Draw Media

یاریزانە سەرەكییەكانی جەنگی عێراق لەكوێن؟

یاریزانە سەرەكییەكانی جەنگی عێراق لەكوێن؟

2023-03-19 11:50:59


(درەو):
جۆرج بوشی كوڕ كە سەركردایەتی جەنگی كرد بۆ روخانی رژێمی سەدام، ئێستا زۆربەی كاتەكانی لە كێڵگەكەی لە تەكساس بەسەردەبات‌و سەرقاڵی وێنەكێشانە، مونتەزەر زەیدی ئەو رۆژنامەنوسە عێراقییەی كە پێڵاوەكانی لە جۆرج بوش گرت،  ساڵی 2018 خۆی بۆ پەرلەمانی عێراق كاندید كرد، دەرنەچوو، دیك چینی جێگری بوش، لەسەردەمی جەنگی عێراقدا سەرقاڵی راوكردن بوو، بەهەڵە فیشەكی بە هاوڕێیەكی خۆیەوە نا، رامسفێڵد وەزیری بەرگری بوش ژیاننامەی خۆی لە كتێبێكدا نوسیەوەو دوای ئەوە بە شێرپەنجە مرد، كۆڵن پاوڵ بە كۆر‌ونا مرد، خاتوو كۆندالیزا رایس وەزیری دەرەوەی بوش گەڕاوەتەوە بۆ سەر كارە ئەكادیمییەكەی لەزانكۆی ستانفۆرد، پۆل بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق، بووە بە راهێنەری یاری سەر بەفر لە یەكێك لە هاوینەهەوارەكان، محەمەد سەعید سەحاف كە نازناوی "عەلی كۆمیدی" لێنرا، شوێنەكەی نادیارە بەڵام دەوترێت ئێستا لە ئیماراتی عەرەبییە. 

20 ساڵ دوای جەنگ
بیست ساڵ تێپەڕی بەسەر هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق، كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەركردایەتی دەكرد، ئەو جەنگە بووە هۆی شڵەژاندنی سەقامگیری نەك تەنها لە عێراق بگرە لەناوچەكەش، كە تا ئەمڕۆ بەڕوونی پێوەی دیارە، بەدوایدا ململانێیەكی درێژی یاخیبوون‌و جەمسەربەندی سیاسی هاتە ئاراوە، سەدام توانی بۆ نزیكەی نۆ مانگ هەڵبێت، بەرلەوەی لەمانگی كانونی یەكەمی هەمان ساڵدا دەستگیربكرێت.
بەڵام چی بەسەر یاریزانە سەرەكییەكانی تری جەنگدا هات، كە تا ئەمڕۆش مشتومڕ لەبارەیانەوە گەرمە؟  

سەدام حسێن
لەساڵی (1979) بۆ (2003) بەمشتێكی پۆڵاین حوكمی عێراقی كرد، لەهێرشی ئازاری (2003) دوای سێ‌ هەفتە لەهێرشی هاوپەیمانان، هێزەكانی هەرەسیهێنا.
دیكتاتۆر خۆی شاردەوە، تا لە رۆژی (13) كانونی یەكەمدا لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە دەستگركیرا، لەساڵی (2006)دا لەبەغداد لەسێدارەدرا. 

جۆرج بوشی كوڕ
لەساڵی (2003) جۆرج بوشی كوڕ بووە دووەم سەرۆك كە جەنگ دژی عێراق بەرپابكات، بەشوێنپێی جۆرج بوشی باوكیدا كە لەساڵی (1989-1993) سەرۆكی ئەمریكا بووە.
بوشی (75)ساڵ لەدوای كۆتایهاتنی سەرۆكایەتییەكەیەوە پێگەیەكی لاوازی هەیە، بەڵام لەدەركەوتنە میدیاییە دەگمەنەكانیدا بەرگری لەبڕیاری هەڵگیرساندنی جەنگ دەكات دژی عێراق. 
بوش تەنها لەبۆنە فەرمییەكانی وەك مەراسیمی دەستبەكاربوونی سەرۆكایەتی‌و پرسەدا دەردەكەوێت، زۆربەی كاتەكانی لە كێڵگەكەی لە تەكساس بەسەردەبات‌و سەرقاڵی خولیاكانێتی لەنمونەی وێنەكێشان، لەساڵی (2021) كتێبێكی وێنە تایبەتییەكانی بڵاوكردەوە.  

دیك چینی
جێگری سەرۆك جۆرج بوشی كوڕ بوو، لەسەرسەخترین پشتیوانەكانی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بوو بۆ سەر عێراق، لەچەندین لێدوانی ئاشكرادا رژێمی سەدام حسێنی بەوە تۆمەتباركردووە كە خاوەنی چەكی كۆمەڵكوژە، ئەوەش بانگەشەیەك بوو كە واشنتۆن كردی بە پاساو بۆ ئەنجامدانی جەنگ.
لەكاتێكدا عێراق لەساڵی (2006)دا سەرقاڵی جەنگی تائیفی بوو، چینی بە ئەنجامدانی توندوتیژی تۆمەتباركرابوو كاتێك بەهەڵە لەكاتی ڕاودا فیشەكی نا بەهاوڕێكەیەوە، سەرەنجام هاوڕێكەی نەمردو چینیش ڕزگاری بوو.
چینی تەمەن (82)ساڵ، بەپێچەوانەی سەردەمی بوش لەئێستادا قسە لەسەر پرسە سیاسییەكان‌و گردبونەوەكانی هەڵبژاردن دەكات، بەئاشكرا رەخنەی لە دۆناڵد ترەمپ گرت لەبارەی ئەو كارە تێكدەرانەیەی لەبارەگای كاپیتۆڵ لەساڵی (2021) رویدا. 

دۆناڵد رامسفیڵد
دۆناڵد رامسفیڵد وەزیری بەرگری بوش لە ساڵاَنی (2001-2006) رۆڵێكی دیارو جێی مشتومڕی هەبوو لەجەنگی ئەفغانستان‌و عێراقدا.
رامسفیڵد بەوە تۆمەتباركرا هەڵسەنگاندنی نادروستی هەواڵگری پێشكەشەكردووە بۆ پشتیوانیكردنی روخاندنی سەدام حسێن‌و چاپۆشی كردووە لە ئەشكەنجەدانی بەدیلگیراوانی جەنگ لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە. 
رامسفیڵد لەساڵی (2006)، كاتێك پۆستەكەی جێهێشت ناڕەزاییەكی جەماوەری‌و سیاسی فراوان هەبوو لەبارەی مامەڵەكردنی ئەمریكا لە عێراق دوای جەنگ.
لەگەڵ ئەوەشدا رامسفیڵد خۆی بەدورنەگرت، ژیاننامەی خۆی لە كتێبێكدا بڵاوكردەوە، بەشداریكرد لە فیلمێكی بەڵگەنامەیی لەبارەی ژیانی پیشەیی‌و چووە پاڵ وەزیرەكانی پێشووی بەرگری لە هۆشداریدان بە ترەمپ لە هەوڵەكانی بۆ گۆڕینی شكستەكەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەساڵی (2020)دا. 
رامسفیڵد لەمانگی حوزەیرانی ساڵی (2021) بەنەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایكرد. 

كۆندۆلیزا رایس
رایس وەك یەكەم ژنە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی دەستبەكاربووە، دواتر بووە بە وەزیری دەرەوە لەماوەی هەشت ساڵی سەرۆكایەتی بوشدا، یەكەم ژنی رەشپێست بووە لەمێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو پۆستە باڵایەی هەبێت.
وێڕای ئەوەی لەوانەبوو پشتیوانی جەنگی دەكرد دژی عێراق، فشاری لەسەر میدیاكانی ئەمریكاش دروستدەكرد لەبارەی ئەو مەترسیانەی رژێمی سەدام حسێن هەیەتی.
دوای كۆتایهاتنی سەرۆكایەتی بوش، رایس گەڕایەوە بۆ سەر كارە ئەكادیمییەكەی لەزانكۆی ستانفۆردو لەوێ‌ وەك بەڕێوەبەری دامەزراوەی هۆڤەری هزری كاردەكات.

پۆل بریمەر
بریمەر لەمانگی ئایاری (2003)دا لەلایەن جۆرج بوشەوە بە سەرۆكی كاتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دیاریكرا، كە بووە باڵاترین دەسەڵات لە وڵاتدا. 
بڕیارەكەی بەهەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق رووبەڕووی رەخنەی توندی كردەوە، ئەوەشی درایە پاڵ كە پارە تەرخانكراوەكانی بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق خراپ بەكارهێناوە. بریمەری (81) ساڵ، لە ولایەتی فێرمۆنت ژیانێكی ئارام بەسەردەبات، لەساڵی (2018) مانشێتی رۆژنامەكانی ئەمریكای داگیركرد، كاتێك دەركەوت  وەك راهێنەری یاری سەر بەفر لە یەكێك لە هاوینەهەوارەكان كاریكردووە. 

كۆڵن پاوڵ
جەنەراڵ پاوڵ لەكاتی جەنگی عێراقدا وەزیری دەرەوە بوو، یەكەم رەشپێست بوو ئەو پۆستە وەربگرێت.بەپێچەوانەی ئەندامانی تری حكومەتەكەی بوشی كوڕ، پاوڵ دژی پلانی هێرشكردنە سەر عێراق بوو، بەڵام لەمانگی شوباتی (2003)دا داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد دەستوەردانی سەربازی بكات، تەنانەت بەڵگەی ئەوەی خستەڕوو گوایە رژێمی سەدام حسێن چەكی كۆمەڵكوژی شاردووەتەوە. 
لەساڵی (2004)دا دەستیلەكاركێشایەوەو لەبەردەم كۆنگرێسدا دانی بەوەدانا كە ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی بەر لە ساڵێك پێشكەشكراوە ورد نەبووە.
لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی (2008)دا لەكۆمارییەكان جیابوەوەو پشتیوانی باراك ئۆباما كاندیدی دیموكراتەكانی كرد. لەساڵی (2021)داو لە تەمەنی (84) ساڵیدا بەهۆی تووشبونی بەپەتای كۆرۆنا گیانی لەدەستدا. 

تۆنی بلێر
دەكرێت بوترێت ناوبانگی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا زیانی زیاتری بەركەوت وەك لەناوبانگی جۆرج بوشی كوڕ بەهۆی پشتیوانیكردنی لەجەنگی عێراق. بلێر رووبەڕووی رەخنەی توندبووەوە لەلایەن لێكۆڵینەوەی فەرمی لەدۆسییەكە، كە لەساڵی (2016) ئاماژەی بەوەكرد بلێر زیادەڕۆیی كردووە لەقەبارەی ئەو هەڕەشەیەی رژێمی سەدام حسێن دروستیدەكات، لەگەڵ ناردنی هێزی سەربازی نائامادەكراو بۆ جەنگ‌و نەبونی پلانی پێویست بۆ دوای ئەوە.
بلێری (69)ساڵ، لە (2007)دا دەستیلەكاركێشایەوە، لەوكاتەوە ژیانی تەرخانكردووە بۆ پەیمانگای تۆنی بلێر بۆ گۆڕانی جیهانی، كە ڕێكخراوێكی ناحكومییە، بەڵام بڕیاری جەنگ هێشتا باڵی بەسەر كەلەپوری بلێردا كێشاوە، ساڵی رابردوو زیاتر لە (500) هەزار كەس نوسراوێكیان واژوكرد دژی ئەوەی بلێر مەدالیای سوارچاكی حكومەتی بەریتانیا وەربگرێت.

هانس بلێكس
دیپلۆماتكارو سیاسی سویدی سەرۆكایەتی لیژنەی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد بۆ چاودێری‌و لێكۆڵینەوەو پشكنین، كە لە عێراق بەدوای چەكی كۆمەڵكوژدا دەگەڕا، هیچی نەدۆزییەوە پێش ئەو جەنگەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە (2003)دا سەركردایەتی كرد.  
بلێكسی (94) ساڵ لەئێستادا لە ستۆكهۆڵم دەژی‌و هێشتا چالاكە لە گفتۆگۆكان لەبارەی سیاسەتی نێودەوڵەتی‌و لەسەروبەندی بڵاوكردنەوەی كتێبێكی نوێدایە.

عەلی حەسەن مەجید "عەلی كیمیاوی"
ئەو فەرماندە سەربازییەی پێشووی عێراقە كە نازناوێكی خراپی لێنرا "عەلی كیمیاوی"، بەهۆی ئەو رۆڵەی هەیبوو لەهێرش بۆ سەر كوردەكان بەغازی ژەهراوی، كە بەهۆیەوە هەزاران كەس كوژران.
لەمانگی ئابی (2003)دا لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە دەستگیركرا، بەتۆمەتی كۆمەڵكوژی‌و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە مانگی كانونی دووەمی (2010) لەسێدارەدرا.

محەمەد سەعید سەحاف- عەلی كۆمیدی
سەحاف لەكاتی هێرشەكەی ساڵی (2003)دا وەزیری راگەیاندنی عێراق بوو، هەر زوو میدیاكانی خۆرئاوا نازناوی "عەلی كۆمیدی"یان لێنا، بەهۆی دەركەوتنی بەجلی رەنگاو رەنگ لەكۆنگرە رۆژنامەوانییە رۆژانەكانیدا، وێڕای ئەوەی زانیاری ناڕاستی لەسەر دۆخی مەیدانی جەنگ بڵاودەكردەوەو بەڵێنی شكستپێهێنانی ئەمریكییەكانی دەدا.
شوێنی نیشتەجێبونی ئێستا نەزانراوە، پێدەچێت هەڵاتبێت بۆ ئیماراتی عەرەبی.

موقتەدا سەدر
دوای هێرشی ئەمریكا بۆ عێراق ئەو پیاوە ئاینییە دەركەوت، گروپەكەی "جەیشی مەهدی" شەڕی هێزە بیانییەكانی كرد، بەوە تۆمەتباركراوە كە سەركردایەتی تیمە تائیفییەكانی مەرگی كردووە.
لەوكاتەوە واخۆی نمایشدەكات كە پیاوێكی نەتەوەیی‌و چالاكێكی دژە گەندەڵییە، لیستەكەی لە هەڵبژاردنەكانی (2018و 2021)دا زۆرترین كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.

نوری مالیكی
یەكەم سەرۆك وەزیری عێراقە كە ماوەی تەواوەتی خۆی تەواوكردووە لەدوای روخاندنی رژێمی سەدامەوە، لەمانگی ئایاری (2006)دا پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە.
رەخنەگرانی تۆمەتباری دەكەن بەدورخستنەوەی سیاسییەكانی سوننەو كورد، لەساڵی (2007)دا، داوای لابردنی كرا بەڵام لە پۆستەكەی مایەوە تاساڵی (2014)، دوای زنجیریەك شكست لەشەڕی دژ بە رێكخراوی داعش.  مالیكی (72)ساڵ تائێستا سەرقاڵی سیاسەتە لە عێراق.

ئایەتوڵا عەلی سیستانی
بەوپێودانگەی باڵاترین دەسەڵاتی ئاینیی شیعەیە لە عێراق، سیستانی رۆلێكی سەرەكی گێڕاوە لە سیاسەت‌و ئاین لەدوای (2003)وە، بەپێچەوانەی سەدرەوە ئەم ئاڕاستەی سیاسی هەڵبژارد لەبری یاخیبوون. 
تەمەنی (92) ساڵە، بەڵام هێشتا كەسایەتییەكی خاوەن كاریگەرییەكی گەورەیە لە عێراق. 

مونتەزەر زەیدی
مونەتەزەر زەیدی رۆژنامەنوسی عێراقی بووە خاوەنی ناوبانگێكی جیهانی لەمانگی كانونی یەكەمی (2008)دا، كاتێك پێلاوەكەی گرتە جۆرج بوشی كوڕ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەغداد كە بەبۆنەی دواین گەشتی سەرۆكی ئەمریكا رێكخرا بەسیفەتی داگیركەر لە عێراق. 
زەیدی شەش مانگ زیندانی كراو بانگەشەی ئەوەیكرد كە رووبەڕووی ئەشكەنجە بووەتەوە، دوای ئازادكردنی روویكردە لوبنان‌و دواتر گەڕایەوە بۆ عێراق، لەهەڵبژاردنی (2018)ی پەرلەمانی عێراق شكستیخوارد.
زەیدی بەمدواییانە بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە:" ئەو دیمەنە بەڵگەی ئەوەیە كەسێكی ئاسایی رۆژێك لەڕۆژان توانی بەو كەسە خۆسەپێنە (جۆرج بوش) بڵێت نا، سەرەڕای  ئەو هەموو هێزو تواناو چەك‌و پارەو میدیاو دەسەڵاتەی هەیەتی".

سەرچاوە: بی بی سی
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand