا لە سیستمی سویفت بكرێتە دەرەوە ئاستەم دەبێت دامەزاراوە داراییەكانی بتوانن پارە بۆ ناوخۆ یان دەرەوەی وڵات حەواڵە بكەن، ئەوەش كۆمپانیا گەورەكانی روسیا دەخاتە حاڵەتی شۆك بە تایبەتی بۆ كڕیارەكانی نەوت‌وغاز. هەروەها راپۆرتێكی تۆڕی " ئێن بی سی نیوز" جەختدەكاتەوە كە دوورخستنەوەی روسیا لەو دامەزراوە بانكییە گرنگە دەبێتە هۆی دەستبەجێی گەیاندنی زیان بە ئابوری روسیا بە تایبەتی كە ئەوە بەواتای دابڕاندنی روسیا دێت لە مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەكانی لەوانەش داهاتی بەرهەمهێنانی نەوت‌و غاز كە زیاتر لە 40%ی داهاتی روسیا پێكدەهێنێت. بۆیە بە گوێرەی راپۆرتێكی " سی ئێن ئێن" روسیا لەماوەی رابردوودا هەنگاوی ناوە بۆ دامەزراندنی سیستمێكی تایبەت بەخۆی بۆ حەواڵەكردنی دراو كە لە  (20%)ی حەواڵە ناوخۆییەكانی پشتی پێدەبەستن. راپۆرتەكە ئاشكراشیكردووە كە سیستمی ئاڵۆگۆڕ‌و حەواڵەی بانكیی روسیی بواری ئەوە بۆ مۆسكۆ دەڕەخسێنن كە بتوانێت لەگەڵ بانكەكانی چیندا مامەڵە داراییەكانی بكات. ئەمەش ڕەنگدانەوەی گەورە لەسەر سیستمی دارایی جیهان جێدەهێڵێت و لەتی دەکات. سەرچاوەکان -    علی عبدالرحیم العبودیّ، اڵاپار العالمیە للحرب الروسیە-اڵاوكرانیە وانعكاساتها علی الاقتصاد العراقی، مرکز البیان للدراسات والتخگیگ، علی الموقع؛  https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2022/04/65rtry.pdf -    رەو میدیا، بۆچی بەكارهێنانی سیتمی سویفت دەبێتە گورزێكی تێكشكێنەر لەدژی روسیا، لینکی ڕاپۆرت؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9768 -    Average annual Brent crude oil price from 1976 to 2022; https://www.statista.com/statistics/262860/uk-brent-crude-oil-price-changes-since-1976/ -    Natural Gas Prices - Historical Chart; https://www.macrotrends.net/2478/natural-gas-prices-historical-chart -    Wheat Prices - 40 Year Historical Chart https://www.macrotrends.net/2534/wheat-prices-historical-chart-data -    Corn Prices - 59 Year Historical Chart; https://www.macrotrends.net/2532/corn-prices-historical-chart-data -    بوشل   (Bushel)؛ https://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%A8%D9%88%D8%B4%D9%84


(درەو):  سەرەتای ناكۆكییەك لەنێوان سەدرو حەلبوسی لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقەوە دەركەوت، پەرلەمانتارێكی سوننە دەڵێ، سەدر فریانەكەوێت هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) هەڵدەوەشێتەوە.  مشعان جبوری پەرلەمانتاری هاوپەیمانی (سیادە)ی سوننەكان لە تویتێكدا ئاشكرایكرد"  ناكۆكی حاكم زاملی لەگەڵ سەرۆك حەلبوسی‌و سوربوونی لەسەر ئەوەی ئەو بەشێكە لە دەستەی سەرۆكایەتی نەك جێگری سەرۆك، هەڕەشە لە پەرتبوونی هاوپەیمانی "رزگاركردنی نیشتمان" دەكات ئەگەر سەید سەدر دەستوەردان نەكات". هاوپەیمانی "رزگاركردنی نیشتمان" هاوپەیمانی سێقۆڵی نێوان (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)یە، ئەم هاوپەیمانێتییە بوو كە ویلایەتی دووەمی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بۆ محەمەد حەلبوسی زامنكردەوە، بەڵام دانانی حاكم زاملی كە سەربە رەوتی سەدرە، هەر لەسەرەتاوە وا لێكدرایەوە، پێگەی سەرۆكی پەرلەمان لاواز دەكات، بەوپێیەی سەدرییەكان خاوەنی زۆرترین كورسی پەرلەمان‌و لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنن.   