دەستلەكاركێشانەوەی سەدرییهكان لهبهردهم دادگادا
2022-09-04 12:56:09
(درەو):
رۆژی 28ی ئەم مانگە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تەماشای سكاڵایەك دەكات كە لەبارەی پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵی پەرلەمانتارانی سەدر تۆماركراوە.
پارێزەرێكی دادگای تێهەڵچونەوەی بابل بەناوی (زیائەدین بودەیری) سكاڵایەكی بۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەرزكردەوە لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدرەوە. لەم سكاڵایەدا پارێزەرەكە دەڵێ" پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدریی لەلایەن محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانەوە بەبێ ئەوەی بیخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری، هەڵسوكەوتێكی تاكڕەوانەو دیكتاتۆرانە بووەو هیچ یاسایەك نییە رێگە بەم كارە بدات".
رۆژی 12ی حوزەیرانی رابردوو (73) پەرلەمانتاری رەوتی سەدر بەكۆمەڵ دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان ئاڕاستەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان كردو حەلبوسی دەستلەكاركێشانەوەكان پەسەندكرد.
دادگای باڵای فیدراڵیی كە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراقو بڕیارەكانی تانەی لێنادرێت، رۆژی 28ی ئەم مانگەی دیاریكردووە بۆ تەماشاكردنی سكاڵاكەی پارێزەر (زیائەدین بودەیری).
قبوڵكردنی سكاڵا لەبارەی نایاسایبوونی پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدریی لەكاتێكدایە پێشتر بەم بابەتە لە پەرلەمانو لەبەردەم رایگشتیدا تێپەڕیوەو هیچ سكاڵایەكی یاسایی لەسەر نەبووەو هەموان كۆك بوون لەبارەی ئەوەی حەلبوسی بەرێوشوێنێكی یاسایی دەستلەكاركێشانەوەكانی پەسەندكردووە، رەنگە ئەمە هەوڵێك بێت بۆ گەڕاندنەوەی سەدرییەكان بۆ ململانێ سیاسییەكان لەچوارچێوەی پەرلەماندا نەك لەسەر شەقامەكان.
جگە لەمە، دادگای باڵای فیدراڵی سكایەكی تری لەبەردەمدایە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانو هێشتا بڕیاری لێنەداوە، سەدرییەكان داوایان لە دادگاكە كردووە بە بڕیارێك پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی پەرلەمان سەركەوتوو نەبووە لەوەی لەوادەی دەستوریدا سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێتو متمانە بە كابینەیەكی نوێی حكومەت بدات.
پێشتر ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، بەگوێرەی دەستور دادگا دەسەڵاتی ئەوەی پێنەدراوە پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە.
دوای وازهێنانی ئایەتوڵا كازمی حائیری مەرجەعی سەدرییەكان، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدریش وازهێنانی خۆی لە كاری سیاسی راگەیاند، بەڵام ئێستا سەدرییەكان وردە وردە جارێكی تر دەگەڕێنەوە بۆ ناو ململانێ سیاسییەكان.