درەو: راپۆرتی وەرگێڕدراو: گۆڤاری ئاییندەناسی پوختە ئامانجی ئەم توێژینەوە، لێکۆڵینەوەی جیۆپۆلەتیکیی وزەی عێراق و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییە جیھانی و ھەرێمییەکانی پەیوەندیدار بەو بابەتەیە لە داھاتوودا. ئامانجی نووسەران، شیکردنەوەی ڕەوتە گرنگەکانە لەسەر پیشەسازیی وزەی عێراق بۆ خستنەڕووی وێنەیەكی ڕوون لە داھاتووی جووڵە و كاریگەریی ئێران لە جیۆپۆلەتیکی وزە لەو وڵاتەیە. سیاسەتی عێراق لەسەر فرەچەشنیی بنەماكانی ھاوردەکردنی وزە، پێشکەوتنی ژێرخانی وزە نوێبووەوەکان، فراوانکردنی وەبەرھێنانی دەرەکی و لە ھەمان کاتدا ئابڵووقە ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە نموونەی پڕۆسە کاریگەرەکانی سەر بەرکەوتنی ئێرانە لە جیۆپۆلەتیکی وزەی عێراق. لەسەر ئەم بنەمایە، پرسیاری ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە پڕۆسە گەورەکانی سیاسی و ئابووریی کاریگەر لەسەر بازاڕی وزەی عێراق، چ کاریگەرییەکی لەسەر پێگەی ئێران لە جیۆپۆلەتیکی وزەی ئەم وڵاتە دەبێت؟ نووسەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە بەردەوامیی ئەم پڕۆسە سیاسی و ئابوورییانە لە ماوەیەکی کورتمەودادا دەبیتە ھۆی ئەوەی سوودی تایبەتی جیۆپۆلەتیکی ئێران لە تۆڕی وزەی عێراق تووشی ئاڵنگاری بێت. كلیلەوشەكان: جیۆپۆلەتیكی وزە، عێراق، وزە نوێبووەوەکان ، هێزە گەورەكان، سزاكان (ئابڵووقه، تحریم) پێشەکی عێراق لەگەڵ ئەوەی کە یەکێکە لە دیارترین بەرھەمھێنەرەکانی نەوت و بە دووەم گەورەترین ھەناردەکەری ڕێکخراوی ئۆپیک ئەژمار دەکرێت، بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی کارەبا ناچار بووە بە ھاوردەکردنی کارەبا بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا. دوای لادانی سەددام لە ساڵی ٢٠٠٣، لە کاتێکدا کە دراوسێ عەرەبەکانی عێراق بەتایبەت وڵاتانی کەنداو پەرێزیان لە ھاوکاریی سیاسی یان ئابووری لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق گرت، کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی لەگەڵ ئەو وڵاتە پتەوتر کردەوە. باشتربوونی پەویوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە، ئیمتیازێکی تایبەت بووە لە ھاوکێشە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە بۆ ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا، سنووردارێتییەکانی ئەم پەیوەندییە کە لە ئەنجامی وابەستەبوون بە وزەی ھاوردەکراو و فشارەکانی ئەمەریکا لەسەر عێراق بۆ پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ ئێرانە، عێراقی ناچار کردووە کە لەم ساڵانەی کۆتاییدا بەشوێن چەندێتیی ھاوردەکردنی وزە یان پێشخستنی ژێرخانی پیشەسازیی وزەوە بێت. دوای چەند دەیەیەک شەڕ و ئابڵوقە، عێراق شوێنپێی خۆی لەنێو گەورەترین بەرھەمھێنەرانی نەوتی جیھان قایم کردووە. وەبەرھێنانە دروستەکان لە بەشی وزە، بەرھەمی نەوتی عێراقی بۆ زیاتر لە ٤.٨ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە لە ساڵی ٢٠١٩ بەرز کردووەتەوە. بەغداد لەگەڵ ھەندێک کۆمپانیای دەرەکی لە بواری نەوت لە بارەی ڕێککەوتننامەکانی تایبەت بە بەرھەمھێنان دانوستانی کردووە و عێراقی گەیاندووەتە لێواری بەرھەمھێنانی ٩ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە تا ساڵی ٢٠٢٠ کە نزیک دەبێـتەوە لە بەرھەمی ئێستای عەرەبستانی سعودی یان ڕووسیا. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) پێشبینیی کردووە کە تا کۆتایی ئەم دەیەیە، بەرھەمی نەوتی عێراق دەگاتە نزیکەی ٦ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە (Businessline, 2019). لەگەڵ ئەوەشدا، ھاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە ئاڕاستەی وزەی پاک و نوێبووەوە، عێراقی خستووەتە سەر ڕێڕەوێکی دروستی جیۆپۆلەتیکی وزە. ئەم وڵاتە خەریکی بەرنامەڕێژییە بۆ بەکۆتاگەیاندنی پڕۆژە نوێییەکانی وزەی خۆر (سۆلار) لەگەڵ کۆمپانیا دەرەکییەکان بۆ پێشخستنی سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە بۆ ٣٣% لە کۆی گشتیی وزە تا ساڵی ٢٠٣٠. ئەم بارودۆخە دەبێتە ھۆکار بۆ ئێران کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس کە سوودێکی تایبەتی لە جیۆپۆلەتیکی عێراق دەست کەوتووە، تووشی ئاڵنگاری لە سیستمی نوێی ھەرێمی ببێتەوە. پرسیارەکە ئەمەیە کە پڕۆسە گەورەکانی سیاسی و ئابووریی کاریگەر لەسەر بازاڕی وزەی عێراق، چ کاریگەرییەکی لەسەر پێگەی ئێران لە داھاتووی جیۆپۆلەتیکی وزەی ئەم وڵاتە دەبێت؟ نووسەران ھەوڵ دەدەن لەسەر بنەمای چوارچێوەی چەمكی جیۆپۆلەتیکی وزە، لێکۆڵینەوە لە پێگەی عێراق لە جیۆپۆلەتیکی جیھانی وزە دەکات، دواتر بە شیکردنەوەی ئاڕاستە فراوانەكان و گەڕان و بزووتنە زاڵەكان، دیدێکی ڕوون لە ھەڵکەوتەی ئێران لە جیۆپۆلەتیکی وزەی عێراق تا ساڵی ٢٠٣٠ بخەنە ڕوو. جیۆپۆلەتیکی وزەی عێراق و گرنگیی بۆ ئێران عێراق لەدوای سعودیە، دووەمین بەرھەمھێنەری گەورەی نەوتی خاو لە ڕێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکەری نەوت (ئۆپیک)ە. ئەم وڵاتە خاوەنی پێنجەمین گەنجینەی گەورەی سەلمێنراوی نەوتی خاوە لە جیھان کە ١٤٥ ملیار بەرمیلە، کە دەکاتە ١٧%ی گەنجینەی سەلمێنراو لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ٨% لە گەنجینەی گشتیی جیھان (Oil& Gas Jurnal, 2020) . زۆرترین کێڵگە سەرەکییە ناسراوەکانی عێراق (کە ھەموویان کەوتوونەتە وشکانییەوە)، لە حاڵەتی بەرھەم یان لە قۆناغی کارکردن بۆ بەرھەمھێنانن. بەرھەمھێنانی نەوتی خاوی عێراق لە ساڵی ٢٠١٣ تاوەكو ٢٠١٩، نزیکەی ٣٠٠٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە گەشەی کردووە و ڕێژەی بەرھەمھێنانی نەوتی خاو لەم وڵاتەدا بە شێوەی بە تێکڕایی لە ساڵی ٢٠١٩، ٤.٧ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بووە. پێشبینی دەکرێت بەرھەمھێنانی نەوت لە عێراق تا ساڵی ٢٠٣٠ نزیکەی ١.٣ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە گەشە دەکات و ئەم وڵاتە دوای ئەمەریکا و بەڕازیل، سێیەمین گەورە سەرچاوەی نەوت لە ئاستی جیھاندا دەبێت (International Energy Agency, 2019) . ئابووریی عێراق پەیوەندییەکی زۆری بە داھاتی ھەناردەی نەوتی خاوەوە ھەیە. بە پێی ڕاگەیەنراوی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو(IMF) ، لە ساڵی ٢٠١٨ داھاتی ھەناردەکردنی نەوتی خاو ٩١% لە کۆی گشتیی داھاتەکانی وڵاتی عێراقی لەخۆ گرتووە (International Monetary Fund, 2019) . ھەر چەند عێراق وەبەرھێنەرێکی دیاری نەوت و دووەم گەورەترین ھەناردەکەری ئۆپیکە، بەڵام نەبوونی توانای خۆبژێوی لە سووتەمەنیی بەکارھێن بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، توانای ئەم وڵاتەی لە ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانی کارەبا و وزە کەم کردووەتەوە. عێراق ناچارە بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکانی کارەبا، غازی پێویست لە دەرەوە و بەتایبەت لە ئێران ھاوردە بکات. بە شێوەی گشتی عێراق لەبەر دوو ھۆکار بۆ ئێران گرنگە: یەکەم، ئەو ڕۆڵەیە کە ئەم وڵاتە لە پاراستنی ئاسایشی ئێران دەیگێڕێت. ھەوڵەکانی ئێران بۆ سەپاندنی ئاسایش لە عێراق لەسەر بنەمای زۆرێک لە واقیعە بنەڕەتییەکانی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتەیە. گۆڕانکارییە نوێیەکانی دەرەنجامی ھێرشی ئەمەریکا بۆ عێراق و پێشھاتەکانی، ئێرانی ناچار کرد کە ئاسایشی خۆی پتەوتر بکات و ھاوکارییەکی سیاسیی بەھێز لەگەڵ حکومەتی نوێی دراوسێ دروست بکات. ھەبوونی پەیوەندییەکی سیاسی-ستراتیژی لەگەڵ حکومەتێکی دۆستی شیعە، دەتوانێت یارمەتیی ئێران بدات تا لە ئەنجامەکانی مانەوەی درێژمەودای ئەمەریکا لە عێراق بیپارێزێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ھەڕەشانەی کە بە ھۆکاری بارودۆخی نێوخۆیی عێراق و شەڕی دەسەڵات لە ئێستادا (ئەگەری ھەڵوەشانەوە، شەڕی نێوخۆیی، کێبەرکێی باڵەکان و… ھتد) سەرچاوە دەگرن، دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران ھەبێت. بە سەرنجدان لەوەی ئێران خاوەنی پەیوەندییەکی زۆر باش لەگەڵ جیھانی عەرەبی و ئەکتەرەکانی تری ناوچەکە وەکوو سعودیە و میسڕ بە بەراورد لەگەڵ عێراق نییە، دەبێت لە کاریگەرییەکانی ئەم بەریەککەوتنانە ھۆشیار بێت. ھۆکاری دووەم، دروستکردنی دەرفەتە ئابوورییەکانە کە عێراق دەتوانێت بۆ ئێران ھەیبێت. ئەم ھۆکارە لەسەر دوو بنەما وەستاوە؛ یەکەم، عێراق لەدوای سەددام دەتوانێت ھەندێک دەرفەت بۆ ئێران دروست بکات کە بە شێوەیەکی چالاک بتوانێت کاریگەری لەسەر پەیوەندییە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دروست بکات. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی تایبەت لە دروستکردنی سەقامگیری لە عێراقی نوێدا ڕۆڵی کاریگەری ھەیە. دووەم، بارودۆخێکی نوێ دەرفەتی تایبەتی خستووەتە بەردەم بڕیاردرانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران تا لە گەیشتن بە بەشێک لە ئامانجە ئابوورییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی فشارە ئابوورییەکان کە دەرەنجامی سزاکانی ئەمەریکایە، ھاوکاری بکات. لە بواری ئابووریدا عێراق بەردەوام بازاڕێکی باش بۆ بازرگانە ئێرانییەکان بووە، بەڵام ئەوەی گرنگیی ئابووریی عێراق بۆ ئێران بەرجەستە دەکات، پێویستی و وابەستەبوونی ئەو وڵاتە بە غازی ئێرانە. بە پێی بەرنامەی دیدگای ٢٠ ساڵە (چشم انداز 20 ساله)، ئێران دەبێت تا ساڵی ٢٠٢٥ ھەموو ژێرخانە پێویستەکانی بۆ بوون بە جەمسەرێکی کارەبای ناوچەیی ئامادە بکات. عێراق گەورەترین ھاوردەکەری کارەبای ئێرانە. ھەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠٠٥ ڕێککەوتننامەیەکیان لەسەر ھەناردەکردنی کارەبای ئێران بۆ عێراق واژۆ کرد. عێراق پێویستی بە ٢٦ مێگاوات کارەبا ھەیە، بەڵام توانای بەرھەمھێنانی تەنیا ١٩ بۆ ٢١ ھەزار مێگاوات ھەیە. نزیکەی یەک لەسەر سێی (٢٦%) کارەبا و غازی پێویستیی عێراق، لە ئێرانەوە بۆ ئەو وڵاتە ھەناردە دەکرێت ((Tehran Times, 2019. ئێران بازاڕی عێراق بە گرنگترین دەرفەت بۆ ھەناسەدانی ئابووری لەم بارودۆخە قورسەی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە دادەنێت. عێراق لەگەڵ ئەوەی خاوەنی ١٣٥ ترلیۆن مەتر سێجا لە گەنجینەی سەرچاوەی سروشتیی سەلمێنراوی غازی سروشتییە و دوانزەیەمین گەورە گەنجینەی جیھانە، بە ھۆی نەبوونی بۆری و ژێرخانی پێویست، بەشێکی گەورە لە غازەکەی سوودی لێ وەرناگیرێت و دەسووتێت. دوای ڕووسیا، عێراق زیاتر لە ھەر وڵاتێکی تری جیھان غازی سووتاوی ھەیە. بۆ نموونە: لە ساڵی ٢٠١٧، عێراق نزیکەی ٦٢٩ پێی سێجا غازی سروشتیی سووتاند (٢٠١٨ (National Centers for Environmental Information, . لە ساڵی ٢٠١٩ ئەم وڵاتە ٣٨١.٣٩ ملیار پێی سێجا (١٠.٨ ملیار مەتر سێجا) غازی سروشتیی بەرھەم ھێناوە، لە کاتێکدا ڕێژەی بەکاربردنی نزیکەی ٧٠٢.٧٦ ملیار پێی سێجا (١٩.٩ لیار مەتر سێجا) بووە. لەم بڕە، تەنیا بەشێکی بچووکی بۆ دروستکردنی کارەبا سوودی لێ وەرگیراوە(BP, BP Statistical Review) . لەسەر ئەم بنەمایە، عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ چەند ڕێککەوتننامەیەکی بۆ ھاوردەکردنی کارەبای ئێران واژۆ کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٩، ھەردوو وڵات ڕێککەوتننامەیەکیان بۆ وەرگرتنی ھەناردەی غازی ئێران واژۆ کرد. بە پێی خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنە، ئێران پابەند بوو کە ڕۆژانە ٧١ بۆ ٨٨ ملیۆن پێی سێجا (٢٠-٢٥ ملیۆن مەتر سێجا) غازی سروشتی ھەناردە بکات. عێراق دوای ڕێککەوتننامەکانی ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠١٥ کە لە بەشەکانی تری توێژینەوەکە ئاماژەی پێ دەکرێت، بە شێوەیەکی فەرمی بووە ھاوردەکەری غازی سروشتیی ئێران بۆ دروستکردنی کارەبا و لە ئێستادا کڕیاری سەرەکیی کارەبای ئێرانە. ئەم وڵاتە نزیکەی ٤٠% لە غازی ھاوردەکراو لە ئێران بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا لە وێستگەکانی دروستکردنی کارەبا بەکار دەھێنێت و بۆ قەرەبووی کورتھێنان نزیکەی ١٤٠٠ مێگاوات کارەبا لە ئێرانەوە ھاوردە دەکات ((Shokri Kalehsar, 2020 . بابەتێک کە تەنانەت لەگەڵ بوونی فشارەکانی ئەمەریکا لە سەردەمی ترامپدا نەیتوانی وابەستەبوونی عێراق بە غازی ئێران کەم بکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێک پڕۆسە لە جیۆپۆلەتیکی ئەو وڵاتە لە حاڵەتی دروستبووندان، کە لەوانەیە داھاتووی کاریگەریی ئێران لە بازاڕی وزەی عێراق سنووردار بکات. شرۆڤەی ڕەوتە زاڵەكانی سەر بازاڕی وزەی عێراق لە بازاڕی وزەی عێراق، ھەندێک پڕۆسە لە حاڵەتی دروستبووندان کە دەتوانن داھاتووی کاریگەربوونی ئێران بخەنە مەترسییەوە. فراوانبوونی ھاوکاریی ناوچەییەکان، زیادبوونی ئامادەبوونی ھێزە گەورەکان لە پیشەسازیی وزەی عێراق و وەبەرھێنانەکانی ئەم وڵاتە لە بواری وزەی نوێبووەوە؛ لە نموونەی ئەم پڕۆسانەن کە کاریگەریی قووڵیان لەسەر داھاتووی جیۆپۆلەتیکی وزەی ئەم وڵاتە ھەیە. داڕشتنی ستراتیژی بەرزەفڕانەی وزە وەک ئاماژەی پێکرا دیدی ئابووریی عێراق زۆر پەیوەستە بە پێشخستنی بەشی وزەی ئەم وڵاتە، چونکە ٩٨%ی کۆی گشتیی ھەناردە و ٩٦%ی داھاتی بودجە لەم بەشەوە دابین دەبێت (٨, p٢٠٢٠Saadi & Gordon, ). عێراق بە پاڵپشتیی سندووقی ئەمانەتی عێراق کە لەژێر دەسەڵاتی بانکی جیھانییە، “ستراتیژی یەکپارچەیی نەتەوەیی وزە”ی (Integrated National Energy Strategy) خۆی لە ساڵی ٢٠١٤ داڕشتووە. ئەم ستراتیژە پلانەکانی چاککردن و وەبەرھێنانی زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دۆلار لە بەشی نەوت، غاز و کارەبا و بابەتە پەیوەندیدارەکان ڕادەگەیەنێت. بە شێوەیەک کە تا ساڵی ٢٠٣٠، تا ٦ ترلیۆن دۆلار داھاتی گشتی و ١٠ ملیۆن ھەلی کار لە ئابووریی عێراقدا پێشبینی دەکرێت. ئەم ستراتیژە ٦٠٠ ملیار دۆلار وەبەرھێنان لە بەشی وزە و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە “بەھای زیادکراو” وەکوو پترۆکیمیایی، سەماد، ئاسن و بەرھەمھێنانی ئەلەمنیۆم پێشبینی دەکات. ھەروەھا چاکسازی و گەشەی ناوەندەکانی بەشی وزە و زیادبوونی بەشداریی کەرتی تایبەت و وەبەرھێنان لە بەشی وزەی عێراق و پیشەسازییە پەیوەستەکان، لە ئامانجەکانی ئەم ستراتیژە ئەژمار دەکرێن (٢٠١٤Iraq’s Integrated National Energy Strategy, ). بێگومان گەیشتن بەم ئامانجانە، پێشھاتی جیۆپۆلەتیکی کاریگەری بۆ عێراق و ھەروەھا ئێران دەبێت کە بەشێکی گەورەی پێداویستییەکانی ئەم وڵاتە دابین دەکات. فراوانبوونی ھاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە عێراق لەم ساڵانەی کۆتاییدا لەژێر فشارەکانی ئەمەریکا بە مەبەستی چەند جۆر کردن لە بنەماکانی دابینکردنی وزە و کارەبا و گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە، ھەوڵ دەدات پەیوەندییە ناوچەییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا برەو پێ بدات تا پەیوەستبوونی خۆی بە ھاوردەکردنی کارەبای ئێران کەم بکاتەوە. لە ساڵی ٢٠١٩، عێراق یەکەمین ڕێککەوتننامەی ھەناردەکردنی کارەبای لەگەڵ ئەنجوومەنی ھاوکاریی کەنداو بۆ ھێڵێکی کارەبای ٣٠٠ کیلۆمەتری واژۆ کرد. ئەم ڕێککەوتننامە ڕێگە بە عێراق دەدات کە ٥٠٠ مێگاوات کارەبا لە کوەیتەوە بۆ بەندەری فاوی باشوور ھاوردە بکات (٢٠١٩Middle East Monitor, ). بە پێی ئەم ڕێککەوتننامەیە، ھەردوو لا پابەند بوون بەوەی ژێرخانی پێویست لە سنوورەکان ئەنجام بدەن. عێراق ژێرخانی تایبەت بە خۆی لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ تەواو کرد (٢٠٢٠NAS News, ). عێراق ھەروەھا بەجیا گفتوگۆی لەگەڵ سعودیە کرد تا کارەبا نەک تەنھا بۆ بەغداد، بەڵکوو بۆ بەشی باکووری عێراق وەکوو ڕێڕەوێک بۆ وڵاتانی تر ھاوردە بکات. کۆمپانیای ئەکواپاوەر (ACWA Power)ی سعودی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وزەی بەکارھاتووی لە عێراق دەست پێ کردووە. ھاوکاریی عێراق لەگەڵ سعودیە لە قۆناغەکانی سەرەتادایە و لەم نێوەندەدا ھەندێک کۆبوونەوە لە ئاستی باڵادا بەڕێوە چووە کە تیایدا سعودیە پابەند بووە بە وەبەرھێنانی ١٠٠ ملیار دۆلاری لە عێراق و نۆژەنکردنەوەی شارە سوننەنشینەکانی وەک فەلوجە، ڕومادی، تکریت و موسڵ. سعودیە لە ھەوڵدایە ھێڵی بۆری ھەناردەی نەوتی عێراق دووبارە چالاک بکاتەوە و لە وەبەرھێنان لە ژێرخانەکان و بەشەکانی وزەی چەندین وڵات بۆ زیاترکردنی دەستڕۆیشتوویی سیاسیی خۆی لە عێراق سوود وەربگرێت تا ئاڕاستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی عێراق بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی. ئەم ھەنگاوەی سعودیە کە وەکوو ڕێگایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراق ناو دەبرێت، وا دێتە پێش چاو بەو ھێزە داراییە گەورەیەی کە ئەو وڵاتە لەبەر دەستیدایە، بتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە عێراقی دوای داعش بگێڕێت (٢٠١٩Shokri Kalehsar, ). لەگەڵ ئەوەشدا عێراق لەگەڵ کۆمپانیای ئیسداری ئیماراتی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی سۆلار لە گفتوگۆدایە کە ئامانجی زیادکردنی کارەبای ئەو وڵاتە تا ٢ گێگاواتە. کۆمپانیای وزە پاکەکانی میسدار، کۆمپانیایەکی گەشەپێدەر و جێبەجێکاری پڕۆژەکانی وزەی بەکارھاتووە، پڕۆژەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاوێژکاری خزمەتگوزاریی وزەیە. ھەروەھا کوەیت لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە خەریکی پلاندانانن بۆ کردنەوەی گەورەترین تێرمیناڵی وەرگرتنی ئێڵ ئێن جی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە مارچی ساڵی ٢٠٢١دا. پێشبینی دەکرێت تێرمیناڵی ئەلزور ساڵانە ٢٢ ملیۆن تەن ئێڵ ئێن جی وەربگرێت کە توانای ناوچەکە دوو ھێندە دەکات (٢٠٢٠Bloomberg, ). ھەروەھا کوەیت بۆ پشتیوانیی ئابووری لە عێراق ڕۆڵێی گرنگی لە دانیشتنەکانی ڕێککەوتنی سێپتەمبەری ٢٠١٩ی نێوان بەغداد و کارگێڕیی پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی کەنداو بۆ ھێڵی گواستنەوەی سپۆنسەرکراو لەلایەن ئەنجوومەنی ھاوکاریی کەنداو گێڕا کە ٥٠٠ مێگاوات کارەبای لە کاتژمێرێکدا لە ئەنجوومەنی ھاوکاریی کەنداو بۆ بەندری فاو دابین دەکرد کە لە کوەیت تێدەپەڕێت (٢٠٢٠Occhiuto, ). ھەر چەندە سەرچاوەی پێویستی غازی ئەنجوومەنی ھاوکاریی کەنداو وەکوو جێگرەوەی سەرچاوەکانی ئێران بۆ عێراق دڵنیا نییە، بەڵام ئەگەر وڵاتانی ئەنجوومەنی ھاوکاری ئامرازەکانی ھاوردەی ئێڵ ئێن جی فراوان بکەن، درزی دابینکردنی غازی ئەنجوومەنی ھاوکاریی کەنداو دەتوانێت بە ئەگەرێکی زۆر لە زەمەنێکی نێوەندمەودا و درێژمەودادا کەم بێتەوە. جگە لە وڵاتای عەرەبی، پەیوەندی لەگەڵ تورکیاش گەشە دەکات. بە سەرنجدان لە دۆخی خراپی ئابووریی عێراق، تورکیا خۆی وەکوو دەروازەیەک بۆ ھەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ ئەورووپا ناساندووە. لەسەر ئەم بنەمایە، تورکیا ھێڵێکی بۆریی گواستنەوەی دروست کردووە کە لە کەرکووکەوە تا بەندەری جەیھانی تورکی درێژ دەبێتەوە و ئێستاکە نزیکەی ٢٥% لە ھەناردەکردنی نەوتی عێراقی لەئەستۆ گرتووە (٢٠٢١Khafaji, ). ئەمە لە کاتێکدایە کە بازاڕەکانی عێراق پێش کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە مانگی مەیی ساڵی ٢٠١٨، تا ئاستێکی زۆر لە کۆنترۆڵی ئێراندا بوو و ئەمەش ڕێگای بۆ ئێران خۆش کردبوو کە سووڕانەوە بەدەوری ھەندێک لە سزاکانی بکات. بەم حاڵەوە، لەو کاتەوە بازاڕەکان لە ئێران دوور دەکەونەوە و لە بەرانبەردا بە شێوەیەکی گەشەسێنەر لەژێر کۆنترۆڵی دوو ڕکابەری تری ناوچەکە واتە تورکیادان. لەوانەیە گرنگترین ڕووەکانی ھاوکارییە ناوچەییەکانی لە پڕۆژەی شام جیددی ببینرێن. شوێنێک کە عێراق ھەوڵ دەدات ھاوکارییەکانی وزەی خۆی لەگەڵ وڵاتانی میسڕ و ئەردەن پتەوتر بکات. بە پێی پڕۆژەی “شام جدید”، جۆرێک لە یەکگرتنی ئابووریی فراوان لەنێوان ھەرسێ وڵاتی عێراق، میسڕ و ئەردەن دروست دەبێت. بە پێی پڕۆژەکە، ھێڵێکی بۆریی گواستنەوەی نەوت لە بەندەری بەسڕە لە باکووری عێراق تا بەندەری “العوقبە” لە ئەردەن و دواتر میسڕ دروست دەکرێت. ئەم پڕۆژەیە جەخت لەسەر توخمە تەواوکەرەکان واتە نەوت، وزە، گواستنەوە، بازرگانیی کەلوپەل و ھێزی کار دەکاتەوە. ھێڵێکی بۆریی نەوت لە بەندەری بەسڕە لە باکووری عێراق تا بەندەری عوقبە لە ئەردەن و دواتر تا میسڕ درێژ دەبێتەوە. لە کاتێکدا کە ئەردەن نەوتی عێراق بە نرخێکی کەمتر لە نرخی نێودەوڵەتی وەردەگرێت، جگە لە خەرجییەکانی ترانزێت، میسڕ لە پاڵاوتنی بەشێک لە نەوتی عێراق لە وڵاتەکەیدا سوودمەند دەبێت. لە لایەکی ترەوە عێراق کارەبا لە میسڕەوە ھاوردە دەکات و ھەروەھا دەتوانێت لە پسپۆڕیی میسڕ لە ڕێڕەوەکانی نۆژەنکردنەوە سوود وەربگرێت. بە سەرنجدان لە تواناییەکانی ئەردەن لەم بوارەدا، لە ھێزی ئەو وڵاتە لە بواری گواستنەوەدا سوود وەردەگیرێت. ھەروەھا کاڵاکان لە ئەردەن و میسڕەوە ھەناردەی عێراق دەکرێن. پڕۆژەی “شام جدید” بڕیارە لە دوو قۆناغدا پێش بکەوێت کە قۆناغی یەکەم پەیوەندیی میسڕ لەگەڵ ئەردەن زیاد دەکات و قۆناغی دووەم بریتی دەبێت لە فراوانکردنی ٣٠٠ کیلۆمەتر ھێڵی بۆریی گواستنەوە لە ئەردەنەوە بۆ عێراق. خەرجییەکانی ھەموو پڕۆژەکە بە ٢.٢ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە. ئەمەش دەرفەت دەداتە عێراق ٧٠٠ مێگاوات کارەبای میسڕ لە ڕێی ئەردەنەوە ھاوردە بکات (٢٠٢١Energy & Utilities, ). پێویستە بوترێت میسڕ لە کاتی ئێستادا بەشێک لە کارەبا بۆ وڵاتانی کەنداو ھەناردە دەکات. ئەم وڵاتە بە سوودوەرگرتن لە وەبەرھێنان لە پڕۆژە گەورەکانی وزە نوێبووەکان، لە ئێستادا یەکێک لە سەرەکیترین وڵاتانی بەرھەمێنەری وزە نوێبووەکان لە باکووری ئەفەریقا و ناوچەی ڕۆژھەڵات (مینا)یە. توانایی ئەم وڵاتە زیاتر لە بەشی وزەی ھەوا و سۆلارە. بە پێی پێشبینییەکانی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی وزەی خۆر ((The International Solar Energy Society (ISES)، ئامانجی میسڕ ئەوەیە کە تا ساڵی ٢٠٢٢ بەشی وزە نوێبووەکان لە بەرھەمھێنانی کارەبا تا ٢٠% بەرز بکاتەوە و ئەم ڕێژەیە تا ساڵی ٢٠٣٥ بگەیەنێتە ٤٢% (٢٠١٨, ٣ .(egypt Renewable ئەم پڕۆژەیە ڕێگریی زۆری بۆ ئێران دروست کرد، چونکە ئەم یەکگرتنە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ عێراق لە سیستمی عەرەبییەوە نزیک دەکاتەوە و دەبێتە ھۆی ئەوەی عێراق خۆی لە بلۆکێکی نوێی عەرەبی خۆی ببینێتەوە کە لەو ڕێیەوە بتوانێت لە سیستمی عەرەبیدا کاریگەرتر بێت. ئەنجامەکەشی کشانەوەی یەکێک لە پایەکانی پڕۆژەی ستراتیژیی ئێران لە ڕۆژھەڵاتی ناوین و دروستبوونی درزێکی گەورە لە ستراتیژی ناوچەیی وڵاتەکەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم یەکگرتنە دەبێتە ھۆی ئەوەی ئێران بازاڕی عێراق کە تاکە ڕێی ھەناردەی بەرھەمەکانی ئێرانە، لەدەست بدات. قەبارەی ھاوردەی عێراق لە ئێران نزیکەی ١٢ ملیار دۆلارە و سەنگی بازرگانی بە ١٠٠% بە سوودی ئێران دەشکێتەوە (٢٠٢٠The Emirates Policy Center, ). کەواتە دوورە کە ئێران لەدەستدانی دەستڕۆیشتوویی خۆی لە عێراق قبووڵ بکات و پێشنیاری ئەوە دەداتە نوێنەرەکانی خۆی لەو وڵاتە کە ئەم یەکگرتنە بەشێکە لە پیلانەکانی کەنداو و ئەمەریکا. لە ھەموو ڕێگاکان بۆ دروستکردنی ڕێگری لە ڕێڕەوەکانی یەکگرتن وەک ناسەقامگیرکردنی عێراق، سوود وەردەگرێت. ھاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی جیھان بە ئامانجی گەشەی بەرھەمھێنان توانای بەرھەمھێنانی نەوتی عێراق لە ئێستادا ٥ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەیە و ئامانجی گەیشتنە بە توانای بەرھەمی ٧ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە و وەستاندنی بەفیڕۆچوونی غازی گڕگرتوو و ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە تا ساڵی (٢٠١٥)یە. ئەم وڵاتە ھەروەھا نزیکەی ٨٠%ی کۆی پڕۆژە غازییەکانی کە یارمەتیی کەمکردنەوەی سووتانی غازی ھاوردەکراو لە ئێرانەوە دەدات، خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە (٢٠٢٠Saadi & Jumaat, ). وەک ئەوەی لە چارتی ژمارە ٣ نیشان دراوە، لە ئەنجامی گەشەی بەرھەمھێنانی نەوت و غاز، بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق لە دەیەی کۆتاییدا زیادی کردووە. ھەر چەندە بەرھەمھێنانی نەوتی عێراق لە مەودای ساڵەکانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨، بە ھۆی شەڕی داعشەوە لە حاڵەتی دابەزین بوو. لەدوای “بەرنامەی اقدام سریع”، وەزیری ئێستای کارەبا، لوئەی ئەلخەتیب، کە باس لە زیندووکردنەوەی پڕۆژە وەستاوەکانی کارەبا بە ئاسانکاریکردنی پێویستییەکانی ڕێککەوتننامەکان و گۆڕینی سەرنجی کۆمپانیا ناوچەییەکان بۆ بەرنامەکانی نۆژەنکردنەوە و سەرپەرشتی لە ساڵی ٢٠١٩ دەکرد، بازدانێکی گەورە لە بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق ڕووی دا. بە شێوەیەک کە بووە ھۆی گەشەی ساڵانەی ٢٠%، بە بەراورد بە ماوە ھاوشێوەکەی ساڵی ٢٠١٨ (٢٠٢٠Saadi & Jumaat, )، واتە کاتێک کە ناڕەزاییە توندوتیژەکان لە ناوچەکانی باشوور دروست بوو. ھەروەھا کارەبای تۆڕی نیشتمانی بۆ ناوچە ئازادکراوەکانی ژێردەستی داعش، بۆ یەکەم جار دوای پچڕانی ٥ ساڵەی، کەوتەوە کار. “پڕۆژەی غازی الرتاوی”(Ar Ratawi project) ، گەورەترین پڕۆژەی غازی ئەم وڵاتە کە بە ھۆی کەمیی بودجەوە دوا خرابوو، لە سەرەتادا ٣٠٠ ملیۆن پێی سێجای ڕۆژانە بەرھەم دەھێنێت و لە کۆتاییدا دەگاتە یەک ملیار پێی سێجا کە دەتوانێت ١.٢ گێگاوات کارەبا بەرھەم بھێنێت. ئەم پڕۆژە غازییە کە وەکوو بەشێک لە مامەڵەی وزەی ٨ ملیار دۆلاری کە ئەنجامی ڕێککەوتننامەی کۆمپانیای ئەمەریکیی ھۆنی وێل(Honeywell) و وەزارەتی نەوتی عێراقە، توانایی ئەوە بە عێراق دەبەخشێت کە پڕۆسەی بەرھەمێنانی خۆی گەشە پێ بدات و ئامانجی بەکارھێنانی سەرچاوەکانی نێوخۆیی وەک جێگرەوەی ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوەیە. عێراق لەژێر فشاری ئەمەریکادایە تا ھاوردەکردنی کارەبا و غاز لە ئێرانەوە بپچڕێنێت کە بە ھۆی کەمیی کارەبا و بەردەستنەبوونی تەکنەلۆژیای ڕێگری لە سووتانی غازی فلۆرین(Fluorine) لە عێراق و سووتانی غازی پەیوەست پێیەوە پێویستە، ئەم ڕێگرییەش بە ھۆی پابەندبوونی ئەو وڵاتە بە کەمکردنەوەی بەرھەمی ئۆپیک پڵەس، سنووردارێتیی بەرھەمھێنانی ھەیە. بە پێی توێژینەوەی بانکی جیھانی لە مانگی جون بڵاو کرایەوە، لەدوای ڕووسیا، عێراق بە ١٨ ملیار مەتر سێجا لە ساڵی ٢٠١٩ زۆرترین ڕێژەی غازی لە جیھاندا دەسووتێنێت (٢٠٢٠Saadi & Jumaat,). عێراق بە ئامانجی زیادکردنی بەرھەمی نەوت و غاز، لە سێپتەمبەری ٢٠٢١ ڕێککەوتننامەیەکی بە بەھای ٢٧ ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ واژۆ کرد. ئەم ڕێککەوتننامەیە چوار پڕۆژەی وزەی گەورە لە باشووری عێراق لەخۆ دەگرێت. بە وتەی ئیحسان عەبدولجەبار؛ وەزیری نەوتی عێراق، قۆناغی یەکەم بریتییە لە وەبەرھێنانی ٣ ملیار دۆلاری لەلایەن گرووپی فەڕەنسیی تۆتاڵ لە پڕۆژەی گەیاندنی ئاوی دەریا بۆ کێڵگە نەوتییەکان بە مەبەستی باشترکردنی پڕۆسەی دەرھێنانە. تۆتاڵ بۆ دروستکردنی کارگەیەکی پاڵاوتن بۆ ئەو غازەی کە لە (کێڵگەکانی باشوور، قەرنەی ڕۆژئاوا٢، مجنون، الرتاوی، توبی و لوھیس) بەرھەم دێت، دوو ملیار دۆلار دابین دەکات. چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆژەیە ٣٠٠ ملیۆن پێی سێجا لە ڕۆژێکدا غاز بەرھەم بھێنێت و لە قۆناغی دووەم گەشەی بەرھەمھێنانی بگاتە دوو ھێندە. غازی بەرھەمھێنراو لە پڕۆژەی توتاڵ لە باشووری عێراق یارمەتیی ئەو وڵاتە دەدات کە ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە ڕابگرێت، لەبەر ئەوەی غازێک لە ناوخۆ بەرھەم بھێنرێت، لە غازی ئێران ھەرزانتر دەبێت. لە کاتێکدا کە خەرجیی ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە نزیکەی ٨ دۆلارە بۆ ھەر ملیۆنێک یەکەی “Btu[1]” و غازێك کە لە پڕۆژەی تۆتاڵ بەرھەم دەھێنرێت یەک دۆلار و نیو بۆ ھەر یەک ملیۆن “Btu” ھەرزانتر دەکەوێت (خبرگزاری ایسنا، ١٤٠٠). لە پەراوێزی دیداری مستەفا کازمی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەنراوێک، دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ھاوکارییەکان و فراوانکردنی شەراکەتی ئابووری لەنێوان عێراق و ئەمەریکای ڕاگەیاند. پێنج کۆمپانیای ئەمەریکیی وەکوو چیڤرۆن (Chevron)، ھۆنی وێل، بەیکر ھاگز (Baker Hughes)، جەنەراڵ ئەلکتریک(General Electric) و ستیلار ئینێرجی(Stellar Energy) لە ھاوینی ٢٠٢٠ بە ئامانجی بەھێزترکردنی سەربەخۆیی وزەی عێراق لە ئێران، چەند ڕێککەوتننامەیەکی بازرگانیی بە بەھای ٨ ملیار دۆلاری لەگەڵ وەزیرەکانی نەوت و وزەی عێراق واژۆ کرد (٢٠٢٠Reuters, ). لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا و چین لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی چالاک لە بازاڕی وزەی عێراق ئامادە بوون. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠، بەرپرسانی ڕووسیا ڕایانگەیاند کە ٢٠ ملیار دۆلار پڕۆژەی دەرھێنانی ھایدرۆکاربۆن لە داھاتوویەکی نزیکدا کە بریتین لە زارۆبژنەفت (Zarubezhneft)، تات نەفت(Tatneft) و ناوەندە نەوتی و غازییەکانی پەیوەست بە ڕووس نەفت، وەبەرھێنان بکەن. گازپرۆم و ھاوبەشەکانیشی، وەبەرھێنانی ٢.٥ ملیار دۆلاری لە باکووری عێراق ئەنجام داوە. دێوەزمەی وزەی حکومیی ڕووسیا، ٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە کێڵگەکانی سەرقەڵا لە گەرمیان بەرھەم دەھێنێت و چەندین پڕۆژەی پشکنینی لە کێڵگەکانی ھەڵەبجە و شنگال دامەزراندووە. دەبێت سەرنج بدرێت بوونی ڕووسیا لە عێراق لەم ساڵانەی کۆتاییدا خێرایی پێ بەخشرا، بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٤ کە بەغداد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پێویستی بە ھاوکاری بوو و واشنتۆن ھاوکارییە سەربازییە پێویستەکانی دوا خست. لە ساڵی ٢٠١٦، یەکێک لە گەورەترین وەفدەکانی ڕووسیا بۆ قسەکردن لەسەر زیادکردنی ھاوکارییە ئەمنییەکان بەرەو عێراق ھات، لەبەر ئەوەی وەبەرھێنانی زیاتری وزە لەگەڵ مامەڵەی چەک ئەنجام دەدرا. لە ساڵی ٢٠١٧، ڕووس نەفت ٣.٥ ملیار دۆلار قەرزی دا بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان. لە سەرەتاکانی مانگی مەیی ٢٠٢٠، باڵوێزی ڕووسیا لە عێراق، ماکسیم ماکسیمۆف، ڕایگەیاند کە کێڵگەی غازی “المنێوریە” لە دیالە دەبێتە ئامانجی وەبەرھێنانێکی دیار (Kurdistan Conflict and Crisis Research Cente, 2021). ھێڵی بۆری بەو پێشھاتە جیۆپۆلەتیکییانەی کە ھەیانە، بە ھێزی جووڵێنەری بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا بۆ کۆنترۆڵکردنی وزەی عێراق ئەژمار دەکرێن. بۆ نموونە: لە ساڵی ٢٠١٨، ڕووس نەفت زۆربەی پشکەکانی ھێڵی بۆریی گواستنەوەی نەوتی کوردستانیی عێراقی بۆ تورکیای کڕییەوە و ڕێک کەوت کە بۆرییەکی گواستنەوەی غاز ھاوتەریبی ئەو ھێڵە دروست بکات (٢٠٢٠TRT World, ). ھەروەھا کۆمپانیا نەوتییەکانی چین بەشدارییەکی چالاکیان لە پڕۆژە نەوتییەکانی عێراقدا ھەیە، لە سێپتەمبەری ٢٠٢٠ عادل عەبدولمەھدی؛ سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بەرەو پەکین سەفەری کرد و لەگەڵ سەرۆککۆماری چین کۆ بوویەوە، لە پەراوێزی ئەم دیدارەدا ھەردوو لا لەسەر بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانی تا ٣٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا کۆک بوون. لەم دیدارەدا چین پلانی خۆی بۆ وەبەرھێنانی ٢٠ ملیار دۆلاری لە عێراق خستە ڕوو. بە وتەی عەبدولمەھدی، ھەناردەکردنی ڕۆژانەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە عێراقەوە بۆ چین دەتوانێت چوارچێوەیەکی دارایی پێویست بۆ دابینکردنی بودجەی پڕۆژە گەورە ژێرخانییەکان دروست بکات. چین دەیەوێت لە ژێرخانی عێراقی لە پڕۆژەی “یەك ڕێگا، یەك پشتێنە” سوود وەربگرێت. ھەروەھا لە ئێستادا کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا وەک لوک ئۆیڵ، گازپرۆم، بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی درێژمەودا لە عێراقدا بوونیان ھەیە (شکری، ١٣٩). ھەروەھا پلانی نێوەندمەودای عێراق ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٣٠ ڕۆژانە ٦ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرھەم بھێنێت (٢٠١٩Thehindubusinessline, )، زیادبوونی بەرھەمی نەوتی عێراق لە بەرژەوەندیی ئێران و وڵاتانی تری بەرھەمھێنەری نەوت نییە، ھەر چەند بە ھۆی سزاکانی ئەمەریکا، ئێران توانای زیادکردنی بەرھەمی نییە، بەڵام لە ئەگەری نەمانی سزاکانیش، ئەرکێکی ئاسانی بۆ وەرگرتنەوەی بەشی خۆی لە بازاڕی ناوچەکەدا نابێت. وەبەرھێنان لە وزە نوێبووەوەکان عێراق بە ئامانجی چەندێتیکردنی سەرچاوەی وزە و کەمکردنەوەی وابەستەبوون بە سەرچاوەی دەرەکی، پلانێکی جیاواز و ئامانجداری دەست پێ کردووە، کە بە پێی ئەو پلانە ئەم وڵاتە دەتوانێت ١٠% لە پێداویستییەکانی وزەی خۆی تا ساڵی ٢٠٢٨ لە ڕێی وێستگەکانی سۆلار و با و بایۆماس دابین بکات. وەبەرھێنانی دیاریکراو بۆ ئەم بابەتە، زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلارە. عێراق بەو توانا زۆرەی کە لە بواری وزەی ھەتاو و با ھەیەتی، دەتوانێت بە دوور لە وابەستەبوونی بە سووتەمەنیی بەبەردبوو لە دەیەی داھاتوو بەرھەمی وزەی کارەبای خۆی فراوان بکات. چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٨، توانای دامەزراو بۆ وێستگەکانی وزەی خۆر لەم وڵاتە ٥ گێگاوات و توانای دامەزراو بۆ وزەی با نزیکەی یەک گێگاوات و توانای دامەزراو بۆ بایۆماس نزیکەی ٢ گێگاوات دەبێت (٢٠١٩pv-magazine, ). عێراق بۆ پێش ساڵی ٢٠٢٣، چەندین پڕۆژەی بۆ پێشخستنی ٧.٥ گێگاوات وزەی نوێبووەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران داڕشتووە. بە وتەی ئەحمەد مووسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای ئەم وڵاتە، ئەم پڕۆژانە گبەشێکن لە پڕۆژەی چاکسازی لە سیستمی وزە کە ئامانج لێی بەرھەمھێنانی ٦٣% وزەیە لە ماوەی ٥ ساڵە. تاکوو ئێستا وڵاتی عێراق چەند ڕێککەوتننامەیەکی لەگەڵ گرووپێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی پسپۆڕ لە بواری وزەی پاک بۆ دامەزراندنی وێستگەکانی کارەبا بە توانای ٣.٥ گێگاوات وەکوو بەشێک لە پڕۆژەی بەرھەمھێنانی ١٢ گێگاوات واژۆ کردووە. لەم دواییانەدا عێراق لەگەڵ کۆمپانیای حکومیی “مصدار ابوظبی” ڕێککەوتننامەیەکی بۆ گەشەی پڕۆژەکانی فۆتۆڤۆڵتایەکی خۆر بە توانای گونجاوی ١ گێگاوات واژۆ کرد. قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژانە لە ئێستادا لە جێبەجێکردندان کە بریتین لە وێستگەیەکی ٤٥٠ مێگاواتی لە زیقار، وێستگەیەکی ٣٥٠ مێگاواتی لە ئەنبار، وێستگەیەکی ١٠٠ مێگاواتی لە نەینەوا و وێستگەیەکی ١٠٠ مێگاواتی لە میسان. حکومەتی عێراق ھەروەھا ڕێککەوتننامەیەکی لەگەڵ کۆمپانیای فەڕەنسیی تۆتاڵ ئینێرجی بۆ دامەزراندنی وێستگەیەکی سۆلاریی ١ گێگاواتی لە ناوچەی بەسڕە واژۆ کردووە. ھەروەھا ڕێککەوتننامەیەکی لەگەڵ “Scatec”ی نەرویج بۆ دامەزراندنی پڕۆژەیەکی سۆلاریی ٥٢٥ مێگاواتی کە پێک ھاتووە لە وێستگەیەکی ٣٠٠ مێگاواتی لە کەربەلا و وێستگەیەکی ٢٢٥ مێگاواتی لە بابل واژۆ کردووە (٢٠٢١Zidane, ). عێراق خەریکی پلاندانانە بۆ تەواوکردنی پڕۆژە نوێیەکانی وزەی خۆر لەگەڵ کۆمپانیا دەرەکییەکانە بۆ گەشەی سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە بۆ ٣٣% لە کۆی ئەو وزەیە تا ساڵی ٢٠٣٠. بە پێی وتەی ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق، پڕۆژە واژۆکراوەکان لە ساڵی ٢٠٢١ و ڕێککەوتننامە نوێیە پلان بۆ دانراوەکان لەلایەن عێراقەوە، کۆی وزەی خۆر بۆ نزیکەی ١٢٠٠٠ مێگاوات لە ساڵی ٢٠٣٠ دەگەیەنێت (٢٠٢١Zawya.com, ). گەشەی عێراق بەرەو وزەی پاک، دەتوانێت ساڵانە زیاتر لە ٥ ملیار دۆلار بۆ بودجەی وڵات زیاد بکات کە بە سوودوەرگرتن لە نەوتی خاو بتوانێت وێستگەکانی کارەبا دابمەزرێنێت و ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە کۆتایی پێ بھێنێت. ئێران و داھاتووی بازاڕی وزەی عێراق ئێران یەکێک لە سەرەکیترین دابینکەرانی عێراق لە بەشی کارەبایە. ھەناردەی کارەبای ئێران بۆ عێراق لە ساڵی (٢٠٠٤)ەوە دەستی پێ کردووە و بەردەوام زیادی کردووە، بەتایبەت کە وڵاتە عەرەبییەکان لەم ساڵانەی کۆتاییدا عێراقیان پەراوێز خستبوو و ئەمەش یەکێ لە گرنگترین ھۆکارەکانی نزیکبوونەوەی عێراق بوو لە ئێران. ئێران لە ئێستادا یەک لەسەر سێی پێویستییەکانی وزەی کارەبا و غازی عێراق دابین دەکات. ئامارەکان دەریدەخەن ڕێژەی ھەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق لەگەڵ ھەبوونی سزاکانیش لە مارچی ساڵی ٢٠٢٠، نزیکەی ٢٦% بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو زیادی کردووە و بۆ ١٧.٥ ملیار مەتر سێجا بەرز بووەتەوە (٢٠٢٠Khatinoglu, ). ھەناردەی غازی سروشتیی ئێران بۆ عێراق بە پێی دوو ڕێککەوتننامە لە ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥ ئەنجام درا. بە پێی یەکەمین ڕێککەوتنامە، ئێران پابەند بووە بە لایەنی زۆرەوە ٣٥ ملیۆن مەتر سێجای ڕۆژانە غاز بۆ وێستگەی بسمایە کە گەورەترین وێستگەی سووتێنەری غازە، ھەناردە بکات. ئەم ڕێککەوتننامەیە کارەبای بەغدادی پایتەخت دابین دەکات. ڕێککەوتننامەی دووەم داوا لە ئێران دەکات کە ٢٠ بۆ ٣٥ ملیۆن مەتر سێجای ڕۆژانە غازی باشووری عێراق دابین بکات کە بڕەکەی پەیوەستە بە پێویستیی ناوچەکان. ھەناردەی غازی سروشتیی ئێران بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠١٧، بە قەبارەی ٧ ملیۆن مەتر سێجا بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی وێستگەکانی کارەبای نزیک لە بەغداد وەکوو بسمایە، قدس، مەنسووڕیە و سەدر بەفەڕمی دەستی پێ کرد. عێراق بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، بە شێوەی ڕاستەوخۆ نەوتی خاو لە وێستگەکان دەسووتێنێت تا کەمیی مەوادی خاوی سووتەمەنییەکانی تر قەرەبوو بکاتەوە. بۆ نموونە: لە ساڵی ٢٠١٥ لە مەوسمی زۆرترین بەکارھێنانی کارەبا ڕۆژانە ٢٢٣ ھەزار بەرمیل نەوتی خاوی دەسووتاند، بەڵام ھاوردەکردنی غازی سروشتی لە ئێرانەوە و سوودوەرگرتن لە نەوتی خاو بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق لە ١٦٩ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە ساڵی ٢٠١٦، بۆ ١٢٩ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە ساڵی ٢٠١٧ کەم کردەوە (,p.7 ٢٠٢٠Kadhim& Vakhshouri, ). سەپاندنی سزا قورسەکانی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٨، کێشە بۆ ھەناردەکردنی غازی سروشتیی ئێران بۆ عێراق دروست بوو و عێراق لەژێر فشاری ئەمەریکا ھەوڵی داوە چەندێتی ببەخشێتە سەرچاوەکانی غازی ھاوردە و لەم ڕێڕەوەدا چەندین ڕێککەوتننامەی لەگەڵ وڵاتە ناوچەیی و سەرووناوچەییەکان واژۆ کرد. لوئی ئەلخەتیب لە یاداشتێکدا کە لە foreign affairs لە ساڵی ٢٠١٨ بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت لە ساڵانی کۆتاییدا عێراق كۆمەلێك پێشنیاری گرانبەھای لەلایەن کۆمپانیا دەرەکییە گەورەکانی وەکوو زیمینسی ئەڵمانیا و جەنەراڵ ئەلەکتریکی ئەمەریکا و ھەندێک لە کۆمپانیا چینی و ناوچەییەکان بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگای وزەی عێراق بۆ ھاتووە. لەگەڵ ئەوەی ئەم پێشنیارانە شایستە دێنە بەرچاو، بەڵام لەو ڕووەوە کە ئەم وڵاتە لە کۆتاییدا پێویستی بە نەخشەڕێگای نیشتمانیی عێراق بوو، بە ھاوکاریی ڕێکخراوە چەند لایەنەکان و ھاوبەشە ناوچەییەکانی ھەوڵی داڕشتنی نەخشەڕێگای عێراقی داوە تا لە ھەمان کاتدا باشترین ھەڵبژاردنە بازرگانییەکان بۆ تەواوکردنی نەخشەی نیشتمانی ھەڵبژێرێت. پلانی گەشەی نیشتمانیی عێراق دوو ڕەھەندی نێوخۆیی و دەرەکیی ھەیە: یەکەمیان، نەخشەڕێگای عێراق پەیوەستە بە دروستکردنی ھاوسەنگی لەنێوان پێویستییە بەپەلەکانی وزەی عێراق (واتە سەرچاوەی کارەبای باوەڕپێکراو بۆ ھەموو عێراقییەکان) و ئامانجە بەرزەفڕەکان بۆ سەربەخۆیی وزە تا ساڵی ٢٠٣٠. دووەمیان، پلاندانان بە مەبەستی گەیشتن بە سەقامگیریی وزە. لەسەر ئەم بنەمایە، عێراق ھەوڵی داوە بە ڕۆیشتن بەرەو بەڕێوەبردنی تێکەڵەی سووتەمەنی بە جەختکردنەوە لەسەر غاز و کارەبا و ھەروەھا بەرھەمھێنانی ٣٠% لە سەرچاوەی وزەی وڵات لە سەرچاوە نوێبووەوەکان ئاسایشی وزەی خۆی دابین بکات (٢٠١٨Al-Khatteeb, ). پڕۆسەکانی ئێستا دەریدەخەن عێراق بە وەبەرھێنان لە پیشەسازیی وزە تا دەیەی داھاتوو دەتوانێت ھاوردەی وزە بۆ کەمترین ئاست نزم بکاتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا بۆ وڵاتانی دراوسێ وەکوو کوەیت و ئەردەن ھەناردەی ھەبێت. ئەم وڵاتە بە سەرنجدان لە پلانەکانی کە بۆ زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت، ڕێگری لە سووتاندنی غاز و گەشەی سەرچاوە سەربەخۆکان ھەیەتی، بەرەو چەندێتی بەخشین بە ھاوردەکانی وزە دەڕوات. بەم حاڵەوە ئەم بابەتە واتای پچڕانی یەکجاری لەگەڵ ئێران نایێت، لەبەر ئەوەی کاتێک دەتوانێت لە چەند سەرچاوەیەکەوە ھاوردەی ھەبێـت، دەرفەتی گفتوگۆی زیاتر دەبێت. لە لایەکی ترەوە، ھەلومەرجی ئێران بە شێوەیەکە کە تا کاتێک کە توانای ھەناردەکردنی سنوورداری ھەبێت، دەرفەتی گفتوگۆی زۆری نابێت. لەم ھەلومەرجەدا لەوانەیە خواستی ئێران ئەوە بێت کە کۆمپانیا حکومی و تایبەتەکانی خۆی بە ئامانجی گەشەی تۆڕی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبای عێراق بخاتە گەڕ. ھەر جۆرە دروستکردنێکی وەھا داواکارییەک، لە ڕاستیدا بە واتای دروستکردنی داواکاری بۆ ھەناردەی غاز و پیشەگەرانی بواری کارەبا دەبێت. ستراتیژی ئێران بۆ دروستکردنی داواکاریی درێژمەودا بۆ ھەناردەی غاز، دەتوانێت دەرچەی چوونەژوورەوەی بێت بۆ بەشی گەشەی وێستگەیی و تۆڕی کارەبای عێراق. ھەر جۆرە درەنگکەوتنێک لەم بابەتە، دەبێـتە دەرفەت بۆ ڕکابەرەکانی تر. لەگەڵ ئەوەی ئێران دەتوانێت بچێتە ناو پڕۆژەی گەیاندنی غاز بۆ ماڵان لە عێراق، بە ھەمان شێوەی ڕووسیا کە بۆ دروستکردنی داواکاری لەسەر غازی خۆی بۆ ئۆکرانیا ئەنجامی دا. ئەنجام دوای لادانی سەددام لە ساڵی ٢٠٠٣، لە کاتێکدا کە دراوسێ عەرەببییەکانی عێراق بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی کەنداو کە بەرھەمھێنەری نەوت بوون، لە ھاوکاریی سیاسی یان ئابووری لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق خۆیان لا دا. ئێران سیستمێک لە پەیوەندیی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتیی لەگەڵ عێراقدا دروست کرد و پێویستییەکانی وزەی ئەم وڵاتەی دابین کرد. بە شێوەیەک کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئێران لەنێو ئەکتەرە ناوچەییەکان لە تۆڕی ئابووریی عێراق، سوودێکی تایبەتی بەدەست ھێناوە. لە ڕاستیدا وەھا یەکگرتنێک بەتایبەت بە سەرنجدان لە دوژمنایەتیی بەرانبەر، لەنێوان ھەندێک وڵاتی عەرەبی و ئێران سەرنجڕاکێشە، بەڵام پڕۆسەکانی وەکوو ھاوکارییە ناوچەییەکان، زۆربوونی وەبەرھێنان، گەشەی بەرھەمھێنان و لە کۆتاییدا ئامادەبوونی زلھێزەکان، ڕێگا بۆ کەمبوونەوەی وابەستەبوونی عێراق بە ئێران لە بواری دابینکردنی کارەبا دروست دەکات. ئەو پڕۆسانەی ئێستا لە بازاڕی وزەی عێراقدا بەڕێوە دەچن، ئاماژە بەو ڕاستییە دەکەن کە بازاڕی وزەی عێراق لە داھاتوودا گۆڕانکاریی جیۆپۆلەتیک بەخۆیەوە دەبینێت بە جۆرێک کە گۆڕانکاری لەسەر پەیوەندیی وزەی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران دروت دەکات. چەندێتی بەخشین بە سەرچاوە ھاوردەکان، بابەتێکی لۆجیکی بۆ ھەر وڵاتێک بەتایبەت عێراقە. لەگەڵ ئەوەشدا، بێنیازبوونی عێراق لە وزەی ھاوردەکراوی ئێران، نیگەرانی بەدوای خۆیدا دەھێنێت، بەتایبەت کە وزە گرنگترین ھۆکاری بوونی ھەژموونی ئێران لە عێراق لە دوو دەیەی کۆتاییدا بووە. عێراق دەیەوێت ھاوتەریبی ھاوردەی کارەبا، تۆڕی کارەبای خۆی لە شێوەی خولی تێکەڵاو بۆ بەرھەمی کارەبای ئەتۆمی گەشە پێ بدات و لە ئێستادا گەورەترین ڕێککەوتننامەی بەرھەمھێنانی کارەبای لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا و ھەروەھا وڵاتە پێشکەوتووەکانی ڕۆژئاوا لە بوارە جیاوازەکان لەبەر دەستدایە. بە سەرنجدان لەوەی کە عێراق لە ساڵانی داھاتوودا لە وابەستەبوونی تەواو بە وزەی ئێران دەردەچێت، دپلۆماسیی وزەی ئێران دەبێت بۆ مانەوەی خۆی لە بازاڕی وزەی عێراق چالاکتر بێت و بۆ ھەر کام لەم پڕۆسانە پلانی پێویست دابنێت. ئەوەی لەم بارودۆخەدا گرنگە، ئەوەیە کە ئێران نابێت بە ھیچ شێوەیەک بازاڕی عێراق لەدەست بدات، لەبەر ئەوەی عێراق بە شێوەیەکی تر ھەم بە ژیان و ھەناسەی ئێران لە کاتی سەپاندنی سزاکاندا ئەژمار دەکرێت، ھەم بە قووڵایی جیۆپۆلەتیکی ئێران دێتە ئەژمار. بۆچوونی نووسەران ئەوەیە ئەگەر ئێران نەتوانێت تا ساڵی ٢٠٣٠ بەشی خۆی لە بازاڕی غازی عێراق (جگە لە ھەناردە و بەشی پێشکەوتن) بپارێزێت، ئیتر دەرفەتی تری بۆ ھەبوونی ھەژموونی خۆی لەم وڵاتەدا نابێت. سەرچاوەکان (بۆ بینینی لیستی سەرچاوەكان، سەردانی ماڵپەڕی تایبەت بە سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی بكەن) [1] British thermal unit: یەکەیەکی پێوانەیی بەریتانی بۆ پێوانەی بەرھەمە نەوتییەکانە كە ھەر یەک ملیۆن “Btu”، یەکسانە بە ٢٨.٢٦ مەتر سێجا. نووسەران: عەلی ئادەمی/ مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، زانكۆی عەللامەی تەباتەبایی – تاران مورتەزا شوكری/ توێژەری پۆستدكتۆرای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، زانكۆی عەللامەی تەباتەبایی – تاران وەرگێڕان: موجاهید وەهاب سەرچاوە: وەرزنامەی ئەكادیمیی پەیوەندییە دەرەكییەكان، ساڵی سیانزەیەم، ژمارەی چوار، زستانی 2022
راپۆرت: درەو "یەك لەسەر سێی پەكخەر".. ئەو چەكەی مالیكی دژی سەدر بەكاریهێناو بەهۆیەوە لە گۆڕەپانەكە دوریخستەوە، ئێستا روبەڕووی مالیكی خۆشی بوەتەوە، مشتومڕ هەیە لەبارەی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە "یەك لەسەر سێی پەكخەر"، دادگا لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی مێژویدایە، سەدر بە (تویت)ێك هێندەی تر بەرهەم ساڵحی لەبەرچاوی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی رەش كرد، مالیكی داوای لە بافڵ تاڵەبانی كردووە بەرهەم ساڵح بكێشێتەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. دادگاو یەك لەسەر سێی پەكخەر ! دوای نزیكەی (9) مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دروست نەكراوە، ئەمە ناوی لێنراوە "بنبەستی سیاسی"، بنبەستێك كە بەهۆی بڕیارێكی دادگای باڵای فیدراڵییەوە دروستبوو، رەنگە تەنیا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەش بنبەستەكە بكرێتەوە. رۆژی 3ی شوباتی ئەمساڵ، دادگای باڵای فیدراڵی كە تاكە دادگایە دەسەڵاتی لێكدانەوەی ماددەكانی دەستوری پێدراوە، رایگەیاند، نیسابی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بە ئامادەبوونی (دوو لەسەر سێ)ی پەرلەمانتاران پێكدێت، واتە لە كۆی (329) پەرلەمانتار دەبێت (220) كەسیان ئامادەی دانیشتنەكە بن. ئەم حوكمەی دادگای فیدراڵی بۆ یەكەمجار لە مێژووی عێراقی دوای روخانی سەددامەوە، (الپلپ المعگل- واتا یەك لەسەر سێی پەكخەر)ی لەناو پەرلەماندا دروستكرد، یەك لەسەر سێی پەكخەر واتا كۆكردنەوەی (110) پەرلەمانتار بۆ رێگریكردن لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار. چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ حەكیم) لەماوەی رابردوودا بە پاڵپشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانو هاوپەیمانی (عەزم)ی سوننەكانو چەند لایەنێكی تر توانیان (110) كورسی لە پەرلەمان مسۆگەر بكەنو یەك لەسەر سێی پەكخەر دژی هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) كارا بكەن، مالیكیو هاوپەیمانەكانی بۆ قۆناغی یەكەمی ململانێ سیاسییەكە سودمەندی گەورەی بڕیارەی دادگای فیدراڵی بوونو موقتەدا سەدری براوەی یەكەمی هەڵبژاردنیان ناچاركرد لە پەرلەمان بكشێتەوەو هاوپەیمانی سێقۆڵییان هەڵوەشاندەوە، بەڵام ئێستا كە جڵەوی پێكهێنانی حكومەت كەوتوەتە دەست خۆیان، روبەڕووی هەمان ئەو چەكەی دادگای فیدراڵی بونەتەوە كە دژی سەدری نەیاریان بەكاریانهێنا. كارتەكە هەڵگەڕاوەتەوە لەدژی خۆیان ! دوای پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی سەدر، بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەگەڵ یەكێتیو عەزمی سوننەكان بەتێكڕا نزیكەی (170) كورسی پەرلەمانیان هەیە، ئەم بەرەیە ئێستا كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانەو دەیەوێت دوای پشووی جەژی قوربان دەست بە هەنگاوەكانی بكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكك كۆمارو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. بەپێی دەستوری عێراق، بەر لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دەبێت سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، چونكە سەرۆك كۆمار كوتلەی گەورەی پەرلەمان رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێ. سیناریۆی (یەك لەسەر سێی پەكخەر) كە دژی سەدرو هاوپەیمانەكانی (بارزانی+ حەلبوسی) بەكارهێنرا، ئێستا لەدژی چوارچێوەی هەماهەنگییو هاوپەیمانەكانی (یەكێتی+ عەزم) خۆی نوێ دەكاتەوە، چونكە چوارچێوەی هەماهەنگیی دەبێت (50) پەرلەمانتار لە دەرەوەی خۆی قایل بكات بەشداری دانیشتنی پەرلەمان بكەنو بایكۆت نەكەن، ئەمە بۆ ئەوەی بتوانێت نیسابی (220) پەرلەمانتار بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە تەواو بكاتو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تێپەڕێنێتو دواتر دەست بە هەنگاوەكانی بكات بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. شیعەكان زۆر كاریان بە پۆستی سەرۆك كۆمار نییە، بەڵام لەڕووی دەستورییەوە بۆ ئەوەی بتوانن بگەن بە كێكی حكومەت دەبێت سەرەتا قوفڵی سەرۆك كۆمار بكەنەوە، یەك لەسەر سێی پەكخەر قوفڵی لە پۆستی سەرۆك كۆمار داوە، بەبێ چارەسەركردنی ئەمە ناتوانرێت دەست بۆ پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت ببرێت. چوارچێوەی هەماهەنگیی كە دوای كشانەوەی سەدر، بوون بە كوتلەی گەورەی پەرلەمان، هێشتا بەفەرمی دانوستانیان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەستپێنەكردووە، ئەمە لەحاڵێكدایە دەبێت بۆ تێپەڕاندنی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، هاوپەیمانەكانی سەدر واتا (بارزانی+ حەلبوسی) قایل بكەن بەشداری دانیشتنی پەرلەمان بكەن، كە بەتێكڕا نزیكەی (100) كورسییان هەیە، ئەمە جگە لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆو ئەو كوتلەی سیاسییانەی تر كە تازە دروستبوونو ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمان زیاتر لە 40 كورسییە. چوارچێوەی هەماهەنگیی لەناو خۆیاندا بۆچونی جیاوازیان هەیە، هەندێك لەگەڵ ئەوەدان بەبێ سەدر كابینەی نوێی حكومەت دروست نەكرێت، چونكە حكومەتەكە دەكەوێتە بەردەم هەڕەشەی دژایەتی سەدرو سەركەوتوو نابێت، ئاڕاستەیەكی تر كە مالیكی رێبەرایەتی دەكات خواستی ئەوەی هەیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەكانی سەدر، پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت تەواو بكرێت، لەم نێوەندەدا بۆچونێكی تر لەناو لایەنە شیعەكاندا هەیە دەڵێ حكومەتێكی "كاتیی" بۆ ماوەی ساڵێك یان دوو ساڵ پێكبهیێنرێتو لەو ماوەیەدا بانگەوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی نوێ بكرێت، ئەمە بۆ ئەوەیە ماڵی شیعە زیاتر لەبەریەك هەڵنەوەشێت. قایلكردنی هاوپەیمانەكانی سەدر واتا (بارزانی+ حەلبوسی) لەلایەن مالیكیو هاوپەیمانەكانییەوە بۆ بەشداریكردن لە حكومەتو تێپەڕاندنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پێویستی بە دانوستانی سەخت هەیە، بەتایبەتیش كە ئێستا مەرجی بارزانی بۆ بەشداریكردن لە حكومەت بووە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی نەوتو غازی هەرێمو پەسەندكردنی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ بەپێی ئەوەی لە دەستوردا هاتووە، پێناچێت مالیكیو هاوپەیمانەكانی بچنە ژێر باری مەرجی لەمشێوەیە، بۆیە تەواوكردنی نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار رەنگە سەرلەنوێ كێشەی بۆ دروست ببێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر سوننە لەم قۆناغەشدا بارزانی بەجێنەهێڵنو پێكەوە دانوستان لەگەڵ شیعەدا بكەن. دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی دەگۆڕێت ؟ ئێستا كە سەرلەنوێ (یەك لەسەر سێی پەكخەر) خۆی لەبەردەم هەوڵی پێكهێنانی حكومەت قوتكردوەتەوە، قسەوباس لەبارەی ئەوە هاتوەتە ئاراوە دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی لەبارەی نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بگۆڕێت، واتا (یەك لەسەر سێی پەكخەر) هەڵوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی بنبەستی سیاسی لەمە زیاتر درێژە نەكێشێتو سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێتو دوای ئەویش كابینەی نوێی حكومەت دروست بكرێت. ئەوانەی پێشبینی گۆڕینی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكەن بۆ كۆتایهێنان بە بنبەستی سیاسی، دوو رووداو دەكەنە بەڵگە كە بەمدواییانە رویانداوە: رووداوی یەكەم: ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بەمدواییە كۆمێنتێكی لەبارەی پرسی پاشگەزبوونەوەی دادگای باڵای ئەمریكا لەبارەی (مافی لەباربردنی كۆرپەلە) نوسیوەو دەڵێ" گەڕانەوە لە بڕیارەكاندا چوارچێوەیەكە كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پشتی پێدەبەسترێت"، ئەم كۆمێنتەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی وا لێكدەدرێتەوە رێگەخۆشكردن بێت بۆ پاشگەزبوونەوەی دادگای باڵای فیدراڵی لە هەندێك لە بڕیارەكانی خۆی، بەتایبەتی بڕیاری نیسابی دوو لەسەر سێ بۆ دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار. رووداوی دووەم: بەمدواییە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕ پەیڕەوێكی نوێی ناوخۆی لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقدا بڵاوكردەوە، لەم پەیڕەوە نوێیەدا بەدیاریكراوی لە ماددەی (45)دا ئاماژە بەوەدراوە" لەكاتی پێویستدا، ئەگەر بەرژەوەندی دەستوریو بەرژەوەندی گشتیی ئەوەی خواست، دەكرێت دادگا لە بنەمایەكی خۆی پاشگەزببێتەوە كە پێشتر لە یەكێك لە بڕیارەكانی خۆیدا بڕیاری لەسەردابێت، بەمەرجێك ئەم گۆڕانكارییە دەست بۆ سەقامگیری ناوەندە یاساییو مافە بەدەستهاتووەكان نەبات"، دانانی بەرژەوەندی (گشتیی) لەپاڵ بەرژەوەندی (دەستوری) دا ئاماژەیە بۆ ئەوەی تانەنەت ئەگەر نادەستوریش بێت، دەكرێت دادگا لە بڕیارەكانی پێشتری خۆی بگەڕێتە دواوە. ئەگەر دادگای فیدراڵی لەبەر رۆشنایی ئەم دوو ئاماژەیەدا، دەستكاری بڕیاری خۆی بكات سەبارەت بە نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پرۆسەكە لەبەرژەوەندی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەشكێتەوەو بەبێ كێشە دەتوانن هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تێپەڕێنن، بەڵام بڕیارێكی لەمجۆرە دادگای باڵای فیدراڵی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەكەی مێژوویی، چونكە دەركردنی بڕیاری دەستكاریكردنی نیسابی دانیشتنی پەرلەمان دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، وادەكات تۆمەتەكان لەبارەی بە سیاسیكردنی بڕیارەكانی دادگا لە گومانەوە ببن بە راستیی. سەرباری ئەمە، دەستكاریكردنی حوكمی نیسابی دانیشتنی پەرلەمان لەلایەن دادگاوە، رەنگە كارتێكی باش بێت بەدەست دانوستانكاری كوردەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش لەسەر هەمان بنەمای (بەرژەوەندی گشتیی) داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگا بكەن سەبارەت بە دۆسیەی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان یاخود سەدرییەكان كە زەرەرمەندی بڕیاری نیسابی پەرلەمان بوون، داوای تێهەڵچوونەوەو گەڕانەوە بۆ ناو پەرلەمان بكەن. تویتەكەی سەدرو چارەنوسی بەرهەم ساڵح سێ شەممەی رابردوو (28ی حوزەیران) موقتەدا سەدر تیرێكی ئاڕاستەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كرد، بە بەهانەی ئەوەی وەكو سەرۆك كۆمار ئیمزای نەكردووە لەسەر یاسای (بەتاوانناساندنی ئاسایكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل)، سەدر لە تویتێكدا نوسی" داوای لێبوردن دەكەم لەبارەی كاندیدكردنی بەرهەم بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لە پێشترو لەداهاتوشدا.. جێگای شورەییە بۆ میللەت سەرۆكەكەی كەسێك بێت كە پشتیوانی ئاسایكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بكاتو كەسێكی نیشتمانی نەبێت". ئەمە تیرێكی دوو سەرەبوو لە سەدرەوە بۆ بەرهەم ساڵح، لەسەرێكەوە بەم قسەیە هێندەی تر بەرهەم ساڵحی لەبەرچاوی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی خست، بۆ ئەوەی جارێكی تر پشتیوانی نەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمارو قەیرانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار هەر بەكراوەیی بمێنێتەوە، لەسەرەكەی ترەوە خزمەتێكشی بەبەرهەم ساڵح كرد، بەوەی چیتر بەرهەم ساڵح سەرۆكە گوێڕایەڵەكەی سەدر نییەو دەكرێت ئیتر لەمەودوا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی گومانەكانیان لە پەیوەندی نێوان سەدرو بەرهەم ساڵح بڕەوێننەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، نوری مالیكی وەكو یەكێك لە كاریگەرترین سەركردەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی داوای كردووە یەكێتی كاندیدبوونی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێنێتەوە، چونكە لایەنەكانی چوارچێوەی متمانەیان پێی نییەو پاڵپشتی ناكەن، ئەگەر چوارچێوەی هاوشێوەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە ساڵی 2018دا بكەوێتە بەردەم دوو بژاردە، بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی یاخود كاندیدێكی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەوا ئامادەن دەنگ بۆ كاندیدی پارتی بدەن، نەك بەرهەم ساڵح. لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەرهەم ساڵح بەیەكێك لەوانە ناودەبەن كە بەرپرسیارێتی دۆخی خراپی ئێستای ناو ماڵی شیعەیان دەكەوێتە ئەستۆ، چونكە بەوتەی ئەوان بەرهەم ساڵح لەوانە بووە كە وەكو سەرۆك كۆمار دەستی هەبووە لە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان، یاسایەك كە دەرەنجامەكەی ماڵی شیعەی دابەشكردووەو بنبەستی سیاسی بەدوای خۆیدا هێناوە، لەپاڵ ئەمەدا مالیكی بەشێوەیەكی شەخسی لە بەرهەم ساڵح توڕەیە، چونكە پێی وایە بەرهەم ساڵح رێگری بووە لەوەی، ئەو پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار پڕبكاتەوە. (درەو) زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی پەیامی ناڕەزایەتی مالیكی سەبارەت بە كاندیدكردنەوەی گەیاندووە بە بەرهەم ساڵح، ئێستا كە ئەم بەرەوپێشچونانە لە پرۆسەی سیاسیدا رویداوە، هەندێك باس لە ئەگەری سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردنەوە دەكەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی دەرفەت لەبەردەم ئەوەدا نەماوەی جارێكی تر دەرگای خۆكاندیدكردنەوەی بكرێتەوە، ئەگەر بڕیارێكی لەمجۆرە بدرێت، دەبێت هاوشێوەی دەستكاریكردنی بڕیاری نیسابی دانیشتنی پەرلەمان، دادگا دەستكاری بڕیاری خۆی بكاتو سەرلەنوێ دەرگای خۆكاندیدكردنەوە بكاتەوە.
راپۆرت: درەو دابەشكردنی میراتیە سیاسییهكەی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، زۆرینەی لایەنەكانی بوژاندەوە، بەتایبەتیش هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كە گەورەترین دۆڕاوی هەڵبژاردنەكەی ساڵی رابردوو بوو، كێكەكەی سەدر چۆن بەشكرا ؟ دوای كشانەوەی سەدر نەخشەی دابەشبوونی پەرلەمان چی بەسەر دێت ؟ بەبێ سەدر، چوارچێوەی هەماهەنگیی كابینەی نوێی حكومەتی پێ دروست دەكرێت ؟ چوارچێوه دهتوانیت پارتی و یهكێتی لهسهر پۆستی سهرۆك كۆمار رێكبخات یان كارهكه دهداته دهست ئێران ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. میراتە سیاسییەكەی سەدر بەشكرا پەرلەمانی عێراق دوێنێ بەتەواوەتی دەرگای لەسەر ئەگەری گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆ ناو پەرلەمان داخست، ئەمە دوای پڕكردنەوەی كورسی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی سەدر. لەكۆی (73) كورسی بەتاڵی سەدرییەكان، پەرلەمان (64) كورسی بە كاندیدە جێگرەوەكان پڕكردەوە (كاندیدی جێگرەوە ئەوانەن پێیان دەوترێت گەورەترین دۆڕاو لە بازنەكانی هەڵبژاردندا)، (9) كورسی بەتاڵی سەدرییەكان پڕنەكرایەوە، ئەم (9) كورسییە (5)یان بەر (حەرەكەی حقوق) كەوتبوو، ئامادەنەبوون كورسی سەدرییەكان وەربگرن. حەرەكەی حقوق باڵی سیاسی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقە، (حسێن موئنس) سەرۆكایەتی دەكات، ئەم پیاوە هاوپەیمانی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، بەپێی قسەی سەرچاوەكان داوای پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان كردووە واتە شوێنەكەی (حاكم زاملی) كە دەستی لەكاركێشاوەتەوە، بەڵام لایەنە شیعەكان رەتیانكردوەتەوەو پێیانوابووە پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكەی سەدر لەلایەن حەرەكەی حقوقەوە، جۆرێك لە ئیستفزازی تێدا دەبێت بۆ سەدرییەكانو بۆ شەقامیش، بەوپێیەی ناڕەزایەتی دژی كەتیبەكانی حزبوڵاو هێرشەكانیان هەیەو ناكرێت ئەو پۆستە گەورەیە بدرێت بەوان، ئەمە وایكرد حسێن موئنیس كە تەنیا خۆی سەركەوتبوو بۆ پەرلەمان لەگەڵ سەدرییەكان دەستلەكاربكێشێتەوەو وەرگرتنی كورسی بەتاڵی سەدرییەكانیش رەتبكاتەوە. (4) كورسییەكەی تری سەدرییەكان، كاندیدە جێگرەوەكانیان هەر لە رەوتی سەدر خۆی بوون، ئەوانیش بەهۆی بڕیاری رێبەری رەوتەكەیانەوە نەچونە پەرلەمانو كورسییەكانی خۆیان پڕنەكردەوە. بۆ پڕكردنەوەی ئەو (9) كورسییە بەتاڵە، دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ناوی (9) كاندیدی جێگرەوەی تر دیاری بكات كە بریتی دەبن لە دووەم گەورە دۆڕاوەكان لە بازنەكانی هەڵبژاردندا. سهدر نهیارهكانی به كورسی پهرلهمان دهبوژێنێتهوه ! كێكی (73) كورسییەكەی سەدر دابەشكرا، هەریەكەو پشكی خۆی برد، عامری سودمەندی یەكەمو سەربەخۆكان سودمەندی دووەم، حەكیمو عەبادیو مالیكیش پشكی خۆیان چینییەوە: • هاوپەیمانی (فەتح)ی هادی عامری پشكی شێری كێكی كورسییە بەتاڵەكانی سەدری بەركەوت، لەكۆی (64) كورسی سەدرییەكان كە دوێنێ پڕكرایەوە (12) كورسی برد، ئەمە ژمارەی كورسییەكانی عامری لەناو پەرلەمانی عێراق لە (17) كورسییەوە بەرزكردەوە بۆ (29) كورسی. • (قوی الدولە) كە هاوپەیمانێتی نێوان (عەممار حەكیمو حەیدەر عەبادی)یەو لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا تەنیا (4) كورسی بردەوە، لە پڕكردنەوەی شوێنی پەرلەمانتارانی دەستلەكاركێشاوەی سەدر سودمەند بوو، ئەم هاوپەیمانێتییە لە كێكەكەی سەدر (8) كورسی بەركەوت، بەمەش ژمارەی كورسییەكان لە پەرلەمان بۆ (12) كورسی بەرزبووەوە، سەرباری ئەم زیادبوونە، عەممار حەكیم هێشتا سورە لەسەر بڕیاری خۆیو دەڵێ بەشداری كابینەی نوێی حكومەت ناكەم، بەڵام عەبادی چاوێكی لەوەیە ببێت بە كاندیدی یەكلاكەرەوەی ناو ماڵی شیعە لەنێوان مالیكیو سەدردا، حەكیمو عەبادی بەشێكن لەلایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ حەكیم+ عەبادی). • ئەوانەی لەژێر ناوی (سەربەخۆ)دا بەشداربوون، سودمەندی دووەمی كێكەكەی سەدر بوون لە پەرلەمانو (11) كەسیان بوون بە شوێنگرەوەی سەدرییەكان. • بزوتنەوەی ئیمتیداد كە نوێنەرایەتی خۆپیشاندەرانی ئۆكتۆبەری 2019ی عێراقی دەكردو (9) كورسی بردەوە، بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە (7) كاندیدی تری سەركەوت بۆ پەرلەمان، ئەمە لەكاتێكدا روودەدات بەمدواییە ناكۆكی كەوتە ناو بزوتنەوەكەی لە كۆی (9) پەرلەمانتار (5) پەرلەمانتاریان جیابوەنەوە، بزوتنەوەی ئیمتیداد كە عەلا ركابی سەرۆكایەتی دەكرد لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێدا لە پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانێتییەكیان هەیە بەناوی (هاوپەیمانی لەپێناو خەڵك). • ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكاتو نەیاری سەرسەختی سەدرە، ئەویش (5) كورسی سەدرییەكانی چنییەوەو بەمەش ژمارەی كورسییەكانی لە (33) كورسییەوە زیادی كرد بۆ (38) كورسی، مالیكی رێبەرایەتی لایەنە شیعە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردنی كرد، لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە سەركەوتوو بوو لە كاراكردنی (یەك لەسەر سێی پەكخەر) لەناو پەرلەمانی عێراقو بەمەش رێگری لە سەدر كرد "حكومەتی زۆرینە" دروست بكات، مالیكی كە سەری گەورەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەو لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت، خەونی هەیە جارێكی تر پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەربگرێتەوە. • كوتلەی (نەهجی وەتەنی) كە بریتییە لە (حزبی فەزیلە)ی پێشوو و بەشێكە لەلایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، ئەویش سودمەندبوو لە كورسییە بەتاڵەكانی سەدرو (3) كورسی تری دەستكەوت، بەمەش تێكڕای ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق بۆ (4) كورسی بەرزبووەوە. • هاوپەیمانی (تصمیم) كە ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە سەرۆكایەتی دەكاتو دابەشبووە بەسەر هەردوو بەرە ناكۆكەكەی ناو ماڵی شیعەدا (چوارچێوەی هەماهەنگیو سەدر)، ئەویش لە شوێنی بەتاڵی سەدرییەكان (3) كورسی سودمەند بووەو بەمە ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق بۆ (8) كورسی بەرزبووەوە، ئەسعەد عیدانی دەیەوێت خۆی وەكو كاندیدی یەكلاكەرەوەی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگیو سەدر نیشان بدات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بۆیە ناوی لە لیستی ئەوانەدا دەهێنرێت كە لەناو ماڵی شیعەوە كاندید دەكرێن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. • هاوپەیمانی (عەقدی وەتەنی) كە فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی سەرۆكایەتی دەكات، ئەویش (4) كورسی بەتاڵی سەدرییەكان پڕدەكاتەوەو بەمە ژمارەی كورسییەكان لە (4) كورسییەوە بۆ (8) كورسی زیاد دەكات. • رەوتی (الفراتین) كە محەمەد سودانی وەزیری پێشووتری مافی مرۆڤ سەرۆكایەتی دەكاتو بەشێكە لەلایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییو (1) كورسی پەرلەمانی هەیە، بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە (2) كورسی تری دەستكەوتو تێكڕای كورسییەكانی بوو بە (3) كورسی. • عامر عەبدولجەبار وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق یەكێك لەو تاكە كەسانەیە كە سودمەند بوو لە كشانەوەی سەدرییەكان، عامر لەچوارچێوەی رەوتێكی نوێدا بەناوی رەوتی (گردبونەوەی فاو و زاخۆ) بەشداری هەڵبژاردنی كرد، سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان، بەڵام ئێستا بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە كورسییەكەی خۆی لە بەسرە بردەوە. • حزبی (قادمون للتغییر) كە یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردنی كردو لە هەموو ناوچەكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە كاندیدی هەبوو، بەهۆی كشانەوەی سەدرەوە لە هیچەوە بوو بە خاوەنی (2) كورسی پەرلەمان لە پارێزگاكانی بەغدادو بەسرە. • عەدنان زورفی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، ئەویش بۆ یەكەمجار بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە دوو كورسی پەرلەمانی لەسەر بازنەكانی پارێزگای نەجەف دەستكەوت، یەكێك لەوانە خۆیەتی كە بوو بە ئەندامی پەرلەمان. • بزوتنەوەی (نور) كە پەرلەمانتاری پێشووی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا (محەمەد هینداوی) سەرۆكایەتی دەكات، كورسییەكی سەدرییەكانی لەسەر پارێزگای بەسرە بەركەوت، بەڵام ناخۆشییەكەی ئەوەیە ئەو كەسەی لە حزبەكەی شوێنی سەدرییەكانی پڕكردەوە هینداوی خۆی نەبوو، بەڵكو ژنێكە، ئاخر هینداوی لە هەڵبژاردندا خۆیو كوڕەكەشی كاندید كردبوو، بەڵام كەسیان سەرنەكەوتن. • ئیشراقەی كانون كە ئەویش وەكو ئیمتیدا بە هێزێكی سەربەخۆ ناودەبرێت، كورسییەكی لە كشانەوەی سەدرییەكان دەستكەوت. • هاوپەیمانی (تەقەدوم) كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتی دەكات، بە (2) كورسی لە كشانەوەی سەدر سودمەند بوو، بەمەش ژمارەی كورسییەكانی بۆ (39) كورسی زیادی كرد، حەلبوسی لەگەڵ بارزانیدا هاوپەیمانی سەدر بوو، بەڵام هەر دوای كشانەوەی سەدرییەكان سەرۆكایەتی هەوڵی پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی كرد. • گردبونەوەی خەڵكی واست، كە محەمەد میاحی پارێزگاری واست سەرۆكایەتی دەكاتو لە هەڵبژاردندا یەك كورسی بردەوەو چووە پاڵ سەدرییەكان، ئێستا بەهۆی كشانەوەی سەدرەوە كورسییەكەی تریشی دەستكەوتو ژمارەی كورسییەكانی بوو بە (2) كورسی. نەخشەی پەرلەمان دوای سەدرییەكان ئێستا كە ئیتر كورسییە بەتاڵەكانی سەدر پڕكراوەتەوە، نەخشەی دابەشبوونی كوتلە سیاسییەكان لە پەرلەمانی عێراق گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە: • لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمان (88) كورسییەوە بۆ (120) كورسی بەرزبووەوەو ئێستا گەورەترین كوتلەی پەرلەمانن، دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، ئەم كوتلەیە رادەسپێردرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران. • بارزانیو حەلبوسی كە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانێتییان لەگەڵ سەدر كرد (هاوپەیمانی رزگاركردنی نیشتمان)، ئێستاو دوای كشانەوەی سەدر هەوڵی مامەڵەكردن لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەدەن، بارزانیو حەلبوسی بەبەشداریكردنی پەرلەمانتارەكانیان لە كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمانو پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی سەدر، یەكەمین كاری هاوبەشی خۆیان لەگەڵ مالیكیو هاوپەیمانە شیعەكانی تری دەستپێكرد. • لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەحاڵی دەستپێكردنی دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ پارتیو یەكێتی، دەبێت ناكۆكی نێوان ئەم دوو لایەنە كوردییە لەبارەی پۆستەكە چارەسەر بكەن، چوارچێوەی هەماهەنگیی رێز لە هەڵوێستی یەكێتی هەشت مانگی رابردووی یەكێتی دەگرێت كە لەو ماوەیەدا لەدژی سەدر پشتیوانی لە چوارچێوە كردووەو بە (18) پەرلەمانتاری خۆی نیسابی (یەك لەسەر سێی پەكخەر)ی لەناو پەرلەمان بۆ مالیكیو دۆستەكانی تەواو كردووە، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاوبگرێت بەبێ بەشداریكردنی پارتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت تاڕادەیەك ئاستەم دەبێت. • پارتی بەهۆی هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ سەدر، هەرێمی كوردستان روبەڕووی ژمارەیەك فشاری سەربازیو یاساییو سیاسی كردەوە، لەسەرو هەموشیانەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ رادەستكردنی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان، پارتی ئێستا بۆ رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی داوای چارەسەركردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەكات، ئەمە دانوستانی مالیكیو هاوپەیمانەكانی لەگەڵ بارزانی قورس دەكات، ئایا مالیكیو عامری دەچنە ژێر باری هیچ بەڵێنێك بۆ راگرتنی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەسەر هەرێمی كوردستان ؟ • بۆ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دانوستانی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ سوننەكان هێندەی كورد قورس نابێت، چونكە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كە پشكی سوننەكانە پڕكراوەتەوە، بەڵام لە پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكانی پێكهاتەی سوننەدا دەبێت جگە لە حەلبوسیو خەمیس خەنجەر، هەندێكیش هاوپەیمانی عەزم لەبەرچاوبگرێت كە لەماوەی رابردوودا وەكو بەشێك لە پێكهاتەی سوننە لەگەڵ مالیكیو هاوپەیمانەكانی دژی سەدر راوەستاون. • لەناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا عەممار حەكیم هێشتا سورە لەسەر ئەوەی نایەوێت بەشداری كابینەی نوێی حكومەت بكات، رەنگە ئەمە وابكات چوارچێوە پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان (واتە شوێنەكەی حاكم زاملی پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوەی سەدر) بۆ ئەو بەجێبهێڵن. • لەحاڵی رێكنەكەوتنی بارزانی لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، ئەگەری هەیە ئەویش هاوشێوەی سەدر لە پەرلەمان یاخود بەشداریكردن لە حكومەت بكشێتەوەو ئەمە ئاستەنگێكی زیاتر پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لەلایەن مالیكیو هاوپەیمانەكانییەوە دروست دەكات. • سەربەخۆكان كە ژمارەیان (45) پەرلەمانتار بوو، ئێستا بەهۆی كشانەوەی سەدرییەكانەوە 11 كورسی تریش زیادیان كردووە، لەماوەی رابردوودا كە بەهۆی ناكۆكی هەردوو بەرەكەی ناو ماڵی شیعە (چوارچێوەی هەماهەنگییو سەدر) رۆڵیان لەخۆیان گەورەتر دەركەوت، ئیتر ئەو رۆڵەیان نابێت، رەنگە ئەمجارەیان زیاتریش پەرت ببن لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگیی وەكو لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەتو سەدر وەكو رێبەری ناڕەزایەتی شەقام. • كشانەوەی سەدر چەندە سودی بەلایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی گەیاندو باری لاری ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی بۆ راستكردنەوە، رەنگە زیانی گەورەشیان پێ بگەیەنێت، چونكە لەمەودوا زیاتر ناكۆكییەكانیان لەبارەی كاندیدی سەرۆك وەزیرانو دانوستان لەگەڵ لایەنەكانی چۆنیەتی پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكان دەردەكەوێت، چونكە ئەم هاوپەیمانێتییە بەپلەی یەكەم هاوپەیمانێتی روبەڕووبونەوەی سەدر بوو، نەك هاوپەیمانێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت. • مانەوەی سەدر لە دەرەوەی پەرلەمان، مەترسییەكی ئامادەیە لەبەردەم هەر حكومەتێكدا كە چوارچێوەی هەماهەنگیی دروستی بكات، سەرباری بەشدارییان لە حكومەتی چوارچێوەی هەماهەنگیی، رەنگە بارزانیو حەلبوسی هەروەكو هاوپەیمانی شاراوەی سەدر لەناو حكومەتو پەرلەماندا بمێننەوەو لەحاڵی دروستبوونی مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەكانیان بگەڕێنەوە بۆ لای سەدر. • خاڵی بەهێزی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی پاڵشتی ئێرانە، ئێرانییەكان رەنگە رۆڵی گەورە بگێڕن لەسەرپێخستنی حكومەتی نوێی عێراق، بەتایبەتیش چارەسەركردنی ناكۆكی پارتیو یەكێتی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار.
درەو: راپۆرتی: روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ خوێندكارێكی زانكۆ دەڵێت " مامۆستاكەم نمرەی وانەكەمی كەمكردەوە لەبەر ئەوەی رازی نەبووم خواستە سێكسیەكانی جێبەجێبكەم" كچێك دەڵێت: لەبەرامبەر پێدانی دەرمان بۆ دایكە نەخۆشەكەم كارمەندی نەخۆشخانەكە داوای سێكسی لێكردم" مامۆستایەك دەڵێت بەرێوەبەری قوتابخانەكەم داوای سێكسی لێكردم" ئەمانە بەشێكن لە راپۆرتێكی روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ كە شایەتحاڵەكان خۆیان قسەیان كردووە. روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، حاڵەتەکانی هەراسانی سێکسی لە زۆربەی دامەزراوە حکومی و تایبەتەکان و تەنانەت لە ماڵەکانیشدا لە زیادبووندایە بە پێی قسەی شایەتحاڵ و قوربانییەکان. روانگەی عێراقی، گوێبیستی شایەتحاڵەکان بووەو چەندین چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە، ژن، پیاو، هەروەها کارمەندانی ئاسایش و ڕۆژنامەنوس و مامۆستا قسەیانکردووە، وردەکاری رووداوەکانی هەراسانی سێکسیان خستۆتەروو کە لە نەخۆشخانەو زانکۆکان و قوتابخانە و فەرمانگە حکومییەکان و کەرتی تایبەت و هەروەها دەزگاکانی راگەیاندن روویانداوە. هەموو قسەکەرەکان داوایانکردووە کە ناویان نەهێنرێت و زانیارییەکانیان بەجۆرێک ئاشکرا نەکرێت، ببێتە هۆی ناسینەوەیان یان ناسینەوەی ئەنجامدەرانی حاڵەتەکانی هەراسانی سێکسی، لەترسی کۆمەڵگەو و بەدواداچوونی خێڵەکی. "چارەسەر لە بەرامبەر سێکسدا" ژنێک کە داوای کرد ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت بە روانگەی عێراقی راگەیاند، لەگەڵ دایکە تووشبووەکەی بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی (اڵامل) لە بەغداد، لە لایەن کارمەندێکی نەخۆشخانەکەوە داوای سێکسی لێکراوە بەرامبەر پێدانی دەرمان و چارەسەر بە دایکی، هەروەها دەڵێت: " چارەسەری دایکم لەسەر ئیمزایەکی ئەو وەستابوو، بیرم لە چارەسەری کێشەکە دەکردەوە،بە باوکیشم نەوت تا کێشەکە گەورەتر نەبێت،ترساشم زەرەر لە دۆخی تەندروستی دایکم بەم ئەگەر بە فەرمی شکات بکەم، چونکە بەرپرسان لەگەڵ هاوڵاتیاندا نین، بۆیە بێدەنگبووم." دوای رۆژێک لە رووداوەکە دایکی کۆچی دوایی کرد. هەروەها وتی:" دوو جاری تریش حاڵەتی هەرسانکردنی سێکسیم بەسەرداهاتووە، یەکەمیان، لە لایەن مامۆستایەکی زانکۆوە بوو، نمرەی زانستی وانەکەی کەمکردبووەوە، چونکە رازی نەبووم هەراسانم بکات، هەرچەندە لە پلەی دووەمدا بووم لە هەردوو قۆناغی بەکالریۆس و ماستەریشدا." لەگەڵ ئەوەشدا ئەم (سزادانەم) کەمتر بوو لەوەی هاوڕێیەکم سزا درا "مامۆستاکەی هەراسانی کردبوو، ئەویش وەڵامی نەدابووەوە بۆیە لە وانەکەیدا دەرینەچاند" حاڵەتی دووەم کە تیایدا رووبەرووی هەراسانکردن بۆتەوە کاتێک بووە کە داوای کاری پەیامنێری پێشکەش بە یەکێک لە کەناڵە ئاسامانییەکان کردووە: "لە لایەن سەرۆکی پەیامنێرەکانەوە هەرسانکرام، سەرەڕای تواناکەم بە ناچاری لە کارەکە کشامەوە." رۆژنامەنووسێک قسەی بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ کرد، داوای کرد ناوی خۆیی و ئەو دامەزراوەیەی کاری بۆ دەکات نەهێنرێت، پەیامێکی دەنگی بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ ناردووە: "بەڕێوەبەرێک لە دامەزراوەکەمان هاوڕێیەکمانی هەراسان کرد لە ناو شوێنی کارکردنماندا، هاوڕێکەمان دەستی بە لێدانی بەڕێوەبەرەکە کرد، بۆیە لە کارەکەی دەرکراو تۆمەتبارکرا بە درۆو دزینی پارە لە جانتای کچە هاوڕێکانی." "مامۆستایەکی زانکۆ بەزۆر دەست بۆ سنگی کچە خوێندکارێک دەبات" لە زانکۆی بەغداد، خوێندکار (ز.خ) لە ژووری یەکێک لە مامۆستاکاندا رووبەرووی هەراسانکردنی سێکسی بووەوە، هاوڕێیەکی چیرۆکەکە دەگیڕێتەوە:"چووە ژورەکەی تا پرسیارێکی لە بارەی وانەکانییەوە لێبکات، مامۆستاکە دەستی بۆ سنگی برد، لای سەرۆکی زانکۆ شکاتی لێکراو بۆ ماوەی ساڵێک لە وانەوتنەوە دورخرایەوە." هاوڕێکەی کە خەریکی خوێندنی ماستەرە و داوای کرد ناوی نەهێنرێت تا لە کێشە دوربێت، دەڵێت:"مامۆستایەک لە هەمان کۆلێج شەوێکی درەنگ پەیوەندی بە هاوڕێیەکمەوە دەکات و داوای لێدەکات کە سنگی بە روتی و شوێنە هەستیارەکانی تری جەستەی پیشان بدات، پاشان بیانوی بۆ ئەم پەیوەندییە ئەوە بو کە دەرمانێک وەردەگرێت کاریگەری لەسەر هۆشی دەکات." ئەم حاڵەتە "بە راگرایەتی کۆلێج و سەرۆکایەتی زانکۆ رانەگەیەنرا، چونکە یەکەم حاڵەتێکی نامۆ نەبوو وەک ئاسایی لێهاتبوو،هەموو دەیانزانی، وە جگە لە کێشە و ناوبانگی خراپ هیچی بۆ خوێندکارەکە نەدەهێنا سەرەڕای ئەوەی کە قوربانی بوون، بۆیە زۆرینە وای بە باش دەزانن کە بێدەنگی هەڵبژێرن، وە کەمن ئەوانەی کە بوێری دەکەن و بە فەرمی شکات دەکەن، ئەمانیش لای کەس باسی ناکەن ئەوانە نەبێت کە متمانەیان پێیانە تا ئامۆژگاریان بکەن و هاوکاریان بن." بە پێی وتەی خوێندکارێکی شایەتحاڵی رووداوی هەراسانی سێکسی. بە پێی ئەو شایەتحاڵانەی قسەیان بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافی مرۆڤ کردووە و ئەو چاوپێکەوتنانەی ئەنجامدراوە، قوتابخانەکانیش حاڵەتی هەراسانکردنی سێکسیان تیادا روودەدات،مامۆستایان و خوێندکارانیش وەک یەک روبەرووی هەراسانکردن دەبنەوە. لە بەغداد، مامۆستایەک بە روانگەی عێراقی وت:"بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیان داوای لە مامۆستایەکی هاوڕێیان کردووە کە پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ببەستێ، بەڵام رەتیکردۆتەوە بۆیە تەنگی پێهەڵچنیوە تا بێزار بووەو داوای گواستنەوەی بۆ قوتابخانەیەکی تر کردووە، ئەو مامۆستایە لە ناو خوێندکارەکاندا بە (مامۆستا سێکسییەکە) ناسراوە، چونکە داوی لێکردوون کە گرتەی سێکسی بۆ تەلەفۆنەکەی بنێرن." روانگە گوێی لە تۆمارێکی دەنگی گرت، دەیسەلمێنێت کە مامۆستایەک لە پارێزگای دیوانیە داوا لە یەکێک لە کچە خوێندکارەکانی دەکات پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ببەستێت، لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ پێکهێنرا، رۆژنامەنوسێک هەموو بەڵگەکانی گەیاندە نوسینگەی وەزیری پەروەردە. خوێندکارێکی قوتابخانەیەکی ئێواران دەڵێت، هاوڕێکانم کە تەمەنیان لە خوێندکارانی بەیانیان گەورەترە " واز لە هەراسانکردنی مامۆستایەک ناهێنن کە خۆبەخشانە وانەمان پێدەڵێت، بێ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکە گرنگی بەم بابەتە بدەن." بەلسەم مستەفا، توێژەر لە زانکۆی واروکی بەریتانی و چالاکوانی بواری ژنان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت:" لێکۆڵینەوەکانی زانستی دەروونناسی ئاماژە بەوە دەکەن کە رەتکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز چواردەوری هەراسانکردنی سێکسی بە هەموو شێوەکانییەوە داوە، بۆیە کچان و ژنان لە کاتی روبەروبوونەوەیان بە هەراسانی سێکسی بێدەنگی هەڵدەبژێرن و بە هیچ کەسی راناگەیەنن کە توشی هەرەسانکردنی سێکسی بوونەتەوە." هەروەها دەڵێت: "بە کەم سەیرکردنی ژنان بەهۆی کلتورێکی پیاوسالاری باڵادەستەوە، قوربانییەکە تاوانبار دەکات، ئەمەش بڕوابەخۆبوون و هەستکردن بە ئارامی نامێنێت، ترسی ئەوەی دەبێت کە سەرزەنشت بکرێت و سزابدرێت، هەمو ئەمانە پێویستی بە دانانی یاسای بەهێز هەیە هاوشانی هەڵمەتی هۆشیاری و پەروەردەیی بۆ گۆڕینی چەمکە باوەکان و بەهێزکردنی ڕۆحی پشتیوانی لەگەڵ ژنانی عێراق." "کارمەندەکانی پۆلیس مامەڵە دەکەن" لە هەمان چوارچێوەدا پۆلیسێک بە ناوی (ع.م) رووداوێکی مامەڵەی گێڕایەوە: ژنە سوڵکەرێکی عەرەب لە لایەن مەفرەزەیەکی پۆلیسەوە دەستگیرکرا، هیچ پەڕاوێکی فەرمی و نیشتەجێبوونی پێ نەبوو "پیش ئەوەی سەروو خۆمانی لێئاگادار بکەینەوە و حاڵەتەکەیان پێرابگەیەنین، ژنەکە بە دەموچاوییەوە ترسێکی زۆر دیار بوو، بەرپرسەکە داوای کرد کە سێکسی لەگەڵ بکات لە بەرامبەردا ئازادی دەکەن، لە راستیشداهەر ئەو روویدا." بە پێی شایەتی پۆلیسەکە "ئارامی لە ناو ماڵەکانیشدا نیە" لە چێشتخانەو بازاڕەکان، باخچە گشتییەکان، شەقام و ئۆتۆمبیلی کرێ، هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی، تەنانەت لە هەندێک شوێن کە سروشتی ئاینیییان هەیە، هەندێک کەس لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ و لە تەمەنە جیاوازەکاندا بە روانگەی عێراقی بۆ مەفەکانی مرۆڤ دەڵێن: " لە لایەن کرێکار،پیادە، شۆفێرەکان، پیاوە بە تەمەنەکان، روبەڕووی حاڵەتی هەراسانکردنی سێکسی وگوفتاری بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەی قوربانییەکان بەتەنهاش نەبوون لە کاتی روودانی هەراسانکردنەکەدا و جلەکانیشیان فراوان بووە." "باوک و براکان هەراسانکەرن" بوونی کچ و ژنەکان لە ماڵەوە مانای ئەوە نییە پارێزراون لە هەراسانکردن، هەندێک جار لە لایەن باوک و براو خزمەکانیانەوە روبەرووی هەراسانکردن دەبنەوە تا دەگاتە ئاستی پەلاماری سێکسی و ئەنجامدانی سێک لە ژێر فشار و هەڕەشەدا." لەسەر بنەمای ئەوشایەتی و وتانەی کە روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ گوێبیستی بووە، زۆربەی قوربانییەکان وای بە باش دەزانن بێدەنگ بن بۆ دورکەوتنەوە لە (کێشە و ناوبانگی خراپ و رەتکردنەوەیان لە لایەن کۆمەڵگەوە، لە هەمان کاتدا نەبوونی بڕوا بە دادگاکان و بنکەی پۆلیس و سەختی سەلماندنی رووداوەکان لە بەردەمیاندا، چونکە ئەم سەلماندنە شەرمەزاریی دەهێنێت و ئەمەش درێژدەبێتەوە بۆ خێزانی قوربانییەکە لە کۆمەڵگایەکی کۆنەپەرستدا کە چەمکی پیاوسالاری و داب و نەریتی توندی خێڵەکان زاڵن لە کەیسەکانی شەرەفدا." "خێڵ لە بری دادگاکان کێشەکان کۆتایی پێدێنێ" ماددەی (396)لە یاسای سزادانی عێراقی، (7)ساڵ زیندانی داناوە بۆ ئەو کەسەی کە بە تۆمەتی هەرسانکردنی سێکسی بە هێز یان هەڕەشە یان هەڵخەڵەتاندن تاوانبار دەکرێت،سزاکە توندتر دەبێت بۆ (10)ساڵ ئەگەر ستەملێکراو خوار تەمەنی (18) ساڵ بوو، لە کاتێکدا ماددەی (402) لە هەمان یاسادەلێت کە "هەراسانکردن بە داواکاری" سزاکەی (3)مانگە یان غەرامە، وە ئەگەر داواکەی دووبارە کردەوە سزاکە زیاد دەبێت بۆ(6) مانگ، شارەزایان وایدەبینن ئەمە بەس نییە تا وەک پێویست رێگری بکەین لە هەراسانکردن. ماڵپەری ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لە راپۆرتێکی (15 ئەیلول 2019) لەزاری دادوەر سیماو نەعیم هوەیم لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی بەغداد ، دەڵێت:"دادگاکان کەیس و شکاتی زۆرمان لەسەر حاڵەتی هەراسانکردنی سێکسی بۆ دێت، بەڵام زۆرینەی کەیسەکان بە سوڵحی عەشایری کۆتایی پێدێت، موحافیزکاری کۆمەڵگەی عێراقی هۆکاری گەڕانەوەیە بۆ سوڵحی عەشایەری." "یاسایەکی تازە زۆر پێویستە" عەلی تەمیمی پسپۆری بواری یاسا، لە وتەیەکیدا بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت:" پێویستییەکی بەپەلە هەیە یاسایەكی نوێ دەربكرێت، كە ماددە یاساییە پەرش و بڵاوەكان كۆبكاتەوە، بۆ رێگریكردن لە هەراسانكردن، كە بووەتە دیاردەیەكی باو لە عێراق، بە کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانییەوە هەروەها پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا و بڵاوبوونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان حاڵەتەکانی هەراسانکردنی زیاترکردووە." روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ داوا لە دەسەڵاتی باڵای عێراق دەکات بەدواداچوون بکات و چالاککردنی رێکارە یاساییەکان دژی هەراسانکاران و تەرخانکردنی خەڵکانی راهێنراو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی هەراسانکردن بۆ دڵنیابوون لەوەی تاوانباران لە سزا رزگاریان نابێت، هەروەها پاراستنی نهێنی ناسنامەی ئەو راپۆرتی تاوانی هەرسانکردنی داوە. هەروەها روانگە داوا لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەكات كە هاوكار بن لە دانانی یاسای توندتر بۆ رێگریكردن لە هەراسانكاران و رێگەنەدان بە دەربازبوون لە سزا تەنها لەبەر "سوڵحی عەشایەری"، بەتایبەتی ئەگەر كارمەندی حكومەت بن، روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ دووپاتی كردەوە كە ئەم پرسانە بە توندی كاریگەری لەسەر دەروونی قوربانیان هەیە و كاریگەری لەسەر داهاتووی خوێندن و كاركردنیان هەیە تا دەگاتە ئاستی كۆچكردن و خۆكوشتن.
راپۆرت: درەو-ئالان بەرزنجی دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، عێراق لە بنبەستی سیاسی دەرباز دەبێت یان دەكەوێتە ناو بنبەستێكی ترەوە بە روخسارێكی نوێوە ؟ سەدر لە پەرلەمان كشاوەتەوە، بەڵام لە حكومەتی كازمیدا هێشتا باڵادەستە، ئەو بەر لە كشانەوە لە پەرلەمان بودجەیەكی بۆ حكومەتی كازمیی پەسەندكردووە، هاوپەیمانەكانی (بارزانی+ حەلبوسی) بۆچونیان جیاوازە، حەلبوسی كە خەونە گەورەكەی بەدیهاتووە هەرزوو ماڵئاوایی لە سەدر كرد، بەڵام بارزانی هێشتا بڕیاری نەداوە ئایا لەگەڵ مالیكی جارێكی تر دەچێتەوە ناو هاوپەیمانێتیی یاخود نا ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. حكومەتی هەیە؛ پەرلەمانی بۆچییە ! دوای زیاتر لە (8) مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، براوەی یەكەمی هەڵبژاردن (سەدر) نەیتوانی كابینەی نوێی حكومەت دروست بكاتو دواجار (75) پەرلەمانتاری خۆی لە پەرلەمان كشاندەوە. بڕیاری سەدر بۆ كشانەوە لە پەرلەمان دوای پەسەندكردنی یاسای (پشتیوانی خێرای ئاسایشی خۆراك) هات لە پەرلەمانی عێراق، یاسایەك كە وەكو بودجە بۆ حكومەتی كاربەڕێكەری مستەفا كازمی تەماشا دەكرێت. هەوڵی سەدرییەكان بۆ پەسەندكردنی ئەم یاسایە هەر لەسەرەتاوە وا لێكدرایەوە سەدر بەنیاز نییە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دروست بكاتو رێگاش نادات نەیارەكانی لەناو ماڵی شیعە (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی) حكومەت دروست بكەن، واتا سەدر دەیەوێت حكومەتی (مستەفا كازمی) وەكو خۆی بەردەوام بێت، حكومەتێك كە خۆی دەستی باڵای تێدا هەیە، ئەمە وەكو تۆڵەیەك بۆ مالیكیو دۆستەكانی كە لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە (یەك لەسەر سێی) پەكخەریان لەناو پەرلەمانی عێراق كردو خەونەكەی سەدریان كرد بە سەراب. فایەق شێخ عەلی پەرلەمانتاری پێشوو كە یەكێك لە سیاسییە دیارەكانی عێراق لە تویتێكدا دەڵێ" گرنگترین شت كە سەدر ویستی لەرێگەی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارەكانییەوە بیڵێو تائێستا بەشاراوەیی ماوەتەوەو كەس باسی نەكردووە ئەوەیە: سەدر دەڵێ من پێویستم بە پەرلەمانەكەتان نییە، كازمیم بەسەو حكومەتیش حكومەتی خۆمە..". سەدر لەكاتێكدا لە پەرلەمان كشاوەتەوە، بەڵام هێشتا لەناو پرۆسەی سیاسی عێراقدا بەردەوامەو بەشدارە لە حكومەتی كاربەڕێكەردا، واتا دیمەنەكە بەوشێوەیە نییە سەدر بەتەواوەتی دەستی لە گۆڕەپانە سیاسییەكە هەڵگرتبێت بۆ نەیارەكانی. هەوڵی گەڕانەوەی سەدر بۆ پەرلەمان جموجوڵەكان لە بەغدادەوە ئاماژە بەوە دەكەن لەناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هەروەها لەلایەن بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمارو فایەق زێدانی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە هەوڵێك هەیە بۆ قایلكردنی سەدرو پاشگەزكردنەوەی لە بڕیاری كشانەوە لە پەرلەمان. ئەوانەی هەوڵی گەڕانەوەی سەدر دەدەن بۆ پەرلەمان پێیانوایە بەبێ ئەو حكومەتی نوێ لە عێراق پێكنایەت، ئەگەر حكومەتیش دروست بكرێت بەهۆی فشارەكانی سەدرەوە ناتوانێ بەردەوام بێت. ئەمە رەهەندی سیاسی بڕیارەكەی سەدرە، بەڵام لە رەهەندی یاساییەوە گەڕانەوەی ئەندامانی سەدر بۆ ناو پەرلەمان كارێكی ئەستەمە، چونكە بەگوێرەی ماددەی 12ی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تەنیا بە (دەستلەكاركێشانەوە) پەرلەمانتار ئەندامێتییەكەی لەدەستدەدات، پەرلەمانتارانی سەدر دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشی (محەمەد حەلبوسی) سەرۆكی پەرلەمان كردو ئەویش ئیمزای لەسەر كرد، حەلبوسی دوای ئیمزاكردنی دەستلەكاركێشانەوەكان وتی" تەنیا بە دەستلەكاركێشانەوە پەرلەمانتار ئەندامێتی لەدەستدەدات، ئیتر پێویست بەوە ناكات پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات". لەحاڵی دەستبەكاربوونی ئەو كاندیدانەی كە شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی سەدر دەگرنەوە، ئەگەری گەڕانەوەی سەدر بۆ ناو پەرلەمان لەڕووی یاساییەوە لاوازتریش دەبێت، چونكە لە ئەگەری پاشگەزبونەوەی لە بڕیارەكەیو گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، پەرلەمانتارە نوێیەكان دەتوانن سكاڵای یاسایی لە دادگای فیدراڵی پێشكەش بكەن، بەوپێیەی دەستلەكاركێشانەوەی سەدرییەكان لەڕووی یاساییەوە قۆناغی كۆتایی خۆی بڕیوەو توانای گەڕاندنەوەی نییە. لیستی بەرایی ناوی ئەو كاندیدانەی كە شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی سەدر دەگرنەوە دەریدەخات، رێژەی 60%ی كورسییە بەتاڵەكانی سەدر لەلایەن لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پڕدەكرێنەوە كە نەیاری سەرسەختی سەدرن، ئەمانە كە هەر لە بنەڕەتەوە لە دەرەنجامی هەڵبژاردن ناڕازی بوون، ئێستا دەرفەتیان بۆ هاتوەتە پێش باری لاری ئەنجامەكانیان راست بكەنەوەو قایل نابن بە گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆ پەرلەمان. ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات چارەسەری بنبەستی سیاسیی نییە، بنبەستێكی ترە بە روخسارێكی نوێیوە، چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ حەكیم) كە لەهەشت مانگی رابردوودا لەرێگەی دروستكردنی (یەك لەسەر سێی پەكخەر)ەوە لەناو پەرلەمان رێگرییان كرد لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو دروستكردنی كابینەی نوێی حكومەت لەلایەن سەدرو هاوپەیمانەكانی (بارزانی+ حەلبوسی)، ئێستا دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخساوە خۆیان حكومەت دروست بكەن، بەڵام هێشتا مەترسییەكانیان لە كاریگەریی سەدر لەسەر پرۆسەكە نەڕەویوەتەوە. سەرچاوەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە باسلەوە دەكەن، دوو ئاڕاستەی بیركردنەوە لەناو چوارچێوەدا هەیە، ئاڕاستەیەك داوا دەكات دۆخەكە لەگەڵ سەدر ئارامبكرێتەوەو لەرێگەی دەستپێشخەرییەكەوە قایل بكرێت بەوەی چاو بە بڕیارەكەیدا بخشێنێتەوە، ئەمە بۆ ئەوەی رێگەخۆش بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە تێكەڵەیەك بێت لە حكومەتی "زۆرینە"و حكومەتی "تەوافوتی" كە خاڵی سەرەكی ناكۆكیی هەردوو بەرە نەیارەكەی ناو ماڵی شیعەیە، ئاڕاستەیەكی تر لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی هەیە كە توندڕەو ترەو داوا دەكات، تاوەكو دواین سات بەردەوام بن لە روبەڕووبونەوەی سەدرو بەشێوەیەكی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ كشانەوەی لە پەرلەمان بكەنو كورسییە بەتاڵەكانی پڕبكەنەوە. سەرباری بەربەستە یاساییو سیاسییەكان، هێشتا هەندێك چاوەڕوانی گەڕانەوەی سەدرییەكان دەكەن بۆ پەرلەمان، ئەمەش لە وڵاتێكدا كە تەنیا لەپێناو سازانی سیاسیدا بەردەوام دەستورو یاسا كارپێكراوەكان پێشێل دەكرێت. ناسەقامگیریی سیاسیی سەدریش هۆكارە بۆ ئەوەی پێشبینی گەڕانەوەی بۆ ناو پەرلەمان بكرێت، ئاخر ئەو بەرلە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10ی ئۆكتۆبەری 2021 وتی هەڵبژاردن بایكۆت دەكاتو بەشداری ناكات، بەڵام دواتر لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا گەڕایەوە بۆ ناو پرۆسەی هەڵبژاردنو زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بردەوە. خەونی گەورەی سەدر ئەوەیە دەستی بە "مەرجەعیەتی باڵای ئاینی شیعەكان" بگات، رێگای سیاسەتی گرتوەتە بەر بۆ گەیشتن بەم خەونە، بۆیە هەمیشە لای ئەو سیاسەت قوربانی دەدات لەپێناو دیدە ئاینییەكەدا. بارزانیو حەلبوسی چی دەكەن ؟ سەرباری ئەوەی هاوپەیمانەكانی سەدر واتا (بارزانیو حەلبوسی) قایل بوون بە كشانەوەكەی سەدر لە پەرلەمان، بەڵام هێشتا بەتەواوەتی بڕیاری خۆیان یەكلانەكردوەتەوە لەبارەی ئەوەی ئایا دەچنە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت یاخود نا، بڕیارە بارزانیو حەلبوسی دیدارێكی تر بكەنو قسەی خۆیان یەكلابكەنەوە. حەلبوسی براوەی یەكەمی ململانێ سیاسییەكانی دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر بوو، ئەو خەونی گەورەی ئەوە بوو جارێكی تر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێتەوە، هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ سەدرو بارزانی ئەم خەونەی بۆ بەدیهێنا، لەڕاستیدا هاوپەیمانی سێقۆڵی تەنیا ئەم پۆستەی پێ پڕكرایەوە، پۆستی سەرۆك كۆمار كە بۆ پارتی بوو، هیچی لێ سەوز نەبوو، سەرۆكایەتی حكومەتیش كە دەبوو لای سەدر بێت، لەلایەن سەدرەوە خۆیەوە كرا بە قوربانی مانەوەو بەردەوامبوونی حكومەتی مستەفا كازمییو شكاندنی نەیارەكانی لە شەقامی شیعەدا. پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەناو پێكهاتەی سوننەدا واتە رێبەری سیاسیی ژمارە (1)ی پێكهاتەكە، حەلبوسی نایەوێت ئەم خەونە بەدیهاتووە بخاتە ناو گرەوێكی ترەوە، بۆیە پێش بارزانی قسەی خۆی كردو وتی: كورسییەكانی سەدر لە پەرلەمان پڕدەكرێتەوەو پەرلەمان هەڵناوەشێتەوەو كار بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ دەكەن. بەڵام بارزانی هێشتا قسەی كۆتایی خۆی نەكردووە، ئەو تەنیا بەوەوە راوەستا كە لە تویتێكدا بڵێ" رێز لە بڕیارەكەی سەماحەتی سەید موقتەدا دەگرین". بارزانی لە هەشت مانگی رابردوودا بەهۆی هاوپەیمانێتییەكەیەوە لەگەڵ سەدر، هەم حزبەكەی (پارتی دیموكراتی كوردستان)و هەم هەرێمی كوردستانیشی روبەڕووی چەندین فشاری ناوخۆییو دەرەكی كردەوە، سەرەكیترینیشیان بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستان. ئێستا بارزانی لەبەردەم دوو بژاردەدایە، گفتوگۆ لەگەڵ نەیارەكانی دوێنێ (چوارچێوەی هەماهەنگیی بە سەرۆكایەتی مالیكی)و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ یاخود بەردەوامبوون لەگەڵ سەدرو هەوڵدان بۆ دروستكردنی بەربەست لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو درێژەدان بە تەمەنی حكومەتی كازمیی كە دڵخوازی خۆیەتیو ئەم هەنگاوە رەنگە فشارەكانی بەغداد بۆ ماوەیەك لەسەر هەرێمی كوردستان لاوازتر بكات، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە وەزارەتی نەوتو جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی. سەرباری ئەوەی حەلبوسی هەرزوو رەتیكردەوە بژاردەی هەڵوەشاندەوەی پەرلەمانو سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ لەئارادا بێت، بەڵام ئەم بژاردەیە هێشتا پەردەی بەسەردا نەدراوەو دەكرێت لە هەر كاتێكدا كارا بكرێت، بەتایبەتیش ئەگەر لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی تەبەنی بكەنو لەم رێگەیەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو جڵەوەی شەقامی ناڕازیی شیعە لەدەستی سەدر وەربگرنەوە.
راپۆرت: درەو حوزەیرانو وەرزی گەرماو بێ كارەبایی لە عێراق دەستی پێكرد، لایەنەكان گرەو لەسەر ئەوە دەكەن ناڕەزایەتی شەقام بە یەكتردا بتەقێننەوە، مۆڵەتەكەی سەدر بۆ لایەنەكان لە كۆتایی نزیك دەبێتەوە، سەدر دەگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانەكەو ئەمجارەیان قسەی جیاوازتری دەبێت، لەئێستاوە بانگەواز بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەستی پێكردووە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. شكستی دەستپێشخەرییەكان دوای نزیكەی (8) مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، هێشتا كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق پێكنەهاتووە، سێ دەستپێشخەریی موقتەدار سەدرو دەستپێشخەرییەكی چوارچێوەی هەماهەنگییو دەستپێشخەرییەكی پەرلەمانتارە سەربەخۆكان بۆ پێكهێنانی حكومەت، هەموویان شكستیان هێنا. ئێستا بنەستی سیاسی عێراق لەبەردەم دوو ئەگەردایە، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی خولی نوێی پەرلەمانو سازادانی هەڵبژاردنێكی نوێ یاخود ئەگەری گەڕانەوەی موقتەدا سەدر بۆ ناو دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتو دۆزینەوەی دەرەچەیەك بۆ دەربازبوون لە بنەستی سیاسیی. تەواوبوونی مۆڵەتی سێیەمی سەدر لەدوای پەكخستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردن سەرۆك كۆمار، موقتەدا سەدر سەرۆكی لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن سێ دەستپێشخەریی بۆ دەربازبوون لە بنبەستی سیاسیی خستوەتەڕوو، لە هەرسێ دەستپێشخەرییەكەدا جەخت لەسەر قسەكەی خۆی "حكومەتی زۆرینە" دەكاتەوە. لە دەستپێشخەریی یەكەمدا سەدر بەر لە مانگی رەمەزان ماوەی 40 رۆژ مۆڵەتی بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دا هەوڵی پێكهێنانی حكومەت بدەن، بەبێ بەشداری سەدرییەكان لەو حكومەتەدا، ئەم هەوڵە شكستی هێنا، هاوپەیمانەكانی سەدر (بارزانیو حەلبوسی) هەر لەگەڵ سەدر مانەوە. دەستپێشخەریی دووەمی سەدر بۆ پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بوو، داوای لێكردن (40) پەرلەمانتار كۆبكەنەوەو بچنە پاڵ هاوپەیمانی (رزگاریی نیشتمان) كە هاوپەیمانێتی سێقۆڵًی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)یە، ئەمەش شكستی هێنا، پەرلەمانتارانی سەربەخۆ رەتیانكردەوە بچنە پاڵ هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەكە. دەستپێشخەریی سێیەم كە رۆژی 15ی مانگی رابردوو رایگەیاند، تێیدا سەدر بۆ ماوەی (30) رۆژ خۆی خستوەتە خانەی (ئۆپۆزسیۆن)و ئەمجارە تەنانەت دەرفەتی بە هاوپەیمانەكانی خۆشی (بارزانیو حەلبوسی)داوە لەگەڵ لایەنەكانی تردا هەوڵی پێكهێنانی حكومەت بدەن، وەكو خۆی دەڵێ دوای تەوابوونی ئەم مۆڵەتە، سەدر دەگەڕێتەوەو بڕیاری خۆی دەبێت، بڕیارێك كە دیار نییە پرۆسەی سیاسی عێراق بەرەو كوێ دەبات. كورد لە گەمەی سیاسی عێراقدا شیعەكان نەیانتوانی گرێی كێشەكانی خۆیان بكەنەوە، ئومێدێكیان بەوە هەبوو پارتیو یەكێتی لەنێوان خۆیاندا لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار رێكبكەونو بەمەش لایەكی شیعە بەسەر لاكەی تردا سەربخەنو نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو بكەنو دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەستپێبكات. بەمدواییانە دەنگۆی ئەوە هەبوو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لە هەولێرەوە گرێی بنبەستی سیاسی عێراق بكاتەوە، لەناو پارتییەوە هەواڵێك دزەی كردە ناو میدیاكان گوایە بارزانی چوەتە تارانو پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بەجێدەهێڵێت، هەواڵی سەردانەكەی بۆ تاران هێشتا نە لەلایەن پارتیو نە لەلایەن ئێرانەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) دوێنێ دوو فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران (حەسەن دانایی فەڕ)و (عەبدولڕەزا مسگریان) سەردانی هەولێریان كردووەو هەندێك بەرەوپێشچوون لە پەیوەندییەكانی پارتیو ئێراندا رویداوە. سەرباری ئەو نزیكبوونەوەیەی بەمدواییە لەنێوان پارتیو یەكێتی لەلایەكو پارتیو ئێران لەلایەكی تر دروستبووە، بەڵام پرسی سەرۆك كۆمار وەكو بابەتێكی جێناكۆك لەنێوان پارتیو یەكێتی ماوەتەوەو هێشتا پارتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆمار نەبووە بۆ یەكێتی. ئێرانییەكان چاویان لەوەیە لەڕێگەی كوردەوە سنور بۆ سەرچڵییەكانی موقتەدا سەدر دابنێنو بیگەڕێننەوە بۆناو چوارچێوە شیعییەكەی عێراق، چوارچێوەیەك كە ریعایەتی بەرژەوەندییەكانی ئێران دەكات لە عێراقدا. هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە بەیاساییەكی نوێی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، لایەنە سیاسییەكانی دابەشكردووە بەسەر دوو بەرەی ناكۆكی ناو ماڵی شیعەدا، بەرەی سەدرو بەرەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ حەكیم). كوردو سوننە دابەشبوون بەسەر دوو بەرە ناكۆكەكەی شیعەدا، دوو لایەنە سەرەكییەكەی كورد (پارتیو یەكێتی) هەریەكەیان لە بەرەیەكن، پارتی لەگەڵ سەدرو یەكێتیش لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدایە، سوننەش بە هەمان شێوە، حەلبوسی لەگەڵ سەدرو هاوپەیمانی (عەزم) لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی دایە. تەنانەت بەشێك لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆش كە یەكەمجارە لە مێژووی دوای رووخانی رژێمی سەددامەوە دەچنە ناو پەرلەمانەوە، دابەشبوون بەسەر دوو بەرە ناكۆكەكەی شیعەدا. هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانو سازانی هەڵبژاردن عێراق ئەمڕۆ پێی نایە مانگی حوزەیرانەوە، سەرەتای دەستپێكردنی شەپۆلی گەرمایە، هاوشێوەی ساڵانی پێشتر پێشبینی ئەوە دەكرێت كەمی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا ببێتەهۆی سەرهەڵدانی شەپۆلی خۆپیشاندانو ناڕەزایەتیی لە شارەكانی عێراق. مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ماوەتەواوبووی عێراق رۆژی دوو شەممە لە كۆبونەوەیەكی ئەمنیدا داوایكرد رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ پارێزگاریكردن لە تاوەرەكانی كارەبا لە هەرجۆرە هێرشێكی بەمەبەست. وەرزی گەرما دەرفەتێكی باشە بۆ لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی جەماوەر بە حكومەتو تەنانەت یەكتریشدا بتەقێننەوە. كۆتایی مانگی نیسانی رابردوو نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، مانگی حوزەیران (واتە ئەم مانگە) بۆ پرۆسەی سیاسی عێراق یەكلاكەرەوە دەبێت. ئێستا كە عێراق كەوتوەتە ناو مانگی حوزەیرانەوە، تۆماركردنی سكاڵا لە دادگای باڵای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دەستیپێكردووە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی پەرلەمانی نوێ شكستی هێناوە لەوادەی دیاریكراوی دەستوریدا سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێتو حكومەتی نوێ دەستبەكار ببێت. ئەوانەی سكاڵایان تۆماركردووە لەو كەسانەی كە نزیكن لە بەرەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، ئەمەش پەرەسەندنێكی نوێیە لە هەڵوێستی چوارچێوەدا، چونكە لایەنەكانی ئەم بەرەیە سەرباری ئەوەی لە دواین هەڵبژاردندا گورزی گەورەیان بەركەوت، بەڵام دژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بوون. ئەوانەی شارەزایی دەستورن دەڵێن، تۆماركردنی سكاڵا لە دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان كارێكی بێهودەیە، چونكە لەلایەك هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە دەسەڵاتی دادگای فیدراڵیدا نییە، لەلایەكی تریش ئەگەر بەپێی رێوشوێنی دەستوریی سەرۆك وەزیرانو سەرۆك كۆمار داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن، پەرلەمان دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خۆی ناداتو لایەنەكان نایانەوێت پەرلەمان هەڵوەشێتەوە چونكە زۆرینەیان جارێكی تر ئەو كورسیانە بەدەست ناهێننەوە كە ئێستا لە پەرلەمان هەیانە. ئێستا لایەنە ناكۆكەكانی شیعە مەترسییان هەیە لەم وەرزی گەرمادا جارێكی تر هاوشێوەی خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2019 ناڕەزایەتی فراوانی شەقامیان پێدا بتەقێتەوە، بۆیە هەریەكەیان گرەو لەسەر ملكەچكردنی ئەوەی تر دەكات، چوارچێوەی هەماهەنگیی گرەو لەسەر دەستبەرداربوونی سەدر لە بیرۆكەی "حكومەتی زۆرینە" دەكات، سەدریش گرەو لەسەر پاشەكشێی چوارچێوە لە بیرۆكەی پێكهێنانی "حكومەتی تەوافوقی" دەكات. لەم نێوەندەدا حكومەتی مستەفا كازمی كەوتوەتە بەردەم ئەگەری هەڕەشەی شەقام، حكومەتی كازمی كە خۆی بەهۆی خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2019وە دەسەڵاتی گرتوەتە دەست، ئێستا خۆشی روبەڕووی سەرەتایی ناڕەزایەتییەكی جەماوەریی بوەتەوە، پێكنەهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق واتا بەردەوامبوونی حكومەتی كاربەڕێكەری مستەفا كازمیی، حكومەتێك كە ئەگەر بەمشێوەیە دەسەڵاتەكانی سنوردار بێت، ناتوانێت وەڵامدەرەوەی كێشەكان بێتو رەنگە چارەنوسێكی كارەساتبار چاوەڕوانی بكات.
راپۆرت: درهو تەرمی شاعیری "شیعری قاچاخ" گەیشتەوە عێراق، بەهۆی شیعرە یاخییەكانییەوە نیوەی تەمەنی خۆی لە تاراوگە بەسەر برد، مردنەكەشی جیاواز بوو، ناڕەزایەتی خەڵكی عێراقی بە دەسەڵاتداراندا تەقاندەوە، پەلاماری كاروانی ئۆتۆمبیلەكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران درا، مزەفەر نەواب كێیە ؟ ئەو شاعیرەی سەددام حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەركردو بۆشی دەگریا، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. مردنی مێژوویەكی تری شیعر "ئەو لە ساڵی 2005وە مردووە" نوسەرو رۆماننوسی سوری (ئیبراهیم جەبین) بەمشێوەیە باسی لە مردنی شاعیری گەورەی عێراقی (مزەفەر نەواب) كرد. دوێنێ هەواڵی كۆچی دوایی مزەفەر نەواب لە تەمەنی (88) ساڵیدا لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی (شاریقە) لە ئیماراتی عەرەبی راگەیەندرا، نەواب دوای ململانێیەكی دورو درێژ لەگەڵ نەخۆشی ماڵئاوایی كرد. ئەو بە یەكێك لە دیاترین ئەو شاعیرانەی عێراق دادەنرێت كە كاروانی شیعرییان لە پەنجاو شەستەكانی سەدەی رابردوو دەستیپێكردووە، بەمردنی ئەم پیاوە لاپەڕەی قۆناغێكی مێژووی شیعری عێراقی هەڵدرایەوە كە نوسینی شیعر بوو بە رۆحێكی یاخیانەو شێوازێكی ناباو، بەوە ناسرابوو شێوازێكی دانسقەی لە نوسینو خوێندنەوەی شیعردا هەیە بە هەردوو شێوازی زمانی ستانداردی عەرەبیو زمانی ئاخاوتن، بەتایبەتیش كاتێك لەبەردەم جەماوەردا شیعرەكانی دەخوێندەوە. ریشەیەكی ئۆرستۆكراتی مزەفەر نەواب لە یەكێك لە گەڕەكە كۆنەكانی بەغداد لە ساڵی 1934 لەدایكبووە، ئەو یەكێكە لە ئەندامانی خێزانی (نەواب) كە بەر لە داگیركردنی هیندستان لەلایەن بەریتانیاوە، خێزانەكەی حاكمی یەكێك لە ویلایەتەكانی هیندی باكور بوون. خێزانەكەی بەرەنگاری داگیركاریی بەریتانییەكان بونەتەوە، ئەمە حاكمی ئینگلیزی لە خێزانەكەی توڕە كردووە، دوای لێكردوون یەكێك لە وڵاتانی هەڵبژێرن بۆ ئەوەی دوربخرێنەوە، خێزانەكەی عێراقیان هەڵبژاردووە، ئیتر لە هندستانەوە بەرەو عێراق نەفی كراون، واتە لە بنەڕەتەوە نەواب خەڵكی هیندستانە. خێزانی نەواب كە خێزانێكی دەوڵەمەندی ئۆرستۆكرات بوون، چێژیان لە مۆسیقاو هونەرەكان وەرگرتووە، كۆشكی خێزانەكە دوای نەفیكردنیان لەسەر روباری دیجلە بووە لە بەغداد، ئەم جێگایە شوێنی كۆبونەوەی شاعیرو هونەرمەندو سیاسەتمەداران بووە. لە پۆلی سێی سەرەتایدا، مامۆستاكەی هەستی بە بەهرەی مزەفەر نەواب لە نوسینی شیعردا كردووە، لە قۆناغی ئامادەیدا وای لێهاتووە شیعری لە دیواربەندی خوێندنگەكەی بڵاوكردوەتەوە. لەناو بارودۆخێكی ئابوری سەختدا ساڵی 1956 كۆلیژی ئادابی لە بەغداد تەواو كردووە، لەم ساڵانەدا باوكی توشی زیانێكی دارایی گەورە دەبێتەوەو هەموو سەروەتو سامانەكەی لەدەستدەدات، تەنانەت كۆشكە جوانەكەشی، دوای تەواوكردنی خوێندنی زانكۆ، نەواب وەكو پشكنەری هونەری لە وەزارەتی پەروەردە دامەزرێندراوە، ئەم كارە دەرفەتی ئەوەی پێدەدات هانی ئەو كەسانە بدات لەبواری مۆسیقاو هونەری شێوەكاریدا بەهرەیان هەیە، لە تافی لاوێتیدا نەواب چوەتە ریزی حزبی شیوعی عێراقییەوەو لەناو ئەم حزبەدا خەباتی كردووە. مردنی دایكی مزەفەر نەواب یەكێك لە پاڵەوانەكانی رۆمانی (عین الشرق)ە، كە رۆماننوسی سوری ئیبراهیم جەبین نوسیویەتیو لە چەند بەشێكی ئەم رۆمانەدا باس لەو بەشەی ژیانی نەواب دەكات كە بۆ زۆر كەس زانراو نین، بەدیاریكراویش پەیوەندی نەواب لەگەڵ دایكیدا. جەبین لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ سایتی (الحرە)دەڵێ" دایكی نەواب خاتونێكی بەغدادی كەم وێنە بوو، پیانۆژەن بووەو ئەو پەروەردەی كردبوو لەسەر چێژوەرگرتن لە هونەر". جەبین كە ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی، لە ساڵی 1989وە دۆستایەتی لەگەڵ نەواب پەیدا كردووە، كاتێك كە نەواب لە تاراوگەی دیمەشقدا ژیانی بەسەر بردووە. دواینجار كە نەوابی بینیوە، نەواب سكاڵای لەو شۆكە بەردەوامە كردووە كە لە ژیانیدا رویداوەو ئەوەش دواجار بوەتە هۆی مردنی، ئەمە بەگوێرەی قسەی جەبین كە باسلەوە دەكات، مزەفەر نەواب لەڕووی جەستەییەوە بەهێز بووەو زۆر بایەخی بە تەندروستی خۆی داوە، بەڵام مردنی دایكی كاریگەرییەكی گەورەی هەبووە لەسەر مردنەكەی. "ئەو ساتەی كە تێیدا هەواڵی مردنی دایكی پێدەدرێت، ساتی شۆك بوو، پێشبینی مردنی ئەو ژنەی نەدەكرد". جبین باس لە یەكەمین سات دەكات كە نەواب هەواڵی مردنی دایكی پێگەیشتووە، چۆن ئەو هەواڵە دواتر كاریگەریی لەسەر دروستكردووەو كردوەیەتی بە كەسێكی جیاواز. "یەكێك لە رۆژەكانی ساڵی 2005 پەیوەندی بە دایكییەوە كرد لە بەغداد بۆ ئەوەی لەبارودۆخی دڵنیا بێت، پێیان وت كەس لە ماڵەوە نییە، پرسیاری كرد بۆ كوێ رۆشتوون؟ پێیانوت بەرێگاوەن بۆ گۆڕستان، چونكە دایكی بەخاكدەسپێرن". جەبین دەڵێ" دوای ئەم هەواڵە نەواب راستەوخۆ توشی شۆك بوو، بەپێی قسەی خۆی ئەم شۆكە لاوازترین گۆشەی جەستەی هەڵبژاردووە كە كۆئەندامی دەمارە". دوای ئەو رووداوە خەمناكە لەسەر دڵی نەواب، دەركەوت دوچاری نەخۆشی ئیفلیجی (پاركینسۆن) بووەو لەوكاتەوە تا مردنی ئیفلیج بوو. جەبین دەڵێ" ئەو لەو ساتەوە مرد، ئیتر ئەو مزەفەرە نەبوو دەمانناسی، كە مرۆڤێكی دڵخۆش بووە تەنانەت لەناو شیعرە خەمناكەكانیشیدا هەستت بە خۆشیو شادیو گەشبینی دەكردو بێئومێدی بوونی نەبوو، مردنی دایكی لەناوەوە رۆحی وێران كرد". شیعری شۆڕشگێڕانە بەهۆی مەیلی سیاسیو شعرە شۆڕشگێڕانەكانییەوە، نەواب زیاتر لە نیوەی ژیانی لە تاراوگەو دوور لە نیشتمانی دایكی بەسەر برد، لەنێوان سوریاو لوبنانو لیبیاو وڵاتانی تردا هاتوچۆی دەكرد. ئەو سەردەمەی مێژووی عێراق سەردەمی كودەتاكانو ململانێی توندی نێوان شیوعییەكانو قەومییەكان بوو، كە دوای كودەتاكەی ساڵی 1963 دەستیان بەسەر حوكمدا گرتو دەستیان كرد بە راوەدونانی مزەفەر نەوابو هاوڕێكانی، ئەمە نەوابی ناچاركرد بەرەو ئێران هەڵبێت، ئەو دەیویست لەڕێگەی ئێرانەوەی خۆی بگەیەنێتە یەكێتی سۆڤیەتی جاران. بەڵام دەزگای هەواڵگری ئێران نەوابی دەستگیركردو رادەستی دەسەڵاتدارانی عێراقی كردەوە، دەسەڵاتی ئەوكاتی عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند، دواتر سزاكەی بۆ زیندانی هەتا هەتایی كەمكردەوە. كۆتایی 1963 نەواب چووە زیندانەوە، لەوكاتەدا شیعرە بەناوبانگەكەی (البراءة)ی نوسی، كە یەكێكە لە دیارترین نوسینەكانی، شاعیری جوانەمەرگی كورد (دڵشاد مەریوانی) ئەم شیعرەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی (شیعری پاكانە)، هونەرمەندی كۆچكردوو (حەمە جەزا) ئەم شیعرەی كردووە بە مەقام. نەواب لە زیندانی بەدناوی "نوگرە سەلمان" زیندانی كراوە، كە لەو سەردەمەدا تایبەتكراوە بە گیراوانی سیاسی عێراق، دواتر گواستراوەتەوە بۆ زیندانی (حلە) لە پارێزگای بابل، لەوێ نەواب لەگەڵ زیندانییەكانی تردا بەشێوازێكی سەرەنجڕاكێش لەرێگەی هەڵكەندنی تونێلێكەوە، لە زیندان هەڵاتن. دوای هەڵاتنی لە زیندان، نەواب ماوەی (6) مانگ خۆی لە بەرچاوی خەڵك ون دەكاتو لەناو بەغداد خۆی دەشارێتەوە، دواتر دەچێت بۆ هۆڕەكان لە باشوری عێراقو ماوەی ساڵێَك لەگەڵ خەڵكی جوتیارو سادەی ناوچەكەدا ژیاوە، ساڵی 1969 دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی عێراق لێبوردنێكی گشتی دەردەكەن، بەهۆی ئەم لێبوردنەوە نەواب دەگەڕێتەوە بۆسەر كارەكەی لە وەزارەتی پەروەردە، بەڵام زۆر نامێنێتەوەو ئیتر لێرەوە عێراق بەجێدەهێڵێتو لەنێوان چەند پایتەختێكی وڵاتانی عەرەبی لەوانە (بەیروتو دیمەشقو عەممان)دا هاتوچۆ دەكات. ریلو حەمەد لەو ماوەیەدا كە عێراقی بەجێهێشت، نەواب یەكەمین دیوانی خۆی نوسی، دیوانەكە بە زمانی ئاخاوتنی عێراقی بوو، دیوانەكەی ناونیشانی یەكێك لە شیعرە بەناوبانگەكانی هەڵگرتبوو كە شیعری (الریل و حمد) بوو كە ساڵی 1956 دەستی بە نوسینی كردبوو لە ساڵی 1958دا تەواوی كردبوو. لەم دیوانەی نەوابەوە بەناوبانگترین گۆرانی عێراقیی هاتنە دەرەوە كە ئەوانیش گۆرانی (الریل وحمد)و گۆرانی (البنفسج)ی گۆرانیبێژی ناسراوی عێراقی (یاس خزر) بوون. نەواب زۆر بایەخی بە پاڵپشتیكردنی دۆزی فەلەستین دەدا، دەیان شیعری بۆ نوسیوە لە دیارترینیان شیعری (القدس عروس عروبتكم)ە، كە تێیدا هێرش دەكاتەسەر سەركردەكانی عەرەب، ئەمە وایكرد زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی قەدەغەیان كرد نەواب پێ بخاتە ناو خاكی وڵاتەكەیانەوە، ئیتر لێرەوە نازناوی "شاعیری شیعری قاچاخ" بەخشرا بە مزەفەر نەواب. نەواب بەشێوازێكی تەنزئامێز رەخنەی لە كۆبونەوەكانی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی دەگرت، دیاترین ئەو شیعرانەی بۆ كۆبونەوەكانی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی نوسیویەتی بریتی بوون لە (دوامە النورس الحزین)و (القمە الپانیە)و (تكاثرت القمم). لە دیاترین شیعرەكانی تری نەواب بریتین لە (بنفسج الچباب)و (فی الحانە القدیمە)و (قراوە فی دفتر المطر)و (یا حزن)و (عائلە القطط)و (یا جهیمان)، سەرباری كاریگەربوونی بە بارودۆخی سیاسی ئەو سەردەمەی كە تێیدا ژیاوەو بۆی نوسیوە، نەواب شیعری خۆشەویستیشی نوسیوە. سەددامو ئەسەدر ساڵی 1968 دوای ئەوەی بەعس دەسەڵاتی لە عێراق گرتەدەست، لێبوردنێكی گشتی بۆ زیندانیان سیاسی دەركرد، لەم ساڵەدا نەواب چاوی بە سەددام حسێن دەكەوێت كە لەوكاتەدا جێگری سەرۆك كۆماری عێراق دەبێت، لەبارەی ئەم دیدارەوە، نەواب لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا دەڵێ چاوپێكەوتنەكە ماوەی نزیكەی دوو كاتژمێرەی خایاند لە بەغداد، لەم دیدارەدا سەددام پێی وتووە دەبێت شیوعییەكان هاوكاری بەعسییەكان بكەن، پێشنیازی وەرگرتنی پۆستێكی فەرمی بە مزەفەر نەواب داوە، بەڵام ئەو رەتیكردوەتەوە. ئیتر لێرەوە نەواب عێراقی بەجێهێشتو تاوەكو ساڵی 2011 نەگەڕایەوە، گەڕانەوەكەشی تەنیا بۆ ماوەی چەند رۆژێك بوو، جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری كۆچكردووی عێراق پێشوازی لێكرد. رۆماننوسی سوری ئیبراهیم جەبین دەڵێ، نەواب جارێك پێی وتووە یەكێك لە كەسە نزیكەكانی سەددام كە لە رژێمەكەی جیابوەتەوە، بۆی باسكردووە چۆن سەددام گوێی لە شیعرە میللییەكان نەواب گرتووەو گریاوە. ئاماژە بەوەدەكات" ئەم رووداوە زۆر كاریگەری لەسەر مزەفەر نەواب هەبووە، بەوپێیەی سەرسەختترین دوژمنەكانی كە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە گوێی لە كاسێتە قەدەغەكراوەكانی ئەو گرتووە لە عێراقو هێندە كاریگەر بووە پێی گریاوە". هەر ئەمە نییە، بەپێی قسەی جەبین، شاعیر مزەفەر نەواب هەڵوێستی لە حافز ئەسەدی سەرۆكی پێشووی سوریاش وەرگرتووە، سەرباری ئەوەی لە دیمەشق ژیاوە رەتیكردوەتەوە دیداری حافز ئەسەد بكات، ئەم كارەشی لەناو وڵاتێكدا كردووە كە رژێمێكی دیكتاتۆری حوكمی دەكات. "نەواب میواانداریكردنو مانەوەی لە سوریا قبوڵكرد، بەڵام بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ سەردانكردنی كۆشكی كۆمارو دیداری ئەسەد رەتكردەوە". جەبین باسلەوە دەكات" نەواب كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر شیعری عەرەبی بەجێهێشتووە، كاریگەرییەك كە كەمتر نییە لە كاریگەری شاعیری گەورە نزار قەبانی، رەنگە زیاتریش، چونكە ئەو لە یەككاتدا بە زمانی ستانداردو بە زمانی ئاخاوتنیش دەینوسی". "من ئەمڕۆ خەمبار نیم بە مردنی ئەو، چونكە باش دەزانم كاریگەریی ئەو دەمێنێتەوەو بەردەوام دەبێتو زیاتر بەو كەسانە دەگات كە ناسیویانە یاخود نەیانناسیوە لە نەوەكانی داهاتوو".
درەو: ڕۆژنامەی "ئەلعالەم ئەجەدید"ی عەرەبی سێیەمین "ڕاپۆرتی ئاماری" خۆی سەبارەت بە بەڵێنەکانی "مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران عێراق" کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەدەستهاتووە بڵاو دەکاتەوە. دوو ڕاپۆرتی پێشووی ماڵپەڕەکە کە لە لایەن بەشی "میتەر" ەوە ئامادەکراوە، یەکێکیان لە سالی 2020 و بە بۆنەی (100) هەمین ڕۆژی دەستبەکاربوونی حکومەتی کازمی لەلایەن ڕۆژنامەکەوە بڵاوکراوەتەوە و دواتر ڕاپۆرتێکی تری بە بۆنەی یەک ساڵەی دەستبەکاربوونی کابینەکە بڵاوکردەوەو تێیدا ئامارێکی تەواوی دەربارەی ئەو بەڵێنانە خستە ڕوو کە مستەفا کازمی بەڵێنی جێبەجێکردنی دابوو. ئێستاش ڕۆژنامەکە سێیەمین ڕاپۆرتی ئاماری خۆی لە بارەی بەڵێنەکانی دوای دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر کابینەکەی کازمیدا بڵاوکردووەوەتەوە. بەپێی ئاماری ڕۆژنامەکە کە (44) بەڵێنی کازمی تۆمارکردووە کە پەیوەستن بە (سیاسەت و ئاسایش و ئابووری و تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی تر)، لە دەرەنجامی ڕاپسییەکەیاندا کابینەکەی کازمی تاڕادەیەکی زۆر سەرکەتوو نەبووە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، وردەکارییەکەی لەم گرافیکانەی خوارەوەدا ڕوون دەبێتەوە؛ مستەفا كازمی لەماوەی دوو ساڵی كابینەكەیدا چەندێك لە بەڵێنەكانی جێبەجێكردووە؟ 🔹دۆسیەی ئاساییش: 25%ی جێبەجێكردووە 🔹دۆسیەی ئابوری: 7%ی جێبەجێكردووە 🔹دۆسیەی تەندروستی: 25% جێبەجێكردووە 🔹بەڵێنەكانی گشتیەكان: 0%ی جێبەجێبكردووە 🔹دۆسیەی سیاسی: 22%ی جێبەجێكردووە 🔹دۆسیەی خزمەتگوزاری: 25%ی جێبەجێكردووە
(درەو): سەربەخۆكان كەوتونەتە بەرداشی ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعەوە، سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی هەردوولایان جڵەوی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتیان لە عێراق داوەتە دەست سەربەخۆكان، سەربەخۆكانیش هێشتا بێدەنگنو باوەڕ بە دۆخە سیاسییە نوێیەكە ناكەن، سەربەخۆكان كێن ؟ سەربەخۆكان لەنێوان سەدرو چوارچێوەدا مۆڵەتە یەك مانگییەكەی موقتەدا سەدر بۆ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی، عامری، خەزعەلی، فەیاز، عەبادی، حەكیم) كۆتایی هات، چوارچێوە لە كۆتایی مۆڵەتەكەدا دەستپێشخەریی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رایگەیاند. سەدر كە مانگی رەمەزان لە خەڵوەتدا بوو، هەر دوای رەمەزان خەڵوەتەكەی شكاندو بە تویتێكدا دەرفەتەكەی لە چوارچێوەی هەماهەنگیی وەرگرتەوەو بانگەوازی پێكهێنانی حكومەتی راگەیاند. هەردوولا (سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگیی) لە دەستپێشخەرییەكەی خۆیاندا، دەرفەتی پێكهێنانی حكومەتیان داوەتە دەست پەرلەمانتارانی سەربەخۆ. ژمارەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق نادیارە، هەندێك بە (45) پەرلەمانتارو هەندێكی تر بە (40) پەرلەمانتار ئەژماریان دەكەن، لەپاڵ ئەمەشدا قسەوباسی جیاواز هەیە لەبارەی دەستەواژەی "پەرلەمانتاری سەربەخۆ"وە. بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە دیاریكردنی (دوو لەسەر سێ) وەكو نیسابی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، عێراقی گەیاندە بنبەستی سیاسی، هیچ یەكێك لەو دوو بەرە سیاسییەی كە لەدوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووی عێراقەوە دروستبوون، بەبێ ئەوی تر ناتوانن نیسابی دانیشتنی پەرلەمان تەواو بكەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەگوێرەی دەستوریش بەبێ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دەستپێناكات. یەكێك لە دیارترین ئەو گۆڕانكارییانەی كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا رویدا، سەركەوتنی هەندێك پەرلەمانتاری سەربەخۆ بوو بۆ پەرلەمان، ئەمە بەرەنجامی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن بوو، هەموارێك كە خواستنی سەرەكی خۆپیشاندانەكانی تیشرینی 2019ی عێراق بوو، بەهۆی ئەم خۆپیشاندانانەوە بۆ یەكەمجار لە عێراقی دوای سەددامدا سەرۆك وەزیرانێك (عادل عەبدولمەهدی) ناچار كرا لەژێر فشاری شەقامدا دەستلەكاربكێشێتەوە. هەمواری یاسای هەڵبژاردن وەكو ئەوەی پیشبینی لێ دەكرا نەیتوانی ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بنێرێتە پەرلەمان، بەجۆرێك ئەم توێژە سیاسییە نوێیە كۆتایی بە سەردەمی حوكمڕانی هێزە نەریتییەكانی بهێنن، بەڵام دابەشبوونی سیاسی نێوان لایەنەكان، بەتایبەتیش ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە، ئەو دەرفەتەی بە سەربەخۆكان بەخشی، بەبەهێزی لەناو گۆڕەپانە سیاسییەكەدا دەركەون. پەنابردنی هەردوو بەرە سیاسییەكەی عێراق بۆ سەربەخۆكان، ئەگەر بەدیوێكدا بێئاكامبوونی هەوڵی هەڵواشینی بنبەستی سیاسی عێراق بێت بەم توێژە سیاسییە نوێیەدا، بەدیوەكەی تردا نیشاندەری ئەوەیە لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتیش شیعەكان لەدوای خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019وە لەبەردەم شەقامی ناڕازیدا چیتر توانای سەرچڵیی سیاسییان نییە. ئێستا كە هەردوو بەرە ناكۆكەكە داوای پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە كەمینەیەكی سەربەخۆ دەكەن، ئایا سەربەخۆكان خۆیان كێنو ژمارەیان چەندە ؟ ئایا توانای دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانیان هەیە ؟ ئایا ئەگەر كاندید دیاری بكەن هەردوو بەرە ناكۆكە سیاسییەكان متمانە بە كاندیدەكە دەبەخشن ؟ ئەگەر كاندیدی سەربەخۆكان حكومەت دروست بكات توانای تێپەڕاندنی ناكۆكییە سیاسییەكانی دەبێت یاخود روبەڕووی هەمان چارەنوسی عادل عەبدولمەهدیو مستەفا كازمی دەبێتەوە كە هەردووكیان كاندیدی تەوافوقی لایەنە سیاسییەكانی شیعە بوون ؟ سەربەخۆكان كێن ؟ پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق هێشتا وەڵامێكی ئەوتۆیان بۆ بانگەوازی هەردوو بەرەكە نییە كە داوای دیاریكردنو پێكهێنانی حكومەتیان لێكردوون. (حسێن عەربەب) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی عێراقی سەربەخۆ لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) دەڵێ" لەماوەی دوو رۆژدا پەرلەمانتارانی سەربەخۆ دیدی خۆیان لەبارەی پرسی بنەستی سیاسیو ئەو دەستپێشخەرییانە رادەگەیەنن كە خراونەتەڕوو". ئەم پەرلەمانتارە باس لەوە دەكەن، تێڕوانینی جیاواز لەناو پەرلەمانتارانی سەربەخۆ هەیە لەبارەی ئەگەری بەشداریكردن لە حكومەتو وەرگرتنی پۆست یاخود نا. دەستپێشخەریی سەدرو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هەرچەندە لەوەدا چونیەكن كە پرسی پێكهێنانی حكومەت دەدەنە دەست پەرلەمانتارە سەربەخۆكان، بەڵام لە وردەكاریدا هەندێك جیاوازییان هەیە، چوارچێوەی هەماهەنگیی داوا دەكات پەرلەمانتارانی سەربەخۆ كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێشكەش بكاتو كوتلەی گەورەی شیعەكان كاندیدەكە پەسەند بكات، واتە چوارچێوەو سەدر پێكەوە گفتوگۆ بكەنو كاندیدەكە پەسەند بكەن، بەڵام سەدر لەمە زیاتر رۆیشتووە، دەڵێ با سەربەخۆكان حكومەت دروست بكەنو سەدر پشتیوانیان دەكات، بەڵام سەدرییەكان بەشداری لە حكومەتەكەدا ناكەن، بەمەش دەرگای دانیشتنو گفتوگۆی لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوە داخستووە. چوارچێوەی هەماهەنگیی سەرباری ئەوەی مافی دیاریكردنی سەرۆك وەزیران دەداتە دەست سەربەخۆكان، بەڵام هاوكات مەرجی ئەوەی داناوە ئەو لایەنانەی كە بەشداری لە حكومەت دەكەن دەبێت پێكەوە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكەنەوە، یاسایەك كە دەرگای كردوەتەوە لەسەر سەركەوتنی خەڵكانی سەربەخۆ بۆ پەرلەمان، واتە چوارچێوەی هەماهەنگیی لەلایەن سەربەخۆكان خەڵات دەكاتو لەلایەكی ترەوە سزایان بەسەردا دەسەپێنێت. جیاوازییەكی تری دەستپێشخەریی هەردوو بەرە ناكۆكەكەی شیعە بۆ پەرلەمانتارانی سەربەخۆ پەیوەندی بە كاتەوە هەیە، چوارچێوەی هەماهەنگیی كاتی بۆ سەربەخۆكان دیاری نەكردووە، بەڵام سەدر ماوەی (15) رۆژ مۆڵەتی پێداون حكومەت دروست بكەن، سەرباری ئەمە سەدر مەرجی هەیە، پەرلەمانتارانی سەربەخۆ ئەوانەی كە مافی پێكهێنانی حكومەتیان پێدەدرێت بچنەپاڵ هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)، ئەمە بۆ ئەوەیە لە قۆناغی یەكەمدا پێكەوە بتوانن كاندیدی سەرۆك كۆمار تێپەڕێنن، لەم حاڵەتەشدا لە ئەگەری سەركەوتنی سیناریۆكەدا كاندیدی پارتی پۆستی سەرۆك كۆمار وەردەگرێت. فەرهاد عەلادین سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژكاریی عێراق لە تویتێكدا بەمشێوەیە پێناسەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق دەكات: سەربەخۆكان چەند جۆرێكن: • سەربەخۆی راستەقینە: ئەمانە ژمارەیان كەمتر لە 7 پەرلەمانتارە • سەربەخۆی سەربە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە: ئەمانە ژمارەیان (10) پەرلەمانتارە • سەربەخۆكانی سەربە هاوپەیمانی "رزگاركردنی نیشتمان" بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر: ئەمانە ژمارەیان لەنێوان (7 بۆ 10) پەرلەمانتاردایە • سەربەخۆی حزبیش هەیە كە مەیلو پارەیان لەلایەن حزب یاخود كەسێكەوە بۆ دابین دەكرێت: ئەمانەش ژمارەیان لەنێوان 24 بۆ 30 پەرلەمانتارە بەهۆی ئەم دابەشبونەی كە لەناو پەرلەمانتارانی سەربەخۆدا هەیە، فەرهاد عەلادین پێشبینی دەكات سەربەخۆكان نەتوانن حكومەت دروست بكەنو بنبەستی سیاسی لە عێراق هەر بەردەوام بێت. زۆرینەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، سەربە پێكهاتەی شیعەن، دیارترین هاوپەیمانێتی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، هاوپەیمانی "لەپێناو خەڵك"ە كە خاوەنی (18) كورسی پەرلەمانەو هاوپەیمانێتی نێوان جوڵانەوەی نەوەی نوێ (9 كورسی)و بزوتنەوەی (ئیمتیداد)ە كە ئەویش بەهەمان شێوە (9) كورسی هەیە، ئەم هاوپەیمانێتییە تائێستا بڕیاری خۆی یەكلانەكردوەتەوە لەبارەی ئەوەی بەشداری پێكهێنانی حكومەت دەكات یاخود نا؟ لەپاڵ سەدر رادەوەسێتێ یاخود چوارچێوەی هەماهەنگیی ؟ دەنگ بە كاندیدی پارتی بۆ سەرۆك كۆمار دەدات یاخود كاندیدی یەكێتیی ؟ چارەنوسی حكومەتی سەربەخۆكان سەرباری ئەوەی پێدانی مافی پێكهێنانی حكومەت بە سەربەخۆكان لەلایەن هەردوو بەرە ناكۆكەكەوە تەنیا وەكو تاكتیكێكی سیاسی تەماشا دەكرێت، بەڵام ئەگەر گریمانە بكرێت دواجار هەردوو بەرەكە لەسەر ئەوە رێكبكەون سەربەخۆكان حكومەت دروست بكەن، حكومەتی سەربەخۆكان حكومەتێك دەبێت هاوشێوە لاخود لاوازتر لەو حكومەتەی كە ئێستا هەیەو مستەفا كازمی سەرۆكایەتی دەكات. كازمی كاندیدی یەكلاكردنەوەی ناكۆكی ناو ماڵی شیعەكان بوو لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی (عادل عەبدولمەهدی)، لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا روبەڕووی چەندین هێرشی گروپە چەكدارە شیعەكان بووەوە، نەیتوانی بەڵێنەكانی بۆ دەستگیركردنی بكوژی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكات، حكومەتی سەربەخۆكان كە حكومەتی بەلاداخستنی ناكۆكی ناو ماڵی شیعە بێت، روبەڕووی هەمان چارەنوس دەبێتەوە.
درەو: راپۆرتی: سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی - رانانی ئاییندەیی ژمارە (10) ههر لهسهرهتای پرۆسهی ڕوخاندنی ڕژێمی دیكتاتۆریی سهددام، له لایهن هێزه هاوپهیمانهكانەوە و پاشان دانانی حاكمی مهدهنی (پۆل برێمهر) و حوكمكردنی عێراق به شێوهیهكی ڕاستهوخۆ بۆ ماوهی یهكساڵ، لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە، دهوڵهتی عێراق له دامهزراندن و بنهما دامهزراوهیی و حوكمڕانییهكانیدا، كهوته ژێر كاریگهری نێودهوڵهتی و ههرێمییەوە، بهڵام لهوكاتهوە تا ئهمڕۆ ئێران و ئهمریكا دوو یاریكهری سهرهكی نێو گۆڕهپانی سیاسیی عێراق بوون، بۆ ئێستاش، سهرباری گۆڕانكاری له ڕۆڵی ههردووكیان و دهركهوتنی یاریكهری ئیقلیمی و نێودهوڵهتی دیکە، هێشتا هاوكێشهی هەرێمایەتی و نێودهوڵهتی ( ئهمریكا وئێران) له پێكهێنانی حكومهتی بهغداددا گرنگی خۆی لهدهست نهداوه. یهكهم:ئهمریكا ههرچهنده پاش كشانهوهی سهربازیی ئهمریكا (ساڵی ٢٠٠٩)، ئهم وڵاته ڕۆڵی سیاسی له عێراقدا پاشهكشهی كردووە، بهڵام شهڕی داعش له سوریا و عێراق جارێكی تر ئهمریكای هێنایهوه نێوچهكه. له سهردهمی سهرۆكایەتیی ترامپدا(٢٠١٧-٢٠٢١) ئهمریكییهكان پاڵپشتی حكومهتهكانی عادل عهبدولمههدی و كازمییان كرد و به ئاشكرا گوشاری توندیان خسته سهر ئێران. پاش كوشتنی قاسمی سلێمانی، ئاراستهیهكی بههێز لای ئهمریكیهكان له عێراقدا پهیدا بوو كه ههوڵی دورخستنهوهی هێزو لایهنهكانی نزیك ئێران له دهسهڵاتی عێراق بدرێت. بهم شێوهیه پاڵپشتی خۆی بۆ داواكاری تشرینیهكان و ههڵبژاردنی پێشوهخت دهربڕی كه تیایدا حكومهتێكی(دور له تاران) ههڵبژێردرێت. پێدهچێت لهسهرهتادا گهشبینیهكی ئهمریكی بۆ پهلەكردن له پەكهێنانی حكومهت پاش ههڵبژاردنهكانی ئۆكتۆبهری ٢٠٢١ له ئارادا بووبێت، بهم شێوهیه ههر زوو پیرۆزبایی سهركهوتنی پرۆسهی ههڵبژاردنی كرد و پشتگیری دهركهوتنی بهرهیهكی "شیعی- سوننی- كورد"یان بۆ پێكهێنانی حكومهت دەربڕی، بهڵام پاش ئهوهی ههردوو لایهنی سهرهكی كوردستانی(یهكێتی و پارتی) كهوتنه نێو ململانێی توندەوە، بههۆی داواكاریی چاوهڕێنهكراوی پارتی بۆ پۆستی سهرۆك كۆمار و ههروهها بههۆی سهنگهرگرتنی سهرجهم لایهنه شیعییهكانی تر دژ به سهدر و سهركهوتنیان له پهكخستنی ههڵبژاردنی سهرۆك كۆمار و سهرۆك وهزیران، له ئێستادا ئهمریكییهكان و رۆژئاوا به گشتی لە ههمان ههڵوێستی سهرهتایان خاوبوونەتەوە. لهلایهكی دیکەوه گفتوگۆ ئهتۆمییهكانی ڤییهنای نێوان ئهمریكا و ئێران و شهڕی ئۆكرانیا-روسیا كاریگهری لهسهر سیاسهتی ئهمریكا و ڕۆژئاوا له عێراق جێهێشتوه. هەنووکە بههۆی سهرقاڵییان به شهڕی ئۆكرانیا وسهرلهنوێ داڕشتنهوهی سیاسهتی ئهمنی له ئهوروپا، واشنتۆن و برۆكسل كهمتر لهجاران ئامادهییان بۆ روبهڕوبونهوەی ڕاستەوخۆی دژ به ئێران له نێوچهكه و عێراقدا ههیه، ئهمهش دهكرێت ببێته هۆكارێك بۆ كهمكردنهوهی پاڵپشتی ئهمریكا بۆ پێكهێنانی حكومهتی عێراق دور له كاریگهری ئێران و لایەنگرەکانی له عێراقدا. دووهم: ئێران ههرچهنده ههڵبژاردنهكانی ئۆكتۆبهری ٢٠٢١ی عێراق، لهسهرهتادا وا لێكدهدرایەو كه شكستێكی گهورهی بهرهی دۆستهكانی ئێرانه، بهڵام دوای زیاتر له شهش مانگ له ههڵبژاردن لهبهر چهندین هۆكار هێشتا بهرهی(دژ به ئێران) دورن له بهدهسهێنانی بهرههمهكانی ههڵبژاردن. ئێرانییهكان بههۆی هاوكارییكردنی عێراق دژ به شهڕی داعش و دامهزراندنی میلیشیاكانی (حهشدی شهعبی) توانیان دهسهڵاتی خۆیان به شێوهیهكی فراوان له عێراق پهرهپێبدهن، ههرچهنده لهدوای ٢٠٠٣وه و بههۆی ئهوهی سهركرده سیاسییهكانی ئهوسای شیعه، پهیوهندی بههێزیان لهگهڵ ئێران ههبووه، بهڵام جیاوازیی نێوان مەرجەعەکان و ململانێی سیاسی نێوان ماڵی شیعه بهشێك له سهركرده شیعهكانی عێراقیان هاندا بۆ ههوڵی دۆزینهوهی هاوپهیمانی ئیقلیمی تر. له دوای ههڵبژاردنهكانی ٢٠٢١ یش ئهم ڕهوته به ڕونی دهركهوت. پێدهچێ سهرباری گوشارهكانی ئهمریكا بۆ كهمكردنهوهی ههژموونی ئێران له عێراق به تایبهت باش كوشتنی قاسم سلێمانی، بهڵام هێشتا ئهستهمه هیچ حكومهتێك بێ رهزامهندی ئێران و دۆستهكانی له عێراق پێكبهێنرێت، هێشتا بهشێكی بهرچاوی شیعهی عێراق ئهو وڵاته به نزیك و تهنانهت به مهرجهعی ئایینی و سیاسی دهبینن، بۆیه به پاڵپشتی تاران بهرهیهكی چالاكی سیاسییان (چوارچێوهی ههمانگی) دروستكردوه، لهلایهكی ترهوه بهردهوامی شهڕی ئۆكرانیا و ڕوسیا كاریگهریی ههبووه له بههێزكردنهوهی ههژمونی ئێران له سوریا و عێراق، بهتایبهت پێویستیی بازاڕی نهوت و گازی جیهانی به تواناكانی ئێران پاش ئهوهی وڵاتانی كهنداو دژی داواكاری ئهمریكا بۆ قهرهبوكردنهوهوی كهمی نهوت و گازی روسیا وهستان. بهم شێوهیه، ههوڵی ڕۆژئاوا بۆ دورخستنهوهی ڕوسیا له بازاڕهكانی وزه، پێگهی ئێرانی له نهخشهی سیاسی و وزهی ههرێمی و جیهانی بههێزكردهوه. بهكورتی دور نیه پێكهێنانی حكومهت له بهغدا بۆ كاتێك دوا بكهوێت كه ههردوو لایهنی سهرهكی(ئێران و ئهمریكا) له گۆشهنیگای رۆژههڵاتی ناوهڕاستی پاش جهنگی ئۆكرانیا بهرژهوهندی هاوبهشی نوێیان له عێراق و ناوچهكه بۆ دروست بێت، یاخود لانیکەم یەکلاببنەوە لە ڕێککەوتن یان ڕێککنەکەوتن. سێییهم: توركیا ههرچهنده توركیا پێشتر ڕۆڵێكی سهرهكی له پرۆسهی سیاسی عێراقدا نهبوه و تهنها لهرێی قهتهر و بهشێك له سوننهكان و كوردهكان كاریگهریی سنورداری ههبووه، بهڵام بههۆی نزیكبونهوهی ئهم دواییهی نێوان توركیا و ئیمارات و زۆر له وڵاتانی كهنداو كاریگهریی توركیا لهسهر دروستكردنی بهرهیهكی جیاوازی شیعی- سونی- كورد پهرهی سهندوه. ڕاستی كاریگهری توركیا له ههوڵهكانی پێكهێنانی حكومهتی عێراق له دوو وێستگهی سهرهكی دهركهوت: یهكهمیان كاتێك توانی له ئهنقهره دوو سهركردهی دیاری سوننه (حهلبوسی و خهنجهر) كۆبكاتهوه و رێكیان بخات به وهرگرتنی سهرۆك پهرلهمان بۆ حهلبوسی و بهرامبهر پۆستی جێگری سهرۆك كۆمار یان جێگری سهرۆك وهزیران بۆ خهنجهر. وێستگهی دووهمیش نزیككردنهوهی سێ لایهنی سهرهكی(سهدر، سوننه، پارتی) به هاوكاری ئیمارات له چوارچێوهی یهك هاوپەیمانێتی و ههوڵدان بۆ پێكهێنانی حكومهت و دورخستنهوهی سهرجهم لایهنهكانی تر. ههرچهنده بهشێكی زۆری ئهو هاوپهیمانێتیهی كه توركیا به هاوكاری ئیمارات پشتگیری كرد وهك خۆی ماوهتهوه، بهڵام له ئێستا لهبهر چهندین هۆكار هاوپهیمانێتییهكه نەیتووانیووە هەنگاوی ڕیشەیی بۆ ئامانجەکەی بەرێتە پێشەوە. بهشێكی زۆری شیعهكان، بهوانهی كه نزیكی توركیاشن، نیگهرانن له ڕۆڵی توركیا له فایلی نهوت و گازی كوردستاندا، سهبارهت به سوننهكانیش دۆستی ههره نزیكی توركیا كه ئوسامه نوجێفی بوو لهم ههڵبژاردنه شكستی هێنا و خهمیس خهنجهریش تهنها خاوهنی ١٣ كورسی پهرلهمانییه، به پێچهوانهوه قورسایی سهرهكی سوننهكان لای حهلبوسی(٣٤ كورسییە) كۆبۆتهوه كه دۆستی نزیكی ئیماراته، بهمه قورسایی توركیا لهنێو سوننهكاندا بهنده به پهیوهندییه دووقۆڵییهكانی لهگهڵ ئیماراتدا. چوارهم:ئیمارات ئهم میرنشینه بههۆی پشتگیری له سوننهكانی عێراق، به تایبهت حهلبوسی، لهلایهك و دروستكردنی ههماههنگی لهگهڵ ئهنقهره و ههندێ لایهنی شیعی و كورد لهلایهكی ترەوە، ئێستا ڕۆڵێكی زیاتری له نهخشهی سیاسی عێراق دهگێڕێت. ئیمارات دوای كرانهوەی لهگهڵ ئیسرائیل و توركیادا، سیاسهتێكی جیاواز له نێوچهكه پهیڕهو دهكات، ئهم سیاسهته تهنانهت له ههڵوێستی بهرامبهر شهڕی ڕوسیا و ئۆكرانیاشدا دهركهوت، کاتێک نهچووه پاڵ ئهمریكا و بێلایهنی خۆی ڕاگهیاند. پێدهچێت له دروستكردنی بهرهی(سهدر، حهلبوسی، پارتی)دا رۆڵی سهرهكی ههبوبێت، ئهویش به بانگێهشتكردنی سهرجهمیان بۆ ئیمارات، ئێستا به وهرگرتنی پۆستی سهرۆكی ئهنجومهنی نوێنهران لەلایەن حهلبوسییەوە كه دۆستێكی نزیكی ئیماراته، سهركهوتنی دیاری لهعێراقدا تۆماركردوه. بهڵام بهمانهوهی كێشه سهرهكییهكانی نێوان ئێران و ئیمارات و نزیككهوتنهوی ئهمریكا - ئێران لهسهر فایلی ئهتۆمی و هی تر، رهنگه رۆڵی ئیمارات له دیاریكردنی چارهنوسی حكومڕانی له عێراق روو له پاشهكشه بكات. دهرهنجامەكان ١- دهرهنجامه سهرهتاییهكانی دوای ههڵبژاردنی ئۆكتۆبهری ٢٠٢٢، وا دهركهوت كه بهرهیهكی نوێ به سهركردایهتی سهدر-حهلبوسی- پارتی زۆرینهیهك پێك دێنێت كه لهتوانایدا بێت دهسهڵاتی سیاسی عێراق به ههر سێ سهرۆكایهتییهكهوه بگرنهدهست، بهڵام پاش تێپهڕبوونی زیاتر له شهش مانگی ههڵبژاردن، هێشتا جگه له دانانی سهرۆكی پهرلهمان، شكستیان هێناوە له دهستنیشانكردنی سهرۆك كۆمار و سهرۆك وهزیران و پێکهێنانی حکومەتدا. ٢- لهدوای ٢٠٠٤ وه، ههمو حكومهتێك له عێراق به سازانی نێوخۆیی كورد-شیعه-سوننه پێكهاتووه، بهردهوامیش كورد و شیعه له نێوخۆیاندا یهك دهنگ بوون، بهڵام له ئێستادا ڕەوتی سهدر بانگهشە بۆ حكومهتی زۆرینه نهك سازان دەکات، ئهم بانگهشهیه ههرچهنده توانی حهلبوسی و پارتی بهێنێته بهرهی خۆیهوه، بهڵام سهركهوتوو نهبوو له پهراوێزخستی هێزه كوردستانی و شیعی و سوننیهكانی دی. ٣- سهباری ئهوهی شهقامی سیاسی شیعه دیاردهی نوێی وهك تشرینییهكانی بهخۆوه بینی و هاتنه نێو پهرلهمانهوه، بهڵام نهتواندرا پارسهنگی هێزه كلاسیكییه ئاینیهكان لاسهنگ بكهن، ئێستا داواكارییهكانی خۆپیشاندهرهكان كه هۆكاری سهرهكی ههڵبژاردنی پێشوهخت بوو، له ئهجێندای سیاسی پێكهێنانی حكومهتدا نین. ٤- بههۆی بهرزكردنهوهی دروشمی "حكومهتی زۆرینه" لهلایهن بهرهی سهدر و حهلبوسی و پارتی-یەوە، ههروهها دهركهوتنی ململانێی ئاشكرای نێوان دوو هێزی سهرهكی كورد(یهكێتی و پارتی) لهسهر پۆستی سهرۆك كۆمار كه پێشتر لای یهكێتی بوه، نێوماڵی كورد، وهك هی سوننهو شیعه، دووبهرهكی توندی تێكهوتووه، بهشێوهك كه كاریگهری نهك تهنها لهسهر پێگه و دهسهڵاتی كورد له بهغداد ههیه، بهڵكو بۆ ههرێمی كوردستانیش تەشەنەی کردووە. ٥- له سهرهتادا بههۆكاری هەرێمی و نێوخۆیی سوننهكان به یهكدهنگی و یهكههڵوێستی دهركهوتن و تووانییان پشكی خۆیان(سهرۆك پهرلهمان) لهدوای ههڵبژاردن مسۆگهر بكهن. بهڵام له ئێستادا بهرهی سوننهش درزی تێكهوت و بەشێکی ڕەوتی (عهزم)ی سوننی جیابوونهوه و چوونه پاڵ بهرهی دژەوە. بهم شێوهیه ڕوون نیه له ئایندهدا له شێوهی پێكهێنانی حكومهت و پۆسته باڵاكانی تری سوننهكان به چ شێوهیهك دابهشدهكرێت. ٦-ململانێی شیعه- شیعه له ئێستادا ناونیشانی سهرهكیی كێشهكانی پێكهێنانی حكومهتی عێراقه، ههوڵی سهدڕ بۆ دورخستنهوهی سهركردهكانی وهك مالكی له پرۆسهی سیاسی كه دووهمین هێزی شیعهی پاش سهدرە، پرۆسهی پێكهێنانی حكومهتی پهكخستووه و تهوقیتاته دهستورییهكانی تێپهڕاندوه. ئهگهر ئهم دوو لایهنه نهتوانن لهسهر خاڵه سهرهكییهكان پێك بێن، ڕەنگه پهكخستن و پێكنههێنانی حكومهت له عێراقدا درێژە بكێشێت ودواجار بیر له بژاردهی تر وهك ههڵوهشاندنهوهی پهرلهمان یان گوشارخستنه سهر دادگای فیدڕاڵی بۆ دهستێوهردان یان دهسپێكردنی خۆپیشاندانی جهماوهری ملیۆنی بكرێتهوه، كه بێگومان ئهمه عێراق دهباته نێو تونێلێك له نائارامی مهترسیدار. چونكه تائێستا كلتوری ئوپۆزسیۆن بوون له عێراقدا زۆر لاوازهو زۆربهی ململانێ سیاسییهكان شێوازی سفری(هەموو شت یان هیچ)یان ههیه. بەڵام دیوێکی دیکەی ململانێى پێکهاتەى شیعە، ئەوەیە ڕەنگە بە هۆکارى دەرەکى بوبێت یان رێکەوتنى نێوخۆیى هەرچەندە کێشەکانیش گەورە بن، وەک لە ئەزموونەکانی رابردوودا بینراوە، لە دواجاردا بەرژەوەندى گشتى پێکهاتەکە زاڵبووە و گرێکوێرەى سیاسىیان کراوەتەوە، بەڵام لەئێستادا بەهۆى نەبوونى ئەم فاکتەرانە قورسە لە ئایندەى نزیکدا باس لە ڕێکەوتن بکرێت، چونکە: (لە دواى پرۆسەى ئازادیى عێراق، مەرجەعى باڵا لەسەر ڕوداوەکان بەردەوام هەڵوێستى هەبووە، ئێستا نەبوونى قسەى فەرمى مەرجەعى باڵا واى کردووە بۆشایى گەورە دروست بێت. فاکتەرى وادە دەستورییەکان(التوقیتات الدستوریە) پاڵنەرى سەرەکى بووە لەوەى هێزەکان پەلە بکەن لە پێکهێنانى حکومەت و بەردەوامى بدەن بە پرۆسەى سیاسى. شەقامى سیاسى زۆر کاریگەر تر بوو لە ئێستا، خۆپیشاندانى تشرینی و دەرئەنجامەکانى، تا ڕادەیەکى زۆر بێمتمانەیى و بێهیوایى دروستکردوە، بە تایبەت كە دەرئەنجامەکانى لە ئاست چاوەڕوانى خۆپیشاندەراندا نەبوو. چەک قسەى یەکلاکەرەوە دەکات، بۆیە هیچ هێزێک لەو هێزانە ناتوانن دەستبەردارى دەسەڵات بن). ٧- دور نیه ئێرانییهكان (وهك پێشتر) بتوانن رۆڵێك له نزیككردنهوه و یهكخستنی ماڵی شیعه بگێڕن كه دهبێته هۆی زووتر پێكهێنانی حكومهت، بهڵام ئهم ئهگهره بهنده به چهندین هۆكاری تری وهك كهمتربوونهوهی گرژییهكانی نێوان تاران و واشنتن و ههوڵدانی ههردولا بۆ قایلكردنی دۆستهكانیان و نزیكردنهوهی ههردوو سهركردهی نهیاری شیعه (سهدر و مالكی)، به پێكهێنانی حكومهتێكی تهوافوقی كه سهرجهم لایهنه كاریگهرهكان نوێنهرایهتیان تێیدا ههبێت. ڕانانى ئایندەیى ژمارە (١٠) ى ساڵى٢٠٢٢
(درەو): پشووی رەمەزان كۆتایی هات، جموجوڵی سیاسی لە عێراق دەستیپێكردەوە، بنبەستی سیاسی عێراق كە ماوەی نزیكەی شەش مانگە بەردەوامە لەبەردەم شەپۆلێك دەستپێشخەریی نوێدایە، چوارچێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەریی خۆی راگەیاند، سەدرو بارزانیش بەنیازی دەستپێشخەرین. سەدر قسەی دەبێت سوهەیلە عەجرەش ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە كوتلەی سەدری رایگەیاند، كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمانتارانی كوتلەی سەدر لەگەڵ رێبەری رەوتەكەیان بابەتی چارەسەری بنبەستی سیاسی لەخۆگرتبوو. بەپێی قسەی ئەم پەرلەمانتارە، قۆناغی داهاتوو دەستپێشخەرییەكی نیشتمانی بۆ چارەسەری بنبەستی سیاسی لەخۆدەگرێتو دەستپێشخەرییە دوای تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە رادەگەیەندرێت كە سەدر بە كوتلە سیاسییەكانی تری داوە بۆ پێكهێنانی حكومەت. بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا موقتەدا سەدر بەیاننامەیەك لەبارەی پرۆسەی سیاسییەوە بڵاوبكاتەوە. رۆژی چوارشەممەی داهاتوو ئەو مۆڵەتە كۆتایی دێت كە سەدر بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی داوە، دوێنێ شەو لایەنەكانی چوارچێوە دەستپێشخەری خۆیان بۆ پێكهێنانی حكومەت راگەیاند. جموجوڵی سیاسی دەستپێدەكاتەوە دوای مانگێك بێدەنگی بەهۆی رەمەزانەوە، سەرلەنوێ جموجوڵی سیاسی لە عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەت دەستیپێكردەوە، حكومەتێك كە نزیكەی شەش مانگە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، نەتوانراوە دروست بكرێت. هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق (شیعە، سوننە، كورد) دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدرو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كە هاوپەیمانێتی لەگەڵ (حەلبوسیو بارزانی)دا كردووەو ئەم بەرەیە ناوی لێنراوە "هاوپەیمانی سێقۆڵی"، بەرەكەی تر كە لە (مالیكی، عامری، خەزعەلی، فالح فەیاز، عەبادیو حەكیم پێكدێتو ناوی لەخۆی ناوە "چوارچێوەی هەماهەنگیی" نزیكایەتی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستانو هاوپەیمانی (عەزم)ی سوننەكاندا هەیە، ئەم بەرەیە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت. ئەم دابەشبوونە رێگری كرد لەوەی لەوادەی دەستوریداو دوای هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆك كۆمارو دواجاریش سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق هەڵبژێردرێتو نیسابی دانیشتی پەرلەمان پەكی كەوت. سەدر وەكو سەرۆكی لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، بەر لە مانگی رەمەزاندا كشانەوەی خۆی لە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەت راگەیاند، دەرفەتی دایە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هەوڵی پێكهێنانی حكومەت بدەن، حكومەتێك كە سەدر خۆی بەشداری تێدا ناكات. هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی تەوابونی وادەی مۆڵەتەكەی سەدر، دوێنێ شەو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەستپێشخەریی خۆیان بۆ چارەسەری بنبەستی سیاسی راگەیاند. دەستپێشخەرییەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە پۆستی سەرۆك وەزیران پشكی پێكهاتەی شیعە، شیعەش گەورەترین پێكهاتەی كۆمەڵگای عێراقە، بەڵام داوا دەكات پەرلەمانتارانی سەربەخۆی پێكهاتەی شیعە كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری بكەنو كوتلەی گەورەی شیعەكان كاندیدەكە پەسەند بكەن. چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ جێبەجێبوونی ئەم دەستپێشخەرییە مەرجی ئەوەی داناوە، ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ بكرێن: • یاسای هەڵبژاردن بەشێوەی فرەبازنەیی هەموار بكرێتەوە، بۆ ئەمەش پشتی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بەستووە كە داوای هەمواركردنەوەی یاساكە دەكات. • كۆمسیۆنی هەڵبژاردن گۆڕانكاری تێدا بكرێت. • گرێبەستو قەرزو دامەزراندنەكان لەسەردەمی حكومەتی كاربەڕێكەری مستەفا كازمیدا هەڵبوەشێندرێنەوە. ئەوەی تێبینی دەكرێت دەستپێشخەرییەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی راكێشانی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ دەدات، بەتایبەتیش كە لەماوەی رابردوودا رۆڵی ئەم پەرلەمانتارانە كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی (45) پەرلەمانتار، لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا رۆڵێكی یەكلاكەرەوە بوو. چوارچێوەی هەماهەنگی بەم دەستپێشخەرییە جارێكی تر جەختی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی "تەوافوقی" كردوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن هێشتا سورە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی "زۆرینەی نیشتمانی". بارزانیش دهستپێشخهریی دهبێت دەنگۆ هەبوو سەدر لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەمانگی رەمەزاندا لەسەر چارەسەر بنبەستی سیاسی لە عێراق چوبێتە ناو گفتوگۆوە لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، بەڵام سەدرییەكان هەرزوو رەتیانكردەوە هیچ گفتوگۆیەكیان كردبێت. ئێستا كە چوارچێوەی هەماهەنگیی دەستپێشخەریی خۆی راگەیاندووە، بڕیارە سەدریش لە رۆژانی داهاتوودا دەستپێشخەرییەك رابگەیەنێت، ئەمە لەكاتێكدایە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەهەمان شێوە نیازی راگەیاندنی دەستپێشخەریی هەیە بۆ لێكنزیككردنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیو رەوتی سەدر. لهم نێوهندهدا هێشتا هیچ ئاسۆیهك بۆ پیكهێنانی حكومهت و كۆتایهێنان به بنبهستی سیاسی له عێراق بهدی ناكرێت، بهمدواییه نوری مالیكی سهرۆكی ئیئتیلافی دهوڵهتی یاسا رایگهیاند"مانگی حوزهیران مانگێكی یهكلاكهرهوه دهبێت بۆ پرۆسهی سیاسی له عێراق"، ئهگهر لایهنه سیاسییهكان لهسهر پیكهێنانی حكومهت نهگهنه رێككهوتن بژاردهی بههێز ئهوهیه سهرلهنوێ ههڵبژاردن بكرێتهوه، ئهمهش عێراق دهخاته ناو كێشمهكێشێكی گهورهترهوه بهتایبهتی كه لهلایهنهكان لهبارهی یاسای ههڵبژاردنهوه ناكۆكن و شهقامی ناڕازیش پێشوازی له بهڕێوهچوونی ههڵبژاردنێكی تر ناكات. بارزانی لهكاتێكدا دهیهوێت دهستپێشخهریی بۆ دهربازكردنی عێراق له بنبهستی سیاسی رابگهیهنیت، پارتیو یەكێتی هێشتا لەناو خۆیاندا لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار ناكۆكنو هیچ دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەریی ئەم ناكۆكییە لەئارادا نییە. لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لە دەستپێشخەرییەكەی خۆیاندا داوا دەكەن پارتیو یەكێتی لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رێكبكەون.
(درەو): لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دوای تێپەڕبوونی مانگێك بەسەر مۆڵەتەكەی موقتەدا سەدردا، دەستپێشخەریی خۆیان بۆ كۆتایهێنان بە بنبەستی سیاسی عێراق راگەیاند، داوای هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانێكی سەربەخۆو بێلایەن دەكەن، بۆ چارەسەری كێشەی كورد پێشنیازی دەركردنی یاسای نەوتو غازی فیدراڵی دەكەن. دەقی دەستپێشخەرییەكە: 1- بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی دەستورییو بۆ پاراستنیو بۆ پاراستنی رەوتی پرۆسەی دیموكراسی، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشنو لەبارەی چارەسەرەكانەوە گفتوگۆ بكەن، بەبێ هیچ مەرجو كۆتوبەندێكی پێشوەختە، هەموو لایەنەكان بەرژەوەندی نیشتمانو هاوڵاتی لەبەرچاو بگرن. 2- سەرۆك كۆمار پێگەیەكی مەعنەویی گرنگو بنەڕەتیی هەیە، بەوپێیەی پارێزەری دەستورەو سیمبولی یەكێتیی نیشتمانو سەروەرییەكەیو پارێزەری یەكێتیو سەلامەتی خاكەكەیەتی، پێویستە كەسی سەرۆك كۆمار خاوەن تواناو راستگۆو ئاكارو رەوشتی باش بێت، دەبێت حزبە كوردستانییەكان هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ لێكتێگەیشتنو رێككەوتن لەسەر كاندیدێك كە ئەم تایبەتمەندییانەی تێدا بێت، لەچوارچێوەی كارپێكراودا. 3- لەبەر بایەخی پۆستی سەرۆك وەزیران، هاوتا لەگەڵ دەستورو بە لەبەرچاوگرتنی مافی زۆرینە، دەبێت پارێزگاریی لەمافی پێكهاتەی گەورەی كۆمەڵگە بكرێت، ئەمەش لەڕێگەی كوتلەی پێكهاتەی گەورە كە هاوپەیمانێتی دەكات بۆ پێكهێنانی كوتلەی زۆرینە، پاشان رێككەوتن لەسەر كاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، هێزە بەشدارەكان لە حكومەتدا بەرپرسیارێتی شكستو سەركەوتنو لێپرسینەوەی لەئەستۆدەگرن، هەروەك بەڵێن دەدەن پاڵپشتی تەواوەتی لێ بكەن بەگوێرەی ئەو بەرنامە حكومییەی كە بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئەمەش لە كۆنگرەیەكی گشتیدا رادەگەیەنن، بەمەرجێك كاندیدی ئەم پۆستە كەسێكی بەتواناو پاكو خاوەن ئەزمونی سیاسیو ئابوریو تایبەتمەندییە داواكراوەكانی تری ئەم پۆستە بێت، ئەمە وا لە كوتلەی زۆرینە دەكات هەڵیبژێرێتو بڕوا بە بەرنامە سیاسییەكەی بكاتو بەر لە نیشاندانی رەزامەندی لەسەری، هەڵسەنگاندن بۆ تواناو لێهاتوویی بكات. 4- لە باوەربونیەوە بە پێویستیی بەردەوامی پرۆسەی دیموكراتیو بۆ خۆبەدورگرتن لە بنبەستی سیاسیی، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیاز دەدەنە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ كاندیدێك پێشەكەش بكەن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لەم قۆناغە هەستیارەی تەمەنی عێراقدا، كاندیدێك كە تایبەتمەندی لێهاتووییو پاكی تێدا بێتو قبوڵكراو و بێلایەن بێتو هەموو پێداویستییە داواكراوەكانی تێدا بێت، بۆ ئەوەی لەلایەن هەموو كوتلەكانی نوێنەری پێكهاتەی گەورەو ئەوانەوە كە كوتلەی زۆرینە پێكدەهێنن، پاڵپشتی بكرێت، ئەمە بەگوێرەی لێكدانەوەی دادگای فیدراڵی بۆ ماددەی (76)ی دەستور. 5- لەڕێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە بابەتی سێ سەرۆكایەتییەكە لەڕێگەی لێكتێگەیشتنی رۆڵەكانی هەر پێكهاتەیەك لەنێوان خۆیاندا یەكلادەكرێتەوە، هەموان مامەڵە لەگەڵ چەمكی زۆرینەی ئارەزومەندانەدا دەكەن لە بەشداریكردن یان ئۆپۆزسیۆنی ئارەزومەندانە بۆ چاودێریكردن، بۆ ئەوەی هەموو سەرۆكایەتییەكان بەیەك ئاڕاستەدا بڕۆن كە زۆرینەی ئارەزومەندانەیەو دڵنیایی بە هەموان دەدات رەتكردنەوەی هەر كاندیدێك لە پێكهاتەكانی تر بەواتای بەریەككەوتن نییە لەگەڵ ئەو پێكهاتەیەدا، بەڵكو كردنەوەی دەرفەتە لەبەردەم ئەو پێكهاتەیەدا بۆ پێشكەشكردنی بژاردەیەكی تر، بەمە سێ سەرۆكایەتییەكە دەبن بە نوێنەری هەموانو پاڵپشتیو رێزی هەموان بەدەستدەهێنن. 6- دوركەوتنەوە لە سیاسەتی شكاندنی ئیرادەو نیشاندانی نەرمیو سازشكردن بۆ یەكتر، ئەمە لەپێناو گەیشتن بە هاوبەشە نیشتمانیو سیاسییەكان، بەلەبەرچاوگرتنی قورسایی هەڵبژاردن. 7- زۆرینەی دەسەڵاتدار بەڵێن دەدات چەتری ئارام بۆ ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیی فەراهەم بكاتو رۆڵی لە چاودێریكردنی ئەدای حكومەتو لێپرسینەوەیدا بەهێز بكات، ئەگەر سەلمێندرا كەمتەرخەمی كردووە، ئەمەش لەڕێگای پێدانی سەرۆكایەتی لیژنە كاراكانی پەرلەمانو دەستەكانی چاودێریكردن بە ئۆپۆزسیۆنو كەسایەتییە سەربەخۆكان، ئەوانەی كە بەشدارییان لە پێكهێنانی حكومەتدا نەكردووە، هەروەك پێویستە ئۆپۆزسیۆن بەڵێن بدات دانیشتنەكانی پەرلەمان پەكناخاتو بەشداری كارای دەبێت تێیانداو دەرفەت لەبەردەم زۆرینەی دەسەڵاتداردا دەكاتەوە شایستە دەستورییەكانی پڕ بكاتەوە. 8- چوارچێوەی هەماهەنگیو هێزە هاوپەیمانەكانی لیژنەیەكی دانوستانكار پێكدەهێنێت بۆ دەسپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، لەپێناو جێبەجێكردنی ئەم دەستپێشخەرییە. 9- بژاردەی بەشداربوون لە حكومەتی داهاتوو یاخود ئۆپۆزسیۆنبوون وەكو بژاردەیەكی كراوە بۆ هەموو لایەنەكان بەجێدەهێڵدرێت، بەبێ سەپاندنی بەسەر هیچ كەسێكدا. پابەندبوون: هەموان بابەند دەبن بە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی كە لەم نوسراوەدا هاتووە كە ئەمانەن: 1- بەڵێندان بەوەی پێداچوونەوە بە هەموو ئەو گرێبەستو قەرزو دامەزراندنانەدا دەكرێت، كە حكومەتی كاربەڕێكەری رۆژانە، لە رێكەوتی هەڵوەشتاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران تاوەكو پێكهێنانی حكومەتی نوێ، كردویەتی. 2- هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان بەگوێرەی بڕیاری دادگای فییدراڵی ژمارەی (159) لە رۆژی 27/12/2021 تایبەت بە پابەندكردنی ئەنجومەنی نوێنەران بە هەمواركردنی یاساكە، هەروەها بەڵێندان بە گۆڕینی كارمەندانی كۆمسیۆنو سەرلەنوێ دروستكردنەوەو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی كۆمسیاران لەو كەسانەی كە بەوە ناسراون شارەزاییان هەیە، لێپێچینەوە لەوانەی كە لەچوارچێوەی یاساكەدا كەمتەرخەمییان لەسەر دەسەلمێندرێت. 3- پارێزگاریكردن لەمافی كەمینەكانو پاراستنیانو پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییەكانیان لەرێگای دەرفەتی یەكسانو ئازادی بیروباوەڕو هەموو ئەو بابەتانەی تر كە لە دەستوردا هاتوون. 4- رێكخستنی پەیوەندی نێوان حكومەتی فیدراڵی بەغدادو حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجۆرێك كە بە شەفافیەتێكی زۆرەوە زامنی مافی هەموان بكرێت، دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەگوێرەی دەستور بۆ هەموو پرسەكان، بۆ نمونە دەركردنی یاسای نەوتو غازی فیدراڵیو چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سامانی وڵاتو پشتیوانیكردنی هێزی پاسەوانی هەرێمو پێشمەرگەو پابەندكردنیان بە سەركردایەتی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە. 5- ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكانو چارەسەركردنی كێشەی ئاوارەكان كە لەئەنجامی تیرۆری داعشەوە دروستبووە، كاركردن لەسەر هەموو ئەو بابەتانەی كە متمانە بە پرۆسەی سیاسی بەهێز دەكەنەوە، ئەمەش لەرێگەی حكومەتێكی چاودێر بەسەر هەمواندا. 6- دروستكردنی سندوقی پاڵشتی ئەو پارێزگایانەی كە هەژارن، ئەمە بەگوێرەی ئاماژە فەرمییەكانی وەزارەتی پلاندانان، بۆ ئەوەی پارەی پێویستیان بۆ تەرخان بكرێت لەچوارچێوەی بودجەدا بەمەبەستی دابینكردنی خزمەتگوزاری پەروەردەو فێركردنو تەندروستیو نیشتەجێبوون بۆ پارێزگا هەژارەكان. 7- هەموو لایەنە سیاسییەكان بەڵێن دەدەن هەوڵەكانی ئاسایكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل رەتبكەنەوەو رێگری لێبكەن. 8- دامەزراوەكانی چاودێریكردنو پەرلەمان كارا بكرێن، یاسای گونجاو بۆ روبەڕووبونەوەی گەندەڵی دەربكرێتو پارێزگاری لە هیچ كەسێك نەكرێت كە بەگوێرەی یاسا تاوانی لەسەر دەسەلمێندرێت. 9- پرۆگرامە وزارییەكانو بەرنامەی حكومەت بۆ قۆناغی داهاتوو بنوسرێتەوە، سەقفی زەمەنی واقعی بۆ جێبەجێكردنی دیاری بكرێتو پێوەرەكانی هەڵبژاردنی تیمی وزاری دیاری بكرێتو جەخت لەسەر لایەنی خزمەتگوزاریی بكرێت.
(درەو): وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی نیسانی راگەیاند: • داهاتی نەوت لە مانگی ئازاری رابردوودا گەیشتوەتە (10 ملیارو 550ملیۆن) دۆلار. • تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی نیساندا گەیشتوەتە (101ملیۆنو 390هەزارو 662هەزار) بەرمیل رۆژانە (3 ملیۆن و 380 هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. - تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی نیسانداگەیشتوەتە (104,091) دۆلار. وەزارەتی نەوتی عێراقی داهات و فرۆشی نەوتی مانگی ئازاری بڵاوكردەوە: • داهاتی نەوت لە مانگی ئازاری رابردوودا گەیشتوەتە (10 ملیارو 913 ملیۆنو 197 هەزار) دۆلار. • تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی ئازاردا گەیشتوەتە (100 ملیۆنو 579 هەزارو 612 هەزار) بەرمیلو بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر كێلگە نەوتییەكاندا: - (99 ملیۆنو 130 هەزارو 677) بەرمیل نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاستو باشوری عێراقەوە هەناردەكراوە. - (ملیۆنێكو 448 هەزارو 935) بەرمیلنەوت لە كەركوكەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا كراوە. - تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی ئازاردا گەیشتوەتە (108,503) دۆلار. - نەوتە هەناردەكراوەكەی مانگی ئازار لەلایەن (34) كۆمپانیای جیهانییەوە لە بەندەری باشورو بەندەری جەیهانەوە باركراوە.
(درەو): وەزارەتی نەوتی عێراق: • داهاتی نەوت لە مانگی ئازاری رابردوودا گەیشتوەتە (10 ملیارو 913 ملیۆنو 197 هەزار) دۆلار. • تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی ئازاردا گەیشتوەتە (100 ملیۆنو 579 هەزارو 612 هەزار) بەرمیلو بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر كێلگە نەوتییەكاندا: - (99 ملیۆنو 130 هەزارو 677) بەرمیل نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاستو باشوری عێراقەوە هەناردەكراوە. - (ملیۆنێكو 448 هەزارو 935) بەرمیلنەوت لە كەركوكەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا كراوە. - تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی ئازاردا گەیشتوەتە (108,503) دۆلار. - نەوتە هەناردەكراوەكەی مانگی ئازار لەلایەن (34) كۆمپانیای جیهانییەوە لە بەندەری باشورو بەندەری جەیهانەوە باركراوە.
ئاسۆ گەڵاڵی دەریاچەی ئەفسانەیی ساوە، دەریاچەیەكی مێژوویی و داخراو بوو لە بیابانی سەماوەی پارێزگای موسەننا لەباشووری عێراق و دەكەوتە دووریی ٢٣ كیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری سەماوە. ساوە، وشەیەكی ئارامییە و بە مانای (پیر) دێت، پێدەچێ لەبەر ئەوەبووبێت كە تەمەنی ئەم دەریاچە خواڕسكە، 10 هەزار ساڵی تێپەڕاندبوو. ئەوەی لەو دەریاچەیەشدا جێگای سەرسووڕمانبوو، ئەوەبوو، كە ئاوی هیچ رووباڕێك نەدەڕژایە ناوی و هیچ ئاوێكیشی لەبەر نەدەڕۆشت، بەڵكو سەرچاوەی ئاوی دەریاچەكە تەنها لەژێر زەوییەوە بوو، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ڕووباری فورات تەنها 10 كیلۆمەتر لێیەوە دووربووە. درێژیی دەریاچەی ساوە نزیكەی 5 كیلۆمەتر و پانییەكەشی نزیكەی 2 كیلۆمەتر بوو، سەرچاوە مێژووییەكان دەڵێن دەریاچەی ساوە لە پێش زایینەوە هەر هەبووە، دەریاچەكە پێش وشكبوونی نزیكەی 5 مەتر لەسەر رووی دەریاوە بەرز بوو، هەرچەندە ئاوی دەریاچەی ساوە (ئەوەندە و نیوێك) لە ئاوی كەنداو سوێرتر بوو، بەڵام جگە لە هەبوونی ماسیی (Arabian toothcarp) لەناو دەریاچەكەدا نزیكەی 25 جۆر باڵندەی ئاوی دەژیان، لەدیارترینیان مراوی ئاوی، گری ئۆراسی، پەپووسلێمانكەی عێراقی، كرووپی خۆڵەمێشی . رۆژی 17 ی ئەم مانگە، لەهەواڵێكی شۆكئامێزدا، وشكبوونی تەواوەتیی دەریاچەكە ڕاگەیەنرا، هۆكارەكەش بەهۆی كەمبارانیی، گۆرانكاریی كەشوهەوا، بیرلێدانی زۆر، كەمكردنی ئاوی فورات لێك درایەوە. بەرپرسانی ئاو لە حكومەتی عێراق، بێمنەتانە گوتیان، وشكبوونی دەریاچەی ساوە هیچ كاریگەریی نیە لەسەر ژیان لەو ناوچەیە، چونكە ئاوی دەریاچەكە سوێربوو و تەنها بە مەبەستی گەشتیاری سوودی لێ دەبینرا. ئەم جۆرە لێدوانانەی بەرپرسان جێی خەمە، كاتێكیش لێی دەكۆڵیتەوە ئیتر پێویست ناكات بگەڕێیت بەدوای قەیرانە ژینگەییەكانی وڵات، ئەم تێگەیشتنە هەڵەیەی حكومەت بەسە بۆ ئەوەی ژێرخانی ژینگەیی هەر جوگرافیایەك تێكبچێت. لەگەڵ ئەوەی گۆڕانی كەشوهەوای جیهانیی، كاریگەریی راستەوخۆی هەبووە لەسەر وشككردنی دەریاچەی ساوە و باقیی كارەساتە ژینگەییەكانی تریش لە عێراق، بەڵام ئەوەی جێی هەڵوەستە لەسەركردنە ئەوەیە، بۆچی عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین شوێنەوارەكانی گۆڕانكاریی ژینگەیی لەسەر دەردەكەوێـت؟ ئەم هێلكەی پیسبوونی ژینگەیە بۆچی دەبێ لەسەری عێراقدا بشكێت؟ هەر لەبارەی دەریاچەی ساوەوە: - ساوە، دەكەوتە نزیك بیابانەكانی سەماوە و هۆكارێك بوو بۆ دابەزینی پلەی گەرمای ئەو ناوچەیە. - خاوەنی خوێیەكی زۆر بوو، تەنانەت لە هەندێك شوێندا خوێیەكەی، باڵامرۆڤێك بەرزببووەوە، بەڵام هیچ سودی لێ نەبینرا. - هەرچەندە رۆژانە دەیان ئۆتۆمبێل بەمەبەستی گەشت و سەیران و مەلەكردن دەچوونە قەراغ دەریاچەكە، بەڵام ساوەی ڕەحمەتی، تا وشكیش بوو، نەك خزمەت نەكرا، تەنانەت جادەی قیری بەخۆیەوە نەبینی. - هەرچەندە پارێزگای (موسەنا) لەساڵی 2014 بە پایتەختی كشتوكاڵیی عێراق دیاریی كرا، بەڵام ئێستا قەیرانی كشتوكاڵ خودی پایتەختەكەشی گرتۆتەوە، ئەوەتا دەریاچەیەكی چەند هەزار ساڵە وشك دەبێت و كەسیش خۆی لێ ناكاتە خاوەن. - بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی ژینگەی موسەنا، تەنها لەو ناوچەیەی (ساوە) زیاتر لە 1300 بیری ئیرتیوازی لێ دراون. بەم هۆیەشەوە پێكهاتە تەكنتۆنییەكانی زەوی، دەمێك بوو لەو ناوچەیە دەستیان بە جوڵەكردبوو، چەند ساڵێكیشە نیشانەكانی كەمبوونەوەی دەریاچەكە دەركەوتبوون، تا وشكبوو. بێگومان بە تێروانین لە كارەساتەكان دەگەینە ئەوەی كە سیستمی بەڕێوەبردن لە وڵات، كاریگەریی راستەوخۆ و دیاری هەیە لە هەر خراپبوونێكی ژینگەیی، بەو پێیەی هەمان گۆڕانكارییەكان لە وڵاتانی تری جیهانیش هەیە، بەڵام هەریەكەیان بە پلانی دروست و دابینكردن و خەرجكردنی بودجەی پێویست ڕێگرییان كردووە لەوەی كاریگەریی گەورەی گۆڕانكارییەكان لەسەریان دەربكەوێت. ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا لە عێراق ڕوویداوە لە (هەڵكەندنی بیری ئاو لەدەرەوەی یاسا و خراپ بەكارهێنانی ئاوی ژێر زەوی، پیسكردن و بەكارهێنانی سەرچاوە ئاوییەكان، كەمیی رێژەی سەوزایی، هەبوونی گەندەڵی لە كەرتی ژینگە، كەمبوونەوەی كشتوكاڵ و جووتیاران، بەكارنەهێنانی زانستیی ئاو) و لەهەمووشیان مەترسیدارتر (خراپیی پلاندانان و خراپیی ئیدارەدانی سیاسەتی ئاوی) كاریگەریی راستەوخۆیان هەبووە لەسەر كاریگەرییە ژینگەییەكان و لەناویشیاندا، وشكبوونی دەریاچەی ساوە. ڕووداوی وشكبوونی دەریاچەی ساوە، دەكرێ بە نیشانەی دەستپێكی سەردەمێكی نوێی (قاتی) لێك بدەینەوە بۆ عێراق و عێراقییەكان، بێگومان نەمانی سەرچاوەی ئاو شوێنەواری زۆر بەجێدەهێڵێت لە نمونەی گرانیی، پیسبونی كەشوهەوا، تێكچوونی هاوسەنگی، كەمبوونەوەی هەمەجۆریی زیندەیی، برسێتیی، كورتهێنان و كۆچی بەكۆمەڵی ئاژەڵ و باڵندەكان و دوورنیە كۆچی بەكۆمەڵی دانیشتوانیشی لێ بكەوێتەوە، كە بێگومان هەرێمی كوردستانیش بێبەش نابێت لە زیانمەندبوون لەم شوێنەوارانە. * ئەندازیاری كشتوكاڵی