Draw Media

سه‌درو مالیكی.. له‌ چاوه‌ڕوانی هه‌ینیدا

سه‌درو مالیكی.. له‌ چاوه‌ڕوانی هه‌ینیدا

2022-08-11 08:46:59


راپۆرت: درەو
ناكۆكی شیعەكان جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆسەر شەقام‌و ئەگەری پێكدادان بەدوور نازانرێت، سەدر هەفتەیەك مۆڵەتی خستوەتە بەردەم دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش سەرلەنوێ داوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەت دەكەن، هەینی ئەم هەفتەیە ناكۆكییەكان ئاڕاستەیەكی نوێ وەردەگرن، رەنگە سەدرییەكان مانگرتن لە پەرلەمانەوە بگوازنەوە بۆ ئەنجومەنی دادوەریی‌و روبەڕووی دژەخۆپیشاندانی چوارچێوە ببنەوە. 

دادگا لەبەردەم فشاری سەدردا  
دوێنێ دۆخی بنبەستی سیاسی عێراق پەرەسەندنێكی نوێی بەخۆوە بینی، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر (تویت)ێكی كرد‌و داوای لە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی كرد تاوەكو (كۆتایی هەفتەی داهاتوو) پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە. 
هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە یەكێك لەو رێگانەیە كە هیچ بنەمایەكی دەستوریی نییە، واتە لە دەستوری عێراقدا دەسەڵاتی (هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان) بە دادگای فیدراڵی نەدراوە، بەڵام سەدر بەبەهانەی ئەوەی پەرلەمان نەیتوانیوە لەماوەی دەستوریدا سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێت‌و متمانە بە حكومەت بدات، سوێندی یاسایی شكاندووە، ئەم شەڕەی خستوەتە بەردەم دەرگای دادگای فیدراڵییەوە. 
عەلی تەمیمی پسپۆڕی یاسایی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەڵێ: دوو بۆچوونی یاسایی هەیە، بۆچونی یەكەم ئەوەیە دادگا هیچ دەقێكی یاسایی لەبەردەستدا نییە كە بتوانێت بەهۆیەوە پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، بۆچونێكی دووەم ئەوەیە ناكرێت دادگا بەبەهانەی ئەوەی هیچ دەقێكی لەبەردەستدا نییە حكومی خۆی لەبارەی ناكۆكییەكانەوە نەدات، بەتایبەتیش كە ماددەی یەكەمی یاسای مەدەنی لەماددەكانی 59‌و 74دا دەڵێ دادگای بەرایی دەتوانێت دامەزراوەیەك هەڵوەشێنێتەوە ئەگەر نەیتوانی رۆڵی خۆی ببینێت‌و ئەو مەبەستە بەدی بهێنێت كە لەپێناویدا دامەزراوە.
سەدر كە خۆی لە پەرلەمان كشاوەتەوە، بێئومێد بووە لەوەی پەرلەمان خۆی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بەتایبەتیش كە دوای كشانەوەی ئەو، ئێستا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی كوتلەی زۆرینەی ناو پەرلەمانن‌و نوری مالیكی وەكو سەری بەهێزی ناو چوارچێوەی رایگەیاند، بەبێ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان، هەڵبژاردنی پێشوەختە ناكرێت.
ئەوە هەر چوارچێوەی هەماهەنگیی نییە وەكو لایەنێكی نەیار دژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانە بەوشێوەی كە سەدر داوای دەكات، تەنانەت مەسعود بارزانی-ش وەكو هاوپەیمانێكی سەدر هێشتا قسەی خۆی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ یەكلانەكردوەتەوە.
دوای دوو هەفتە كۆنترۆڵكردنی تەلاری پەرلەمان لەلایەن لایەنگرەكانییەوە، سەدر دوێنێ ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكانی بەرەو ئەنجومەنی دادوەریی‌و دادگای فیدراڵی گواستەوە، هەندێك لە سەرچاوەكان لەناو رەوتی سەدرەوە باسلەوە دەكەن، پێدەچێت خۆپیشاندانەكان لە ناوچەی (سەوز)ەوە ئاڕاستەی ناوچەی (جادریە)‌و كۆشكی (سەرۆكایەتی كۆمار)یش بكرێت، سەدر لە تویتەكەیدا داوا دەكات دادگای دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، سەرۆك كۆمار راسپێرێت بە دیاریكردنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی نوێ.   
ماددەی (٦٤)ی دەستوری عێراق تەنیا دوو رێگەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دیاریكردووە:
* رێگای یەكەم: یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان واتە لەكۆی (٣٢٩) ئەندام (١١٠) ئەندام نوسراوێك پێشكەش بكەن‌و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن‌و پەرلەمان بەزۆرینەی رەها (واتە ٥٠+١)ی دەنگی ئەندامەكانی داواكارییەكە پەسەند بكات، بەگوێرەی ئەم رێگا دەستورییە دوای پێشكەشكردنی داواكاری، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی (١٦٥) ئەندامی پەرلەمان هەیە لەكۆی (٣٢٩) ئەندام. سەدر بەر لە كشانەوەی لە پەرلەمان، بە سودوەرگرتن لە هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ بارزانی‌و حەلبوسی دەیتوانی بە ئاسانی پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، ئەم یەكێكە لەو ئاماژانەی دەریدەخات لە بڕیارەكەیدا بۆ كشانەوە لە پەرلەمان كەوتوەتە هەڵەوە. 
* رێگای دووەم: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەڕەزامەندی سەرۆك كۆمار داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكات. ئەم رێگایە ئێستا بەركار نییە، چونكە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران‌و بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار هەردووكیان كاربەڕێكەرن‌و لەبەردەم خولی ئێستای پەرلەماندا هەڵنەبژێردراون‌و ناتوانن داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن. 
جگە لەو رێگا نادەستورییەی كە سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێشنیازی كردووە كە دادگای فیدراڵییە، رێگایەكی تریش هەیە بۆ دەربازبوون لە بنبەستەكە ئەویش ئەوەیە بە رێككەوتنی لایەنەكان پەرلەمان سەرۆك كۆمارێكی نوێ هەڵبژێرێت‌و دواتر هەر بە رێككەوتن حكومەتێكی كاتیی لە عێراق دروست بكرێت، بۆ ئەوەی ئەم حكومەتە ئەركی ئامادەكاری سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ بگرێتە ئەستۆ لەماوەیەكی دیاریكراودا، بەتایبەتیش كە بەگوێرەی دەستور حكومەتی كاربەڕێكەری ئێستای عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی دەسەڵاتی ئەوەی نییە بودجە بۆ سازدانی هەڵبژاردن تەرخان بكات.
بەڵام سەدر دەیەوێت دۆخی سیاسی عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتای پرۆسەی سیاسی نوێ لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003، تەنانەت بە دەستكاریكردنی دەستوریشەوە، داواكارییەكی لەمشێوەیەش پێویستی بەكاتێكی زیاتر هەیە. 

چوارچێوە ئاماده‌كاری بۆ روبه‌رووبونه‌وه‌ ده‌كات

گرەوكردن لەسەر لەبەریەكهەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتیی چوارچێوەی هەماهەنگیی (نوری مالیكی+ هادی عامری+ قەیس خەزعەلی، فالح فەیاز+ عەممار حەكیم+ حەیدەر عەبادی) جارێكی تر شكستی هێنا، دوێنێ شەو چوارچێوەی كۆبووەوە‌و بە بانگەوازكردن بۆ یەكلایكردنەوەی كاندیدی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت وەڵامی داواكەی سەدری دایەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن دادگاوە. 
سەدر كە لەماوەی (9) مانگی دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2021وە هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە بووە هادی عامری لە نوری مالیكی جیابكاتەوە، لەم هەوڵەدا سەركەوتوو نەبوو، تەنانەت دزەكردنی تۆمارە دەنگییەكانی مالیكی كە لەبارەی حەشدی شەعبی‌و عامرییەوە بەشێوەیەكی نەرێنی قسە دەكات، هێشتا نەیتوانیوە هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەڵوەشێنێتەوە كە بە هاوپەیمانێتی نزیك لە ئێران ناودەبرێت. 
هەر دوای كۆبونەوەكەی دوێنێ شەو، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بانگەوازی خۆپیشاندانیان كرد بۆ لایەنگرەكانیان، خۆپیشاندانی ئەمجارە ناوی لێنراوە "گەل دەوڵەت دەپارێزێت"، وەكو خۆیان دەڵێن ئەمە بۆ بەرگریكردنە لە دامەزراوەی دامەزراوە دادوەریی‌و یاساییەكانی وڵات. 
ئەم خۆپیشاندانە لەبەردەم ناوچەی سەوز دەكرێت كە لایەنگرانی سەدری تێدا كۆبوەتەوە، واتە لە ئەگەری رۆشتنی لایەنگرانی سەدر بەرەو بینای دادگا، ئەگەری روبەڕووبونەوە هەیە لەنێوان هەردوولادا.  

چارەسەری دەرەكیی!
ئێستا كە  دوای (10) مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، هەردوو بەرەی ناكۆكی شیعە (سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگیی) ناتوانن بگەنە رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت یاخود سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ، پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن لە دەرەوەی عێراق نەخشەرێگایەك بۆ چارەسەر بەسەر لایەنە عێراقییەكاندا بسەپێندرێت.
هەندێك پێشبینی دەستپێشخەریی ئێران دەكەن، هەندێكی تر گومانیان هەیە لەئەگەری بەردەوامبوونی بنبەستە سیاسییەكە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەخشەرێگایەك بەسەر لایەنە سیاسییەكاندا بسەپێنێت، كە رەنگە ئاكامەكەی باش نەكەوێتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand