(درەو): ناكۆكییە سنورییەكانی نێوان عێراقو كوەیت جارێكی تر كەوتەوە بەر رووناكی، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوو وڵات ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەبارەی ئەم ناكۆكییە كە ریشەكەی بۆ نزیكەی 200 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیە، وەزیرانی دەرەوەی عێراقو كوەیت لە بەغداد چاویان بەیەكتری كەوت، هەردووكیان پابەندبوونی خۆیان بە كۆتایهێنان بە دۆسیەی دیاریكردنی سنوری ئاوی نێوان كوەیتو عێراق راگەیاند. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ شێخ سالم عەبدوڵا جابر سوباحی هاوتا كوەیتییەكەیدا، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق وتی:" باسمان لە دۆسیەی دیاریكردنی سنور كرد، مشتومڕێكی دورو درێژ لەسەر ئەم بابەتە هەیە". سەرباری ئەوەی لەدوای هێرشی عێراق بۆ سەر كوەیت، سنوری وشكانی نێوان كوەیتو عێراق لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دیاریكرا، بەڵام پرسی سنورە ئاوییەكان لەوكاتەوە تائێستا هەر بە هەڵپەسێردراوی مایەوە. پاسەوانی كەناراوەكانی كوەیت ناو بەناو دەست بەسەر بەلەمی راوچییە عێراقییەكاندا دەگرن، ئەمەش بەتۆمەتی ئەوەی بەشێوەی نایاسایی سنوری ئاویی كوەیتیان بڕیوە. ساڵح موتێری كە لێكۆڵەرێكی سیاسی كوەیتییە دەڵێ:" بەراورد بە سنوری وشكانی، ناكۆكی سنوری ئاوی نێوان دوو وڵات، بەردەوام وەكو بابەتێكی پڕ گرێو گۆڵ دەمێنێتەوە". موتێری قسەی بۆ سایتی (الحرە) كردووە، باس لەوە دەكات" سنوری وشكانی بە تۆپۆگرافیو چەسپاوەكانو ئەو نیشانە دیاریكراوانە دەستنیشان دەكرێت كە لەسەر بنەمای پاشخانی مێژووییو دیمۆگرافی رێككەوتنیان لەسەر دەكرێت.. بەڵام سنوری دەریایی كێشەی لە بابەتە تەكنیكییەكاندا هەیە بۆ دیاریكردنی ئاوە نێودەوڵەتییەكانو دەرەوەیو بنی دەریاو زەریاكان". مێژوو چی دەڵێ؟ هیشام عەوەزی مامۆستای مێژوو لە زانكۆی ئەمریكی لە كوەیت دەڵێ:" بەڵگەنامە نهێنییەكانی بەریتانیا باس لە ناكۆكییە سنورییەكانی نێوان كوەیتو عێراق دەكەن، ئەم بەڵگەنامانە لە 7 بەرگ پێكهاتوون كە هەر بەرگێكیان 700 لاپەڕەیەو ناكۆكییە سنورییەكانی نێوان كوەیتو عێراق لە ساڵی 1830 تاوەكو ساڵی 1994 لەخۆدەگرن". بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ناكۆكی لەبارەی هەردوو دوورگەی (بۆبیان)و (وەربە) كە كوەیت دەستی بەسەردا گرتوون، خاڵی سەرەكی ناكۆكی مێژووی دورو درێژی نێوان هەردوو وڵاتە. ساڵی 1961 كاتێك بەریتانیا پاراستنی خۆی لەسەر كوەیت هەڵگرت، عەبدولكەریم قاسم سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق وتی:" كوەیت بەشێكە لە عێراقو لێی جیاناكرێتەوە"، چونكە لەسەردەمی عوسمانییەكاندا كوەیت بەشێك بووە لە پارێزگای بەسرە. عێراق هەڕەشەی ئەوەی دەكرد سەروەری خۆی بەسەر كوەیتدا بسەپێنێت، بەڵام دواتر بڵاوبوونەوەی هێزی بەریتانیی لە كوەیت، عێراقی ناچار كرد پاشەكشێ بكات. سەرباری ئەوەی رژێمە سیاسییەكانی دواتری عێراق دەستیان لەم بانگەشانە هەڵگرتو دانیان بە سەربەخۆیی كوەیتدا نا، بەڵام حزبی بەعس كاتێك دەسەڵاتی گرتەدەست، بە فەرمی دانی نەنا بە سنوری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتدا، لەگەڵ ئەمەشدا هیچ رووداوێكی گەورەی پەیوەندیدار بە ناكۆكییە سنورییەكان تاوەكو ساڵی 1990 رووی نەدا، لەو ساڵەدا عێراق بەدەست قەیرانی ئابوری دوای كۆتایهاتنی جەنگی ئێرانەوە دەیناڵاند، ئیتر لێرەوە سەردەمێكی نوێی ناكۆكی لەگەڵ كوەیت دەستیپێكرد. تەموزی 1990 سەددام حسێن سەرۆكی پێشووی عێراق هەریەكە لە كوەیتو ئیماراتی عەرەبی تۆمەتبار كرد بەوەی پابەند نین بەو پشكەی كە رێكخراوی ئۆپێك بۆ وڵاتانی ئەندامی دیاریكردووە لەبواری بەرهەمهێنانی نەوتو، نەوتی خاو زیاتر هەناردە دەكەن، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی نرخی نەوتو عێراق بێبەش بووە بە داهاتەكانی زێڕی رەش. لە پاڵ ئەمەدا، سەددام بانگەشەی ئەوەی دەكرد كوەیت نەوتی خاو لە كێڵگەی (رومێلە) دەدزێت كە دەكەوێتە سەر سنوری نێوان عێراقو كوەیتەوە، هاوكات داوای ئەوە دەكرد كوەیت دەستبەرداری هەردوو دوورگەی (بۆبیان)و (وەربە) ببێت بۆ عێراق. لە 2ی ئابی 1990دا، هێزێكی عێراقی كە لە (100 هەزار) سەرباز پێكهاتبوو، لە سنوری عێراقەوە بەرەو كوەیت پەڕییەوە، توانی لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا بگاتە پایتەختی كوەیت. كاتێك یەكەكانی گاردی كۆماری عێراق بەرەو پایتەختی كوەیت دەرۆیشتن، هێزە تایبەتەكانی عێراق ئەركی پاراستنی پێگە سەرەكییەكانیان دەگرتە ئەستۆ، لەوانە هەردوو دوورگەی (بۆبیان)و (وەربە)و بواری ئاسمانی كوەیتو كۆشكی میری كوەیتو جێنشینەكەی. ئاسایبوونەوەی دۆخەكە دوای هێرشەكەی سەددام كە لە شوباتی ساڵی 1991دا كۆتایی پێهاتو بەهۆی دەستوەردانی نێودەوڵەتییەوە بە سەرۆكایەتی ئەمریكا هێزەكانی عێراق لە كوەیت كشانەوە، لە ساڵی 1993دا نەتەوە یەكگرتووەكان سنوری وشكانیو ئاوی نێوان عێراقو كوەیتی دیاریكرد. سەرباری ئەمە، نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو سزایانەی هەڵنەوەشاندەوە كە ساڵی 1990 بەهۆی هێرش بۆسەر كوەیت بەسەر عێراقیدا سەپاند تاوەكو ساڵی 2010، واتا دوای حەوت ساڵ لە روخانی رژێمی بەعس. دوای كەوتنی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا، پەیوەندی نێوان كوەیتو عێراق وردە وردە بەرەو ئاسایبوونەوە رۆیشتو پەیوەندی دیپلۆماسی نێوانیان دەستیپێكردەوە. لە رابردوودا بەرپرسانی عێراقی ئامادەیی خۆیان بۆ داننان بە سنوری وشكانی لەگەڵ كوەیت نیشانداوە، بەڵام سنوری دەریایی هێشتا خاڵی ناكۆكی نێوانیانە، بەغداد دەیەوێت دیاریكردنی سنوری ئاوی گرەنتی ئەوەی پێبدات كە بتوانێت بگاتە ئاوەكانی كەنداو، چونكە لەڕووی ئابوریو هەناردەی نەوتەوە پێویستی بەم گەرەنتییە هەیە. حكومەتی ئێستای عێراق كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دەكات، هەوڵی لێكنزیكبوونەوە لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی دەداتو دەیەوێت لەبواری هاوكاری ئابوریو روبەڕووبونەوەی ماددە هۆشبەرەكاندا پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەهێز بكات. لە چەند مانگی رابردوودا، عێراق پێشوازی لە چەندین بەرپرسی باڵای وڵاتانی هاریكاری كەنداو كردووە، لەناویاندا سەردانی وەزیری دەرەوەی كوەیت لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا. لە سەردانەكەیدا، وەزیری دەرەوەی كوەیت بەڕوونی ئاماژەی بەوەدا كە بۆ پرسی دیاریكردنی سنوری ئاوی لەگەڵ عێراق سەردانی بەغدادی كردووە، بەڵام فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بەگشتی باسی لە دۆسیە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات دەكرد لەوانە كێڵگە هاوبەشەكانی نەوتو روبەڕووبونەوەی مافیاكانی ماددەی هۆشبەرو دۆخی ژینگە. وەزیری دەرەوەی كوەیت ئاشكرایكرد، رۆژی 14ی ئەم مانگە لیژنەی هونەریی لە بەغداد كۆدەبێتەوە بۆ تەواوكردنی راوێژ لەبارەی دیاریكردنی سنوری ئاویی نێوان هەردوو وڵات". سروشتی جوگرافی ساڵح موتێری كە لێكۆڵەرێكی سیاسی كوەیتی دەڵێ:" كێشەی گەورەی سنوری دەریایی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە دورگەكانی بۆبیانو وەربە دەكەونە بەردەم رێڕەوە گرنگە ئاوییەكانی عێراقەوە". ئەم دورگانە دانیشتوانیان تێدا نییەو لەسەری كەنداوەكەدا هەڵكەوتوون بە دورییەكی كەم لە خاكی هەردوو وڵاتەوە، بۆبیان بەگەورەترین دورگەی كوەیت دادەنرێت كە روبەرەكەی دەگاتە (863 كیلۆمەتر)ی چوارگۆشە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت یەك لەسەر سێی خاكی كوەیت پێكدەهێنێت (بەگوێرەی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا). بەڵام دورگەی (وەربە) بچوكترەو دەكەوێت دووری نزیكەی (100 مەتر) لە خۆرهەڵاتی خاكی وشكانی كوەیتو یەك كیلۆمەتر لە باشوری خاكی وشكانی عێراق لەنزیك دەمی شەتول عەرەب، روبەرەكەی بەتێكڕا (37 كیلۆمەتر)ی چوارگۆشەیە (ئەمە بەپێی قسەی هەمان ئاژانسی ئەوروپی). موتێری دەڵێ" عێراق نایەوێت دان بەم سروشتە جوگرافیەدا بنێت هاوشێوەی فراوانكردنی رێڕەوە ئاوییەكان.. عێراق ماوەیەكی دورو درێژە داوای ئەم دوورگانە دەكات، بەڵام دەستبەرداربوون لێیان لەلایەن كوەیتەوە سەختە". لەبەرامبەردا، مەناف موسەوی سەرۆكی سەنتەری بەغداد بۆ توێژینەوە دەڵێ:" كوەیت دەیەوێت خۆی بخزێنێتە قوڵایی عێراقو ناوچەیەكی زۆر هەیە كە لەدوای جەنگو پرۆسەی دیاریكردنی سنورەوە كوەیت لە عێراقی بردووە". موسەوی ئاماژە بەوەدەكات" هەوڵی دیاریكردنی سنور رەنگە ئامانج لێی ئەوە بێت جوڵەی گواستنەوەی دەریایی هەراسانو بەرتەسك بكرێتەوەو ئاستی قوڵایی دیاری بكرێت، هەروەك پەیوەندیداریشە بە پرۆسەی بەندەری موبارەكی كوەیتەوە كە بێدەنگی لێكراوە". ساڵی 2011 كوەیت داواكاری عێراقی بۆ راگرتنی پرۆسەی دروستكردنی بەندەری "موبارەكی گەورە" رەتكردەوەو دەستی بەو پرۆژەیە كرد لە دورگەی بۆبیان، كە عێراق پێیوایە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەشێكی زۆر لە ئاوە نێودەوڵەتییەكانی لە كەنداودا. بەڵام دوای مشتومڕێكی سیاسی زۆر كە زیاتر لە دوو ساڵی خایاند، ساڵی 2013 هەردوو وڵات گەیشتنە رێككەوتن لەبارەی رێكخستنی پرۆسەی كەشتیەوانی لە (خور عەبدوڵا) كە دەكەوێتە سەر كەنداو. "پراگماتی" كارەكانی بنیادنانی پرۆسەی بەندەری "موبارەكی گەورە" كە بەهاكەی زیاتر لە (ملیارێك) دۆلارە، تائێستا تەواو نەبووە، ئەمەش دوای ناكۆكی نێوان عێراقو كوەیت لە یەك دەیەی رابردوودا. موتێری وتی:" ئەوەی كوەیت دەستیكردووە بە تەواوكردنی قۆناغەكانی تری دروستكردنی بەندەری موبارەكی گەورە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی جۆرێك لە بەرەوپێشچوون هەیە لە دانوستانی نێوان هەردوو وڵاتدا". لەگەڵ ئەمەشدا موسەوی بە ئاڕاستەی پێچەوانەدا دەڕواتو دەڵێ:" كوەیت زیاتر بایەخ بەم بابەتە دەدات، چونكە دەیەوێت عێراق لەبارەی سنوری كەنداوی عەرەبییەوە بخاتە دۆخێكی شەرمەزاركەرەوە". "كۆتایهێنان بەم كێشەیە كە پەیوەندیدارە بە سەروەری عێراقەوە، لەم كاتە كەمەدا، سەرباری ئەوەی لەو هەموو ساڵەدا هیچ چارەسەرێكی بۆ نەدۆزراوەتەوە، زۆر سەختە" موسەوی وا دەڵێ. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەكاتی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی كوەیتدا رایگەیاند" جەخت لەسەر ئەوە كراوە كۆتایی بە بابەتەكانی سنوری بهێنرێت". لەمڕووەوە موتێری دەڵێ:" پراگماتیزم بەسەر هەردوولادا زاڵە" دەستپێكردنەوەی دانوستان لەم مانگەدا ئاماژەیە بۆ ئەگەری "گەیشتن بە دەرەنجامێك"ی بەرجەستە بۆ چارەسەركردنی ئەم ناكۆكییە. سەرچاوە: الحرة
(درەو): 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی تەمووزی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (8 ملیارو 1293 ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (106 ملیۆن و 755 ھەزارو 169 ) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 444 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (77,69) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی حوزەیرانی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 115ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (100ملیۆن و 59ھەزارو 52) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 335ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (71,11) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ئایاری نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 306ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (102 ملیۆن و 436ھەزارو 387) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 305ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (71,3) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی نیسانی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 796ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت ( 98 ملیۆن و 634 ھەزارو 947) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 288 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (79) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.
