Draw Media

داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە کانونی دووەمی 2023

داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە کانونی دووەمی 2023

2023-04-19 19:40:45


شیكاری: درەو

وەزارەتی دارایی عێراق دواین ڕاپۆرتی خۆی لە بارەی داهات و خەرجی مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2023)ی بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛
🔹 لە مانگی کانونی دووەمی (2023)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر بووە لە (10 ترلیۆن 660 ملیار) دینار، کە (96.5%)ی داهاتی نەوت و(3.5%)ی داهاتی نانەوتی بووە. ئەمە لە کاتێکدایە لە هەمان مانگی (1)ی ساڵی پار داهاتی گشتی وەزارەتەکە (11 ترلیۆن و 595 ملیار) دینار بووەو (94%)ی لە داهاتی نەوتەوە بەدەستهاتبوو.
🔹 لەو داهاتەی لە مانگی (1)ی ئەمساڵ بەدەستهاتووە زیاتر لە (5 ترلیۆن و 561 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (86.5%)ی چووە بۆ خەرجی بەگەڕخستن. بڕی (865 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (13.5%) لە بواری وەبەرهێناندا بەخەرج دراوە. بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا خەرجی بەگەڕخستن نزیکەی (7 ترلیۆن) دینار بووە بە نزیکەی ڕێژەی (96%) و کەمتر لە (300 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (4%) لە وەبەرهێناندا بە خەرج درابوو. 
🔹 هەر بەپێی ئامارەکان دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی لە مانگی کانونی دووەمی (2023) بەڕێژەی (34.7%) و زیاتر لە (3 ترلیۆن 700 ملیار) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا سەرڕێژی داهاتەکە زیاتر بووە و گەیشتووە بە زیاتر لە (4 ترلیۆن و 339 ملیار) دینار بە ڕێژەی (37.4%).
🔹 خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کانونی دووەمی ئەمساڵ زیاتر بووە لە (911 ملیار) دینار و بە جۆرێک؛ ئەنجومەنی وەزیران زۆرتر لە (866 ملیار) دینارو ئەنجومەنی نوێنەران زیاتر (3 ملیار 588 ملیۆن) دینار و سەرۆکایەتی کۆمار (3 ملیار و 588) دینار، خەرجیان هەبووە. بەم پێیەش بێت خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە نزیکەی (40%) و بە بڕی زیاتر لە (362 ملیار و 928 ملیۆن) دینار زیادی کردووە بەراورد بە مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2022).


یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە کانونی دووەمی ساڵانی (2022 و 2023)
پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە کانونی دووەمی (2023)، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە) کە چووەتە خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە، بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 660 ملیار و 291 ملیۆن و 179 هەزار و 912) دینار، بەجۆرێک بڕی (10 ترلیۆن و 285 ملیار و 546 ملیۆن و 454 هەزار و 622) دیناری بەڕێژەی (96.5%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، تەنها بڕی (374 ملیار و 744 ملیۆن و 725 هەزار و 290) دیناری بەڕێژەی (3.5%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. بەم پێیە بێت داهاتی گشتی وەزارەتەکە بەراورد بە کانونی دووەمی ساڵی (2022) داهاتی گشتی بە ڕێژەی (8%) و بڕی (934 ملیار و 997 ملیۆن و 549 هەزار و 642) دینار کەمی کردووە بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)).
خشتەی ژمارە (1)

