واشنتۆن گومانی لە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق هەیە
2023-11-17 14:10:26
(درەو):
ئەمریكاو توركیا لەسەر پرسی لادانی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هاتونەتە سەر خەت، ئەمریكا گومانی لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی هەیە، داوا دەكات دادگا سەربەخۆ بێت.
سەرباری ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق جەخت لەسەر لادانی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان دەكاتەوە لە پۆستەكەی، بەڵام ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد هێشتا وەكو سەرۆكی پەرلەمان، حەلبوسی دەناسێنێت.
رۆمانۆسكی دوێنێ لەگەڵ فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق كۆبووەوە، باسی پەرەسەندنەكانی ئەمدواییەی عێراقی لەگەڵدا كردو وتی:" گرنگە دادگایەكی سەربەخۆ هەبێت كە رێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەرو لە بڕیارەكانیدا پشت بە دەستور ببەستێت".
دوای دیدارەكەی لەگەڵ فایەق زێدان، خاتوونی باڵیۆزی چاوی بە محەمەد حەلبوسی كەوتووەو وەكو سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ناوی هێناوە.
دوێنێ جاسم عمێری سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رایگەیاند" بڕیاری كۆتایهێنان بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان، هیچ جۆرە تانەیەكی یاسایی لێنادرێت".
توركیاش لەسەر دۆسییەكەی حەلبوسی هاتوەتە سەر خەت، عەلیڕەزا گۆنای باڵیۆزی توركیا لە بەغداد سەردانی حەلبوسی كرد، لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە گفتوگۆی لەگەڵ كرد.
حەلبوسی نزیكە لە توركیاوە، هاوپەیمانی سیادە كە رێككەوتنی نێوان حەلبوسیو خەمیس خەنجەر بوو لەدوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021دا، سەرەتا لە توركیاوە موبارەكەی لێكرا.
لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانو لەتیف رەشیدی سەرۆك كۆماریش لەگەڵ حەلبوسی دیداریان كردووە.
لەپاش دەرچوونی بڕیاری لادانی لە ئەندامێتی پەرلەمان بەهۆی ساختەكردنی نوسراوی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارێكی حزبەكەی (تەقەدوم)، سێ وەزیری هاوپەیمانی تەقەدوم (وەزیری پلاندانان- وەزیری پیشەسازی- وەزیری رۆشنبیری) دەستلەكاركێشانەوەیان لە پۆستەكانیان پێشكەشكرد، پەرلەمانتارانی تەقەدومیش كە ژمارەیان 39 كەسە، ئەندامێتی خۆیان لە پەرلەمان هەڵپەسارد.
هەندێك بڕیاری دادگای فیدراڵی لە رەهەندە یاساییەكەی دادەماڵنو دەڵێن ئێران لە پشت بڕیاری لادانی حەلبوسییەوەیە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی حەلبوسی لەگەڵ بارزانیدا لەدوای هەڵبژاردنە كێشەلەسەرەكەی 2021ی عێراق، چووە ناو كێشەی ناوخۆی ماڵی شیعەو لەبەرامبەر لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی نزیك لە ئێران، هاوپەیمانێتی لەگەڵ موقتەدا سەدر كرد، قسەكانی باڵیۆزی ئەمریكا نیشاندەری ئەوەیە واشنتۆنیش لەم گۆشە نیگایەوە تەماشای دۆسیەكە دەكات.
هەوڵی لادانی حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان نوێ نەبوو، لەدوای كشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسیی، چەندجارێكی تریش هەوڵ بۆ دورخستنەوەی حەلبوسی لە ئارادا بوو، بەڵام هەموو جارەكان بە سەلامەتی لێی دەرچووە، تا دواجار سكاڵای پەرلەمانتارێكی حزبەكەی (لەیس دلێمی) لە دادگای فیدراڵی كاری خۆی كردو حەلبوسی لە سەرۆكایەتی خست.
نەیارانی حەلبوسی تەنیا لەناو لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێراندا نین، لەناو پێكهاتەی سوننەشدا نەیاری زۆر بوو، تۆمەتبار دەكرا بە تاكڕەوی، هاوپەیمانی عەزم كە موسەننا سامەڕایی سەرۆكایەتی دەكاتو نوێنەرایەتی پێكهاتەی سوننە دەكات، لە نەیارە سەرسەختەكانی حەلبوسی بوو، خەمیس خەنجەریش سەرباری ئەوەی بە فشاری توركیاو قەتەر هاوپەیمانێتی لەگەڵدا گرێدا بوو، بەڵام هێشتا دوردونگ بوو لێی، شیعەكان دۆخی حەلبوسییان لەناو پێكهاتەی سوننە قۆستەوە بۆ لێدانی گورزێكی بەهێز لە خۆیو حزبەكەی بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵدا، هەڵبژاردنێك كە حەلبوسی بە باشی خۆی بۆ ئامادە كردبوو، پێنج لیستی دروستكردبوو بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەكە.
شیعەكان پێشبینی ئەوە دەكەن، دوای دورخستنەوەی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، ناكۆكییەكان لەناو حزبی تەقەدوم بتەقنەوە بەڕووی حەلبوسیداو هەوڵی لادانی بدرێت لە پۆستی سەرۆكی حزب، بەڵام تائێستا حەلبوسی یەكگرتوویی حزبەكەی پاراستووەو دیارنییە تاكەی لەبەردەم گێژەڵوكەكەدا خۆی رادەگرێت.