درەو: 🔻 ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، داتاکانی خۆی لەسەر ئاستی (15) پارێزگاکەی عێراق تایبەت بە ژمارەی (هاوسەرگیری و جیابوونەوە) بۆ مانگی حوزەیرانی (2023) بڵاو کردەوە، بەپێی ئامارەکە لە مانگی (6)دا؛ 🔹 (25 هەزار و 687) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (22 هەزارو 688) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار 999) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. 🔹 (5 هەزار و 880) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (4 هەزارو 431) حاڵەتیان لە دادگاکان و (هەزار 449) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. 🔹 بە هەڵدانەوەی ئامارەکانی مانگەکانی پێشووی ئەمساڵ، حاڵەتەکان لە نیوەی یەکەمی (2023)دا دەگاتە (152 هەزار و 161) هاوسەرگیری تۆمارکراو و (36 هەزار و 251) حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران، واتا رێژەی جیابوونەوە 24% ئامارەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە عێراق بۆ نیوەی یەکەمی 2023 رۆژی (26/7/2023) ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، داتاکانی خۆی لەسەر ئاستی (15) پارێزگاکەی عێراق تایبەت بە ژمارەی (هاوسەرگیری و جیابوونەوە) بۆ مانگی حوزەیرانی (2023) بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە، کە (25 هەزار و 687) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (22 هەزارو 688) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار 999) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات (5 هەزار و 880) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (4 هەزارو 431) حاڵەتیان لە دادگاکان و (هەزار 449) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. بە هەڵدانەوەی ئامارەکانی مانگەکانی پێشووی ئەمساڵ حاڵەتەکان لە نیوەی یەکەمی (2023)دا دەگاتە (152 هەزار و 161) هاوسەرگیری تۆمارکراو و (36 هەزار و 251) حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران. بە جۆرێک؛ لە کانونی یەکەمی 2023 دا، (25 هەزار و 406) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (22 هەزارو 300) گرێبەستیان لە دادگاکان و (3 هەزار 106) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هەر لە هەمان ماوەدا (6 هەزار و 335) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (4 هەزارو 907) حاڵەتیان لە دادگاکان و (هەزار 428) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. لە کانونی شوباتی 2023 دا، (27 هەزار و 510) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (22 هەزارو 16) گرێبەستیان لە دادگاکان و (5 هەزار 494) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. لەگەڵ ئەوەشدا (6 هەزار و 147) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (4 هەزارو 641) حاڵەتیان لە دادگاکان و (هەزار 506) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. لە مانگی ئازاری 2023 دا، (27 هەزار و 613) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (24 هەزارو 376) گرێبەستیان لە دادگاکان و (3 هەزار 237) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات (6 هەزار و 518) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (4 هەزارو 833) حاڵەتیان لە دادگاکان و (هەزار 685) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. لە مانگی نیسانی 2023 دا، کەمترین ڕێژەی هاوسەرگیری تۆمارکراوە بەراورد مانگەکانی دیکەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، بەجۆرێک؛ (17 هەزار و 105) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (14 هەزارو 786) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار 319) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. بە هەمان شێوەی ئامارەکانی هاوسەرگیری کەمترین ڕێژەی جیابوونەو لەم مانگەدا تۆمار کراوە کە بریتی بووە لە؛ (4 هەزار و 643) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (3 هەزارو 317) حاڵەتیان لە دادگاکان و (هەزار 326) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. بە پێچەوانەی مانگی نیسان لە مانگی ئایاری 2023 دا، بەرزترین ڕێژەی هاوسەرگیری تۆمارکراوە بەراورد مانگەکانی دیکەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، بەجۆرێک؛ (28 هەزار و 840) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (25 هەزارو 610) گرێبەستیان لە دادگاکان و (3 هەزار 230) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. بە هەمان شێوەی ئامارەکانی هاوسەرگیری بەرزترین ڕێژەی جیابوونەو لەم مانگەدا تۆمار کراوە کە بریتی بووە لە؛ (6 هەزار و 728) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (4 هەزارو 932) حاڵەتیان لە دادگاکان و (هەزار 796) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. بەم پێیە وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا لەگەڵ مانگی حوزەیراندا، حاڵەتەکان (هاوسەرگیری و جیابوونەوە) لە نیوەی یەکەمی (2023)دا دەگاتە (152 هەزار و 161) هاوسەرگیری تۆمارکراو و (36 هەزار و 251) حاڵەتی جیابوونەوە. (بڕوانە خشتە و چارتی هاوپێچ)
(درەو): دوای چەند مانگێك بێدەنگی، سەرەتای ئەم هەفتەیە ناكۆكییەكی نوێ لەنێوان سەدرو مالیكی سەریهەڵدا، لایەنگرانی سەدر ژمارەیەك بارەگای حزبەكەی مالیكییان سوتاند، تۆمەتباری دەكەن بەوەی لەپشت ئەو كەسانەوەیە كە جنێو بە كۆچكردووی باوكی موقتەدا سەدر دەدەنو پێی دەڵێن لە سەردەمی رژێمی پێشوودا پەیوەندی لەگەڵ حزبی بەعس هەبووە، مالیكی رەتیدەكاتەوە ئاگادار بێت، داوای "بەڵگە" دەكات، ئەم ناكۆكییە وایكردووە جوڵەیەك دروست ببێت بۆ دەركردنی یاسایەك بەمەبەستی قەدەغەكردنی جنێودان بە مەرجەعیەتە ئاینییەكان. دیسان بارەگا سوتاندن موقتەدا سەدر ئیدانەی هێرشێكی كرد كە بارەگای گروپێكی چەكداری شیعەی لە نەجەف كردە ئامانج، هۆشداریدا لەوەی وڵات بەرەو "فیتنەی شیعە- شیعە" كێش بكرێت، ئەمە دوای رۆژێك لە هێرشی لایەنگرانی بۆسەر بارەگاكانی حزبی دەعوە هات لە چەند پارێزگایەك. لە تویتێكدا، جارێكی تر سەدر داوای دەركردنی یاسایەكی كرد بۆ قەدەغەكردنی "جنێودان بە زانایان"، ئەمە لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتانەی كە سەدرییەكان ئاڕاستەی هەندێك لایەنی ناو حزبی دەعوەی دەكەن لەبارەی "جنێودان بە باوكی موقتەدا سەدر"، واتا كۆچكردوو (محەمەد سادق سەدر)ی مەرجەعی شیعەكان. موقتەدا سەردانی بارەگای بزوتنەوەی " أنصار الله اڵاوفیاو"ی كرد، كە لە نەجەف روبەڕووی هێرش بووەوە. پاش چەند مانگێك لە ئارامییەكی رێژەیی، لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە، جارێكی تر ئاڵۆزییەكان بۆ چەند پارێزگایەكی عێراق گەڕایەوە، ئەمەش نیگەرانی دروستكرد سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی نائارامی ئەمنیی، كە بەردەوام بەهۆی ململانێ سیاسییەكانەوە سەرهەڵدەداتەوە. ژمارەیەك كەس كە دروشمی پشتیوانییان بۆ موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر دەوتەوە، هێرشیانكردە سەر بارەگاكانی حزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی، لە بەغدادو چەند شارێكی تر، گرتە ڤیدیۆییەكان دەریدەخەن هێرشبەرەكان هەندێك لە بارەگاكانیان سوتاندووە، هەندێك لە هێرشبەرەكانی تر كە زۆرینەیان دەمامكیان كردووە، تەنیا بەوە راوەستان بارەگاكان دابخەنو لەسەر دیوارەكان بنوسن "ئەم بارەگایە بە فەرمانی ئال سەدر داخراوە". هەندێك كەسی تر لە گرتەكاندا دەردەكەون وێنەی نوری مالیكی دەسوتێننو دروشمی پشتیوانی بۆ سەدر دەڵێنەوە. نزار حەیدەر بەڕێوەبەری سەنتەری میدیایی عێراق لە واشنتۆن دەڵێ:" هۆكاری تەقینەوەی تەنگژەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، یەكێك لە كەسە دیارەكانی حزبەكەی مالیكی بە خراپە باسی سەدری دووەم (باوكی موقتەدا سەدر)ی كردووە". نزار حەیدەر بە سایتی " الحرە "ی وتووە:" وەك دەزانین ئەم بابەتە هەستیارو مەترسیدارە، نەدەبوو هیچ كەسێك لەم بابەتە تێوەبگلێت چ جای یەكێك لە كەسە دیارەكانی حزبەكەی مالیكی". چی روویدا ؟ لە 15ی ئەم مانگە، حەسەن عەزاری سەركردەی رەوتی سەدر كە یەكێكە لە كەسە نزیكەكان لە موقتەدا سەدر، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تیلیگرام نوسینێكی بڵاوكردەوە، تێیدا هێرشی كردەسەر ئەوانەی رەخنە لە مەرجەعی كۆچكردووە محەمەد سادق سەدری باوكی موقتەدا سەدر دەگرن. عەزاری حزبی دەعوەو "هەندێك كەسی ئۆپۆزسیۆنی لە تاراوگە" تۆمەتبار كرد بەوەی، بانگەشەی ئەوە دەكەن مەرجەعی كۆچكردووە تاوەكو بەر لە رووخانی رژێم لە 2003دا پەیوەندی لەگەڵ حزبی بەعسدا هەبووە. عەزاری داوایكرد، یاسایەك دەربچێت بۆ بەتاوانناساندنی "تۆمەتباركردنی سەید سەدرو سوكایەتیپێكردنو جنێودان بەو مەرجەعە". نزار حەیدەر باس لەوە دەكات، پێدەچێت نوسینەكەی عەزاری پەیوەندی بەو گفتوگۆیانەوە هەبێت لە كە ئەپلیكەیشنی Club House بڵاوكراونەتەوەو تێیدا هەندێك كەس جنێویان بە سەدری باوك داوە. هاوكات لەگەڵ نوسراوەكەی عەزاریدا، لەماوەی دوو رۆژدا هێرشكرایە سەر ژمارەیەك بارەگای حزبی. بەڵام حزبی دەعوە لە بەیاننامەیەكدا رەتیكردەوە هیچ سوكایەتیەك بە سەدر كرابێت، داوایكرد "بەڵگە" بخرێتەڕوو و بزانرێت كێیە جنێو و سوكایەتی كردووە، هێرشكردنی بۆسەر بارەگاكانی بە "بێ بەهانە لەڕووی یاساییو شەرعیو سیاسی"یەوە ناوبرد. لە بەیاننامەكەیدا حزبی دەعوە هۆشداری دەداتو دەڵێ" ئێمە دەتوانین پارێزگاری لە بارەگاكانمان بكەینو بەرگری لەخۆمان بكەین، بەڵام داوا لە هێزە ئەمنییەكانی حكومەت دەكەین بە بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن". هاوكات مالیكی لە بەیاننامەیەكدا كە نوسینگەكەی بڵاویكردەوە، هۆشداری دەدات لە" پیلانگێڕی دوژمنانو هەوڵەكان بۆ تێكەڵكردنی كارتەكان". یەكێك لە نزیكەكانی سەدر، كە خاوەنی پەیجی "ساڵح عێراقی"یەو بەناوی رێبەری رەوتی سەدرەوە قسە دەكات، دانی بەوەدا نا هێرشەكان " شۆڕشێكی عاتفی خۆكرد بووە بۆ بەرگری لە مەرجەعیەتەكان" لەلایەن لایەنگرانی رەوتی سەدرەوە. جەخت لەسەر دەركردنی یاسایەك دەكاتەوە بۆ رێگریكردن لە سوكایەتیكردن بە زانایانی ئاینیی، هەروەك هێرش دەكاتە سەر مالیكیو رەوتی " بشائر الخیر"ی سەربە مالیكیو بە " بشائر الشر" ناویان دەبات. رۆژی دوو شەممە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات رایگەیاند، پرۆژەیاسایەك پێشكەش دەكات بۆ بەتاوانناساندنی دەستدرێژیكردن بۆسەر مەزارگە ئاینییەكانو پەرەستگاو مەرجەعیەتە ئاینییەكان، ئەمە لەپاڵ پرۆژەیاسایەكی تر بۆ قەدەغەكردنی پەلاماردانی بارەگای حزبەكانو چەند پرۆژەیاسایەكی تر لەنێویاندا یاسای قەدەغەكردنی هاوڕەگەزبازیی. بنەڕەتی ناكۆكییەكە ناكۆكی نێوان مالیكیو سەدر نوێ نییە، لەماوەی نزیكەی دوو دەیەی رابردوودا، ئەم دوو كەسە هەندێك جار بە نهێنیو هەندێكی جاری تر بە ئاشكرا دوژمنایەتی یەكتریان كردووە. دوای هەڵبژاردنەكەی ئۆكتۆبەری 2021، ناكۆكییەكان زیاتر بوون، بەتایبەتیش كاتێك رەوتی سەدر هەستی كرد مالیكی رۆڵێكی خراپی گێڕاوە لە گۆڕینی هاوكێشەی براوەو دۆڕاوی هەڵبژاردنو ئەمەش بە پەراوێزخستنی رەوتی سەدر وەكو براوەی هەڵبژاردن كۆتایی هاتو رێگەی پێنەدرا كابینەی حكومەت دروستبكات. ئەم دۆخە وایكردووە، كەسێكی وەكو نزار حەیدەر دۆخەكە وەكو ئاگری ژێر خۆڵەمێش پێناسە بكات، كە دەكرێت لە هەر ساتێكدا بە هەر هۆكارێك لە شەقامدا بتەقێتەوە. رەوتی سەدر زۆرینەی كورسییەكانی لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بەدەستهێنا، بەڵام نەیتوانی زۆرینە پێكبهێنێتو سەرۆك وەزیران كاندید بكات، ئەمەش دوای ئەوەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە (مالیكی- عامری- عەبادی- خەزعەلی- فالح فەیاز- عەممار حەكیم) توانیان لەگەڵ لایەنە كوردیو سوننەكاندا بگەنە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەت. لە دەرەنجامی ئەمەدا، زیاتر لە 70 پەرلەمانتاری سەدر لە پەرلەمان كشانەوە، ئەمە وایكردووە هەندێك لە چاودێران پێشبینی ئەوە دەكەن بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش نەكات كە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.
(درەو): نوێنەری باڵیۆزخانەی ڤاتیكان چووەتە لای سەرۆك كۆمارو وتویەتی وەكو باڵیۆزخانە كێشەمان لەگەڵ ئەو رێوشوێنە نییە كە گرتوتانەتەبەر، بەڵام ژمارەیەك قەشە لە ناوخۆو دەرەوەی عێراقو كوردستان نامەیەكیان بۆ سەرۆك كۆمار ناردووەو تێیدا دەڵێ" نە لەتیف بووی نە رەشید". كاردانەوەكان دژی هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی ژمارەی (147) لەلایەن لەتیف رەشیدی سەرۆك كۆماری عێراقەوە تا دێت توندتر دەبن، مەرسومێك كە ساڵی 2013 دەرچووەو تێیدا لویس ساكۆ وەكو پاتریاكی كلدانەكان لە عێراقو جیهان ناسراوەو دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی وەقفەكانی كلدانی لە عێراق پێدراوە. ئەمڕۆ (چارلز لاوانگا) كاربەڕێكەری باڵۆزخانەی ڤاتیكان لە بەغداد سەردانی سەرۆكایەتی كۆماری كردو لەتیف رەشیدی بینی. بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی كۆمار، لەم دیدارەدا نوێنەرەكەی باڵیۆزخانەی ڤاتیكان وتویەتی" ئێمە وەكو باڵیۆزخانە هیچ تێبینییەكمان لەبارەی رێوشوێنەكانی سەرۆكایەتی كۆمارەوە نییە". سەرۆك كۆمار لە دیدارەكەدا، هەمان بەهانەكانی پێشتری لەبارەی كشاندنەوەی مەرسومی ژمارە (147) خستوەتەڕوو، رایگەیاندووە" كشاندنەوەی مەرسومەكە نابێتەهۆی دەستبردن بۆ دۆخی ئاینییو یاسایی كاردیناڵ لویس ساكۆ، بەوپێیەی ئەو لەلایەن پاپاوە وەكو پاتریاكی كڵێسای كلدانی لە عێراقو جیهان دانراوە". "كشاندنەوەی مەرسومەكە بۆ راستكردنەوەی دۆخی دەستورییە، چونكە ئەو مەرسومە پێشتر بەبێ هیچ پاڵپشتییەكی دەستوریو یاسایی دەركراوەو سەرۆكی كڵێساكانی تریش داوای دەكەن" سەرۆك كۆمار وای بە نوێنەرەكەی ڤاتیكان وتووە. مەرسومی ژمارە (147) لەسەردەمی سەرۆكایەتی مام جەلالدا دەرچووە، ئەم مەرسومە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی وەقفی مەسیحییەكان دەدات بە لویس ساكۆ، ئێستا ناكۆكییەكە لەسەر بابەتی بەڕێوەبردنی وەقفەكانە، رەیان كلدانی سەرۆكی بزتنەوەی (بابلیۆن) كە هێزێكی سیاسی مەسیحییەكانەو لەچوارچێوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی شیعەدایە، دەیەوێت ئەم دەسەڵاتە لە لویس ساكۆ وەربگرێتەوە، ساكۆ لەمە توڕە بووەو سەرۆك كۆمار تۆمەتبار دەكات بەوەی لەبەرژەوەندی رەیان كلدانی بڕیارێكی هەڵوەشاندوەتەوە كە مام جەلال دەریكردووە. ئەم كێشەیە رەهەندی دەرەكیشی وەرگرتووە، ئەمڕۆ ژمارەیەك قەشە لەناوخۆو دەرەوەی عێراق پەیامێكیان بۆ لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق نارد، تێیدا دەڵێن: • ئەوەی كردت بۆ بەئامانجگرتنی مەرجەعیەتی كڵێسا كلدانییە باڵاكەمان لە عێراقو جیهان، هیچ نییە جگە لە سوكایەتیكردن بە گەلەكەمانو بەكەم سەیركردنی پیرۆزیی سیمبولەكانمان. • عەبدوللەتیف رەشید ئەی باوكی عێراق، بڕیارەكەت نە لەتیف بوو نەرەشید. • داواتان لێدەكەین بڕیارەكەتان بۆ كشاندنەوەی مەرسومی كۆماری لە پاتریاك لویس ساكۆ هەڵوەشێننەوە.. ئێمە پاشەكشێ ناكەین لە بەرگریكردن لە مافەكانی ساكۆو رۆڵەكانی كڵێساكەمانو وەقفە تاڵانكراوەكەی. • پێمانوایە ئەم بڕیارە دراسەكراو نییەو نابەرپرسانەیە. • ئەم بڕیارە رۆژ لەدوای رۆژ بەهۆی دەرەنجامەكانییەوە خراپتر دەبێتو رەنگە بتەقێتەوەو مەترسی دروستبوونی فیتنەی تائیفی لێبكەوێتەوە. • ئیتر بەسە ستەم لەدژی گەلی ئاشتیخوازی مەسیحی، بەسە ملكەچبوون لەبەردەم هاوپەیمانێتییە بێبەزەییەكان، كە وڵاتو هاوڵاتی دەبنە قوربانی. ئەوانەی ئیمزایان لەسەر ئەم پەیامە بۆ سەرۆك كۆمار كردووە بریتین لە: - قەشە تۆما میرم، ئورمیە- ئێران - قەشە فرەنسیس قلابات، دیترۆیت- ئەمریكا - قەشە عەمانوێل شلیتا، كالیفۆرنیا- ئەمریكا - قەشە رەمزی كەرمو، ئیستانبوڵ- توركیا - قەشە سەبری ئەنار، ئیستانبوڵ- توركیا - قەشە فیلیكس شابی، زاخۆ- كوردستان - قەشە باسیلیۆس یلدو، بەغداد- عێراق - قەشە میخائیل نەجیب میخائیل، موسڵ- عێراق بۆ خوێندنهوهی زانیاری زیاتر لهبارهی ئهم كێشهیه، كلیك لهسهر راپۆرتی پهیوهندیدار بكهن: لەتیف رەشید لە ململانێی (ساكۆ)و (رەیان كلدانی)دا
شیكاری: درەو 🔻 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق؛ 🔹 لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2023)دا؛ عێراق زیاتر لە (595 ملیۆن و 571 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 290 هەزار) بەرمیل. لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە (597 ملیۆن و 540 هەزار) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 302 هەزار) بەرمیل فرۆشتبوو. 🔹 لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی نەوتی عێراق بە (74.5) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی پار بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت درابوو بە (102.7) دۆلار. 🔹 کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لە نیوەی یەکەمی (2023)دا (44 ملیار و 471 ملیۆن و 806 هەزار) دۆلار بووە. لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) گەیشتبووە (61 ملیار و 486 ملیۆن و 330 هەزار) دۆلار. واتە لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بڕی (17 ملیار و 114 ملیۆن و 524 هەزار) دۆلار و بە ڕێژەی (28%) داهاتی نەوت کەمی کردووە. یەکەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2023)دا بڕی (595 ملیۆن و 571 هەزار و 118) بەرمیل نەوتی لە بازاڕەکانی جیهان ساغکردووەتەوە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 290 هەزار و 746) بەرمیلی فرۆشراو. لە مانگی (ئایار)یشدا زۆرترین بڕی نەوت فرۆشراوە بە قەبارەی (102 ملیۆن و 463 هەزار و 387) بەرمیل نەوت و کەمترینی لە مانگی (شوبات) بووە بە بڕی (92 ملیۆن و 255 هەزار و 610) بەرمیل. هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (74.54) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، بەرزترین نرخێکیش تۆمار کرابێت لە مانگی (نیسان) بووەو بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای مانگەکە بە سەروو (78) دۆلار فرۆشراوە، بە درێژایی بە درێژایی هیچ یەک لەم شەش مانگە تێکڕای نرخی نەوت نەهاتووەتە خوار (71) دۆلارەوە. هەر بەپێی داتاکان کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (44 ملیار و 371 ملیۆن و 806 هەزار) دۆلار. مانگی (نیسان)یش گەورەترین داهاتی نەوتی تێدا کۆکراوەتەوەو گەیشتووە بە سەروو (7 ملیار و 699 ملیۆن) دۆلار، هیچ مانگێکی ساڵەکەش داهاتی نەوتی فرۆشراو دانەبەزیوە بۆ خوار (7 ملیار) دۆلار. دووەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2022 بە گەڕانەوە بۆ ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (2)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2022)دا بڕی (597 ملیۆن و 540 هەزار و 781) بەرمیل نەوتی فرۆشتبوو، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 302 هەزار و 340) بەرمیلی فرۆشراو. لە مانگی (ئایار)یشدا زۆرترین بڕی نەوت فرۆشراوە بە قەبارەی (102 ملیۆن و 303 هەزار و 20) بەرمیل نەوت و کەمترینی لە مانگی (شوبات) بووە بە بڕی (92 ملیۆن و 286 هەزار و 78) بەرمیل نەوتی خاو. هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لە شەش مانگی یەکەمی (2022)دا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (102.72) دۆلاری ئەمریکی فرۆشرابوو، بەرزترین نرخێکیش تۆمار کرابێت لە مانگی (حوزەیران) بووەو بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای مانگەکە بە (112.21) دۆلار فرۆشراوە، نزمترین نرخێکیش نەوتی پێ فرۆشرابێت مانگی (کانونی دووەم) بووەو بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی تێدا دراوەتە (83.8) دۆلار. هەر بە گەڕانەوە بۆ داتاکانی نیوەی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (61 ملیار و 486 ملیۆن و 330 هەزار) دۆلار. مانگی (ئایار)یش گەورەترین داهاتی نەوتی تێدا کۆکرابوویەوەو گەیشتبووە (11 ملیار و 477 ملیۆن و 496 هەزار) دۆلار، کەمترین داهاتیش لە نیوەی یەکەمی (2022)دا لە مانگی (کانونی دووەم)دا بووەو بڕی (8 ملیار 322 ملیۆن و 679 هەزار) دۆلار داهاتی گشتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بووە. سێیەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023 بەراورد بە نیوەی یەکەمی 2022 وەک ئاماژەمان پێدا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2023)دا؛ عێراق لە (595 ملیۆن و 571 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی (3 ملیۆن و 290 هەزار 746) بەرمیل. لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو (597 ملیۆن و 540 هەزار 781) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای رۆژانەی لە (3 ملیۆن و 302 هەزار 340) بەرمیل فرۆشتبوو. بەم پێیەش بە تێکڕا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ تەنها بڕی (ملیۆنێک و 969 هەزار و 663) بەرمیل بە ڕێژەی (0.3%) نەوتی هەناردەکراو کەمی کردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2022). (بۆ وردەکاری تێکڕای بڕی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (1)) هەرچی دەربارەی تێکڕای نرخی نەوتی خاوی عێراقە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی نەوتی عێراق بە (74.5) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی پار بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت درابوو بە (102.7) دۆلار. بەو واتایەی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوت بڕی (28.17) دۆلار و بە ڕێژەی (27%) بەهاکەی لە دەستداوە. (بۆ وردەکاری تێکڕای نرخی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (2)). بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لە بازاڕەکانی جیهان، کاریگەری گەورەی لەسە داهاتی گشتی نەوتی عێراق جێهێشتووە، بە جۆرێک؛ کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لە نیوەی یەکەمی (2023)دا (44 ملیار و 471 ملیۆن و 806 هەزار) دۆلار بووە. لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) گەیشتبووە (61 ملیار و 486 ملیۆن و 330 هەزار) دۆلار. واتە لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بڕی (17 ملیار و 114 ملیۆن و 524 هەزار) دۆلار و بە ڕێژەی (28%) داهاتی نەوت کەمی کردووە. (بۆ وردەکاری داهاتی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (3)). سەرچاوەکان؛ ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛
(درەو): دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵای سەرۆك وەزیرانی عێراق، كارپێكردنی ژمارەیەك ماددەو بڕگەی بودجەی راگرت كە پەیوەندیدارن بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانو خانەنشینانو تەرخانكردنی پارە بۆ پارێزگاكان، ئەم راگرتنە تا یەكلابوونەوەی ئەنجامی سكاڵاكان، بەردەوام دەبێت. ماددهكان چین ؟ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق فەرمانی سالاری "ولائی" لەبارەی ژمارەیەك لە ماددەكانی یاسای بودجەی عێراق دەركرد. بەگوێرەی ئەم فەرمانە، هەموو ئەو ماددانەی بودجە كە سكاڵای یاساییان لەسەرە، كارپێكردنیان رادەگیرێت تا ئەوكاتەی سكاڵاكان یەكلایی دەكرێنەوە. رۆژی 3ی ئەم مانگە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سكاڵای لەسەر (12) ماددەی یاسای بودجە لە دادگا تۆماركرد، بەوپێیەی پەرلەمان بەپێچەوانەی دەستورەوە دەستكاری ئەو ماددانەی كردووە. ئەو ماددانەی كە دادگای فیدراڵی فەرمانی سالاری بۆ دەركردوونو جێبەجێكردنی راگرتوون بریتین لە: • ماددەی (28/چوارەم: ا-ب): ئەم مادەیە وەكو ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق پابەند دەكات بەوەی رێژەی (یەك لە هەزار)ی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت (جگە لە وەزارەتی ناوخۆ) ببڕێتو بیخاتە (سندوقی شەهیدان)ەوەو بەگوێرەی یاسای دەزگای شەهیدان بۆ ئەو كەسانەی خەرج بكات كە ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە، بەهەمان شێوە رێژەی (یەك لە هەزار)ی موچەی خانەنشینی بۆ ئەم مەبەستە ببڕدرێت. سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر ئەم دوو بڕگەی یاسای بودجە تۆماركردووەو دەڵێ" ئەمە پێچەوانەی سیاسەتی دەوڵەتە كە دەیەوێت قورسایی لەسەر شانی فەرمانبەرانو خانەنشینان كەمبكاتەوە، سەرباری ئەمە یاسای شەهیدانی پۆلیس سەرچاوەی دارایی بۆ سندوقەكە دیاری كردووە، هەروەك رێژەی لێبڕینەكەش لە موچەی فەرمانبەران وەكو ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە ناڕوونەو نازانرێت لە موچەو دەرماڵە پێكەوە دەبڕدرێت ؟ ئایا مانگانەیە یان ساڵانە". • ماددەی (57/ یەكەم-ج): ئەم ماددەیە كە دادگای فیدراڵی كارپێكردنی راگرتووە باس لە دروستكردنی سندوقێك دەكات بۆ وەزارەتی ناوخۆ بەناوی "سندوقی پەرەپێدانو پاڵپشتی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ"، ئەم ماددەی بودجە چەند سەرچاوەیەكی دیاریكردووە بۆ پارەداركردنی سندوقەكە، یەكێك لە سەرچاوەكان بریتییە لە لێبڕینی رێژەی (یەك لە هەزار)ی موچەی كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆیە (بە مەدەنیو سەربازییەوە) بەجۆرێك ئەم لێبڕینە بڕەكەی لە (هەزار دینار بۆ هەر كارمەندێك) زیاتر نەبێت. • ماددەی (65/دووەم)، كاركردن بەم بڕگەی یاسای بودجە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە راگیراوە تا ئەوكاتەی سكاڵاكەی سەرۆك وەزیران یەكلادەبێتەوە، ئەم بڕگەیە دەڵێ" ئەنجومەنی زانكۆكان دەتوانن گرێبەستی هاوبەشیی لەگەڵ كەرتی تایبەتدا بكەن لەبواری دروستكردنی نەخۆشخانەی فێركاریو تاقیگەو كارگەی زانستیو وەبەرهێنانی كشتوكاڵیو ئاژەڵی. سەرۆك وەزیران لە سكاڵاكەیدا، دژی ئەم بڕگەیە، دەڵێ ئەمە دەستوەردانە لە كاری دەسەڵاتی جێبەجێكردن، بەدیاریكراویش ئەنجومەنی وەزیران كە بەرپرسە لە پلانو جێبەجێكردنی سیاسەتی گشتیی دەوڵەت، راكێشانی كەرتی تایبەت بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەی فێركاریو كارگەی زانستی دەكرێت كاردانەوەی نەرێنی لەسەر ئەم كەرتە هەبێت، چونكە كەرتی تایبەت مەحكومە بە بنەمای قازانجو زەرەرەوە. • ماددەی (70/ دووەم)، ئەم ماددەیە كە دادگای فیدراڵی كارپێكردنی راگرتووە باس لە دابینكردنی پارە دەكات لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ پرۆژە تەواوبووەكانی لە پارێزگاكان لەچوارچێوەی پلانی گەشەپێدانی هەرێمەكان لەماوەی (1/1/2023) بۆ (1/6/2023)و ئەم پارانەش وەكو تەرخانكراوی زیادە بۆ پارێزگاكان ئەژمار بكرێت. سەرۆك وەزیران لە سكاڵاكەیدا دەڵێ پەرلەمان بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەت ئەم بڕگەی زیادكردووەو بەپێی دەستور بۆی نییە، چونكە ئەم بڕگەیە لێكەوتی دارایی لەسەر حكومەت بەجێدەهێڵێت، سەرباری ئەمە حكومەت تێبینی لەسەر ئەو میكانیزمە هەیە كە پەرلەمان بۆ پارەداركردن لەم بوارەدا پشتی پێبەستووە، دەڵێ پێوەری حكومەت لەم بوارەدا بریتییە لە خەرجكردنی پارە بۆ ئەو پرۆژانەی كە زۆرترین بەشیان تەواوكراوە. • ماددەی (71)، دادگای فیدراڵی كاركردنی بەم ماددەیەش راگرتووە كە باس لە دەبێت حكومەت تاوەكو رۆژی (30/11/2023) كۆتایی بهێنێت بە بەڕێوەبردنی هەموو فەرمانگەكانی دەوڵەت بەشێوەی وەكالەت، ئەگەر لەدوای ئەو رێكەوتەوە ئەم كارە نەكرا، هەموو تەرخانكراوی داراییو دەسەڵاتی ئیداری لەو فەرمانگانە وەربگیرێنەوە كە بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەدەبرێن. سەرۆك وەزیران لە سكاڵاكەیدا دژی ئەم ماددەیە، دەڵێ ئەمە دەستوەردانی پەرلەمانە لە كاروباری دەسەڵاتی جێبەجێكردنو پێچەوانەی بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانە لە یەكترو ئەم بابەتە بەتەواوتی پەیوەندی بە دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە هەیە نەك دەسەڵاتی یاسادانان. • ماددەی (75)، ئەم ماددەی بودجە كە دادگای فیدراڵی كارپێكردنی راگرتووە دەڵێ" سەبارەت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 315ی ساڵی 2019 تایبەت بە وەزارەتو ئەو لایەنانەی بە وەزارەتەوە نەبەستراون، لەبری رۆژی 31/12/2019 پشت بە 2/10/2019 دەبەسترێت". سەرۆك وەزیران لە سكاڵاكەیدا دەڵێ گۆڕینی ئەو رێكەوتە خۆلادانە لە پرۆژەی حكومەت بۆ راگرتنی گرێبەستو دامەزراندن، ئەگەر پشتی پێ ببەسترێت خەرجی گشتی زیاد دەكاتو بارگرانی دارایی دروست دەبێت. كوردو سكاڵاكەی سودانی سكاڵاكەی سودانی لەبارەی یاسای بودجەوە، هیچ یەكێك لەو ماددانە لەخۆناگرێت كە پەیوەستن بە هەرێمی كوردستانەوە (واتا ماددەكانی 11و 12و 13)، ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێم دەڵێ پەرلەمان دەستكاری رێككەوتنی نێوان هەرێمو بەغدادی كردووە تایبەت بە موچەو نەوت. بەگوێرەی دەستوری عێراق، دوای ناردنی پرۆژە یاسای بودجە لە حكومەتەوە بۆ پەرلەمان، پەرلەمان جگە لە گواستنەوەو كەمكردنەوە، دەسەڵاتی ئەوەی نییە هیچ گۆڕانكارییەك لە دەقەكانی حكومەتدا بكات، سودانی لەسەر ئەم بنەما دەستورییە سكاڵای لەسەر یاسای بودجە تۆماركردووە. دادگای فیدراڵیش بۆ ئەوەی هیچ بارگرانییەك لەسەر فەرمانبەرانو حكومەت دروست نەبێت، بەر لەوەی یاسای بودجە لەم مانگەوە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنی، بەم بڕیارە وەلائییە كاركردنی بە ژمارەیەك لەو ماددەو بڕگانە راگرت كە سەرۆك وەزیران سكاڵای لەسەر تۆماركردوون، تا ئەوكاتەی سكاڵاكە یەكلایی دەبێتەوە.
(درەو): كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراق لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا 86 بیری نەوتی لێداوەو چاكسازی تێدا كردوون. ئەندازیار خالید حەمزە عەباس بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراق رایگەیاند، لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا، تیمە هونەریو ئەندازیارییەكانی كۆمپانیاكەیان توانیویانە 34 بیری نەوت هەڵبكەننو كاری چاككردن لە 52 بیری تردا ئەنجام بدەن. ئاماژە بەوە دەكات، ئەو كارانەی كە 10 پرۆژەدا بۆ سودی كۆمپانیا نیشتمانییەكانی دەرهێنانی نەوتو كۆمپانیا بیانییە كاركەرەكان لە عێراق لە قۆناغی تەواوبووندان، دابەشبوون بەسەر كێڵگەكانی باكورو ناوەڕاستو باشوری عێراق. بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە دەڵێ:" كۆمپانیاكەمان كاری هەڵكەندنی بیری نەوتی (MJ -152)ی بە قوڵایی (3079) مەتر تەواوكردووە، ئەمەش لەچوارچێوەی گرێبەستێكدا لەگەڵ كۆمپانیای نەوتی بەسرە بۆ هەڵكەندنی 43 بیر لە كێڵگەی مەجنون بە هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیای (Halliburton) بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری نەوتیی". باسلەوە دەكات، پرۆسەی هەڵكەندنی بیرەكان لەرێگەی نوێترین ئامێری هەڵكەندەوە ئەنجام دەدرێن كە ئامێری (IDC - 56)ەو تواناكەی (2000) ئەسپە.
شیكاری:درەو بە تێكڕا لە پێنج مانگی یەكەمی (2021) نرخی بەرمیلێك نەوت بە (61.2) دۆلار فرۆشراوە، بەڵام لە (2022) تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (100.7) دۆلار فرۆشراوە، واتە لە هەر بەرمیلێک نەوت بڕی (39.5) دۆلار زیادی کردووە، بەڵام لە ساڵی (2023) دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (75.2) دۆلار فرۆشراوەو هەر بەرمیلێک (25.5) دۆلار و بە ڕێژەی (25.3%) نرخەکەی لە دەست داوە بەراورد بە ساڵی (2022). # کۆی داهاتی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021) دا (27 ملیار) دۆلار بووە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا کۆی داهات هەڵکشاوە بۆ زیاتر لە (50 ملیار) دۆلار، واتە بڕی (23 ملیار) دۆلار داهاتی نەوتی عێراق زیادی کردووە. بەڵام لە هەمان ماوەی ئەمساڵ داهاتی گشتی زۆرتر لە (37 ملیار) دۆلار بووە، واتە بەراورد بە ساڵێک پێشتر بڕی (12.84 ملیار) دۆلار کەمی کردووە. # لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021)، کۆی نەوتی هەناردە کراو، زیاتر بووە لە (441 ملیۆن) بەرمیل، لە هەمان ماوەی ساڵی (2022) کۆی نەوتی هەناردەکراو زیاتر لە (496 ملیۆن) بەرمیل نەوت بووە، واتە هەناردە بە ڕێژەی (12%) زیادی کردووە. کۆی هەناردە لە ساڵی (2023) زیاتر لە (495) بەرمیل بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر هەناردەکردن تەنها بە ڕێژەی (0.17%) کەمی کردووە. یەکەم: پرۆسەی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە (5) مانگی یەکەمی ساڵانی (2021– 2023) پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق وەک لە (خشتەی یەکەم)دا رونکراوەتەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021)، کۆی ئەو نەوتەی هەناردەی بازارەکانی جیهانی کردووە، بریتی بووە لە (441 ملیۆن و 391 هەزار و 970) بەرمیل، ئەمە لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی (2022) کۆی نەوتی هەناردەکراو (496 ملیۆن و 349 هەزار و 545) بەرمیل نەوت بووه، واتە بڕی هەناردە کردنی نەوت لە پێنچ مانگی یەکەمی (2022) بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2021) بڕی (54 ملیۆن و 957 هەزار و 575) بەرمیل نەوت بە ڕێژەی (12.45%) زیادی کردووە. بەڵام کۆی هەناردەی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بریتی بووە لە (495 ملیۆن و 512 هەزار و 66) بەرمیل نەوت، واتە بەراورد بە ساڵێک پێشتر هەناردەکردن تەنها بە بڕی (837 هەزار و 479) بەرمیل نەوت بە ڕێژەی (0.17%) کەمی کردووە. بە مانایەکی دیکە تێکڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق بۆ پێنج مانگی سەرەتای ساڵی (2021) بریتی بووە لە (2 ملیۆن و 923 هەزار و 989) بەرمیل و لە ساڵی (2022) بریتی بووە لە (3 ملیۆن و 288 هەزار و 200) بەرمیل و لە ساڵی (2023) بە تێکڕای رۆژانە بریتی بووە لە (3 ملیۆن و 281 هەزار و 835) بەرمیل نەوتی هەناردەکراو. هەر بە پێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (61.213) دۆلار فرۆشراوە، بەڵام لە هەمان ماوەدا بۆ ساڵێک پاشتر بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (100.703) دۆلار فرۆشراوە، واتە لە هەر بەرمیلێک نەوت لە ساڵی (2022) بەراورد بە ساڵی (2021) بڕی (39.49) دۆلار و بەڕێژەی (64.51%) زیادی کردووە، بەڵام لە ساڵی (2023) دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (75.199) دۆلار فرۆشراوە، بەم پێیەش هەر بەرمیلێک نەوت (25.5) دۆلار بە ڕێژەی (25.33%) نرخەکەی لە دەست داوە بەراورد بە ساڵی (2022)، کە ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر داهاتی گشتی نەوتی عێراق هەبووە، چونکە؛ کۆی داهاتی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بریتی بووە لە (27 ملیار و 31 ملیۆن و 998 هەزار) دۆلار، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو هەڵکشاوە بۆ (50 ملیار و 79 ملیۆن و 107 هەزار) دۆلار، واتە بڕی (23 ملیار و 47 ملیۆن و 109 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (85.26%) داهاتی گشتی نەوتی عێراق لە ساڵی (2022) زیادی کردووە بەراورد بە پێنج مانگی یەکەمی (2021). بەڵام کۆی داهاتی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ بریتی بووە لە (37 ملیار و 238 ملیۆن و 165 هەزار) دۆلار، بەم پێیەش کۆی بەهای نەوتی عێراق لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵێک پێشتر بڕی (12 ملیار و 840 ملیۆن و 942 هەزار) دۆلار و بە ڕێژەی (25.64%) کەمی کردووە. دووەم: کۆی هەناردەی نەوتی عێراق لە (5) مانگی یەکەمی ساڵانی (2021 - 2023) پاڵپشت بە داتا فەرمییەکان، کۆی ئەو نەوتەی وەزارەتی نەوتی عێراق له پێنج مانگی یهکهمی (2021)دا هەناردەی کردووە، بریتی بووە لە (441 ملیۆن و 391 هەزار و 970) بەرمیل، لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا کۆی نەوتی هەناردەکراو بریتی بووە لە (496 ملیۆن و 349 هەزار و 545) بەرمیل نەوت. بەڵام کۆی هەناردەی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بریتی بووە لە (495 ملیۆن و 512 هەزار و 66) بەرمیل نەوت. تایبەت بە وردەکاری زیاتر بۆ هەر مانگێک بڕوانە (خشتەی دووەم). سێیەم: تێکڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق لە (5) مانگی یەکەمی ساڵانی (2021 - 2023) وەک لە (خشتەی سێیەم)دا بە وردی بەدیارخراوە، تێکڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق بۆ پێنج مانگی سەرەتای ساڵی (2021) بریتی بووە لە (2 ملیۆن و 923 هەزار و 989) بەرمیل و لە ساڵی (2022) زیادی کردووە بۆ تێکڕای (3 ملیۆن و 288 هەزار و 200) بەرمیلی رۆژانەو و لە ساڵی (2023) بە تێکڕای هەناردەی رۆژانە بە نزیکەیی وەکو خۆی ماوەتەوەو بریتی بووە لە (3 ملیۆن و 281 هەزار و 835) بەرمیل نەوتی هەناردەکراو. چوارەم: تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە (5) مانگی یەکەمی ساڵانی (2021 – 2023) بە پێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی عێراق بە (61.213) دۆلار فرۆشراوە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (100.703) دۆلار فرۆشراوە، واتە لە هەر بەرمیلێک نەوت لە ساڵی (2022) بەراورد بە ساڵی (2021) بڕی (39.49) دۆلار زیادی کردووە، بەڵام لە ساڵی (2023) دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (75.199) دۆلار فرۆشراوە، بەم پێیەش هەر بەرمیلێک نەوت (25.5) دۆلارنرخەکەی لە دەست داوە بەراورد بە ساڵی (2022)، بۆ وردەکاری زیاتر پێنج مانگی سەرەتای ساڵانی (2021 - 2023) بڕوانە (خشتەی چوارەم). پێنجەم: کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە (5) مانگی یەکەمی ساڵانی (2021 – 2023) وەک لە (خشتەی پێنجەم)دا هاتووە، پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بریتی بووە لە (27 ملیار و 31 ملیۆن و 998 هەزار) دۆلار، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو هەڵکشاوە بۆ (50 ملیار و 79 ملیۆن و 107 هەزار) دۆلار، بەڵام کۆی داهاتی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ بریتی بووە لە (37 ملیار و 238 ملیۆن و 165 هەزار) دۆلار.
(درەو): وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ئایاری نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 306ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (102 ملیۆن و 436ھەزارو 387) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 305ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (71,3) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی نیسانی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 796ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت ( 98 ملیۆن و 634 ھەزارو 947) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 288 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (79) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.
(درەو): گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە توركیا دەستی پێكرد، 8 ملیۆن دەنگدەر كە لە گەڕی یەكەمدا بایكۆتیان كردووە، چەقی ململانێی ئەردۆغانو كلیچدارئۆغلۆیە، ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت دەنگی بایكۆتچییەكان لە بەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، بەتایبەتیش كە دواین راپرسییەكان ئاماژە بەوە دەكەن ئەردۆغان لە پێشەوەیە، ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی ئەمڕۆ بۆ هەر سندوقێك 5 چاودێری داناوە. دووەم روبەڕووبونەوەی ئیسلامیو سۆسیال دیموكرات بۆ جاری دووەم، بەیانی ئەمڕۆ لە توركیا بنكەكانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا كرایەوە. ئەمە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییە، ئەنجامی دەنگدانی ئەمڕۆ دەریدەخات ئایا ئەردۆغان دەڕوات یان بۆ ماوەی پێنج تری لە پۆستی سەرۆكایەتی توركیادا دەمێنێتەوە. لە كاتژمێر 8:00 بەیانییەوە دەرگای بنكەكان كرانەوەو كاتژمێر 5:00 ئێوارە دادەخرێن، دەست بە جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان دەكرێت. ئەردۆغان كە ماوەی 20 ساڵە لە دەسەڵاتدایە، لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆشدا چانسی زیاتری سەركەوتنی هەیە بەبەراورد بە ركابەرەكەی كە كەمال كلیچدارئۆغلۆی سۆسیال دیموكراتە. ئەمڕۆ دەنگدەرانی توركیا كە ژمارەیان (60 ملیۆن) كەسە، لەنێوان دوو تێڕوانیندا بۆ داهاتووی وڵاتەكەیان هەڵبژاردن دەكەن، دەنگ بە بەردەوامبوونی ئەردۆغانی ئیسلامی كۆنەپارێز دەدەن كە تەمەنی 69 ساڵەو هێشتا لە دەسەڵات تێرنەبووە یاخود دەنگ بە كەمال كلیچدارئۆغلۆی تەمەن (74 ساڵ) دەدەنو دیموكراتیەتێكی ئارام هەڵدەبژێرن، ئەمە وەكو ئەوەی كلیچدارئۆغلۆ دەیڵێت كە پێشتر فەرمانبەرێكی گشتی بووە. ئەردۆغان لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا رێژەی 49,5%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە سەرباری ئەو هەڵاوسانە ئابورییە گەورەی كە لە توركیا هەیەو دۆخی ژیانی خێزانەكانی قورس كردووە، هێشتا دەنگدەرانی ئەو وڵاتە بەشێوەیەكی بەرفراوان پاڵپشتی لە ئەردۆغان دەكەن. ئەم پشتیوانییە بۆ بەردەوامبوونی ئەردۆغان لە دەسەڵات، لە گەڕی یەكەمدا تەنانەت لەو ناوچانەش بینرا كە شوباتی ئەمساڵ بومەلەرزە لێیداو لانی كەم 50 هەزار كەسی كوشتو نزیكەی سێ ملیۆن كەسی بێ مالو حاڵ كرد، دەنگدانی خەڵكی ئەم ناوچانە بۆ ئەردۆغان پێچەوانە پێشبینییەكانی بەر لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن بوو. ئەمڕۆ كەمال كلیچدارئۆغلۆ ركابەرایەتی ئەردۆغان دەكات، كەمال كە پسپۆڕێكی ئابورییە، حەزدەكات وەكو "باوە گەورەی دیموكراتیەت لە توركیا" خۆی بناسێنێت، ئەم پیاوە لە گەڕی یەكەمدا نەیتوانی بە باشی پرسی قەیرانی ئابوری مەترسیداری توركیا بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی بەسەر سەرۆكی ئێستادا سەركەوێت. كلیچدارئۆغلۆ كە سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی (جەهەپە)یەو پارتەكەی لەلایەن مستەفا كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری كۆماری توركیاوە دروستكراوە، بەڵێنی ئەوە دەدات "بەهار بهێنێت بۆ توركیا"، دەیەوێت سیستەمی پەرلەمانی بگەڕێنێتەوەو سیستەمە سەرۆكایەتییەكەی ئەردۆغان هەڵوەشێنێتەوە، لەپاڵ ئەمەدا بەڵێنی سەربەخۆكردنی دادگاو میدیاكان دەدات. بەر لە دوو هەفتەو لە گەڕی یەكەمدا كلیچدارئۆغلۆ رێژەی 45%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، سەرباری ئەوەی جارێكی تر پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) وەكو نوێنەری زۆرینەی كورد لە توركیا پشتیوانی خۆی بۆ راگەیاندووە، بەڵام هێشتا چانسی سەركەوتنی كلیچدارئۆغلۆ لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا لاوازە. راپرسییەكان دەریدەخەن بە جیاوازی 5 پۆینت لەدوای ئەردۆغانەوەیە. یەك ملیۆن چاودێر كلیچدارئۆغلۆ توشی شۆك بوو كاتێك لە گەڕی یەكەمدا هەڵبژاردنی نەیبردەوە، چونكە ئەمە پێچەوانەی پێشبینی كەمپەكەیو زۆربەی راپرسییەكان بوو. بەهۆی ئەوەی میدیاكان لە توركیا زۆربەیان تەرخانكراون بۆ هەڵمەتی ئەردۆغان، كلیچدارئۆغلۆ بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن پەنای بۆ تویتەر برد، لایەنگرەكانیشی هەڵمەتی دەرگا بە دەرگایان رێكخست بۆ دووبارە كۆكردنەوەی دەنگدەران. ستراتیژی كلیچدارئۆغلۆو لایەنگرانی بۆ هەڵبژاردنی ئەمڕۆ (8 ملیۆن 300 هەزار) دەنگدەرە كە لە گەڕی یەكەمدا بایكۆتیان كردووەو نەچونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان. گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی ئاستی بەشداری دەنگدەران گەیشتە 87%، چونكە لە یەك رۆژدا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیو پەرلەمانی بەڕێوەچوو، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیە، رەنگە ئەمە كاریگەری لەسەر ئاستی بەشداری هەبێت. لەبەرامبەردا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، ئەردۆغان قسەكردنی لەناو كۆبونەوە جەماوەرییەكاندا زیاتر كرد، ئەمەش پاڵپشت بەو گۆڕانكارییانەی كە لە توركیا روودەدات لەوكاتەوە كە ئەو دەسەڵاتی گرتوەتە دەست، سەرەتا وەكو سەرۆك وەزیران لە ساڵی 2003و دواتریش لە 2014وە وەكو سەرۆكی وڵات. ئەردۆغان كە لەماوەی ساڵێكدا سێجار ئاستی كەمترین موچەی بەرزكردوەتەوە، بۆ گەڕی دووەم لەپێناو مانەوەی لە دەسەڵاتدا بەخشندە تر بووەو بەڵێنی ئەوەی داوە دەرماڵەی تایبەت بەو خوێندكارانە بدات كە بەهۆی بومەلەرزەكەوە كەسوكاریان لەدەستداوە. دوێنێ ئەردۆغان وتی:" یەكشەممە رۆژێكی تایبەتە بۆ هەموومان. سەردەمی كودەتاو حوكمی سەربازی بەسەرچووە". لەدواین چالاكی خۆیدا بەر لە هەڵبژاردنی گەڕی دووەم، ئەردۆغان سەردانی گڵكۆی مەرجەعە سیاسییەكەی كرد كە (عەدنان مەندەریس) كە سەرۆك وەزیرانی ئیسلامی- نەتەوەپەرەستی توركیا بوو، ساڵی 1961 دەسەڵاتی سەربازی كودەتای بەسەردا كردو لەسێدارەی دا. ئەمڕۆ كە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە توركیا بەڕێوەدەچێت، هاوكات یادی 10 ساڵەی خۆپیشاندانەكانی "غیزی"یە كە لە ئیستانبوڵ دەستیپێكردو دواتر سەرتاسەری وڵاتی گرتەوە، ئەم خۆپیشاندانانە یەكەم شەپۆلی ناڕەزایەتی بوون دژ بە حوكمڕانییەكەی ئەردۆغان، بەڵام بەتوندی سەركوتكرا. بۆ دەنگدانی ئەمڕۆ، ئۆپۆزسیۆن بڕیاریداوە "بۆ هەر سندوقێكی دەنگدان 5 چاودێر دابنێت" واتا بە تێكڕا (1 ملیۆن) چاودێر. نێردەی هاوپەشی رێكخراوی ئاسایشو هاریكاری ئەوروپاو ئەنجومەنی ئەوروپا لە راپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن لە توركیا دەڵێ: هەڵبژاردنەكە لە كەشێكی پڕ لە كێبركێدا بەڕێوەچووە. میدیاكانی توركیا بێ پاساو پێشڕەوییان بە ئەردۆغان بەخشیوە. هاوپەیمانەكانی توركیا بە دیاریكراویش پەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" بەچڕی چاوەڕوانی دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردن دەكات كە پێشبینی دەكرێت ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامە بەراییەكانی بڵاوبكرێتەوە.
شیكاری: درەو رۆژی (22ی ئایاری 2023) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ چارەکی یەكەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر لە (29 ترلیۆن و 352 ملیار) دینار بووە، کە (96.2%)ی داهاتی نەوت و(3.8%)ی داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (16.5%) و زیاتر لە (4 ترلیۆن 568 ملیار) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە چارەکی یەکەمی (2023)دا؛ 🔹 عێراق زیاتر لە (294 ملیۆن و 413 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 271 هەزار) بەرمیل. هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق بە (75.5) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. 🔹 کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەوماوەیەدا (28 ترلیۆن و 252 ملیار و 445 ملیۆن و 810 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92.9%) گەڕاوەتەوە بۆ وەزارتی دارایی. تەوەری یەکەم؛ داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە چارەکی یەکەمی (2023)دا وەک لە (خشتەی ژمارە (1))دا رونکراوەتەوە، پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەهای (30 ترلیۆن و 416 ملیار و 963 ملیۆن و 974 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق کە لە (22ی ئایاری 2023) بڵاوی کردووەتەوە، ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (28 ترلیۆن و 252 ملیار و 445 ملیۆن و 810 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92.9%). بە جۆرێک؛ 1. داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە کانونی دووەمی (2023)دا پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە کانونی دووەمی (2023)دا بە بەهای (11 ترلیۆن و 112 ملیار و 492 ملیۆن و 600 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 285 ملیار و 546 ملیۆن و 454 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92.6%). 2. داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە شوباتی (2023)دا پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە شوباتی (2023)دا بە بەهای (9 ترلیۆن و 471 ملیار و 86 ملیۆن و 64 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (8 ترلیۆن و 921 ملیار و 993 ملیۆن و 308 هەزار) دینار بە ڕێژەی (94.2%). 3. داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە ئازاری (2023)دا پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی ئازاری (2023)دا بە بەهای (9 ترلیۆن و 833 ملیار و 385 ملیۆن و 310 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 44 ملیار و 906 ملیۆن و 47 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92%). تەوەری دووەم؛ داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی (2023)دا رۆژی (22ی ئایاری 2023) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ چارەکی سێیەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی (2023) لە (22ی ئایاری 2023) بڵاوی کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (29 ترلیۆن و 352 ملیار و 144 ملیۆن و 85 هەزار و 823) دینار، بەجۆرێک بڕی (28 ترلیۆن و 252 ملیار و 445 ملیۆن و 810 هەزار و 436) دیناری بەڕێژەی (96.2%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (ترلیۆنێک و 99 ملیار و 698 ملیۆن و 275 هەزار و 387) دینار، بەڕێژەی (3.8%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. بڕی (2 ترلیۆن و 115 ملیار و 930 ملیۆن و 623 هەزار) دیناری لە داهاتی ئاڵوگۆڕ (الارادات التحویلیە) کورتی هێناوە و بە پوختی (27 ترلیۆن و 236 ملیار و 213 ملیۆن و 462 هەزار و 818) دینار کۆی داهاتی وەزارەتی دارایی بووە. سەبارەت بە وردەکاری هەرسێ مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات و ئازاری (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک، دوو و سێی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (22 ترلیۆن و 668 ملیار و 192 ملیۆن و 310 هەزار و 454) دینار، بەجۆرێک بڕی (19 ترلیۆن و 768 ملیار و 192 ملیۆن و 257 هەزار و 797) دیناری بەڕێژەی (87.5%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (2 ترلیۆن و 900 ملیار و 52 هەزار و 657) دیناری بەڕێژەی (12.5%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری هەرسێ مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات و ئازاری (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (2 ترلیۆن و 900 ملیار و 52 هەزار و 657) دیناری بەڕێژەی (12.5%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1. کەرتی کشتوکاڵ بڕی (362 ملیار و 302 ملیۆن و 237 هەزار و 988) دیناری بە ڕێژەی (12.5%) بۆ خەرج کراوە. 2. کەرتی پیشەسازی بڕی (334 ملیار و 203 ملیۆن و 92 هەزار و 795) دیناری بە ڕێژەی (11.5%) بۆ خەرج کراوە. 3. کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (725 ملیار و 880 ملیۆن و 130 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (25%) بۆ خەرج کراوە. 4. کەرتی بیناسازی و ڕێگاوبان بڕی (ترلیۆنێک و 115 ملیار و 706 ملیۆن و 658 هەزار و 197) دیناری بە ڕێژەی (38.5%) بۆ خەرج کراوە. 5. کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (361 ملیار و 907 ملیۆن و 933 هەزار و 669) دیناری بۆ بە ڕێژەی (12.5%) بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)). چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (22 ترلیۆن و 668 ملیار و 192 ملیۆن و 310 هەزار و 453) دینار. لە کاتێکدا کۆی پوختەی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (27 ترلیۆن و 236 ملیار و 213 ملیۆن و 462 هەزار و 818) دینار. واتە بڕی (4 ترلیۆن و 568 ملیار و 21 ملیۆن و 152 هەزار و 365) دیناری بەڕێژەی (16.5%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات و ئازاری ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)). پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (2 ترلیۆن و 376 ملیار و 124 ملیۆن و 776 هەزار و 543) دینار. بە جۆرێک؛ 1. ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (128 ملیار و 597 ملیۆن و 460 هەزار) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (46 هەزار) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2. سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (11 ملیار و 927 ملیۆن و 721 هەزار) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3. ئەنجومەنی وەزیران بڕی (2 ترلیۆن و 235 ملیار و 599 ملیۆن و 595 هەزار) دیناری خەرجکردووە، بڕی (ترلیۆنێک و 542 ملیار و 533 ملیۆن و 513 هەزار و 892) دیناری بە ڕێژەی (69%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (693 ملیار و 66 ملیۆن و 81 هەزار و 228) دیناری بە ڕێژەی (31%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (6)). تەوەری سێیەم؛ داهاتی نەوتی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (7)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕی (294 ملیۆن و 413 هەزار و 732) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 271 هەزار و 264) بەرمیلی فرۆشراو، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (75.5) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (22 ملیار و 132 ملیۆن و 893 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەتێکڕا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار 367) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (30 ترلیۆن و 416 ملیار و 963 ملیۆن و 974 هەزار) دینار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت. 1. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2023) بڕی (101 ملیۆن و 245 هەزار و 95) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 265 هەزار و 971) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (75.695) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (82.5) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (6.8) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 663 ملیۆن و 788 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار 450) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 112 ملیار و 492 ملیۆن و 600 هەزار) دینار. 2. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2023 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2023) بڕی (92 ملیۆن و 255 هەزار و 610) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 294 هەزار و 843) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (76.556) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (82.59) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (6.03) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 62 ملیۆن و 704 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەتێکڕا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەتێکڕا بەرامبەر (هەزار 341) دینار بووە _لە هەفتەی یەکەمدا بەهای دۆلارێک (هەزار و 450) دینار بووە بەڵام دوای ئەوە دەبەزێندراوە بۆ (هەزار و 310)دینار_، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 471 ملیار و 86 ملیۆن و 64 هەزار) دینار. 3. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2023) بڕی (100 ملیۆن و 913 هەزار و 27) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 255 هەزار و 259) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (74.385) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (78.43) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (4) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 506 ملیۆن و 401) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار 310) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 833 ملیار و 385 ملیۆن و 310 هەزار) دینار. سەرچاوەکان؛ یەکەم؛ ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق - حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة دووەم؛ ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2023، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1419 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1455 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1480 سێیەم؛ بەهای فرۆشتنی دۆلار لە بانکی ناوەندی عێراق (1/1/2023 – 31/) - البنک المرکزي العراقي، نتائج نافذة بيع العملة الأجنبية، مزادات سابقة؛ https://cbi.iq/currency_auction/all
یاسین تەها- خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاكان، هەروەها شارەزا لە كاروباری عێراق دەسپێك ڕێككەوتنی هێزەكانی چوارچێوەی شیعی لەگەڵ دوو هێزە حوكمڕانەكەی هەرێمی كوردستانو هاوپەیمانیی سیادەی سوننە (خەنجەرو حەلبوسی)، بەشێك بوو لە پێداویستییەكانی تێپەڕاندنو خستنەسەرپێی حكومەتی "چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعی" بە سەرۆكایەتیی "محەمەد شیاع سودانی" لە كۆتایییەكانی ئۆكتۆبەری 2022، پاش ئەوەی توانییان سەدر بخەنە دۆخێكەوە كە لە پرۆسەی سیاسی بكشێتەوەو گۆڕەپانەكەیان بۆ چۆڵ بكاتو دەستبەرداری حكومەتی زۆرینە بێت لە دەرەنجامی شەڕی خوێناویی لایەنگرانیو چەكدارە شیعەكان لە ناوچەی سەوزی بەغدا (كۆتاییی ئابی 2022). ئەم ڕێككەوتنانە كە بە پاكێجی جیاجیا كراون، دواتر بوونە هەوێنی دروستكردنی هاوپەیمانیی هەمەچەشنی "ئیدارەی دەوڵەت" بۆ زۆرینەی هێزە سیاسیو پەرلەمانییەكانی هەرسێ پێكهاتەكە (شیعە، سوننە، كورد). هەندێك لە بڕگەكانی ئەو ڕێككەوتنانەیش بەدەق خراونەتە بەرنامەی كاری حكومەتو هەندێكی تریان خشتەی كاتییان بۆ دانراوە؛ بەڵام پاش تێپەڕبوونی شەش مانگ لە تەمەنی حكومەت، ئێستا هەندێك لە لایەنە سەرەكییەكانی ناو چوارچێوەی شیعە، پەشیمانن لەو گفتو بەڵێنانەی داویانە بە هێزە سوننەكانو بەنیازن جێبەجێی نەكەن. ئەم شرۆڤەیە لەبارەی هۆكاری ئەو پەشیمانییەو لێكەوتەكانی لەسەر پرۆسەی سیاسیو لەوانەیش پەیوەندیو مامەڵەی شیعە لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەڵوێستە دەكات. مەرجو داواكارییەكانی نوێنەرانی سوننە هاوپەیمانیی سیادەی سوننە كە لە یەكگرتنی پەرلەمانتارەكانی خەمیس خەنجەر (14 كورسی)و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان (39 كورسی) پێكدێتو لەگەڵ نوێنەرە سوننەكانی تر دەگەنە 71 كورسی([1])، بەر لەوەی توشی جیابوونەوەو ناكۆكیی ناوخۆییی توند ببنەوە، كۆمەڵێك داواكاریو پێشمەرجی هاوبەشیان هەبوو لە دەسپێكی پێكهێنانی حكومەتی محەمەد شیاع سودانی (ئۆكتۆبەری 2022). ئەم داواكارییانەیش كە كرانە مەرجی بەشداری لە حكومەت، زەقترینیان بریتی بوون لە: ئاشكراكردنی چارەنوسی بێسەروشوێنەكانی ناوچە سوننەكان، گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان، قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی پرۆسە سەربازییەكان، كۆتاییهێنان بە دۆسیەی لێپرسینەوەو دادگەری (ڕیشەكێشكردنی بەعس)، كە وەك شمشێرێك خراوەتە سەر گەردنی كەسایەتیو فیگەرەكانی سوننە، هەروەها دەركردنی لێبوردنی گشتی بۆ هەموو ئەو كەسانەی بێتاوانن لە زیندانەكانی عێراق ([2]) كە بەشی زۆریان سوننەنو بەپێی ماددەی 4ی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر حوكم دراون. ئەم مەرجو داواكارییانەیش بەشێك بوون لە هەڵمەتو گفتی هێزە سیاسییە سوننەكان لە پارێزگاكانی خۆیان لە هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021؛ سەرجەمیشیان گرنگیی زۆریان هەیە بە لای بنكە جەماوەرییەكانی سوننەوە. جگە لەم مەرجانەیشی كە سەرەكین، هێزە سوننەكان خوازیارو پێداگری ئەوەیش بوون بڵاوبوونەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شارو بنكە سوننەكان كۆتاییی پێ بهێنرێت كە هەندێك بە "داگیركردن" ناوی دەبەنو لە پاش كۆنترۆڵكردنەوەیان لە دەستی داعش (2014_2017)، بووەتە ئەمری واقعو بەم هۆیەیشەوە هەندێك شار بوونەتە محەڕەمە لە سوننەكان وەك "جرف الصخر"و عۆجەو "العویصات"و هەندێك ناوچەی تری شارەكانی تری سەڵاحەددینو ئەنبارو نەینەواو دیالە ([3]). هەر پەیوەست بە داواكارییەكانی سەرەوە، هێزە سوننەكان هەندێك داواكاریی تریان لە دانوستانەكاندا زەق كردووەتەوە لەگەڵ شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە لە هەموو كابینەكانی پێشوودا هەیانبووە، لەوانەیش: هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كە بووەتە پاساوی دەستگیركردنی هەزاران كەس لەناوچە سوننەنشینەكان لەسەر بنەمای سكاڵای قینلەدڵانە، هەروەها لەژێر ناونیشانی قەرەبوو و ئاوەدانكردنەوەیشدا چاویان لەسەر بوودجەی تایبەت بوو بۆ ئاوەدانكردنەوەی پارێزگا وێرانەكانی جەنگی داعش ([4]) كە سودی داراییو سیاسییشی تێدایە بۆ هێزە سیاسییە سوننەكان. هەر بەپێی ئەو دزەكردنانەیشی هەن، جگە لە هەموو ئەو خواستو مەرجانەی سەرەوە، ڕێككەوتنی هێزە سوننەكان لەگەڵ چوارچێوەی شیعی لەناو بازنەی هاوپەیمانیی "ئیدارەی دەوڵەت"، چەند شتێكی تری بۆ زیاد كراوە، لەوانەیش هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەمنی بۆ هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەی لە چنگی داعش ڕزگار كراون؛ لەمەیش هەستیارتر شمولكردنی بێسەروشوێنكراوەكانی سوننەیە بە یاسای قوربانیانی تیرۆر. ئەو كاتەیشی كە هێزە سوننەكان ئەم مەرجانەیان دەخستە بەردەم لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، شیعەكان پێویستیی زۆریان بە ڕێككەوتن هەبوو لەگەڵ كوردو سوننە بۆ ئەوەی كۆتایی بە "بنبەستی سیاسی" بهێننو بەخێرایی بۆشایی سەدر پڕ بكەنەوەو ڕكابەرەكەیان بخەنە گۆشەیەكی تەنیاو ئیحراجەوە. هەر لەبەر ئەمەیش بەخێراییو بەزارەكی ڕازی بوون لەسەر داواكارییەكانی سوننەو، كردیانە گفت لەسەر خۆیان، لەوانەیش: هەمواركردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی، دورخستنەوەی هێزەكانی حەشد لە شارەكانو جێگرتنەوەیان بە سوپاو، تەرخانكردنی بودجە بۆ ئەو ناوچە سوننانەی كە لە جەنگی داعشدا وێران بووبوون ([5]). لەبارەی هەندێكی تر لەو داواكارییانەوە، محەمەد سودانی لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، كە هەندێك لەوانە "داواكارییەك نین جێبەجێكردنیان مەحاڵ بێت." ([6]) سڕكردنی داواكانی سوننەو هەڵوێستی هێزە شیعەكان پاش پێكهێنانی حكومەتی سودانی (27ی ئۆكتۆبەری 2022)و تێپەڕبوونی زیاتر لە 100 ڕۆژ بەسەر دەستبەكاربوونیدا، وردە وردە سڕكردنو فەرامۆشكردنی داواكاریو پێشمەرجەكانی نوێنەرانی هێزە سوننەكانی بەشدار لە هاوپەیمانیی "ئیدارەی دەوڵەت" دەستیپێكردو دەركەوت؛ كێشەكەیش ئەو كاتە، بوو بە جێگەی باسو خواس كە كۆمەڵێك كەسایەتیی سیاسیو پەرلەمانتاری سوننە ئاماژەیان بەوەدا پابەندی بە جێبەجێكردنی هەندێك دۆسیەوە نییەو هیچ گەرەنتییەكیش لە ڕێككەوتنەكەدا نییە لایەنی بەرامبەر (چوارچێوەی شیعی) پابەند بكات بە جێبەجێكردنیان ([7]). هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا هەندێك لایەنی شیعەی ناو هاوپەیمانییەكەیش بەئاشكرا كەوتنە دروستكردنی بەربەستو، هەڕەشەی ڕاگرتنو پەكخستنی ڕێككەوتنەكەیان كرد لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی سوننە، لە كاتێكدا كەمتر بە لای ڕێككەوتنی شیعەو لایەنە كوردییەكاندا دەچنو ئەوە بە كێشەی زۆر گەورە نابینن، بەپێچەوانەی سەردەمی كازمی (2020_2022)و پێشتریش هی عەبادییەوە (2014_2018) ([8]). لەم نێوەیشدا ئەمینداری بزوتنەوەی عەسایب قەیس خەزعەلی كە حزبەكەی یەكێك لە كۆڵەكە ڕاگرەكانی كابینەی سودانییە لەناو چوارچێوەی شیعی، نزیكەی شەش مانگ پاش پێكهێنانی حكومەت نەیشاردەوە كە، ڕاستە هەندێك لە بڕگەكانی ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ سوننە "نیشتمانین" بەڵام هەندێكی تریان "ناواقعین"! لە خستنەڕووی وردەكارییەكانیشدا جەختی لەوە كردەوە هیچ بەنیاز نین یاسایەكی تایبەت بە لێبوردنی گشتی دەربكەن بۆ گیراوەكانو، تەنیا بڕگەیەك لە یاسای پێشوو بە هاوكاریی ئەنجومەنی دادوەری هەموار دەكەنەوە. سەبارەت بەوانەیشی بێسەروشوێنن وتی: "هەندێكیان لەگەڵ داعش ڕۆیشتوون"و جەختی كردەوە كە شیعەكان بێسەروشوێنیان زیاترە لە سوننەكان. بۆ ئاوارەكانیش پێداگریی كرد "پێویستە تێوەگلاوەكان لە بێتاوانەكان جیا بكرێنەوە." هەروەها مانەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شارەكانی سوننەنشین بە "پێویستو ئەركێكی ئەمنی-سەربازی" دایە قەڵەم. بۆ پرسی "لێپرسینەوەو دادگەری"یش كە "ڕیشەكێشكردنی بەعس"ی جارانە، سوننەكانی بێهیوا كردو وتی "هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەزگەیە، نادەستوورییە." ([9]) ئەگەرچی تەنیا خەزعەلی بەزەقیو ئاشكرا ئەم داواكارییانەی سوننە ڕەتدەكاتەوە، بەڵام هیچ لە هاوتا شیعەكانی قسەكانی ڕەتناكەنەوەو لەسەر هەندێكیشیان نیمچە كۆدەنگییان هەیە لە چەشنی هێشتنەوەی "لێپرسینەوەو دادگەری"و، سەركردەو ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەرانن لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەزگەیەی تایبەتە بە ڕیشەكێشكردنی بەعسییەكانو، هۆشدارییان دا كە ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی "گەڕانەوەی حزبی بەعس بۆ عێراق" ([10])؛ هەر ئەمەیش وایكرد ئەو هەنگاوانەی محەمەد شیاع سودانی پەكیان بكەوێت كە كۆتاییی 2022 بڕیاری لێدا بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەزگەكەو گواستنەوەی دۆسیەكانی بۆ دادگەكان لەڕێگەی گواستنەوەی ئەرشیفو دۆسییەكانی بۆ دەزگەی دادوەری تا ئەم پرسە ببێتە یاساییو لە ڕێكای ئیداریو سیاسی دوربخرێتەوەو هەر كەس سكاڵای لە بەعسییەكانی پێشوو هەیە، پەنا بۆ دادگە ببات ([11]). هەندێك لایەنی تری شیعە لەبری دژایەتیی ڕاستەوخۆی مەرجو داواكارییە پەسەندكراوەكانی سوننە، پاساوی تر دەهێننەوەو باس لەوە دەكەن، مەبەستیانە "تیرۆریستان" سودمەند نەبن لە یاسای لێبوردنی گشتیو پێویستیان بە وردبینیو لێكۆڵینەوەی زیاترە ([12]). سەبارەت بە ئاوارەكانیش هیچ هەنگاوێكی كردەییو جددی نابینرێت بۆ گێڕانەوەیان بۆ جێگەی خۆیان، بەتایبەت لەو شارۆچكانەی دەوروبەری بەغدا كە ئاوەدانكردنەوەیان ڤیتۆی لایەنە شیعەكانی لەسەرە. بەم پێیەیش سەرەكیترین بەش كە تائێستا لە ڕێككەوتنی چوارچێوەی شیعیو هێزە سوننەكان جێبەجێ كرابێت، زیاتر پێدانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانو دابەشكردنی وەزارەتەكانە؛ لە دەرەوەی ئەوانەیش داواكارییەكانی تر بەهەڵپەسێردراویو لەناو گێژاودا ماونەتەوەو ئەمەیش شەرمەزاریی زۆری بۆ فراكسیۆنە سوننەكان لە بەرامبەر جەماوەرەكەیان دروست كردووە ([13]). هۆكاری پەشیمانبوونەوەی هێزە شیعەكان بۆچوونێكی زاڵ هەیە پێیوایە لایەنە سوننەكان دڵنیابوون لەوەی شیعەكان داواكارییەكانیان جێبەجێ ناكەن، بەڵام بۆ فریودانی ڕایگشتیی خۆیان وایان پیشان داوە كە ڕێككەوتنیان كردووەو چاوەڕوانی ئەنجامن ([14]). لایەنگرانی ئەم بۆچوونە بەرنامەی كاری حكومەتەكانی پێشووی پاش 2005 بەنموونە دەهێننەوە كە سەرجەمیان ئەو گفتانەیان بە ناوچە سوننەكان داوە بەبێ ئەوەی بتوانن یان بیانەوێت جێبەجێی بكەن؛ لە ئێستایشدا كە عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندایە، تا كۆتایی 2023 لایەنە شیعە حوكمڕانەكان ناچن كۆمەڵێك دەستكەوت ببەخشنە ڕكابەرە سوننەكانیانو بەهێزیان ناكەن لەڕێگەی جێبەجێكردنی مەرجو داواكارییەكانیانەوە ([15])، بەتایبەت كە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، خۆیشیان ناكۆكیو دووبەرەكییان تێ كەوتووەو هیچ لایەكیان ناچنە ژێرباری ڕیسكی نەرمكێشی بۆ هێزە سوننەكان. بەڵام بۆچوونێكی تر هەیە خۆدزینەوەی هێزە شیعەكان لە جێبەجێكردنی داواكاریی ناوچە سوننەكان پەیوەست دەكاتەوە بەوەی ئەوان خاوەن هەرێمێكی دەستووری نین لە شێوەی هەرێمی كوردستان تا بتوانن كێبركێی هاوتایی لەگەڵ شیعەكان بكەن، هەروەها پاڵپشتیو كۆمەكی دەرەكییشیان كەمە. ئەمەیش وا دەكات هەڵوێستیان بەرامبەر شیعەكان لاواز بێت، بەتایبەت كە ئەوان خزێنراونەتە ناو شوناسێكی مەزهەبیی دابڕێنراو لە شوناسە نەتەوەیییەكەیان كە خاڵی هاوبەشیانە لەگەڵ شیعە؛ بەهۆی عەرەببوونیشەوە ناتوانن ببنە تەواوكەرو بەشێك لە هەرێمی كوردستان. بەم هۆیەیشەوە بە كەمایەتییەكو ئەڵقەیەكی لاواز لەناو هاوكێشەیەكی ئاڵۆزدا ماونەتەوە كە بریتییە لە زۆرینەیەكی مەزهەبی (شیعە) بەرامبەر دوو كەمینە (سوننەو كورد). یەكێك لەو كەمینانەیش مافی فیدراڵیو گەرەنتیی دەستوریو جوگرافیای تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام ئەوی دیكەیان (سوننە) نییەتیو، بەم هۆیەوە بەگەمارۆدراویو لەناو قەیراندا ماوەتەوە ([16])و؛ هەر ئەمەیش وایكردووە پەراوێزی جموجۆڵو یاریكردنی بەرتەسك بێت. بۆ نموونە ئەو كاتەی حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان، مۆڵەتی دوو هەفتەی بە خۆی بەخشی لە 30ی ئازاری 2023و بایكۆتی دانیشتنەكانی بودجەی كرد، ئەوجا حكومەتی سودانی هەندێك جموجۆڵی سنورداری كرد بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی نوێنەرانی سوننە ([17])، بەتایبەت لەبواری یاسای لێبوردنی گشتیو، لە گفتی دەركردنی لێبوردنی گشتییەوە هاتە سەر خستنەڕووی ڕەشنووسێكی كۆنی نیوەچڵی پرۆژەیاسایەك ([18]) كە هێشتا ڕوون نییە تێدەپەڕێت یان نا. لەناوخۆی شیعەكاندا جێبەجێكردنی خواستەكانی هێزەكانی سوننە كێشەی زۆری بەدوادا دێت، بۆ نموونە كشاندنەوەی هێزەكانی حەشد، بە نەرمكێشیو بەفیڕۆدانی خوێنی قوربانییەكانی ئەم هێزانە لێكدەدرێتەوە، بەتایبەت سەردەمێك هەندێك لەو شارە سوننانە لە چەشنی "جرف الصخر" لە بابلو ناوچەكانی پشتێنەی بەغدا سەرچاوەی كێشەو ناسەقامگیریی ناوچە شیعەكانو هەناردەكردنی بۆمبو ئۆتۆمبێلی خۆكوژ بوون. هەندێك لەو شارانەیش تاوانی گەورەیان خراوەتە ئەستۆ لە چەشنی عۆجەی نزیك لە بنكەی سەربازیی سپایكەر كە دەوروبەری هەزار گەنجی شیعەی تێدا كۆمەڵكوژ كرا (حوزەیرانی 2014). داواكارییەكانی تری وەك ئاشكراكردنی بێسەروشوێنەكان لێكەوتەی جینائیو هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی هەیە كە هیچ كەسو لایەنێك ناچێتە ژێری بارێكی وەها قورسەوە. بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانیش قەیرانەكە لە داگیركردنی گوندو ناوچەكانیان گەورەترەو، ئەوانە بوونەتە كەرەستەی موزایەدەی سیاسی. بەهۆی ئەوەیشی ئیرادەیەكی سیاسیی گەورە نابینرێت كە پاكتاوی ئەم دۆسیە كەڵەكەبووە هەستیارانەی نێوان شیعەو سوننە بكاتو دۆخی هەرێمایەتیی ناوچەكەیش شڵۆقەو ئەمریكییەكان وەك جاران سەرپەرشتیی وردەكاریی دۆسیەی عێراق ناكەن، سەرجەم دۆسییەكانی نێوان هێزە شیعەكانو سوننەكان لە گێژاودا ماوەتەوە، جیاواز لە پرسە كەڵەكەبووەكانی نێوان بەغداو هەرێم كە هەندێك بەرەوپێشچوون بەخۆیانەوە دەبینن، بەتایبەت لە دۆسیەكانی نەوتو بودجەو پڕكردنەوەی بۆشایییە ئەمنییەكانی نێوان هەرێمو سنورەكانی دیالەو كەركوكو نەینەوا. لێكەوتەی ناكۆكییەكانی هێزە شیعەو سوننەكان لەسەر هەرێم لەناو هێزە سوننەكان ناوبەناو گلەییو گازندە هەیە كە سڕكردنی داواكارییەكانیان لە كاتێكدایە كە حكومەتی سودانی بەڕووی داواكارییە كوردییەكان كراوەیە. لە لێكدانەوەی هۆكاری ئەمەیشدا تەنانەت هەندێك لایەنی پەڕگیری شیعە نایشارنەوە، ئەوان تائێستا بەدیلو جێگرەوەیەكیان نییە بۆ هاوپەیمانێتیی شیعەو كورد لەناو پرۆسەی سیاسی ([19])؛ بەو واتایەی هاوكێشە نوێیەكەی سەردەمی سودانی هاوشێوەی هاوكێشەكەی پاش 2003 دەبێت، كە شیعەكان بە ڕازیكردنی هەرێمی كوردستان حوكمڕانیی خۆیان لەبەرچاوی دنیای دەرەوە بە فرەچەشنو بنكەفراوان وێنا دەكەن. هەر لەم نێوەیشدا هەندێك زانیاریی تر باس لەوە دەكەن محەمەد شیاع سودانیو سەرۆكایەتیی هەرێم، كاریان كردووە بۆ ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە دۆسیەكانی هەرێم، بەتایبەت نەوتو بودجە، نەرمی بنوێنێت؛ لەبەرامبەریشدا هەرێمی كوردستان هاوكاریی حكومەتی سودانی بكات بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە ئەوروپییەكانی، بەتایبەت لە ڕێگەی فەڕەنساوە ([20]). ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو وێنە باوەی هەیە كە حكومەتی سودانی تەنیا هی شیعەو پاشكۆی سیاسەتەكانی ئێرانە، كاڵ ببێتەوەو بەدەردی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی نەڕوات (2018_2020). ئەو بەدەنگەوەهاتنەی شیعەكان بۆ هەندێك پرسی كوردیو فەرامۆشكردنی سوننەكان لە هەمان كاتدا، دەكرێت ئاماژە بێت بۆ ئەوەی كە چوارچێوەی شیعەی حوكمڕان ئەمەیان پێ باشترە لەوەی بچنە ژێر باری خواستەكانی سوننە كە جگە لەوەی لە ئێستادا زۆر پەرتەوازەو پەرشوبڵاو و دژبەیەكن، كارتی گوشاری بەهێزیشیان نییەو سەرۆكی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی كە دەركەوتووترین فیگەریانە لە ئێستادا خراوەتە ژێر گوشاری زۆرەوە. هەروەها خۆیشی نایشارێتەوە كە لە ئێستادا ئەمریكا بارودۆخی عێراقو ناوچەكەی وەك جاران لا مەبەست نییەو لە جێگەی تر سەرقاڵە (ئاسیاو ئۆكراینا) ([21]). ئەمەیش بە مانای لاوازبوونو نەمانی گوشارە ئەمریكییەكانە بۆ دروستكردنی باڵانس لە عێراق. فەرامۆشكردنی هێزە سوننەكان لە عێراق ئەگەرچی لە بەرژەوەندیی كەیسەكانی هەرێمە لە مەودای نزیكداو شیعەكان ناچار دەكات لەبری لەدەستدانی پشتیوانیی زۆرینەی نوێنەرانی دوو پێكهاتە دەست بەوی تریانەوە بگرن، بەڵام لە دوورمەودادا زیانی ئەوەیشی هەیە عێراق نابێتە فرەچەشن لە ڕووی جەمسەرەكانی حوكمڕانیو، دەرفەتی بەفیدراڵیبوونی ڕاستەقینە زیاتر لەدەست دەدات لەڕێگەی دروستكردنی لامەركەزیو ئەگەری دروستبوونی هەرێمێكی ترەوە؛ ئیتر چ لە نەینەواو سەڵاحەددین بێت یان ئەنبارو ڕۆژاوای عێراق. بۆیە لێكەوتەی ئەم پەیوەندییەی هێزە شیعەكانو هێزە سوننەكان لەسەر كوردستان دوو سەرەیەو، لەلایەك باشەو لەلاكەی تر خراپ. لە دەرەوەی ئەوەیش سەركەوتنی زیاتر لەم پەراوێزخستنو بەڵێننەبردنەسەرە هانی لایەنە شیعە باڵادەستەكان دەدات كە پابەند نەبن بە ڕێككەوتنو گفتە سیاسییەكانو خۆیشیان بدزنەوە لە گەرەنتیدانو خۆپەیوەستكردن پێیانەوە لە داهاتوودا، بەتایبەت كە ئەمە خەریكە بەتەواوەتی دەبێتە شتێكی باو. پوختەو ڕاسپاردە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە كە دەسەڵاتو سێبەریان بەسەر 180 كورسیی ناوچە شیعەكانەوە هەیە، لە پاش ناچاركردنی سەدر بە كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی (حوزەیرانی 2022)، هەروەها پێكدادانە خوێناوییەكانی ناوچەی سەوز لە (29ی ئابی 2022) زۆر مەبەستیان بوو كۆتایی بە بنبەستی سیاسی بهێننو حكومەتی خۆیان بخەنە سەرپێو سەردەمی تایبەت بە خۆیان دەستپێبكەن، لەم پێناوەیشدا دوو پاكێج مەرجو داواكاریی سوننەو دوو هێزە كوردییەكەیان پەسەندكرد (48 كورسی)؛ بەڵام پاش ڕەوینەوەی مەترسییەكانو متمانەوەرگرتنی حكومەت، خۆیان لە جێبەجێكردنی مەرجو داواكاریی سوننەكان دەدزنەوە، لە كاتێكدا لە ئاست داواكارییە كوردییەكان هەوڵ دەدەن جۆرێك لە نەرمی بنوێنن ئەگەرچی بەڕووكەشیش بێت. ئەمەیش بە جۆرێك لە جۆرەكان گەڕانەوەیە بۆ پڕەنسیپی هاوپەیمانیی شیعە _ كورد لە پاش 2003 كە دەستوری 2005و دابەشكردنی پۆستە سیادییەكانی لێكەوتەوە. ئەزموونی هێزە سوننەكان لە پەرتەوازەییو نەبوونی گەرەنتیی دەستوریو هەرێمیی تایبەتو لاوازبوونیان لە بەردەم پێكهاتەی شیعی، لە كاتێكدا دەشێت لە دەرەوەی عێراق (وڵاتانی عەرەبی) قوڵایی ستراتیژییان هەبێت، وانەو پەندێكی گرنگی تێدایە بۆ لایەنەكانی هەرێمی كوردستان كە هەر كات بچنە هەمان بارودۆخی سوننەوە، ئەگەری هەیە هەرێمیش بكەوێتە بەر هەمان دەرەنجام. بۆ ڕێگەگرتن لەمەیش جگە لە باشكردنی حوكمڕانیو ئاشتبوونەوە لەگەڵ جەماوەرو بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆ، دەستگرتن بە دەستوری 2005و ڕێگەگرتن لە هەمواركردنی لەوكاتەی هەرێم لاوازە، دەشێت ببێتە لەمپەر لەبەردەم خواستی سەپاندنی ناوەندگەراییی شیعی لە عێراق، بەتایبەت كە مەترسیی ئەوەیش هەیە ئێرانو توركیاو سوریا ببنە فاكتەری یارمەتیدەر بۆ هاتنەدیی ئەم خەونە لەمێژینەی شیعەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتیی عێراق. ([1]) https://bit.ly/41HdBPv ([2]) https://bit.ly/42Ii1Hd ([3]) https://bit.ly/41MMkLE ([4]) https://bit.ly/3MzsMpV ([5]) https://bit.ly/3WcxWvd ([6]) https://bit.ly/42IPeCj ([7]) https://bit.ly/458IzDe ([8]) https://bit.ly/454hqBo ([9]) https://bit.ly/42JAjrK ([10]) https://bit.ly/3pM6yI7 ([11]) https://bit.ly/430ndpI ([12]) https://bit.ly/41MMkLE ([13]) https://bit.ly/454DbRv ([14]) https://bit.ly/3OnqIlY ([15]) https://bit.ly/458IzDe ([16]) https://bit.ly/41DoC4l ([17]) https://bit.ly/3WcEDwY ([18]) https://bit.ly/3IjuwRw ([19]) https://bit.ly/42JAjrK ([20]) https://bit.ly/3pOJEzR ([21]) https://bit.ly/3MbnhfE
شیكاری: درەو ڕاپۆرتێکی مەیدانی ناوەندی بەیان تایبەت بە ژنانی نێو کەمینەکان، کە لەسەر ئاستی سێ پارێزگای (بەغداد، کەرکوک و موسڵ) بە بەشداریپێکردنی (350) کەس لە ژنانی نێو پێکهاتەکانی (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئی، تورکمان، کاکەیی، شەبەک، و کوردانی فەیلی) ئەنجامدراوە، داتای گرنگ دەردەخات لەبارەی تێڕوانیانیان بۆ یاسا، حکومەت، دامەزراوە ئەمنییەکان، بەشداری لە سیاسەت و هەڵبژاردن، حیزب، ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. هیام عەلی: لێکۆڵینەوەی ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوەو پلاندانان سەرەتا هەرچەندە ژنانی "کەمینە"کان ملکەچی ئەو هاوکێشە کۆمەڵایەتییانەن کە هەموو ژنان لە عێراقدا ملکەچی دەبن، بەڵام هێشتا کەڵک لە هەندێک تایبەتمەندی وەردەگرن کە کاریگەری لەسەر پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسییان هەیە، هەربۆیە پێویستە باسی ئەو تایبەتمەندییانە بکرێت و بەهەندێک هەڵاوێر _استپناو_ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لەم لێکۆڵینەوەیەدا سەرنج خراوەتە سەر مافە سیاسییەکان، و بەهێزکردنی سیاسی ژنانی کەمینەکان، توێژینەوەکە سامپڵێکی (350) کەسی لە ژنانی کەمینە لەخۆگرتووە، سامپڵەکە دابەشکراوە بەسەر (50) ژن لە هەر پێکهاتەیەک، کە بریتین لە ژنانی (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئی، تورکمان، کاکەیی، شەبەک، و کوردانی فەیلی). ڕاپرسییەکە بەخۆرێک داڕێژراوە؛ بۆ زانینی بایەخپێدان بو بەهێزکردنی سیاسی خۆیان و ڕادەی هۆشیاری سیاسییان و خواستی بەشداری سیاسیان. ئەم راپرسییە لە سێ پارێزگا ئەنجامدراوە، بەپێی ناوچەکانی چڕبوونەوەی سامپڵی توێژینەوەکە، ئەوانیش؛ (بەغدا، موسڵ و کەرکوک)ن. راپرسییەکە پشتی بە هەڵبژاردنی سامپڵێکی بە ئەنقەست (عینە العمدیە) بەستووە، واتە: بە مەبەستدار؛ بەهۆی سەختی پێناسەکردنی کۆمەڵگای توێژینەوەکە، و نەبوونی ئامار لەلایەن لایەنە فەرمی و پەیوەندیدارەکانەوە لەسەر ژمارەی (ژنانی کەمینەکان)، و تەنانەت پێشبینیش لەلایەن خودی پێکهاتە کەمینەکانەوە لەسەر ژمارەی ژنەکانیان نەبووە؛ ئەمەش وایکردووە کار لەسەر نمونەیەکی مەبەستدار بکرێت، بیرۆکەی سەرەکی سامپڵی بە ئەنقەست لە پێویستی هەڵبژاردنی سامپڵەکەدایە کە تایبەتمەندی سنورداریان هەیە. بۆ نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵگەیەک کە تایبەتمەندییە سنووردار و ناسراوەکانی هەیە. کاتێک باس لە سامپڵی ئەم ڕاپرسییە دەکرێت، بەشداربووەکانی لە ژنانی کەمینەکان پێکهاتووە، و تاکراوە هەمەچەشن بوونە لە ڕووی تەمەن، باری هاوسەرگیری، ئاستی ئەکادیمی، شوێنی نیشتەجێبوون، گوزەران و هتد، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەوە تێڕوانینێکی ڕوون و ئەنجام ورد بەدەستبێت. دابەشکردنی سامپڵەکە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بووە؛ چونکە گوزارشت لە هەڵبژاردن و دەستنیشان کردنی کۆمەڵگەی ژنانی کەمینەکان دەکات، هەروەها بەهۆی ئەوەی ئەم شێوازە دەرفەتێکی یەکسان بە ئەندامانی کۆمەڵگەی توێژینەوەکە دەبەخشێت بۆ تاقیکردنەوە، و ئەم شێوازە بە یەکێک لە باشترین و چاکترین شێوازەکان دادەنرێت. چونکە لایەنگری توێژەر و حەز و مەیلەکانی ناچنە ناو پرۆسەی تاقیکردنەوەکە و هەر بۆیە دەتوانرێت بەڕادەیەکی باش پشت بەم شێوازە ببەسترێت لە زانینی ئەو تایبەتمەندییە بابەتیی و بابەتییانەی کە تایبەتمەندی کۆمەڵگەی توێژینەوەکەن. یەکەم؛ دۆخی ئافرەتانی "کەمینە"کان لە چوارچێوەی سیستەمی دەستووری و یاسایی لە عێراقدا وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە؛ دەرئەنجامی وەڵامی بڕگەی یەکەم کە ئەو گەرەنتییە کۆمەڵایەتییانەی دەستووری عێراق بۆ ژنانی کەمینەکان ڕوون دەکاتەوە، دەرکەوتووە، کە دوودڵی هەیە سەبارەت بەم بابەتە، چونکە دڵنیا نین لەو گەرەنتییە کۆمەڵایەتیانەی کە دەستوور وەک ژنانی کۆمەڵگەی کەمینەکان پێشکەشیان دەکات، بەڵگەکانیش هەروایە کە (133) وەڵامدەرەوە وەڵامی بژاردەی (هاوڕا نیم)یان داوەتەوە بە ڕێژەی (37.4%). سەبارەت بە بڕگەی دووەمیش ڕوونی دەکاتەوە کە دەستووری عێراق گەرەنتی پاراستن بۆ ژنانی کەمینەکان دەکات کاتێک تووشی توندوتیژی دەبنەوە، دەرکەوتووە (142) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (41%) کە زۆرترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕا نیم)، واتا ئاماژەیەک هەیە کە متمانە نەکردن بە دەقە دەستوورییەکان، دەستووری عێراق پارێزگاری لە ژنانی کەمینەکان ناکات لە توندوتیژی و لەوانەیە ئەوە بێت کە بابەتەکە پەیوەندی بە خودی دەقە دەستوورییەکانەوە نەبێت، بەڵکو پەیوەندی بە جێبەجێکردنی دەقەکانی دەستوورییەوە هەبێت و لە ئەنجامدا دەقەکان لە ناوەڕۆکەکان بەتاڵ دەبنەوە، توانای پاراستنی ئەم گروپەیان نیە کاتێک تووشی توندوتیژی دەبنەوە. لە بڕگەی سێیەمدا- کە ڕوونی دەکاتەوە کە دەستووری عێراق دابەشبوونی نیشتمانی و ئایینی لە کۆمەڵگەدا بەرەوپێش نابات دەرەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە (160) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (46%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام)، دەرەنجامەکانیش ئەوە دەگەیەنن کە: لێکدانەوەکانی پێشتر پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەو کێشەیەی ژنانی کەمینەکان بەدەستیەوە دەناڵێنن پەیوەندیدارە بەو توندوتیژیانەی کە بەرکەوتەی دەبن، و جیاکاریش لە دەستووردایە نیە ئەوەندەی لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستووردایە. سەبارەت بە بڕگەی چوارەم کە پرسیارێک لەخۆدەگرێت سەبارەت بە (ئایا دەستوور گەرەنتی ئەوە دەکات کە ژنانی کەمینەکان خۆیان کاندید بکەن و پۆستی سیاسی بەدەستبهێنن؟)، وەڵامی وەڵامدەرەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە (134) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (38%) بەرزترین ڕێژەی سەدی بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام). ئەمەش بەو مانایەیە کە ئاماژەیەک هەیە بۆ ئەو دەقە دەستوریانەی کە جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا ناکەن لە هەڵگرتنی پۆست و خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردن وەک ئەوەی ژنانی کەمینەکان پێیان وایە. ئەنجامی وەڵامی بڕگەی پێنجەم دەریدەخات دەستووری عێراق گەرەنتی ئازادی ڕادەربڕین و بەشداری سیاسی دەکات، بەو پێیەی (130) وەڵامدەرەوە، بە ڕێژەی (37%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام)، ئەمەش بەو مانایەیە کە دەستووری عێراق ئازادی ڕادەربڕین و بەشداری سیاسیی دەستەبەر و گەرەنتی کردووە. لە کاتێکدا ئەنجامی وەڵامی بڕگەی شەشەم دەریدەخات دەستووری عێراق مافی کارکردن مسۆگەر دەکات، وەک (139) وەڵامدەرەوە، بە ڕێژەی (40%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام) بەڵام بە پشکنینی داتاکان بۆمان دەردەکەوێت کە دوودڵییەکی ڕوون لە وەڵامی وەڵامدەرەوەکاندا هەیە سەبارەت بەم بڕگەیە، بە تایبەت کە (118) ژنە کەمینە وەڵامدەرەوەکان بەڕێژەی (33.7%)یان وەڵامی داوەتەوە بە بژاردەی (هاوڕانیم). لە بڕگەی حەوتەمدا هاتووە، دەستووری عێراق گەرەنتی پراکتیزەکردنی ڕێوڕەسمی ئایینی بۆ ژنانی کەمینەکان دەکات، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە (146) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (42%) کە بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕام). ئەویش ئاماژەیە کە دەستوور گەرەنتی پراکتیزەکردنی ڕێوڕەسمی ئایینی بۆ کەمینە جۆراوجۆرەکان دەکات. دەرئەنجامی وەڵامی بڕگەی هەشتەم دەریدەخات کە ماددە دەستووری و یاساییەکان بەسە بۆ دڵنیابوون لە نوێنەرایەتی ژنانی کەمینەکان لە پۆستە سیاسییەکاندا؟ بۆمان دەردەکەوێت کە (109) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (31%) بژاردەی (هاوڕانیم)، لەکاتێکدا کەمترین وەڵام هەبووە بۆ بژاردەی (هاوڕام)، بەو پێیەی ژمارەیان گەیشتووەتە (85) بە ڕێژەی (24%). پاشان دەرئەنجامی بڕگەی نۆیەم دێتە ئاراوە، کە ڕوونی دەکاتەوە کە سیستمی پشکی کۆتا بەسە بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی ژنانی کەمینە لە پۆستە سیاسییەکاندا؟، (162) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (46%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ ئەو بژاردەیە (تاڕایەک هاوڕام). واقیعی بەشداری سیاسی کەمینەی ژنان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ ژنێکی کەمینە لە ساڵی ٢٠٠٣ و تا ئێستا نەگەیشتووەتە پۆستێکی سیادی بەبێ پشکی کۆتا، بەڵام دەردەکەوێت کە وەڵامی وەڵامدەرەوەکان پێیان وایە کە سیستەمی پشکی کۆتا بەسە بۆ نوێنەرایەتی سیاسی خۆیان و دەستڕاگەیشتنیان بە پۆستە سیاسییەکان ژنانی کەمینە. خشتەی ژمارە (1) دووەم؛ چالاکییەکانی حکومەت و هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە پێکهاتە "کەمینە"کان وەک لە خشتەی ژمارە (2)دا رونکراوەتەوە، ئەنجامی وەڵامدانەوەی ئەم بڕگەیە هەستی ژنانی کەمینەکان دەردەخات سەبارەت بە کاری هێزە ئەمنییەکان و چالاکییەکانیان لە ناوچەکانیان، بەو پێیەی (81) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (23%) کە بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (من نیگەران نیم و ناترسم لەوەی چی دەکەن). ئاماژەیە بۆ ئەو متمانە و دڵنیاکردنەوەی ئەم چینەی کۆمەڵگا، لە ئەنجامی ئەو مامەڵە مرۆڤانەی کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە ئەنجامدراوە، کە بە شێوەیەکی ئەرێنی ڕەنگدانەوەیان لەسەر هەستکردنیان بە نیگەرانی و ترسیان لەو کردەوانە و ئەرکانەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجام دەدرێن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو گەشەسەندنەیە کە لە سیستمی هێزە ئەمنییەکاندا ڕوودەدات سەبارەت بە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، و جێبەجێکردنی پێوەرەکانی پیشەیی لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ژیانی هاوڵاتیان. خشتەی ژمارە (2) سێیەم؛ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2021 وەک لە خشتەی ژمارە (3)دا هاتووە؛ ئەم بڕگەیە پەیوەستە بە بەشداری ژنانی کەمینەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ساڵی 2021. ئەنجامەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە (194) وەڵامدەرەوە، بە ڕێژەی (55.4%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (بەڵێ)، ئەمەش ئاماژەیە کە ئەم بەشداریکردنە لە ئەنجامی زیادبوونی هۆشیاری کەمینەی ژنانە لە قۆناغی دوای داعشدا، بەڵام ڕێژەیەی بەشداریان کردووە بەشی هەرەزۆریان و (117) کەسیان بە ڕێژەی (60%) ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەوە لایەنەی دەنگیان پێداوە بەسەریاندا سەپێندراوە، ئەمەش نیشاندەرێکی زۆر مەترسیدارە کە بوونی هەندێک لایەن نیشان دەدات کە سەپاندنی بەسەر کەمینەکان بۆ دەنگدان. خشتەی ژمارە (3) چوارەم؛ ڕۆڵی حکومەت لە بەهێزکردن و بایەخپێدانی سیاسی ژنانی کەمینەدا وەک لە خشتەی ژمارە (4)دا نیشاندراوە؛ دەرئەنجامی وەڵامی بڕگەی یەکەم پەیوەست بوو بەوەی کە ئایا حکومەت بەرنامەی سیاسی پێشکەش دەکات بۆ پەروەردەکردنی ژنانی کەمینەکان سەبارەت بە مافە سیاسییەکانیان، بەو پێیەی (144) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (41%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕانیم)، ئاماژەیە بۆ نەبوونی بایەخدانی حکومەت لە بەرنامە سیاسییەکانی لەپێناو بەرزکردنەوەی هۆشیاری سیاسی لەم توێژەی کۆمەڵگادا. سەبارەت بە بڕگەی دووەم کە پەیوەندی بە پشتیوانی حکومەتەوە هەیە بۆ بەشداریکردنی پێکهاتەکانی ژنان لە بڕیاردان، ئەنجامەکانی باس لەوە دەکەن کە (136) وەڵامدەرەوە، بە ڕێژەی (39%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەکە (هاوڕانیم) و (تاڕادەیەک هاوڕام). کە ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ زۆر هۆکار، لەوانە لاوازی ئەزموونی سیاسی نوخبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان و بڕیاردەرەکان، ئەمە جگە لەوەی دەنگی ژنانی کەمینەکان نابیسترێت. هەروەها دەرئەنجامی وەڵامی بڕگەی سێیەم ئەوە نیشان دەدات کە پەیوەندی بەوەوە هەیە ئایا حکومەت بایەخ بە بەشداریکردنی سیاسی ئافرەتانی پێکهاتەکان دەدات و پاڵپشتییان دەکات بۆ ئەوەی خۆیان بۆ هەڵبژاردن کاندید بکەن ، وەک (152) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (43%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەکە (تاڕادەیەک هاوڕام). بڕگەی چوارەم پەیوەندی بە ڕۆڵی حکومەتەوە هەبووە لە دابینکردنی ئازادی و ئاسایشی پێویست بۆ بەشداری سیاسی ژنان بە هەموو پێکهاتەکانەوە دابین دەکات. (133) وەڵامدەرەوە، بە ڕێژەی (38%)، کە بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی "تا ڕادەیەک هاوڕام". ئەمەش ئەرێنییە ئاماژەدان بە ڕۆڵی حکومەت لە دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ بەشداریکردنی ژنان لە کەمینە سیاسییەکان. بڕگەی پێنجەم پرسیارێکی لەخۆگرتبوو کە ئایا ژنانی کەمینە لەگەڵ خێزان و هاوڕێیاندا باس لە پرسە سیاسییەکان دەکەن یان نا، ئەنجامەکانی ئەم بڕگەیە ئاماژەیان بەوە کردووە کە (152) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (43%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕام)، کە ئەمەش نیشاندەرێکی زۆر ئەرێنییە، چونکە کۆمەڵگەی کەمینەکان ڕێگە بە ژنان دەدات بەشداری گفتوگۆی سیاسی بکەن. ئەنجامی وەڵامی بڕگەی شەشەم دەریدەخات کە ئایا حکومەت سیاسەتی جیاکاری بەرامبەر بە بەشداری سیاسی ژنان پراکتیزە دەکات، بەو پێیەی (118) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (34%) بژاردەی (هاوڕام) و (156) بەشداربوو بە ڕێژەی (45%) کە بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام). ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو تەحەددایانەی کە ژنانی کەمینەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە پرۆسەی بەشداری سیاسیدا، بەهۆی ئەو جیاکارییەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە. خشتەی ژمارە (4) پێنجەم؛ ڕۆڵی حیزب لە بەهێزکردن و بایەخپێدانی سیاسی ژنانی کەمینەدا وەک لە خشتەی ژمارە (5) دا رونکراوەتەوە؛ بڕگەی یەکەمی ئەم تەوەرە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئایا لایەنە سیاسییەکان بەرنامە و خول پێشکەش دەکەن کە هۆشیاری ژنان لە گرنگی بەشداریکردن لە کردەوەی سیاسیدا زیاد بکات، (135) بەشداربوو بە ڕێژەی (39%) کە بەرزترین رێژەیە (هاوڕانیم)یان دەستنیشان کەدووە، ئەم داتایە ئاماژەیە بەوەی کە ژنانی کەمینەکان بەرنامەیەکی ئەوتۆ لە لایەنە سیاسییەکانەوە وەرناگرن بۆ بەهێزکردنیان لە ڕووی سیاسییەوە و بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسیدا، و ئەمەش ئاماژەیە بۆ پشتگوێخستنی ئەم پۆلە لە لایەنە سیاسییەکانەوە. سەبارەت بە بڕگەی دووەم، کە تایبەتە بەوەی، پارتە سیاسییەکان بایەخ بە بەشداری ژنان لە ئەنجوومەنە ئیدارییەکان بەرەوپێش دەبەن لە ڕێگەی خۆکاندیدکردنیانەوە بۆ هەڵبژاردن، وەڵامەکە زۆرترینی لەسەر بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام)ە بە (160) بەشداربوو بە ڕێژەی (46%)، ئەمەش واتە: لاوازی ڕۆڵی لایەنە سیاسییەکان لە خستنەڕووی ژنانی کەمینەکان لەناو ئەنجومەنی کارگێڕیەکانیاندا. دەرئەنجامی وەڵامی بڕگەی سێیەم ڕۆڵی لایەنە سیاسییەکان دەردەخات لە ڕێکخستنی وۆرک شۆپ و سیمسینار بۆ بەهێزکردن و بنیاتنانی ژنان، بەو پێیەی (150) وەڵامدەرەوە، بە ڕێژەی (43%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕانیم)، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ نەبوونی بەرنامەی حزبییەکان، و گرنگی نەدانیان بە پەرەپێدانی ئەو بەرنامانەی کە هۆشیاری سیاسی لە نێو ئەم گروپانەی کۆمەڵگادا بەرز دەکەنەوە، هەرچەندە یەکێک لە ئەرکەکانی حزبە سیاسییەکان بریتییە لە پێشخستن و هۆشیاری سیاسی و دیموکراسیانەی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا، بەبێ گوێدانە ئایین، مەزهەب، یان ڕەگەز. لە بڕگەی چوارەمدا ئاماژە بە گەرەنتی حزبی کراوە بۆ بەشداریکردنی ژنان لە پۆستە سەرکردایەتییەکان لە چوارچێوەی پشکی کۆتای پێکهاتەکان، لە ئەنجامی وەڵامەکەدا دەرکەوتووە کە (159) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (45%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام)، لە کاتێکدا کەمترین وەڵام ئەو بژاردەیەیان هەڵبژاردوە کە (هاوڕام)، چونکە ژمارەیان گەیشتە (74)، بە ڕێژەی (21%). دەرئەنجامی بڕگەی پێنجەم کە پەیوەندیدارە بەوەی پارتە سیاسییەکان چالاکیی ژنانی سەر بە خۆیان پەرەپێدەدەبەن، ئەوەی هاتووەتە ئاراوە: (165) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (47%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام)، لە کاتێکدا کەمترین وەڵام بۆ بژاردەی (هاوڕام). واتە ژنانی کەمینەکان پێیان وایە لاوازییەک لە نوێنەرایەتیکردنیان لەناو پێکهاتە ناوخۆییەکانی حزبەکاندا هەیە، و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تێبینیکردن کە بیرۆکەی حزبایەتی خۆی بۆ ژنانی کەمینەکان ڕوون نییە، جگە لە زاڵبوونی ژیانی سیاسی عێراق لەلایەن هەندێک لایەنی خاوەن ئاراستەی ئایینی، کە گرنگی بە بەشداریکردنی ژنان بە گشتی لە پێکهاتەی ناوخۆیی خۆیاندا نادەن، چ جای ژنانی کەمینەکان بە ئاماژەی ئایینی و کۆمەڵایەتی جیاوازەوە! دەرەنجامەکان بۆ بڕگەی شەشەم و کۆتایی ئەم میحوەرە پەیوەندیدارە بەوەی کە ئایا لایەنە سیاسییەکان سیاسەتی جیاکاری بەرامبەر بە ژنانی کەمینەکان پراکتیزە دەکەن یان نا، (156) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (45%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ ئەو بژاردەیە (تاڕادەیەک هاوڕام) کەمترین وەڵام، سەبارەت بە بژاردەی (هاوڕام) هەبووە. خشتەی ژمارە (5) شەشەم؛ پێوانەکردنی ڕادەی متمانەی ژنانی کەمینەکان بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان خشتەی ژمارە (6) ئاماژە بە ڕادەی متمانەی ژنانی کەمینەکان دەکەن بە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارە (١) نزمترین ئاستی متمانەیە، و ژمارە (١٠) بەرزترین ئاستی متمانەیە، داتاکان ئاماژەن بۆ ئەنجامی سەرنجڕاکێش، وەک متمانەی ژنانی کەمینەکان بە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان زیاترە لە متمانەی بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەو پاڵپشتییە گەورەیەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ناوچە کەمینەکان لە کاتی شەڕی داعش و دواتریشدا پێشکەشی کردووە، بەڵام ئەمە دەتوانرێت بەو ڕاستییە ڕوون بکرێتەوە کە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان نزیکتر و زیاتر پەیوەندییان بە ژنانی کەمینەکانەوە هەبووە لە چاو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئامرازە ناوخۆییەکانیان بەکارهێناوە لە چالاکییەکانیاندا ئەو بڕوایەی بە ژنانی کەمینەکان بەخشیوە کە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان ئەوانەن کە ئەو یارمەتییە دابین دەکەن، بۆیە متمانە بەم ڕێکخراوانە دروستکرا، جگە لە کاریگەریی هەندێک لە ژنانی کەمینەکان لە میدیاکاندا، کە زۆرجار سەرنجیان لەسەر ڕێکخراوە ناوخۆییەکانە، و پێکهاتەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. خشتەی ژمارە (6) حەوتەم؛ ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە بەهێزکردن و بایەخپێدانی سیاسی ژنانی کەمینەدا وەک لە خشتەی ژمارە (7)دا هاتووە؛ دەرئەنجامی وەڵامی بڕگەی یەکەم پەیوەست بە بەشداری ژنانی کەمینەکان لە وۆرک شۆپەکانی ڕاهێنان کە پەیوەندییان بە پرسە سیاسییەکانەوە هەیە، (140) وەڵام بە ڕێژەی (40%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕانیم)، لە کاتێکدا کەمترین وەڵام بۆ بژاردەی (هاوڕام) دەستنیشانکراوە، داتا ئامارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرنامەی ئەوتۆی ڕاهێنان و وۆرک شۆپەکانی پەیوەست بە کاروباری سیاسی کە ژنانی کەمینەکان دەکەنە ئامانج ئەنجام نادرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە زۆربەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوچە کەمینەکاندا لە دوای قۆناغی شەڕ لەگەڵ داعش چالاک بوون، بۆیە زۆربەی سەرنجەکانی لەسەر دابینکردنی چالاکیی فریاگوزاری بووە پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ، بنیاتنانی ئاشتی و پرسەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە، بەڵام کەمتەرخەمی کراوە لە پێشکەشکردنی بەرنامە سیاسییەکان کە هۆشیاری سیاسی بۆ ژنانی کەمینەکان. سەبارەت بە بڕگەی دووەم تایبەت بە پاڵپشتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بەشداری ژنان لە پرۆسەی سیاسیدا، لە ئەنجامی وەڵامەکاندا دەرکەوتووە کە (155) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (44%) زۆرترین ڕێژەیە بۆ بژاردە (تاڕادەیەک هاوڕام)، لە کاتێکدا کەمترین وەڵام بۆ بژاردەی (هاوڕانیم) هاتووەو ژمارەیان گەیشتووە بە (53)کەس بە ڕێژەی (15%). ئەنجامی وەڵامی بڕگەی سێیەم ڕۆڵی بەرنامەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە داکۆکیکردن لە مافە سیاسییەکانی ژنان نیشان دەدات، بەو پێیەی (139) بەشداربوو، بە ڕێژەی (40%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕام)، لە کاتێکدا کەمترین وەڵام بۆ بژاردە (هاوڕانیم) بووە. بڕگەی چوارەم پەیوەندییان بە ڕۆڵی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەبوو لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری سیاسی ژنان، دەرەنجامەکان بەو ئاقارەن کە (143) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (41%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەکە (تاڕادەیەک هاوڕام)، وەڵامەکان ئاماژەن بۆ هۆشیاری ژنانی کەمینەکان لە ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پشتیوانیکردنی ژنان و پشتیوانیکردن لە مافەکانیان. بڕگەی پێنجەم و کۆتایی، کە پەیوەندی بە بەشداری ژنانی کەمینەکانەوە هەیە لە کاری خۆبەخشانەدا، لەسەر گرنگی کردەوەی سیاسی، بژاردەی (هاوڕانیم)، زۆرترین بەشداربوو بەڕێژەی (36%) و (125)یان ئاماژەیان پێداوەو (118) کەس و بە ڕێژەی (34%) بژاردەی (هاوڕام)یان هەڵبژاردووە. کە ئەمە نیشاندەرێکی ئەرێنی گرنگە کە سەرنج ڕادەکێشێت بۆ ڕادەی هۆشیاری ژنانی کەمینەکان لە کاروباری سیاسی، و ڕادەی ئامادەیی ئەوان بۆ بەشداریکردنی خۆبەخشانە لە چالاکییەکانی پەیوەست بە سیاسەت. خشتەی ژمارە (7)
شیكاری: درەو # هەناردەی شمەکی تورکی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بۆ عێراق کە بەشی هەرە زۆری لە دەروازی "ئیبراهیم خەلیل"ەوە هاوردە کراوە، بە قەبارەی (2.2 ملیار) دۆلاری ئەمریکی بووە. # هەناردەی سەرجەم کەل و پەلە تورکییەکان بۆ عێراق کەمی کردووە، جگەرەو خواردنەوە کحولییەکان نەبێت بە تێکڕای ساڵانە زیادی کردووە. # تەنها لە وڵاتی "چین"ەوە لە ماوەی (15) مانگدا، عێراق (12 ملیۆن و 500 هەزار) تایەی ئۆتۆمبێلی بە بەهای زیاتر لە (500 ملیۆن) دۆلار هاوردە کردووە. هەناردەی شمەی تورکی بۆ عێراق تورکیا سێیەم هاوبەشی بازرگانی عێراقە لە دوای چین و شانشینی ئیماراتی، ئەم ریزبەندییەش بەندە بە قەبارەی هەناردەکردنی شمەک و کەل و پەلی ئەو وڵاتانە بۆ عێراق و شمەکی هاوردەکراوی عێراق لە وڵاتانی دەرەوە. تورکیا لەگەڵ ئەوەی و هاوبەشێکی گەورەی بازرگانییە لەگەڵ عێراقدا، بەڵام تاکە ڕێگەی وشکانیانیان دەروازەی (ئیبراهیم خەلیل)ە لە هەرێمی کوردستان و دەکەوێتە سنوری پارێزگای دهۆکەوەو بەشی زۆری ئەو کەل و پەلانەی هەناردەی عێراقی دەکات بە دەروازەی ناوبراودا تێپەڕ دەبێت. لێرەدا ئاماژە بە قەبارەو بەهای هەناردەی ئەو وڵاتە بۆ عێراق لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ و بەروارد بە ساڵی (2022) دەدەین. پاڵپشت بە داتاکانی دامەزراوەی ئایندەیی عێراق (مٶسسە عراق المستقبل -Iraq Future Foundation) هەناردەی شمەکی تورکیا بۆ عێراق لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا لەسەر بنەمای وەرزی بەڕێژەی 17% و لەسەر بنەمای ساڵانە بەڕێژەی 32% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. بەمەش بەهای هەناردەی شمەکی تورکیا بۆ عێراق لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە نزیکەی (2.2 ملیار) دۆلاری ئەمریکی، دوای ئەوەی لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022)دا قەبارەی هەناردەی ئەو وڵاتە بۆ عێراق نزیکەی (2.7 ملیار) دۆلاری ئەمریکی و لە دواین چارەکی ساڵی (2022)دا (3.3 ملیار) دۆلاری ئەمریکی بووە. پێداویستییە خۆراکییەکان گەورەترین ڕێژەی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق پێکدەهێنێت کە دەگاتە ڕێژەی (30%)ی نێو کۆی هەناردەی ئەو شمەک و کەل و پەلانەی هەناردەی عێراقی دەکات، بەڵام لەسەر بنەمای ساڵانە بەڕێژەی (22%) لەسەر بنەمای وەرز بەڕێژەی (27%) کەمیکردووە. تایبەت بە هەناردەکردنی کەرەستەی دروستکراوی جۆراوجۆری تورکیا کە بریتین لە زێڕ و جلوبەرگ و مۆبیلیات، کە (23%)ی کۆی هەناردەکردن پێکدەهێنن، لەسەر بنەمانی ساڵانە (26%) و لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا (43%) کەمیکردووە. هەناردەی تورکیا بۆ بەرهەمە سەرەتاییەکانی وەک کاغەز و ئاسن و کانزا جۆراوجۆرەکان کە بە ڕێژەی (22%)ی کۆی هەناردەکردن پێکدەهێنن، بەشێوەی ساڵانە بە ڕێژەی (13%) و لەسەر بنەمای چارەکە ساڵ بە ڕێژەی (32%) کەمیکردووە. لەدوای کەرەستەو پێداویستییەکانی گواستنەوە، خواردنەوە کحولییەکان و جگەرە، کە 1.7%ی کۆی هەناردەکردنیان پێکهێناوە، لەو بەرهەمە تورکیانەن لەسەر بنەمای ساڵانە بەڕێژەیەکی کەم گەشەیان کردووە و گەیشتووە بە سەر و ڕێژەی (5%)، بەڵام لەسەر بنەمای چارەکە ساڵ بە ڕێژەی (14%) گەشەکەیان دابەزیوە. تایبەت بە وردەکاری ڕێژەی گەشەی شمەک و کەل و پەلی هەناردەکراوی تورکیا بۆ عێراق بڕوانە (چارتی ژمارە (1)) هۆکاری دابەزینی ئاستی هەنادەی تورکیا بۆ عێراق بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، ئەوانیش؛ 1. ئاستی دابەزینی هەناردەی کەل و پەلی تورکی پەیوەندیداربووە بەو مەلەرزەیە بووە کە لە سەرەتاکانی مانی شوباتی (2023) تورکیای گرتەوە، کە بووە هۆی ڕاگرتنی زۆرێک لە پڕۆژەکانی ئەو وڵاتە 2. سەختی گواستنەوەی نەختینەی دارایی لە ئەنجامی ڕێکارەکانی ئەم دواییە لە ڕێکخستنی گواستنەوەی دارایی لە تورکیاو ئاستی بەرزی هەڵاوسان و دابەزینی بەهای لیرەی تورکی، کە بەشداربووە لە دابەزینی بەهای کاڵا هەناردەکراوەکانی ئەو وڵاتە بۆ عێراق. چارتی ژمارە (1) هاوردەی "تایە"ی ئامرازەکانی گواستەوە لە وڵاتی "چین"ەوە هەر بەپێی داتاکانی هەناردەی دامەزراوەی ئایندەیی عێراق (مٶسسە عراق المستقبل -Iraq Future Foundation)، کە سەرۆکی دەزگاکە (موهەندیس مەنار ئەلعبێدی) لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک بڵاوی کردووەتەوە. بەپێی داتاکانی ناوبراو عێراق لە ماوەی (15 مانگی) ڕابردوودا لە سەرەتای ساڵی (2022) تا کۆتایی چارەکی یەکەمی (2023)، بە بەهای زیاتر لە (500 ملیۆن) دۆلار تایەی جۆراو جۆری لە وڵاتی "چین"ەوە هاوردە کردووە. لەو ماوەیەدا عێراق زیاتر لە (12 ملیۆن و 500 هەزار) تایەی هاوردە کردووە، بۆ ئامرازەکانی گواستنەوە. بەهای هەناردەی "چین" لە چارەکی یەکەمی ساڵی(2023) دا (ملیۆنێک و ٩٠٠ هەزار) تایە بووە، بە بەهای (75 ملیۆن) دۆلار، بە بەراورد بە چارەکی چوارەمی ساڵی (2022) کە نزیکەی (2 ملیۆن 800 هەزار) تایە بووە، بە بەهای (125 ملیۆن) دۆلار، بەڕێژەی (39%)دابەزیوە. بەڵام بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) دابەزینەکە بە ڕێژەی (1.38%)بووە، بەو پێیەی ژمارەی تایەی هاوردەکراو گەیشتووەتە (2 ملیۆن 120 هەزار) تایەی هاوردەکراو، بە بەهای (76 ملیۆن) دۆلاری ئەمریکی. بڕوانە (چارتی ژمارە (2)). چارتی ژمارە (2) وەک سەرۆکی دەزگای دامەزراوەی ئایندەیی عێراق ئاماژەی پێکردووە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا تێکڕای هاوردەکردنی تایەی ئۆتۆمبێل بۆ عێراق لە (15) مانگدا زیاترە لە نیو ملیار دۆلاری ئەمریکی تەنها لە چینەوە! ئایا کێشەی ڕاستەقینە لە دامەزراندنی پڕۆژە بۆ بەرهەمهێنانی تایەی جۆراوجۆر چییە؟ کە بەهای ئەو هەناردەکردنانە پاشەکەوت دەکات و هەلی کار بۆ گەنجانی بێکار دەڕەخسێنێت و بەشدار دەبێت لە زیادکردنی بەرهەمی گشتی ناوخۆیی. ئایا لە ڕاستیدا کێشەیەک هەیە لە دروستکردنی ژینگەی وەبەرهێنان بۆ دامەزراندنی ئەو جۆرە پڕۆژە پیشەسازیانەی کە قەبارەی زیادبوونی بەکاربردن کەم دەکەنەوە، یان فێربووین بەکاربەر بین و بەرهەمهێنەر نەبین؟