لەبارەی ئەم كێشەیەوە، جبوری دەڵێ" بۆ زانیاری ناوی دەستەی سەرۆكایەتی بەهیچ شێوەیەك لە دەستوردا نەهاتووە، دادگای فیدراڵیش جەختی كرد شتێك بوونی نییە بەناوی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، بەڵكو سەرۆكی جێگرەكانی هەیە !". لەبارەی ئەم كێشەیەوە دوێنێ نوسراوێك بڵاوكرایەوە، كە ئەمیندارێتی پەرلەمانی عێراق رۆژی 27ی مانگی رابردوو دەریكردووە، لە نوسراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، لەمەودوا لە نوسراوە فەرمییەكانی پەرلەماندا دەستەواژەی "دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان" لاببرێت‌و لەبری ئەوە دەستەواژەی "سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان" دابنرێت.  ئەمە حاكم زاملی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی لە كوتلەی سەدرییەكان نیگەران كرد، دوێنێ نوسینگەی زاملی بە نوسراوێك وەڵامی ئەمینداری گشتی پەرلەمانی دایەوە‌و رایگەیاند، نوسراوەكەی رۆژی 27ی مانگی رابردوتان پێچەوانەی ماددەی (130)ی دەستورە كە دەڵێ ئەو یاسایانەی چونەتە بواری جێبەجێكردن، بەشێوەیەكی بەركار دەمێننەوە ئەگەر هەڵنەوەشێنەوە یاخود هەموار نەكرێن، ئەو ماددە یاسایانەی كە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا‌و یاسا بەركارەكانی تردا هاتوون، دەستەواژەی "دەستەی سەرۆكایەتی" لەخۆدەگرن‌و هەڵنەوەشاونەتەوە‌و هەمواریش نەكراون.  تەقینەوەی ئەم ناكۆكییە لەنێوان حەلبوسی‌و زاملیدا لەكاتێكدایە، زانیارییەكان باسلەوە دەكەن، محەمەد حەلبوسی بەهۆی هاوپەیمانێتییەكەیەوە لەگەڵ سەدر، هاوشێوەی بارزانی كەوتوەتە ژێر فشاری لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و ئێران‌و ترسی لە چارەنوسی خۆی هەیە.  تەنیا ماوەی دوو رۆژ مۆڵەت ماوە بۆ دواین هەوڵی پەرلەمان بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، تائێستا حەلبوسی هیچ وادەیەكی بۆ كۆبونەوە دیاری نەكردووە، سەدر كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە، لە هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كشاوەتەوە‌و دەستپێخەریی داوەتە دەست لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی.  پارتی‌و سوننەكان بەم دۆخەشەوە هێشتا پابەندبوونی خۆیان بە هاوپەیمانێتەكەیانەوە لەگەڵ سەدر نیشان دەدەن، بەڵام بەكردەوە ئاماژەكان بۆ دوركەوتنەوەی حەلبوسی لە هاوپەیمانێتییەكە بەدەردەكەون، بەتایبەتیش كە زانییان هێشتا زووە بۆ تێپەڕاندنی هەژموونی ئێران بەسەر بارودۆخی سیاسیی عێراقەوە.    


(درەو)- فرانس پرێس لە یەكێك لە رۆژەكانی بەهاری 2021دا، ئەكرەم جەوهەری بەبێ هیچ پلانێكی پێشوەختە، بە شوێن كاردا، جانتا‌و پاسپۆرتە لوبنانییەكەی هەڵگرت‌و سواری فڕۆكەیەك بوو لە بەیروتەوە بەرەو بەغداد، ئەمەش دوای ئەوەی موچەكەی لە لوبنان بەشی خێزانەكەی نەدەكرد كە پێكهاتوون لە دوو منداڵ‌و دایك‌و باوكێكی پیر.  موچەكەی ئەكرەمی تەمەن (42 ساڵ) نەدەگەیشتە (100 دۆلار)، ئەمە بەهۆی قەیرانێكی بەردەوام لە لوبنان، كە ماوەی نزیكەی دوو ساڵە بەردەوامە‌و بانكی نێودەوڵەتی دەڵێ ئەمە خراپترین قەیرانی داراییە لە ساڵی 1850وە، ئەمە لەپاڵ داڕمانی بەهای دراوی لوبنانی بەرێژەی نزیكەی 90%، بۆیە ئەو هاوشێوەی زۆرێك لە لوبنانییەكان، ئەكرەم بڕیاریدا بڕوات.  كارەكەی لە لوبنان بەجێهێشت، بۆ ئەو بەغداد باشترین بژاردە بوو: شارێكی نزیكە، جوڵەیەكی ئابوری تازەگەشەكردووی تێدایە، بە ڤیزایەك لە فڕۆكەكانەوە پێشوازی لە لوبنانییەكان دەكات.  ئەكرەم كە ماوەی نزیكەی مانگێكە لە یەكێك لە شەقامە بازرگانییەكانی ناوەڕاستی بەغداد قاوەخانەیەكی كردوەتەوە، بە (فرانس پرێس) وت:" كاتی پێویستم نەبووە بۆ ئەوەی لە وڵاتانی كەنداو بەدوای كاردا بگەڕێم، دەبوو هەنگاوی خێرا بنێم. هاتم بۆ بەغداد‌و لەرێگەی ئینستگرامەوە دەستم بە گەڕان كرد بەدوای كاردا، تا ئەوكاتەی كارم دەستكەوت".  قەیرانێكی ئابوری بەهێز كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە دەستیپێكردووە، دەستی خستوەتە بینەقاقای لوبنانییەكانەوە، بوەتە هۆی ئەوەی رێژەی 80%یان بكەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.  بەگوێرەی ئاماری دەسەڵاتدارانی عێراقی، لەنێوان حوزەیرانی 2021 بۆ شوباتی 2022، زیاتر لە (20 هەزار) هاوڵاتی لوبنانی هاتونەتە ناو عێراقەوە، ئەمە بەبێ ئەژماركردنی ئەو زیارەتكارانەی كە سەردانی نەجەف‌و كەربەلا دەكەن.  عەلی حەبحاب باڵیۆزی لوبنان لە عێراق لەبارەی جوڵەی هاوڵاتیانی لوبنانی بەرەو عێراق دەڵێ" بەمدواییە دوو هێندە زیاتر بووە، بەتایبەتیش لە كەرتی تەندروستیدا زۆر زیادی كردووە، ئەمەش بەدیاریكراوی لەسەر دەیان پزیشكی لوبنانی دەچەسپێت كە خزمەت دەكەن‌و لە نەخۆشخانە‌و بنكە تەندروستییەكانی عێراقدا وەكو سەردانكەر ئەژماردەكرێن".  بازاڕێكی نوێ عەلی راویی كە پسپۆڕێكی ئابوریی عێراقییە پێیوایە "روبەرو دەرفەتێكی گەورە هەیە بۆ كۆمپانیا لوبنانییەكان لە ئابوری عێراقدا، چونكە زۆربەی كۆمپانیا بیانییەكان دەترسن لە سەرمایەگوزاریكردن لە عێراق، بەهۆی ئەو وێنەیەی كە لەبارەی دۆخی ئەمنییەوە وەرگیراوە".  ئەم پسپۆڕە باسلەوە دەكات كۆمپانیا لوبنانییەكان "زیاتر بەریەككەوتنیان هەیە لەگەڵ ئابوری عێراق‌و بەباشی لە ژینگەی وەبەرهێنان تێدەگەن‌و لەگەڵیدا دەژین".  نزیكی عێراق‌و لوبنان لەڕووی كەلتوری‌و زمان، بەشدار دەبێت لە ئاسانكاریكردن بۆ سەقامگیربوونی كۆمپانیا لوبنانییەكان، هەروەك هەردوو وڵات لەڕووی دۆخی سیاسی‌و پێكهاتەی تائیفی‌و بڵاوبونەوەی گەندەڵییەوە زۆر لەیەكتر دەچن.  تێكچوونی دۆخی ئەمنی، بۆ ماوەیەكی زۆر عێراقی بێبەشكرد لە وەبەرهێنان‌و ئەوەی ببێت بە شوێنێك بۆ كاركردن، بەتایبەتیش دوای جەنگی ئەمریكا لە ساڵی 2003‌و دواتر ململانێ تائیفییەكان‌و هێرشی داعش‌و ئەو توندوتیژیانەی كە بەدوایدا هات.  ئەمڕۆ وردە وردە ژیان بۆ شەقامەكانی بەغداد دەگەڕێتەوە، شارێك كە ساڵانی رابردوو كوشتاری خوێناوی بەخۆوە بینیوە، بەجۆرێك قاوەخانەكانی تاوەكو درەنگانێكی شەو دەرگاكانیان كراوەیە، سەنتەرەكانی جوانكاری‌و كلینیكە پزیشكییەكان لە هەموو گۆشەیەكدا بڵاوبونەتەوە.  بەڵام ئەم ترپە نوێیە هاوتایە لەگەڵ كەمی پسپۆڕو تەنگژەی قوڵی بژێوی لە وڵاتێكدا كە داهاتەكانی بەرێژەی 90% پشت بە نەوت دەبەستێت، عێراقییەكان خۆیان بەدەست هەژاریی‌و بێكاریی‌و داڕمانی ژێرخانی وڵاتەكەیانەوە دەناڵێنن، بەجۆرێك رێژەی بێكاریی لەنێوان لاواندا دەگاتە رێژەی 40%، یەك لەسەر سێی دانیشتوانی عێراق كە ژمارەیان زیاتر لە (40 ملیۆن) كەسە، بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن، لەكاتێكدا زۆرێكیان هاوشێوەی لوبنانییەكان هەوڵی كۆچكردن دەدەن.  لەپاڵ ئەمەشدا، كەرتی تەندروستی بەتایبەتیش لە عێراق بەدەست كێشەو گرفتی زۆرەوە دەناڵێنێت، ئەمە وایكردووە زۆرێك لە عێراقییەكان بەرەو وڵاتانی دراوسێ لە نمونەی ئێران‌و توركیا‌و لوبنان بڕۆن بۆ وەرگرتنی چارەسەر.  "هەناسەیەك" وەكو مایكڵ شەرفان بەڕێوەبەرەی سەنتەرەكە لە بەغدادەوە بە (فرانس پرێس) دەڵێ، زۆرێك لەوانەی سەردانی سەنتەری تایبەتمەندی بەیروتیان دەكرد بۆ پزیشكی چاو لە لوبنان، هاوڵاتیانی عێراقی بوون، قەیرانی ئابوری كاریگەری كردەسەر كاری سەنتەرەكە لە لوبنان، ساڵی 2020 زیانی گەورەیان كرد "زۆرێك لە پزیشكەكان لوبنانیان بەجێهێشت‌و ئێمە پزیشكەكانمان لەدەستدا".  ئەوكاتە عێراق بوو بە شوێنێكی نمونەیی: بازاڕێك كە تێر نەبووە، پێكهاتەی دیمۆگرافی تێیدا گونجاوە، ئەو خزمەتگوزارییانەی كە سەنتەرەكە پێشكەشی دەكات لە عێراقدا بوونی نییە، ئەمە وەكو ئەوەی شەرفان باسی دەكات.  بوونی ئەم سەنتەرە كە بەر لە ساڵێك كراوەتەوە، نەخۆشەكانی عێراقی رزگاركردووە لەوەی گەشتی بەیروت بكەن، بەڵام هاوكات بووەتە هۆی ئەوەش زۆرێك لە پزیشكە لوبنانییەكان "هەناسەیەك" بدەن‌و قەرەبویەكی ئەو زیانانە بكەنەوە كە بەهۆی قەیرانەكەی لوبنانەوە بەر سەنتەرەكە كەوتووە.  شەرفان دەڵێ" پزیشكەكانمان بە نۆرە دێن بۆ ئێرە، هەموو هەفتەیەك پزپشكێك یان دوان نەشتەرگەرییەكان دەكەن، هەندێك پارەیان دەستدەكەوێت‌و دەگەڕێنەوە بۆ لوبنان، ئەمەش هەندێك لە زیانانەكانیان بۆ قەرەبوو دەكاتەوە".  هاوكات ئەم سەنتەرە، خزمەتگوزارییەك پێشكەشی نەخۆشەكان دەكات كە لە عێراقدا نییە، محەمەد حەمزە ئەحمەد كە پزیشكێكی عێراقییە‌و وەكو پزیشكێكی سەردانكەر لە سەنتەرەكە كاردەكات دەڵێ" هەندێك نەشتەرگەریی هەیە كە لە عێراقدا نییە، ئێمە لەم سەنتەرە فەراهەممان كردووە".  ئێستا لە عێراق زیاتر لە (410) كۆمپانیای لوبنانی لە بوارە جیاوازەكانی وەكو كەرتی خوێندن‌و بنیادنان‌و گەشتیاری ریستۆرانت‌و هۆتێلەكان كاردەكەن، بەگوێرەی قسەی باڵیۆزی لوبنان، لە هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە (500) كۆمپانیا هەن، بەتایبەتی لە هەولێرو سلێمانی.  سەرباری ئەوەی (ئەكرەم) دەتوانێت بژێوییەكی باش بۆ خێزانەكەی بەهۆی كارەكەیەوە لە بەغداد دابین بكات، بەڵام بۆ ئەو وەكو تاڵاوە، چونكە زۆر ئازار دەچێژێت كە ناتوانێت دوو منداڵەكەی ببینێت كە لەبەردەمیدا گەورە دەبن، ئەو بە (فرانس پرێس)ی وت:" زۆر خەمبارم كە ناتوانم كچە كۆرپەكەم ببینم كە تەمەنی دوو مانگە". بەڵام نزیكی نێوان هەردوو وڵات، هەندێك ئەم سەختییە كەمتر دەكاتەوە. ئەو دەڵێ" دەتوانم هەمو مانگێك گەشت بكەم‌و خێزانەكەم ببینم". 


  (درەو): بەیاننامەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی بڕی ھەناردەو داھاتی نەوت لە مانگی رابردوودا: 🔹 بڕی ھەناردەی نەوتی خاو (100ملیۆن و 563ھەزارو 999) بەرمیل بووە، بەمشێوەیە: 🔹 داھاتی نەوت گەیشتوەتە (11ملیارو 70 ملیۆن) دۆلار. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت گەیشتوەتە (٣ ملیۆن و 243ھەزار) بەرمیل. 🔹 تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت لە مانگی رابردوودا بڕی (110) دۆلار بووە.   بەیاننامەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی بڕی ھەناردەو داھاتی نەوت لە مانگی رابردوودا: 🔹 بڕی ھەناردەی نەوتی خاو (٩٩ ملیۆن و ٢٨٦ ھەزارو ٧٨) بەرمیل بووە، بەمشێوەیە: 🔸 (٩٦ ملیۆن و ٤٣٠ ھەزارو ٥٩٦) بەرمیل لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشورەوە بووە. 🔸 ھەناردەی نەوت لە کێڵگکانی کەرکوکەوە بۆ بەندەری جیھان بڕەکەی (٢ ملیۆن و ٥٤٥ ھەزارو ٦٥٦) بەرمیل بووە. 🔹 داھاتی نەوت گەیشتوەتە (٨ ملیارو ٢٧ ملیۆن) دۆلار. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت گەیشتوەتە (٣ ملیۆن و ٢٠٣ ھەزار) بەرمیل. 🔹 تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت لە مانگی رابردوودا بڕی (٨٣.٢٤٦) دۆلار بووە. داهاتی مانگی تشرینی یدووەم نەوتی عێراق نزیكەی (7 ملیارو 590ملیۆن) دۆلارە وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی تشرینی دووەمی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (98) ملیۆن (192) هەزار و( 317) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (7) ملیار و(590) ملیۆن  دۆلار، دەكاتە زیاتر لە (ترلیۆن) دینار  * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (273)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 77.33) دۆلار. داهاتی مانگی تشرینی یەكەم نەوتی عێراق نزیكەی (7 ملیارو 680 ملیۆن) دۆلارە   وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی تشرینی یەكەمی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (96) ملیۆن (708) هەزار و( 660) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (7) ملیار و(680) ملیۆن  دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (120)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 79.37) دۆلار.   وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی ئەیلولی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (92) ملیۆن (422) هەزار و( 485) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(711) ملیۆن (7) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (81)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 72.6) دۆلار.   وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی ئابی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (94) ملیۆن (660) هەزار و( 239) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(533) ملیۆن (142) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (3) ملیۆن و (054)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * بەرهەمی نەوتی كەركوك : ( 3 ملیۆن و 124هەزارو 309) بەرمیل نەوت بووە  * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 69) دۆلار.   وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی تەموزی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (90) ملیۆن (467) هەزار و( 794) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(513) ملیۆن (792) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (2) ملیۆن و (918)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * بەرهەمی نەوتی كەركوك : ( 3 ملیۆن و 12هەزارو 435) بەرمیل نەوت بووە  * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 72) دۆلار.    داهات و فرۆشی مانگی حوزەیرانی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (86) ملیۆن (765) هەزار و( 589) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(141) ملیۆن (77) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (2) ملیۆن و (892)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * بەرهەمی نەوتی كەركوك : ( 3 ملیۆن و 75هەزارو 237) بەرمیل نەوت بووە  * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 70.778) دۆلار.


راپۆرت: درەو ریفۆرمخوازێكی ئاینییە، كوڕی یەكێك لە كاریگەرترین خێزانە شیعەكانە لەسەر ئاستی عێراق‌و ئێران‌و لوبنان‌و سوریا، ئامۆزای موقتەدایە‌و لەلایەن مالیكی‌و عامری‌و شیعەكانی ترەوە قبوڵكراوە، پشتیوانی خۆپیشاندەران بووە‌و بەمەش سۆزی پەرلەمانتارانی سەربەخۆی بەدەستهێناوە، ئەو جەعفەر سەدر كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراقە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە ! رۆژی 10 ئەم مانگە، بەشێوەیەكی پێشبینی نەكراو، موقتەدا سەدر بەتەلەفۆن پەیوەندی بە نوری مالیكی نەیارە سەرسەختەكەیەوە كرد.  سەرەتا وا پێشبینی كرا، سەدر "ڤیتۆ"ی لەسەر مالیكی هەڵگرتووە‌و لەرێگەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەوە بانگهێشتی كردووە بۆ ناو كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام دواتر دەركەوت، سەدر لەو زنجیرە پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ناوی (محەمەد جەعفەر سەدر)ی وەكو كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق خستوەتە بەردەم سەركردەكانی شیعە تاوەكو بۆچونیان لەوبارەیەوە وەرگرێت، سەرباری ناكۆكییەكانیان لەگەڵ سەدر، ماڵی شیعە قایل بوون لە كاندیدكردنی (محەمەد جەعفەر سەدر).  ئەم ئێوارەیە، هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) بە فەرمی (محەمەد جەعفەر سەدر)ی وەكو كاندیدی هاوپەیمانێتییەكە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیاند. محەمەد جەعفەر سەدر كێیە ؟  جەعفەر سەدر كوڕی (محەمەد باقر سەدر) دامەزرێنەری حزبی (دەعوەی ئیسلامی)‌و مەرجەع‌و بیرمەندی دیاری شیعەكانی عێراقە، كە بەهاری ساڵی 1980 لەگەڵ خوشكەكەیدا (نور الهدی) لەلایەن رژێمی سەددامەوە لەسێدارە دران.  جەعفەر سەدر ساڵی 1970 لە نەجەف لەدایكبووە، هاوسەرگیری كردووە‌و (4) كچ‌و (2) كوڕی هەیە، دوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2003دا، چەندین پۆستی وەرگرتووە، 2009 بووە بە راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق، ساڵی 2010 وەكو ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردراوە، بەڵام دواتر وەكو ناڕەزایەتی دژی خراپی دۆخی خزمەتگوزارییەكان لە عێراق، دەستی لە ئەندامێتی پەرلەمان كێشاوەتەوە، لە نیسانی 2019وە بۆ ئۆكتۆبەری هەمان ساڵ بووە بە سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراو و كۆنگرە نێودەوڵەتییەكان لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە ئۆكتۆبەری 2019وە بووە بە باڵیۆزی عێراق لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا‌و تائێستا لەم پۆستەدا بەردەوامە، لە پاڵ ئەمەدا لە شوباتی 2020وە بووە بە نوێنەری هەمیشەیی لە رێكخراوی نێودەوڵەتی دەریایی (IMO). جەعفەر سەدر بڕوانامەی زانكۆیی لە زانستی كۆمەڵناسی بەدەستهێناوە‌و ساڵی 2011 زانستی كۆمەڵناسی گشتی لە زانكۆی لوبنان خوێندووە‌و ساڵی 2018 هەر لەم زانكۆیە بڕوانامەی ماستەری لە زانستی كۆمەڵناسیدا بەدەستهیێناوە، لەپاڵ ئەمەدا ساڵانی 1995 بۆ 2007 لە هەردوو شاری نەجەف‌و شاری (قوم)ی ئێران زانستی ئاینیی خوێندووە.  لەدوای لەسێدارەدانی باوكییەوە، لە ناوچەی (كازمیە)ی بەغداد ماڵبەند بووە، ساڵی 1998 لەژێر چاودێری رژێمی سەددام خۆی رزگاركردووە‌و چوەتە ئێران بۆ خوێندن، هەندێك سەرچاوە باسلەوە دەكەن، لەئێرانیش كەوتوەتە ژێر فشاری دەسەڵاتدارانەوە‌و خەریك بووە دەستگیر بكرێت، بەوپێیەی نزیك بووە لە ئایەتوڵلا محەمەد سەدری باوكی موقتەدا سەدر‌و نەیاری "ویلایەتی فەقیه"‌و نەهجی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بووە.   باسلەوە دەكرێت، ئەو ساڵانەی لە ئێران ژیاوە، دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی خۆشحاڵ نەبوون بە بوونی جەعفەر سەدر لە وڵاتەكەیان، بەوپێیەی لەلایەك لە سەری دایكییەوە سەربە خێزانی (موسا سەدر) بووە كە خێزانێكی خاوەن هەژمونن لە ئێران‌و لوبنان‌و پشتیوانی جوڵانەوە ریفرۆمخوازەكانی شیعە دەكەن، لەلایەكی ترەوە جەعفەر سەدر خۆی كەسێكی كراوەیە بەڕووی ریفۆرمی ئاینیدا، خوێنەرانی بیرمەندی ئێرانی (عەبدولكەریم سروش)‌و بیرمەندانی  عەرەبە، ئەوانەیان كە دژ بە توندڕەوی ئاینین لە نمونەی (عەلی وەردی)‌و (محەمەد ئەركۆن)‌و (نەسر حامید ئەبوزەید)..  جەعفەر سەدر پێشتر هەندێك هەڵوێستی دژ بە توندڕەوی ئاینی نیشانداوە، ساڵی 2010 داوای ئازادكردنی تاریق عەزیز وەزیری دەرەوەی رژێمی پێشووی عێراقی كردووە لە زیندان بەهۆی ئەوەی بەدەست نەخۆشییەو ناڵاندویەتی.  جەعفەر سەدر لەلایەن نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتییەكانەوە وا تەماشا دەكرێت نوێنەرایەتی خانەوادەیەكی كاریگەر دەكات لەسەر ئاستی عێراق‌و ئێران‌و لوبنان‌و سوریا‌و كاریگەریشی لەسەر موقتەدا سەدری ئامۆزای دەبێت كە ئێستا براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە لە عێراقدا.  سەرباری ئەوەی لە بەریتانیا كاری دیپلۆماسی كردووە، بەڵام بەرەی ئێرانی واتە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كاندیدكردنی جەعفەر سەدریان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران قبوڵ كردووە، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، سەرباری ناكۆكییەكانیان لەگەڵیدا، بەڵام ئەو دواجار هەر وەكو كوڕی ئایەتوڵڵا محەمەد باقر سەدری دامەزرێنەری حزبی دەعوە دەمێنێتەوە. كاندیدكردنی محەمەد جەعفەر سەدر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بە هەنگاوێكی ژیرانەی موقتەدا سەدر لێكدەدرێتەوە، بەوپێیەی خانەوادەی جەعفەر سەدر لەناو شیعەكاندا پێگەیەكی بەهێز‌و رێزلێگیراویان هەیە‌و هیچ یەكێك لە لایەنە شیعەكان كاندیدبوونی رەتناكەنەوە، سەرباری ئەمە جەعفەر سەدر لەوانە بووە كە پشتیوانی خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2019ی عێراقی كردووە‌و لەلایەن پەرلەمانتارانی سەربەخۆو ئەوانەی نوێنەرایەتی خۆپیشاندەران دەكەن، قبوڵكراوە.   سەرەتا كە ناوی (جەعفەر سەدر) وەكو كاندیدی سەرۆك وەزیران دزەی كردە ناو میدیاكانەوە، وا بڵاوكرایەوە رەتیكردوەتەوە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ دوای ئەوەی ناوەكەی بەفەرمی راگەیەندرا، لە تویتەرەكەی خۆی نوسی" شەرەفمەندم كاندیدی هاوپەیمانێتییەك بم كە نوێنەرایەتی وڵات دەكات بە هەموو پێكهاتەكانییەوە".  


(درەو): ئەمڕۆ رۆژی جیهانی ئاوە، تێچووی بەرهەمهێنانی ئاوی خاوێن لە هەرێمی كوردستان ساڵانە لەنێوان (130 بۆ 140 ملیار) دیناردایە، نەتەوە یەكگرتووەكان پێشبینی دەكات تا ساڵی 2025 ئاوی عێراق بەڕێژەی 25% كەمبكات، لەناوچەیەكی وەكو سلێمانی، بەبەراورد بە ساڵی رابردوو، تا ئەم ساتە زیاتر لە (12) میلمەتر، باران كەمتر باریوە.  نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری دەدات جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بە بۆنەی رۆژی جیهانی ئاوەوە پەیامێكی بڵاوكردوە، ئاماژەی بەو ئاڵەنگاریانەدا كە بەهۆی كەمی ئاوەوە مەترسین لەسەر عێراق. لە پەیامەكەیدا رونیكردەوە" كەمی بارانبارین، كەمی ئاو، ئیدارەنەدانی سامانی ئاو بەشێوەیەكی دروست‌و گەشەی دانیشتوان، هۆكارن بۆ ئەوەی عێراق لەدۆخێكی باشدا نەبێت، جگە لە هۆكارە سروشتییەكان‌و بەرنەدانەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، كە مەترسییەكی ترە بۆ سەر عێراق، ئەمەش كاریگەری هەیە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاریی‌و فراوانبوونی ململانێكان". بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژینگە UNEP هۆشداریداوە لەبارەی ئەوەی، ئاوی عێراق تا ساڵی 2025 بەڕێژەی 25% كەمدەكات، ئەمەش هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆسەر كشتوكاڵ‌و پیشەسازی لە عێراقدا. راپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەو بەنداوانەی توركیاو ئێران دروستیان كردووە، باسلەوەدەكات، بە كەمبونی ئاوی هەردوو روباری دیجلەو فورات بەڕێژەی لە 70%و كەمبونی ئاوی ئەم دوو روبارە لەمساڵدا، بە تەواوی هەستی پێدەكرێت. پلاسخارت لەڕۆژی جیهانی ئاودا داوا دەكات، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان‌و سیاسەتمەداران گرنگی بە بابەتی ئاو بدەن‌و ئەم سامانە گرنگە بكەن بە كاری لەپێشینەی خۆیان، چونكە دۆسیەی ئاو دۆسیەیەكی هەستیارەو دەبێت بەشێوەیەكی جددی‌و خێرا چارەسەری بۆ بدۆزنەوەو لەگەڵ وڵاتە دراوسێكاندا لەسەر ئەم بابەتە لە گفتوگۆی بەردەوامدا بن.  كەمی بارانی ئەمساڵ بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی، رێژەی بارانبارین تاوەكو رۆژی (21ی ئازاری 2022) بڕی (374.5) ملیمەتر بووە، ئەمەش بەبەراورد بە ساڵی رابردوو لەم كاتەدا، بڕی (12.5) ملیمەتر كەمترە.  رۆژی جیهانی ئاو 22 ئازاری هەموو ساڵێك وەك رۆژی جیهانی ئاو دیاریكراوە، لەساڵی 1993 لەم رۆژەدا دەیان چالاكی لە هەموو جیهاندا بەڕێوەدەچێت، ئەمە بۆ بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری لەسەر بایەخی ئاو وەك سامانێكی بنەڕەتی بۆ مرۆڤایەتی، بەردەوامی ژیان بەستراوەتەوە بە پاراستتنی ئەم سامانەوە.  هەندێك ئاماژە لەسەر ئاو •    لەسەر ئاستی جیهان نزیكەی (2 ملیار) كەس ئەو ئاوەی بەكاری دەهێنن سەرچاوەكەی پاك نیە. •    ساڵانە ئاوی پیس هۆكاری مردنی نزیكی (نیو ملیۆن) كەسە لە جیهاندا •    (844 ملیۆن) كەس بە ئاسانی دەستیان بە ئاوی خواردنەوە ناگات.  •    لەساڵی 2025دا بە نزیكەیی، نیوەی دانیشتوانی جیهان لەو شوێنانە دەژین كە بەهۆی كەمئاوییەوە دەناڵێنن. •    لەو وڵاتانەی كە ئاستی داهاتیان نزمە یان مامناوەندە، رێژەی 38%ی خەڵكەكەیان دەستیان بە ئاوی تەندروست ناگات، رێژەی 19% تەوالێتی تەندروست بەكارناهێنن، رێژەی 35%یان ئاوو پاكژكەرەوەی دەستیان، دەست ناكەوێت.  ئاوی خاوێن لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی داتاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان: * ساڵانە لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزارەوە، (782 ملیۆن) مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ هاوڵاتیان بەرهەمدەهێنرێت. * تێچووی بەرهەمهێنانی ئەم ئاوە خاوێنە ساڵانە لەنێوان (130 بۆ 140 ملیار) دینار دەبێت. * كۆی هاوبەشەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان (993 هەزارو 223) هاوبەشە. * ئەو هاوبەشانەی پێوەریان بەستووە ژمارەیان (632 هەزارو 125) هاوبەشن.  * ئەو هاوبەشانەی پێوەریان نەبەستووە ژمارەیان (361 هەزارو 98) هاوبەشن.   


 درەو: رۆژی شەممەی داهاتوو وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقە، بە بێ رێككەوتن هیچ لایەنێكیان ناتوانێت نیسابی یاسایی تەواو بكات كە (220) ئەندامە، پسپۆڕێكی ياسايى عێراق دەڵێت ئەگەر تا 6ی نیسان سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرێت دەبێت پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوەو هەڵبژاردن بكرێتەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی شەممەی داهاتوو 26/3/2022  كۆببێتەوەو سەرۆك كۆمار هەڵببژێرێت‌و دەنگیش بدات لەسەر سەرۆكی لیژنە هەمیشەییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران. بەگوێرەی دەستوری هەمیشەیی عێراق‌و بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوولەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی بەشدار بن كە دەكاتە (220 ) پەرلەمانتار, بەڵام بەهۆی رێككنەكەوتنی لایەنە شیعەكان لەسەر دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران و رێكنەكەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار‌و دابەشبوونی هەردوو حزب بەسەر دووبەرەی جیاوازدا پێناچێت ئەنجومەنی نوێنەران لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار سەركەوتوو بێت. یەكێتی لە بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگیە كە بەهەموویان نزیكەی ( 130 )  پەرلەمانتاریان هەیە‌و پارتیش لەگەڵ رەوتی سەدر و هاوپەیمانی سیادە، هاوپەیمانی سێقۆڵییان پێكهێناوەو ژمارەی كورسییەكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا دەگاتە نزیكەی ( 170) كورسی، هیچكام لەو دووبەرەیە بەتەنیا ناتوانن نیسابی یاسای كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو بكەن. تا ئێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە نە لە نێوان لایەنە شیعەكان بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران و نە لە نێوان پارتی و یەكێتی بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار، بۆیە ئەگەر تا رۆژی شەممە رێككەوتن نەكرێت، نیسابی یاسایی كۆبونەوەكە تەواو نابێت.  عەلی تەمیمی شارەزای یاسایی عێراقی دەڵێت ئەگەر هەتا 6ی نیسان سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێدرێت ئەوا وڵات بەرەو هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و هەڵبژاردنی پێشوەخت هەنگاو دەنێت. تەمیمی لە لێدوانێكیدا بۆ میدیا عێراقییەكان دەڵێت: بەبڕیاری ژمارە 24ی ساڵی 2022ی دادگای فیدراڵی بۆ كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكەجا و بە گوێرەی مادەی 27ی دەستوری هەمیشەیی عێراق سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران 30 رۆژی بەردەستدایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار, واتە دەبێت لە 6ی ئازارەوە بۆ 6ی نیسان سەرۆك كۆمار هەڵببژێردرێت. تەمیمی ئاشكرایكرد 26ی ئازار بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاریكراوە ئەگەر لەو دانیشتنەدا سەركەوتوو نەبوو, ئەوا سەرۆكایەتی پەرلەمان دەتوانێت تەنها تا 6ی نیسان دوایبخات‌و ئەگەر لەو ماوەیە تێپەڕیكرد ئەوا پێشیلێكردنی تەواوەتی بڕیاری دادگای فیدراڵییە كە رێگەی داوە تەنها یەكجار دەرگای خۆپاڵاوتن بكرێتەوە. تەمیمی راشیگەیاندووە كە ئەگەری ئەوە هەیە بە داواكاری یەك لەسەر سێی پەرلەمان‌و رەزامەندی زۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بە گوێرەی مادەی 64ی دەستور یان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوەو لەو حاڵەتەشدا حكومەتی ئێستا وەك حكومەتی كاربەڕێكەر بەردەوام دەبێت و هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام دەدرێت.  


(درەو): بەیاننامەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی بڕی ھەناردەو داھاتی نەوت لە مانگی شوباتی رابردوودا: 🔹 بڕی ھەناردەی نەوتی خاو (92ملیۆن و 790ھەزارو 173) بەرمیل بووە، بەمشێوەیە: 🔹 داھاتی نەوت گەیشتوەتە (٨ ملیارو 540ملیۆن) دۆلار. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت گەیشتوەتە (٣ ملیۆن و 314ھەزار) بەرمیل. 🔹 تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت لە مانگی رابردوودا بڕی (92) دۆلار بووە.    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand