ویستیان وەكو ئیمامی دوانزەیەم بەیعەتی پێبدەن
2023-04-14 08:40:02
(درەو):
شیعەكان لە چاوەڕوانی دەركەوتنی ئیمامی دوانزەیەمدا بەنیازبوون وەكو "مەهدی چاوەڕوانكراو" بەیعەت بە موقتەدا سەدر بدەن، ئەمە سەدری توڕە كرد، ئیعتیكافەكەی لە مزگەوتی كوفە هەڵوەشاندەوەو رەوتەكەشی سڕكرد.
ساڵح محەمەد عێراق كە یەكێكە لە كەسایەتییە نزیكەكان لە موقتەدا سەدرو بە "وەزیری قائید" ناسراوە، چەند كاتژمێرێك لەمەوبەر رایگەیاند، بەهۆی "اهل القضیە"ەوە، موقتەدا سەدر بڕیاریداوە "اعتكاف"ەكەی لە مزگەوتی كوفە هەڵوەشێنێتەوە.
اعتكاف واتە مانەوەی كەسێك لە مزگەوتو یەكلابونەوەی بۆ خودای گەورەو ئامادەكردنی رۆحو جەستەیە بۆ خوداپەرەستی.
اهل القضیە كێن ؟
گروپێك كەس كە ناویان لەخۆیان ناوە (اهل القضیە)، دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردەوە ئیمام مەهدی (كە ئیمامی دوانزەیەمی شیعەیە) لە شاری كوفە دەردەكەوێت، ئەم بانگەشە هاوكات بوو لەگەڵ ئەوەی موقتەدا سەدر رایگەیاند بەشداری لە ئیعتیكافدا دەكات، بۆیە بانگەشەكانی ئەم گروپە وا لێكدرایەوە موقتەدا سەدر ئیمامی مەهدی یان پارێزەری ئیمامی مەهدیە.
ئەمە تەنیا بانگەشە نەبوو، گرتەی ڤیدیۆیی پیاوێك لە جلوبەری ئاینیی بڵاوبووەوە كە دەمامكی كردووە، ئەم پیاوە وتی هەڵمەتێكی گەورە دەكەن بۆ ئەوەی بەیعەت بە ئیمام بدرێت.
شیعە دوازە ئیمامییەكان باوەڕیانوایە، لە كۆتایی تەمەنی مرۆڤایەتیدا، دەسەڵاتدارێكی دادپەروەرو مەزن دەردەكەوێت، كۆتایی بە ستەمو خراپەكاری دەهێنێت لەسەر زەوی، ئەو كەسێك دەبێت لە خانەوادەی محەمەد پێغەمبەری ئیسلامو ناوەكەشی هەمان ناوی ئەو دەبێت، واتە ناوی (محەمەد كوڕی عەبدوڵا) دەبێت، شیعەكان ئەمەیان ناوناوە ئیمامی دوانزەیەم یاخود "مەهدی چاوەڕوانكراو".
سوننەكان باوەڕیان بەو ریوایەتانە نییە كە باس لە دەركەوتنی ئیمامی مەهدی دەكەن، بەوپێیەی لە سەحیحی موسلیمو بوخاریدا هیچ ئاماژەیەك بە هاتنی كەسێكی تر وەكو پێخەمبەر لەدوای محەمەد (د.خ) لەسەر بێت نەكراوە.
سەدر رەوتەكەی سڕكرد
دوای بانگەوازی ئەو گروپە بۆ ناساندنی وەكو ئیمامی مەهدی، موقتەدا سەدر تویتێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكردەوە، رایگەیاند" لەوەی چاكسازیخواز بم بۆ عێراق بەڵام نەتوانم چاكسازی لە رەوتی سەدردا بكەم، ئەمە گوناهە. بۆچی بەردەوام بم لە سەركردایەتیكردنی رەوتێك كە اهل القضیە و گەندەڵكاری تێدا بێت".
سەدر بڕیاریدا بۆ ماوەیەك كە لە یەك ساڵ كەمتر نەبێت، رەوتی سەدر بەگشتی سڕ بكات، جگە لە نوێژی هەینیو (برانی سەید الشیهد)، دواتریش هەژمارەكانی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان داخست.
ئەمە جاری یەكەم نییە موقتەدا سەدر رەوتەكەی سڕ دەكات، ئەو ناو بەناو هەنگاوی لەمشێوەیە هەڵدەگرێت، ئەمەش بەڕای چاودێران كاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەكی بەردەوام رەوتەكەی جڵەو و كۆنترۆڵ بكات.
رەوتی سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختەی عێراق بوو لە ئۆكتۆبەری 2021دا، ئەم رەوتە لەكۆی 329 كورسی پەرلەمان (73) كورسی بردەوە، سەدر دروشمی پێكهێنانی "حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی"ی بەرزكردەوە، ئەنجامدانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران رەتكردەوە، ئەمە عێراقی دووچاری بنبەستی سیاسی كرد، دواجار سەدر نەیتوانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق بە هاوپەشی لەگەڵ كوردو سوننەكان دروست بكاتو كوتلە پەرلەمانییەكەی لە رۆژی 12ی حوزەیرانی 2022دا لە پەرلەمان كشایەوە، كورسییەكانی دابەشكرا بەسەر لایەنە براوەكانی تری هەڵبژاردندا.
بە كشانەوە لە پەرلەمان، سەدرییەكان لە پرۆسەی سیاسی عێراق كشانەوە، لەوكاتەوە تائێستا موقتەدا سەدر بێدەنگیی هەڵبژاردووە، سەرباری دواكاری زۆرینەی لایەنە شیعەو كوردو سونییەكان بۆ گەڕانەوەی بۆ ناو پرۆسەی سیاسی، هێشتا لە دەرەوەی گۆڕەپانەكە بە بێدەنگی ماوەتەوە.
دوای كشانەوەی لە پەرلەمان، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی نزیك لە ئێران، هاوپەیمانێتییان لەگەڵ كورد (پارتی+ یەكێتی)و سوننەكان كردو پێكەوە كابینەی نوێی حكومەتیان بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی راگەیاند.