جێگەی ئاماژەی داهاتی نانەوتی عێراق بۆ مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ وەک لە لەڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی پێدراوە سەرچاوەی گرتووە لە؛
-    باجی کاڵای هاوردە بریتی بووە لە (51 ملیار و 982 ملیۆن و 771 هەزار و 128) دینار.
-    باجی شمەک و رەسمی بەرهەمهێنان بریتی بووە لە (66 ملیار و 292 ملیۆن و 397 هەزار و 867) دینار.
-    داهاتی رەسم بریتی بووە لە (127 ملیار و 882 ملیۆن و 457 هەزار و 557) دینار.
-    داهاتی قازانج لە کەرتی گشتی بریتی بووە لە (21 ملیار و 571 ملیۆن و 501 هەزار و 706) دینار.
-    داهاتی سەمایەگوزاری بریتی بووە لە (2 ملیار و 358 ملیۆن و 153 هەزار و 654) دینار.
-    داهاتەکانی دیکە بریتی بووە لە (104 ملیار و 657 ملیۆن و 443 هەزار و 378) دینار.
هەر لە ڕاپۆرتی ناوبراودا لە چوارچێوەی داهاتە نانەوتییەکان ئاماژە بەوە دراوە بڕی (2 ترلیۆن و 955 ملیار و 608 ملیۆن و 708 هەزار و 100) دینار لە داهاتی ئاڵوگۆڕ (الارادات التحویلیە) کورتهێنان ڕویداوە، بەڵام هۆکاری ئەو کورتهێنانەی ڕوون نەکردووەتەوە.

دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان) لە کانونی دووەمی ساڵانی (2022 و 2023)
هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە کانونی دووەمی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (6 ترلیۆن و 426 ملیار و 560 ملیۆن و 976 هەزار و 291) دینار، بەجۆرێک بڕی (5 ترلیۆن و 561 ملیار و 525 ملیۆن و 808 هەزار و 856) دیناری بەڕێژەی (86.5%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (865 ملیار و 35 ملیۆن و 167 هەزار و 435) دیناری بەڕێژەی (13.5%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. 
ئەگەر بەراوردی داتاکان بکەین بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت بڕی (829 ملیار و 389 ملیۆن و 281 هەزار و 762) دینار بەڕێژەی (11%) خەرجی گشتی کەمی کردووە، بەڵام خەرجی بواری وەبەر‌هێنان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە لە (296 ملیار و 118 ملیۆن و 505 هەزار و 618) دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ (865 ملیار و 35 ملیۆن و 167 هەزار و 435) دینار لە کانونی یەکەمی ساڵی (2023). بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)).
خشتەی ژمارە (2)

سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە کانونی دووەمی ساڵانی (2022 و 2023)
خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە کانونی دووەمی ساڵی (2023)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (865 ملیار و 35 ملیۆن و 167 هەزار و 435) دیناری بەڕێژەی (13.5%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛
1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (7 ملیار و 412 ملیۆن و 840 هەزار و 54) دیناری بۆ خەرج کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا خەرجی ئەم بوارە تەنها بریتی بووە لە (1 ملیار و 527 ملیۆن و 410 هەزار و 496) دینار.
2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (96 ملیار و 77 ملیۆن و 989 هەزار و 209) دیناری بۆ خەرج کراوە، دیسان خەرجی ئەم بوارەش زیادی کردووە، چونکە لە ساڵی ڕابردوودا خەرجی تەرخانکراوی بواری پیشەسازی بریتی بووە لە (81 ملیار و 457 ملیۆن و 810 هەزار و 885) دینار.
3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (102 ملیار و 729 ملیۆن و 623 هەزار و 927) دیناری بۆ خەرج کراوە. بەڵام لە ساڵی ڕابردوو بڕەکە بریتی بووە لە (76 ملیار و 696 ملیۆن و 901 هەزار و 428) دینار.
4.    کەرتی بیناسازی بڕی (564 ملیار و 191 ملیۆن و 689 هەزار و 362) دیناری بۆ خەرج کراوە، بەڵام داهاتی تەرخانکراوی هەمان بوار لە هەمان ماوەی ساڵی (2023) تەنها بریتی بووە لە (129 ملیار و 278 ملیۆن و 690 هەزار و 776) دینار.
5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (94 ملیار و 623 ملیۆن و 24 هەزار و 883) دیناری بۆ خەرج کراوە. ئەمەش زیادکردنێکی بەرچاوە لە خەرجی بوارەکە چونکە لە ساڵی ڕابردوودا ئەو خەرجییە تەنها بریتی بووە لە (7 ملیار و 157 ملیۆن و 692 هەزار و 33) دینار.
6.    خەرجییەکانی دیکەی بواری وەبەرهێنان کانونی دووەمی (2023) بریتی بووە لە (7 ملیار و 412 ملیۆن و 840 هەزار و 54) دینار.
بەپێی ئەو ئامارەکان بێت خەرجی بواری وەبەرهێنان بە ڕێژەی (192%) زیادی کردووەو لە کانونی دووەمی ساڵی پار تەنها بڕی (296 ملیار و 118 ملیۆن و 505 هەزار و 618) دینار بووە و ئەمساڵ گەیشتووە بە (865 ملیار و 35 ملیۆن و 167 هەزار و 435) دینار. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)).
خشتەی ژمارە (3)


چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی لە کانونی دووەمی ساڵانی (2022 و 2023)
لە کانونی دووەمی ساڵی (2023)دا، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (6 ترلیۆن و 959 ملیار و 831 ملیۆن و 752 هەزار و 435) دینار.
لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 660 ملیار و 291 ملیۆن و 179 هەزار و 912) دینار.
بڕی (3 ترلیۆن و 700 ملیار و 459 ملیۆن و 427 هەزار و 477) دیناری بەڕێژەی (34.7%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە.
بەڵام داتاکان لە هەمان ماوەی ساڵی (2022) بەجۆرێک بووە، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (7 ترلیۆن و 255 ملیار و 950 ملیۆن و 258 هەزار و 53) دینار.
لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 595 ملیار و 288 ملیۆن و 639 هەزار و 554) دینار.
بڕی (4 ترلیۆن و 339 ملیار و 338 ملیۆن و 381 هەزار و 501) دیناری بەڕێژەی (37.4%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە سەررێژ هەبووە. بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)).
خشتەی ژمارە (4)

پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کانونی دووەمی ساڵانی (2022 و 2023)
لە کانونی دووەمی ساڵی (2023)دا، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (911 ملیار و 30 ملیۆن و 893 هەزار و 840) دینار. بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی پار ئە خەرجییە بریتی بووە لە (548 ملیار و 102 ملیۆن و 814 هەزار و 177) دینار، بەم پێیەش بە خەرجییەکان بەڕێژەی (66%) زیادی کردووە و زیادکردنەکەش پشکی شێری بە ئەنجومەنی وەزیران دەکەوێت بەهۆی زیادکردنی خەرجی وەبەرهێنانەوە بە جۆرێک؛
1.    ئەنجومەنی نوێنەران لە کانونی دووەمی (2023) بڕی (41 ملیار و 231 ملیۆن و 928 هەزار و 465) دیناری خەرجکردووە. بەڵام لە کانونی دووەمی (2022)دا بڕی (36 ملیار و 295 ملیۆن و 189 هەزار و 60) دیناری خەرجکردووە.
2.    سەرۆکایەتی کۆمار لە کانونی دووەمی (2023)دا بڕی (3 ملیار و 588 ملیۆن و 387 هەزار و 679) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن بووە. بەڵام لە کانونی دووەمی (2022)دا بڕی (3 ملیار و 258 ملیۆن و 106 هەزار و 828) دیناری خەرجکردووە.
3.    ئەنجومەنی وەزیران لە کانونی دووەمی (2023)دا بڕی (886 ملیار و 210 ملیۆن و 577 هەزار و 696) دیناری خەرجکردووە، بڕی (507 ملیار و 645 ملیۆن و 309 هەزار و 436) دیناری بە ڕێژەی (59%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (358 ملیار و 565 ملیۆن و 268 هەزار و 260) دیناری بە ڕێژەی (41%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. 
بەڵام لە کانونی دووەمی (2022)دا بڕی (508 ملیار و 549 ملیۆن و 518 هەزار و 289) دیناری خەرجکردووە، بڕی (484 ملیار و 614 ملیۆن و 971 هەزار و 565) دیناری بە ڕێژەی (95%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (23 ملیار و 934 ملیۆن و 546 هەزار و 724) دیناری بە ڕێژەی (5%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)).
خشتەی ژمارە (5)

 

سەرچاوەکان
ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق
-    حساب الدولة لغایة کانون الثاني 2022 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة کانون الثاني 2023 للموازنە الاتحادیة
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand