Draw Media

كێ دەبێتە شوێنگرەوەی حەلبوسی؟

كێ دەبێتە شوێنگرەوەی حەلبوسی؟

2023-11-18 19:26:40



درەو:
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بدرێتەوە بە تەقەدومی حەلبوسی ئەوا ( زیاد جەنابی یان هەیبەت حەلبوسی) چانسی وەرگرتنی سەرۆكی پەرلەمانیان هەیە، ئەگەر پۆستەكە بەر حزبی سیادەی خەمیس خەنجەر بكەوێت ئەوا (سالم عیساوی) چانسی هەیە ببێتە سەرۆكی پەرلەمان، ئەگەر بۆ هاوپەیمانی عەزم بێت ئەوا  موسەنا سامەڕائی  چانسی وەرگرتنی هەیە، هەریەك لە مەحمود مەشهەدانی و تەلال زەوبەعی و خالید عوبەیدی  چاویان لە وەرگرتنی ئەو پۆستەیە.
رۆژی 2023/11/14 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق دەركردو رایگەیاند " بڕیاری كۆتایهێنان بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان، هیچ جۆرە تانەیەكی یاسایی لێنادرێت" بڕیارەكەی  دادگای فیدراڵی لەسەر بنەمای سكاڵایەك بوو كە هەردوو پەرلەمانتار (لەیس دلێمی)‌و (باسم خەشان) وەكو لایەنی سێیەم لە دۆسیەكەدا تۆماریانكردووە.
ئێستا پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەكانی بە نائاسایی دەكات، چونكە بەپێی دەستوری عێراق دەبێت لەیەكەم كۆبوونەوەدا سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرێت، بەڵام لە ئێستادا گفتوگۆ لەسەر شوێنگرەوەی حەلبوسی دەكرێت، كە پشكی پێكهاتەی سونەیە لە عێراقدا.
لە ئێستادا ناوی چەند كەسایەتییەكی سونەكان دەهێندرێت بۆ شوێنگرەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.
كاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە (درەو)ی راگەیاند: لە ئێستادا لەناو لایەنە سونییەكان و پەرلەمانتاران باس لە شوێنگرەوەی حەلبوسی دەكرێت لەگەڵ ئەوەی لەم بارودۆخەدا قورسە سەركردەكانی سوونە بڕیارێكی یەكگرتوویان هەبێت لەسەر پرسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بەڵام سیناریۆو چانسەكان بەم شێوەیەیە تا ئێستا:
•    چانسی یەكەم تا ئێستا بۆ تەقەدوومە بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، ئەگەر لایەنەكان رەزامەند بن پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بدرێتەوە بە تەقەدوم، بەتایبەت باس لەوە دەكرێت گفتوگۆ هەیە لە نێوان لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و تەقەدوومی سەربە محەمەد حەلبوسی كە ئەو پۆستە بدرێتەوە بە تەقەدووم، لەو حاڵەتەدا چانسی زیاد جەنابی و هەیبەت حەلبوسی زۆرە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
•    چانسی دووەم بۆ حزبی سیادەیە بەسەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر، خۆ ئەگەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەر سیادە بكەوێت ئەوا سالم عیساوی چانسی گەورەی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
•    چانسی سێیەم بۆ هاوپەیمانی عەزمە بەسەرۆكایەتی موسەنا سامەڕایی،  ئەوا چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن موسەنا سامەڕاییەوە هەیە.
•    هەریەك لە مەحمود مەشهەدانی و تەلال زەوبەعی و خالید عوبەیدیش چانسیان هەیە.
حەلبوسی كە سەرۆكایەتی حزبی (تەقەدوم) دەكات، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەلەمانی عێراقدا كە ئۆكتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو، براوەی یەكەمی پێكهاتەی سوننەكان و یەكێك لە براوە گەورەكانی هەڵبژاردن بوو لەسەرتاسەری عێراق. لەسەرەتای دانوستانی پێكهێنانی حكومەتەوە، حەلبوسی لەگەڵ بارزانی و موقتەدا سەدر هاوپەیمانێتی كرد، لەچوارچێوەی ئەم هاوپەیمانێتییەدا بۆ جاری دووەم وەكو سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە، بەڵام دوای كشانەوە سەدر لە پەرلەمان، حەلبوسی چووە رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی و لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا جارێكی تر متمانەی وەكو سەرۆكی پەرلەمان بۆ نوێكرایەوە.
پۆستی سەرۆكی پەرلەمان گەورەترین پێگەی سیاسی تایبەت بە سوننەكانە لە عێراقی دوای سەددامدا، لەوكاتەوە هەر كەسێك لە پێكهاتەی سوننە ئەم پۆستەی بەدەستەوە بووبێت، وەكو كەسی ژمارە (1)ی پێكهاتەكە مامەڵەی كردووە، بۆیە دورخستنەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بەبێ كاردانەوە نامێنێتتەوە.
كۆتایهێنان بە ئەندامێتیی حەلبوسی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لەسەر بنەمای سكاڵایەك بوو كە هەردوو پەرلەمانتار (لەیس دلێمی)‌و (باشم خەشان) وەكو لایەنی سێیەم لە دۆسیەكەدا تۆماریانكردووە.
لەم دۆسیەیەدا، پەرلەمانتار باسم خەشان بەڵگەی خستوەتەڕوو كە دەیسەلمێنێت محەمەد حەلبوسی تێوەگلاوە لە گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیایەكی بیانی كە بەڕێوەبەری ئەو كۆمپانیایە پێشتر سسەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بووە‌و كۆمپانیاكەش یەكێك لە ئامانجەكانی بریتییە لە ئاسایكردنەوەی پەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەدا.
سەرباری ئەمە، لەسەر دۆسیەی پەرلەمانتار (لەیس دلێمی)، كە لەلایەن حەلبوسییەوە كۆتایی بە ئەندامێتی لە پەرلەمان هێنراوە، دادگای فیدراڵی حوكمی داوە لەسەر ئەوەی بڕیاری كۆتایهێنان بە ئەندامێتی لەیس دلێمی نادروستە، بەوپێیەی پێشوەختە حەلبوسی ئەو پەرلەمانتارەی ناچاركردووە نوسراوی دەستلەكاركێشانەوەی بۆ بنوسێت.
22ی نیسانی 2022، محەمەد حەلبوسی بە فەرمانێك (لەیس دلێمی) لە ریزەكانی حزبی (تەقەدوم) دورخستەوە، ئیتر لەوكاتەوە كێشەی نێوان حەلبوسی‌و دلێمی پەرەی سەند.
كۆتایهێنان بە ئەندامێتی حەلبوسی لە پەرلەمانی عێراق كە ئێستا پیاوی ژمارە (1)ی سوننەكانە لە عێراق، سەرەتای قەیرانێكی نوێ دەبێت لەناو پێكهاتەی سوننە‌و لەبەرامبەریشدا لەگەڵ شیعەكان، بەتایبەتی كە عێراق لەسەروبەندی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندایە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand