بەشداری نەوت لە سامانی گشتی عێراق (2015 - 2021)

Draw Media

2023-03-25 08:59:13



شیكاری: درەو

-  بەپێی داتاکانی ئۆپێک عێراق بە تێکڕا لە ساڵی (2015 - 2022) زیاتر لە (3 ملیۆن و 577 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەناردە کردووە. تێکڕاش داهاتی هەر ساڵێکی زۆرتر بووە لە (75 ملیار و 265 ملیۆن) دۆلار.
پاڵپشت بە یاساکانی بودجەی گشتی عێراق لە ساڵانی (2015 - 2021)؛ 
-  داهاتی نەوت بە تێکڕا (84.65)%ی داهاتی گشتی پێکدەهێنێت. 
-  داهاتی نەوت بە تێکڕا زیاتر لە (66%)ی خەرجییە گشتیەکان بۆ پێکدەهێنێت. 
-  داهاتی نەوت دەتوانێت بە تێکڕا لە ماوەی (2015 - 2021) زیاتر لە دوو هێندە و نیوی بە رێژەی (258%) خەرجی وەبەرهێنان بگرێتەوە
-  داهاتی نەوت بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی بەگەڕخستن زیاتر لە (90%)ە، واتە خەرجییەکانی بەگەڕخستن دەتوانێت (90%)ی داهاتی نەوت هەڵبمژێت!!


عێراق سامانێکی گەورەی نەوتی هەیە کە بە زیاتر لە (145 ملیار) بەرمیلی یەدەگی نەوت دەسەلمێنرێت، بەڵام ئەم سەروەتە بەنرخە وەک پێویست بۆ خزمەتکردنی پایە ئابوورییەکان عێراق بەکارنەهێنراوە.
عێراق ڕۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاو هەناردە دەکات و بە ملیارەها دۆلاری دەستدەکەوێت، کە بووە پایەی سەرەکی داهاتی گشتی و خەرجییە گشتیەکانی دەوڵەت، بەتایبەتی خەرجییەکانی بەکاربردن، خەرجییەکانی وەبەرهێنانیش لە ژێر کاریگەرییەکانی هەڵاوسانی نرخی نەوت و داهاتەکەیەتی.

یەکەم؛ هەناردە و داهاتی نەوت
عێراق لە ماوەی ساڵانی (2015 – 2022) بە تێکڕا زیاتر لە بڕی (3 ملیۆن و 577 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەناردە کردووە، بە تێکڕاش داهاتی هەر ساڵێکی زۆرتر بووە لە (75 ملیار و 265 ملیۆن) دۆلار، وەک لە خشتەکەی خوارەوەدا دەرکەوتووە و تێیدا پشت بە داتاکانی رێکخراوەی ئۆپێک بەستراوە.
خشتەی ژمارە (1)

 

دووەم؛ داهاتی نەوت و داهاتی گشتی
داهاتی نەوت بڕبڕەی پشتی داهاتە گشتیەکانە، ئەمەش زیاتر دەسەلمێت بە بەرزبوونەوەی قەبارەی ڕێژەی یەکەم بۆ دووەم، بەو پێیەی داهاتی نەوت لە ماوەی (2015 - 2021) بە تێکڕا (84.65)%ی داهاتی گشتی پێکدەهێنێت، یان بە مانایەکی دیکە سەرجەم داهاتەکانی تر کە بە داهاتە نانەوتییەکانیش ناودەبرێت (15.35%)ی داهاتی گشتی بە تێکڕا پێکدەهێنێت بۆ هەمان ماوەی ناوبراو، وەک لە خشتەی ژمارە (2) نیشان دراوەو پشت بە یاساکانی بودجەی ساڵانی نابراو بەستراوە.
خشتەی ژمارە (2)

ساڵی (2020) لە خشتەی سەرەوەدا ئاماژەی پێنەکراوە بەهۆی نەبوونی یاسای بودجە بۆ ئەو ساڵە، بە هۆکاری سیاسی، دارایی و تەندروستی، ئەگەر ئەو خشتەیەی سەرەوە بگۆڕێن بۆ فۆرمێکی گرافیکی بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کە داهاتی گشتی تا چەند هاوتەریبە لەگەڵ داهاتی نەوت. ئەوا بڕوانە (چارتی ژمارە (1)).
چارتی ژمارە (1)

لەم چارتەی سەرەوە تێبینی ئەوە دەکەین کە کێرف (ئاست)ی داهاتی گشتی هاوتەریب و زۆر نزیکە لە کێرف داهاتی نەوت، بەو پێیەی داهاتی نەوت بڕبڕەی پشتی داهاتی گشتی پێکدەهێنێت.

سێیەم؛ داهاتی نەوت و خەرجی گشتی
قەبارەو رێژەی بەشداری داهاتە نەوتییەکان بڕبڕەی پشتی خەرجی گشتی پێکدەهێنن، خشتەی ژمارە (3) ئاستی بەشداری داهاتی نەوت نیشان دەدات لە پڕکردنەوەی خەرجی گشتی لە ماوەی نێوان (2015 - 2021) کە لە یاساکانی بودجەی ساڵانی عێراق ئاماژەیان پێدراوە.
خشتەی ژمارە (3)


لەم خشتەیەی سەرەوەدا ڕوونە کە داهاتی نەوت بە تێکڕا زیاتر لە (66%)ی خەرجییە گشتیەکان بۆ ماوەی 2015-2021 پێکدەهێنێت و ئەمەش ڕێژەیەکی بەرزە، واتە داهاتەکانی دیکە (داهاتە نانەوتییەکان) لەئاستی پێویست نین و ناتوانن تەریب لەگەڵ داهاتی نەوت بۆ پڕکردنەوەی خەرجییە گشتیەکان بەشداربن چونکە داهاتە نانەوتییەکان شێوەیەکی گشتی تەنها (15%)ی داهاتی گشتی پێکدەهێنن، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا.
هەروەک چۆن داهاتی گشتی هاوتەریب لەگەڵ داهاتی نەوت بەهۆی ڕێژەی بەرزبوونەوەی ئەوەی دووەمیان داهاتی گشتش بەرز دەبێتەوە، بەهەمان شێوە هەست بە هەمان شت دەکەین سەبارەت بە خەرجییە گشتیەکان، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە شێوەیەکی هاوتەریب و نزیک لە هەمان ئاست خەرجییە گشتییەکان زیاد دەکەن، وەک لە چارتی ژمارە (2) دا رووندەبێتەوە.
چارتی ژمارە (2)


هاوسەنگ بوون و لێکنزیکی خەرجییە گشتیەکان لەگەڵ داهاتی نەوت لە ڕووی ئابوورییەوە ئاماژەیەکی ناتەندروستە، چونکە بەهۆی ناسەقامگیری داهاتی نەوت و هەڵاوسانی نرخی نەوت کە ملکەچی بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی وزەیە، هەروەها بێتوانایی دەوڵەت لە کۆنترۆڵکردنی بڕی هەناردەی نەوت بەهۆی ئەندامێتی لە رێکخراوی ئۆپێک کە بڕی بەرهەمهێنان دیاری دەکات بۆ پاراستنی هاوسەنگی نرخی نەوتی نێودەوڵەتی.
گەورەترین گرفتی ناسەقامگیری داهاتی نەوت ئاراستەکەیەتی، واتە داهاتی نەوت بەرەو لایەنی خەرجی بەگەڕخستن یان لایەنی وەبەرهێنان ئاڕاستە دەکرێت؟ ئەمەش لەم دوو خاڵەی خوارەوە ڕوون دەبێتەوە، کە ئەوەی لە عێراق هەیە روی لە چی ئاراستەیەکە.

چوارەم؛ داهاتی نەوت و خەرجی بەگەڕخستن
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا بە کۆکردنەوەی ئەو داتایانەی لە یاساکانی بودجەی ساڵانی (2015 - 2021)ی عێراق دەڕوانیت، چەند ڕاستییەک روون دەبێتەوە، بۆ نمونە لە خشتەی ژمارە (4)دا کاتێک لە ستوونی کۆتایی خشتەی خوارەوە دەڕوانیت، تێبینی دەکەین کە داهاتی نەوت زۆربەی خەرجییەکانی دەگرێتەوە دەگرێتەوە و لە ساڵی (2015)دا سەرجەم و تەنانەت زیاتریش داهاتی نەوت خەرجییەکانی بەگەڕخستنی گرتووەتەوە! واتە تەنها خەرجییەکانی بەگەڕخستن داهاتی نەوت بە ڕێژەیەکی بەرز هەڵدەمژن، بڕوانە خشتەی ژمارە (4).
خشتەی ژمارە (4)

وەک لە خشتەکەدا رونکراوەتەوە تێکڕای بەشداری داهاتی نەوت بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی بەگەڕخستن زیاتر لە (90%)ە لە ساڵانی (2015 -2021) واتە خەرجییەکانی بەگەڕخستن دەتوانێت (90%)ی داهاتی نەوت هەڵبمژێت!! ئەمەش بەو مانایە نییە کە خەرجییەکانی بەگەڕخستن (90%)ی خەرجییە گشتییەکان پێکدەهێنن، چونکە خەرجییەکانی بەگەڕخستن بە تێکڕا (73.8%)ی خەرجییە گشتیەکان پێکدەهێنن لە ماوەی ساڵانی (2015 - 2021)، واتە داهاتی نەوت زیاتر لە قەبارەی خەرجییەکانی بەگەڕخستن دەگرێتەوە.
پرسەکە پەیوەندیدارە بەوەوە کە داهاتی نەوت تا چەند خەرجییەکانی بەگەڕخستن دەگرێتەوە و تا چەند ئەمەی دووەمیان لەگەڵ یەکەمدا دەگونجێت، وەک لە (چارتی ژمارە (3))دا دەردەکەوێت.
چارتی ژمارە (3)

کاتێک تێبینی دەکەین کە خەرجییەکانی بەگەڕخستن نزیکە لە داهاتی نەوتەوە، ئەمە دەبێتە ئاماژەیەکی گەورەی ناتەندروستی ئابووری، ئەمەش لەبەر زۆر هۆکار، لەوانە؛ ئەوەی نەوت بەشدارە لە دەستخستنی سەرمایەیەک و سەروەت و سامانێک ناتوانرێت بۆ بەگەڕخستن بازرگانی پێوە بکرێت، چونەک نەوت لە نرخدا دەگۆڕێت و کاریگەری لەسەر داهات جێدەهێڵیت، کاتێکیش خەرجییەکانی بەگەڕخستن بە ئاراستەی دابەزین نەگۆڕن، بۆ نمونە لە ساڵی (2021)دا، کاتێک داهاتی نەوت کەمیکردووە، هاوکات خەرجییەکانی بەگەڕخستنیش کەمیکردووە کە ئەمەش ئاماژەیەکی هەڵەیە، جگە لەو کاریگەرییە نەرێنییانەی کە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەدای گشتی ئابوری دەبێت.

پێنجەم؛ داهاتی نەوت و خەرجی وەبەرهێنان
پێویستە سەرەتا ئاماژە بەوە بکرێت کە بەشداری داهاتی نەوت بۆ خەرجییەکانی وەبەرهێنان بە مانای ڕێژەی خەرجییەکانی وەبەرهێنان بە خەرجییە گشتییەکان نایەت، چونکە پەیوەندی بەو ڕادەیە هەیە کە خەرجییەکانی وەبەرهێنان داهاتی نەوت هەڵدەمژن و تا چەندی یەکەمیان لەگەڵ ئەم دووەمیاندا دەگونجێت.
وەک لە (خشتەی ژمارە (5))دا رونکراوەتەوە داهاتی نەوت دەتوانێت بە تێکڕا لە ماوەی (2015 - 2021) زیاتر لە دوو هێندە و نیوی (258%) خەرجی وەبەرهێنان بگرێتەوە، بەڵام ڕێژەی خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە بودجەدا لە ئاستێکی نزمدایەوە، تەنها (26%)ی خەرجییە گشتییەکان پێکدەهێنێت!
خشتەی ژمارە (5)

ئەوەی لێرەدا جێگەی ئاماژە پێکردنە پرسی بە قوربانی کردنی وەبەرهێنانە، چونکە خەرجی وەبەرهێنان لە ئابووریی نەوتدا بە گشتی لاوازترین ئەڵقەیە، بەو مانایەی کە هەرکاتێک نرخی نەوت و داهاتی نەوت کەم دەبێتەوە، ئەم دابەزینە بە قوربانیدانی خەرجییەکانی وەبەرهێنان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی قەرەبوو دەکرێتەوە.
بەمەبەستی ڕوونکردنەوەی ئاستی داهاتی نەوت تا چەند خەرجییەکانی وەبەرهێنان دەگرێتەوە و هاوسەنگ بێت، دەتوانرێت خشتەی سەرەوە بگۆڕدرێت بۆ (چارتی ژمارە (4)).
چارتی ژمارە (4)

وەک تێبینی دەکرێت، لە ڕێگەی ئەو چارتەی سەرەوە، کە خەرجییەکانی وەبەرهێنان هاوتەریب لەگەڵ داهاتی نەوت بۆ ساڵانی (2015 - 2021)، زۆر دوورن لەیەکتر، واتە ئەو داهاتە نەوتییانەی کە دەچنە سەر خەرجییەکانی وەبەرهێنان زۆر کە ئاستی پێویست کەمترن.


دەتوانین لەو خاڵانەی سەرەوە بەم دەرەنجامانە بگەین
1.    داهاتی گشتی هاوتەریب لەگەڵ داهاتی نەوتدا دەڕوات، وهەمان شت بۆ خەرجییە گشتیەکان بە گشتی دەگونجێت.
2.    خەرجیەکانی بەگەڕخستن بەشێوەیەکی هاوتەریب و نزیکە لە هاوشانی داهاتی نەوتەوە، وە بەبێ هیچ نەرمی و مرونەتێک بە هەر دابەزین یان بەرزبوونەوەیەک لە ئاستی داهاتی نەوت خەرجی بەگەڕخستن دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە.
3.    خەرجی وەبەرهێنان هاوتەریب بەڵام نەگونجاو لەگەڵ داهاتی نەوت، ئەمەش گوزارشتە لە بێ بایەخی خەرجی وەبەرهێنان و ناتەبایی لەگەڵ قەبارەی داهاتی نەوت.
بەم پێیەش پێوستە کار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بکرێت:
1.    داهاتی گشتی و خەرجییە گشتیەکان بە هاوتەریب لەگەڵ باقی داهاتەکانی تر بەرەوپێش بچێت، بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لە کاریگەرییە نەرێنییە گرێدراوەکانی پەیوەست بە داهاتی نەوت.
2.    خەرجی بەگەڕخستن هاوتەریب بێت لەگەڵ داهاتە نانەوتییەکان نەک داهاتە نەوتییەکان.
3.    کاربکرێت بۆ ئەوەی خەرجییەکانی وەبەرهێنانەکان هاوتەریب و هاوشانی داهاتی نەوت بکرێت، بۆ دەستەبەرکردنی مانەوەی سەروەت و سامانی نەوت، و چاندنەوەی لە سەر زەوی ئەوەی لە ژێر زەوی دەرهێنراوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە ئابووری و کۆمەڵگا بکات.


سەرچاوە
1.    حامد عبد الحسين الجبوري، النفط والمالية العامة في العراق، مرکز الفرات للتنمية والدراسات الاستراتيجية، 15/3/2023؛
http://fcdrs.com/economical/1822
2.    درەو میدیا هەناردە، نرخ و داهاتی نەوتی عێراق لە ساڵی 2022، 7/1/2023؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11799


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand