عێراق.. ساڵێك دوای هه‌ڵبژاردن

Draw Media

2022-10-09 11:45:35



(درەو)- AFP
سبەینێ (١٠ی ئۆکتۆبەر) ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختەدا لە عێراق، بەبێ پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ و بودجە، ئەمە بەھۆی ئیفلیجییەکی سیاسییەوە کە ھەڕەشەی بێبەشکردنی وڵات دەکات لە پرۆژەکانی ژێرخان و دەرفەتی چاکسازی کە عێراق زۆر پێویستی پێیەتی.
عێراق کە وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و ماندووە بە دەست چەندین دەیە ناکۆکییەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا داھاتێکی زۆری نەوتی بەدەستھێناوە، ئەم پارانە لە بانکی ناوەندیدان کە یەدەگی دراوی بیانی تێیدا گەیشتوەتە (٨٧ ملیار) دۆلار.
بەڵام سودوەرگرتن لەم پارانە بۆ ئەو پرۆژانەی کە عێراق پێویستی پێیانە، بەستراوەتەوە بە پێکھێنانی حکومەتێک بە دەسەڵاتی تەواوەتی و بودجەیەک کە کۆنترۆڵی خێرایی خەرجییەکان بکات. حکومەتی ئێستا بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی ماوەی ساڵێکە بەشێوەی کاربەڕێکەر بەڕێوەدەچێت و دەسەڵاتی ئەوەی نییە پرۆژەی بودجەی بۆ پەرلەمان پێشنیاز بکات.
یەسار مالیکی پسپۆڕی ئابوری لە (میدڵ ئێست ئیکۆنۆمیک سیرڤی) دەڵێ" پرۆژەکانی ژێرخان پێویستیان بە بە چەندین ساڵ دابینکردنی خەرجی جێگیر ھەیە لەلایەن حکومەتەوە"، ئاماژە بەوە دەکات" دۆخی سیاسی گێژاوێکی گەورەی دروستکردووە ئەمەش دۆخی عێراقی لەبەردەم وەبەرھێنەراندا لاوازتر کردووە بەتایبەتیش کە خۆی لە بنەڕەتەوە دۆخێکی لەرزۆکە".
باسلەوە دەکات" قەیرانە سیاسییەکە چوەتە سەر ئەو مەترسییانەی تر کە ماوەیەکی زۆرە ھەن، بەتایبەتیش دۆخی ئەمنی و گەندەڵی".
ھێشتا ناکۆکییە سیاسییەکان لەنێوان ھەردوو کەمپە دیارەکەی شیعەدا بەردەوامە، رەوتی سەرد لە لایەک و چوارچێوەی ھەماھەنگیی لە لاکەی تر، کە چەند کوتلەیەک لە خۆدەگرێت و نوێنەرایەتی حەشدی شەعبی دەکەن، چوراچێوە ھاوپەیمانێتی گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانە کە چونەتە ناو دەزگاکانی دەوڵەتەوە، سەرباری ئەمە دوای ساڵێک لە ھەڵبژاردنەکان کە دوودڵی دەنگدەرانی عێراقیی بەخۆوە بینی، لایەنەکانی قەیرانە سیاسییەکە شکستیان ھێناوە لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان و ھێشتا حکومەتی نوێ پێکنەھاتووە.

" لە دەسچوونی دەرفەتە گەورەکان"
٢٩ی ئاب لە بەغداد کردەوەی توندوتیژی سەریھەڵدا لەنێوان جەنگاوەرانی رەوتی سەدر لە لایەک و  ھێزە ئەمنییەکان و ھێزەکانی حەشدی شەعبی لەلایەکی تر، نزیکەی ٣٠ کەس لە لایەنگرانی سەدر بوون بە قوربانیی.
خاتوو جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەمدواییە لە بەردەم دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشدا ئەو رووداوانەی والێکدایەوە کە دەکرێت "زەنگی ئاگادارکردنەوە" بن و وتی" ھێشتا دۆخەکە زۆر ناجێگیرە".
باسی لەوەکرد" زۆرێک لە عێراقییەکان متمانەیان بە توانای چینی سیاسیی وڵاتەکەیان نەماوە کار لەپێناو وڵات و گەلەکەیاندا بکەن".
لەکاتێکدا بانکی نێودەوڵەتی گەشەی ئابوری عێراقی لەماوەی ساڵانی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٤ بەرێژەی ٤،٥٪‏ خەمڵاندووە، بەڵام " پێشبینی تەواوەتی ئابوری دەورە دراوە بە بڕێکی زۆر مەترسی، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنێکی زۆر بە نەوت و بەردەوامی چەقبەستنی بودجەو دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ" بەپێی ئەوەی لە راپۆرتی مانگی حوزەیراندا ھاتووە.
بەھۆی نەبوونی بودجە، عێراق ئەمڕۆ لەسەر بنەمای یاسای فیدراڵی ئیدارەی دەوڵەت خەرجییەکانی دەکات، واتە ئەوەی لە بودجەی پێشوودا خەرج کراوە دابەشکراوە بەسەر ١٢ مانگدا، ئەمەش رەنگدانەوەی واقعی ئەو داھاتانە نییە کە وڵات لە ٢٠٢٢دا بەدەستی ھێناون.
بەڵام " ئەمانە کەمترین بودجەن.. رەنگدانەوەی رابردوون نەک ئێستاو داھاتوو، دەرفەتی گەشەی ئابورییان تێدا نییەو عێراق بێبەش دەکەن لە پرۆژە ستراتیژییە گەورەکان" ئەمە بەگوێرەی قسەی مەزھەر ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران.
راوێژکارەکە بە (فرانس پرێس)ی وت" دەرفەتی زۆر لەدەستدەدەین، دەرفەتی وەبەرھێنان بە پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی پلان بۆداڕێژراو".
بۆ نمونە، ھاوینی رابردوو عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای "تۆتاڵ ئینێرژی"ی فەڕەنسیدا ئیمزا کردووە کە چەندین پرۆژە لەخۆدەگرێت بەتایبەتیش لە بواری سودوەرگرتن لە غازو وزەی خۆر، بەبەھای ١٠ ملیار دۆلار کە بەشێکی پارەکەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت و ھێشتا لە سەرەتادایە.
" حکومەتی عێراق بەجددی کاردەکات بۆ خێراکردنی کارکردن تێیدا و ھەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەمی" ئەمە بەپێی قسەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە.
لە کەرتی نەوتدا پرۆژەکانی تر بەشێوەیەکی "ھێواش" بەڕێوەدەچن، لەگەڵ نەبوونی حکومەتێک بە دەسەڵاتی تەواوەتییەوە، وەزارەتی نەوت ناتوانێت پارە دابین بکات، ئیمزا بکات، گرێبەست بۆ ئەو پرۆژە بنەڕەتییانە بکات" ئەمە بەپێی لێکدانەوەی یەسار مالیکی.

"خەڵک ماندوون"
بۆ دابینکردنی خەرجییە بەپەلەکان، پەرلەمانی عێراق لە مانگی حوزەیراندا یاسای پاڵپشتی خێرای دەرکرد بە بەھای (٢٥ ترلیۆن) دینار (١٧ ملیار دۆلار)، رێگا بە پڕکردنەوەی پێداویستییە خێراکانی دانیشتوان و کڕینی دانەوێڵە دەدات بۆ گرەنتیکردنی "ئاسایشی خۆراک"، بەڵام گرەنتیشە بۆ كڕینی وزەو کارەبا لە دەرەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی ٢٠٢٣ بەبێ بوونی بودجە، دەبێت دەسەڵاتداران یاسایەکی نوێ دەربکەن ھاوشێوەی ئاسایشی خۆراک یاخود بەردەوام بن لەسەر خەرجکردن لەسەر بنەمای ١٢ مانگ، واتە " سەرلەنوێ خەرجییەکان کەمبکرێنەوە" وەکو ئەوەی یەسار مالیکی دەڵێت.
لەکاتی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی وەکو وەزیری دارایی لە مانگی ئابدا، عەلی عەلاوی خاوەنی پرۆژەی چاکسازی ئابوری کە پرۆژەکەی نەبوو بە واقعێکی بەرجەستە، درێغی نەکرد لە دیاریکردنی کێشەکە بە راشکاوییەکی تەواوەوە.
لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا نوسی" ھەموو پلان و بەرنامەکانی حکومەت بەردەوام کۆتوبەندکراون بە گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر لەنێوان چینی سیاسی لەبەریەکھەڵوەشاودا". 
ئاماژەی بەوەکرد" ھەموو بانگەوازەکانی چاکسازیی بەھۆی چوارچێوەی سیاسی ئەم وڵاتەوە پەکیانخراوە".
لەناو ھەموو ١٠ گەنجێکدا ٤ کەسیان بێکارن، بەگوێرەی قسه‌ی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمە لەکاتێکدایە یەک لەسەر سێی دانیشتوان کە ٤٢ ملیۆن کەسە، لەژێر ھێڵی ھەژارییەوەن.
سەرباری داھاتی زۆری نەوت، ژیانی ئەمین سەلمان ستینی کە خانەنشینێکی سوپای عێراقە، زۆر باش نەبووە، ئەو لەناو خۆپشاندەرانی یادی سێ ساڵەی راپەڕینی تشرینی ٢٠١٩دا بوو کە خۆپیشاندانێکی بێ پێشینە بوو دژی رژێم و گەندەڵی.
ئەم پیاوە لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغداد وتی" وڵات بە قەیرانێکی سیاسیدا تێدەپەڕێت و ئەمە کاریگەریی لەسەر خەڵک دەبێت. خەڵک ھەمووی ماندوون". ئەم پیاوە ھیچ پارەیەکی نییە جگە لەبڕی ٤٠٠ ھەزار دینار (٢٧٤ دۆلار)، ئەمەش بڕێکە کە بە زەحمەت بەشی قوتی رۆژانەی دەکات، کوارەکانیشی بێکارن. باسلەوە دەکات" عێراق ملیارانی تێدایە، پارەو زێڕی ھەیە، بەڵام سیاسەتمەداران جگە لە حزبەکانیان و گیرفانی خۆیان ھیچی تریان بەلاوە گرنگ نییە".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand