عێراق 220 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە كەمدەكاتەوە
2023-12-08 10:12:21
(درەو):
عێراق لەكاتێكدا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانو هەناردەكردنی نەوت، بڕیاریداوە لەسەرەتای ساڵی داهاتووهوه تا كۆتایی ئازاری داهاتوو، رۆژانە 220 هەزار بەرمیل نەوت لە ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی كەمبكاتەوە، ئەمە وەكو پابەندبوونێك بە بڕیاری رێكخراوی ئۆپێك پڵەس لەپێناو جێگیركردنی نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا، شارەزایەكی ئابوری پێیوایە ئەم بڕیارەی عێراق كە پابەندبوونێكی خۆبەخشانەیە، بە زیان لەسەر داهاتەكانی نەوت دەشكێتەوە لەكاتێكدا نرخی نهوت دابەزینی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانیشە بۆ كاروباری وزە، سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی كرد لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ".
لەم كۆبونەوەیەدا وەزیری نەوت رایگەیاند، عێراق بەتەواوەتی پشتیوانی لەو رێككەوتنو بڕیارانەی رێكخراوی (ئۆپێك پڵەس) دەكات، كە لە 30 تشرینی دووەمی ئەمساڵدا دەرچوون. وەزیر وتی:" لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە بۆ 31ی ئازاری 2024، عێراق پابەندە بە كەمكردنەوەی خۆبەخشانەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی (220 هەزار) بەرمیلی رۆژانە، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەكاندایە بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگیو سەقامگیری لە بازاڕی نەوتدا".
وەكو وەزیری نەوت دەڵێ" لەو ماوەی كە دیاریكراوە، عێراق لەچوارچێوەی پرۆگرامێكدا هەڵدەسێت بە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بۆ (4 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە).
عێراق دووەم گەورە بەرهەمهێنەری نەوتی خاوە لەناو رێكخراوی ئۆپێكدا، بەم كەمكردنەوەیە لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتدا، دەیەوێت روبەڕووی ئەو ئاڵنگاریو گۆڕانكارییانە ببێتەوە كە بازاڕی نەوت بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمە بەئامانجی ئەوەی هەندێك لە كاریگەری ئەو گۆڕانكارییانە كەمبكاتەوەو سەقامگیری بۆ نرخی نەوت بگەڕێنێتەوە.
بەڵام (نەبیل مەرسومی) كە شارەزایەكی ئابوری عێراقییە دەڵێ: جێگای سەرسوڕمانە، ئەو كەمكردنەوەی كە عێراق رەزامەندی لەسەرداوەو 210 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، گەورەترین بڕە، روسیا لەدوای عێراقەوەیەو بڕی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتەكەی رۆژانە 200 هەزار بەرمیلەو دواتر وڵاتانی تر دێن كە بڕەكەیان كەمترە.
نەبیل مەرسومی پێیوایە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەكی نەرێنی بەسەر پشكی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقدا دەشكێتەوە، بەوپێیەی پشكی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە عێراق دەبێت بە (4 ملیۆن) بەرمیل لەبەرامبەر (9 ملیۆن) بەرمیلی رۆژانەدا بۆ سعودیەو روسیا، ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر قەبارەی هەناردەی نەوتو دواجاریش قەبارەی داهاتە نەوتییەكانی عێراق دەبێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئێستا نرخی نەوت دابەزینێكی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت.
بڕیاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی داهاتوودا، لەكاتێكدایە لە كۆتایی ئەمساڵەوە چووەتە ناو گفتوگۆیەكی نوێ لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەئامانجی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانو هەناردەی نەوتی هەرێم كە لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە راوەستاوە.